ما 3453 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کتێبخانە و بەهەشت

کتێبخانە ئەو شوێنەیە ئاسوودەیی دەبەخشێ. شوێنێکە هەست بە ئارامی، بیر، تێگەیشتن و لەهەمان کاتدا سەرسوڕمان دەکەین. کتێبە بێ رۆح و بێدەنگەکان کە لە ناو رەفەکاندا لە پاڵ یەکتر راوەستاون و پاڵیان بەیەکترەوە داوە، ئەوەندە دەتوانن سەرنجڕاکێش و پڕ لە رەمز و راز بن کە لەگەڵ خۆیان بۆ هەمیشە بمانبەن!

کتێبخانە ئەو شوێنەیە تەنانەت ئەو کەسانەی وا رقمان لێیانە دەتوانن بیانبینین و تەنانەت بەرهەمەکانیشیان بخوێنینەوە. بۆ وێنە هیتلەر. گەر هیتلەر مرۆڤێکی قێزەونی خوێنڕێژە و بووەتە هۆی مەرگی میلیۆنان میلیۆن مرۆڤ، بەڵام کاتێک کتێبەکەی، واتە "شەڕی من" دەبینین، سەرنجمان رادەکێشێ و حەزدەکەین بیخوێنینەوە و بزانین ئەو پیاوە چۆن بیری کردووەتەوە و چی وتووە.

بەڕاستی بۆ وایە؟

وەهایە چونکە کتێب لەگەڵ ئایدیاکان ئاشنامان دەکا. ئەو ئایدیایانەی پێش ئەوەی بجوڵێن و لە ژیانی رۆژانەدا ببن بە کردە سەرەتا ئایدیا بوون. لە کتێبەکاندا ئێمە بە چڕ و پڕی مێژوو و دیوی ناوەوەی ئەوەی روویدا و یان هۆکار بوو بۆ روودان، دەبینین.

جگە لەمە چونکە کردەکان لە ناو کتێبدا هێشتا ئایدیان، مەزڵومانەتر دەنوێنن و بۆیە ئاسانتر دەتوانین تەماسیان لەگەڵ بەرقەراربکەین. هەروەها ئەو هەستەمان لا دروستدەبێ کە ئاسانتر دەتوانین لەگەڵیا بکەوینە گفتوگۆ و رەخنە، بە بێ ئەوەی هەڕەشەی کوشتنمان لەسەر بێت.

کتێب نامانکوژێ، کتێب نامۆیە بە چەک و بە توندوتیژی. ئەگەرچی دەکرێ وەک ئایدیا سەرەتایەک بێت بۆ ئەوانە. بەلام ئەمە هیچ لە سیحری کتێب کەم ناکاتەوە.

کاتێک ژیان و بوون وەها لە دوو توێی دوو بەرگدا چڕ دەبنەوە، هەموو کەس بۆ خوێندنەوە و لێ تێگەیشتنی پەل دەکوتێ!

بورخێس دەڵێ "هەمیشە وێنای ئەوەم کردووە بەهەشت جۆرێک بێت لە کتێبخانە."

جا کێ رقی لە بەهەشتە!

 

سایتی قەڵەم ٢٤ مانگی سێی ٢٠٢٠  

 Bilderesultater for bibliotek kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت