هاوار محەمە

زێدەڕەویکردن درۆیەک نییە کە شاعیر لەگەڵ خۆیدا بیکات، بۆ نموونە کاتێک یار شاعیر بەجێ دەێڵێت شاعیر زێدەڕەوى لە هەستەکانى خۆیدا بکات، فرمێسکى نە ڕشتبێت و وا نیشان بدات دەریایەک فرمێسکى باراندووە، بەڵکو زێدەڕەویکردن لە شیعردا زێدەڕەوییە لە خودى خەیاڵدا، بەو مانایەى تا خەیاڵ بڕ دەکات شاعیر واقیعەکەى خۆى درێژ دەکاتەوە و تا دوا سنوورى خۆى ڕایدەکێشێت، هەر لەمەشەوە کە شاعیر ئاسن ڕەقتر لە خۆى دەبینێت و ئاویش لە خۆى نەرمتر، یان هەست بە نەرمیى ئاسن و ڕەقێتى ئاو دەکات. 

 

 

خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەى "ئاسن"ى سدیق عەل

دواى زیاتر لە دە سالڕ نووسین (سدیق عەلى) شاعیر، کە شیعرەکانى کۆکردەوە تەنیا نامیلکەیەکى (100) لاپەڕەیى دەرچوو کە ناوى لێنا (کەوتنە خوارەوە لە تۆ)، کەوتنێک کە پێدەچێت بەشێک بێت لە حیکایەتى کەوتنە گەورەکانى مێژوو، بەشێک بێت لە گێڕانەوەى گوناهەکان کە هەمیشە چرکەى دواى گوناه کەوتنە، ئێمە ئەم وانەیە لە ئادەمەوە فێر بووین. پێدەچێت عەشق لەنێوان شاعیرەکاندا گوناهێکى هاوبەش بێت، شاعیر کە دەکەوێت تەنیا بەردەبێتەوە ناو شیعر، کەوتنى شاعیر و دەرپەڕاندنى لە بەهەشت بەربوونەوەیەتى بۆ نێو زمان، هیچ شاعیرێک نییە بێ بەربوونەوەیەکى لەم جۆرە بتوانێت دەقى باش بنووسێت. بەربوونەوە بۆ نێو زمان یاریکردن بە وشەکان و ڕازاندنەوەى ڕستەکان نییە، بەڵکو ئەزموونکردنى زمانیش وەک ئەزموونکردنى ئازار و بەختەوەرى حەقیقییە، یان بە جۆرێکى تر بیڵێین، ئەزموونى زمان ئەزموونکردنى حەقیقەتە.

ئەو کەم دەنووسێت، بەڵام کە نووسى ئیتر جوان دەنووسێت، ئاخر چۆن زمان ماڵى بوونە، ئاوایش دەق ماڵى نووسەرە، تیۆردۆر ئەدۆرنۆ دەڵێت: "نووسەر لە دەقەکەیدا نیشتەجێ دەبێت، وەک نیشتەجێبوونى لە ماڵەکەى خۆیدا"، بۆیە ماڵە شیعرییەکەى سدیق عەلى ئەگەرچى زۆر بەرفراوان نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە پڕیەتى لە وێنەى شیعرى، ماڵەکەى لە کوخێک زیاتر نییە: کوخێک لە شیعر، ئەمەیش بە پێچەوانەى هەندێک شاعیرى ترەوە کە دەیانەوێت بە بەرهەمەکانیان قەڵایەک هەڵچنن. محەمەد عومەر عوسمان لە دواى "لە غوربەتا" شیعرى ترى نەنووسیوە بۆ ئەوەى بۆ ئەبەد وەک غەریبەیەک بمێنێتەوە. دەگێڕنە جارێک گەنجێک لە "چاییخانەى شەعب" لێى دەپرسێت بۆچى شیعرى تازە نانووسیت؟ ئەویش دەڵێت من شتێکم نەنوسیووە کۆن ببێت. ڕەنگە غرورێکى لەم جۆرە بۆ شاعیر هەندێجار وێرانکەر بێت، بەڵام لایەنیکەم فێرى ئەوە بووین کە بڵێن ئەوە تەنیا دەقى ڕاستەقینەیە کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکى درێژ بژى. پێدەچێت سدیق عەلیش جارێ پێویستى بەوە نەبێت شیعرى تر بنووسێت، ئەو چەند قەسیدەیە بەسە بۆ ئەوەى خوێنەر بۆ زەمەنێک ئالودەى خۆى بکات، هەر لەبەر ئەمەیشە دەروەستى ئەوە نییە لە هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بەرهەمەکانى بڵاو بکاتەوە، وەک چۆن بێ باکە لەوەى وەک شاعیرێک ناوبانگى بە هەموو لایەکدا بڵاو ببێتەوە یان نا.

لاى ئەو بەرد و ئاسنیش بۆ ئەوە دەست دەدەن ببنە شیعر بێ ئەوەى وێنە شیعرییەکان بشێوێنن، ئاخر پێشتر ئاسن و بەرد و ئاگر بە زۆرى لە شیعرە شۆڕشگێڕیى و حەماسییەکاندا بەکار دەهێنران، بە پێچەوانەیشەوە شیعرى ڕۆمانسى دەبوو وشەکانى (مانگ و هەتاو و درەخت و شنە و با) و شتى لەم بابەتانە ببوایە، سدیق عەلى لە شیعردا ئەم وێنانە دەشێوێنێت، بە جۆرێک ئەشێت بەرد بوونەوەرێکى مهیرەبان بێت و مانگیش بوونەوەرێکى شەرەنگێز:

ئاسن بەو هەموو نەرمییەوە،

ژەمێک لە ژێر ئەسرینى پێکێکى شیریندا وچان نادات،

لە ناو (ئا.. س.. ن)ـدا تا ڕۆژ دەبێتەوە

من هەم و تۆ هەیت و ئەو هەیە.. "کەوتنە خوارەوە لە تۆ، ل7".

 قەسیدەى (ئاسن) یەکێکە لە قەسیدە قەشەنگەکانى، هەڵبەت ئەم چوار پیتە کۆدێک یان ڕەمزێکە شاعیر کردوویەتییە ناونیشانى قەسیدەکەى، بەڵام وەک چۆن ڕەمزێکى ئاواهیش ڕەمزێکى مادنادارە و ئاسن ماناى ماتریالییانەى خۆى ون ناکات. بەم جۆرە وێڕاى ئەوەى ئەزموونێکى زۆر خودیى پاڵنەرى نووسینی ئەم شیعرەیە کەچى نەک تەنیا لە ئاستى هەڵچوون و داچوونى شاعیردا نەماوەتەوە، بەڵکو شیعرەکە ڕۆچۆتە نێو ڕۆحى شتەکانیشەوە، نێو ڕۆحى ماتریال و ڕەگەزە ئۆبێکتى و دەرەکییەکانیشەوە، بە جۆرێک کە ئیتر لە چەندین جێگادا سوبێکت و ئۆبێکت تێکەڵ دەبن، یان با بڵێین شوێنى خۆیان لێ تێک دەچێت. 

(دە ئیتر بەس لەگەڵ

سێبەرى ئەو دیوارەدا هەڕاجمکە

...........................

لەگەڵ مێرگەکاندا بە شەڕم مەدە

ئەى دۆست..

 

لاى سدیق عەلى گرنگ ئەوە نییە یار بە مانگ بچوێنیت، ئەمە ڕێگایەکى نزیکى لێکچوواندنە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە چۆن یار بە ئاسن بچوێنێت، بە جۆرێک کە سیفەتەکانیان بەریتەوە سەر یەکتر بێ ئەوەى ئەم سیفەتە تەنیا ڕەقییەکى پەتیى (ئاسن) بێت، وا دیارە دەبێ هێشتا ئاسن ئەبستتراکتتریش ببێتەوە، بە جۆرێک دەیەوێت لە (ئاسن)ـەوە ڕەقێتى زیاتر دەربهێنێت و لە (ئاو)ـیشەوە نەرم و نیانى زیاتر بگوشێت، یان بە پێچەوانەیشەوە، دەیەوێت لە (ئاسن)ـەوە نەرمى بگوشێت و لە (ئاو)ـیشەوە ڕەقێتى دەربهێنێت:

ئەى ئاسنترین دۆست،

ئەى وەرزى داگیرسان و مەوسیمى ڕەق بوونەوە،

ئەى چەقۆى جەللادێک و قفڵى دەرگاى زیندانێک

ئەها لە ئاسندا ئاسن هەیە.. "کەوتنە خوارەوە لە تۆ، ل 10".

دەبێ لە زماندا توخمە سروشتییەکان تێک بدەى، دەبێ هەر شتێک کە هاتە نێو دەقى شیعرییەوە وەکو خۆى نەمێنێتەوە و هەرچۆن هەیە گۆڕانێکى بەسەردا بێت، دەبێ زمانى شیعرى زمانێکى تر لە نێو زماندا هەڵبکۆڵێت، بە جۆرێک کە دژەکان بتوانن بە پاڵ یەکەوە لە نێویدا بژین، گاستۆن باشلار پێى وایە ژیان دەچێتە نێو هەموو شتێکەوە کاتێک کە لێکدژییەکانى تێدا کۆدەبنەوە:

ئاسن پڕیەتى لە نەغمە لە من

 ئاسن تژییە لە گوڵ.

ئومێدى میشێل فوکۆ بە ئەدەب ئەوەبوو بتوانێت زمانێکى تر لەنێو زماندا وەک کەلێن دروست بکات، باشلاریش پێى وایە وێنەى شیعرى دەبێتە بوونێکى نوێ لە زمانى مندا. ئێستە ئیدى نابێت ئەدەب تەنیا ڕازێنەرەوەى زمان و ڕیزکردنى وشەى جوان و قەشەنگ بێت، وادیارە ئیتر جوانى ڕاستەوخۆ لە ڕستەى جوان و شتى جوان و بوونەوەرى جوانەوە نایەت، تەنیا لەو وشانەوە وەرناگیرێت کە ئاوازێک لە تۆنەکەیدا هەیە و خۆیشى دەلالەتە لە شتێکى جوان، سدیق عەلى دەرکى بەمە کردووە بێ ئەوەى بکەوێتە نێو ئەو هەوڵە ساردو سڕى و کرچ و کاڵ و نەزۆکەى کە لەم ساڵانەى دواییدا لە لایەن چەند شاعیرێکى ڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستانەوە سەرى هەڵداوە بۆ تێکدانى زمان و شکاندنى وشەکان، ئەو هەوڵەى ئەوان هیچ نییە جگە لە کوشتنى ڕۆحى شیعر. سدیق عەلى دەیەوێت ئێستاتیکاى شیعرى لە شوێنێکى دیکەوە دروست بکات، ئەم شوێنەیش هیچ نییە جگە لە کەلێنەکانى زمان، جگە لە درزەکانى، ئەو تەنانەت کە دەشنووسێت (ئاسن) پڕى دەکات لە کەلێن (ئا..س..ن)، یان:

ئا..

س..

ن..

یان کە دەڵێت:

 دڵم بە دڵم دەسووتێ،

ئێستایش هەروا لە ناوەڕاستى

(ئا..س..ن) ـدام..

ئیتر ئەرکى شاعیر پڕکردنەوەى کەلێنەکانى زمان نییە، بەڵکو گەورەکردنى درزەکانییەتى، شاعیر لەم درزانەدا نیشتەجێ دەبێت، کەواتە ئێستا ئەکرێت وتە بەناوبانگەکەى هایگەر "زمان ماڵى بوونە" و ئێمەیش لە سەرەوە باسمان کرد، بەم جۆرە لێک بدەینەوە: بوون لە زماندا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لەنێو ژوورەکانیدا نا، لەنێو دڵیدا نا، بەڵکو لەنێو ئەو درزانەدا کە وان لەناو دڵیدا. ئایا هێشتایش ئەشێت بڵێین زمان ماڵى بوونە؟ ڕاستییەکەى کەلێنەکانى زمان ماڵى بوونن، بەڵام ئەم کەلێنانەیش تەنیا لەنێو زمان خۆیدایە، بەم مانایە سوبێکت خاوەنى زمان نییە، بەڵکو لە زماندا دەژى، بۆیە شتێک نامێنێت بە ناوى ناوەوەى زمان و دەرەوەى زمان، تەنیا یەک شت هەیە: زمان و کەلێنەکانى. بەمەیش زمان لە مەسرەفکردن و بەکارهێنانى ڕۆژانە ڕزگار دەکەین.

دواجار منیش تۆم کە دەڕۆیت،

منیش ڕەشەبایەکم کە زەوقى ئاوڕدانەوەى نەماوە. (کەوتنەخوارەوە لە تۆ، ل 5).

 

ئەدەب ئەوەیە کە زمان لە بەکارهێنانى تەکنیکییەکانە و ڕۆژانە ڕزگار بکات، ئەم ئەرکە بەوە ناکرێت کە زمانێکى تایبەت بە خۆى دروست بکات، یان کۆمەڵێک پێشمەرج هەبێت لەسەرت بسەپێنرێت تا بتوانیت بچیتە نێو دونیاى ئەدەب، ئەمە تا ڕادەیەکى زۆر بۆچوونێکى کلاسیکییانەیە، بەڵکو بەوە دەکرێت زمان بێ ئەوەى مەسرەف بکرێت زێدەڕەوى لەو شتەدا بکات کە باسى دەکات. باشلار پێى وایە ڕۆحى شیعر ئەوەیە شتێکى نا واقیعیت لەبارەى شتێکى واقیعییەوە پێ بڵێت، یاخود جەوهەرى شیعر وا لە زێدەڕەویکرنەکەیدا:

دەچمەوە کۆڵانە گوناهەکانى پشت ماڵ

دەبینم ئاسن بە تەنیا

ئەو کتێبە سووتاوەیە

ڕستەکانمان لە پەرەگرافێکى خۆڵەمێشیدا خڕ دەکاتەوە (ل 11).

 

زێدەڕەویکردن درۆیەک نییە کە شاعیر لەگەڵ خۆیدا بیکات، بۆ نموونە کاتێک یار شاعیر بەجێ دەێڵێت شاعیر زێدەڕەوى لە هەستەکانى خۆیدا بکات، فرمێسکى نە ڕشتبێت و وا نیشان بدات دەریایەک فرمێسکى باراندووە، بەڵکو زێدەڕەویکردن لە شیعردا زێدەڕەوییە لە خودى خەیاڵدا، بەو مانایەى تا خەیاڵ بڕ دەکات شاعیر واقیعەکەى خۆى درێژ دەکاتەوە و تا دوا سنوورى خۆى ڕایدەکێشێت، هەر لەمەشەوە کە شاعیر ئاسن ڕەقتر لە خۆى دەبینێت و ئاویش لە خۆى نەرمتر، یان هەست بە نەرمیى ئاسن و ڕەقێتى ئاو دەکات.  

گەڕان بۆ بابەت