ما 5538 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گرینگیی رۆژی کرێکار

یەکی ئەیار، رۆژی کرێکار، دیسان بیانوویەکە بۆ ئەو راستییەی کە دەستەبەرکردنی کۆمەڵگای خۆشگوزەران و خاوەن ماف بە بێ هەبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەستەبەرناکرێ. لە راستیدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کۆدی دەستپێکی دابینکردنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانن.

یەکێک لەو کارە سەرەکییانەی وا دەسەڵاتە سەرکوتگەر و سەرەڕۆکان دەیکەن، بەرگریکردنە لە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە، یاخود لەناوەڕۆک بەتاڵکردنیان. ئەم بزووتنەوانە کە شوێنی پراکتیزەکردنی کەسایەتی سەربەخۆی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی گەلن لە بەرامبەر دەسەڵاتدا، دەوری سەرەکی لە دابینکردنی ماف و گەڕانەوەی خۆبوون بۆ چین و تاکەکانی کۆمەڵگا دەگێڕن. لەخۆوە نیە دەسەڵاتەکان ئەوەندە بەرامبەر بەوان هەستیارن و بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵدەدەن ئەو مافەیان لێ بستێننەوە.

رۆژی کرێکار دیسان بۆنەیەکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم راستییە. ئەو کۆمەڵگایانەی وا توانیوویانە لە رەوتێکی پڕ لە هەوراز و نشێودا ئەم مافە بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن، توانیوویانە خۆیان لە گەمەی ترسناکی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان قوتاربکەن و تەنانەت دەسەڵاتیش دەستەمۆبکەن. دەسەڵاتەکان هەمیشە هەوڵیانداوە لە ژێر ناوی ئایین و نەتەوە و شتی لەم بابەتە خەڵکی ملکەجی کۆمەڵێک ئایدیای ئەوەندە بەرفراوان بکەن کە لە ژێر سێبەریدا بتوانن باشتر هەم دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و هەم خەڵکی باشتر بچەوسێننەوە.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەو شوێنەن وا درۆی دەسەڵات سەبارەت بە راستییە تۆتالیتارییەکان لەقاودەدەن و سەرنج بۆ ژیانی رۆژانەی خەڵک کە راستەقینەترین شوێنی ژیانە، دەگێڕنەوە.

بۆیە رێزگرتن لە رۆژی کرێکار رێزگرتنە لە کەسایەتی مرۆڤ و مافەکانی.

سایتی قەڵەم، ١ی مانگی مەی ٢٠٢٠

National Council on Public History | How I stumbled into ...

گەڕان بۆ بابەت