ما 6982 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئیرادە و خەون

لای 'شۆپنهاور'ی فیلسووف، 'ئیرادە' بنەڕەتیترین بنەمای بوونە. بەڵام هاوکات لای ئەو ئیرادە خۆی لەخۆیدا پارادۆکساڵە و سەرچاوەی ئازارە؛ لەبەر ئەوەی ئیرادە کە هەمیشە بەشوێن ئامانجەوەیە کەمتر بە ئامانجەکەی خۆی دەگا و لێرەوە بەردەوام تێکەڵ دەبێ بە ئازار و خەم.

وەک دەبینین فەلسەفەی ئەم فیلسووفە یەکجار رەشبینە و لای ئەو جیهان کەمتر شوێنی بەدیهاتنی ئاواتەکانە، بەڵام سەیر ئەوەیە سەرەڕای ئەم واقعە تاڵە مرۆڤ کەمتر وازی لە ئاواتەکانی هێناوە و هەمیشە هەوڵیداوە لەهەر دۆخێکدا بە شوێنیانەوە بێت. مرۆڤ بە کردەوە عیرفانی ئەم فیلسووفەی وەک رێگاچارەیەک بۆ ئەم دۆخە رەد کردووەتەوە. دیارە ئەو ئامانجەی شۆپنهاور باسی لێدەکا ئامانجە ئاساییە رۆژانەکان نین ئەوەندەی ئەو ئامانجانەن وا پێوەندییان بە خەونە مەزنەکانەوە هەیە، ئەو خەونانەی وا دەتوانن مانای ژیان لە بنەڕەتدا بگۆڕن و چەمکی شادی و بەختەوەری لە مانایەکی بەرفراوانتردا بخەمڵێنن.

لای شۆپنهاور جیهان شوێنی پێکەوەژیانی خەون و ئازارە. مرۆڤ لە راستیدا بوونەرەی نێوان ئەم دووانەیە و ئەمەیشە مانا بە بوونی دەدا. بەڵام داخۆ بەڕاست جیهان وەها شوێنێکە و ئینسان دەرفەتی دەربازبوونی لەوەها دۆخێک نیە و تەنیا مەحکوومە بە هەوڵێکی دووپاتکراوەی بێ سەرئەنجام؟

دەبێ وەک ئاماژەمان پێدا بڵێین شۆپنهاور فیلسووفێکی رەشبینە و یەکجار بەلای خراپەدا دایدەشکێنێتەوە. ئەو لەبیری دەکا خودی هەوڵدان بۆ ئامانجەکان خۆی لە خۆیدا هەڵگری جۆرێک لە بەختەوەرییە. ئەو لەبیری دەکا مرۆڤ بە هەوڵ و خەباتییەوە جوانە و، رێگا بەشێکی گرینگ لە خودی ئامانج و بەختەوەرییە.

سایتی قەڵەم ٢٧ مانگی دووی ٢٠٢٠

Bilderesultater for شۆپنهاوەر

گەڕان بۆ بابەت