ناڵە حەسەن
چ ڕۆژگارێکی نەفرەتییە
مرۆڤەکان وەک گەڵاکان هەڵدەوەرن
وەکو بەفر دەتوێنەوە
وەک ئەستێرەکانیش ئاوا دەبن
کەڕنەڤاڵی ماسک
ناڵە حەسەن
١
م/ مرۆڤەکان وەک ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆ بن
بە سیمای ڕەنگاوڕەنگەوە دەردەکەون
ر / ڕازە ڕەنگینەکانمان وا خەریکە دەبنە تۆز و غوبار
بێمەبەست لەگەڵ با دا دەڕۆن
د / دوای دووسێ ڕۆژ (دیداری من و مردن کۆتایی هات)
ن / نیشتیمان بۆتە سەبەتە سێوێکی ڕزیو
شیلەی تفتوتاڵی لێدەچۆڕێ
٢
لە دووری دوورەوە
لاوکێکی هێمنی مردووەکانم دێتە گوێ
زایەڵەی زەمەنێکی زەندەقچووش
لەنیو کەڕنەڤاڵی ماسکەوە دەبیسترێ
ماسکی (سوور و رەش و شین و سپی و پەمەیی و
ماسکی ڕەنگاوڕەنگ)
چ ڕۆژگارێکی نەفرەتییە
مرۆڤەکان وەک گەڵاکان هەڵدەوەرن
وەکو بەفر دەتوێنەوە
وەک ئەستێرەکانیش ئاوا دەبن
بەڵام / ئاوابوونێکی ئەبەدی
چ ڕۆژگارێکی ئافاتی و فۆبیاییە
نەک هەر خۆمان
خاڵخاڵۆکەی نێو خەون و خەیاڵەکانیشمان ماسک دەپۆشن
جەڵاد و قوربانی / فریشتەو شەیتان / هەموویان ماسک دەبەستن
چەند ڕۆژێکە لەسەر مافووری مردن ڕاکشاوم
کشومات، بێدەنگ بێدەنگ هەر دەڕوانم
دەڕوانم و دەڕوانم و دەڕوانم
جگە لە تارماییەکانی مردن هیچیتر نابینم
بوومەتە پەیکەرێک لە خەیاڵ
بیرم / لە مرۆڤەکان و یادگارییە جوانەکان دەکردەوە
یان ئەو مەودا و دوورییەی نێوان من و ژیان
بیرم لەو ڕۆژانە دەکردەوە لەنێو شیعرەکانمدا دەمنووسی
(ماسکەکەت فڕێدە ئەوی شۆخ
من دەمەوێت جوانییەکانی ڕوخسارت ببینم!)
بەڵام ئێستا
دەڵێم نا / ماسکەکەت فڕێمەدە ئەی شۆخ
من نامەوێت
ڕەنگە ڕەشەکانی مردن
لەسەر برژانگ و لێوەکان و نینۆنەکانت ببینم
نا / ماسکەکەت فڕێمەدە ئەی شۆخ
دەرگای کۆشک و قەڵای خەونەکانت بکەرەوە
با هەر کراوەبن دەرگاکان و ڕیگاکان
منیش بەڵێن دەدەم
دوای چەند ڕۆژێکیتر
لە بەیانییەکی ڕووناک و ئارام
وەک خۆرەتاو دەردەکەومەوە و دەگەڕێمەوە!
کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠