ما 7963 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یوسف مەریوانی

مێردەکەم کرێکاری ژومارە (٦٧٥٤٢)ی کارخانەکەتانە، ناوی ڕۆبێرت جیمسە. نیوسەعات لەمەوبەر نۆرەکاری تەواو بووە، بەڵام کەسێکی تر کە هیچ لە مێردەکەم ناچێ، دەڵێ مێردەکەتم. هاتوەتە ماڵەوە، بەڵام من مێردەکەی خۆم دەناسمەوە.

نەخۆشی ژومارە (٦٧٥٤٢)

یوسف مەریوانی

+ نەخۆشی ژومارە (٦٧٥٤٢)، بێتە ژوورەوە
چاویلکەکانم کردووەتە چاوم و دەڕوانمە پەروەندەکەی، پەروەندەی ژومارە (٦٧٥٤٢)
ناو: کاترینا تڕاست
تەمەن: ٣٢ ساڵ
باڵا: ١٦٢
کێش: ٤٢ کیلۆگڕام
نەخۆشی: ...؟
+ فەرموو دانیشە خاتوون تڕاست.
– تۆیش دەتهەوێ بە درۆزن یان شێت بمناسێنی دکتۆر؟ (چاوەکانی زەق کردوەتەوە و چڕنووک بە میزەکەم دا دێنێ و ددانە ڕیچەم لێ دەکات)
+ فەرموو دانیشە.
– میزم دێ (لە ژێر شاڵواڕە پارچەییە شینە گوشادەکەیەوە، لە نێوگەڵییەوە تەڕاییەک دەستی پێ کردوە و بە خێرایی دێتە خوارێ، لە چەند چرکە دا تا خوار دەلینگەکانی هاتوە و ڕژاوەتە سەر ئەرزی ژوورەکەم.)
+ ئاە بە نەحلەت بی… خزمەتکار… خزمەتکاااار…
خزمەتکارەکە درگاکەی کردوەتەوە و هاتوەتە ژوورەوە.
– بەڵێ دکتۆر؟! ئاە…! ئەوە چیت کردوە خاتوون تڕاست؟!
سەرێک ڕادەوەشێنێ، دەڕوا گسک و سەتڵەکەی دێنێ و بە نێوچاو گرژیەوە خەریکی خاوێنکردنەوەیە.
ئەو نەخۆشە نەحلەتیە بەرامبەرم ڕاوەستاوە، لە جێی خۆی وشک بوە و چاوی لە چاوم بڕیوە!
خزمەتکارەکە کاری تەواو بووە، دەستی گرتووە و بردوویە خاوێنی کردوەتەوە و جلەکانی گۆڕیوە و هێناویەتەوە.
هاتوەتەوە ژوورێ، دیسان بەرامبەرم ڕاوەستاوە، لە جێی خۆی وشک بوە و بە چاوە ترساوەکانییەوە زەق  بوەتەوە نێو چاوم.
+ فەرموو دانیشە خاتوون تڕاست.
دەستە لەرزۆکەکانی بردوە بۆ  دەستەی کورسیەکە، چۆکە ڕەقەکانی نووشتاندوەتەوە، ئێستا نەخۆشێکی زەردی ترساو لە کورسیەکەی بەرامبەرم دانیشتوە.
پێنووسەکەم هەڵگرتوە و لاپەڕەیەکی سپیم لە ناو پەروەندەکەی دا خستوەتە بەر دەستم.
+ چی ئازارت دەدا؟
بەری دەستەکانی توند توند لێک دەخشێنێ، چۆکەکانی دەستیان کردوە بە لەرزین و زوو زوو چاوی دەترووکێنێ…!
– د…د…دددە… دەتەوێ چیرۆکێکت بۆ بگێڕم…ممم…مەوە؟
+ گوێم لێتە.
سەری داخستوە و ڕۆیشتوەتە فکرەوە! چاوە زەقەکانی شل بوونەتەوو و خەتوون.
– ئەو شەوە وەک هەموو شەوانی پێشوو، شیوم درووست کرد و لەسەر کورسیەک لە هۆڵەکەدا دانیشتبووم، چاوەڕێ بووم ڕۆبێرت لەسەر کار بێتەوە بۆ ماڵ.
زڕڕڕڕڕڕ…
دەنگی زەنگی درگاکە بوو…!
بە هەڵاتن و خۆشحاڵیەوە بەرەو درگاکە ڕۆیشتم، درگام لەسەر کردەوە!
پیاوێکی چڵکن و ڕۆناوی و ماندوو هاتە ژوورەوە، سڵاوی کرد و پێڵاوەکانی داکەند و پاکەتێک میوەی دایە دەستم.
من ترسابووم، ت…ت…تتتت…تترسابووم، پ…پە… پەشۆکابووم، ترسابووم، ترسابووم… .
هەر دوو دەستی گرتوە بە دەمووچاویەوە و دەلەرزێ… .
لێوانێک ئاوم بۆ تێکردووە و لەبەر دەمی دامناوە، دەستی لەسەر دەمووچاوی لابردوە و لە بنەوە چاو لە لیوانەکە دەکا، یەک دوو خولەکە چوەتە فکرەوە…
-ئەو مێردەکەم نەبوو…!
غەریبەیەک بوو کە تەنانەت لە ناو هیچ خەونێکی خۆش یا ناخۆشم دا، یەک جاریش نەمدیتبوو…
هەڵسووکەوتێکی زۆر ئاسایی هەبوو، پیاوێکی ئاسایی کە هیچ شتێکی مەترسیدار نەبوو!
یونیفۆڕمێکی پرتەقاڵی ڕۆناوی و پیسی لەبەر دا بوو، کە هەزاران جارم دیتبوو، لەسەر سنگی ژومارەی (٦٧٥٤٢) نووسرابوو، هەزاران جارم ئەو ژومارە نەحلەتیە دیتبوو…!
– تۆ کێی؟
– من مێردەکەتم!
– تۆ مێردەکەم نیت… من مێردەکەی خۆم دەناسمەوە، ئەرێ… تۆ مێردەکەم نیت…
ئەو کزە، تۆ قەڵەوی. ئەو چاوی شینە، تۆ چاوت ڕەشە. ئەو قژی زەردە، تۆ قژت ڕەشە. ئەو باڵابەرزە، تۆ کورتە باڵای. ئەو ئەم بەیانیە ڕیشی  شەش تیغ کرد، تۆ ڕیشت دوو مانگیشە نەتتاشیوە… ئەو…
– من مێردەکەتم!
ڕۆیشت بۆ ئاودەست، دەنگی جرتێکی زل هات.
پاش ماوەیەک سیفونی کێشا و هاتە دەرێ.
حەپەسابووم، نەمدەزانی چیبکەم! چاوم هەر لەو غەریبەیە بوو کە دەیکووت مێردتم، هەڵمدەسەنگاند!
بەڵام هیچ شێوەی مێردەکەمی نەدەدا.
ڕۆیشت لەسەر کورسیەک دانیشت و ڕۆژنامەی دەست دایە، دەستی کرد بە خوێندنەوەی لاپەڕەی تەبلیغاتەکان.
چووم بۆ ژوورەکەم و تەلەفۆنم هەڵگرت، زەنگم بۆ کارخانەی تەلەویزیۆنسازیی شاڕپ لێدا.
بۆۆۆۆق… بۆۆۆۆۆق…
– ئەلۆ، پێوەندیتان بە کارخانەی تەلەویزیۆنسازی شاڕپ ـەوە ، من وەڵامدەرەوەی ژومارە (٦٤٥)م، خزمەتێکم لە دەست دێت؟ (دەنگی  ژنێک بوو…).
– مێردەکەم کرێکاری ژومارە(٦٧٥٤٢)ی کارخانەکەتانە، ناوی ڕۆبێرت جیمسە. نیوسەعات لەمەوبەر نۆرەکاری تەواو بووە، بەڵام کەسێکی تر کە هیچ لە مێردەکەم ناچێ، دەڵێ مێردەکەتم. هاتوەتە ماڵەوە، بەڵام من مێردەکەی خۆم دەناسمەوە: ڕۆبێرت کزە، ئەو قەڵەوە. ڕۆبێرت چاوی شینە، ئەو چاوی ڕەشە. ڕۆبێرت قژی زەردە، ئەو قژی ڕەشە. ڕۆبێرت باڵابەرزە، ئەو کورتەباڵایە. ڕۆبێرت ئەم بەیانییە ڕیشی شەش تیغ کرد و هات بۆ سەر کار، بەڵام ئەو ڕیشی دوو مانگیشە نەتاشیوە. ڕۆبێرت…
– خۆیەتی، مێردەکەتە!
تەلەفۆنەکە پچڕا…! بۆۆۆق…بۆۆۆق…بۆۆۆۆۆۆۆۆق
نەرم تەلوفۆنوکەم لە جێی خۆی دانا و بەرەو هۆڵەکە ڕۆیشتم.
لە ناو چوارچێوەی درگاکەدا ڕاوەستام، سەرم نا بە چوارچێوە ئاسنیەکەوە و ڕوانیمە مێردەکەم، کە مێردەکەم نەبوو، بەڵام مێردەکەم بوو.
ئەو لەبەر چاوی من، ژنەکەی، کە ژنەکەی نەبووم، بەڵام ژنی بووم، جلە پیسەکانی داکەند و دایە دەست من، ژنەکەی، کە ژنەکەی نەبووم، بەڵام ژنی بووم.
بە بزەیەکی مێهرەبانانەوە کوتی: بیانشۆ خۆشەویستەکەم، با بۆ بەیانی وشک ببنەوە.
– باشە ئازیزەکەم
ڕۆیشت بۆ حەمام و ئاوە گەرمەکەی بەرداوە.
فیتوویەک بە ئارامی موزیکی سروودی کاتیۆشای دەکوتەوە، لە ناو حەمامەکەدا دەنگی دەداوە و بە هێواشی و پێ دزەوە دەهات و نەدەهات. دەنگەکە دەلەرزی و کەم دەبووەوە، تا ئەو کاتەی سەری بردە بن ئاوەکەوە، ئیتر دەنگی هیچ فیتوویەک نەهات.
جلەکانم برد و خەریکی شۆردنیان بووم.
لەسەر سنگی کراسەکە ژومارەی (٦٧٥٤٢)…
وەک هەمیشە کە لەم کاتەدا ئەو لە حەمام بوو و من جلەکانیم دەشۆرد.
جلەکانم ئاو کێشا و هەڵمخستن وشک بنەوە.
ئەمجار دەستەکانم بە خاولییەک وشک کردەوە، ڕۆیشتم مێزی شیوم چنی و لەسەر کورسیەکەم دانیشتم. چاوەڕێ بووم کە مێردەکەم وا مێردەکەم نەبوو، بەڵام مێردم بوو، لە حەمام هاتە دەرێ، خۆی وشک کردەوە و ژێر شەڵواڕێکی سپی و ڕەشی ڕێ ڕێ و ئارەقگیرێکی شینی بەدڕەنگ کە هەموو شەوێک، ئەگەر نەدەهاتەوە ماڵێ و لەبەری نەدەکرد، لەبەری کرد. لە پشت کورسییەکەی وا هەمیشە لەسەری دانەدەنیشت، دانیشت.
دەستمان کرد بە نانخواردن.
هەر ئەو چێشتەم بۆ لێنابوو وا زۆری حەز لێی بوو…
بەڵام ئەمشەو جیاواز بوو! نازانم بۆ دەڵەی حەزی لەو چێشتە نەبوو!؟
هەر دوو کەوچکی خوارد، دوایی بە نانی وشک و لیوانێک ئاو خۆی تێر کرد.
ڕۆیشت لەسەر کاناپەکە دانیشت، تەلەویزیۆنەکەی هەڵکرد. تەلەویزیۆن خەریک بوو ڕیکلامێکی تەلەویزیۆنی شاڕپی نیشان دەدا. “ژن و مێردێک لەسەر کاناپەیەک دانیشتبوون، دەستیان لە ملی یەکتر کردبوو و چاوێکیان لە یەک کرد. بزەیەکی شیک و باکلاس هاتە سەر لێویان، زیاتر لە یەک نزیک بوونەوە. هاتن یەکتر ماچ کەن، لەو کاتە ناسکە دا کوڕیژگەیەکی چاوشینی هاروهاج خۆی خستە بەینیانەوە و لێی شێواندن. دەستی دایە ڕیموت کۆنتڕۆڵەکە و تەلەویزیۆنەکەی هەڵکرد.
هەموو پێکەوە پێکەنین و چاویان بڕیە تەلەویزیۆنەکە.
لەو بنەماڵە بەختەوەرانە بوون وا لە دەرەوەی ڕیکلامەکان کەم دەبیندرێن، یان ئەگەریش ببیندرێن، ماڵی خاوەن کارخانەی شاڕپ و جیرانەکەی پەناشیان لەوانەیە ئاوا بەختەوەر بن.
– منیش شێوەکەم تەواو کرد، قاپ و کەوچکەکانم کۆ کردەوە و بردم و شۆردم.
دواییش دوو ئیسکان قاوەم تێکرد و ڕۆیشتم بۆلای مێردەکەم وا…
– ئەوڕۆ کارخانە چۆن گوزەرا ئازیزەکەم؟
دەستی کردە ملم و سەری نا بە سەرمەوە…
– ئااای دڵەکەم، بڵێم چۆن؟ هەندێک کرێکار خەریک بوون یاخی دەبوون. یانی کوتیان نەخۆشیان گرتووە و نەخۆشییەکەیان ئاوا هاری کردوون. هەر لەبەر ئەوەش زوو جیایان کردنەوە و بردیانن بۆ چارەسەری.
فەقیرانە وەک شێتیان لێ هاتبوو!
– مەگین چیان دەکرد؟
– کچێ نازانم. باسی مافی کرێکار و شتی قۆڕ قۆڕیان دەکرد. دەیانگوڕاند، سروودێکی سەیریان دەکوت!
کچێ زۆر گوناح بوون،خودا شەفایان بۆ بنێرێ.
دەستی پۆلیس خۆش بێت، نەیهێشت زۆر تێکەڵاوی کرێکارەکانی دیکە ببنەوە. دووریان خستنەوە و بردیانن بۆ دەرەوەی کارخانە. ئاخر خەریکبوو هەموویان نەخۆش دەخست.
چوومە بیری ئەو سروودەوە، کتێبە سوورەکان… بۆ چەند ساتێک بێ دەنگی وڵاتی داگرت.
– خانمەکەم بڕۆین بخەوین؟ … بڕۆین؟
– ها!؟
– دەڵێم بڕۆین بخەوین؟
– ئەها! ئەرێ، ئەرێ. تۆ بڕۆ دڵی من، ئەوە منیش دێم.
هەستا و بەرەو ژوورەکە ڕۆیشت. لەبەر خۆیەوە دیسان دەستی کردەوە بە فیتوو لێدان بە ڕیتمی ئەو موزیکە. دەنگی دەلەرزی و کەم کەم دەنگی فیتوەکە دوورتر دەبوەوە تا گەیشتە ناو ژوورەکە و بن پەتوەکان، ئیدی دەنگی نەهات.

 

 

گەڕان بۆ بابەت