فەڕۆخ نێعمەتپوور
وەک لەم رستانەدا دەردەکەوێ زەین و سەواد و هەستی جوانناسیی کاک عەزیز زیاتر قەڕنی نۆزدەهەمیانەیە. چونکە ئەو نووسەرانەی ئەو ناویان دەبا هی ئەو سەردەمەن (لارنس تەنانەت هی سەدەی هەژدەهەمە!). کەواتە کاک عەزیز زیاتر لە روانگەی رئالیستییەوە (ئەویش ریالیسمی سەدەی نۆزدەوە سەیری رۆمانەکەی منی کردووە). هەڵبەت ئەمەیش جۆرێک لە خوێندنەوەیە. خوێندنەوەیەک کە لە ناو قەبرستانەکانی مێژووەوە سەر هەڵدێنێتەوە و دەیەوێ دیسان وەهمی وجوودی خۆی بسەپێنێتەوە.
چەند تێبینییەک لە سەر نووسراوەکەی بەڕێز عەزیز مەحموودپور لە سەر رۆمانی "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام"
کاری هیچ نووسەرێکی رۆمان نیە کە بۆ خۆی ئەرکی بەرگری کردن لە بەرهەمەکەی لە ئەستۆ بگرێ. من ئەم نەریتە دەشکێنم تەنیا لە بەر یەک هۆ، ئەویش هەوڵدان بە مەبەستی دیقەت بەخشین بە نووسین.
کاک عەزیز لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی "خوێندنەوەیەکی خێرای باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام" کە لە سایتی قەڵەم دا بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ: "نموونەی بەرچاو و ڕچە شكێنی ئەم جۆرە بەرهەمهێنەرانە بەختیار عەلییە و وا دیارە كەم نیین ئەو كەسانەی وەها شێوازێكیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆك و ڕۆمان ڕەچاو كردووە. ڕۆمان و چیرۆك قاڵب و فۆرمێكن بۆ گێڕانەوە نەك كەرەستەیەك بۆ بیر و ئەندێشەی تاكەكەسی نووسەر. "
کەواتە "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام" لە یەکەم سەرنجی رەخنەگرانەدا بە تۆمەتی شێوازی بەختیار عەلیانە تاوانبار دەکرێت. وەک دەزانین بەختیار عەلی خاوەنی چەندین رۆمانە و من تا ئیستا نووسینێکم لە کاک عەزیز لە سەر ئەو رۆماننووسە نەبینیوە، تا بزانم پێش ئەوەی دەست بدەمە نووسین ئاگام لە خۆم بێت کە بەختیار عەلیانە نەنووسم و گەریش نووسیم بزانم کە هەر لە سەرەتاوە تاوانبارم!
کاک عەزیز دەنووسێ: "یەكەم شتێك كە لە خوێندنەوەی ڕۆمان یان چیرۆك بە خوێنەر دەبڕێ ئەو لەززەتەیە كە گێڕانەوەی ئەو دەقە پێی دەبەخشێ و دەبێ بڵێم وەبیرم نایە قەت ئەوەندەم جەزرەبە دیبێ بە دەست خوێندنەوەوە، بەڕاستی هەست دەكەم كڵاوێكی گەورەم چۆتە سەر. "
من تێناگەم نووسینێک کە نەک چێژ بەڵکو عەزاب ببەخشێ، چلۆنە کە خوێنەرێک دەتوانێ تا سەر بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی. لێرەدا یا خوێنەر درۆ لە گەڵ خۆی و دەورووبەری دەکا (واتە بە راستی بە پێچەوانەی قسەکەی خەریکە چێژی لێ دەبینێ) یان لە لە شوێنێکدا وازی لە خوێندنەوە هێناوە و ئیدی بڕیاری نوسینی لە سەر داوە بەو شێوازەی کە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری دابوو! واتە لە سەری دەنووسێ بێ ئەوەی خوێندبێتیەوە.
کاک عەزیز دەنووسێ: "یانی نە چیرۆكە، نە نۆوێلە و نە ڕۆمان. دەتوانین بڵێین مۆنۆلۆگێكی نووسەرە لەگەڵ خۆی و هیچی دیكە."
پرسیار ئەوەیە کە بۆچی بە فەڕزی راست بوونی قسەی جەنابیان، مۆنۆلۆگ ناتوانێ رۆمان بێت؟
نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێ: "زمانەكەی لە نێوان زمانی شێعر و چیرۆك و وتاردا قەتیس ماوە و مەعلووم نییە و مەعلووم نەكراوە كە خوێنەر لەگەڵ چ دەقێك ڕووبەڕووە."
پرسیار: بۆچی زمانی رۆمان ناتوانێ تێکەڵێک لەم سێ زمانە بێت؟ مەگەر لە رۆمانی کلیدری محمود دولت آبادی دا کەم زمانی شیعری بە کار براوە؟
نووسەر دەنووسێ: "بە ڕواڵەت چەندین كەسایەتی تێدایە كە دەبێ ئەو كەسایەتیانە كەسایەتییەكی داستانی بن كە وا نییە و تەنیا ڕووكەشێكن و نێوێك و هیچی دی."
تەواوی بەرهەمەکە لە سەر باڵندەی بریندار و ماسی سەرسام سوڕدەخواتەوە. راستە کەسایەتی ئەوان بە شێوازی کلاسیکی روو نەخراوە، بەڵام ئەو هەموو بە سەرهاتە کە بەسەریاندا دێ داخۆ ناتوانێ دارێژەری کەسایتی داستانیی ئەوان بێت؟ داخۆ خوێنەر ناتوانێ لە نێوان رووداوەکانەوە کەسایەتی ئەوان بخوێنێتەوە، یان دەبێ وەک چیرۆکنووسە کلاسیکییەکان لە پێشدا باسی قیافە و رواڵەت و رەنگی چاویان بکرێ؟
نووسەر دەڵێ: "گشتییەتی پێكهاتە و ساختاری گێڕانەوە، شتێكی لەرزۆك و بێپاڵپشتە و هیچ مەنتق و پاساوێكی ڕیوایەتی لە پشت نییە. سەلەبەری كەسایەتییەكان حزوورێكی وەهمییان هەیە"
پرسیار: بەڵگەی لەرزۆک بوونی ساختاری گێڕانەوە کامەیە؟ بەڵام سەبارەت بە کەسایەتییەکان، ئایا کەسایەتی وەهمی بۆ خۆی جۆرێک لە کەسایەتی نییە؟ مەگەر مرۆڤەکان لە ژیانیاندا تا چەندە کەسایەتی غەیرە وەهمی و واقعین؟
نووسەر دەڵێ: "شوێن شتێكی لێڵ و ناڕوونە و بەو شێوەیە تەوسیف نەكراوە كە خوێنەر تێكەڵ بەو مەكانە داستانییە بێت. زەمانێك لە نێو دەقەكەدا ناكرێ دەست نیشان بكەی كە بڵێی زەمانێكی داستانییە، "
پرسیار: کاتێک باسی شوێن و کات دەکرێ، تەنیا قسە لە سەر شوێن و کاتی کۆنکرێت و دیاریکراو نیە، بەڵکوو شوێن و کاتێکیش هەیە کە غەیری کۆنکرێتە. وەک لەم رۆمانەدا کراوە. باشە بۆ رۆمان دەبێ تەنیا خۆی بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە ببەستێتەوە؟ ئایا شوێن و کاتی غەیرە کۆنکرێت ناتوانێ مانای شمولیی دەقی رۆمان فراوانتر بکاتەوە؟
نووسەر دەڵێ: "لە سەرەتاوە هەتا دوایین لاپەڕە هەست دەكەی شێعر دەخوێنییەوە نەك چیرۆك."
با دوو نموونە لە کتێبەکە بێنینەوە: ”وەک هەمیشە کە دەگاتەوە ماڵ، روو لێرە دەکا،... روو لە حەوشەکەیان. رووبەرێکی چوارگوشە بە خانوویەک لە باشووریدا بە دوو پەنجەرەوە، لە گەڵ گچکە باخچەیەک، لوولەیەکی ئاو و سەرئەنجام تاقە درەختێک و چوارپایەکەی ژێری. لە پشت یەکێک لە پەنجەرەکان سێبەری پەیکەرێکە لە ژن،... ژنانە،... چاوەڕوان. بەو چاوانەوە، ئەم ناتوانێ بیانخوێنێتەوە." (پەرەگرافی یەکەمی رۆمانەکە)
نموونەی دووهەم: "ئەو رۆژە بۆ دووا جار سەیرێکی دوو گەڵاکە دەکاتەوە و، دەچێتەوە ژوورەوە. دووای ساڵانی ساڵ، بۆنی دایە گەورە ژوورەکە دەگرێتەوە. بۆنی ئەو چیرۆکانەی فریا نەکەوت بیانگێڕێتەوە. هەڵدەستێ،... دەچێتە شوێنی پەیکەرە سێبەراوییەکەی پشت پەنجەرەکەو لەوێوە بۆ یەکەم جار سەیری درەختەکە و چوارپایەکە دەکا. لێرەوە ئەوێ چەند بێ مانایە. درەختێکی رەقەڵەی وشک بە تەنیشت کورسییەکی بێ رەنگ و رووی سەدان ساڵەوە. سەرێک رادەوەشێنێ و دەگەڕێتەوە سەر جێگاکەی خۆی. لە کاتێکدا هەڵمی چاییەکە بە بەر چاوەکانیدا هەڵدەگەڕێ، رستەیەک لە گەڵ قومی گەرم دەڕژێتە ناو جەستەیەوە: ـ "بوون" چەند سەیرە!" (دوواپرەگرافی رۆمانەکە)
کاک عەزیز دەڵێ "هەر لە سەرەتاوە هەتا دووایین لاپەڕە"!!؟؟ ئەی ئەمە رەوایەت نییە ئەی چییە؟
کاک عەزیز دەنووسێ: "كەسایەتی چیرۆكەكانی گۆگۆل و تۆرگنێف و چخۆف و لارێنس ئێستێڕن و ... هەموو نموونەی زەقن و دەكرێ دەرسیان لێوەرگرین."
وەک لەم رستانە دەردەکەوێ زەین و سەواد و هەستی جوانناسیی کاک عەزیز هەستی جوانناسییەکی قەڕنی نۆزدەهەمیانەیە. چونکە ئەو نووسەرانەی ئەو ناویان دەبا هی ئەو سەردەمەن (لارنس تەنانەت هی سەدەی هەژدەهەمە!). کەواتە کاک عەزیز زیاتر لە روانگەی رئالیستییەوە (ئەویش ریالیسمی سەدەی نۆزدەوە سەیری رۆمانەکەی منی کردووە). هەڵبەت ئەمەیش جۆرێک لە خوێندنەوەیە. خوێندنەوەیەک کە لە ناو قەبرستانەکانی مێژووەوە سەر هەڵدێنێتەوە و دەیەوێ دیسان وەهمی وجوودی خۆی بسەپێنێتەوە.