ما 11007 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەستە جۆراوجۆرەکان

ژیان لە سادەترین مانای خۆیدا کە یەکجار گرینگیشە بریتییە لە دەستەویەخەبوون لە گەڵ ژیانی رۆژانە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە ژیان بدەین. لەبەر ئەمە زەینی مرۆڤ ئەوەندەی سەرقاڵە بەم کێشەیەوە سەرقاڵ نیە بە خودی ژیان وەک مانایەکی بنەرەتیتر.

ژیانی مرۆڤ لە خەونەکاندا تێدەپەڕێ و مرۆڤ هەردەم بە تەمای ژیانی باشتر لە داهاتوو دەڕوانێ و، بۆیە زۆر ئاگای لە کاتەکانی ئیستا نیە.

بەڵام زەمەن بەردەوام تێدەپەرێ و ئەوسا تێدەگەین ئەو کاتانەی وا تێیدا بە تەمای ژیانی باشتر و بە تەمای بەدیهاتنی خەونەکان دەژیان، ساتەکانی ژیانی ئێمە بوون، ئەو ژیانەی وا قەت ناگەڕێتەوە و لێرەوە جۆرێک لە نۆستالۆژیا سەرهەڵدەدا.

گەر زووتر بە تەمای کاتەکانی داهاتوو دەژیاین، ئەمجارە بە تەمای کاتەکانی رابردوو دەژین، بەڵام گرفت لەوەدایە کات بەرەو داهاتووە و نەک بەرەو رابردوو، بۆیە ژیانمان ئەوەندەی تێکەڵ بە جۆرێک لە نۆستالۆژیا دەبێ تێکەڵ بە هیچ شتێکی تر نابێ. ژیان دەبێ بە بیرەوەرییەکان.

هەڵبەت ئاستی ئەم بیرەوەرییە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤی تر جیاوازە و، شەرت نیە هەر هەمان بێت. بەڵام هەیە و بەشێکی گرینگ لە کاتەکانی ژیانمان داگیردەکا.

سەیر ئەوەیە دوواتر ئەم ئاستەیش بەردەوام نابێ و تێدەگەین کە نۆستالۆژیایش تێدەپەڕێ. ئەوسا مرۆڤ دەبێ بە بوونەوەری نێوان هەستە جۆراوجۆر و دژبەیەکەکان، ئەو هەستەی کە جاری وایە خۆی لە پووچگەرایی دەسوێ. بەم شێوەیە مرۆڤ فێریش دەبێ لەوپەڕی پووچگەراییدا بژی و رێز لە ژیان بگرێ و بەردەوام بێ، هەر وەک چۆن لە کاتی سەرهەڵدانی هەستەکانی تریشدا دەیکرد.

سایتی قەڵەم ١٩ مانگی سێی ٢٠٢٠

 

Bilderesultater for sansene kunst

گەڕان بۆ بابەت