ما 255 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

دیالۆگەکە کەڕە لەبەر ئەوەی کتێبخانە دەروونییە جۆراوجۆرەکانی ئێمە لەگەڵ یەکتردا نایەنەوە، یاخود خاڵی ورووژاندنی کەمیان هەیە و خەڵک زیاتر سەرقاڵی دەنگی خۆیەتی تا ئەوەی گوێ لەوی تر بگرێ. بەم شێوەیە گفتوگۆکە زیاتر گشتی دەبێتەوە تا تایبەت، دەکەونە قسەکردن لەسەر "ئەدەبییات" تا کتێبە دیاریکراوەکان و ئەگەرچی ناوی هەندێ کتێب دێنن، بەڵام راگۆڕینەوەیەکی راستەقینە لەسەریان شکڵ ناگرێ

 

چۆن لەسەر ئەو رۆمانانە قسە بکەین نەمانخوێندوونەتەوە؟

ئیلهامی ئەم پرسیارە لە کتێبێکەوە وەرگیراوە کە چەند ساڵ لەوە پێش هاتەدەرەوە: چۆن لەسەر ئەو کتێبانە بدوێین وا نەتخوێندووەتەوە (٢٠٠٧). جگە لەمە 'پیەر بایارد'ی نووسەر بەڵگە بۆ ئەوە دەهێنێتەوە تا چ رادەیەک نامومکینە خوێندنەوەی هەموو شتێک و تا چەندەیش مومکینە مرۆڤ بتوانێ لەسەر ئەو شتەی قسە بکا وا قەت نەیخوێندووەتەوە. بۆخۆی دەڵێ قەت 'ئولیس'ی نەخوێندووەتەوە، بەڵام ئەمە بەر بەوە ناگرێ نەتوانێ وانەکەی لە رۆماندا نەڵێتەوە؛ بەڵێ، مرۆڤ تا رادەیەک ئەم هەستە وەردەگرێ ئەمە ئەو بەهێزتر دەکا (تا ئەوەی بەری پێبگرێ) لە گەیاندنی ئەم رۆمانە بە خوێندکارەکانی. بایارد سەبارەت بەو کتێبانەی لەسەریمان بیستوون بەڵام نەمانخوێندوونەتەوە کۆمەڵێک نموونە دێنێتەوە؛ ئەو کتێبانەی بەتەئکید نایاناسین بەڵام وای دەنوێنین دەیانناسین، ئەو کتێبانەی فەرامۆشمان کردوون و ئەو کتێبانەی بەخێرایی چاوێکمان پیاخشاندوون بۆ ئەوەی بزانین بە گشتی باسی چیدەکەن. لەراستیدا خوێندنەوە چییە؟ چ دەبێ ئەو کتێبەی قسەی لەسەر دەکەین قەت نەنووسرابێ، بەڵام کتێبەکە دەبێتە راستەقینە تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێ کەس قسەی لەسەر دەکەن، وەها کە دەتوانێ لە وشیاری و یادەوەریی ئێمە و ئەوانی تردا بژی؟ جا کتوپڕ دەبینە خاوەنی رۆمانێک و نووسەرەکەی کە لە جیهانی راستەقینەدا بوونیان نیە، بەڵام بەهەرحاڵ بەشێوازێکی سەیر هەستدەکەین هەن.

'ئامبێرتۆ ئێکو' سەبارەت بە پیشانگای کتێبی فرانکفۆرت چیرۆکێک دەگێڕێتەوە: نوینەرانی هەندێ لە گەورەترین چاپخانە ئۆرووپاییەکان چەند ساڵ لەوەپێش لە دەوری مێزێک کۆببوونەوە و لەسەر دژواریی کڕینی مافەکانی کتێبێک دەدوان کە هێشتا لەلایەن نووسەرێکی گەنج و زیرەکەوە نەنووسرابوو. یەکێک لە خاوەن چاپخانەکان پێشنیاریکرد نووسەرێکی بۆ دروستبکەن. ئەمەیان گوت و کارەکەشیان بردەسەر. ناوی نووسەرەکە کرا بە 'میلۆ تێمێسڤار' نووسەری بەناوبانگی Let Me Say Now، رۆمانێک کە 'کتێبخانە ئامریکایی' بۆ بەیانییەکەی پەنجاهەزار دۆڵاری بۆ کڕینی دا کە لەو کاتەدا پارەیەکی یەکجار زۆر بوو. دەنگۆکە یەکجار خێرا بڵاوبووەوە. بۆ هەمان ئێوارە، خاوەن چاپخانەیەکی گەورە هات و بە ئەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بە 'ئێکو'یان گوت: "تۆ پێویست ناکا کاتی خۆت بەفیڕۆ بدەی، من هەر ئێستاکە مافە جیهانییەکانی کتێبی Let Me Say Now م کریوە!" ئێکو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ لەو کاتەوە ناوی 'میلۆ تێمێسڤار' خاوەن مانایەکی گەورەیە بۆ ئەو. ئەو تیمیسڤاری وەک نووسەرێکی دوورخراوەی ئالبانی ناساند کە بە هۆی چەپگەراییەوە دەرکرابوو و یەکێک لە کتێبەکانیشی وەک دەقێکی ئیلهام وەرگرتوو لە بورخێس ناساند کە تێیدا لە کاتی کایەی شەترنج لە ئاوێنە کەڵک وەردەگیردرێ. ئێکو دوواتر هەواڵی پێدەگا کە خاوەن چاپخانەیەکی بەناوبانگی ئیتالی وتارەکەی ئەوەی دەرهێناوە و، بە قەڵەمی سوور لە گۆشەیەکیدا نووسیویەتی: "کتێبەکە بکڕن و گوێ بە نرخەکەی مەدەن."٩٢ چیرۆکەکە بەمە کۆتایی نایەت: لە پێشەکیی رۆمانە سەرکەوتووەکەیدا، بە ناویRosens navn  (١٩٨٠)، کە لە دەیەی ١٩٨٠ ناوی دەرکرد جارێکی تر تێمێسڤار خۆی دەردەخاتەوە: "ئەگەر بەشێوەی هەڵکەوت شتێکی نوێ رووینەدابا ئەوا من قەت نەمدەتوانی وەڵامێک بۆ رازی 'ئادسۆ' لە 'مێلک' پەیدابکەم، بەڵام لە ١٩٧٠ لە بونوس ئایرێس بووم. لە عەتیقە فرۆشییەک لە 'کۆریەنتێس' سەیری قەفەسەکام دەکرد، ئەم شەقامە گەورەیە زۆر لە 'پاتیو دێل تانگۆ' دوورنەبوو. لەوێ بەتووش نوسخەیەکی 'کاستیالینی' لە کتێبی 'میلو تێمێسڤار' بووم سەبارەت بە "بەکار‌هێنانی ئاوێنە لە یاریی شەترنجدا"، هەمان شت کە من لەوە پێش لە کتێبەکەمدا " I venditori di Apocalisse" بەشێوازی ناڕاستەوخۆ بێ ئەوەی باس لە سەرچاوە بکەم، باسم لێکردبوو. ئەمە وەرگێڕانێک لە زمانی سەرەکی بە گۆرجی بوو کە ئیتر دەستی پێڕاناگاتەوە (تیفلیس ١٩٣٤)، من تێیدا بەسەرسوڕمانەوە ئەو پەرەگرافانەم دۆزیەوە وا لە دەستنووسەکەی 'ئادسو' لە 'مێلک'ەوە پەیدا دەبوون، بەڵام لێرەدا سەرچاوەکە نە لە 'ڤالێت'ەوە بوو و نە لە 'مابیلیون'، هەروەها نە لە قەشە 'ئاتاناسیوس کیرچێر'یشەوە (بەڵام ئەی داخۆ لە کامە دەقەوە دەبێ ببێ؟)"٩٣

سەیرە، وانیە! بەڵام ئەمە ئەوە نیشاندەدا ئەو کتێبانەی هەرگیز نەبوونە چلۆن دەتوانن کتوپڕ ببن، دیارە ئەمە تەنیا وتار و رۆمانەکانی 'ئێکو' ناگرنەوە. ئەو بە تەئکید دەتوانێ باس لەوە بکا کە تێمێسڤار و چیرۆکی شەترنجەکەی لەو کاتەوەیە وا رۆمانیRosens navn  لە ساڵی ١٩٨٠ هاتەدەرەوە و دوواتر لە کتێبخانە جۆراوجۆرەکان لە دەقەکانی تردا خۆی نیشانداوەتەوە. سەرئەنجام دەبێ بڵێین ئێکو بەکەڵک وەرگرتن بە ئاماژەدان بە نموونەکانی تێمێسڤار لەسەر رۆمانەکانی 'دان براون' کە بە زمانی گورجی و رووسی نووسراون تەقلیدی گاڵتەئامێزانەی 'کۆدی داڤینچی' (٢٠٠٣) دەکا. بەزەحمەت لەمە باشتر دەبێ. تێمێسڤار لە رێگای کەسانی ترەوە وەک نووسەر دەردەکەوێ، ئەگەرچی قەت یەک رستەیشی نەنووسیوە و تەنیا ناوێکی خەیاڵییە و بەس. ئێکو دەتوانێ لە کۆتاییدا بەم شێوازە قسەکانی خۆی کۆبکاتەوە کە "تێمێسڤار بە درێژایی ژیان هاوڕێیەکی نزیک بوو."٩٤

هەندێ جار بە هۆی کەمڕوویی خۆمانەوە دیانەوێ سەرممان بکەن، یاخود لە رێگای ئەو زانیاریانەوە وا نیمانن، هەندێ جاریش دەیانەوێ لە رێگای ئەو رۆمانانەی وا نەمانخوێندوونەتەوە. هەڵبەت سەرنجڕاکیشترین شت بێگومان فەزا خۆڵەمێشییەکانن، ئەو کاتانەی دەڵێین: خوێندوومانەتەوە، بەڵام لەبیرمان نەماوە، لەسەریم بیستووە، تا رادەیەک بەم شێوازە لەسەریم بیستووە، هەندێ شتم دێتەوەخەیاڵ و، شتی تری لەم بابەتە. 'بایارد' سەبارەت بەم دیاردەیە لە دەستەواژەی 'کتێبخانەی دەروونی' کەڵک وەردەگرێ، ئەو شوێنەی تێیدا بەڕواڵەت کتێبەکان بۆ مرۆڤەکان هەمان شتن وا ئەوان حەزدەکەن قسەیان لەسەر بکەن، کتێبخانەیەک لە بیرەوەرییە ناڕوونەکان، تیکەولیکەکان و تێکەڵکردنێک لە دەقە جۆراوجۆرەکان و هتد. هەموو مرۆڤە خوێنەرەکان ـ رەنگە بایارد بڵێ هەموو ئەو مرۆڤانەی وا بەشداری دەکەن لە گفتوگۆی سەر کتێب بێ ئەوەی زۆریان لەسەر خوێندبێتەوە ـ خاوەن وەها کتێبخانەیەکی دەروونین لە "کتێبە خەیاڵییەکان کە لە رێگای جیهانەوە بەدەستمان هێناون". ٩٥ ئەم کتێبانە دەتوانن شیعر، دراما، کتێبی زانستیی جۆراوجۆر، رۆمان بن (کە زۆر جار لە راستیدا ئەم جۆر گفتوگۆیانە لەسەر رۆمانن)، لەبەر ئەوەی رۆمان خێراتر لەوانی تر دەبێتە  بنەمایەک بۆ گفتوگۆ ـ وەک چۆن بایارد ئاماژەی پێدەدا. ئەم دیالۆگە ـ بە گوێرەی بایارد ـ ئەو فۆڕمە وەردەگرێ وا فەڕەنسییەکان پێی دەڵێن دیالۆگ لە نێوان کەڕەکاندا. دیالۆگەکە کەڕە لەبەر ئەوەی کتێبخانە دەروونییە جۆراوجۆرەکانی ئێمە لەگەڵ یەکتردا نایەنەوە، یاخود خاڵی ورووژاندنی کەمیان هەیە و خەڵک زیاتر سەرقاڵی دەنگی خۆیەتی تا ئەوەی گوێ لەوی تر بگرێ. بەم شێوەیە گفتوگۆکە زیاتر گشتی دەبێتەوە تا تایبەت، دەکەونە قسەکردن لەسەر "ئەدەبییات" تا کتێبە دیاریکراوەکان و ئەگەرچی ناوی هەندێ کتێب دێنن، بەڵام راگۆڕینەوەیەکی راستەقینە لەسەریان شکڵ ناگرێ: "لەبەر ئەوەی ئەم جۆر کتێبخانانە ناتوانن بچنە ناو دیالۆگەوە، بۆیە ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی لێکۆڵەران، واتە ئەوانن دەبێ ئەو خاڵانە بێننە گۆڕێ وا مشت و مڕیان لێدەبێتەوە."٩٦

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for døv dialog

گەڕان بۆ بابەت