ما 7728 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح رەنجدەر

هەر بە ڕێ ڕوونی كتێبەوە لەگەڵ خەمی هەستپێكراو و دنیای زەینی زۆرێك لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، كەم و زۆر توانای ئەوان لە خۆڕاچڵەكاندن و گەشە و پەروەردەكردنی ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گەنجینە و هێزی ڕۆح و پێوانەی شیاو و سەرچاوەی درەوشاوە و سۆزی شاراوە بوونە.

 

ناسینی كتێب: بيره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ كتێب

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

هەر ڕووداوێك، كە ماوەیەكی بەسەردا دەچێت. دەبێتە یادگاری، یادگاریش مرۆڤ بە ڕوونی دەبینێت. لە ماڵەكەماندا پەنجەرەیەكی گەورەی داری بە هێڵەك داپۆشراو هەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەكی لاكێشەیی نیمچە گەورەی تێدا بوو، بە پەردەیەكی سپی داپۆشرابوو، پەردەكەش بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە كاكم خالید. تەواو قووڵایی منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە 25/8/1988دا جەیشی شەعبی، لە هەولێر شەهیدیان كرد.

شەهیدبوونی ئەم برایەم گورزێكی كوشندەبوو بەر ڕۆحی من كەوت و ئازاری هێناكایەوە. لەخۆ ئامادەكردندا بووم، ئەم ڕووداوە لەناو پێكهاتەیەكی كاریگەردا بەكاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نەكراوە. لەبەر ئەوەی من لە سەرەتای شیعردا بەدوای ئاكامێكی نەزاندراودا دەڕۆم و لە درێژبوونەوەیدا دەیدۆزمەوە. لە بینینی دۆزراوەكەدا بەئاگادێمەوە، نایابترین دۆزینەوەش ئەوەیە لە ئاكامدا دەربكەوێت.

لە سەرەتادا ئاكامی ئەو ڕووداوەم دەزانی و لە كۆتاییشدا نەمتوانی بیدۆزمەوە، واتە: لە ڕووداوێك دەدوێم هێشتا ڕووی نەداوە. لەوانەیە ڕووبدات. هەوڵ دەدەم ئەو (لەوانەیە) بدۆزمەوە و لە دۆزینەوەیدا بەئاگابێمەوە، دۆزینەوە ڕوونكردنەوەی بیركردنەوەیە.

سەرەتای ڕێگا و بەركەوتنم لەگەڵ كتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوێنەر و كتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵی بوون و سەرچاوەی درەوشاوەی وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێكی بەهێز و نەشكاو و قەڵای پشت پێدان. كۆمەڵێك كتێب و دوو شووشە مەرەكەبی چینی، یەكێكیان ڕەش و ئەوی دی شین و قەڵەم پاركەرێكی بیست و یەكی ڕەنگ جەرگی تێدابوو، كتێبەكان زۆربەیان عەرەبی بوون. ئێستا نازانم ئەدەبی بوون، یان فەلسەفی، كۆمەڵناسی، سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی، ئایینی ... تاد، لەناو كتێبەكاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی) بە بەرگ تێگیراوی هەبوو، هەمیشە كەڵەگیای بۆنخۆشی لەناو دادەنا، كە گیایەكە وشك دەبوو، دەیگۆڕی و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم كتێبە هی ئامۆزایەكی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانەی گوندەكەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەكانی بۆنە و ڕێكەوتەكانی بنەماڵەكەمانی هەمووی تێیدا تۆماركردبوو، وەك: ڕێكەوتی مردن و لەدایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حەج و گەڕانەوە و ناونووسكردنمان لە قوتابخانە ... تاد.

ساڵی 1973 جگە لە كتێبەكانی قوتابخانە، یەكەمین كتێب بەر هەست و نەرمایی پەنجەكانم كەوت ئەم دیوانە بوو. كاكم بە دەنگ و ڕۆحێكی ئاهەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەی هیچ شتێكی واش لە شیعرەكان حاڵی ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەكەیدا ون دەبووم و بڕوام بە هەستێكی نادیار دەهێنا، بە دوای گەنجینەی شاراوەی زەینی خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێك مەگەر ڕێكەوت دەستم بگرێت و بمهێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین مانای ژیانم پێبدات، كە مەرگە. مەرگیش یارمەتی تەواوی ئازارەكان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵی و چێژی ئەوكاتم لە كتێبخانەكەمدا لە ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یەكەمین دیوان ڕیزبەند كردووە و ئەوانی دی بە دوایدا.

لە سەرەتای منداڵیمدا حەزێكی بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیەكی نیمچە گەورەمان هەبوو، سندووقەكەی فایبەر بوو، بە پێستێكی قاوەیی داپۆشرا بوو، ئەمیش وەك دەلاقەكە لە قوماش بەرگێكی سپی بۆ كرابوو، بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لەسەر نەخش كرابوو، هەمیشەش گوێم لێی ڕادەگرت و لە كەناری مۆسیقاوە دەجووڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ڕاوە كێشكە و نیشانەشكاندن بە دارلاستیك و هەڵەپاسی دووری دەكردمەوە، وەك ئەوەی ئەو ئاواز و نەوایەی گوێم نەرمە بارانێك بێت بەسەر خاك و خۆڵی دەوروبەرمدا بڕژێت و هەناوی فێنك و دەموچاویشی نەرم بكاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشك و برایەكانم بە شانی خۆمەوەم وەدەكرد و دەڕۆیشتم، بەم كردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەكردم، گردێك لە پشت ماڵمان هەبوو، بەناوی باپیرمەوە ناودێربوو، گردی: (حەسەنە لەك. حەسەن سلێمان وەلی) بەدڵ گردێكی دڵبەربوو، بەهاران گوڵە دەرزیلە و حاجیلە دایاندەپۆشت. دەچووم لە تەختایی ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشای ئەم لا و ئەولا و شینایی دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانم دەكرد و گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت، هەموو ڕۆژێك دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەكی ڕەحمەت بەسەرمدا هەڵیدەكرد. جیهانێكی بۆ دروست دەكردم، هەستی خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەكان دەهێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، كە پێیدا هاتبووم، واتە: ناخی خۆم. سەگێكی بەوەفاشمان هەبوو، ناوی:(دەبان) بوو، كە لە ماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەهات و پاسەوانی دەكردم. بە هیچ ئا و نایەكیش دوو هەنگاو لێم دوورنەدەكەوتەوە. وەك ئەوەی گەورەیەكم بێت و پێی گوترابێ چاودێریم بكات. نازانم ئەم ئەفسوونە چی بوو، كەوتبوومە ژێر ئەفسوونی دەنگی: (سەڵاح داودە)وە، بە تایبەتی گۆرانی: (كوێستانان خاڵخاڵ)، كە لە بەرنامەی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا دەكرا. هەركاتێك ئەو گۆرانی بگوتبووایە ڕادیۆكەم دادەنا و دوومەترێك لێی دەكشامەوە و تەماشای شكۆیم دەكرد. وەك ئەوەی تەلیسمێك بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشی و شادی و ژیانە و داكشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەی دەنگی گەرمی ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەكانی بادا بۆی دەگەڕام و لە هەستمدا سۆزی سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووی ناخە ئەوپەڕی تایبەتمەندی بوو. هەر بەهۆی ئەوەی زۆر گوێم لە گۆرانی دەگرت. شارەزایییەكی سەرەتاییم لەسەر چینەكانی دەنگیش پەیدا كردبوو، دەمتوانی لەسەر شێوازی بەشێك لە گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمەوە. هەر شتێك، كە تاسە و خواست و ئارەزووت بۆی هەبوو، تواناشت بۆی پەیدا دەبێت. بەهیچ جۆرێكیش حەزم لە گۆرانی زرم و كوت نەبوو، هەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەكرد، كە وەك هێڵێك خەیاڵ درێژ دەكەنەوە. ئەم ئەشقی گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەی كرد و پێكهاتە و بنچینەی خۆی دامەزراند، ئێستاش گۆرانی هاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شكۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەكاتەوە، وەك مۆسیقایەكی نەرم بژیم.                       

ساڵی 1978 لە پۆلی یەكەمی ناوەندیدا مامۆستای وانەی كوردیمان، كە ئەمڕۆ بە سوپاسەوە ناوی دەبەم: (شێركۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا لە پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك لەبارەی (سروشتی لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەی، كە من كوڕەلادێیی بووم لەوانی دی كەمێك زیاتر شارەزای ئەم سروشتەم. بۆ هەفتەی داهاتوو داڕشتنەكەی هێنایەوە و بۆ هەموو قوتابییەكان نمرەی شیاوی خۆی دانابوو، تەنیا ئەوەی منی نمرە لەسەر دانەنابوو، وەك ئەوەی هەستی بە كارخراپییەكی من كردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتی: (سەباح سابیر حەسەن) كێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەی هیچ قسەیەك بكات لە تەنیشت تەختەڕەشەكەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە، مامۆستایەكی بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەكار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەی كوردی و دنەدانی قوتابی بۆ خوێندنەوەی ئەدەب و دامەزراندنی گۆڕانكارییەكی ئەدەبی. بەو بیانووەی وانەی كوردی زمانی خۆمانە و پێویستە لەناویدا بكوڵێین و بە دۆخەكانی ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخی دۆزینەوە و باش لە پێكهاتە و بنچینەكانی شارەزابین. زمانیش هەستێكی گەرماوگەرم و خۆڕسك و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بكات. هەر قوتابییەك لە شەست كەمتری وەربگرتبوایە لێی دەدا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرد. دوای ئەوەی ئافەرینی بەشێكی كرد و لە بەشێكیشی دا. ڕووی لە من كرد و گوتی: كێ بۆی نووسیوی. منیش لەو هەستە تۆقێنەرەی چەند چركەیەك پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و بیرۆكەی پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گوتم: ئەدی مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسی. نەختێك چووەوە ناو زەینی خۆی و تووڕەیییەكەی خاو بووەوە و خوێنێكی خۆشیی لە دەموچاوی خۆش سروشتیدا گەڕا. ئینجا نمرەی لەسەر داڕشتنەكەی منیش دانا و گوتی: ئافەرین (سەد). ئای چۆن سەركەوتنێكی بچووك لە دنیای ژێری دەتباتە دنیای سەروو. ڕۆژی دوایی هاتەوە كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووی ئەو ئافەرینە بووم، نیو هێندە شەیدای شیری ناو گوڵەگەنمی كێڵگەی گوندەكەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانەی لەسەر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینی خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە، گۆرانیبێژەكان بەناویدا هاتوچوویان بكردبووایە.

سەرەتای ڕێگا و بەركەوتن و یەكەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمی كتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستی پێكرد و بووە هێڵ و هێمای بوونم. ئەو هەفتەیە بە هەموو بوونێكمەوە لەناو كۆشیعرەكەدا ژیام، ژیانێك مەگەر بەس متەسەووفەكان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزكردنەوەدا، هێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونی خودا و لە خۆیان نزیك بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخی خۆیان، واتە: یەكبوون لەگەڵ خودا و هێزی ئەدەب. بۆ هەفتەی داهاتوو كۆشیعرەكەم بۆ گەڕاندەوە. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لە خوێندنەوەیدا پەلەت كرد. منیش بە بێباكی و نەختێك بە هەوابەرزی و بە خۆهەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەك ئەوەی بڕوام پێنەكات و لە قسەكەم بە گومان و دوودڵ بێت گوتی: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەی لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم كامە شیعر. دیسان هەڵوەستەیەكی تری كرد و چووەوە ناو زەینی خۆیەوە. وەك ئەوەی بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناكییەكی هێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆهەڵخستنەكەم دڵنیابێت. لاپەڕەی هەڵدایەوە و ناونیشانێكی دەگوت. تەواوی وانەكە، چل چركە بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆكردن كەمێك هەڵەم دەكرد، بۆی ڕاست دەكردمەوە، لە كۆتایی وانەكەدا پێمی گوت: بەهرەیەكی دەگمەن و كەم وێنەی، ئەو وزەیەی هەتە باش مشتوماڵی بكە، چالاك نیشانت دەدات. هەر هەمان ڕۆژ منی بە كتێبخانەی (تەئمیم) و خاوەنەكانی: (جومعە و ئەحمەد)، كە دوو مرۆڤی هێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان و كاتی دەرچوونیانی بۆ نووسیم. یەكەمین كتێبیش، كە كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكەی فەلاح بوو، دوابەدوای ئەمیش كۆشیعری: (خونچەی سەهۆڵ)ی ئازاد دڵزار بوو، ئێستاش ناوەناوە كتێبی یەكەم و دووەم بۆ تەماشاكردنەوە و خوێندنەوە هەڵدەبژێرمەوە.                

  لەو ڕۆژەوە ئەو بیرۆكەیەم لەسەر گەڕا، لەفە و بەدەمچە و كەوكەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و شەكرلەمە و فەریكەنۆك ... تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەكەم بووە خەرجی ڕۆژنامە و گۆڤار و كتێب، یارمەتی ئەوەی دام توانا لە خۆمدا بدۆزمەوە و ئاراستەی كردم و جیهانی نادیارم كەوتە گەڕ.

دوای ئەوەی چوومە ناو خوێندنەوە و بە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی حەفتایەكان داهاتمەوە و ئاشنای ناوی نووسەران بووم. بۆم دەركەوت ئەم مامۆستایەم لە ماوەیەكی كورتدا نووسەرێكی كارا و چالاك بووە، دیارترین نووسینی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە ڕۆژنامەی هاوكاری، ژمارە (تایبەت) لە 1/1/1972 بە ناونیشانی: (حاجی قادری كۆیی: شاعیری سەردەمی ڕاپەڕینی نەتەوەی كورد) بڵاوی كردووەتەوە.

ئەو بایەخدانەی بەمن ئەوە بوو، ئەو بۆشایییەی كەوتبووە نێوان (ئەم) و (نووسین) منی بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژارد، وەك بڵێی بەهرە و توانای خامۆشبووی خۆی لەم هەڵبژاردنەیدا دۆزییەوە و بەردەوامبوونی خۆی لە مندا پەرەپێدا.

لە ناوەڕاستی هەشتایەكاندا: (مەحموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی: (هاوكاری)دا لەبارەی نوێبەخشی شیعری كوردی و شانەی: (پێشڕەو)دا نووسی. لەو نووسینەیدا دەستەواژەی: (كرمی كتێب)ی بۆ من بەكارهێنابوو، ئەو ڕوونكردنەوەشی دابوو: خەونی ئەم لاوە خەونێكی درێژە. ئەگەر پێی لەسەر زەمینەی خوێندنەوەدا لانەدا. حاڵەتێك بە شیعری هاوچەرخی كوردی دەبەخشێت.                           

  شیعرەكانی: (هێمن) چێژی زمانی ئەو گوندەی دەدا، كە خۆی تێیدا لەدایك بووە. بە سادەییش وێنەی ژیانی ئەو خەڵكەی كێشاوە، كە هەستان و دانیشتنی لەگەڵیاندا هەبووە، واتە: دەرەنجامی ژیان و گوزەرانی خۆیەتی. زمان و زمانڕەوانی شیعرەكان كەمێك لادێیی بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتی ئەوسای منی بە پڕی ڕادەگرت، تا ئەوپەڕی چێژ، بردمیە وەرگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب لە توانایدایە بیابان بكاتە بەهەشت. ڕەنگە هەر ئەو سادەیی و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانی لا كردمە ئەو بەهەشتەی: (شاری خۆر) پەرستن و شەونوێژی بۆ دەكەم، بچمە ناوی و بیكەم بە ڕوانگە و گوتاری ناخم و هەوڵی دۆزینەوەی وشەی گونجاوی تێدا بدەم. وەرچەرخانێكی تەواوی ئاراستەكانی ژیان بوو، هەروەها تاڕادەیەك ئەو ئاراستەیەی دامێ، بزانم هێز و بێ هێزی زمان لە كوێی دەقدا دەردەكەوێت و بە ئەدەبیبوونی دەقیش لە چ بەكارهێنانێكدا ئاستەكانی دەردەكەوێت، واتە: ئەوەی بابەتێك دەكاتە بابەتی ئەدەبی، زانیاری و هێزی زمانە، یان هێزی زمان و كاریگەریی بابەت.            

 شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینی زمانەوە ئاستداری دەستنیشان ناكرێت. لە تێڕوانینی بابەتی هەستی و بەكارهێنانی ئەدەبییانەی زمانەوە، گەشانەوەی هەستی و زمانیی لای خوێنەر گەڵاڵە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونی هەر ڕستەیەك مانای ئەوەیە زمان لە بەكارهێنانی زمانی ڕۆژانەدا دەرهاتووە و هێندراوەتە ناو زمانی ئەدەبەوە، هەروەها كارلێكردنی وشە لە دەقی ئەدەبیدا، چۆن هێزی وشە وشەیەكی دیكە ڕادەكێشێت و دروستی دەكات و تۆڕی زمان دەچنێت.         

  ئەگەرچی (هێمن: 1921 - 17/4/1986) وەك تەمەن حەڤدە ساڵ دوای (گۆران: 1904 - 18/11/1962) لەدایك بووە. حەفت ساڵیش لەم زیاتر ژیاوە، بەڵام نوێبوونەوەی شیعری كوردی چاوگەكەی لە گۆرانەوە دەست پێدەكات. هێمن لە چەمكی شیعری ئاسایی دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاراستەیەش دەینووسی، واتە: وەك شێواز كۆنەخواز بوو، بەڵام وەك بیروڕا و دەربڕین نوێخواز بوو، دیوانەكەی لە لام ئامادەیە و سێبەرەكانی بە تەواوی لەناو زەینمدا دەجووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبەخشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش بە دیوانی شیعری كوردی نەكردووە. لە دەقی: (بەهاری كوردستان)، بە شیعر لەبارەی سروشتی نووسیوە، هەموو خەسڵەتەكانی هۆنینەوەی شیعری تێدایە، بەڵام شیعرییەت و خەیاڵی پڕی تێدا نییە. لەم دەقەیدا بە شاعیر داناندرێت، بەڵكو بە ڕووەك ناس و شارەزایەك لەبارەی ژیانی لادێ دادەندرێت. بەڵام بەشێك لە شیعرەكانی كۆشیعری: (ناڵەی جودایی) شیعری مەیدان كورت نین و لە شیعرە هەرە دەگمەنەكانی ئەدەبی كوردین. بەتایبەتیش شیعری: (ئێوارەی پایز)، شیعرێكه‌ تێیدا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌ پاكی و بێگه‌ردییه‌كی ڕۆمانتیكیانه‌ و  تەواو هەستییە، لە زەمینەی شیعری پڕ و شیعرییەتی پڕ خوڵقاوە.                                                       

 ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتوویەتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ كردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی كردووم بە مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهەنگی ژیان، بەڵام هەستی شیعریی من لەسەر هەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، هەروەها بەهیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت، شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی هەزار و یەك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەهای تۆ بكەم و پاداشتت بدەمەوە. بە كامی دڵ لە باوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەكەم و ڕێز لە سیما و چاوی پڕ لە ڕازت دەگرم، هەروەها هەر لەم بۆنەیدا هەل و بوارێك وەردەگرم تا گوناهێك لەسەر شان و ڕۆحم هەڵگرم و باری گران و بە ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكەم. گوناهێك، دواتر بۆ نووسەرەكەی بە خێر گەڕایەوە. لە تەمەنم یەك جار كتێبم لە كتێبخانە لە غەفڵەتی خاوەنەكەیدا بردووە، ئەویش لە 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی بوو، نەمدەزانی بە شەقامدا دەڕۆم، یان بەناو گەرووی مار و تونێلێك ئاگر، یان لە ڕەوەزە شاخێكی عاسێدا گیربوویمە و هەڵدێران هەڕەشەم لێ دەكات، ها ئێستا نا، دوو هەنگاوی تر دەكەومە ناو چاڵێكی بێئامانەوە. لە نیوەی ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەكڕاست بە ڕەنگی زەرد و هەڵبزڕكاو و دەروونی ماندوو و نیوەڕۆح بوومەوە گەڕامەوە لای: (جومعە و ئەحمەد)، دانم پێدانا ئەم كارە خراپەم كردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گوتیان: بۆیە دڵمان بە كتێب و ژیان خۆشە، هێشتان مرۆڤی باوەڕ بەپاكیی خۆی وەك تۆی تێداماوە، بە بچووكترین هەستپێكردن لە ناخەوە ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبەكەیان لێ وەرنەگرتمەوە و دیوانی: (مەحوی)شیان بە دیاری وەك ڕەفتار و كردەوەیەك پێدام. لەم بارەی لێبووردنەدا هەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشكە نەیدەبردمەوە، لە قووڵایی بوونمەوە پاك بوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونی ڕۆیشتم. كتێبەكەم هەر لەلا مایەوە و هەمیشەش لێی دەسڵەمیمەوە. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ئاراس: (بەدران ئەحمەد حەبیب) كرد، كە چاپی سێیەمی ئەم كۆچیرۆكە بكەنەوە. هەردوو دەستی لەسەر چاوی ڕەزامەندی دانا و گوتی: شەیدای زمانی ئەو چیرۆكنووسەم و سوودیشم لە پێكهاتە و بنچینەی زمانە ئێجگار زیندووەكەی وەرگرتووە، توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە لە بەكاربردنی وشەی پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵگای كوردییەوە و زمان تائەوپەڕی دەناسێت و باش لە ناوكی وشەش تێدەگات، فەرهەنگی وەك خاكی سوارچاكان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دوای هەوڵ و كۆشش و پەیوەندیكردن، شەش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خستە پاڵ چیرۆكەكانی: چاپی یەكەم: 1967 - بەغدا، چاپی دووەم: 1985 - بەغدا، ساڵی 2010 چاپی سێیەمیان خستە كتێبخانەوە.       

هەر بە ڕێ ڕوونی كتێبەوە لەگەڵ خەمی هەستپێكراو و دنیای زەینی زۆرێك لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، كەم و زۆر توانای ئەوان لە خۆڕاچڵەكاندن و گەشە و پەروەردەكردنی ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گەنجینە و هێزی ڕۆح و پێوانەی شیاو و سەرچاوەی درەوشاوە و سۆزی شاراوە بوونە. هەمیشەش لە ئەزموونی خۆمدا ویستی یەكەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە، (ئەدەبێكی فرەنیگا)ی خۆكردی حەڵاڵزادەی خۆم بەرهەم بهێنم. چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە. جەوهەری پێكهاتەی مرۆڤیش ئەوەیە چی دەزانێ ئەوە بنووسێت. دەنا چاكتر وایە دەفتەری نووسینت داخەی، چونكە نووسین یەكجار (نەمر) دەبێت، واتە: ئەو نووسینە نەمرە، كە تۆ هەست و زانینی دوای خوێندنەوەی ئەوت نووسیوە، ئەو، واتە: سەرچاوەی یەكەم. نووسینی هەست و زانینی دوای خوێندنەوە، نووسینێكی بێهێز و بێدەسەڵاتە و شكۆمەند نییە. ناتوانی خۆتت تێدا بێتە بەرچاو، هەروەها زۆر زەحمەتە لە وڵاتێكی شڵەژاوی وەك كوردستان، شاعیر بیت و نەكەویتە ناو گێژەنی سیاسەتەوە، كە سیاسەت لە هەر چوار لاتەوە بۆ ساتمە و خلیسكان گەمارۆی داویت، ئەگەر بیشكێنیت نانی ئەو مەودا كورتەی نێوان دەست و دەمت ڕادەپچڕكێنن. من خۆم لادا لەو خۆشگوزەرانییە. لەخەباتێكی ڕاستگۆیانە لەپێناو بەدیهێنانی (شیعری بێگەرد) مامەوە و ژیام. بێباكیش بووم لە ئاست تەڵە و داو و بۆسە و بوختانی نامەردان. وەك نوختەیەكی نادیار لە ئاسۆ و دووری شیعردا دەركەوتم.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت