ما 3261 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەنگین پیرۆت نورى

ئەوەى لەم رۆمانەدا گرنگە باسکردنى ئادەمە، کاتێک خودا دروستى کرد و فووى ژیانى بە کونە لوتیدا کرد، ئادەم بە دروست کراوەکانى خودا سەرسام نەبو، بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا ئادەم بۆ سەرسام نەبوو؟ ئایا بۆ مرۆڤەکانى دواى خۆى، چ بەخۆى چ بە دروستکراوەکان سەرسامە! ئادەم لەبەرئەوەى سەرسام نەبو پرسیاریشى نەبوو، بەڵام مرۆڤەکانى دواى ئەو نەک پرسیار دەربارەى خولقێنراو دەکەن، کە ئایا ئادەم بە گەورەى دروستکرا یان خودا وا دروستى کرد وەک هەر مرۆڤێک قۆناخەکانى تەمەن ببڕێت؟ 

 

 

رۆمانى (مایا) رۆمانێکە پڕ لە پرسیار، ئەوە وا لەخوێنەر دەکات هەر خۆشى وێڵى وەڵامەکان بێت نەک ئەوانى تر لەبەبرى ئەو وەڵام بدنەوە،. وشەى "مایا"بە زمانى هندى یانى "وەهم" خوێنەریش بەدرێژاى رۆمانەکە بەدوا"مایا" یانى بەدوا ئەو وەهمەدا فکرى سەرقاڵى دۆزینەوەى حەقیقەتە کە لەپشت وەهمەوە خۆى مەڵاسداوە. بگێرەوەى چیرۆکى ناو رۆمانەکە،پیاوێکى تەمەن چڵ ساڵەى نەرویجیە بەناوى "فرانک" کە لەدورگەى "تاڤیونى" سەر بەدورگەکانى "فیجى" لەناوچەى خواروى ئۆقیانوسى ئارامەوە ،نامە بۆ " ڤیڕا" ى هاوسەرى دەنێرێت و پشکنینەزانستەکانى دەربارەى زیندەوەرانى سەر دورگەکەو گەشتەکە ئاگادارى دەکاتەوە.

زۆرى لاپەڕەکانى ڕۆمانەکە وا لەخوێنەر دەکات بەقەد زۆرى پرسیارى زانستى گەردوونى بەناخى ڕۆمانەکەدا شۆڕبێتەوە نەک وەڕەزى بکات، بەبڕواى من هۆکارى قوتدانى خوێنەر لەناو ڕۆمانەکە، بوونى جۆرێک گفتوگۆیە لەسەر تیورە زانستەکان نەک پرسیارە فەلسەفییەکان، چونکە زۆرترین پرسیار دەربارەى گەردوونە، گەردوونیش ماددەیەکە لەژێر شیکارى زانست، نەک مشتومرى بەرز و نزمى تێزە ئاڵۆزەکانى فەلسەفە. بوونى بۆچونى هەمەلایەنەى کارەکتەرەکان لەسەر "گەردوون" و "وەهم"ە لەمۆخى حەقیقەتدا، یان بوونى "حەقیقەت" لەدیو و لەپشت وەهمدا. بە دیوێکى تر، وتووێژى کارەکتەرەکان شیکارى زانستانەیە. گەردوون دەکەوێتە کوێى وەهمەوە ئەگەر پێمان وابێ گەردوون وەهمە، بۆیە من پێم وایە، گەردوون دەکەوێتە ناخى حەقیقەتەوە، خۆ ئەگەر گومان لە بوونى حەقیقەتى گەردوون بکەین دەپرسم ئەىحەقیقەتى ئەم جیهانە چییە؟

لەم ڕۆمانەدا خوێنەر خۆشى دەبێتە یەکێک لە کارەکتەرە زیرەکەکان وەک ئەوانى تر پرسیار دەکات و وەڵامیش دەداتەوە، جار جاریش خۆى پرسیار دەکات لەنێو ڕۆمانەکەدا وەڵامەکەى دەست دەکەوێتەوە.

ئەوەى سروشتى ئەم دورگەیەى باراستوە بوونى دانیشتن و گێڕانەوەى رووداوى ڕۆژانە و چیرۆک و حکایەتى ئەفسانەیە. ڕۆمانەکە پێمان دەڵێ تەلەفزیۆن و کارەبا دوو شتتن بۆ لەناو بردنى وشە و دانیشتنى شەوانە،تەلەفزیۆن لەبرى هەمووان قسە دەکات و کارەباش ئارامى شەو دەشێوێنێ.

چوونى مرۆڤ بۆ دوورگەیەکى لێوانلێو لەسروشت گەڕانەوەى ڕەسەنایەتى مرۆڤە بۆ ناو ناخى خۆى و گەڕانەوەى مرۆڤ و سروشتە بۆ ناو باوەشى یەکتر مرۆڤ بەسەرسوڕمانەکانى، سروشتیش بە دارو ئاو و هەوا پاک و گیاندارەکانى، سروشت لە دوورگەى تاڤیوونى  ڕۆحى مرۆڤ پاک دەکاتەوە و هەست دەکات دیسانەوە وەک کەساتیەکى نوێ لەدایک بۆتەوە. فرانک لە نامەکەیدا بۆ ڤیڕا درێژەى دەداتێ و دەنووسێ :" زۆر بەقووڵى و تێڕامانەوە تەماشاى دەریام دەکرد، چێژم لەو سەرچاوە سروشتییە بینى کە نموونەیەکى یەکجار کەمى لەجیهاندا ماوەتەوە. لەویادا بیرم لە بێدەنگى کردەوە ئەوەش شتێکە کە مرۆڤ تا ئەندازەیەک بنەبڕى کردووە."

ئەوەى لەم ڕۆمانەدا گرنگە،باسکردنى ئادەمە، کاتێک خودا دروستى کرد و فووى ژیانى بە کونە لوتیدا کرد،ئادەم بە دروست کراوەکانى خودا سەرسام نەبو،بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا ئادەم بۆ سەرسام نەبوو؟ ئایا بۆ مرۆڤەکانى دواى خۆى،چ بەخۆى چ بە دروستکراوەکان سەرسامە! ئادەم لەبەرئەوەى سەرسام نەبو پرسیاریشى نەبوو، بەڵام مرۆڤەکانى دواى ئەو نەک پرسیار دەربارەى خولقێنراو دەکەن، کە ئایا ئادەم بە گەورەى دروستکرا یان خودا وا دروستى کرد وەک هەر مرۆڤێک قۆناخەکانى تەمەن ببڕێت؟  مرۆڤەکانى دواى ئادەم هەتا لەخودى خولقێنەریش پرسیاریان هەیە کە ئەو ئادەمى دروست کردوە ئەى دروستکراوى ئەو کێیە؟

ئادەم و حەوا لەو بەهەشتە سەرسوڕهێنەرەى خودا کەلە کتێبە ئاسمانیەکانى باسى دەکات بەهیچ شتێک سەرسام نەبوون، کە سەرسام بونایە وەک "ئانا" و "خۆسێ" کە بەبینینى سروشتى دورگەى تاڤیونى سەرسام دەبوون پرسیارێکیان دەبوو.

خۆسێ دەڵێ"ئەگەر خاڵقێک هەبێت،کەواتە کێیە؟ وە ئەگەر هیچ خاڵقێک نەبێت کەواتە ئەم جیهانە چیە" کەواتە تا ئێستا فەلسەفە لەسەر بوون و نەبوونى خالق نەیتوانیوە بگاتە بڕیارێکى یەک لاکەرەوە.

ئەم ڕۆمانە تێڕامانى خوێنەر بەسەر ئەو پرسیارانەى دەیان کات قوڵتر دەکات و وا لە خوێنەر دەکات ڕا گوزەر کتێبەکە نەخوێنێتەوە و دەڵێ:"ڕاستە خۆر تەنها ئەستێرەیەکە لەنێو سەدان ملیارد ئەستێرەى ئەم گەلە هەسارەیەدا تەنانەت گەورەترین ئەستێرەش نیە" ئەم وتەیە هزرى خوێنەر جوڵە پێدەکات کە بپرسێت" ئەگەر خۆر لەو سەدان ملیارد ئەستێرەیەى گەلە هەسارەیە لەهەمویان بچوکترە،بۆچى ڕووناکى و تینى گرى خۆرەکەى لەئەستێرە زەبەلاحەکانیش زیاترە ؟"

دەمەو ئێوارەیەکى گەرم پرسیارە گەرمەکان،کارەکتەرە سەرەکییەکان لەسەر مێزى گفتزگۆ کۆدەکاتەوە کارەکتەرێکى ڕۆمانەکە بەناوى "جۆن" پرسیار دەکات "لەوبڕوایەدان وزەى گەردونى هەمیشە هەر بونى هەبوبێت؟ ئەگەر نا،ئایا ئەو وزەیە خۆى لەخۆیەوە سەرى هەڵداوە یان بەهۆى هێزێکى خوڵقێنەرى ناوەکى یان دەرەکیەوە دروست بووە؟" خۆسێ کە پێشتر ناومان هێنا،لەوێ ئامادەیە و پێى وایە " مرۆڤ خەلق نەدەبوو ئەگەر ئەم گەردوونە زۆر بچوکۆلە تر بوایە وەک لەوەى کە ئێستا هەیە.بەلایەنى کەمەوە شتێکى وا لە ماوەى حەوت ڕۆژ ئەنجام نەدراوە. ئێ خۆ پانزە ملیارد ساڵ بەسەر تەقینەوە گەورەکەدا تێپەڕى و ئینجا هاڕەکەى بەرگوێ کەوت" 

کارەکتەرێکى تر بەناوى (لاورا) دەڵێ: "هەموو شتە جۆراو جۆرەکان وەهمن و تەنیا ڕواڵەتەکان دەبینین. کاتێک خەو دەبینین،وادەزانین کۆمەڵێک شتى جۆراو جۆر ئەزموون دەکەین و لەو کاتانەدا لەدەرەوەى حەقیقەت داین،تەنها ئەو ساتە دەزانین خەونە کە خەبەرمان دەبێتەوە،ئەو حەقیقەتە دەردەکەوێتەوە  کە هەمیشە هەر هەبووە. واتا دەبینەوە بە خودى ڕاستەقینەى خۆمان. لەبەر ئەوە پێویستیش ناکات لە مردن بترسین. هیچ شتێک نامرێت. تەنها شتێک لەکاتى مردنماندا کە وون دەبێت،خودى ئەو وەهمەیە کە وا دەزانین لەجیهاندا جیا کراوینەتەوە.هەر کتومت وەک ئەوەیە لەکاتى خەوندا وا دەزانین خەونەکانمان شتێکى جیاوازن لە ڕۆحماندا.

یەکێکى تر لە کارەکتەرەکان بەناوى(ماریۆ) گوتى: "کێ خاوەنى تێڕوانینێکى ساویلکانەیە بۆ جیهان و گەردوون؟ ئایا کەسە ئایینیەکانن یان ئەوانەن تەنها بڕوایان بەشتە بینراو و مەڵموسەکانە. هەموشتێک لە تەقینەوە گەورەکەوە سەرى هەڵداوە" "ئانا"ش دەڵێ: "حەقیقەتێک لەدەرەوەى ئەم حەقیقەتەدا هەیە. من کاتێک کە دەمرم .نامرم. ئەوکاتە هەموتان وا دەزانن کە من مردوم. دیسانەوە پاش ماوەیەکیتر لە شوێنێکى تردا یەکترى دەبینینەوە".

 

 

گەڕان بۆ بابەت