ما 9217 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

                                                                                                                                                                                                                 

 رەسوڵ سووڵتانی

ئێستاش كە مێردەكەم وا پۆستەكەی بەرزە، هەر ئاگای لە من نییە. مانگێ جارێك لەگەڵ سكرتێرەكەی‌دا سەفەری خاریج دەكا. سكرتێرەكەی كچۆڵەیەكی هەژدە ساڵانەیە، كە دێتەوەش دیسان خۆی بە كاروبارانەوە سەرقاڵ دەكا و بە منیش دەڵێ، لە چیت كەمە؟ چیت دەوێ بۆتی دەكەم و بڕۆ چیت پێ خۆشە بیكڕە. مێردەكەم پێی وایە هەموو شتێك هەر زێڕ و جلوبەرگە بۆ ژن. 

  

 

 

كتێبەكەی فڕێ دایە سەر مێزەكەی پێش خۆی. دەستی برد بۆ پەرداخە چایەكە. نیوە بوو. سارد ببۆوە. چیرۆكەكەشی هەر نیوە كردبوو. سێ، چوار رۆمانی نیوەچڵی لە پێش خۆی دانابوو. تاقەتی تەواوكردنی هیچ شتێكی نەبوو. گوتی، هەر شتێكی تەواوی بكەی، وەك ئەوە وایە كوشتبێتت. خۆی لەبەر یەك كێشاوە و باوێشكێكی دا. شنەبایەك لە پەنجەرەكەوە دەهاتە ژوورێ و پەردەكەی دەجووڵاند. ئەو هەروا لەجێی خۆی دانیشتبوو. دوودڵ بوو ئاخۆ چیرۆكەكە تەواو بكات یان نا. یەكەم چیرۆكی كتێبەكەی خوێندبووەوە و حەزی لێ بوو ئەو چیرۆكە خۆی نووسیبای. گوتی: حەسوودی تەنیا لەو كاتانەدا شتێكی باشە. چیرۆكی دووهەمی بەنیوەچڵی بەجێ هێشت و نیوە چایەكەی هەروا بە ساردی خواردەوە و هەستا چووە دەرێ. دوو دڵ بوو بچێ یان نەچێ. زۆر پیس خووی پێوە گرتبوو. سەرەتا وا نەبوو. ئەوەندە هێمن و لەسەرخۆ دەستی پێ كرد، كە ئاوڕی داوە هەتا قوڕقوڕۆچكەی رۆچووبوو. ئەو دەمی هاموشۆی مزگەوتی دەكرد، لە مەلای بیستبوو كە كوفر وەك رۆیشتنی مێروولەیەك وایە لە شەوێكی تاریكی ئەنگوستەچاودا كە بەسەر بەردێكی رەش‌دا بڕوات. گوتی، ئاوەڵڵا ئەو دەردە لەو مێروولەیە دەچێ، هەستی پێ ناكەیت هەتا هەموو گیانت دانەگرێ.

 

 ئێستا ئەوە پتر لە مانگێكە نە دیتوویەتی‌و نە گوێی لە دەنگیشی بووە. لە رادیۆوە گوێی لە كارەساتێك ببوو. بەڵام هەواڵەكان ناوی راستەقینەی كوژراوەكەیان نەدركاندبوو. تەنانەت پیاوكوژەكەشیان لەقاو نەدابوو. هەر ئەوەندە گوتبوویان: دوێنێ شەوێ پیاوێك بە ناوی س.ج هەژدە فیشەكی لە سەری ژنەكەی خۆی داوە. ئیتر لەو رۆژەوە كە تەلەفۆنی ئەوی بۆ نەهاتووە، هەر پێی وایە ئەوە كوژراوە. خۆ ناشوێرێ بەلای ماڵیان‌دا بچێ. قەول وابوو ئەم رۆمانەی خۆی بەناوی ئەو بڵاو بكاتەوە. بەتایبەتی كە بەشێكی زۆری بەسەرهاتەكەی خۆیانی تێدا بوو. پێی گوتبوو، ئەم رۆمانەت بڵاو بكەیتەوە، هەردووكمان تێدا دەچین. بەڵام چش، با تێدا بچین، چییە. هەردووكیان چاویان لە چاوی یەكتر بڕیبوو و زەردەخەنەیەكیان نیشتبوووە سەر لێو.

 

 یەكەم جار كە چاوی پێی كەوتبوو، لە دووكانێكی جلوبەرگ فرۆشتن‌دا بوو. ژنە جزدانەكەی لەسەر مێزەكە لەبیر دەچێت و كوڕێك دەیەوێ دەستی بداتێ، كەچی ئەو لێی دەستێنێتەوە و دەكەوێتە شوێن ژنەكە بەشكم بیگاتێ و جزدانەكەی بداتەوە. كە لە مۆڵەكە دەچێتە دەرێ، سەیر دەكا لە ئاپۆرای خەڵكەكەدا بزر بووە و رۆیشتووە. كە نایدۆزێتەوە، هەر لەوێ رادەوەستێ، بەو هیوایەی ژنە بۆ جزدانەكەی بگەڕێتەوە. سەعاتێكی زیاتر پێ دەچێ‌و ژنە بە پەشۆكاوی لە سەیارەیەكی بەرز دادەبەزێ. بەر لەوەی ژنە بگاتە بەر دەرگاكە، ئەو بە پیرییەوە دەچێ‌و دەڵێ: ببوورە خاتوون، ئەم جزدانە هیی جەنابتە، لەبیرت چووبوو. ژنە زۆری پێ خۆش دەبێ. ئەو پێی دەڵێ، پارەی نێو جزدانەكەت ورد بژمێرە تكایە، تا لێرەی. ژنە دەڵێ، نایەوێ، بەڵام پێویستە شیرینییەك، دیارییەكت بدەمێ و ئەویش هەر لێی قەبووڵ ناكا. ئیتر ژنە ژمارەی تەلەفۆنەكەی خۆی بۆ بەجێ دەهێڵێت و دەڵێ، هەر ئیشێكت بە ئێمە هەبوو، لە هەر شوێنێك دەتوانین یارمەتیت بدەین. پاش رۆیشتنی ژنەكە، بیر لەو قسەیەی دەكاتەوە. ئێمە. ئێمە یانی كێ؟ بۆ ئەوان كێن؟ جا من چ كارێكم بەوان دەبێ؟ ئەو شەوە پاش ئەوەی ناتوانێ تەنانەت ژێركراسێكیش بكڕێ، دەچێتەوە ماڵەوە. هەر ئەم خانووەی وا ئێستا لێی هاتە دەرێ. 

 

گوتی، ئەگەر «یەكە»م لە مۆبایلەكەم كردەوە، هەر وا تەلەفۆنێكی بۆ دەكەم، بزانم كێیە. هەر وا. منیش وەك هەموو نووسەرێكی دیكە فزوولم. حەز دەكەم سەر بە هەموو كونێك‌دا بكەم. بەڵام زۆری پێ چوو هەتا توانیی یەكەیەك بۆ مۆبایلەكەی بكڕێ و هەلی تەلەفۆنێكی بۆ بڕەخسێت. ئەو رۆژە پارەی چاپبوونی سێ وتاریان بۆ ناردبوو. ئەویش بەر لە هەموو شتێك گوتبووی، با جارێ بچم نانێكی باشی لێ بخۆم، دواییش تەلەفۆنەكەم پڕ دەكەمەوە و تەلەفۆنێكی بۆ دەكەم. دەمێك بوو حەزی لێ بوو بچێتە ئەو خواردنگە گەورەیەی هەمووان تاریفی تاموچێژی خواردنەكانیان دەكرد. كە وەژوور كەوت و گارسۆن بەپیرییەوە هاتن، سەری سووڕ ما، چما جێگە هەیە لێی دانیشێ. رێگەیان نیشان دا و بردیانە سەر مێزێك. سەیری كرد هەر ئەو بەتەنیا دانیشتووە. ئەوانی دیكە هەمووان دووكەس و سێ و چوار و پتریش... شوێنی بەتاڵی لێ نەمابوو. دانیشت و خەیاڵ هەڵیگرت. لەو دەمەدا دەنگێكی ناسك گوتی: ببوورە برا، دەكرێ لێرە دانیشم؟ پێی بە عەرزەوە وشك بوو، ئەوە خۆ هەر ئەو ژنەیە وا قەول وابوو تەلەفۆنێكی بۆ بكەمەوە. فەرموو دادە گیان، فەرموو. بەڵام خۆی لێ نەناس كرد. كەچی ژنە گوتی، ئەرێ كاكە تۆ نەبووی جزدانەكەمت راگرتبوو تا بۆی هاتمەوە؟ ناسییەوە. گوتی باشت ناسیمەوە. لە نێو قسەكانیان‌دا گوتی، بۆیە تا ئێستا تەلەفۆنم بۆت نەكردووە، گوتم، نەكا پێت وابێ شتێكی گەورەم كردووە. دوای ئەوەش، هیچ گرفتێكی وام نەبووە، پێویستیم بە گەورەیی و هاوكاریتان بێت. ئەو شەوە پێكەوە نانەكەیان خوارد. ژنە بۆی گێڕاوە، كە هەموو شەوێ دێتە ئەم خواردنگەیە. دوای نانخواردنەكەش ژنە كە زانیبووی ئەو سەیارەی پێ نییە، گوتبووی، خۆم دەتگەیەنمەوە ماڵەوەت. لە رێگایە ژنە یەك پشوو قسەی بۆ كردبوو. گوتبووی، مێردەكەم، كابرایەكی ناوبەدەرەوەیە. ناوەكەیت پێ ناڵێم. پۆست و پلەیەكی زۆر بەرزیشی هەیە. باش نییە بزانی چ كارەیە. هەر ئەوەندە دەڵێم، من لە هیچم كەم نییە. 

 

ژنە ئەو شەوە بە وردی باسی مێردەكەی بۆ كردبوو. كە چۆن لە حوكمەتەكەی پێشوودا هەموو شەوێ ماڵەكەی بووەتە مۆڵگە و مەكۆی ئەو پیاوانەی سەری سەد پیاویان بە دینارێك دەفرۆشت. چۆن بە دەم خواردنەوەی ڤۆدكا و وێسكییەوە قاقایان كێشابوو و باسی چۆنێتیی ئەشكەنجەدانی پێشمەرگەیەكیان دەكرد و چۆن لە سەرەمەرگ‌دا هەردوو چاویان دەرهێنابوو. گوتبووی، ئەو شەوە حەزم دەكرد ژەهرێك بكەمە خواردنەكەیانەوە و هەمووان بمرن، بەڵام هەرچی كردم نەمدەزانی دواتر چیم بەسەر دێ. بەتایبەتی كە باسی ئەو كچە كوردەیان دەكرد وا بە هەشت كەسان لاقەیان كردبوو و دواتر دابوویانە دەست هەموو بەندییەكان...

 

ئەویش گوتبووی، ئەو شتانەم بۆ بگێڕەوە، دەمەوێ بیانكەمە چیرۆكێك. قەولت پێ دەدەم نە ناوی خۆت دێنم و نە ناوی مێردەكەشت. من چیرۆكنووسم. پێویست ناكا لەو گێڕانەوانەدا ناوی كەس بێنم. ئیتر ژنە كە بیستبووی ئەم چیرۆكنووسە، یەكسەر پرێسكەی دڵی خۆی بۆ كردبۆوە. گوتبووی: 

 

پاش ئەوەی حوكمەتەكەش نەما، ئێمە ترسمان لێ نیشت و گوتمان، تەواو، تۆڵەمان لێ دەكرێتەوە. ماوەی دوو ساڵان خۆمان بزر كرد. دواتر لە هەرا و پشێوییەكەدا هاتینەوە و خۆمان خستە ماڵی خزمێكمانەوە و تكای بۆ كردین. باش بوو وا رێكەوت لە تەپوتۆزەكەدا شتەكان دیزەبەدەرخۆنە كران. بەڵام من ئەو رۆژانەم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. ئێستاش كە مێردەكەم وا پۆستەكەی بەرزە، هەر ئاگای لە من نییە. مانگێ جارێك لەگەڵ سكرتێرەكەی‌دا سەفەری خاریج دەكا. سكرتێرەكەی كچۆڵەیەكی هەژدە ساڵانەیە، كە دێتەوەش دیسان خۆی بە كاروبارانەوە سەرقاڵ دەكا و بە منیش دەڵێ، لە چیت كەمە؟ چیت دەوێ بۆتی دەكەم و بڕۆ چیت پێ خۆشە بیكڕە. مێردەكەم پێی وایە هەموو شتێك هەر زێڕ و جلوبەرگە بۆ ژن. 

 

دوو مانگ بوو هەروا هاموشۆی دەكرد. شەوانە لەگەڵ خۆی دەیبردەوە ماڵەوە. بە دەرگاكەی پشتەوەیاندا دەیبردە ژوورێ. دەیگوت، دەرگاكەی پێشەوەمان كامێرای لەسەرە. ئاگات لێ بێ بە رۆژ نەیە ئەم دەوروبەرە، نەكا چەكدارەكان، ئەوانەی مێردەكەم دەپارێزن بت بینن. یەكەم جار كە چووبووە ماڵەكەیان، سەعاتێك هەر سەیری دارودیواری ناوەوەی خانووەكەی كردبوو. گوتبووی، حەز دەكەم ئیجازەم بدەی سەرێك بە هەموو ژوورەكان‌دا بكەم. ئاخر من نووسەرم و حەزم لە فزوولییە. كە لەسەر تەختی خەوەكە راكشابوو، تەزوویەك لە گیانی گەڕابوو. ژنە هەستی پێ كردبوو. گوتبووی، وەڵا خەوی سەر ئەم تەختەخەوانە زۆر خۆشە، بەڵام ئاخر پیاو لەسەر تەختەخەوی ئاوا بنوێ، بڵێی ئیتر بتوانێ چیرۆك بنووسێ؟ شەوانە چیرۆكەكانی خۆی بۆ دەخوێندەوە. سەرەتاكان، ژنە نەیدەهێشت دەست بۆ كتێب بەرێ. دەیگوت، من تاقەتی كتێب و شتم نییە. بەڵام حەفتەیەك دواتر، وردە وردە وای خوو بە چیرۆك و رۆمانەكانەوە گرتبوو، دەتگوت لە منداڵییەوە خەریكی خوێندنەوەیە. ئەمجارەیان ئەو كتێبەكەی لێ وەردەگرت و دەیگوت، بێنە با من بۆتی بخوێنمەوە. لەو ماوەیەدا دوو كتێبی خۆی چاپ ببوون. لە یەكیان‌دا باسی بەسەرهاتەكەی خۆی كردبوو. ژنە ترسابوو و گوتبووی: بۆ وات كردووە؟ نەكا خوێندەوارێك بیخوێنێتەوە و لە رۆژنامەیەك‌دا شتێكی لەسەر بنووسێ. هەر خێراش دڵخۆشیی دابۆوە و گوتبووی: كوڕە دەی، خۆ ئەوانەی ئێمە كتێب و شت ناخوێننەوە. دەڵێن هەرچی پارەی پێوە نەبێ پووشێك ناهێنێ.

 

وەبیری هاتەوە شەوێكیان، لە گەرمەی باوەشی‌دا، ژنە دەستی كردبوو بە گریان. ئەویش گوتبووی، چییە؟ خۆ بە زۆری نەهاتووم، خۆت منت فێری ئێرە كردووە. ژنە گوتبووی: ئەوە دەڵێی چی، من بیر لە شتێكی دیكە دەكەمەوە. بڕوات بێ من سووك نیم. من سۆزانی نیم. خۆشمم زۆر خۆش دەوێ. بەڵام چ بكەم، مێردەكەم ئەوەندەی لە وڵاتانە و لەوێ خۆش رایدەبوێرێ، كە دێتەوە ئێرەیش ئەوە لەبەر سكرتێرەكەی ئاگای لە من نییە.

 

ئێوارەیەكیان، وایان دانابوو پێكەوە بچنە پاركەكەی دەرەوەی شار. زۆریش دەترسان نەكا یەكێك پێكەوە بیانبینێ. دوو دڵ بوون بچن یان نەچن. ژنە گوتبووی: بمان بینن، هەردووكمان تێ‌دا دەچین. ئەویش لە وەڵام‌دا گوتبووی، من هیچم نییە لەدەستی بدەم.  ئەو ئێوارەیە زۆر چاوەڕوان ببوو. هەر نەهاتبوو. تەلەفۆنیشی بۆ نەكردبوو. لە چاوەڕوانیی هاتنی‌دا زیاتر لە سەد جاران ئەمسەرئەوسەری شەقامەكەی كردبوو. ئیتر كە هیوا بڕاو ببوو، گەڕابۆوە ژوورەكەی خۆی و گوێی لە دەنگی رادیۆكە دەبێ و هەواڵی كوژرانی ژنێك دەخوێنێتەوە. ژنێك كە پیاوەكەی كوشتوویەتی. سبەینێ رۆژنامەكان بە وردی بەدوای باسەكەدا چووبوون. بەڵام كابرا گوتبووی، وردەكاریی ئەم رووداوە لە هەر رۆژنامە و رادیو و تڕەماشێك بڵاو بێتەوە، چاوی دەردێنم. ئیتر بێدەنگەی لێ كرابوو. 

لە پاش ئەوە، تاقەتی تەواوكردنی هیچ شتێكی نەما. هەرچی دەكەوتە بەردەستی، بە نیوەچڵی بەجێی دەهێشت و پێی وابوو، تەواوكردنی هەر شتێك، واتە كوشتنی ئەو شتە...

 

گەڕان بۆ بابەت