ما 2551 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 هاوڕێ نەهرۆ

لەبری خاکی نیشتمان

ئاسمانی بێ پایانیان هەیە

کەس نایانکۆژی، کەس قڕیان ناکا

لە بری قاچ شاباڵیان هەیە

خۆزگە بە نەورەسەکان!

لەباتی خانوو هیلانەیان هەیە

بیر لە کرێ خانوو ناکەنەوە

لەبری خاکی نیشتمان

ئاسمانی بێ پایانیان هەیە

کەس نایانکۆژی، کەس قڕیان ناکا

لە بری قاچ شاباڵیان هەیە

بەبێ شوناس و پاسەپۆرت گوزەر دەکەن، سنوور دەبڕن

خوزگە بە نەوەرەسەکان

پیویستیان بە ئاڵا نییە

خەمی دەوڵەت وسەربەخۆبوونیان نییە

خۆزگە بە نەورەسەکان

خەمی چینایەتیان نییە

پۆل، پۆل لەگەڵ یەک بە ئاسمانا دەفڕن

ترسی باران و بەفر و بومە لەرزەیان نییە

خۆزگە بە نەورەسەکان

ترسی دابەزینی نرخی نەوت و دۆلاریان نییە

خۆزگە بە نەورەسەکان

بیر لە بڕینی ئاوو کارەبا ناکەنەوە

خەمی هێڵی ئەنتەرنیتیان نییە

تەکنۆلۆژیا ماڵی وێران نەکردوون

ژمارە تەلەفونیان نییە

بە بێ پرس سەردانی یەکتر دەکەن

خۆزگە بە نەورەسەکان

هیچ ئاینیکیان نییە

کەس خۆی ناتەقێنێتەوە تا وەکو بچی بۆ بەهەشت

خۆزگە بە نەورەسەکان

سولتان و ئاغاو دەربەگیان نییە

تا وەکو بیانچەوسێنێتەوە

زمانیان نییە تا وەکو درۆ بکەن

بەرژەوەندیان نییە

تا وەکو خیانەت بکەن

خۆزگە بە نەورەسەکان

بە بێ چاویلکە بۆ ژیان دەروانن

جگە لە قازانج

زەرەریان نییە بۆ ژینگە

خۆزگە بە نەورەسەکان

راسیزمیان تیا نییە

کەس بە چاوی سووک

سەیری ئەوی تر ناکا

خۆزگە بە نەورەسەکان

بە تۆزی دانەوێڵە تیر دەخۆن

چیقنەکانیان بۆنی نایی

خۆزگە بە نەورەسەکان

خەمی پارەیان نییە

دەوڵەمەندو هەژاریان تیا نییە

خۆزگە بە نەورەسەکان

کە دەمرن لە نێو گۆڕی تەسک نانێژرێن

خۆزگە بە نەورەسەکان

بە ئەفسانە فریو ناخۆن

بروایان بە فاڵ و بەخت نییە

بە بێ خەم بە ئاسمانی بەرین دا دەفڕن

خۆزگە بە نەورەسەکان چۆنکە نەورەسن!

گەڕان بۆ بابەت