چیرۆک

ئیمان

 وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: نەهرۆ / نەرویج

بە نرخترین موڵکی ئەو کتێبە ئەستورە بوو کە بەرگەکەی سەوز بوو، جگە لە رێ پیشاندەری بورج شتێکی دیکەی تیا نەبوو، بەردەوام دەیخوێندەوە، مام رام هەندێ رۆژ لەماڵ دەرنەچوو، لەبەر ئەوەی بورجەکان پێ یان وابوو دەرچوونی لەو رۆژانە سەرەرۆیی یە، مام رام دەڵێ چەندین جار لە مەترسی رزگارم بووە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ چاکەی ئەستێرەکان لە ئاگادارکردنەوەی وردیان دا.

 

 

ئیمان                                         

ئیمانی مام رام بە زانستی ئەستێرەشناسی بەو ڕادەیە زۆرە بوو کە ساڵ و رۆژ و سەعاتی مردنی دیاری کردبوو، هەروا بانگهێشتی برادەرەکانی کردبوو بۆ بەشداری لە بەرێ کردنی مەیتەکەی دا!

مام رام پیاوێک بوو تا ڕادەیەکی زۆر توندڕەو بوو، دەگمەن بوو لە ئیمانی پتەوی بە ئەستێرەشناسی، ئەستێرەشناسی تاکە هەستێک بوو کە گڕ لە ژیانی بەر دابوو، بەنیسبەت ئەوەوە شتێکی تر نەبوو ئەو بایەخەی هەبێ، ژیان و پشووی ئەستێرەشناسی بوو، خواردن و خواردنەوەی ئەستێرەشناسی بوو، هەر رووداو هەڵسورانێک لە ژیانی بوایە لێکدانەوەی

ئەستێرەشناسی بۆ دەکرد، جووتیارانی گوند بەخۆشی یەوە گوێ یان بۆ ڕادێرا، تەنانەت سەردانی دەکەن و پرسی پێ ئەکەن لە بابەتگەلی وەک هاوسەرگیری و مناڵ، ئەو کاتەش مام رام بەوردی لە کەلەندەری ئەستێرەشناسیەکەی دەڕوانێ و دەست دەکاتە کۆکردنەوەی ژمارەکان و لێکدان و دەرکردنی رۆژەکان – گەرچی لە ئەنجامگیری ژمارەکانی بە پەلە نەبوو – دواتر چاوەروانی پیشبینی ئەستێرەکان دەکا، ئەگەر مناڵێک لەنێوچاوانی نووسرابێ لە گەورەیی دەبێتە تاوانبار، مام رام وا دەکا هەموو کەسێ هەر لە سەرەتاوە ئەوە بزانێ. ناوبانگی بڵاوبوەوە لەبەر ئەوەی پیشبینی جەنگی جیهانی یەکەم و چەندین کارەساتی تری کردبوو. لە توانای دا بوو بە هەفتە قسە لەسەر ئەو پیشبینیانە بکا کە بەدی نەهاتبوون لە هەمان کاتدا پاساوێ دەیهێنایەوە کە کەمێک هەڵەی کردووە لە حیسابات دا و درێژە بە قسەکانی دەداو دەیگوت جارێ تر بە حیساباتەکەم چوومەوە بۆ دەرکەوت ئەستێرەکان ئەو شتانە دەڵێن کە بە تەواوەتی رووئەدا.

ژنەکەی مام رام بەردەوام دەمەقاڵییەتی لەگەڵ داو پێ دەڵێ (تۆ خەیر لە پێناوی هیچ دا دەکەی! ئەگەر کاتەکەت بە ژماردنی پارە بەسەر بردبا لە باتی ژماردنی ئەستێرەکان ئەوە ئێمە وا هەژار نەدەبووین، لەم کولیتە پیسە نەدەژیاین، برۆ بۆ دەرەوەو لە کێڵگە ئیش بکە لەباتی فێڕودانی کات بەم درۆدەلەسانەوە)

مام رام لە وەڵام دا بەهێمنی پێ دەڵێ، ئەزیزەکەم قەدەر وای داناوە کە ئێمە بەم شێوەیە بژین، هەرچی هەوڵ بدین ناتوانین ئیرادەی ئەستێرەکان تێک بشکێنین.

بە نرخترین موڵکی ئەو کتێبە ئەستورە بوو کە بەرگەکەی سەوز بوو، جگە لە رێ پیشاندەری بورج شتێکی دیکەی تیا نەبوو، بەردەوام دەیخوێندەوە، مام رام هەندێ رۆژ لەماڵ دەرنەچوو، لەبەر ئەوەی بورجەکان پێ یان وابوو دەرچوونی لەو رۆژانە سەرەرۆیی یە، مام رام دەڵێ چەندین جار لە مەترسی رزگارم بووە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ چاکەی ئەستێرەکان لە ئاگادارکردنەوەی وردیان دا.

بەهەرحاڵ ژنەکەی ئەم دەرنەچوونە لە ماڵ بەوە لێک دایەوە کە بیانویەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئیش و کار.

بە پێ پیشبینی ئەستێرەکان مام رام لەکاتێکدا دەمرێ کە تەمەنی ببێتە ٦٨ ساڵ، تەنانەت حیسابی کات و رۆژەکەشی کردبوو، بۆیە سروشتی بوو کە ژیانی هەر کەسێک ئەو راستی یە حاشاهەڵنەگرانەی تیا بێ، پڕ دەبێ لە بەدبەختی و کوێرەوەری، کەچی مام رام وانەبوو، هەڵویستی تا ڕادەیەک زۆر لەو زانا ئازاو چاونەترسانە دەچوو کە پێ وابوو مردنی هەقیقەتی خوشەویست بوونی بۆ ئەستێرەکان دووپات دەکاتەوە.

چەند هەفتەیەکی کەم پێش وادەی دیاریکراو مام رام کەوتە ناو گوندو دەستی کردە ماڵئاوایی لە خزم و برادەرەکانی، لەسەرەتا ئەم پیشبینی یە بە نوکتە ئەهاتە پێش چاو، بەڵام بەشێوەیەک رەفتاری کرد کە خەڵکی گوند بە بایەخێکی زۆرەوە بۆ کاتێ مردنی چاوەڕوانکراوی بڕوانن.

مام رام دارەمەیتێکی قەهوایی جوانی کڕی، بانگهێشتی چەندین خەڵک کردبوو بۆ دوا نان خواردنی مەزن. دواجار ئەو رۆژە هەر دێت، ئەو رۆژەی کە مام رام چاوی دەکەوێ بە خوای مەرگ، کاتەکەش دیاریکرابوو کە سەعات دوو بۆ پێنجی پاش نیوەرۆ بوو.

مام رام ئاواتی ئەوە بوو لە کێڵگەیەکی بەرفراوانی برنج بمرێ. هەتا هەموو کەس بتوانێ هەقیقەت و لۆژێکی ئەستێرە ببینن، هەر وای کرد، دارەمەیتەکەی لە کێڵگە داناو دەستەیەک گوڵی بۆن خۆشی لەسەر دانا هەروا کێڵگەکەی ڕازاندەوە بە ئاڵای جوانی کاغەزی و لقی گوڵ هەتا دیمەنەکە زیاتر لە شایی بچێ نەوەک لە دیمەنی مەرگ.

کەش و هەوا گەرم و ئاسمان ساماڵ بوو، سەدان کەس ڕاوەستابوون لە نێویاندا دوو قەشە بەدی دەکرا، هاتبوون سرودی ئاینی بچڕن لە کاتێکدا کە روحی مام رام بەرز دەبێتەوە بەرەو ئاسمان. نێوچاوانی جەماوەرەکە ئارەقەی دەرئەدا، پارچەیەک بوون لە گرژی و ورووژاندن، لە سەعات یەک و نێوی پاش نێوەرۆ مام رام لە پەرەستگاوە کەوتە رێ بەرەو دارەمەیتەکە.

دەستەجلێکی سپی لەبەردابوو، زەردەخەنەیەک لەسەر لێوی بوو، گاڵتەی دەکرد تا ئەو ڕادەیەی خەڵکەکە سەرسام بوون بەو ئازایەتی یەی کە هەیەتی، کەچی فرمێسک لە چاوێ هەندێ کەس دەبینرا بەتایبەتی خێزانەکەی، خێزانەکەی بەتوندی سەرزەنشتی خۆی دەکرد کە بەدرێژایی ئەو ساڵانە بە بێ بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵ دا کردووە.

پێش سەعات دوو بەچەند خولەکێک مام رام چووە ناو دارەمەیتەکەوەو لێ ڕاکشا وەک ئامادەییەک بۆ مردن.

زۆربەی خەڵکەکە دووچاری هەستێکی نامۆ هاتن، هەموویان لە بارێکی گرژدا بوون، لەکاتێکدا قەشەکان دەستیان کرد بە خوێندنەوەی دوعای بێزارکەر، زەمەن بە پەلە دەرۆیشت، سرود، گریان دواتر بێدەنگی، کاتێ قەشەکان لە خوێندنەوەی دوعا ڕادەوەستان بۆ ئەوەی مام رام بپشکنن، دواتر جارێکی تر سرود خوێندن دەست پێ ئەکاتەوەو سەرلەنوێ فرمێسک لە چاوان دێتە خوارێ.

لە سەعات پێنج مام رام جارێ زیندوو بوو، چەندین خەڵک بە توڕەیی یەوە جێگاکەیان جێهێشت، هەندێکیش بە پێکەنینەو رۆیشتن، بەڵام قەشەکان بۆ سەعاتێکی تر چاوەروانیان دەکرد بەڵام هیچ شتێک رووی نەدا، لێرەدا ئەو خەڵکەی لەوێ مابوونەوە پێ داگریان لەسەر ئەوە کرد پێش رۆژ ئاوا مام رام لە دارەمەیتەکە بهێننە دەرەوە.

مام رام بە پرتەو بۆڵە لە دارەمەیتە جوانەکەی هاتە دەرەوەو گوتی حیساباتەکەم هەڵە بووە، لەکاتێکدا خەڵک جنێویان پێ دەدا، کەچی وا دەهاتە پێش چاو کە گوێ بە خەڵکەکە نادات، بەڵام خێزانەکەی میوانە توڕەکانی بەوە هێور دەکردەوە کە خواردنێکی چەوریان بۆ ئامادە دەکات. پێش کۆتایی ئەو شەوە مام رام ڕایگەیاند کە دوای پیاچوونەوە بە حیساباتەکەی پێنج ساڵێ دیکە ئەژێ، میوانەکان بە ساردی یەوە ئەم هەواڵەیان وەرگرت، یەکێکیان هەڵی دای و گوتی (بەڵێ، بەڵێ دەزانین بەڵام تۆ مردیت بە پێ پیشبینی ئەستێرەکان)

زۆر بە چاوقایمی یەوە ئەمجارەیان مام رام بەرواری مردنی تازەی ڕاگەیاند.

پێ داگری وداکوکی لە ئەستێرەکان کرد و خەتاکەی خستە سەر لاوازی ژمارەکان.

لە رۆژێکدا، دوای دوو ساڵ لە شکستە گەورەکە، ئەستێرەکان گورزێکی تریان لێ دا، لە نێوەی ئەو ماوەیە مرد کە بەپێ ژماردنی ئەستێرەکان پیشبینی کرد بوو.

بە نیسبەت بورجە پووچەکانەوە کە مام رام لە ژیانی دا کاتێکی زۆری بۆ تەرخان کردبوو، دەستبەجێ ئەوانیش پووچەڵ بوونەوە.

بەم شێوەیە مام رام دەگمەن بوو لە ئیمانی دا، لەوانەیە خەڵکی زیرەک گاڵتەی بە ئیمانی سەرسوڕهێنەری بێ بەڵام من پێ سەرسامم سەبارەت بەو پێ داگری و عەزیمەتەی کە هەیبوو.

ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئیمانەکەی بوو نە بیرۆکەکەی. هەر وەک لەم رۆژانە باوە، ئێمە خاوەن چەندین بیرۆکەین بەڵام ئیمانمان لاوازە....

 

                                                 نووسینی / راجار ئەتنام

 

                                     وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: نەهرۆ / نەرویج