ما 3445 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

                    

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

نازانم چۆن بوو کەس نەیبینین، خێرا بە مڵچەمڵچ  نەختێک گۆشتی ساردی مریشک و پەتاتەی کوڵاومان خوارد، چامان بەسەرا کرد، ئیتر باری خۆشی قسەکردنمان نەمابوو. تەنیا حەزمدەکرد وەک سەگ حەچولوور کەم. خۆزگەم دەخواست کەسێک بهاتایە و ببوایە بە هاوڕێم و بیوتایە کە من کەسێکی بێکەڵک نیم تا خوشکم ئەوەندە لەمن بێزار نەبوایە.

 

 

جاری وابوو ئەمویست مڵکەچ و گوێڕایەڵی قسەی گەورەکان بم. دایکم ئارەزووی بوو،  کارێکی وەک مامۆستایی یان پەرستاری بکەمە پیشەی خۆم. خەڵکی دەیانگوت ئەم کار و پیشانە جێگای رێزن، بەڵام من لە شتێکی جیاواز بیرم ئەکردەوە هەرچەندە نەمدەزانی چی.  دایکم دەیگوت خوێندنی تۆ پارە بەفیڕۆدانە چونکە بەو زانیارییانەی فێری دەبووم نەمدەزانی چی بکەم. دوای تاقیکردنەوەکان بۆ چوونە زانکۆ لە پشووی دیسامبردا چوومە ژوهانسبورگ، دواییش بە هیوای پەیداکردنی کار هەر لەو شارە مامەوە.

خوشکە گەورەکەم وەک کرێکار لە باخێکی پرتەقاڵدا کاری دەکرد، لە ژوورێکی پشتەوەی ئەو خانوویەی بەکرێی گرتبوو لەگەڵ ئەو دەژیام. بێجگە لە هاورێکانی خوشکەکەم کە پێکەوە دەچووینە کلیسا، لەو شارە کەسم نەدەناسی. دەور و پشتی کڵێسەی مێتۆدیستەکان لە خیابانی چواردەهەم تەنیا جێگەی گەشت و گوزارمان بوو. زۆر تەنیا و بێتاقەت و وەڕەز ببووم.

رۆژانی کۆتایی حەفتە ژوورەکەم لەسەر دادەخرا بۆ ئەوەی خانمی خاوەن ماڵ نەمبینێ. زۆرتری کات ئەم خانمە لەماڵ بوو: نینۆکەکانی رەنگ دەکرد، لە گەڵ هاوڕێکانی چای دەخواردەوە، یان لە لای حەوزی مەلەکە لەبەر تاو رادەکشا. حەوزی مەلەکە زۆر نزیک ژوورەکە بوو، بۆیە دەبوو زۆر بێدەنگ بمێنمەوە. خوشکم  ئەم دەرگا لە سەرداخستنەمی زۆر پێناخۆش بوو، بەڵام چارەیەکی نەبوو. لەبەر ئەوەیش کە نەمدەتوانی رادیۆ بکەمەوە،  کتێب و کۆنە گۆڤار و رۆژنامەی سپی پێستەکانی بۆ ئەهێنامەوە. منیش هەر شتێکم دەست کەوتبا دەمخوێندەوە: وەکووFair Lady, Woman`s Weekly و شتی تر. دوایی خوشکم بیری لەوە کردەوە من زۆر ئەخوێنمەوە، بۆیە وتی: "ئەتەوێ ببیتە چ ژنێک ئەگەر نەتوانی جل بۆ مناڵێک بدرووی یان بلووزێک بۆخۆت بچنی؟ وابزانم شوو ئەکەی بەپیاوێکی خوێندەوار وەک خۆت، بەلایەوە گرینگ نەبێ بە کتێبێکەوە و بە زکی برسی بێتە سەر جێگا لەگەڵتا."

شەو پێکەوە یاری کارتمان ئەکرد، لەپڕ دەستی لە یارییەکە هەڵگرت و گوێی شل کرد بۆ رادیۆکە و لەگەڵیا بە ئەسپایی کەوتە گوتنەوەی ئەو گۆرانییانەی  کە حەزمان لێبوو.

لەم شارە لە کارخانەیەکی جلوبەرگ سازیدا کارێکی کاتیم پەیدا کرد. چاوەڕوان بووم تووشی خەڵکانێکی تازە ببم، حەزم لە گۆڕان و دەرکەوتن لەو ژوورە بوو. ئەم کارخانە جلوبەرگی ژنانەی بۆ دووکانەکان دروست دەکرد.

 کارخانەکە پڕبوو لە ماشێنی هەمەجۆر، ئەوانەی لێرە کاریان دەکرد، هەندێکیان  خەریکی دروومان بوون، ئەوانیتر بە ئوتووی قورس و گەورەی ئاسن کە هەڵمێکی زۆری بە پەستا لێ ئەهاتە دەر، ئوتویان دەکرد. منیش دەبوو ئەو دەزووە زیادییانەی بە بلوزە تەواوکراوەکانەوە، شۆڕ ئەبوونەوە، ببڕم. هەر کە ژمارەیەک جل لە باوێکی تازەدا تەواو دەبوون، دەناردرانە لای من. منیش ئەمژماردن و ژمارەکەیانم دەنووسی و دەستم دەکرد بە بڕینی دەزووە زیادییەکانیان. ئەم شێوە کارکردنە لێرەهۆشی لێدەبڕیم کە دەمبینی کەسێک تەنیا سەردەست دروست دەکا، ئەویتر بەرۆک، هەرئاوا تا دەگەیشتە ئەو خانمەی دوایی، ئەویش ئەم تیکانەی پێکەوە دەلکاند و دەیدروون، دوگمەی لێ دەنان یان هەر کارێکی تر کە بۆ تەواوبوونی پێویست با دەیکرد.

زۆررینەی ئەو خەڵکەی لێرە کاریان دەکرد بە زمانی سۆتۆSotho دەدوان،  ئەوان زۆر میهرەبان بوون، هەوڵیان ئەدا بە زمانی زولو Zulu یان خۆسا Xhosa  لەگەڵما قسە بکەن و ئە شتانەی کە نەمدەزانی پێمیان دەگوت. گوێندۆلینGwendolene  کچێک بوو لێرە، ئەو پێی وابوو من زۆر گەوجم، بانگی ئەکردم "باریbari".  چونکە من هەمیشە لە کاتی پشووی نانی نیوەڕۆدا لە جیاتی ئەوەی بچمە دەرەوە بۆ لای کوڕان، لە ژووری خۆگۆڕینەکە شتێکم بە دەستەوە بوو دەمخوێندەوە.  ئەو دەیگوت هەرزانتر ئەوەیە بچم لانچبۆیەک Lunch boy پەیداکەم، واتە کوڕێک کە نیوەڕۆژەکەم  بۆ بکڕێ. دەیگوت بەڵام ژیرانەیە لەگەڵیا نەخەوم، چونکە دەتوانم هەرجاریک پێم خۆش بێ پێی بکڕمەوە. من بەم جۆرە قسانە زۆر تووڕە دەبووم. لام وایە 'باری' بم باشترە لەوەی لە بەر پارە کوڕێکی شاری لە پشتەوە خەنجەرێکم لێدا.

سەعات چوار و نیوی ئێوارە کارخانەکە دادەخرا، ئەودەم ئەچوومە پارکێک لە نزیک ئەو شوێنەی خوشکم کاری لێ ئەکرد، لەوێ هەتا سەعات شەش و نیو ئەمامەوە، ئەوسا ئەمتوانی بەدزییەوە خۆ بکەم بە ژوورا، بێئەوەی سپییەکان بمبینن. هەروەها دەبوو پێنج ونیوی بەیانیش لە ماڵ دەرپەڕم. ئەمەش مانای ئەوە بوو هەتا ئەو کاتەی پاسی ژمارە سی و حەوت ئەهات، نزیک بە دوو سەعات دەبوو خۆم بە شتێکەوە خەریک بکەم.

ئەم دوو سەعاتە دەچوومە ئاودەستێکی گشتی لەم پارکەدا. ئەم ئاودەستە بەهەر هۆیەک بوو قەت دانەدەخرا، بۆ خوێندنەوەی گۆڤار و شتی وا تا کاتی هاتنی پاسەکە لە سەر ئاودەستەکە دادەنیشتم.

یەکەمجار کە من چوومە ئەم دەستاوە کاتێک بوو کە دەچووم بۆ ئیزگەی  پاسەکە.  بە تێکڕا زۆربەی جار راست دەچوومە ئیزگەی پاسەکە لە دەرەوەی بازاڕ، ئەوێ رووناک بوو، ئەمتوانی ببینم. لەوێ چاوەڕوان دەمامەوە، دەمخوێندەوە، یان تەماشای ژمارەی روو لە زیادبوونی ئەو ماشێن و پاسانەم دەکرد کە دەچوون بۆ شار. ئەو رۆژە بارانێکی توند دەباری، بۆیە بیری ئەوە کەوتم لەو دەستاوەدا پەنا بگرم تا باران ئەوەستێ. لە پێشدا لە دەرکەم دا بزانم کەسی لێیە.  کە دەنگێکی لێوە نەهات، پاڵم نا بە دەرکەوە، کردمەوە و چوومە ژوور. تۆزێک بۆنی ئەهات ـ جۆرێک بۆنی وشکەوەبوو، وەکوو ئاودەستێک کە زۆر بەکار ناهێنرێ، بەڵام لە چاو ئاودەستی ئەفریقییاندا ئەوانەی کەمن دیبوومن تەواو خاوێن بوو. تەختەکەی سوور بوو، رەنگی دیوارەکانیش سپیـیەکی زەردباو. لەوە نەدەچوو چەند ساڵێک رەنگ نەکرابێ. راوەستام و چاوم گێڕا، باران زۆر توند ئەیدا لە شیروانی بانەکە. ئەم دەنگە ئارامی پێ ئەبەخشیم ـ چونکە لە تەڕبوون هەڵاتبووم.ـ تەنیا چەند دڵٶپێکی ئەو بارانە قورسەم بەرکەوتبوو. ئەو توورەکە نایلۆنیەی کیف و کتێبەکان و دەسرە رەنگ میخەکییە جوان قەدکراوەکەمی تێدابوو، تەنیا نەختێک تەڕ ببوو، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کاتێک هەڵدەهاتم بۆ لای ئاودەستەکە بەسەر سەرمەوە گرتبوو بۆ ئەوەی باران لێم نەدا. لە کاتی دانیشتندا داوێنەکەم نەختێک ئەکێشایە خوارەوە  بۆ ئەوەی چرچ و لۆچ نەبێ. سەر قاپی ئاودەستەکە لە دادانەوەدا شوێنێکی باش بوو بۆ دانیشتن لە رۆژانی داهاتوودا.

لە راستیدا دەبێ بڵێم شانسی باشم بوو لە دۆزینەوەی ئەم ئاودەستە، چونکە زستانەکەی زۆر سارد بوو. نەک هەر ئەوە کە ئەوێ گەرمتر بوو، بەڵکوو دەرگاکەشم کە دائەخست باشی کەمتر دەهات. هەروەها ئاودەستەکە ژوورێکی زۆر بچووک بوو ـ دیوارەکانی سەیر لەیەک نزیک بوون ـ دەتگوت تایبەت بۆ من دروست کراوە. من ئەو جۆرە تەنیایی و سەربەخۆییەم پێخۆش بوو. کە لێی دائەنیشتم  زۆرم بیر ئەکردەوە. زڕەخەونیشم زۆر ئەبینی، زۆرجاران وامئەزانی لە هاڵێکی گەورەدا لەگەڵ ئەکتەرانی گەنجدا خەریکی شانۆگەریم. لە مەدرەسە کە بووم، پشووی ئاخری حەفتان دەچووینە مەدرەسەکانیتر، کتێبی وەکوو' بوزانی کوباوۆ'Buzani Kubawo' و 'پیاوێک بۆ هەموو وەرزەکان A Man for all seasons ' مان ئەکردە شانۆ. ئەمن حەزم لەم کارە بوو. کە حەفدە ساڵان بووم چیرۆکێکی کورتم لە ئینجیل دەردەهێنا و لە رۆژانی پیرۆزدا وەکوو هەینی پیرۆز'Good Friday' ئەمانکردە شانۆ و پێکەوە گۆرانیمان دەگوت.

   بەمجۆرە لەم دەستاوە دا، دادەنیشتم و ئەکەوتمە خەیاڵ و خەونەوە...

  لە خوێندنەوەی کتێب خەریکبوو ماندوو دەبووم ـ چیرۆکەکانی ئەوین هەموو لەیەک دەچوون، مەیلم بە خوێندنەوە نەمابوو، ئەم پرسیارەم  لە خۆم کرد بۆچی لەو کاتەوە مەدرەسەم بەجێهێشتووە هیچ شتێکم نەنووسیوە. خۆ لە مەدرەسە لانیکەم چەند هۆنراوە و چیرۆکم بۆ گۆڤارەکانی  مەدرەسە وەکوو گۆڤاری کێبەرکێ و گۆڤارەکانی تر دەنووسین.  مامۆستای زمانی ئینگلیسییەکەمان هەمیشە هاندەرم بوو. لەبیرمە ئەو رۆژەی یەکەم هۆنراوەی خۆمم پیشان دا ـ دەروونم ئەوەندە خرۆشابوو، هەموو رۆژەکە نەمتوانی بیر و هۆشی خۆم  لە پۆلەکەدا کۆ بکەمەوە. من ئەو کاتە هیچ شتێکم لەبارەی چاپ و بڵاوکردنەوە نەدەزانی، لە خۆشم نەدەپرسی چیرۆکەکانم باشن یان نا، تەنیا پێمخۆشبوو بنووسم،  دیارە ئەگەر کات هەبایە. هەربۆیە رۆژێکی هەینی، دوای ئەوەی بوومە باشترین مشتەری ئەو ئاودەستە، دەفتەر ێکی یادداشتم کڕی بەو هیوایەی شتێکی تێدا بنووسم. بۆ ماوەیەک ئەم دەفتەرەم بەکار نەهێنا تا شەوێکیان.

خۆشکم دوانیوەڕۆیەکی پێنجشەممە هەروەک جاران، چووبووە دەر، لە شوێنێک بەن ببوو. کە لە کار گەڕامەوە لەو پارکە هەتا کاتی چوونەوە بۆ مال چاوەڕوانیم کرد. سپییەکان هەمیشە سەعات شەش و نیو نانی شەویان دەخوارد، ئەوەش کاتێک بوو ئێمە بەدزییەوە خۆمان ئەکرد بە ماڵا، بێ ئەوەی ئاسوودەییان تێکدەین یان بمانبینن. هاتن و چوونی من دەبوو بە نهێنی بێ، چونکە هێشتا نەیاندەزانی من لەوێ  دەژیم.

کە زانیم خوشکم هەر نەهاتەوە و بۆ چوونەوە درەنگ ئەبێ، دەترسام شتێکی نەخوازراویش بێتە پێش، بڕیارم دا بچمەوە لەبەر دەرکەی ژوورەکەی خوشکم دانیشم. لەوێ پێموابوو کەس نامبینێ.  بە خوێندنەوەی گۆڤارێکەوە خۆم خەریک کرد، چاوەڕوان بووم ــ بەرلەوەی سەگەکان بۆنم بکەن ـ خوشکم بگەڕێتەوە. بۆ یەکەمجار زانیم چەند کارێکی گەوجانە بوو هەتا ئێستە کلیلێکی زیادیم بۆ خۆم ساز نەکردبوو. لە ناکاو دەنگێکی وەکوو دەنگی کردنەوەی دەروازەکە هاتە گوێم. چەند جارێک دڵنیابووم دەنگی پێی خوشکمە لەسەر ئەو پلیکانە کونکرێتانەوە دێت کە دەچوو بۆ ژۆۆری نۆکەرەکان، بەڵام دوایی دەرکەوت دەنگی شتێک یان کەسێکی ترە.

خەریکبووم بیر و هۆشی خۆم دیسان لەسەر خوێندنەوەکە کۆ بکەمەوە، کە هەستم کرد دوو سەگ بە یاری کردن و شوێن یەککەوتن خەریکن لێم نزیک و نزیکتر دەبنەوە. ئەوجا هاتنە بەر دەمم.  هەر وەک من بە سەرسووڕمانەوە سەیریان ئەکردم. بۆ تاوێک لەیەک مۆڕبووینەوە، دوایی لێم کەوتنە وەڕین. بێ گومان قامکم ببزاوتایە هەڵیان ئەدڕیم، بۆیە بێ جووڵە دانیشتم، هەوڵم دا سەیریان نەکەم، ئەوە دڵیشم پەیتاپەیتا لێی ئەدا و دەمم وەک کاغەز وشک ببوو.

کە دەنگی سەگوەڕ بەرزتر بۆوە،  سەگی دراوسێکانیش بەدەنگیانەوە هاتن. ئەمانە لە کون و کەلەبەری پەرژینەکەوە چاویان لێم بزکردبۆوە. ئەوجا دەنگی تیژ و ناسازی خانم بەسەر سەگوەڕا زرینگایەوە.

"ئایرییییییییین!" ئایرین ناوی ئینگلیسی خوشکەکەم بوو، ئێمە قەت بەو ناوە بانگمان نەدەکرد. نەمدەتوانی هەڵسم و وەڵامی ئەو دەنگە بدەمەوە ــ سەگەکان لەبەر دەمم راوەستابوون، دانەکانیان زۆر هەڕەشەئامیز بوو. کە وەڵامم نەداوە، خۆی هات بزانێ چی روویداوە.

"ئۆی، ئەوە تۆی؟ سڵاو. بە دەممەوە کەوتە پێکەنین، لە جێی ئەوەی سەگەکانم لێ دوورخاتەوە، خەریکی جاوینی ئەو جاچکەبوو کە قەت لە دەمی دانائەکەوت.  سەگەکان لە وەڕین کەوتبوون، بەڵام لە جێی خۆیان نەجووڵابوون ــ هێشتاش هەر ئەیانمراند، چاوەڕی بوون خانم بڵێ چی بکەن.

بەبێئەوەی چاویان لێ هەڵبگرم، پاڕامەوە، "تووخوا خانم سەگەکان گازم لێ ئەگرن."

"نا، گازت لێ ناگرن." ئەوسا بە هێواشی وتی، "لاچن ـ بڕۆن،" سەگەکانیش دوور کەوتنەوە. خانم هەر لە بووکە شووشە دەچوو، قژەرەنگ پرتەقاڵییەکانی بە دەوری ئەو دەموچاوە ئارایشتکراوەیدا لوول ببوون. برژانگەکانی وەک هی بووکە شووشە دەلەرینەوە. لێوە ناسکەکانی وەک نینۆکە درێژە سوورەکانی بریقەیان ئەداوە. کەوشێکی پاژنە زۆر بەرزی لە پێ بوو. هێشتاش زەردەخەنە بەسەر لێوەکانیەوە بوو؛ لام سەیر بوو ئەمکارەم دڵی نەڕەنجاندبوو. ئەو کات کە هاوڕێکانی ئەهاتنە لای، ئەمبیست بەردەوام بە شتێک پێئەکەنێ. ئەو منی زۆر ترساند ــ نەمدەتوانی تێبگەم چۆن دەیتوانی ئاوا دەمبەپێکەنین بێ، بەڵام نەمهێڵێ لە ماڵەکەیدا بمێنمەوە.

خانم پرسیاری کرد: "کەی هاتییە ژوورەوە؟ ئێمە تۆمان نەدی."

"ئەوە تاوێکە لێرەم ــ خوشکم لەماڵەوە نییە. چاوەڕوانبووم قسەی لەگەڵ بکەم."

"ئۆ ــ خوشکت لێرە نییە؟" بەبێ هیچ هۆکارێک کە من پێ بزانم هەر پێئەکەنی. "بڕۆوە مال، من پەیامەکەتی پێ ئەگەیەنم. پێی دەڵێم تۆ دەتهەویست قسەی لەگەڵ بکەی."

 لە دەروازە کە چوومە دەر، نەمدەزانی چی بکەم یان بۆ کوێ بچـم. بە ئەسپایی هەنگاوم هەڵدەگرتن، پاژنەم ئەکوتا بە زەویدا. چراکانی خیابان زۆر رووناک بوون! وەک چاوی گەورە دەیانڕوانی پێمدا. تیاڕامابووم ئاخۆ ئەو خەڵکەی ئەمبینن، بیرئەکەنەوە بەم درەنگانەی شەو چی ئەکەم لەم خیابانە. بەڵام دوایی ئیتر بەلامەوە گرینگ نەبوو، چونکە لەو کاتەدا هیچم لە دەست نەدەهات. تەنیا بەوە بیرم ئەکردەوە چۆن بوو ئەو رۆژە هەموو شتێک بە لاڕێدا رۆیشت، ئاخر پێوەندی نێوان من و خوشکیشم ئەوەندە باش نەبوو. ئەو بەیانییە کە زەنگی سەعاتەکە بۆ لە خەو ئاگاکردنەوەم بەرز بۆوە، زوو هەڵنەستام بیدەنگی کەم، بۆیە خوشکم زۆر  تووڕە بوو.  هەر جارێکیش زەنگی ئەم سەعاتە درێژەی دەکیشا ئەم تووڕەبوونەش دووبارە دەبۆوە، وەکوو ئەوەی سەعاتەکە کۆک کرابوو ئەو ئاگا بکاتەوە نەک من. ئەو کاتەیش کە ئەچووم دەست و چاوم بشۆم چەند خولەکێک دەرگاکەم بە کراوەیی بەجێئەهێشت، ئەمەش بەس بوو بۆ رەوا بینینی سەرکۆنە کردنم.

هەموو بەیانییەک دەبوو خێرا هەستم، نوێنەکانم بپێچمەوە و بیانخەمە ژێر ئەو تەختەی خوشکمی لەسەر دەنووست. ئەگەرچی هێشتا تاریکیش بوو، وام بۆ دانرابوو  چرا هەڵنەکەم. مۆمێکم دادەگیرساند،  بێ خشپە لەسەر نووکی پێ فڵچەی ددان و جێ سابوونەکەم هەڵدەگرت و دەهاتمە دەر. جلەکانم بە قولاپێکەوە بە بزماری  پشت دەرگاکەوە هەڵواسیبوون.  ئەوەندەی کە دەمتوانی، دەبوو ئەم قولاپە بە بێ خشپە هەڵگرم و دەرگاکە بە ئەسپایی پێوەدەم. شەوی پێشووش دەبوو هەموو شتێکم ئامادە کردبا. تەشتێکی شتنی پڕ لە ئاوی ساردیش لە پشت دەرگاکەوە دانێم چونکە هاژەی هاتنی ئاو و شریخەی بەلۆعەکە لە بەیانییاندا دەیتوانی سپییەکان لە خەو کا و بەلایانەوە سەیر دەبووو ئاخۆ خوشکم بەو بەیانییە زووە خەریکی چییە. هەموو کارەکانی خۆم دەبوو بکردایە و پێڵاوەکانم لە چانتاکەم هاویشتبا و لە ماڵ دەرچووبام ــ تەنیا ئەو کاتە لەپێمدەکردنەوە کە بە سڵامەت لە دەروازە هاتبامە دەر. خۆ ئەم دەروازەش وەها جیڕەی دەهات، زۆرجاران ئارەزووم دەکرد بتوانم بەسەریدا باز دەم و خۆم لەو مەراقە ئازاردەرە رزگار بکەم!

بیرکردنەوە لەم هەموو شتانە، هۆشی منی لە سەرما تیژەکەی شەو و لووتە تەڕەکەم دوور خستەوە، تاکوو بینیم ئەوا خوشکم بەرەو لام دێت.

"مۆلۆ، لە دەرەوە لەم خیابانە چیدەکەی؟" سڵاوی لێکردم. منیش ئەوەی روویدابوو، خێرا بەکورتی بۆم گێڕاوە.

"وەی خوایە! جاروبار تۆ زۆر خۆت گەوج دەکەی!  پێش هەموو شتێک پێـم بڵێ لە ژوورەوە چیت دەکرد، پاشان تۆ دەزانی دەبوو چاوەڕێی من بی، ئەوسا پێکەوە دەچووینە ژوور. ئەوکات دەمتوانی بڵێم هاتوویە دیدەنیم یان شتێکی تر. ئێستا پێم ناڵێی، من چی بڵێم ئەگەر جارێکی تر دیتیانی؟

ئەمجا بەتووڕەیی بەرەو دەروازەکە چوو، منیش بە دڵەڕاوکێ بە دوایەوە بووم. کە دەروازەکەی کردەوە، ئاوڕی لێدامەوە و بە چرپەیەکی نائارام وتی:

" کەرە، ئێستا بۆ نایەیتە ژوور؟"

 بە منجەمنج داوای لێبووردنم لێکرد و بەدوایەوە چوومە ژوور. نازانم چۆن بوو کەس نەیبینین، خێرا بە مڵچەمڵچ  نەختێک گۆشتی ساردی مریشک و پەتاتەی کوڵاومان خوارد، چامان بەسەرا کرد، ئیتر باری خۆشی قسەکردنمان نەمابوو. تەنیا حەزمدەکرد وەک سەگ حەچولوور کەم. خۆزگەم دەخواست کەسێک بهاتایە و ببوایە بە هاوڕێم و بیوتایە کە من کەسێکی بێکەڵک نیم تا خوشکم ئەوەندە لەمن بێزار نەبوایە، بیوتایە کە رۆژێکیش دێ منیش شوێنێکی خۆشم دەبێ بۆ ژین. بەڕاستی زۆر باش دەبوو کەسێکی هاوتەمەنم هەبا لەگەڵیا قسان بکەم.

ئەمەش ئەزانم، خوشکم خەمی منی بوو، بەڵام ئەو لە خاوەن کارەکەی دەترسا. ئەگەر بیانزانیایە من لەگەڵ ئەوا ئەژیم، لە کار دەریان ئەکرد، ئەوسا دەبوو هەردووکمان سەروخواری خیابانان بکەین. یانزە راند کرێ رۆژانەکەی منیش شتێک نەبوو بتوانی یارمەتیمان بکا. نازانم هەتا کەی ئاوا ئەمێنمەوە، خەو نەکەوێتە چاوم و لەگەڵ رژاندنی فرمێسکان هەر ئاواتان بخوازم.

بەیانییەکەیتر زۆر زووتر لە زەنگی سەعاتەکە لە خەو ئاگا بۆومەوە، بەڵام لە جێگاکەم نەهاتمە دەر، هەستم بە ماندوویی و غەمباری دەکرد. ئەگەر بوار هەبووایە نەدەچوومە کار،  چونکە حەزێکی بەهێز لە دەروونمدا دەجووڵا. ئەویش جۆرێک ئێش و ژان بوو پاڵی پێوە ئەنام هەموو شتێک بەخێرایی بکەم و راکەم بۆ ئاودەستەکەم. دەڵێم ئاودەستەکەم لەبەر ئەوەی بەراستی ئەمە ئەو شتە دەخاتە روو کە لە دەروونمدا هەستم پێدەکرد. زۆر سەیر بوو قەت نەمدی بەیانان کەسی تر بێتە ئەو ئاودەستە. لەوە دەچوو هەموو دەیانزانی ئەو ئاودەستە هی منە، بۆیە نەدەهاتن. کاتێک چومە ئەوێ چاوەروان نەبووم کەسی لێبێ.

لە راستیدا هەر کە لە پشت دەروازەکەوە پێڵاوەکانم لە پێ کردەوە، ورەم بەرز بۆوە. دڵنیا بووم دەفتەری یادداشتەکەم لە کیفەکەمدایە. لە پەلە پەلی خۆم بەرکوڵی نیوەڕۆکەم لە بیر چووبوو، بەڵام ئەوە زۆر گرینگ نەبوو، لاقەکانم سووکتر ببوون و هەنگاوم توندتر دەنان. سەرنجم دا دەرگای ئاودەستەکە رەنگ کرابوو، شیشەیەکی تازەش خرابووە چاوە شکاوەکۆنەکەی پەنجەرەکەیەوە. هەر کە گەیشتمە دەم دەرگاکەش پێکەنین گرتمی. لە سەر سەرقاپی ئاودەستەکە دانیشتم و زوو شیعرێکم نووسی.

بەیانیانێکی زۆر لەوێ خۆم دەبینییەوە دانیشتووم و دەنووسم. جاری وابوو پێویست نەبوو شیعر بێت، هەرچی بە مێشکما هاتبا دەمنووسی، هەر بەو شێوەی کە لەگەڵ هاوڕێیەکما قسەم دەکرد.

ئەو رۆژانە دێنەوە بیرم کە هەستم دەکرد خەریکبووم شتێک لە خوشکم ئەشارمەوە. ئەو لە بارەی ئاودەستەکەم هیچی نەدەزانی، هیچ حەزیشی لەدەفتەریادداشتەکەم نەبوو.

  رۆژێکیان بەیانی دەمویست چیرۆکیک لەسەر ئەو شتانەی رۆژی پێشوو لەکارەکەم روویدابوو بنووسم؛ چاودێرەکە نەڕاندی بەسەرما بۆ ئەوەی بانگی نەکەم کاتێک کە دیبووم کەسێک لە کاتی  نان خواردنی نیوەڕۆدا دوو کراسی ژنانەی دزیبوو. زۆرم پێ سەیر بوو. دەبوو ئەمە بنووسم و هیوادار بووم دەفتەرەکەم جێگەی بۆ نووسین مابێ. هەموو ئەمانەم هاتنەوە بیر، پێدەکەنیم کاتێک گەیشتمە بەر دەرگاکە، بەڵام نەکراوە، دەرکە داخرابوو! بۆ یەکەم جار بیرم کردەوە ئەو ئاودەستە ئیترهی من نییە... بە هێواشی بەرەو کورسییەک لەو نزیکانەوە چووم، هەڵاتنی خۆری دەمبەیانی بەهارم سەیر دەکرد، هەچۆنێک بوو چیرۆکەکەم نووسی.

 

ژێرنووس:

جینا ملۆپ ١٩٦٠

ئافریقای باشوور

جینا شیعر و چیرۆک نووسینی بە زمانی خۆسا دەسپێکرد و وەک یەکێک  لە باشترین چیرۆک بێژانی ئافریقای باشوور ناوبانگی دەرکرد. ئەو هەر وەها ئەکتەر و بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووی شانۆگەرییش بوو. ئەم چیرۆکە لە بارودۆخی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئاپارتاید (جیاوازی نژادی یان رەگەز پەرستی) لەو وڵاتەدا نووسراوە و روانگەی کچێکی رەش نیشان ئەدا کە تازە دەبیرستانی تەواو کردوە.  

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت