ما 8305 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 بەردەوام رۆمانەکان تێکەڵێکن لە نووسینی مێژوو و "رەوتی ژیانی" تاکەکەسی، شوێنێک کە تێیدا توێژە جۆراوجۆرەکانی سەبک لەپاڵ یەکتردا رێدەکەن. بۆیە گۆڕانەکان بەرچاوترن کاتێک لایەنی مەتریالیی رۆمان دەگرنەوە، ئەو شتەیکە من بۆ ئاسانکاری ناوی لێدەنێم رۆمان وەک کتێب.

 

ژیانکردن بەگوێرەی رۆمان، رۆمان دەژی

"من وەڕەزم لەوەی دەبینم هەموو ئەم مرۆڤانە خەریکی نووسینەوەی ژیانیانن ـ ئەوان بەپەلە دەیانەوێ خۆیان بگەیەننە قاتی حەوتەم و لەوێ وێنای ژیان لە دوو هەزار لاپەڕەدا بکەن ـ ئەوەندەی پێناچێ کەس دەستناکەوێ ژیانی خۆی نەنووسیبێتەوە."٨٩ ئەمە گوتەی 'ئێدوار مونک'ە لە نامەیەکدا لە سەرەتای دەیەی ١٨٩٠، ئاشکرایە چ جۆرە رۆمانێکە مونک لێی "بێتاقەتە": رۆمانێکە تێیدا خود ناوەندە و باسی ژیاننامەی خۆیە، رۆمانێک کە ئیزن بە نووسەرەکەی دەدا خۆی بنووسێتەوە. جا بیربکەوە ئیدوارد مونک چی دەگوت گەر بەرهەمەکەی کناوسگۆردی خوێندبایەوە.

رۆمانی ژیاننامەیی وەک دەزانین دیاردەیەکی نوێ نیە و؛ ئەم جۆرە رۆمانە بەردەوام سەرهەڵدەداتەوە و خۆی لە کتێبخانەکان پیشاندەداتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر رۆمان هەیە و بەپێچەوانەی ئەو رۆمانانەی وا سنوورەکانی ئەم ژانرە دەخەنە بەر دژوارییەوە، ناوی رۆمان بەردەوام بە بەهێزی ماوەتەوە. سەیر ئەوەیە رۆمان زیاتر لەو گۆڕانەی بەسەریادا هاتووە، گۆڕانی تری بەخۆیەوە نەبینیوە. بەردەوام رۆمانەکان تێکەڵێکن لە نووسینی مێژوو و "رەوتی ژیانی" تاکەکەسی، شوێنێک کە تێیدا توێژە جۆراوجۆرەکانی سەبک لەپاڵ یەکتردا رێدەکەن. بۆیە گۆڕانەکان بەرچاوترن کاتێک لایەنی مەتریالیی رۆمان دەگرنەوە، ئەو شتەیکە من بۆ ئاسانکاری ناوی لێدەنێم رۆمان وەک کتێب. چونکە پرسیار ئەوەیە کە لە سەردەمی دیجیتاڵدا چی بەسەر رۆماندا دێت؟ داخۆ گۆڕانەکان لە بواری شێوازی بەرهەمهێنان، مەتریاڵ و بڵاوکردنەوە، لەسەر چۆنیەتی نووسین، خوێندنەوە و تێگەیشتن لە رۆمان کاریگەرییان دەبێ؟ رۆمان لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەدا چ شوێنێکی هەیە؛ چلۆن ئێمە لەسەر ئەو رۆمانانە قسەدەکەین وا خوێندووماننەوە، یاخود لەسەریانمان بیستوون؟

رۆمان وەک کتێب

رۆمان کتێبە و ئێمەیش دەزانین کتێب چییە. بەڵام داخۆ بەڕاستی وەهایە؟ کتێب ئێمە بیری دەقی نێوان دوو توێی رەق یاخود نەرم دەخاتەوە، بەڵام رۆمان هەمیشە وەها نەبووە؛ بۆ وێنە دەتوانین جارێکی تر بیری زنجیرە بکەوینەوە. لە سەدەی نۆزدەی زایین، واتە سەردەمی مەزنی رۆمان، وەک لەوە پیش ئاماژەمان پێدا رۆمان سەرەتا لە شێوازی زنجیرەدا چاپدەکرا و دوواتر ئەم زنجیرانە دەکرانە کتێب. ئەمە بۆ وێنە نووسەرانی وەک دیکێنز، باڵزاک و فلۆبێرتی دەگرتەوە.

زنجیرەکانی ناو رۆژنامە یاخود گۆڤارەکان وەک کتێبی ناو کتێبفرۆشییەکان، دەقی لەچاپدراون. دیارە ئەمەیش لەگۆڕاندایە. پرسیار ئەوەیە کتێبی ئلکترۆنی چییە؟ کتێبی ئلکترۆنی دەقە، بەڵام نەک لەچاپدراو بەشێوەی کاغەز، لە دوو توێی بەرگیشدا نیە، بەڵکو لەسەر رووبەر یاخود تابێل نیشاندەدرێ. بەدیجیتاڵکردن خەریکە بەئاشکرا کتێب و سەنعەتی کتێب دەگۆڕێ. داخۆ ئەمە بەو مانایە دێت کتێب بەوشێوەیەی ئێمە دەیناسین، وندەبێ؟ مەرج نیە. بێگومان ئێمە لە سەرەتای ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکانی وەها پێشکەوتنێکین، ئەوەیکە دوو رەوتی بەڕواڵەت دژبەیەک خەریکن خۆیان نیشاندەدەن: لەگەڵ ئەوەی فرۆشی رۆمان لە دوو توێی بەرگدا کەمبووەتەوە، بەڵام خۆدی کتێب وەک ئۆبیەکتێکی جوانناسانە لەبەهێزبووندایە. لەچاپدانی ئلکترۆنی، دۆخێکی خوڵقاندووە کە تێیدا کتێب لە دوو شێوازدا خۆی دەنوێنێ، وەک ئۆبیەکتێکی جوانناسانە و وەک شتێکی کۆن (ئەنتیکە). وەک کاڵایەکی مەسرەفی کتێبی ئلکترۆنی لە کتێبی هەرزان paperbacken دەچێ، بەو جیاوازییەوە کە لە کتێبی هەرزان زیاترە، هەروەها زیاتریش دەمێنێتەوە.

'جولیان بارێنز' برەوەی خەڵاتی ئینگلیزیی 'بوکەر' لە ساڵی ٢٠١١، لەو وتارەی پێشکەشی کرد گۆڕانێکی چاوەڕواننەکراوی هێنایەئاراوە کاتێک "باشترین دیزاینەری شاری" لە قسەکانی خۆیدا بەرزنرخاند. کتێبی 'هەستی کۆتایی' بەشێوەیەکی یەکجار جوان لەچاپدراوە؛ بەرگەکەی خاوەن گووڵی جوان و رازاوەی رەشە لەسەر پانتاییەکی کرێمی رەنگدا. داستانی رۆمانەکە جۆرێک لە گۆرانیی خەمینە؛ تێمی ناو کتێبەکە بەو سێبەرانەی وا لە قەراخەکانی بەرگەکەیەوە بەرەو لاپەڕەکان تێدەپەڕن پێی لەسەر دادەگیرێتەوە. ئەم شێوازەی بارنێز بۆ نیشاندانی کتێبەکەی دوواتر بووە جێی سەرنج و لە وتارێکی درێژدا لە رۆژنامەی گاردیەن (٠٣.١٢.٢٠١١) وتارەکەی ئەم نووسەرە بوو بە سەرەتای گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەسەر  هاتنەوەی کتێب وەک کتێب لە سەردەمی چاپی ئلکترۆنیدا.

ئەمڕۆکە ئێمە ئاشنایەتیمان هەیە لەگەڵ ئەو نوسخە زۆر لەچاپدراوە جوانانەی وا لە زۆربەی وڵاتاندا دەستدەکەون، تەنیا پێویستە ئاماژە بە چاپخانەکانی وەک 'پنگوین'، 'ئۆکسفۆرد'، سورکامپ' یاخود 'گالیمارد' بدەین. دیزاینە مینیمالیستییەکانی کتێبە فەڕەنسییەکانی گالیمارد، بەستێنی رەنگ کرێمییان بە تایتڵی سوور یاخود رەشەوە، بەڵام بە بێ وێنە یاخود وێنە لەسەر بەرگی یەکەمیان، ئەو نموونانەن لەسەر ئەوەیکە چلۆن سادەیی و چلۆنایەتی پێکەوە ئاماژەن بە هەندێ دیاردەی تایبەت. ئەمڕۆکە هەروەها دەبینین چلۆن بەردەوام زنجیرە کلاسیکییەکان لە ژێر ناوی ئەو لۆگوانە دەدرێنەوە دەرەوە کە نوسخە جوان و رازاوەکانی جاران دەژیەننەوە.

پەخشی سەرلەنوێێ زنجیرەی کۆنی Everyman لە بریتانیا، واتە لە جۆری بەرهەمە کلاسیکیەکانی ئەدەبی جیهانی کە لە شێوازی کتێبە بچووک و هەرزانەکان بە دیزاینی هاوبەشەوە سەرەتا لە ١٩٠٤ درانە دەرەوە، نموونەیەکە لەسەر ئەوەی چلۆن مرۆڤ ژیان بە بەری زنجیرە کلاسیکییە کۆنەکاندا دەکاتەوە؛ تەنزی پرسەکەیش لەوەدایە کە نوسخە نوێ و جوانەکانی ئێستاکەی ئەم جۆرە بەرهەمانە بەدژواری بۆ هەمووانن. ئەمانە تەنیا لە فۆرمدا گەورەتر لە نوسخە کۆنەکان نین، بەڵکو لە کتێبە هەرزانەکانیش گرانترن (زنجیرە کەم بایەخترینەکانیش بەردەوام لە عەتیقە فرۆشییەکان بە هەرزان دەستدەکەون). لە لایەکی ترەوە ئەمانە زۆر هەرزانترن لەو نوسخانەی وا مرۆڤ دەتوانێ لە لای ئەو چاپخانە بچووکانە بیانکڕێ وا لەم بوارەدا کاردەکەن. بە واتایەکی تر وەک بڵێی چاپی زۆری کتێب، بە کتێبی ئلکترۆنیشەوە، کاردانەوەی پێچەوانە لەگەڵ خۆی دێنێ، ئەویش حەزی خوێنەرە بۆ ئەو کتێبانەی وا تایبەت و جیاواز دێنەبەرچاو. 'سوزاننە دین' دیزاینەری بواری منداڵان بیری ئەوەمان دەخاتەوە چلۆن دیزانی جوان دەتوانێ زۆر خێرا سەرنجی مشتەری بەرەو خۆی رابکێشێ. دیزانی کتێب بێگومان گرینگییەکی زیاتری پەیداکردووە. لە نۆروێژیش هەمان دیاردە دەبینینەوە: دیزانەرە باشەکانی وەک 'ئاود گلۆپێن' یاخود 'ئێگیل هاڕاڵدسێن' لە ناو نووسەران و خاوەن چاپخانەکاندا خاوەن شوێنی تایبەتن و دەبینین کێبەرکێ لەسەر جوانترین کتێبی ساڵ کێبەرکێیەکی دژوارە. کتێب تابلێت نیە. کتێب ئۆبیەکتێکی فیزیکییە تێیدا دیزاین و ناوەڕۆک لە گۆڕینەوەی دوو لایەنەدان. 'مارتین بیەل' بەڕێوەبەری گرافیک لە رۆژنامەی 'ئافتن پۆستن' لە بەرواری ٢٢ی مانگی سێی ٢٠١٣ دەڵێ: "لەدووای ئەوەی کتێبی ئلکترۆنی هات دەبینین کڤاڵیتەی کاغەزی کتێب باشتر بوو، کاغەزی باشتر، بەرگی باشتر، هەروەها تایپۆگرافی و بەکار‌هێنانی وێنەیش."

جوان یان ناشیرین، کتێب لە هەر کاتێکی تر زیاترە لە تەنیا ئەوەی کاڵایەک بێت. کاتێک چاپخانەیەک "کۆمەڵێک دیزانەر" دروستدەکا، مەبەست تەنیا ئەوە نیە سەرنجی خوێنەر و کڕیارەکانی جارانی کتێب بەرەوخۆی رابکێشێتەوە، بەڵکو مەبەست راکێشانی سەرنجی گروپە جۆراوجۆرکانی دیکەیشە، بەوانەیشەوە کە بە هەمان رادە سەرقاڵی دیزاین و مۆد و بوارەکانی ترن، دیارە ئەمە بەردەوام بەگوێرەی وتارەکەی رۆژنامەی گاردیەن. هەڵبەت دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە تەنیا رۆمان نیە جێگای سەرنجی بازاڕی دیزاینە. رۆمان دەفرۆشرێ جا چ لە شێوازی کتێبی ئلکترۆنی بێت یاخود لە شێوازی بەرهەمی دیزاینکراو. کاتێک رۆمان لە قاڵبی بەرهەمی زۆربەرهەمهێنراو بواری خۆی لەدەستدەدا ئەوا بە شێوازی کۆبەرهەم دیسان دەگەڕێتەوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫چاپ رمان‬‎

گەڕان بۆ بابەت