ما 6884 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین چونکە زمان دەبێ بە تەنیا بوونەوەری ناو زەینی نووسەر و بە تەنیا رێگای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ جیهان و لەگەڵ گەردوون. ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ لەرواڵەتی شتەکان تێپەڕین و بگەینە ناخیان. ئەو رواڵەتەی وا هەمیشە دڵەڕاوکێ دەخوڵقێنێ و ئەو ناخەی وا هەمیشە دڵنیایی دەبەخشێ.

 

خەسڵەتی دوالیستیی نووسین لە بواری 'ناسین ناسی'یشدا خۆی دەردەخا. ئایدیالیستەکانی وەک 'کانت' لە بواری فەلسەفەدا باوەڕیان بەوە بوو کە شت لە دوو شێوازدا هەیە: شت لە خۆیدا  Ding an sichو شت بۆ ئێمە Ding für mich. بەگوێرەی ئەم بۆچوونە 'شت لە خۆیدا' وەک خۆی دەمێنێتەوە و مرۆڤ ناتوانێ بگاتە ناخی و راستییەکەی بناسێ و 'شت بۆ ئێمە'یش تەنیا دەتوانین لەو بوارانەدا بیناسین وا خۆی بۆ ئێمە دەردەخا. بە گوێرەی ئایدیالیستەکان مرۆڤ قەت ناتوانێ بە حەقیقەتی راستەقینەی شتەکان بگا و بۆیە ناسین هەمیشە کورت دێنێ.

ئەم بۆچوونە لای فۆرمالیستە رووسەکانیش رەنگدەداتەوە. 'شکڵۆڤسکی' دەنووسێ "...ئێمە دەزانین لەوێن، بەگوێرەی ئەو شوێنەی وا داگیریانکردووە، بەڵام ئێمە تەنیا رواڵەتەکەیان دەبینین."  (Litteraturteori, Mads B. Claudi, 2013 ,Fagbokslaget).

ئەم بۆچوونە فەلسەفییە دەتوانێ بواری نووسینی ئەدەبیش بگرێتەوە. کەواتە ئەدەب وەک فۆڕمێکی ناسین دەتوانێ تەنیا لەگەڵ رواڵەتی شتەکان و دیاردەکان پێوەندی بگرێ (رواڵەتناسی). دەقی ئەدەبیش ناتوانێ بگاتە قووڵاییەکان و بگاتە زاتی شتەکان (بەگوێرەی ئایدیالیستەکان). جیهان بە هەموو دیاردەکانییەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی مرۆڤ، وەک رازێک دەمێنێتەوە و مرۆڤ لە حەسرەتی رۆچوون بە قووڵاییەکاندا بەردەوام لە هاتوچۆی هەوڵی ناسینی زیاتردایە، بەڵام بەداخەوە قەت ناگاتە ئەو شوێنەی وا دەیەوێ بگا.

بەڵام داخۆ ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ ئەدەب بەختێک نیە؟ داخۆ لە دوالیزمی ناسین ـ نەناسین دا نیە کە ئەدەب چەند لایەنە بوونی مانای خۆی دەخوڵقێنێ و بەم شێوەیە دەق وەها لە مانادا فرەچەشن دەبێتەوە کە مرۆڤ لە ئاستیدا سەرسام دەبێ؟ داخۆ ئەرکی دەقی ئەدەبی لەمەدا خۆی نابینێتەوە؟ داخۆ ناسین لێرەدا نەبێتە گەمەی نێوان ناسین و نەناسین؟

هەڵبەت فۆرمالیستەکان دەیانەوێ بگەنە شتەکان وەک شتەکان خۆیان و، لایان وایە ئەمەیە کاری ئەدەبییات. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاری ئەوە دەدەن کە ئەدەب دەبێ لە زمانی رۆژانە دووربکەوێتەوە و بەدوور لە پێوەندی قازانجخوازانە و ئابووریانە مامەڵە لەگەڵ زمان بکا. لێرەدا زمان بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، زمانێک کە وتووێژئاسا نیە و بەڵکو زمانێکە کە لەخۆیدا خاوەن بایەخە (خودبایەخی). لە راستیدا لە رێگای گەڕانەوە بۆ زمان وەک خۆی و بەدوورکەوتنەوە لە کەڵکوەرگرتنی ئامرازیانەیە، دەق ئەدەبی دەگاتە دەرکی شتەکان وەک خۆیان.

هەڵبەت ئەمەیش خۆی لە خۆیدایە ئیدیعایەکە وەک هەموو بۆچوونە فەلسەفی و جوانناسییەکانی تر. چونکە بەردەوام دەتوانین پرسیار بێنینە گۆڕێ کە بەڕاستی تاچەندە ئەم قسەیەی فۆرمالیستەکان راستە و تا چەندە دەتوانێ بە دەرکی شتەکان وەک خۆیان بگا لە کاتێکدا زانست بەگوێرەی ئایدیالیستەکان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە؟ بەڵام ئەمە زۆر گرینگ نیە، گرینگ پێشکەشکردنی تیۆر و سەرنجێکە کە سەرنجی ئێمە بۆ زمان وەک ئامرازێک کە تەنیا ئامراز نیە و دەتوانێ شتێک بێت واوەتر لەمە دەگوازێتەوە. جگە لەمە وەک باسمانکرد گەمەی نێوان رواڵەت و زات یاخود ناسین و نەناسین ئەو پانتاییەیە وا شوێنی مەلەی ئەدەبمان نیشاندەدا و دەیسەلمێنێ کە ئەدەبیش چەندە گیرۆدەی هەوڵەکانی مرۆڤ و رۆچوون بە ناخی شتەکان و دیاردەکاندایە.

فۆرمالیستەکان لایان وایە لە قسەکانی رۆژانەدا ناوەڕۆک گرینگە و بۆیە فۆڕمی زمان لەبیردەکرێ، لای ئەوان لە شێوازی قسەی دیالۆگ ئاسادا زانیاری گرینگە و بۆیە یەکانگیری لەسەر زانیارییە و بەڵام لە شێوازی ئەدەبیدا خودی زمان وەک خۆی گرینگترە. لێرەوە لە رێگای پێداگرتن لەسەر خودی زمان وەک خۆی و نەک وەک زانیاری (تەنیا وەک فۆڕم) زمان دەتوانێ بگاتە دەرکی شتەکان وەک خۆیان. کەواتە لای فۆرمالیستەکان فۆڕم گرینگە و فۆڕم بریتییە لە زاتی شتەکان و دیاردەکان. دەیشزانین کە زمان لە دەقی ئەدەبیدا کاتێک بەم شێوازە کەڵکی لێوەدەگیردرێ چەند لەباری ماناییەوە خەسڵەتی چەند توێ بوون وەردەگرێ و بەم شێوازە شتەکان و دیاردەکان لە دەرکەوتنێکی چەند مانایی و (رەنگە بێ ئەژمار) چەند توێیدا خۆیان دەردەخەن و بەم شێوەیە مرۆڤ رەنگە بتوانێ باسی ئەوە بکە گەیشتووەتە زاتی راستەقینەی شتەکان.

لای فۆرمالیستەکان لە رێگای فۆڕمەوەیە ئەدەبییات خۆی لە شێوازەکانی تری بەیان جیادەکاتەوە. ئەدەب شێوازێکی تایبەتی گوتنە. لای ئەوان ئەدەبییات بریتییە لە چۆن وتن نەک چی گوتن. لەم چۆن وتنەدایە سیستمێکی چەندلایەنەی زمانی لە باری ماناییەوە شکڵدەگرێ و ئەدەبییات بەم شێوەیە دەخوڵقێ و خۆی لە زانستی بۆ وێنە زانستی فیزیکی جیادەکاتەوە.

ئەم تیۆرە بەتایبەت لە بواری شیعردا یەکجار بەرجەستەدەبێتەوە. رەنگە هیچ بوارێک لە ئەدەبدا بە قەدەر بواری شیعر بۆ زمان وەک خۆی ناگەڕێتەوە. وەها کە مانای شیعری تەنیا خۆی لە گەمەی دەروونیی نێوان وشەکان و رستەکانی هەمان دەقی شیعرییەدا دەبینێتەوە تا بە ئاماژەدانی بە دیاردە دەرەکییەکان. لەخۆوە نیە ئەو شیعرانەی زیاتر ئەم خەسڵەتەیان تیا رەچاوکراوە لە خەسڵەتی ئەدەبی و شیعری زیاتر بەهرەمەندن و ئەوانەی وا لە پێناوی شتی تردا نووسراون و راستەوخۆ دەیانەوێ خزمەتی ئایدیایەکی تایبەت بکەن کەمتر لە خەسڵەتی شیعری بەهرەمەندن. تەنانەت ئەوانەیشی وا دەیانەوێ لە شیعر وەک ئامرازێک بۆ ئایدیایەک کەڵک وەربگرن دەبێ وەها لۆژیکی شیعری لە دەروونیاندا جێی گرتبێ کە ئەو ئایدیایە تەنیا وەک یەکێک لە ئایدیاکانی گوتنی ئەو شیعرە خۆی دەربخا و بەم شێوەیە شاعیر بە چەند لایەنە بوونی ناوەڕۆکی شیعرەوە پایبەند بێت.

دیارە رەچاوکردنی ئەم خەسڵەتە (واتە رەچاوکردنی زمان وەک خۆی و نەک وەک شتی تر) لە نووسینی دەقی چیرۆک و رۆماندا دژوارترە. رۆمان و چیرۆک کە لە بنەڕەتدا لەسەر گێڕانەوە راوەستاون و گێڕانەوەیش هەمیشە نووسەر بەرەو دیاردە دەرەکییەکان دەباتەوە، دژوارتر خۆیان لەگەڵ ئەم خەسڵەتەی زمان رێکدەخەن. رەنگە بتوانین بڵێین ئەو رۆمانانەی وا بەگشتی فەزایەکی خەیاڵی و شیعری دەخوڵقێنن و لە گێڕانەوەی ریالیستی خۆیان دووردەخەنەوە بتوانن بگەنە ئەم ئاستەی وا فۆرمالیستەکان داوای دەکەن. ئەو گێڕانەوەیەی وا لەسەر رووداوە تەواو خەیاڵییە ناریالیستیەکان راوەستاون لەم خەسڵەتە فۆرمالیستییە خۆیان نزیکدەخەنەوە و لە بەرزترین ئاستدا چەن لایەنەبوونی مانا لە دەقدا دەنوێننەوە.

کەواتە گێڕانەوەی پڕ لە فەنتازیا و پڕ لە خەیاڵ لە دەقی چیرۆک و رۆماندا زمانیش لەم دەقانە لە زمان و لە فۆڕمی شیعری نزیکدەخاتەوە و بە گوێرەی فۆرمالیستەکان وەها دەقێک دەتوانێ بگاتە ئاستی ناسینی شتەکان وەک خۆیان. لە وەها حاڵەتێکدا شۆڕشێک روودەدا و 'شت لە خۆیدا' هەڵدەدا بۆ 'شت بۆ ئێمە'. بەم شێوەیە زاتی شتەکان خۆیان دەردەخەن و مرۆڤ لە ڕواڵەتەوە دەکشێ بۆ ناخ.

کەواتە بەم پێیە نووسین گەڕانەوەیە بۆ زمان وەک خۆی. کاتێک نووسەر زەینی لە شتەکان و لە دیاردەکان دادەماڵێ و زمان وەها زەین و دەروونی داگیردەکا کە شتەکان و دیاردەکانیش تەنیا لە رێگای زمانەوە سەرلەنوێ خۆیان دەردەخەنەوە. ئێمە دەنووسین چونکە زمان دەبێ بە تەنیا بوونەوەری ناو زەینی نووسەر و بە تەنیا رێگای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ جیهان و لەگەڵ گەردوون. ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ لەرواڵەتی شتەکان تێپەڕین و بگەینە ناخیان. ئەو رواڵەتەی وا هەمیشە دڵەڕاوکێ دەخوڵقێنێ و ئەو ناخەی وا هەمیشە دڵنیایی دەبەخشێ. نووسێن هەوڵدانە بۆ تێپەڕین لە 'شت بۆ ئێمە' بۆ 'شت لە خۆیدا' وەها کە 'شت لە خۆیدا' ببێ بە 'شت بۆ ئێمە'. بە گوێرەی فۆرمالیستەکانیش فۆڕم و زمان (زمانی بەدوور لە کەڵکی ئامرازیان) ئەو ئامرازانەن وا دەتوانن وەها دەرفەتێک بخوڵقێنن.

ئێمە دەنووسین چونکە دەبێ لە پاڵ ئەو جیهانە رواڵەتییەی لەبەردەمی ئێمەدا هەیە، ئەو جیهانە راستەقینەیەیش کەشف بکەینەوە وا بەردەوام مەیلی خۆحەشاردانی هەیە. گەر دەمانەوێ ئەمەیش بکەین دەبێ بگەیەنە وەها ئاستێک لە زمان کە تێیدا زمان تەنیا بریتی نەبێ لە ئامراز. بۆیە گەڕان بەناو دونیای زمان و میکانیزمەکانی بەیان و دەربڕینی زمان بۆ نووسەر زۆر گرینگن. جاری وایە نووسەر دەبێ بە ماسیی ناو دەریای زمان و تەنیا وشەکان و رستەکان دەبینێ. ئەو وشە و رستانەی وا لەگەڵ خۆیان هەڵگری دونیایەک مانا و هێمای بگرە دەرەکیشین. ئێمە دەنووسین چونکە وشە و زمان سەرەکیترین و بنەڕەتیترین شێوازی دەربڕینی مانا و ناسینن. بەدەر لە نووسین مرۆڤ دەبێتەوە بە سروشتی ترین بوون، رێک وەک هەموو بوونە سروشتییەکانی تر.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت