ما 998 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

چیرۆکی ئاننا لە هاسەرگیرییەوە دەست پێدەکا، بە خۆشەویستی درێژەی دەبێ و دوواتر بە مەرگ کۆتایی پێدێ. خۆشەویستی و مەرگ، مەرگ و خۆشەویستی دوو جەمسەری "رۆمان"ەکەی ئەون. بەڵام رۆمانی تۆلستۆی لێرەدا تەواونابێ، بەپێچەوانەوە بە بنەماڵە و هاوسەریەتی کۆتایی پێدێ

 

 

چۆن تێپەڕی؟

من ئەم کتێبەم بە سەحنەیەک لە ئاننا کارەنینا دەستپێکرد. زۆرکەس لەسەر ئەم رۆمان بیستوویانە، بەتایبەت کاتێک فیلمیشیان لەسەر دروستکردووە و خەڵکانێکیش هەن فیلمەکەیان بینیوە بە بێ ئەوەی کتێبەکەیان خوێندبێتەوە. هەموومان ئاشناین بەم حاڵەتە، واتە نەخوێندنەوەی رۆمان، بەڵام دیتنی فیلمەکەی. ئەو رۆمانە کۆنانەی وا کراون بە فیلم (یاخود بە شانۆ) بەهۆی رووداوەکانیانەوە رۆمانە بەهێزەکانن، بەڵام هەروەها بەو هۆکارەیشەوە کە توانیوویانە بە پێچەوانەی کات و ناوچە زمانییەکانیان درێژە بە ژیانیان بدەن و ببن بە یەکێک باشترینەکان. ئاننا کارەنینا نموونەیەکی یەکجار باشی ئەم بوارەیە. هەموو ئەوانەی قسە لەسەر ئەم رۆمانە دەکەن بەو مانایە نیە خوێندوویانەتەوە، دەرکی ئێمە لەم رۆمانە و هەروەها کتێبخانەی دەروونیی ئێمە، دەکرێ بە هۆی فیلم گۆڕانی بەسەردابێت. دەکرێ بەسەرهاتی ئاننا روونتر خۆی دەربخا کاتێک ئێمە وێنەکانی 'گرێتا کاربو' یاخود 'کەیرا نایتلی' دەبینین تا ئەوەی "تەنیا" بیخوێنینەوە. دیارە ئەگەرچی کتومت هەمان چیرۆکیش نەبێ لە کاتی خوێندنەوە و دیتینی دا. ئەگەرچی چیرۆکەکە لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر هەمان نیە، بەڵام سەرنجڕاکێشە کە چلۆن بنەمایەکی هاوبەش دەمێنێتەوە، جا چ کاتێک قسە لەسەر خوێنەرە جۆراوجۆرەکانە یاخود لەسەر مێدیا جۆراوجۆرەکان. ئاننا کارەنینادا گرێدراوە بە داستانی خۆشەویستیی ئاننا و 'ڤرۆنشی'یەوە، واتە ئەوەی وا خۆی لە پشت ناوەکە لە تایتڵەکەدا دەشارێتەوە و سەرئەنجام بە مەرگ و تیاچوون کۆتایی دێت.

ئەوەی کە چلۆن تێپەڕی هەروەها پرسیارێکە زۆرجار دێتەگۆڕێ کاتێک گفتوگۆ لەسەر رۆمانە. 'پێتەر بروکس' لێکۆڵەری ئەدەبیی ئەمریکایی ئەمەی ناو ناوە خوێندنەوە لەبەر پلۆت، واتە ئەوە پلۆتە خوێنەر بەرەو خۆی رادەکێشێ و سەرنجی رادەگرێ، بەڵام نەک تەنیا هەر ئەمە، تەنیا لەبەر پلۆت خوێندنەوە بەو مانایەیە کە خوێندنەوە لە لایەن حەزێکی بەهێزەوە بەڕێوەدەبرێ، واتە مەیل، مەیلی ئەوەی چلۆن داستانەکە دەرواتە پێشەوە. یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکانی بروکس ئەوەیە کە خوێنەرە زانکۆییەکان لەبیریان کردووە یاخود ئەم مەیلەیان سەرکوت کردووە مەیل بۆ زۆربەی خوێنەران هاندەری سەرەکییە لە خوێندنەوەدا.

با جارێکی تریش بگەڕێینەوە سەر ئاننا کارەنینا. لەبەر ئەوەی لە راستیدا چی بەسەردا هات کاتێک مێرد و کوڕەکەی خۆی لە پێناوی ئەشقی ڤرۆنشی دا جێهێشت؟ "رۆمان"ی ئەم ژنە بە خۆشی کۆتایی نایەت. ئەو بەهۆی لەدەستدانی کورەکەیەوە ئازاردەچێژێ، لە کۆمەڵگادا سوکایەتی پێدەکرێ و لەگەڵ ڤرۆنشی بەتووش سەحنەی توندوتیژی و خۆڕووخێنەرانەوە دەبێ. لە کۆتاییدا دەبینین دیسان خۆی لە وێستگەیەکی قەتاردا دەبینێتەوە ـ تەنیا بۆ تێگەیشتن لەوەی بزانێ کە سەفەر بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە. سەکۆکە دەلەرزێ، ئەو هەستی بەرەو دوواوە رۆیشتنی هەیە، قەتارەکە نزیک دەکەوێتەوە و کتوپڕ وێنەیەک دێتەوە بەرچاوی: دێتەوە بیری ئەو پیاوەی وا بە قەتارەکە کوژرا ئەو رۆژەی وا ئەو گەلێک ساڵ لەوە پێش بۆ یەکەم جار ڤرۆنشی بینی، ئەوسا تێدەگا بۆچی لێرەیە. تێگەیشتنەکە دیسان وەک ئیلهامێک بەری پێدەگرێتەوە و ئێمەی خوێنەریش دەستبەجێ تێدەگەین ئەمە هەڵگری چییە: "لەم کاتەدا خاڵی ناوەڕاستی نێوان چەرخەکان رێک لە رووبەڕوویدا بوو، ئاننا جانتا سوورەکەی فڕێدا، سەری لەناو شانەکانی دا رۆکرد، ئەوسا بە دەستەوە کەوتە ژێر ڤاگۆنەکە و بە جووڵەیەکی سووک رۆچوو، وەک بڵێی دەیەویست خێرا هەستێتەوە، لەسەر ئەژنۆکانی." ٩٧

چیرۆکی ئاننا لە وێستگەیەکی قەتار دەستپیدەکا و کۆتایی دێت. با جارێکی تر بگەڕێنەوە سەرەتا. کاتێک ئاننا لە بەشی یەکەمی رۆمانەکدا لە مۆسکۆوە بە قەتاری شەو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ شاری سێنت پێتێرزبورگ، کەسێکی بێ ئۆقرەیە. ئێمە هۆکاری ئەمە دەزانین، ئاننا چاوی بە ڤرۆنشی کەوتووە و ئەمە بێ قەراری کردووە، بێ قەرارییەک جارێکە بۆخۆی ناتوانێ شیبکاتەوە. بەڵام ئاننا چلۆن کات تێدەپەڕێنێ؟ ئەو خەریکی خوێندنەوەی رۆمانێکی ئینگلیزییە. تۆلستۆی باسی تایتڵی رۆمانەکە ناکا، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی لەسەر رۆمانەکە دەگوترێ، لێکۆڵەرەکانی تۆلستۆی دەڵێن رۆمانەکە باس لە هاوسەریەتی و خیانەت لە نووسینی 'ئانتۆنی ترولوپ' دەکا، رۆمانێک بە ناوی "دەتوانی بیبەخشی' هی ساڵی ١٨٦٤ تا ٦٥.  دیارە هەم هاوبەشی و هەم جیاوازی هەیە لە نێوان ئەم دوو رۆمانەدا، بەڵام بەهەرحاڵ ئەمە کەمتر گرینگە لەوەی وا تۆلستۆی رۆمانێک دەدا بە دەست ئانناوە. ئەگەرچی ئاننا ناتوانێ بەجوانی بیری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام دەست بە خوێندنەوە دەکا و سەرئەنجام داستانەکە لەگەڵ خۆی دەیبا: "قارەمانی رۆمانەکە خاوەن خۆشبەختیی ئینگلیزیی خۆیەتی، نازناوی بارۆنسی هەیە و خاوەن موڵکە و ئاننا دەیەوێ لەگەڵیا بچێ بۆ موڵک و ماڵەکەی؛ تا کتوپڕ ئاننا هەست بەوە دەکا ئەو دەبێ شەرم بکا و ئاننایش بەهەمان شێوە دەبێ شەرم لەخۆی بکا."٩٨ ئاننا نازانێ چ دەبێتە هۆی ئەم هەستی شەرمە، کتێبەکە لادەخا و بیر لە کاتی مانەوەی لە مۆسکۆ دەکاتەوە. ئەگەرچی ئاننا لە هەستی خۆی ناگا، بەڵام خوێنەر کێشەی لەگەڵ ئەمەدا نیە. ئەو لە خۆی بێ خەبەرە، ئاننا خەریکی هەمان شتە کە رۆمانەکە دەیەوێ ئاننا بیکات: سەفەرکردن لەگەڵ پیاوێکی غەریب. هێزی زاتیی رۆمان کاتێک قسە لەسەر وێناکردنی ژیانی ئەڵتەرناتیڤە، وەک ئێمە لێرەدا تێیدەگەین راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بەوەی ئیستا خەریکە روودەدات. کاتێک سەفەر تەواودەبێ و قەتارەکە لە سێنت پێتێرزبورگ دێتە ناو وێستگەکەوە، ڤرۆنشی و کارەنین لەوێن. ئێمە دەزانین چلۆن رووداوەکان بەرەوپێش دەڕۆن. لە چرکەساتێکدا هەموو شتێک دەگۆڕدرێ و بنەماڵە دەستبەجێ دەبێ بە بابەتێک بۆ بەدبەختیی ناو رووداوەکان.

چیرۆکی ئاننا لە هاسەرگیرییەوە دەست پێدەکا، بە خۆشەویستی درێژەی دەبێ و دوواتر بە مەرگ کۆتایی پێدێ. خۆشەویستی و مەرگ، مەرگ و خۆشەویستی دوو جەمسەری "رۆمان"نەکەی ئەون. بەڵام رۆمانی تۆلستۆی لێرەدا تەواونابێ، بەپێچەوانەوە بە بنەماڵە و هاوسەریەتی کۆتایی پێدێ، واتە ئەو بنەماڵە خۆشبەختەی کە لە رستە یەکەمەکانی رۆمانەکەدا پێی لەسەر دادەگیردرێ. پلۆت، رووداو، رۆمانی ئاننا کارەنینا، بە مردنی ئاننا کۆتایی دێت، بەڵام تۆلستۆی هەندێ لاپەڕەی تریشی پێ زیاددەکا. رۆمانەکە تەواوبووە و کەچی کەمێکی تر درێژەی دەبێ.

وەک گوتمان دوو جووت ئەشقی گرینگ لەم چیرۆکە فرەچەشنەدا هەن: ئاننا و ڤرۆنشی، کیتی و لێڤین. لە پاژی کۆتایی رۆمانەکە ئەمە وەک دوواگوتە خۆی پیشاندەدا، سەرەتا ئێمە 'ڤرۆنشی'یەکی ناهومێد و پیر، دیارە بە کورتی، دەبینینەوە. ڤرۆنشی خۆی لە کوێدا دەبینێتەوە؟ بەڵێ، لە قەتارەکەدا. ئەو لەم رۆمانەدا بەرەو سێربیا بەڕێوەیە بۆ ئەوەی لە پێناوی برادەرە سلاڤیسکەکانیدا بجەنگێ. ئەمە بۆ ئەو دوواهەوڵە لەپێناوی دۆزینەوەی مانا لە ژیاندا. بەڵام زۆر خێرا نووسەر ئەویش جێدێڵێ و ئەوەی لەم پاژی کۆتاییەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ لێڤینی راستگۆیە؛ لێڤینی وەرزێڕ و خاوەن موڵک و ماڵ. لێڤن سەبارەت بە مانای ژیان تێدەفکرێ: گەر هەموومان دەمرین کەواتە مەبەست لە کار و ماندووبوون چیە؟ دیارە بۆخۆی وەڵامەکەیش دەدۆزێتەوە، وەڵام ئەوەیە کە مرۆڤ لە پێناوی راستی، لە پێناوی رۆحی خۆی و لە پێناوی خودادا دەژی. ئەمە ئاسان دێتەگوێ بەڵام وەک دەزانین لە راستیدا دژوارە. بۆ لێڤین ئەمە شتێکی ئاشکرایە و ئەو خۆشبەخت دەکا، ئەمە ئاشتی پێدەبەخشێ و ئەشقی ئەو سەبارەت بە ژنەکەی بەهێزتر دەکا، بەتایبەت سەبارەت بە کوڕە بچووکەکەی کە تا ئیستا زۆر گوێی نەدەدایە. لێڤین کەسێکی موسافیر نیە، بەپێچەوانەوە کەسێکی گرێدراو بە خاکەوەیە، بە خانووەکەی خۆیەوە بەستراوەتەوە، ئەو شوێنی ژیانەی وا قەت حەزناکا جێی بهێڵێ. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین تولستۆی لە رۆمانەکەیدا دوو کۆتاییمان دەداتێ ـ دوو رێگای چوونە دەرەوە: یەکیان وێنەی ئەو مەشغەڵەیە وا لەسەر سەکۆکە گڕدەهاوێ بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە بکوژێتەوە، واتە مەرگی ئاننا. دووهەم پێ لەسەر مەرگ داناگرێ بەڵکو ژیان دەگەشێنێتەوە و باس لە بڕوا بە "مانای بێ وێنەی چاکە"٩٩ دەکا. بەم شێوەیە تولستۆی باس لەو دەرفەتانە دەکا وا رۆمانەکە دەیانهێنێتە گۆڕێ: وەک داستان لەسەر ژیانی تاکەکەسی و چارەنووس، بەڵام هەروەها وەک بابەتێکی تێڕامان و وەک چیرۆکی دەروونی، گفتوگۆ لەسەر باوەڕ، سیاسەت و ژیانی رۆژانە لە رووسیا لە ساڵەکانی ١٨٧٣ تا ١٨٧٦. هێزی ئەنترۆپۆلۆژیانەی رۆمانەکە خۆی لە نێوان کێشمەکێشی دوو بەشی مرۆڤی تاک و کۆمەڵگادا دەبینێتەوە، بەتایبەت ئەو کاتەی وا تاک لە گەڵ دەورووبەری خۆی ناتەبایە. ئەگەرچی کەسایەتییەکانی تولستۆی سەر بە هەمان چینی کۆمەڵایەتین، واتە ئەشرافییەت، هەر کامەیان خاوەن ژیان و خەونی تایبەتی خۆیانن کە لە ئاراستەی جۆربەجۆردا خۆیان دەردەخەن. چەسپی ئەم 'ئەنترۆپۆلۆژییە" (خوێندنەوەی مرۆڤ) خۆشەویستییە: کەسی خۆشبەخت کە خاوەن ژیانی هاوبەشی تێکەڵ بە هارمۆنییە و هەروەها خاوەن وەفادارییە وەک بنەمایەک. کەسی نابەختەوەریش بێ قەرارە و، سنوورەکان دەبەزێنێ. ئەمە ئەو شتەیە ناو بە رۆمانەکە دەبەخشێ و زۆر بە هێزانە خوێنەر بەرەو خۆی رادەکێشێ بەڵام بۆ؟ خودی تولستۆی پێش ئەوەی ئێمە بەتووش ئاشقەکانەوە بین، وەڵامی ئەمە دەداتەوە: "هەموو بنەماڵە خۆشبەختەکان لەیەکتر دەچن، هەموو بنەماڵە نابەختەورەکانیش بە شێوازی خۆیان نابەختەوەرن."

Bilderesultat for ‫رمان نقاشی‬‎

گەڕان بۆ بابەت