ما 4200 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 شەهرام وەحدانی

دیارە کە پێش لە شۆڕشی فەرانسەش، زۆر ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی جەماوەری لە مێژوودا تۆمار کراوە بەڵام لەهیچکام لەو سەرهەڵدان و سەرپێچی کردن و یاخیبوونانە باس لە گۆڕانی سیستم نەکراوە. شۆڕش واتە ڕەدکردنی ڕەوایی پێکهاتەی دەسەڵات.

 

ئەوەی با بچێنێت باهۆز درەو دەکات

شەهرام وەحدانی

 "شۆڕش مناڵەکانیی خۆی دەخوات"[1] وتەیەکی زۆر ئاشنایە کە ڕەنگە هەڵگری بارێکی نێگاتیڤ و نەرێنی بێت و مرۆڤ بە بیستنیی ئەو ڕەستە بە پارێزەوە بڕوانێتە شۆڕش. بەڵام ئایا بەڕاستی شۆڕش مناڵەکانیی خۆی دەخوات؟ ئەو روانگە تا چەند دروستە و لە کوێ سەرچاوەی گرتووە؟

دیارە لە ١٧٨٩ و دوای ڕووخاندنی زیندانی باستیل و دواتر لە تەخت هێنانەخوارەوەی لویی شانزدەهەم، شتێک بە ناوی شۆرش بەواتای ڕەسەنی وشەکە یانی بارەوبارکردنی چینەکانی کۆمەڵگە، رووخاندنی شێوەیەک لە دەسەڵات (پاشایەتی) و ‌هێنانەئارای شێوازێکی بە تەواوی جیاواز لە سیستمەکەی پێشوو (کۆماری)،هەڵپەساردن و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی پێشووتر و خستنەڕووی گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی، سکۆلاریسم و بەرابەری هاتە ناو قامووسی رامیارییەوە کە لەگەڵ خۆی چەمکێکی نوێی لە ماف هێنا. شەوی ١٤ی ژوییەی ١٧٨٩ کاتێک لویی، هەوالی ڕاپەڕینی خەڵکی پاریس و تێکشکانیی باستیل و پاشەکشەی هێزەکانی لەشکەری سەڵتەنەتی لە بەرامبەر خڕۆشی جەماوەردا بیست، بە خڕۆشەوە وتی ئەمە یاخی بوونە. بەڵام لیانکۆر[2] بە ئارامی وتی: "نە گەورەم یاخیگەری نییە، ئەمە شۆرشە".    

وشەی شۆرش لە زۆربەی زمانەکاندا مانایەکی هاوتای هەیە، لە بنەڕەتدا باس لە دیاردەیەکی  گەردوونیی دەکات کە لە زانستی گەردوونناسییەوە خزاوەتە ناو قاموسی رامیاریی. بەو واتا کە مرۆڤ توانای بەرگری کردن و ڕاگرتنی ئەو رووداوەی نییە. لە راستیشدا شۆڕش رووداوێکە کە لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی مرۆڤدا نییەو هیچ هێزو دەسەڵاتێک ئەو توانای نییە کە بەر بە هاتنی بگرێت و شۆڕشی جەماوەر ڕاوەستێنێت.

دیارە کە پێش لە شۆڕشی فەرانسەش، زۆر ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی جەماوەری لە مێژوودا تۆمار کراوە بەڵام لەهیچکام لەو سەرهەڵدان و سەرپێچی کردن و یاخیبوونانە باس لە گۆڕانی سیستم نەکراوە. شۆڕش واتە ڕەدکردنی ڕەوایی پێکهاتەی دەسەڵات، دوورکەوتن لە هەلومەرجی ئێستاو هێنانەئارای بارۆدۆخێکی نوێ کە بەتەواوی ناتەبایە لەگەڵ دۆخی کۆن و تایبەتە بە سەردەمی شۆڕشی فەرانسەو دواتری. خەڵک پێشتر تەنیا دژ بە دەسەڵاتێکی چەوسێنەر یان داگیرکار هەڵدەستان و تەنیا باس لەوە دەکرا کە ڕەنگە خەڵک مافی ئەوەیان هەبێت کە بڕیار بدەن کێ شیاوی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی نییە، بەڵام هیچکات لەوە پێشتر باسێک لەوە نەبوو کە خەلک مافی ئەوەشیان هەیە بۆ خۆیان دەسەڵاتداران دەست نیشان بکەن یان لەوە زیاتر، ئەوەی کە لە ناو خۆیاندا کەسانێک بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێرن و خۆیان لە دەسەڵاتدا بەشداربن. هەر بۆیە ئەو شۆڕشە یەکێک لە کاریگەرترین ڕووداوەکان بووە لە گۆراندنی سیما و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. 

هەر وەها کە بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کۆمەڵگای جەهانی کۆمەڵگایەکی تاک و یەکدەست نییەو هیچکاتیش نەبووە، بەڵام هەموو ئەو کۆمەڵگە جیاوازانە کاریگەرییان لە سەر یەکتر هەیە و هەر چەشنە گۆڕان و وەرچەرخانێک لە شوێنێکدا، ئەبێتە هۆی ئاڵۆگۆڕ لە بەستێنێکی مەزنتردا کە بە کۆمەڵگەی جەهانی پێناسەی دەکەین. ئێرانیش کە خۆی وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرەکەلتوورە لەو داب و نەریتە بەدەر نییە و ئەو ئاڵوگۆڕانە لە ئاستی جەهانیدا و هاتنەئارای شێوەو پێکهاتەیەکی نوێ لە پؤلێنکردنی کۆمەڵگەو دەسەڵات، بوون بە سەرچاوەی کاریگەری و کارتێکەری لەوێدا. هەوڵ بۆ رێکخستنی ئێران لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوا و سازکردنی کۆمەڵگەیەکی خاوەن ئەو فاکتۆرانە کە پێناسەی دەسەڵات و وڵاتێکی سەردەمیانەن بوون بە چەخماخەی هەڵگیرسانیی دوو شۆڕش کە هەردووکیان بە ئامانج نەگەیشتن یان دەکرێت بوترێت لە دەستەبەرکردنی دروشم و داخوازەکانی خۆیاندا ناکام بوون.

یەکەمیان شۆڕشی مەشرووتە کە بۆ بەرتەسک کردنەوەی دەستڕۆیشتوویی شای قاجار، پێکهێنانی دەسگای سەربەخۆی دادو بە یاساکردنی دەسەڵات کە هەر لەو کاتەدا بە هۆی بەرپەرچدانەوەی توندی پیاوە ئایینییەکان و دواکەوتوویی کۆمەڵگەی ئەوکات گەوهەرو ناوەرۆکی شۆڕشەکە لە فۆرمدا گۆڕانیی بەسەرداهات کە لە ئەنجامدا بە هاتنی ڕەزاشا و دیکتاتۆری پەهلەوی هەرەسی هێنا. دووهەمیان ڕاپەڕینی ١٩٧٩ کە هەرچەند لە ڕووکەشدا دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووخا بەڵام دیسان دێمۆکراسی، ئازادی و بەشداری خەڵک لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیانداو بەشداری لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا کە درۆشم و داخوازی سەرەکی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە بوو نەهاتە دی و دەکرێت وەها بەرئاوەردی بکەین کە ئەو سەرهەڵدانە لە قۆناخی ڕاپەڕین تێپەر نەبوو تا ببێتە شۆڕش و دژە شۆڕشی ئایینی زاڵ بوو بە سەریدا.

ئەوەی کە هێزە ئایینییەکان بە رێبەرایەتی خۆمەینی چۆن توانییان جڵەوی ئەو خڕۆشە جەماوەرەییە بگرنە دەست و دەسەڵات مسۆگەر بکەن شتێکە کە ئێستاکە و دوای تێپەڕبوونی چل و دوو ساڵ لە دەساڵاتداریی ئەم ڕەوتە ڕەنگە ئاسان بێت، بەڵام لەو کاتەدا ئەوەی کە لەبیرکرابوو بابەتێک بوو کە بایەخەکی ئەوتۆی پێنەدرا یان بە ئاسایی وەرگیرا. ئەوەی کە لە ئێران تەمەن و مێژووی هاتنەمەیدان.

پانتاییی بەستێنی کۆمەڵایەتی، بڕشت و ڕادەی کاریگەریی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی لەگەڵ  دامەزراوەی سیاسی- ئایینی شیعەدا هاوسەنگ نەبوو. ئەوان خاوەن داب و نەریت و ڕێکخستنی بەهێز و بە بڕشت بوون کە لانی کەم چوارسەدساڵ مێژووی کاری ڕیکخراوو ڕێکخستنی لە پشت بوو کە هەموو شوێنی لە گوندو شارە جیاوازەکان تەنیبوو. هەر ئەو بابەتە بەڵگەنەویستە وای کردبوو کە تواناو هێزی راستەقینەی ڕەوتی ئایینیی شێعە و مەرجەعیەت(واتە هەمان هێزی دژە شۆڕش)چاوپۆشیی لێکراو بەهەند وەرنەگیراو بەئاسانی بووە خاوەن دەسەڵات.

لێرەدا پشت بەستوو بەو پێشەکییە کورتە کە ئاماژەی پێکرا دەخوازین دانەوینەوە سەر ڕەستەی سەروتار کە فانۆن وتوویەتی: "شۆڕش مناڵەکانی خۆی دەخوات". لە ڕاستیدا شۆڕش نییە کە مناڵان یان ئاکتێرەکانی خۆی لە ناو ئەبات، ئەوە رێک لە سەروبەندی هاتنی دژەشۆڕش و هەوڵ بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی ڕاپەڕین و یان هەوڵ بۆ هێشتنەوەی  دۆخی کۆن لە لایان هێزی کۆنەپەرەست و دژ بە گۆڕانە کە سەرکوت و کوشتن و بڕین دەست پێدەکات.

ڕەنگە بە دەگمەن دەسەڵاتێک لە مێژوودا بەدی بکرێت کە بە بێ گۆشاری جەماوەری ئامادە بوبێت جێگە بۆ هاتنی دەسەڵاتێکی نوێ چۆڵ بکات. دەسەڵاتە نەخوازراوەکان هەمووکات بە زەبروزۆری جەماوەر یان هێزێکی دەرەکی دەسەڵاتیان بە جێ هێشتووە، بەڵام ئەوەی لێرە مەبەستە تەنیا جێگۆڕکێی دەسەڵات نییە بەڵکۆ شۆڕش بەو واتایە کە باسی لێکرا. ڕەنگە لای من کورتترین و جوانترین دەستەواژە لە ناو هەموو ئەو شتانەی کە بۆ مانا کردنی شۆڕش نووسراون ئەم وتە بێت لە لایەن "مارکس"ەوە[3] کە شۆڕشی بە لۆکۆمۆتیو، ‌هێزی بزوێنەر و ماما وێنا دەکرد کە لە دەرون و هەناوی کۆمەڵگای کۆنەوە، کۆمەڵگایەکی نوێ و دنیایەکی تازە دەخوڵقێنێت. و بێ گۆمان هیچ زان و زایینێک بێ ژان و پڕک نییە. بەڵام هەرچەند کۆمەڵگا ئاستی تێگەیشتن و ئامادەگی زیاتری بۆ شۆڕش هەبێت ئەو ژانەش کەمتر و کەمتر دەبێت.

لە ئێراندا لەبەر ئەوەی هەموو گۆڕانکارییەکان و هەوڵ بۆ نوێکردنەوە یان ئەو شتەی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە بە  مۆدێرنیزاسیۆن ناوی لێدەبرا لە سەرەوە بوو و شتەکە بناغەدارێژراو بنچینەیی نەبوو، شۆڕشیش هەر لە رۆکەشدا قەتیس مایەوەو تەنیا جێگۆڕکەی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو بۆ دەسەڵاتی وەلی فەقیه. هەر لەو سەردەمەدا بە هۆی زاڵ نەبوونی ئایین بەسەر کەش و فەزای کوردستاندا هێزی شۆڕشگێڕو چەپ لە کوردستاندا زۆر  بە خێرایی توانی ببێتە ئاکتێرێکی سەرەکی و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا کە هەر وەکوو هەموو هێزێکی چەپی ئێرانی لە لایەن دەسەڵاتی تازەوە هێرش کرایە سەری. بەڵام بەو جیاوازییە کە زۆرێک لە  هێزو لایەنە چەپەکانی ئێران لەو کاتەدا بە هۆی دژایەتی ئایینییەکان و خۆمەینی لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا لەو کاتەدا و تەنانەت هەندێکیان ئێستاش چوونە بەرەی پشتیوانی لە دژەشۆڕشی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو کە ئەوە جیاوازییەکی تایبەتی بە کوردستان و ‌هێزی چەپی کوردستان بە تایبەتی کۆمەڵە بەخشیوە. دەتوانین بە بەراوەرد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێراندا بڵێین لە کوردستان شۆڕش کراو سەنگەری شۆڕش ماوە. بێگۆمان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی واتە ئازادی، یەکسانی، سکۆلاریسم و دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆ نووسین ئەو جووڵانەوە شۆڕشگێڕانە بەردەوامە. بۆ لە دایکبوونی ئەو پێکهاتە تازە لە هەناوی پێکهاتەی کۆنەوە ناچارین ژان و ئێش و ئازار بچێژین بەڵام ئەوە هەڵبژاردەی هێزی شۆڕشگێڕ نییە بەڵکو ئازار و شەڕێکی نەخوازراوو داسەپێندراوە.

 بە پێی هەموو دیاردەکان وەکوو هەبوون و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نابەرابەری و کەلێنی قوڵی چینایەتی، ستەمی نەتەوایەتی بە فەرمیکراو و داسەپێندراو لە لایەن دەسەڵاتەوە بە سەر نەتەوە بندەستەکانی دانیشتووی ئێران، قەیرانی قوڵی ئابووریی بێ چارەسەر، گەندەڵی پێکهاتەیی سیستم و هەروەها تەریک کەوتنی دەسەڵات لە ئاستی جەهانیدا  و  لە کۆتاییدا ناسەقامگیری و  قەیرانی ڕەوایی دەسەڵات، وای کردووە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئێران ئاوسی ڕاپەڕین و شۆڕشە جا  ئەوەی کەی ڕووبدات بەستراوە بە گەلێک فاکتۆرو هۆکارەوە کە یەکێک لەوانە پەرەپێدان بە ئاگاهی سیاسی و هاوئاهەنگ کردنی هەموو ئەوهێزە شۆڕشگێڕانەیە کە ڕیگەخۆشکەرن بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ. بێ شك هەڵسوکەوت و بەرخوردی هەر  هێز و لایەنێکی سیاسی لەگەڵ ڕەخنەگران و نەیارانیدا، سەنگی مەهەکە بۆ لێکدانەوەی رادەی تەبایی دروشم لەگەڵ کردارو هەروەها بە پەروشبوون بۆ وەدی هێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد کە هیچ دەنگێک تێیدا بە زۆر و زەبر بێدەنگ نەکرێت. ئەو ‌هێزەی کە خۆی بە پاڵپشتی جەماوەری زەحمەتکێش و چەوسێندراو دەزانێ و خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە ستەمێک، لەوانە هەڵاواردنی رەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان لە ژێر کاریگەری زیانباریی دین و ئایینە، تەنیا پشت ئەستور بە بڕوای جەماوەرو ژنانە کە دەتوانێت ببێتە هێز، ‌هێزێک کە کۆنەپەرەستی بنەبڕبکات. هێزێکی شۆڕشگێڕ لە هەمانکاتدا

کە پێویستە مەیلی کۆمەڵگەی خۆی بناسیت و گوێڕایەڵی خواستی خەڵک بێت، دوو ئەوەندەش پێویستە کە ڕێگەپیشاندەرو ڕینوین بێت. ئازادی ڕادەربڕین و بیروبۆچوون کۆڵەکەی سەرەکی و پێکهێنەری هەر شۆڕشێکی سەرکەوتووە. با ئەو وتەی ڤۆلتێر[4] بکەینە سەرمەشقی خۆمان کە وتی: "هەرچەند لەگەل قسەکانی تۆ نیم، بەڵام ئامادەم گیانم لەدەست بدەم بۆ ئەوەی تۆ بە ئازادیی قسەی خۆت بکەی".

ئەو وتەی ڤۆلتێر گەوهەری ئازادیی ڕادەربڕینە، هەر کات نەیاری من بە ئازادی توانی قسەی خۆی بکات و منیش هەمان مافم بێت، قۆناغێکی هەرە گرینگمان تێپەڕ کردووە بەرەو شۆڕش. ئەوکاتەیە کە چیتر ئەو پێناسە نێگاتیوەی کە فانۆن باسی دەکات واتە شۆڕش مناڵەکانی خۆی دەخوات بێ مانا ئەبێت. ئەو هێزەی کە لەو پێوەرە سەرەکیییە سەرپێچی بکات شۆڕشگێر نییەو تەنیا و تەنیا ئەلقەیەکە لە بازنەی داخراوی گەرانەوە بۆ ڕەوتی کۆنی پێشوو. بۆیە چاوەڕوان کردنی بەهار و ئاسایش لەوانەی کە با دەکێڵن خەونێکی ناڕاستە، ئەوان بەرهەم هێنەری باهۆز و گردەلولن کە چاو کوێر ئەکات و بەرەو نادیار دەتبەن.  

 

ژێرنووس:                                   

  • فرانتس فانۆن (١٩٢٥-١٩٦١) فەرانسە، بیرمەند و دەروونناس و شؤڕشگێڕی خەڵکی فەرانسە کە یەکێک لە خەباتکارانی بەناوبانگی دژ بە کۆلۆنیالیسم بوو، ڕۆڵێکیی بەرچاوی لە جوولانەوەی ڕزگاریخوازانەی وڵاتانی ئەفریقا گێڕا.
  1. دوک دۆلا رۆشفۆکۆ لیانکۆرد(١٧٤٧-١٨٢٧) سیاسەتوان، نوسەر و یەکێک لە ڕاوێژکارانی دەرباری فەرانسە و ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە ئەشرافییەکانی فەرانسە کە هەواڵی ڕووخانی باستیلی بۆ پاشا هێنا و ئەو وڵامەی بە لویی شانزدەهەم زۆر بەناوبانگەو لە مێژوودا تۆمار کراوە.

3 . کاڕڵ مارکس(١٨١٨-١٨٨٣) بیرمەند، مێژووناس، ڕۆژنامەنووس و ئابووری ناس، کەسایەتی سوسیالیست و شۆڕشگێڕی بە ناوبانگی ئاڵمانی کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کار، سەرمایە و تئۆرییەکانی لەو بابەتانە کاریگەری هەرە مەزن و بنەڕەتییان لە سەر بیرو بۆچۆنی کۆمەڵگای مرۆفایەتی داناوە.

4 . فرانسوا ماری ئارۆیە (١٦٩٤-١٧٧٨) یەکێک لە ناسراوترین نووسەران و بیرمەندانی فەرانسە و ئوروپا لە دەورەی ڕۆشنگەرییە. کە بە تایبەت بە هۆی دژایەتی لەگەڵ کلیسای کاتۆلیک و هەوڵ بۆ چەسپاندنی ئازادیی بیرو بۆچوون و ئازادی ڕادەربڕین بەناوبانگە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت