ما 2706 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ئەم چەرۆکییانە کاریان بەسەر سپی پێستەکانەوە نەبوو. ئەو کاتەی کە رێبوارێک پێی وتن کە سەرۆکەکەیان لەگەڵ سپی پێستەکان کاغەزی واژوو کردوە، چەروکییەکان پێی پێکەنین. بەڵام کاتێک زانیان سەرۆکەکەیان زەمینەکانیانی داوە بە سپییەکان، بێدەنگ بوون.

 

"لیز هانتلی ئەم چیرۆکەی کورت کردۆتەوە"

              تسالی ـــ ئەفسانەیەکی چەرۆکی

سوورپێستە رەسەنەکانی چەرۆکی لە ناوچەشاخاویەکانی رۆژهەڵاتی چۆمی میسیسیپی دەژیان. زەوی وزارەکەیان ئەوەی پێویستی ژیان بووو دەیدانێ ـــ ئەوان شاد و بەختەوەر بوون، زۆرکەم سەرنجیان ئەدایە رووداوەکانی دنیای دەور و پشتیان.

ئەم چەرۆکییانە کاریان بەسەر سپی پێستەکانەوە نەبوو. ئەو کاتەی کە رێبوارێک پێی وتن کە سەرۆکەکەیان لەگەڵ سپی پێستەکان کاغەزی واژوو کردوە چەروکییەکان پێی پێکەنین. بەڵام هەر ئەمان کاتێک زانیان سەرۆکەکەیان زەمینەکانیانی داوە بە سپییەکان، بێدەنگ بوون.

 "نابێ راست بێ،" ئەوان وتیان. ئەم زەمینانە خوا داویە بە ئێمە."

بەڵام ئەمە راست بوو. بەپێی قانوونی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زەوی و زاەرەکانیان ئێستا خاوەنێکی دیکەیان هەبوو. چەروکییەکان ناچار کران بگوێزنەوە بۆ ئەوبەری چۆم.

تسالی کە ئەو هەواڵەی بیست، کەوتە پێکەنین. تسالی چەرۆکییەکی پیر بوو لە سەر زەوییەک لەو ناوچە شاخاوییە دەژیا. ژنەکەی و کوڕەکانی و ژن و مناڵەکانیان هەموو لەگەڵ ئەو دەژیان.

"قەت لە ژیانما لەو چۆمە ئەوبەر نەکەوتووم،" تسالی وتی. "ئێستاش نامەوێ لێی ئەوبەر کەوم."

رۆژێکیان میسیۆنێرێک هاتە لای و گوتی، "وابزانم ناچار دەبی لێرە بگوێزییەوە. سەربازەکان بەڕێوەن بۆ داواکردنی ئەم زەمینانە. چاکترە بەرەو رۆژاوا دەست پێبکەی بە گواستنەوە، ئەگەر ناتەوەێ خۆت تووشی کێشە بکەی."

"ئێمە ناخوازین بۆ هیچ کوێ بگوێزینەوە،" تسالی وتی. ئەمە سەرزەمینی ئێمەیە و لێرە ئەمێنینەوە. دڵنیاشم سپییەکانیش نایانەوێ لێرە بژین. کشتوکال لەم خاکە زۆر سەختە و ئێمەش خوومان گرتووە بەکاری سەخت لەم شاخانە."

"ئێوەی هیندی گەوج و نەفام،" میسیۆنێرەکە وتی. ئەوان لەو چۆمە لەو دۆڵانەی خوارەوە ــ زێڕــ یان دۆزیوەتەوە زێڕ. ئێستا هەموو کەس  ئەم زەمینانەی دەوێ!"

"زێڕ!" تسالی وتی، توورەکەیەکی چکۆلەی خاکەی زێڕی لە گیرفان هێنایە دەر. "مەبەستت لەمەیە؟ ئەمە هەمیشە لێرە بووە، وائەزانم هەمیشەش لێرە ئەمێنێ."

میسیۆنێرەکە بە بینینی ئەو توورەکە خاکەزێڕە وەها خرۆشا بەزەحمەت قسەی بۆ هات.

لل.. لل.. لە کوێ ئەمەت دەست کەوت؟ بەزمانی گیراو گوتی.

"ئا لەو چۆمە" تساڵی وەڵامی دایەوە.  ئەمەوێ بچمە لای ئەو بازرگانە چەند شریتی جوانی ئاوریشمی لێ بکڕم بۆ کراسە تازەکەی ژنەکەم، هیوادارم ئەم خاکە زێڕەم لێ وەرگرێ لە جیاتی."

روومەتی میسیۆنێرەکە سوور هەڵگەڕا. "دەبا ببمە هاوبەش لەگەڵتا،" ئەو لە تسالی پارایەوە،  "من لە سپییەکان ئەتپارێزم. هەردووکمان دەتوانین دەوڵەمەند ببین!"

تساڵی وتی، "نا، بەداخەوە، کوڕەکانم هاوبەشن لەگەڵما. ئێمە پێویستمان بە پاراستن نییە. ئێمە خۆمان بەسین. ئێستە باشترە تۆ بڕۆی."

میسیۆنێرەکە لە تسالی پاڕایەوە و دوایی هەڕەشەی لێ کرد، بەڵام تسالێ رای خۆی نەگۆڕی.

چەند رۆژ دواتر تسالی بۆ کڕینی شریتان چووە لای بازرگانەکە و زێڕەکەی پێ پیشان دا.

"لە کوێ ئەمەت پەیدا کرد؟" بازرگانەکە پرسیاری کرد.

" لەو چۆمە،" تسالی وتی.

بازرگانەکە وتی، "کەوایە لە زەوییەکەتدا کانێکی زێڕی لێیە! ئەمە بە کەسیتر مەڵێ، ئەگەر هەموو ئەو زێرەی دەتوانی پەیدای کەی، بهێنی بۆ من هەردووکمان دەوڵەمەند دەبین!"

تسالی بەڕێزەوە وتی، "باشە، سپاس بۆ تۆ. بەڵام با راستییەکەت پێ بڵێم، لام باشترە قەت دەوڵەمەند نەبم. من تەنیا ئەوەندەم لەو شتە ئەوێ کە بتوانم بێمە ئێرە و شریت و شەکر و شتی تری پێ بکڕم."

بازرگانەکە لە تسالی پاڕایەوە، دواییش هەڕەشەی لێ کرد، بڵام تسالی بڕیاری خۆی نەگۆڕی.

"هەر لەو کاتەیدا کە بازرگان زێڕەکەی لەبری حەوت کوتە شریت هەڵدەگرت، بە تسالی گوت، "زۆر چاکە، ئەوا من پێم وتی، ئەزانم پەشیمان دەبیەوە." 

مانگێک دواتر، سەربازەکان هاتن بۆ ماڵی تسالی ــ میسیۆنێرەکە و بازرگانەکەیان لەگەڵ بوو.

تسالی و کورەکانی لە کێڵگە بوون. ژنەکەی تسالی کورەچکۆلەکەی نارد بە شوێن مێردەکەیدا و دوایی پرسیاری کرد:

"بۆچی هاتوونە ئێرە؟ چیتان لێمان ئەوێ؟"

"هاتووین لێرە دەرتان کەین." کاپیتانەکە وتی. "سەرۆکەکەتان ئێرەی فرٶشتوە بە دەوڵەت، ئێستا یەکێک لەم دوو پیاوە،"  پەنجەی بۆ لای بازرگانەکە و میسیۆنێرەکە راکێشا، "هاتوون داوای دەکەن. سبەی لەگەڵ چەروکییەکانی تر، بەرەو رۆژاوا دەتانگوێزینەوە."

"خۆ ئەمە زەمینی ئەوان نییە،" ژنەکە وتی. "ئەمە هی ئێمەیە."

بەڵام کاپیتان بەم قسەکەی، پێکەنی. کوڕەچکۆلەکەی تسالی باوک و براکانی دۆزییەوە و پێی وتن چی رووی داوە.

"نیگەران مەبن کوڕم،" تسالی وتی. "خوا ئەم زەمینەی داوە بە ئێمە. سەرۆکەکان بۆیان نییە بیفرٶشن و سپییەکانیش بۆیان نییە بیکڕن. بۆخۆم ئەچم ئەمە بۆ کاپیتان روون ئەکەمەوە."

ئەوان کە گەیشتنەوە ماڵ،  ژنەکەی تسالی لە دەرەوە ئەگریا، کاپیتان و میسیۆنیرەکە و بازرگانەکە لەژوورەوە خەریکی باسکردن و مشتومڕ بوون.

تسالی چوو بۆ لای کاپیتان. "لە ماڵی منا چی ئەکەن، کاپیتان؟"

"تسالی،" کاپیتان وتی. "من هاتووم پێت بڵێم تۆ ئەبێ ئێرە بەجێ بێڵی. ئێمە هەمووتان ئەبەین بۆ لای ئەو چۆمە و سواری کەشتیتان ئەکەین. هەموو هیندییەکان پێکەوە لە ئوردووگایەکدا دەبێ بژین."

"ئەمن... نارۆم!" تسالی بە مەحکەمی بەڵام زۆر ئارام  وتی.  هێچکەس... هیچکەس ... ناتوانێ لێرە دەرمکا."

کاپیتان نەختێک لای سەیر بوو. "ئاخر فەرمانم پێیە هەمووتان لێرەدوورخەمەوە. ئەگەر کەسێک مل نەدا، ئەیکوژم.!"

"باشە، بمکوژە،" تسالی وتی. کاپیتان دەستی دایە تفەنگەکەی.

"نا!" ژنەکەی تسالی رایکردە لای مێردەکەی. "ئەگەر مێردەکەم ئەکوژی، منیش بکوژە. من بەبێ ئەو ناتوانم بژیم."

بەمەش هەر چوار کوڕەکەی تسالیش هاتنە پێشەوە بۆ لای دایک و باوکیان. کوڕەگەورەکەیان وتی، "ئێمەیش لە سەر زەمینەکەمان ئەمێنینەوە و ئەگەر پێویست بکا لەگەڵ دایک و باوکمان ئەمرین." ئەوجا ئاوڕی لە ژنەکەی و ژنی براکانی دایەوە و پێی وتن:

"خۆشەویستەکان، ئێوە دەبێ بڕۆن. ئەگەر رۆژاوا تەنیا جێگایەک بێ خۆتانی لێ بپارێزن، بڕۆنە ئەوێ. ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن. مناڵەکەنمان لەگەڵ خۆتان بەرن و گەورەیانکەن. فێریان بکەن لە بیریان بێ باوکەکان و زەمینەکەیان لێ سەنراوە."

ژنەکان گریان، هەوڵیان دا دەست لە مێردەکانیان بەرنەدەن. بەڵام سەربازەکان دووریان خستنەوە. لەو کاتەیدا کە ژنەکان و منداڵەکانیان بە گریان و رۆ بەرەو چۆمەکە پاڵ پێوە دەنا، لە پشت سەریانەوە دەنگی تەقەی تفەنگ بەرز بۆوە.

ژێرنووس:

ئەفسانەیەکی چەرۆکی

لە دوادواییەکانی سەدەی هەژدە، ژمارەیەکی زۆر لە سپی پێستە مەزرا نشینەکانی ئەمریکا بە مەبەستی داگیرکردنی کێوەکانی ئاپالاچی کە سەرزەمینی هۆزێکی هیندی بە ناوی چەرۆکی بوو، کەوتنە ڕێ. چەرۆکییەکان بەبێ شەڕ و کێشە بە بەخشینی نیشتمانەکەیان، ملیان نەدا. کاربەدەستان دەیانویست بە داگیرکردنی سەرزەمینێکی تازە بۆ جێگیرکردنی سپییەکان و پاراستنیان، خۆ لەدەست سوورپێستەکانی چەرۆکی رزگار کەن و لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە. سەرەرای ئەوەیش کە دادگایەکی بەرز بڕیاری دابوو، سپییەکان تەنیا دەتوانن ئەو زەمینانە بگرنە دەست کە چەرۆکییەکان بە ویستی خۆیان دەیبەخشن یان دەیفرۆشن، کەچی سەرکۆمار و دەوڵەتی جۆرجیا فەرمانیان بە لەشکر دا، چەرۆکییەکان بەزۆر لە نیشتمانەکەیان دوورخەنەوە. چەرۆکییەکان لە زستانی١٨٣٩ـ١٨٣٨ دا بەپێ بەرەو ئەیالەتی  ئوکلاهوما رۆیشتن. ئەوان ئەم کۆچەیان ناو لێنا "کۆچڕەوی فرمێسکان" چونکە بەرلەوەی بگەنە جێ چواریەکیان مردن.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت