فەڕۆخ نێعمەتپوور

زۆر جار نووسین باس لە بزربوونی ئیرادە و هەستی ئازادییە. ئەمەیش بەشێوەی حەتمی بەمانای بزربوونی ئەم چەمکانە لای نووسەر نیە، ئەوەندەی بە مانای خەسڵەتی زاڵی ناو کۆمەڵگایەکی دیاریکراون. نووسین هەندێ جار داننانە بە ملکەجبوونی مرۆڤ بە چارەنووسی خۆی.

 

 

ژیان جاری وایە ئەوەندە وەک خۆیەتی کە دەبێ تەنیا وەک خۆی وەسفی بکەین. ئەم جۆرە جیهانە ناکرێ هیچ چەشنە خەونێکی پیا بسەپێندرێ یاخود پێی زیادبکرێ. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی خۆیەتی. واقع ئەوەندە زاڵە و ئەوەندە بەرچاوە کە رێگا بە هیچ چەشنە دەستکارییەک لە خۆیدا نادا. تەنانەت گەر خەونێکی دەستکاریش هەبێ ئەوا ئەوەندە بە کاوەخۆ و موحتاتە کە بەرچاوناکەوێ. بەڵێ، جاری وایە ژیان یەکجار زاڵترە لە مرۆڤ. مرۆڤ دەبێ بە کۆیلەی. بەڵام داخۆ زۆربەی کاتەکانی تەمەن و زۆربەی ساتەوەختەکانی ژیان وەها نین؟ رەنگە خەمگینترین دەقەکان ئەو دەقانەن کە ئەم خەسڵەتە دەنوێننەوە. کتوپڕ تێدەگەین ئێمە بەشێکی یەکجار بچوکین لە گشتییەتێکی یەکجار مەزنتر. ئەوسا هەموو شتێک بەرەو سفر مەیل پەیدادەکا. مرۆڤ ژمارەکان لەبیردەکا و لەبیری دەچێتەوە کە تا بێ کۆتا ژمارە هەیە و دەکرێ ئەمە ببێ بە لۆژیکی ژیان.

هەڵبەت ئەم جۆرە روانگەیە جیاوازە لە روانگەی سیزیفی. سیزیف هەوڵدەدا بەس بە هیچ شوێنێک ناگا؛ بەڵام لەم حاڵەتەی وا ئێمە باسی لێدەکەین هەوڵێک بوونی نیە. دەڵێی دونیا تەنیا لەسەر یەک روانگە راوەستاوە و هیچ روانگەیەکی تر بوونی نیە. رەنگە خودی ئەوانەی وا لەوەها دونیایەکدا دەژین تەنانەت ئاگایشیان لەم حاڵەتە نەبێ. بە واتایەکی تر هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی سروشتی دەنوێنێ. مرۆڤەکان لایان وایە ژیان هەر لە کۆنەوە وەها بووە و هەر وەهایش دەبێ. هەتا ئەبەد. تەنانەت گەر بە گوێشیاندا بخوێنی کە شێوازی تر هەیە، رەنگە بە سەرسوڕمانەوە لێت بڕوانن و لایان وابێ شێتی.

لە ژیاندا گەر شتێکی تر نەبوو جگە لە دۆخی باو ئەوا دەبێ بەو قەفەسەی وا 'سادق چووبەک' لە کورتە چیرۆکی قەفەسدا باسی لێدەکا. ئەو قەفەسەی وا پڕی مریشکەکانن و چواردەوریان تەنراوە و تەنیا چاوەڕوانی مردنی خۆیانن. ئەو مریشکانەی وا لەناو ریقنەی خۆیاندا دەژین و ئەوەندە جێگای ژیان بۆیان تەنگە کە جگە لە دەندووک لێدان لە یەکتری هیچ کارێکی تریان نیە (یەعنی ناتوانێ هەیانبێ). ئازادی تەنیا ئەو کات مەیسەرە وا دەستە چڵکنە بێڕەحمەکە دەرگاکە دەکاتەوە و یەکیان بە مەبەستی سەربڕین دەباتە دەرەوە. رەهابوون لە قەفەس لێرەدا تەنیا بە هۆی سەربڕینەوەیە و تەنیا مەودایەکە لە نێوان دەرگاکەوە تا ئەو کاتەی چەقۆکەی بە ملدا دێنن و خوێنی دەڕژێتە سەر قەراغ شەقام. قەفەسەکە تەنیا مەودای رووانین دەدا و بەڵام رێگایەک بۆ دەربازبوون نادا. لەم چیرۆکەدا هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی خەمین و ترسناکە. بوونەوەرەکانی ناو قەفەسەکە دەڵێی تەنیا بۆ وەها ژیانێک خوڵقاون: ژیانکردن لەناو پاشماوەی خۆیان تا مەرگێکی ترسناک.

ئەم دەقە کە خۆی لە شێوە دەقی ناتورالیستی دەدا، پاڵەوانەکانی خۆی دەکا بە گیرۆدەی ئەوەی وا لە سروشتیاندا هەیە. مریشکەکان بە هۆی مریشک بوونیانەوە و بەهۆی ئەوەی بوونەوەرێک هەیە بە هۆی سروشتەوە لەوان یەکجار بەهێزترە بەتووش وەها ژیانێکەوە دەبن. هیچ رێگای دەربازبوونێک نیە. دەبێ چارەنووسی خۆیان قبووڵ بکەن و ملی بدەنێ.

بەڵام بۆ مریشکەکان وەها ژیانکردنێک دژوارنیە، لەبەر ئەوەی بەهۆی سروشتی خۆیان لەم چارەنووسە ناگەن و لایان وایە ژیان هەر ئەمەیە. ئەم چیرۆکە بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دەزانێ ژیان ناکرێ هەر ئەمە بێت، دەبێتە چیرۆکێکی ترسناک. کە لەناو بوونەوەرەکانیشدا ئەوە مرۆڤە خاوەنی وەها خەسڵەتێکە. بەڵام سەیر ئەوەیە کە سەبکی ناتورالیستی وەها شێوە ژیانێک لە مرۆڤەکانیشدا پێشکەش دەکا!

ئەوەی لەم دەقەی سادق چووبەک دا بەرجەستەیە، نەبوونی ئیرادەیە لە بوونەوەرەکانی ناو چیرۆکەکەدا. کە ئیرادە بزردەبێ هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی حاڵەتی سروشتی وەردەگرێ. ئیتر هیچ شتێک پەیدانابێ لە دەرەوەی ئەم رەوتە سروشتییە بێت و رەوتە باوەکە بشکێنێ. بگرە ئەوەیشی کە دێت بیشکێنێ تەنیا بەهۆی حاڵەتێکی سروشتی لە ناو خۆیدا کە پەیڕەوی لە یاسایەکی گشتی دەکا دەستدەداتە ئەم کارە. داخۆ دەتوانین وەها تەعبیرێک لە ئیرادەیش ناوبنێین ئیرادە؟ گەر ئیرادەیش ونبوو ئەوا ژیان دەبێ بە دیاردەیەکی رێگابۆدیاریکراو (تەنانەت گەر بە گویڕەی یاساکانیش بێت). یاساکانیش هەمیشە پوزەتیڤ نین و بگرە لەگەڵ خۆیان هەڵگری گەلێک دیاردەی ناشایستن.

هەڵبەت راستییەکەی ئەوەیە هەندێ قۆناغ لە رەوتی ژیانی مرۆڤەکاندا هەن کە زۆر لە چیرۆکی قەفەسی چووبەک دەکەن. حاڵەتی قەفەس وەها زاڵدەبێ کە وەک گوترا مەودای ئازادی بریتی دەبێ لە مەودای نێوان دەرگای قەفەسەکە تا ئەو کاتەی چەند میترێک لەو لاترەوە لە گوێی شەقامەکە چەقۆ بە ملی بوونەوەرەکەدا دێنن. واتە ئازادیخوازان یاخود نەفیکەرانی دۆخی باویش هەر لەناو قەفەسەکەدان و لە راستیدا ئەگەر تەنانەت بە رۆح و بە دەروونیش ئازاد بن، بەڵام لە عالەمی واقع هەمان ژیانی ئەوانی تریان هەیە. ئازادیی دەروونی نابێتە هۆی سەرهەڵدانی ئازادیی دەرەکەی (ئەمە هەمان بۆچوونی 'هیگل'ە کە لای وایە لە کۆمەڵگا دیسپۆتیستە رۆژهەڵاتییەکاندا ئازادی لە مانای دەرەکی و لە مانای ئاستی کۆمەڵگادا قەت دەستەبەر نەکراوە).

چیرۆکی قەفەس تەمسیلێکی ترسناکە لە وەها کۆمەڵگایەک. مێژووی مرۆڤ پڕە لەم جۆرە خەسڵەتە. خەسڵەتێک کە لە چاوی ئەدەب ون نەبووە و بگرە گرینگیی تایبەتیشی پێداوە.

دەتوانین بڵێین نوواندنەوەی وەها خەسڵەتێک لەدەقدا بەو مانایە نیە کە خودی نووسەر باوەڕی بە وەها ژیانێک هەبێ. نوواندنەوەی وەها دۆخێک دەتوانێ لە مرۆڤدا، کە خاوەن خەسڵەتی ئیرادەیە، جووڵە پێکبێنێ و بیگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە وەها دۆخێک جێگای تەحەممول نیە. کەواتە وەسفی چووبەکیانە خۆبەخۆ بە مانای قبووڵکردنی دۆخی باو نیە. زۆر جار دەق تەنیا نوواندنەوەیە و بەس، بە بێ پیشاندانی هیچ چەشنە رێگاچارەیەک. رێگاچارەکان جاری وایە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە خودی دەقەکەوە دێن. وەسف دەبێ وەها بێت کە لە درێژەی خۆیدا، لە دووای ئەوەی خوێنەر لە خوێندنەوەی دەقەکە دەبێتەوە، بگاتە شوێنێکی تر. ئەو شوێنەی کە پرسیاری "بۆچی؟" سەرهەڵدەدا. دیارە دەکرێ پێچەوانەیش بێت. واتە خۆێنەر بڵێ دونیا وەهایە بۆیە هیچ رێگاچارەیەک دەستناکەوێ. ئەمە راستە، بەڵام هێشتا ئەمە بەو مانایە نیە کە وەها دەقگەلێک مافی لەدایکبوونیان نیە.

مرۆڤ سەرئەنجام رۆژێک دەمرێ، بەڵام ئەوەیکە خودی ژیانیش، هەتا هەیە و مرۆڤ پێی لەناو دونیادایە، وەک ئەو چرکەساتانە ببینێ کە ئەو بەرەو ئەم مەرگە دەبەن ئەوا باسێکی دیکەیە. دیارە لە چیرۆکی قەفەسدا مریشکەکان تەنانەت ئاگایشان لەو مەرگەی نیە وا چاوەڕوانیانە. ئەوان هەر ئەوەندە دەزانن کە لەناو قەفەسێکدا دەژین تەنگ و بەرتەسک لە تەنیشت دونیای بەرفراوانی دەرەوەدا. دونیایەکی بەرفراوان کە چونکە تیای نەژیاون یاخود هەر لە چەمکەکەی ناگەن، ئەوا بێ ماناترین شتی ناو گەردوونە.

لە راستیدا لەوەها وەسفگەلێکی ئەدەبیدا بە هۆی بزربوونی چەمکی ئازادی، چەمکی ئیرادە و بیرکردنەوە دۆخی باو وەها بەرجەستەدەبێتەوە کە دەبێ بەتەنیا 'بوون'. لەوەها دونیایەکدا هەڵبەت دەکرێ چێژ هەبێ. وەک چۆن مریشکەکان بە ئازاردانی یەکتر و بە دەندووک خشاندن بەسەر توێژاڵە ئەستوورە ریقنەکەی ژێریاندا ئەم چێژە دەستەبەردەکەن؛ یاخود کاتێک کەڵەشێرە سوورەکە پیایاندا دەپسێ. بەڵام ئەوەی لە وەها دۆخێکدا دیسان زالە، خامۆشی و تۆزی مەرگە. تەنانەت گەر مریشکەکانیش ئاگایان لێ نەبێ. چووبەک بەجوانی ئەوە دەنوێنێتەوە کە تەنیا جێگرەوەی ئیرادە و ئازادی، لەڕاستیدا بێدەنگی و مەرگە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی خەسڵەتە زاڵەکانی ژیان و ژینگە بنوێنینەوە. زۆر جار نووسین باس لە بزربوونی ئیرادە و هەستی ئازادییە. ئەمەیش بەشێوەی حەتمی بەمانای بزربوونی ئەم چەمکانە لای نووسەر نیە، ئەوەندەی بە مانای خەسڵەتی زاڵی ناو کۆمەڵگایەکی دیاریکراون. نووسین هەندێ جار داننانە بە ملکەجبوونی مرۆڤ بە چارەنووسی خۆی. دانپیانانێک کە دەتوانێ هەم جووڵێنەر بێت بۆ گۆڕان و هەم جووڵێنەر بێت بۆ تەسلیم بوونی زیاتر بە دۆخی باو. ئیتر نووسەر لەم بارەیەوە هیچ بەرپرسیارەتییەکی نیە. مرۆڤەکان (واتە خوێنەر) دەبێ خۆی هەڵبژێرێ!

درێژەی هەیە...   

گەڕان بۆ بابەت