ما 7642 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

چەمکی شادی و هێمن

قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی/نەهاتی گەرچی پێت دابووم بەڵێنی. ئەمە دێڕە شیعرێکی 'هێمن'ی شاعیرە کە هەم کراوە بە گۆرانی و هەم وێردی سەرزمانی گەلێک لەو کەسانەیە وا بە جیهانی شیعریی ئەم شاعیرە مەزنە ئاشنان.

جیا لە سۆز و نۆستالۆژی و ئەو غەریبیەی وا لەم دێڕە شیعرییەدا خۆی دەنوێنێ، کە بەرهەمی جودایی نێوان کەسی چاوەڕوانی شادی و خودی شادییە؛ بەڵام قورسایی خودی وشەی 'شادی'یە، وەک ئارەزوویەکی بەدینەهاتوو، کە ئامانج و جیهانیبینیی دێڕەکە پێکدینێ. شادییەک بەڵێنە بێت و دڵی ئاشقی کەیل وەها شادومان بکا کە چیتر رۆژە رەشەکان نەمێنن و دونیا ببێ بەو شتەی وا کەسی چاوەڕوان چاوەڕوانی دەکا، واتە دونیایەکی پڕ لە شادی و لێرەوە بەختەوەری.

بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە چەمکی 'شادی' چییە. بێگومان شادی ئەو رەزایەتەیە وا لە کەسی چاوەڕواندا بەهۆی گەیشتن بە ئاوات یان ئاواتەکانی پێکدێ. واتە بە ئارەزووگەیشتن بریتییە لە خودی شادی.

شادی لە شیعردا هەم مانایەکی عیرفانی و وجودی هەیە و هەم مانایەکی کۆنکرێت. واتە هەم ناوەڕۆکێکی واوەتری لە داوا مادییەکان هەیە و هەم ناوەڕۆکێکی ماددی و بەرهەست. لێرەوە دوو جۆر شادی سەرهەڵدەدات. وادێتە بەرچاو شادی جۆری یەکەم بنەڕەتیترە و شادی جۆری دووهەم گوزەراتر. ئەگەرچی هەمیشە شادی جۆری دووهەمە دەتوانێ دەستەبەر بکرێ و شادی جۆری یەکەم هەمیشە لە ناو پەردەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی و نادیاریدا دەمێنێتەوە.

هێمن ی شاعیر لەم شیعرەیدا بە گوێرەی لۆژیکی شیعر، ئەگەرچی بە هێنانەوەی 'بسک' بەڕواڵەت بە پرسی عەشقێکی ماددییەوە دەمانبەستێتەوە، بەڵام وەها خەیاڵی گوێگر بەرەو شوێنەکانی تر دەبا کە دەستبەجێ خوێنەر لە دەروونیدا دەتوانێ جۆرەها وێنەی شادیی تیا پێک بێت.

بەڵام داخۆ شادی لە راستیدا بوونێکی راوەستاو و هەمیشەییە و گەر مرۆڤ پێی بگا ئەوا بۆ هەمیشە دەبێتە خاوەنی؟ بەداخەوە وەها نیە. شادی یەکێک لە دیاردە دەگمەنەکانی ژیانە کە بەردەوام لەگەڵ شتی تر لێکئاڵاوە. شادی دیاردەیەکی رووت و بێ خەوش و ئەبەدی نیە. بوونێکە شکڵی جۆراوجۆر بە شێوازی کاتی دەگرێ، بگۆڕە و لێرەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەمیشە مرۆڤ عەوداڵی بێت. بۆیە ئەم دێڕە شیعرییەی هێمن هەمیشە بە تەڕو پاراوی دەمێنێتەوە.

هێمن لە راستیدا خۆی خستووەتە داوێکەوە کە دەرهاتنەوەی زەحمەتە!

سایتی قەڵەم

٦ مانگی دووی ٢٠٢٠

Bilderesultater for lykkelighet kunst

گەڕان بۆ بابەت