ما 12774 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

ئەمڕۆکە بەزەحمەت لەسەر ریالیزمی جادوویی قسەدەکرێ، تەنانەت نووسەرانی ئامریکای لاتینیش نایانەوێ بەم ناوەوە بناسرێن. بەم شێوەیە دەبینین کە چلۆن پێشکەوتن لە شکڵی شەپۆلەکاندا روودەدات: دوێنێ ریالیزمی جادوویی، ئەمڕۆ تاسەی واقع کردن. داخۆ رەونەقی بیوگرافی کە لە ئەدەبی رۆمانی ئەمڕۆکەدا دەیبینین سبەی وەک ریالیزمی جادوویی کۆن نابێ؟

 

رۆمان چی بوو؟

لە کاتی نووسینی ئەم کتێبەدا کاتێک لەگەڵ خەڵکی دیکە باسی ئەوەم دەکرد خەریکی نووسینی کتێبێکم بەناوی 'رۆمان چییە'، پێش دەهات پێیان دەگوتم: "رەنگە وا باشتر بوو کتێبێک بنووسی بەم ناوەوە رۆمان چی بوو." خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە رۆمان لە فۆڕمی 'کلاسیکیی' خۆیدا هی رابردووە و، سەردەمی بەسەرچووە. ئەمە هەم رۆمانی ریالیستی دەگرێتەوە و هەم هەموو ئەو رۆمانانەی وا لە دوو توێی بەرگی رۆماندا چاپکران. پێشنیارەکە زۆر گەمژانە نیە؛ گەلێک لەو کتێبانەی وەک رۆمان دێنە دەرێ لەو شتەی وا خەڵکی وەک رۆمان چاوەڕوانیی لێدەکەن تەواو دوورن. هەروەها ئێمە خەڵکانێکمان هەیە کە باس لە وەڕەزی و ماندوویی خۆیان سەبارەت بە ئەدەبی خەیاڵی دەکەن و حەزیان بەوەیە شتی تازە و نوێ لەچاو بەرهەمە کۆنەکان ئەزموون بکەن. هەندێ کەس ناوی ئەم ژانرەیان بەبردنی بەرەو ئاراستەی بیوگرافی خستووەتە بەر دژوارییەوە، لە کاتێکدا کەسی دیکە ناوگەلی وەک وتار یاخود پەخشانیان (نثر) هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی واقع و خەیاڵ لەیەکتر جیابکەنەوە، یاخود بەم شێوەیە ئەو رۆمانانەی وا حەزناکەن فڕێ بدرێن رزگرایان بکەن؛ وەک چۆن کاتێک داڤید شیڵدز لەReality Hunger  رۆمانی 'لەشوێن زەمەنی لەکیسچوو'ی پرۆست وەک وتار دەناسێنێ نەک وەک رۆمان.

بەپێچەوانەی ئەو رۆمانانەی وا لەبواری پێکهاتەوە گرێدەدرێنەوە بە رۆمانی ریالیستییەوە، داستانی پێکەوە گرێدراو بەردەوام بەشێوەیەکی بەهێز گەلێک ساڵ لەدووای ئەوەی یەکەم رۆمانی مودێڕن و دوواتر رۆمانی پۆستمودێڕن سەریانهەڵدا، بەردەوامە. تاقیکارییەکان لە بواری گێڕانەوەو پێکەوەگرێدراوی، وازهێنانیان لە کەسایەتییە تیپیکەکان و داهێنانی روانگە نوێیەکانی گێڕانەوە، تێکدانی هێڵی زەمەن و تێکەڵکردنی سەبکەکان، ئەو بوارانەن وا تایبەتمەندییە نوێیەکان پێکدێنن. لە نۆروێژ کەسانی وەک 'شارتان فلۆگستاد'، 'یان شاشتاد' و 'ئولە رۆبێرت سوندە'  لەو رۆماننووسانەن کە ساڵانی ساڵ قەراردادی رۆمانی ریالیستییان خستە بەر دژواریی و چالنجەوە. دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک لە ژێر کاریگەریی ئارەزووی واقعدایە. بەڵام زیاتر لە دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ ناگەڕێینەوە بۆ دوواوە، واتە پێش ئەو جێگایەی وێنە تەواو جیاوازبوو: ئەو کاتەی ریالیزمی جادوویی زاڵبوو، کاتێک دیاردە بانسروشتییەکان خۆیان لە جیهانی رۆژانە دەهاون بەشێوازێک کە دیدی ئێمە بۆ ئەو شتەی وەک ریالیستی و واقعی دەزانین تازەبکەنەوە و پەرەی پێبدەن. لێرەدا بێگومان ئەوە نەریتی رۆمانی ئۆرووپایی نیە کە سەرەکییە، بەڵکو نەریتی ئامریکای لاتینە. ئەگەرچی دەستەواژەی ریالیزمی جادوویی لەوە پێش لە دەیەی ١٩٢٠ بەکارهێنرابوو، بەڵام ئەوە گابریەل گارسیا مارکێزی رۆماننووسی کۆلۆمبیاییە کەسایەتی پێدەبەخشێ و لە ساڵەکانی دووای رۆمانی 'سەد ساڵ تەنیایی'ە (١٩٧٠) بەکارهێنانی پەرەدەستێنێ و بەم شێوەیە ئەدەبی ئامریکای لاتین لە رۆژئاوا بەشێوەیەکی یەکجار بەرچاو دەبێتە جێی سەرنج. لە دەیەی ١٩٧٠ و لەوەبەدووا دەبینین وەرگێڕان یەکجار باودەبێ، هەڵبەت ئەمەیش کتوپڕ و لە خۆوە نەهاتە ئاراوە، بەڵکو ئاکامی ئەو گەشە ئابووری، کلتوری و کۆمەڵایەتییەی بوو وا ئامریکای لاتین لەو ساڵانەدا بەخۆیەوە بینی. ئەمڕۆکە بەزەحمەت لەسەر ریالیزمی جادوویی قسەدەکرێ، تەنانەت نووسەرانی ئامریکای لاتینیش نایانەوێ بەم ناوەوە بناسرێن. بەم شێوەیە دەبینین کە چلۆن پێشکەوتن لە شکڵی شەپۆلەکاندا روودەدات: دوێنێ ریالیزمی جادوویی، ئەمڕۆ تاسەی واقع کردن. داخۆ رەونەقی بیوگرافی کە لە ئەدەبی رۆمانی ئەمڕۆکەدا دەیبینین سبەی وەک ریالیزمی جادوویی کۆن نابێ؟

ئەگەرچی گەلێک رۆماننووس لە بواری شێوازی گێڕانەوە، پلۆت، تیپۆگرافی و فۆڕم خەریکی تاقیکارین، بەڵام بەردەوام زۆربەی رۆمانەکان لە رۆمان دەچن. ئەگەر هەندێ رۆمان لەم تایبەتمەندییە بەهرەمەند نین، بەڵام هەر بەو رادەیە پێ لەسەر ناوی خۆیان وەک رۆمان دادەگرن و، ئەمە بۆ ئەوان ئاکامی گەورەی لێ نابێتەوە. 'بیارنە مێلگۆرد'ی هونەرمەندی بواری وێنە، وەک رۆماننووس، رۆمانی A New Novel لە ساڵی ٢٠١٢دا بە زمانی ئینگلیزی لە نۆروێژ دایە دەرەوە کە هەم لە ناوەڕۆک و هەم لە سەبکدا ناوی رۆمانی خستە بەر دژوارییەوە بە بێ ئەوەی قسەوباسێکی زۆر هەڵخرێنێ. لە لایەکی ترەوە ئەم دێباتە کاتێک دەستی پێکرد کە 'داگ سولستاد' لە ساڵی ٢٠١٣ رۆمانێکی لەسەر بنەماڵەکەی خۆی دەرکرد کە لە ئاستێکی زۆر لە شێوازی داستانێکی خەیاڵیدا بیری مێژووی بنەماڵەمان دەخاتەوە، بەڵام کارتێکەرییەکی تایبەتی لەسەر ئەم ژانرە جێ نەهێشت. وەها نیە کە کتوپڕ هەمووان دەستبکەن بە نووسینی تێکستە پوڕنوگرافییە تاقیکارییەکان بە زمانی ئینگلیزی، یاخود کتوپڕ ببن بە لێکۆڵەری بنەماڵە. هەنووکە بەردەوام رۆمان دەنووسرێ کە خاوەن سەرەتا، ناوەند و کۆتاییە، وەک بڵێی هەر هیچ رووی نەدابێ. بەردەوام داستان و رۆمانە مێژووییەکان دەنووسرێن. نموونەیەکی بەرچاو لەسەر ئەوەی چلۆن فۆڕمی رۆمانێکی کلاسیکی وەک رۆمانی مێژوویی لەسەردەمی ئێمەدا تازەکراوەتەوە، رۆمانە مەزنەکانی 'هیلاری مانتێل'ە، واتە  Wolf Hall (٢٠٠٩) و  Bring up the Bodies (٢٠١٢)، کە باس لە مێژووی پاشاکانی ئینگلیز دەکەن؛ لەگەڵ تۆماس کرۆموێل و دەستی راستی هێنریکی هەشتەم.

من لەوە پێش باسی بەرهەمی شەش بەرگیی 'کناوسگۆرد'م کرد بە ناوی 'خەباتی من'. ئەم بەرهەمە هەروەها لە فۆڕمی رۆمانێکدایە بە سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییەوە. سەرەڕای گۆڕینەوەی زەمان، هەبوونی وتار، دانپیانانە سەمیمییەکان و ئەو گفتوگۆیە درێژەکانی وا لەنێوان هاوڕێیاندا تێیدا دەستدەکەون، ئەم بەرهەمە وەک رۆمانێکی ریالیستی خۆی دەردەخا، یاخود وەک رۆمانێکی زنجیرەیی کە تێیدا هەر بەرگێک پاژێکە لە گشتیەتی زنجیرەکە. هەروەها بەرهەمی '٤١.٧.١٦' (٢٠٠٢)ی سولستاد رۆمانێکی ژیاننامەییە تێیدا نووسەر کاراکتێری سەرەکییە بە وتارێکەوە کە بەئاسانی لە رۆمانەکدا جێی خۆی دەکاتەوە. دیارە وەک گوتمان ئەم بەرهەمە خۆی لە دووابەرهەمی سولستاد جیادەکاتەوە: واتە لە بەرهەمیDet uopplø- selige episke element i Telemark i perioden 1591–1896  کە لە ساڵی ٢٠١٣ هاتەدەرەوە. بەڵام داخۆ ئەمە رۆمانە؟ دیارە لەسەر بەرگەکەی وا نووسراوە، بەڵام رێک ئەم ناوەیە وا بووەتە جێگای مشت و مڕی زۆر. پرسیارەکەیش لەسەر خەیاڵ نیە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کتێبەکە تا کوێ دەتوانێ خۆی لە سنوورەکانی رۆمانبوون دووربخاتەوە و هێشتا ناویشی هەر رۆمان بێت. خودی سولستاد گۆمانی لەوەدا نیە رۆمانێکی نووسیوە، بەڵام رۆمانێک نەک لە رێگای خەیاڵەوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە لە چیرۆکەکەیدا چەندە لەو شتانەی وا باسیان دەکا راستن؛ سولستاد بەرهەمێکی نووسیوە، بەڵام داینەهێناوە. هیچ شتێکی نوێ لە داستانی رۆمانەکەدا نیە. نووسەر بابەتێکی لەسەر شتە باوەکان نووسیوە لەسەر بنەمای فاکت و رابردووی بنەماڵە و ناوی رۆمانی لەسەرناوە. بەڵگەیشی ئەوەیە ئەگەرچی گێڕانەوەکەی لەسەر بنەمای خەیاڵ نیە بەڵام ناوی رۆمان بەو ئەندازەیە بەربڵاوە کە بتوانێ ئەم بەرهەمە بخاتە ناو خانەی خۆیەوە. لێرەدا بێگومان گێڕانەوەیەک هەیە، گێڕانەوەیەک لە بەرگی زانیارییە فاکت ئامێزەکاندا، جگە لەمە کتێبەکە خاوەن دەنگێکی گێڕانەوەیشە کە خودی سولستادە. سولستاد رۆماننووسە و وەک دەزانین رۆمان دەنووسێ، بەڵام داخۆ ئەمە بەڕادەی پێویست دەتوانێ لەم بوارەدا روونکەرەوە بێت؟

با لێرەدا باس لە نموونەیەکی تر بکەین: بەرهەمی 'دیارییەکانی دایک' ی 'سیسیلیە ئێنگێر'. ئەم کتێبە رۆمانێکی سەرنجڕاکێشە، بەو تێبینییەوە کە دیارنیە بۆچی ناوی رۆمانە. لەم بەرهەمەدا، گێڕانەوە، لە فۆڕمی بەیادهێنانەوەیەکی ژیاننامەییدا زاڵە. لەم تێکستەیشدا شتی کەم هەیە بتوانێ ئەوە بسەلمێنێ بۆ ئەم دەقەیش ناتوانێ لە دوو توێی دەقێکی فاکت ئامێزدا بڵاونەکرێتەوە. داستانی دایکێک کە بەتووش ئالزایمرەوە دەبێ، تێکەڵ بە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتی، کە هەمووی لە دیدی سیسیلیەوە دەگێڕدرێتەوە ـ کە هەمان نووسەرە ـ ئەمە لە راستیدا چیرۆکێکی خەیاڵی نیە. ئەم کتێبە دەقێکە سەبارەت بە لەدەستدان و پەژارە، دیارە لە بنەڕەتدا زۆر جیاوازنیە لە کتێبی 'ترودە لۆرێنتزێن' کە باس لە خۆکوژیی دایکی دەکا، ئەو کتێبەی وا لە پاییزی ٢٠١٣ لە کاتەگۆریی پەخشانی واقعگەرادا بۆ خەڵاتی 'براگە' ناوزەدکرا. بەڵام 'سیسیلیە ئێنگێر'یش لە ناوی رۆمان بۆ ئەم بەرهەمە کەڵکی وەرگرت، ئەگەرچی خەیاڵ تێیدا لەکەمترین ئاستدا کەڵکی لێوەرگیراوە. لێرەیشدا دەتوانین بڵێین نووسەر نەیئافراندووە. ئەوەی ئەو کردوویەتی بەگێڕانەوەکردنی بابەتەکەی خۆیەتی. ئەوەیکە بۆچی ناوی رۆمانی بۆ هەڵبژاردووە، زۆر سادە دەتوانێ لەبەر ئەوە بێت کە: ئێنگێر (وەک سولستاد) رۆمان دەنووسێ ئەگەرچی تێیدا بەسەرهاتە فاکت ئامێزەکان دەگێڕێتەوە. دەیارە ئەمە نە نائاساییە و نە هەڵە، بەڵام هاوکات ئەوە نیشاندەدا کە سنووری نێوان فۆرمەکانی پەخشان (نثر) چەندە خز و بزۆزن و چەندە دژوارە کێشانی هێڵی تەواو لە نێوانیاندا، بگرە کاتێک ژانری رۆمان لەئارادایە.

درێژەی هەیە...

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت