ما 3598 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەرگەردانیی ئازادی

چەمکی ئازادی سەرەڕای پێناسەی جۆراوجۆر کە لە لایەن فیلسووفەکانەوە لەسەری کراوە، هیشتا چەمکێکی کراوەیە و جێگای مشت و مڕێکی زۆر. لەوە دەچێ قەتیش قسەوباس لەسەری نەگاتە کۆتایی. هەتا دیاردەگەلێک بەناوی 'من' و 'کۆمەڵگا' هەبێ ئازادیش لە نێوانیاندا سەرگەردانە.

گەر ئازادی تەنیا بە گوێرەی 'من' لێکبدرێتەوە ئەوا دەگەینە پێناسەیەک بەناوی ئازادیی رەها، ئەگەریش تەنیا بە گوێرەی کۆمەڵگا لێکبدرێتەوە ئەوا دەگەینە ونبوونی ئازادی.

ئازادی رەها بەمانای رەچاونەکردنی ئازادیی ئەوی تر و رەچاوکردنی بێ سەروبەرەییە و، ئازادیش بە گوێرەی کۆمەڵگا بە مانای کوشتنی ئازادییە. بۆیە زۆر کەس کاتێک دەگەنە پێناسەی ئەم چەمکە رێگایەکی میانە هەڵدەبژێرن.

لێرەوە ئازادی دەبێتە چەمکێک کە سنوورەکانی دەبێ بە ئازادی ئەوی تر. واتە من ئازادم تا ئەو کاتەی ئازادیی من ئازادیی تۆ پیشێل نەکا. هەروەها کۆمەڵێک ئەرک و یاسای کۆمەڵایەیتیشی دەخرێنە پاڵ. بۆ وێنە ئازادی هاوکات بە مانای بەرپرسایەتیشە. ئازادی دەبێ بە چەمکێک هاوزادی ئەرک.

بەڵام داخۆ ئەمە ئازادییە؟

دەکرێ نەبێ، بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر دەژین و بە بێ یەکتر ناتوانن درێژە تەنانەت بە ژیانی تاکەکەسی خۆشیان بدەن، بۆیە ناچارن هەموو چەمکەکان لە پێوەندییە دیالکتیکیەکاندا ببینن. ئازادیش یەکێک لەو چەمکانەیە.

نە پێناسەی دابڕاو پێناسەیەکی تەواوە و نە شوناسێکی دابراویش شوناسە.

 

سایتی قەڵەم ٢٤ مانگی مەی ٢٠٢٠

Freedom Painting by Expressions | Artmajeur

گەڕان بۆ بابەت