ما 4594 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دراوسێی یەکەم حەزی بە شتی خشکەیە. هەر لە سەرەتایشەوە وابوو. دەم بە هاوار نەبوون. نوێنەرەکانیان لە قسەکردندا ئارام دەدوان، دەنگیان یەکجار نزم بوو و بە کاوەخۆ وشەکانیان بەڕەڵڵا دەکرد. وەک بڵێی کەسێک گوێی لێیە و لە راستیدا نابێ گوێی لێ بێ. راستییەکەی ئەوە بوو قەت کەسیشی لێ نەبوو، هەر ئەوان و فەرماندە و هەڤاڵان بوون.

چیرۆکی فەرماندە (٤)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شەو درەنگان دوو پشیلە لەسەر حەساری نزیک ژووری نووستنەکەی لێیان بوو بە شەڕ. دەنگی میاو میاوی نزم و تووڕە و درێژیان کە کتوپڕ دەبوو بە زریکەیەکی ترسناک و گوێی دونیای کەڕدەکرد، لە پەنجەرە نیوەکراوەکەوە گوزەری دەکرد و خۆی بە هەمان هێزەوە دەگەیاندە ژوورەکە. رابوو. ئەمە فەرماندەی بیری سەردەمی منداڵی دەخستەوە، کاتێک لە گەڕەکێکی قەراغ شار لە خانوویەکی کۆندا دەژیان. گەلێک ساڵ لەوە پێش. لەبیری دێت ئەو ساڵانە سەگ و پشیلە یەکجار زۆر بوون. سەگ وەک مرۆڤ بەناو کووچە و کۆڵاناندا تەراتێنیان بوو و حەوشە و دەرکەوبانەکانیش پڕی پشیلە بوون. دەهاتەوە بیری شەوێک پشیلەیەکی رەش و پشیلەیەکی سپی لە سەر دیواری حەوشەکەیان لێیان بوو بە شەڕ و خەویان لە گەڕەک و بەتایبەت لە باوکیان شێواند. باوکی کە ماندووی ئیش و کاری رۆژانە بوو، تووڕە بە تێڵایەکەوە دەرپەڕییە حەوشە، ئاوقایان بوو و پەرتەوازەی کردن. باوکی لەم جۆرە کاتانەدا چەند غەریب دەینواند. هەندێ کردار هەیە گەورەکان نابێ قەت لە ژیانیاندا بیکەن. چەند منداڵانە دەینواند. فەرماندە هەستی دەکرد هەتا چەندین رۆژ دووای ئەمە، جوێنەکانی باوکی لە حەوشەکەدا دەهاتن و دەچوون. ئەم لە ژوورەکەی تەنیشتەوە ئاگای لێبوو باوکی هەتا خەوی لێ دەکەوتەوە هەر پرتە و بۆڵەی دەهات و هەر جوێنی دا. دایکی چەند جار دەنگی دا "پیاوەکە بنوو!"، بەڵام بێسوود بوو. بۆ سبەی لە کاتی ناشتا بە ژنەکەی گوتبوو گەر رۆژێکی لە ژیانا مابێ ئەوا بۆ پشیلەی دەمێنێ! دایکی پێی گوتبوو ئەیەڕۆ پیاوەکە ئەم قسانە چییە! باوکی نەڕاندبووی پشیلەی نیوەشەو شوومە. شووم!

فەرماندە دێتەوە بیری قەدیم زۆر باسی شووم و شتی لەم بابەتە دەکرا. ئەو کە لە کاتی شاخ ئەم جۆرە قسانەی هەر لە بیرچووبووەوە، بە پێی رووداوەکانی ئەم چەند رۆژە، خۆبەخۆ قیڕەی نیوە شەوی ئەم پشیلانەی جۆرێک بە وشەی "شووم"ەوە پێوەندی دا. ئاخر نەدەکرا لە دووای هەم هەموو ساڵە هەر لە خۆوە کتوپڕ ئەم زریکە ترسناکە گەڕابێتەوە. بە ئارامی لەناو جێگاکەی هاتە دەرەوە و بەرەو پەنجەرەکە رۆیشت. ئەوسا لە تاریک و روونی شەو بە سەر دیوارەکەوە تارمایی هەیکەلی دوو پشیلەکەی بینییەوە. وادیارە هەندێ شت لە ژیاندا گەر زەمین و زەمانیش ژێرەوڕوو بن هەر ناگۆڕێن. لای ئەم پشیلانە ژیان هەر وەک ساڵی ساڵان بوو. وەک بڵێی دیکتاتۆر هەر مابێ و قەتیش راپەڕین نەکرابێ. فەرماندە بیری باوکی کردەوە کە گەلێک ساڵ لەوە پێش مردبوو. روخساری هاتەوە بەرچاوی. ئەو رۆژەی ئەم رۆیشت و رووی لە شاخ کرد، پێی گوتبوو ناڵێم کەری، بەڵام ئاقڵیش نیت! لەبیری دێت باوکی حەزی بە ژیانێکی ئارام و بێ دەردیسەر بوو. کڵاوی لە کڵاوی کەس گیرنەدەکرد. بەیانیان بەو کۆڵانەدا چۆن دەڕۆیشت و لەوسەری وندەبوو، ئێوارانیش هەر بەو شێوازە دەردەکەوتەوە و دەهاتەوە. لای باوکی حکومەتەکان هیچ جیاوازییەکیان نەبوو. ئەوان لەوێ بوو چونکە خەڵکی لەوان کەرتر بوون. فەرماندە بیری وشەی کەر دەکاتەوە. بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە ئەو ئەنجامە دەگا کە هەر لە هەوەڵین رۆژەکانی ژیانییەوە ئەم بوونەوەرە گەمژە و کەلەرەقە چارەنووسی بە چارەنووسی ئەوەوە گرێدرابوو. باشە گەر وانیە بۆ باوکی ئەوەندە لەم کەلیمەیە کەڵکی وەردەگرت. بۆ ئەوەندە ناوی کەری لەسەر دەم بوو؟ فەرماندە لە تاریکیی شەو دەڕوانێ. وادیارە ژیان دەبێ بەردەوام بێ بۆ ئەوەی مرۆڤ مانای هەندێ لەو شتانەی وا کاتی خۆی لە قۆناغەکانی زووتری تەمەندا روودەدەن، باشتر بۆی دەرکەون. کەواتە جاری وایە رووداوەکان پێشدەکەون، بەڵام مرۆڤ لێیان تێناگا. کەواتە هەموو شتێک لەم ژیانەدا بەیەکەوە پێوەندییان هەیە و لە راستیدا هیچ شتێک لە خۆوە روونادا.

پشیلەکان هەر بەردەوام بوون. سەیر ئەوە بوو هەتا ماوەیەکی باش بەڕووی یەکتریدا دەیانقیڕاند هەتا سەرئەنجام یەکیان دەبەزی و رێگای بۆ ئەوی تر چۆڵدەکرد. گەڕانەوەیەک لە ئارادا نەبوو، یەک دەبا لادا و دەرچێ. فەرماندە دەمانچەکەی راکێشا و چەند فیشەکی ئاراستەی پشیلەکان کرد. پشیلەکان یەک بە خۆیان داچڵەکان و هەر کامەو بە لایەکدا رایانکرد. ئەوسا بێدەنگییەکی سەیر تەواوی وڵاتی داگرت. هەر لەم ساتەوەختەدا بوو فەرماندە کتوپڕ بەو ئەنجامە گەیشت کە دەکرێ لێرەیش مەنتقی شاخ بەردەوام بێت. مەگەر لەوێیش هەروانەبوو. مەگەر لەوێیش هەر ئەمانەی وا ئەم چەند رۆژە سەردانیان کردبوو، نەبوون. باشە بە هاتنی ئەوان چی گۆڕابوو. بێگومان هیچ. جگە لەمە ئەگەر ئەمانە و ئەوانی تریش نەبوونایە مەگەر دیکتاتۆر دەڕووخا. بێگومان نا. تازە با خەڵکی راپەڕینیشیان کردبێ، بەڵام ئەوانیش بە بێ یارمەتی دەوڵەتان هیچیان پێ نەدەکرا. دیکتاتۆر رووخابوو لەبەر ئەوەی لە راستیدا دۆستەکانیان رووخاندبوویان نەک فەرماندە و هەڤاڵان و جەماوەر. بگرە لە بنەڕەتدا هەر سەردەمی راپەڕین و شتی لەم بابەتە تەواوبووەو کەواتە گەر وایە بۆ ئیتر خەمی ئەوە بخۆم کە خەڵکی کردیان و ئێمە دوواتر گەیشتین. فەرماندە دەستێکی راوەشاند. رازی لەم بیرانەی چووەوە سەر تەختەکەی و پاڵکەوت. سەیری سەقفە تاریکەکەی کرد. بە دەنگی بەرز بە خۆی گوت کەواتە هەتا ئێمە هەین دەبێ مەمنوونی ئەمانە بین و نابێ لە بیریان بکەین، نا، نابێ، مرۆڤ نابێ سپڵە بێ، ئێمە نەتەوەیەکی بەشەرەفین و تف لە رووی دۆستان و ئەوانەی وا رۆژێک لە رۆژان یارمەتییان داوین، ناکەین. فەرماندە بە بزەوە بە سەر شانی راستیدا کەوت و دەستی خستە ژێر سەری. یادی بەخێر، لە شاخ هەمیشە ئاوا دەخەوت. لە ژێر ئەستێرەکاندا و لە ناو دۆڵە تاریکەکاندا. چاوەکانی سەر یەک خست. نا نابێ ئەوەندەیش شتەکان لە خۆی قووڵ بکاتەوە. مەگەر ئەوەتەی دونیای سیاسەت هەیە هەر ئاوەها نەبووە. رۆژە سەختەکان هەمیشە ناوی خۆیان بە خۆیانەوەیە. لای فەرماندە لە جیهانی سیاسەت هەموو رۆژێ رۆژی سەختە. مرۆ جاری وایە بە دەستی خۆیەوە گیردەخوا جا وەرە وڵاتێک بێنە بەر چاوی خۆت. گەر جاری وایە ئەوەی نەکەی کە تەنانەت خۆت حەز ناکەی بیکەی ئەوا قەت خۆت مەهاوە سیاسەتەوە. کەواتە باشتر ئەو دۆستانە ئاوەها بێ پرس هاتن. ئەوان ئێمە لەبیرناکەن، جا با ئێمە زۆریش سەرقاڵ بین. سوپاس،... سوپاس! لە خۆوە نیە هەموو ئەم ساڵانە لە گەڵمان بوون. فەرماندە ئەمجارە خۆی بەسەر شانی چەپدا دەخا، بەڵام هەر بێ فایدەیە. داڵغە و بیرە ناوەختەکان ناهێڵن بخەوێ. لە شاخ سەرەرای ئەو هەموو مەترسی و داڵغەیەیش کەچی ئاسان خەوی لێدەکەوت! لە حەوشەوە گوێی لە دەنگی دوو نیگابانەکەیە کە بە ئەسپایی پێکەوە قسەدەکەن. باسی شەڕەپشیلەکە و تەقەکەی ئەم دەکەن. یەکیان دەڵێ ئەم پیاوە هەمیشە شتێکی تایبەتی لایە،... شتێکی نوێ و سەرنجڕاکێش. ئەوی تریان دەڵێ لەخۆوە نەبووە بە فەرماندە،... دەبێ رازێک لە پشت ئەمەوە بێت. ئەستێرەیەک رادەخوشێ و بەستێنی تاریکی ئاسمان لە شووشەیەکی پەنجەرەکەدا دڕدەدا. وادیارە شتەکان ناهێڵن ئۆقرەبگرێ و بخەوێ. هەڵدەستێ و دەچێ یەکێک لە چاویلکە رەشەکان دێنێ و دەیکاتە چاوی و پاڵدەکەوێتەوە. ئیستا زۆر باشترە. دونیا دوو قات تاریکترە. رەنگە سێ یان چوار قاتیش. دەبێتە تاریکە سەلاتی ناو چیرۆکەکان. با ببێ. گرینگ ئەوەیە بخەوم.

چەند خولەک دووای ئەمە دەنگی پرخەی فەرماندە ژوورەکە پڕ بە خۆی دەتەنێ.

 

دراوسێی یەکەم حەزی بە شتی خشکەیە. هەر لە سەرەتایشەوە وابوو. دەم بە هاوار نەبوون. نوێنەرەکانیان لە قسەکردندا ئارام دەدوان، دەنگیان یەکجار نزم بوو و بە کاوەخۆ وشەکانیان بەڕەڵڵا دەکرد. وەک بڵێی کەسێک گوێی لێیە و لە راستیدا نابێ گوێی لێ بێ. راستییەکەی ئەوە بوو قەت کەسیشی لێ نەبوو، هەر ئەوان و فەرماندە و هەڤاڵان بوون. فەرماندە هەمیشە بە شێوەی ئاخافتنیان سەرسام بوو. خۆی و هەڤاڵان یەکجار دەنگیان زل بوو، کە لەگەڵ یەک دەدوان دەڵێی بە ئەم بەراوبەری دۆڵێکەوە بوون. تازە ئەو وشانەیش وا کەڵکیان لێوەردەگرت یەکجار کەمتر بوون لەو وشانەی وا دراوسێی یەکەم  قسەیان پێدەکرد. رەنگە هی ئەوە بوو زمانی ئەوان دەوڵەمەندتر بوو، یان رەنگە هی ئەوە بوو ئەوان خوێندەوارتر بوون. فەرماندە بە ئەزمون دەیزانی ئەوانەی لەسەرەخۆن ئیشیان باشتر بڕدەکا. لەبەر ئەوەی زیاتر بیری لێدەکەنەوە جوانتریش کاروبارەکانیان رێکدەخەن. بەڵام نا، بەڕاستی وشەکانی ئەوان جۆراوجۆرتر و رەنگاوڕەنگتر بوون، هەرچەند یەکجار کەلیمەی عەرەبیشی تێدابوون.

دراوسێی یەکەم تەنیا لەسەر ئەوە پێیان دادەگرت کە پێوەندییەکانیان وەک جاران رابگرن و بەتایبەت رێگای هاتووچۆی نێوانیان ئاسانتر بێت لە جاران. داوای ئیزن و بەرگەی تایبەتیان کرد. هەروەها داوای قونسولێکیشیان کرد. دیارە مامەڵەی بازاڕ و بازرگانی لە جێی خۆی کە لایان شتێکی یەکجار ئاسایی و تایبەت بوو، داوای کردنەوەی مزگەوتێکیشیان بۆ خۆیان کرد. وتیان کە دێن دەبێ شوێنێکیان هەبێ بۆ نوێژکردن. فەرماندە ئەمانەی لەلا یەکجار ئاسایی بوو. بگرە بۆخۆیشی پیشنیاری کرد رێگای گشت و گوزاریش بکرێتەوە و لە بواری پزیشکی و داوو دەرمانیشدا بتوانن لە وڵاتی دراوسێی یەکەم کەڵک وەربگرن. نوێنەرەکان وەک هەمیشە بە ئارامی قبوڵیان کرد و هەر بەو ئارامییەیش کۆمەڵێک کاغەزیان پێکەوە واژۆکرد.

بەڵام دراوسێی دووهەم بە پێچەوانەی دراوسێی یەکەم بەخشکە نەبوون. گەلێک دەم بە هاوار بوو. تەنانەت لە کاتی قسەکردنیشدا دەرفەتیان بە کەس نەدەدا. پەلەپەل دەدووان و وشە بە وشە دەیگوت رێم بکە! ئەوان داوای ئەوەیان دەکرد بتوانن چەند بنکەی سەربازی و مەخابەراتی لە ناوچە ستراتیژەکان و لە نزیک هەندێ لە شارەکان بکەنەوە. هەروەها داوای بەشێکی گرینگی بازاڕیان کرد و گوتیان دەبێ هەرچی پارەیە هەتانە لە بانکەکانی ئێمە دایانبنێن. فەرماندە ئەگەرچی بە شێوەی ئاخافتنیان یەکجار قەڵس بوو و کردنەوەی بنکەی سەربازیی بە پیشێلکردنی سەروەریی خۆی دادەنا، بەڵام لای خۆی گوتی چش سەگ خواردی. بۆیە کاغەزەکانی ئەوانیشی وەک ئەوەی یەکەم بەئاسانی واژۆکرد و بە گەرمی دەستی لەگەڵ لێدانەوە و ماڵئاوایی لێکردن. ئەو کۆپتەرەی نوێنەرەکانی دەبردەوە، تەپوتۆزێکی وەهای کرد نەبێتەوە. بەشێک لە هاوڕێیان لەگەڵ ئەوەی ئاوێکی زۆریان بە قوڕگدا کرد و بە کۆکینی زۆر بەشێکی بەرچاوی تەپ و تۆزەکەیان فڕێدایە دەرەوە، بەڵام هەتا چەند رۆژ دوواتر لە کۆکین هەر بەردەوامبوون. بە بینینی پەلەپەلی ئەوان، فەرماندە بیری نوێنەرەکانی دراوسێی یەکەم کەوتەوە کە چەند بە ئارامی سوار سەیارەکانیان ببوون و هەر بەو شێوازەیش چەندە بە ئارامیش دوورکەوتبوونەوە.

بۆ رۆژی دوواتر فەرماندە لە ژووری کارەکەی لە بیری هۆکارەکانی جیاوازیی هەڵسوکەوت و شێوازی ئاخافتن و داواکارییەکانی ئەم دوو دراوسێیەدا بوو کە کتوپڕ تەلەفۆنەکە زەنگی دا.

ـ ئەلۆ بەڵێ،... فەرموو!

ـ هەڵاو،... هەڵاو،... ئای ئەم سەڕڕۆکی یوو ئێس ئەی. ئای... واتە من جۆرج دەبڵیو بووش ێم،...

ئەوەی پشت تەلەفۆنەکە لە چاوی وشەکانی تر وشەی 'جۆرج دەبڵیو بووشە'کەی زۆر ئاسانتر بۆ دەهات.  فەرماندە وشک بوو. سەرەتا لای وابوو یەکێک لە هەڤاڵە نزیکەکانی گاڵتەی پێدەکا، بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت نا، پەلە مەکە،... بەردەوام بە!

ـ هەڵاو،... هەڵاو،... ئار یو لەوێی؟ کەن ئای قسە لەگەڵ فەڕڕمەندە بێکەم،... کەن ئای؟

فەرماندە رەپ هەستایە سەرپێ. باوەڕی نەدەکرد. یەعنی دونیا عەمری نەمێنێ وای لێهاتووە سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان لەو سەری دونیاوە تەلەفۆنی لێهەڵبگرێ و زەنگی بۆ بدا! نا، شتی وا نابێ،... بەڵام،... بەڵام راوەستە بۆ نابێ! فەرماندە ئەم بیرانەی دەکردەوە و هاوکات بە شوێن ئەو رستە و کەلیمانەدا دەگەڕا کە شیاوی وەها کاتێک بن. ئەو کە یەکجار خۆی بە قەرزداری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینی، گوتی:

ـ قوربان سڵاو، لە خزمەتداین، (لێرەدا بیری فیلمە ئینگلیزییان کەوتەوە) ئای،... ئای لۆڤ یوو،... بە خۆم و ماڵ و منداڵەوە، بە ساقەت بین، بەساقەی ئەو دەمەت بم، بەساقەی فڕۆکەکانت کە دیکتاتۆرەکەی هەراسان کرد و راوی نا،... نیشتمانت رزگارکرد، مێژووت خوڵقاند،... ئەلۆ، ئەلۆ،... قوربان دەنگم دێ، گوێت لێمە،... ئەلۆ!!

بە شێوەیە فەرماندە کەوتە گفتوگۆیەکی دە دەقیقەیی لەگەڵ جۆرج بووش. جۆرج بووش ئاگاداری کردەوە کە دەوڵەتی ئامریکا دەیەوێ چەندین بنکەی گەورە و بچووکی سەربازی بکاتەوە، هاوکات لەگەڵ دوو بنکەی مەخابەراتی، هەروەها فڕۆکەخانەیەکیش تەنیا بۆ کۆپتەرەکانی. فەرماندە کە نەیدەتوانی باوەڕ بەمە بکا، زۆر بە خۆشحاڵی قبووڵی کرد و لە دووای چەند چرکەیەک تەلەفۆنەکە لەو سەرەوە هەر بەو خێرایی و چاوەرواننەکراوییەوە خۆی بە دەفتەری کارەکەیدا کردبوو، داخرا و بێدەنگ بووەوە.

فەرماندە هەروا سەیری تەلەفۆنەکەی دەکرد. واقی وڕمابوو. چەند خەبەرێکی خۆش بوو! قیڕاندی هەڤاڵان بێن. هەڤاڵانیش بە بیستنی ئەم هەواڵە یەکجار دڵخۆش بوون. یەکیان ئەوەندە شاگەشکە ببوو کە دەستی کرد بە پلکە لێدان و بەدەمییەوە دەنگی هەڵبڕی "کەی دێتەوە کەی دێتەوە کاتی لاویم کەی دێتەوە..." هەڤاڵان تێکڕا لەگەڵ فەرماندە دەستیان کرد بە پێکەنین. پێکەنینێک کە چەندین دەققەی خایاند. ئەوسا کتوپڕ هەموویان بە بینینی روخساری فەرماندە کە رێک لە ناوەڕاستی پێکەنینەکەیاندا گرژ و مۆن ببوو، راوەستان. قوربان چی بووە، بیر لە چی دەکەیتەوە؟ فەرماندە خێرا وەڵامی نەداوە. هەستا و چووەوە بەر پەنجەرەکە. لە دەروونی خۆیدا حسێبی ئەوەی دەکرد گەر وڵاتی دراوسێی دووهەم و یو ئێس ئەی بەم شێوەیە سوپا دابەزێنن و دراوسێی یەکەمیش وەک هەمیشە بە خشکە و لە ژێر ناوی شتی تردا ئەویش بەشی خۆی بپچڕێ، ئیتر چی بۆ ئەو و هەڤاڵان دەما! مەگەر ئەم نیشتمانە بەشی چەند دەوڵەت دەکا. ئەو ئەوەی دەزانی گوندێک قەت ناکرێ هاوکات خاوەنی دوو کوێخا بێت، چما ببێ بە سیان و بە چواریش. شتێک هەڵە بوو. جا چ دەبوو لە دراوسێی یەکەم و دووهەمی راسپاردایە کەمێک لە جۆری پێوەندییەکانیان دەگۆڕن بە حوکمی ئەوەی دۆخێکی تازە هاتووەتە پێشەوە. بەڵام هەرچەند ئەمەیشی دەهێنا و دەبرد دەیبینی ناکرێ. فەرماندە دەیناسین. دەیزانی زۆر شتیان لەدەست دێت. دراوسێ بوون و هەتاهەتایە لێرە لە بن گوێیدا دەمانەوە. ئەو کە ساڵانی ساڵ لە سیاسەتدا دەهات و دەچوو بیری بە هەموو لایەکدا چووبوو ئەمە نەبێ. داواکارییەکان ئەگەرچی بەڕواڵەت لە داواکاری دەچوون، بەڵام راستییەکەی زیاتر لە سەپاندنیان دەکرد. برابەش بوون. وەک بڵێی دەڵێن دێین و تۆیش چارێکت نیە جگە لە قبوڵکردنی. چاوەکانی فەرماندە هەتا دەهات بچوک و بچوکتر دەبوونەوە. یەکێک لە هەڤاڵان کە لای وابوو خەوی دێت ناردی چاییەکی خەستی بۆ بێنن. هێشتا شەو گەنج بوو و بۆ خەو زوو.

بەڵام،... بەڵام راوەستە بۆ ناکرێ؟! ئەمەی لەبەر خۆیەوە گوت و هەستایەوە سەرپێ. ئەوسا بە دەنگێکی بەرز رووی لە هەڤاڵان کرد و گوتی بینایەکی چەند قاتی هەرە گەورە بێننە بەر چاوتان. بینایەکی سپی بە ژوورە گەورە و بچووکەکانییەوە، باشە ناکرێ هەر کەسەو لە قاتێکیدا یاخود لە ژوورێکیدا بژی و ئیتر تەواو، ها ناکرێ؟ با بێگومان دەکرێ، دەکرێ باشیش دەکرێ. ئەم بینایە سەهمی هەموومانی تیایە، بە چاک و خراپەوە، ئیتر وەهایە،... داخۆ وانیە؟ ئەو هەڤالەی فەرماندە لە بەردەمیدا راوەستابوو و زیت زیت لە چاوەکانی دەڕوانی نەیزانی چی وەڵام باتەوە، بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێێ گوت دەبێ بڵێ قوربان وایە، گوتی قوربان وایە. فەرماندە گوتی بێگومان وایە، یەعنی دەبێ وایش بێ. کەواتە هیچ خەمێکمان نیە، ئەم وڵاتە بەشی هەموومان دەکا، هەم بەشی دراوسێکانمان و هەم دۆستەکانی ئەوپەڕی دەریایشمان. پێم وابێ زەوی لەوە بچووکترە بتوانین بەشێوازی جاران دابەشی بکەین.

فەرماندە جاری وایە حەزی گەشتێکی حیزبیانە یان وەک هاوڕێیان دەڵین گەشتێکی نیشتمانی دایدەگرێ، چل تڕۆمبیل بەو چەکدارانەوە کە پانتۆڵ و ئاڵاکانیان بەدەم باوە دەشەکێنەوە رێکدەخا و زۆربەی شەقامەکانی شار بەسەردەکەنەوە. رێگا بەرناکەوێ. بۆ ماوەیەکی باش جموجۆڵی ئاسایی رادەوەستێ. هەندێ لە سەیارەکان ئەوەندە جامەکانیان تاریکن کە کەس نازانێ فەرماندە لە ناو کامیاندا دانیشتووە. بەڵام ئەمە گرینگ نیە، نومایشەکە ئەوەندە مەزنە کە کەس ناتوانێ لە قەراخ جادە رانەوەستێ و سەیری ئەم کەرنەڤاڵە سیاسی ـ سەربازییە دەگمەنە نەکا. زۆر کەس خوێنیان دێتە جۆش و دەستیان دەکەن بە مشت، بەرزی دەکەنەوە و رایدەوەشێنن. لێرە و لەوێ دروشمەکان هەوا دڕپێدەدەن. ئەو سروودانەی وا لە بڵیندگۆی هەڤاڵانەوە بڵاودەبنەوە ئەوەندەی تر جەوەکە گەرم دەکا و حیماسەتێکی سەیر نیشتمان لە خۆیدا دەنوقمێنێ. هەڤاڵان بە چەکەکانیانەوە و هەندێکیشیان بە چاویلکە رەشەکانیانەوە چەند بە هەیبەت دەنوێنن. هەستدەکەی تەواوی مێژوو هەستاوەتە سەرپێ. راستە، جاری وایە دەکرێ مێژوو لە یەک چرکە یان چەند چرکەدا کۆبێتەوە. ئەمڕۆ یەکێک لەو چرکانە بوو. نەفەرێک لە قەراخ جادە، کە بە جل و بەرگەکەی پێدەچێ پینەچی بێت، خۆی دەگەیەنێتە ئەوانی تر و دەڵێ "پیاو ئاوا نێرەکەر نەبێ فایەی چییە!" ئەوی تر دەڵێ "بەخوا راستدەکەی، ژیان بە نێرەکەربوونەوە خۆشە، چما ماکەر و ژیان!" بەم شێوەیە نێرەکەرەکان هەتا ماوەیەکی چاک بە ناو شاردا سووڕدەخۆنەوە و تەنیا لە دووای ئەوەی پەیامێکی گرینگ بۆ فەرماندە دێ بڕیاردەدەن بەرەو ماڵەوە و بەرەو بنکەکانیان بگەڕێنەوە. ئەمڕۆ یەکێک لەو رۆژە مەزنانە بوو کە خەڵکی شار قەت لەبیری ناکەن. قەت قەت.

دەمەو ئێوارێ لە دووای ئەوەی فەرماندە لە تەشتێک ئاوی گەرمدا قاچەکانی بۆ دەشۆن و بۆ رەوینەوەی ماندووییش جوان جوان بۆی دەشێلن، ئەو هەڤاڵەی وا جارێکیان باسی کۆڕی رۆشنبیرییەکەی کردبوو دێت بۆ لای و هەواڵی سەیری بۆ دەگێڕێتەوە. دەڵێ قوربان ئەو کۆمەڵە گەنجە تەواو شووڵیان لێهەڵکێشاوە، هەرچییان بەدەما بێت دەیڵێن. دەڵێ خەڵکێکی زۆریشیان لێ کۆدەبێتەوە. خەریکی داشۆردنی ئێمەن و دەیانەوێ خەڵکیمان لێ ساردبکەنەوە، بۆیە هەرچۆنێک بێت دەبێ پێشیان پێبگرین. دەڵێ بە گوێرەی هەواڵنێرە نهێنییەکانمان ئەوانە لە ماڵەوە کتێبخانەی یەکجار گەورەیان هەیە و بەردەوامیش هەر کتێبیان بۆ دێت. یەکێکی تر لە هەڤاڵان دەنگ هەڵدەبڕێ کە قوربان بە خۆشییەوە هەر لە سەردەمی شاخەوە بەشی مەخابەراتمان هەیە و خەڵکێکی باش ئیشمان بۆ دەکەن، جا گەر ئیزنت لەسەری بێ دەتوانین بە شەو و رۆژێک کۆیان بکەینەوە. فەرماندە دەچێتە بیرەوە، ئەوسا دەپرسێ داخۆ ئەوانە لایەنگری لە لایەنێکی تایبەت دەکەن یاخۆ هەر پێیان خۆشە رەخنە بگرن و قسان بکەن. هەڤاڵان دەڵێن تا ئەو جێگایەی ئێمە دەزانین نەوەڵڵا سەر بە هیچ شوێنێک نین، هەڵبەت تاق و تەرایان نەبێ کە کۆن کەمێک سەریان لەم حیزب و ئەو حیزب دەخورا. فەرماندە دەپرسێتەوە داخۆ لە قسەکانیاندا بە گشتی لە قسە و باسەکانی ئێمە دەردەچن، هەڤاڵان دەڵێن نەوەڵڵا قوربان ە ناوەڕۆکدا هەر ئەوانەی ئێمە دەڵێنەوە بەڵام بە شێوازێکی تر. خۆیان گوتەنی بە شێوەی رۆشنبیرانەی و نوخبەوی. فەرماندە دیسان بێدەنگ دەبێتەوە، ئینجا دەڵێ لێیانگەڕێ با کۆڕبگرن و قسەی خۆیان بکەن! هەڤاڵان بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەکتر دەکەن. فەرماندە بە بزەوە دەڵێ گەر هاتنە لاتان بە رووی ئاوەڵاوە وەریانگرن و هەرچییان پێویست بوو بۆیان دابین بکەن، تەنانەت گەر کرا رۆژێک دەعوەتیشیان دەکەین، من دڵنیام کوڕی چاکن و لە قسەی ئێمە دەرناچن، لە منەوە نەسیحەت بێت بۆ ئێوە ئەوەی قسەی توند دەکا و بەڵام سەری بە هیچ شوێنێکەوە نیە و ناشیەوێ رێکخراوێک بۆ خۆی دروست بکا لە کۆتاییدا هەر ماڵی تۆیە، ماڵی تۆیش نەبێ لانیکەم ناهێڵێ لایەنی تر لەبەرامبەرتدا سەرهەڵبێنن.

فەرماندە بە گوێرەی تەمەنی لەم جۆرە کەسانەی زۆر بینیبوو. بەتایبەت لە شاخ. ئەمانە لەو تاقمە خەڵکە بوون کە بە دڵگەرمی دەهاتن و کەچی هەر زۆر خێرایش سارد دەبوونەوە. خۆیان نەدەگرت، هەمیشە بێ ئۆقرە بوون، چاویان بۆ دیتنی کەم و کوڕییەکان یەکجار تیژبوون، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانگوت بۆ ئەوەی وەزعەکەی پێ چاک بکەن تەنیا خەون و خەیاڵێک بوو و بەس. بۆیە لە دووای ماوەیەک وندەبوون و جا یان لە ئەورووپا سەریان دەردێنایەوە یان دەگەڕانەوە و خۆیان تەسلیم حکومەت دەکردەوە و بێدەنگ لێی دادەنیشتن، دیارە هەمیشەیش شتێک بوو خۆیانی پێوە خەریک بکەن، بۆ وێنە شیعر، چیرۆک، نووسین و شتی لەم بابەتە. فەرماندە دەیزانی زۆربەی شاعیرانی نیشتمان لە ناو ئەم جۆرە کەسانەدا بوون. بگرە لە دڵەوە بەزەییشی پێیاندا دەهاتەوە، ئاخر بەستەزمانانە خۆشیان لێ وندەبوو و سەرگەردان بەم گەردوونەدا دەسووڕانەوە. هەروەها دەیزانی یەکجار حەزیان بە ژن و بە پارە و بە خواردنەوەیشە. یان جگەرە، حەک ماڵ وێرانانە چییان بە جگەرە دەکرد. دەم پیسیش بوون، لە ناو خۆیاندا یەکجار خراپ بوون و خوانەخواستە نەکا رۆژێ لە رۆژان ناکۆکییان تێ بکەوتایە، کوڕە هەر هیچیان بە یەکترەوە نەدەهێشت، وەک کەوڵی کۆن یەکتریان دەتەکاند. بەڵام هاوکات هەر زۆریش زیرەک بوون. فەرماندە دەیزانی ئەوان ویژدانی نیشتمانن، بۆیە دەبا هەر چۆنێک بێت دەبێ چاوی لێیان بێت و قەت نە بە تەواوی بیانتارێنێ و نە بە قسەیشیان بکا. تەنیا ئەوەندە دەستت بیانگاتێ و نەیانگاتێ. ئەوان کوڕی رۆژی تەنگانە نەبوون، لایان وابوو زۆر خێرا دەبێ شتەکان بە ئەنجامی خۆیان بگەن و بگرە دەبێ بێ هیچ چەشنە کەموکوڕییەکیش،... پەککوو لەم خێڵە عاجایبە!... پەککوو! جا ئیستایش کە سەردەمی شاخ تەواوببوو و هاتبوونەوە و ببوونە خاوەنی نیشتمان، فەرماندە دەیزانی زیاتر لە جاران بە توشیانەوە دەبێ، بەڵام ئەمجارە شار بوو و ئەم خێڵە دەم هەراشە دەیانتوانێ تەراتێنی خۆیان باشتر بکەن، شار شوێنی ئەوان بوو، ئەوان لێرە دڵنیاتر بوون؛ بەڵام فەرماندە دەیزانی لەبەر ئەوەی ئیستا ئەو و هەڤاڵانن حوکمڕانن و خاوەن پارە و خەباتی پڕ لە شانازیی رابردوون، جگە لەوە لەبەر ئەوەی جەماوەریان بە دەورەوەیە ئەم خێڵە ناتوانن ئەوەندە بەئاسانی لە بیریان بکەن و بۆیە زیاتر لە جاران بە دەوریاندا خولەخولیان دەبێ.

لەم بیرانەدا بوو کە یەکێک لە هەڤاڵان دەمی هێنایە پێشەوە و بە گوێیدا چپاندی کە قوربان بێتەوە بیرت گەورەترین شاعیری زیندووی نیشتمانیش لەگەڵ خۆمانە! فەرماندە بە بیستنی ئەم قسەیە بزەیەکی هاتێ، باشە بۆ 'لێزانی دڵ شێواو'ی لە بیرکردبوو؟ باشە بۆ ئەوەندە گەمژە بوو ئەم شاعیرە مەزنەی کە هەموو ئەم ساڵانەی دووایی لە شاخ لەگەڵ هاوڕێیان کیواکێو و دۆڵاودۆڵی کردبوو، لە بیر چووبووەوە! سەیری هەڤاڵەکەی کردەوە و گوتی ئای ی ی کە وایە،.... ئای کەوایە! هەڤاڵەکە گوتی قوربان لە یەکێک لە کۆڕەکاندا نموونەی شیعری ئەویشیان دێنایەوە، زۆریان بەدڵ بوو! وادیارە لە ناویاندا خۆشەویستە فەرماندە بزەیەکی هاتێ. فرمانی دەرکرد لە چەند رۆژی داهاتوودا حەتمەن لێیان بگێڕنەوە و دەعوەتێکی باشیان بکەن، گوتی لە هیچ شتێک دەریغی نەکەن، خوێندەوارترین هەڤاڵەکانیش بانگ بکەن. ئەوسا بە بزەیەکەوە بیرمەندانە لەبەر خۆیەوە گوتی مەلای گوند بگرە و ئیتر خەمی خەڵکی ئاواییت نەبێ!

سبەی دەمەو ئێوارە سوار سیارە بوو و سەردانی گەورەترین شاعیری نیشتمان 'لێزانی دڵ شێواو'ی کرد کە لە ماڵەوە لە باخەکەی دانیشتبوو و خەریکی حەسانەوە لە بن سێبەری درەختێکی سێو لە تەنیشت حەوزێکی گچکەدا بوو. بە چەندین کتێب و هەروەها دەفتەر و قەڵەمێکیش لە تەنیشتیاندا. لە دووای ئەوەی کەمێک قسەی خۆشیان بە یادی جاران گۆڕییەوە، فەرماندە گوتی کە مەبەستی لە ئەم سەردانە ئەوەیە پیشنیاردەکا هەموو بەرهەمەکانی خۆی لە دوو توێی چەند کتێبدا چاپ بکا و بیخاتە بازاڕەوە، گوتی کە ئیتر سەردەمی ئەوە هاتووە لە پچڕپچڕ بڵاوکردنەوەی ئاسەوارەکانی وازبێنێ و ئەمجارە بە شێوەی شیاو بڵاویان بکاتەوە. هەروەها گوتی بیری لە دامەزراندنی ناوەندێکی رۆشنبیری بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار کردووەتەوە، وەها کە ئەو وەک گەورەترین شاعیری زیندووی سەردەم سەرۆکی بێت. شاعیری نیشتمان کە یەکجار بە بیستنی ئەم پێشنیارە بەرزانە گەشایەوە، دڵنیابوو لەوەی دەتوانن لە ئەمڕۆ بەدوواوە تین و گوڕێکی نوێ بە ئەدەبی نیشتمان بدەن، بەتایبەت لە بواری شیعر کە رۆحی ئەم میللەتەیە بگەنە ترۆپکێکی تر. ئەوسا شاعیر بەشێک لە قەسیدەیەکی درێژی خۆی کە چڕکردنەوەی خەباتی ئەم سەد ساڵەی دووایی میللەت لە گێڕانەوەیەکی مێژووئاسادا بوو بۆ فەرماندە خوێندەوە کە بەڕاستی هەستی فەرماندەی وەک هەمیشە هەژاند.

بەپێچەوانەی پلانەکەی، فەرماندە زیاتر لەوەی کاتی بۆ دانابوو لە باخەکە لە لای شاعیرە هەمیشە قژ ئاڵۆزەکە کە پەیتا پەیتا جگەرەی بەبادەکرد، مایەوە. کاتێک هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، گوتی خۆشحاڵم لە دووای ئەو هەموو ساڵە ژیانی دەربەدەری و بەدبەختی، ئیستاکە لە خانوویەکی ئاوەها کەشخە و گەورە بەم باغە جوانەوە دەژی؛ بەڵام راستی شتێک، باش بوو هاتەوە بیرم، هەفتەی داهاتوو هەڤاڵان دەعوەتییەکی گەورە دەکەن، هەندێ لە خوێندەواران و شاعیران و نووسەرانیان بانگ کردووە، ئەو مەجلیسە بێ تۆ هەر نابێ، بۆیە داوات لێدەکەم کە کاتی بۆ دابنێی و لەوێ بیت، لەوێ دەتوانی باسی پلانەکانی ئەمڕۆیشمان بکەی بۆیان، بێگومان ئەو شەوە هەنگاوێکی گەورەیە، پێم وابێ خەریکە بەرەبەرە دێتە دەستمان کە چۆن چۆنی بە شێوەیەکی باشتر ئیش و کارەکان رێکبخەین.

شاعیری گەورەی نیشتمان کە بۆ بەڕێکردنی میوانەکەی هەستابووە سەرپێ، بەگرمی دەستی هەڤاڵە کۆنەکەی گووشی و گوتی کە بێگومان یەکەم کەس دەبێ دێت. گوتی سالانی ساڵە خەون بە وەها رۆژێکەوە دەبینێ. رۆژێک کە هەموو شاعیرانی وڵات پێکەوە باس لە گەورەیی فەرماندە و نیشتمان دەکەن.

لە رێگای ماڵەوە یەکێک لە هەڤاڵان کە بە هۆیەکی نادیار یەکجار دڵی خۆش بوو، گوتی قوربان هەواڵێکی سەیر، بەڵام رووم نیە بیگێڕمەوە! فەرماندە کە دەیزانی سەرئەنجام هەر دەیگێڕێتەوە هیچی نەگوت و چاوەڕوان مایەوە. دیارە باسیشی نەکردایە هەر بەلایەوە گرینگ نەبوو. هەڤاڵەکە لە دووای چەند چرکەیەک کە پڕی بێ ئۆقرەیی بوو گوتی پیاو بەڕاستی قسەی سەیرسەیر دەبیستێ، خەڵکی ئەم وڵاتەی ئێمە هەمیشە خەڵکێکی قسەخۆش و دەم بە پێکەنین بوون، بۆیە بڕیان کرد و دوژمن نەیتوانی بیانتوێنێتەوە،... قوربان خۆ گەشتەکەی دوێنێت لەبیرە،... خەڵكی پێمان دەڵێن نێرەکەر،... دەڵین پیاو ئاوا نێرەکەرانە نەژی داخۆ ژیان کەی ژیانە!

فەرماندە ئەوەندە خێرا لایکردەوە و لە هەڤاڵەکەی رووانی، ئەوەندە چاوە تووڕەکانی پڕی پرسیار و سەرسوڕمان بوون کە هەڤاڵ بەرگەی نەگرتن و رووی وەرگێڕا و لەو دەستفرۆشانە راما کە بە درێژایی جادە دەبینران. لە سەر کۆڵانێکیش کەرێک دەبینرا چڵکن و چەور بە بە بارە نەوتەوە کە لەبەر هەتاوی بێ بەزەیی هاویندا چین چین ئارەقی دەڕشت. کەرەکە چەند ئاشنا دەینواند.

خێڵ و عەشرەتی فەرماندە یەکجار زۆر بوون. بۆخۆی قەت باوەڕی نەدەکرد ئاوەها لە سەرتاسەری نیشتماندا گەرایان خستبێ. ئەمە ئەوی بەو ئەنجامە گەیاند خاوەن رەگ و ریشەیەکی رەسەنە و هەتا چاو بەرەو دوواوە بڕدەکا خاوەن بنەچەیەکی یەکجار بەهێزە لە خاک و لە مێژووی وڵاتدا. لەخۆوە نەبوو ببووە فەرماندە و جڵەوی نیشتمانی بەدەستەوە گرتبوو.

ناسینی خزمان لای فەرماندە سێ قۆناغی دەگرتەوە: قۆناغی پێش رۆیشتن بۆ شاخ، قۆناغی شاخ و قۆناغی دووای شاخ. لەسەردەمی پێش شاخ فەرماندە تەنیا هەندێ لە خزمانی ناو شاری دەناسی. زۆربەیان یان کاسب بوون، یان لێرە و لەوێ لە دایرە حکومییەکان ئیشیان دەکرد. ئەوانیش ئەو سەردەمانە وەک هەموو خەڵکی شار هاتووچۆی یەکتریان دەکرد، میوانییان سازدەکرد و هەروەها لە شایی و سەرەخۆشیەکانی یەکتریشدا بەشداربوون، بەم شێوەیە خزمایەتییەکەیان پتەو راگرتبوو. لە بیری دێ بە منداڵی ئاشقی یەکێک لە کچەکانی خزمی خۆی ببوو، بەڵام هەتا لایکردەوە زۆر بێڕەحمانە بە شوویاندا. ئەمە ناخۆشترین بیرەوەریی سەردەمی منداڵیی فەرماندەیە. ئیستایش کە جاروبارە بیری دەکەوێتەوە ئاهی حەسرەتێکی قووڵ بەربینگی پێدەگرێ و بۆ چەند ساتێک کاسی دەکا. دیارە بە ئیستایشەوە نازانێ ئەو کچە چی لێهات. گەر مابێ بێگومان ئیستا بۆخۆی پیرێژنێکە!

لە گوندیشەوە پیاوێک کە سەر بە بەرەی باوکی بوو هەر دەهاتە شاری سەردانی دەکردن و، بۆیە بۆجۆرێک ئاگایشی لە خزمانی گوندیش بوو. بەخۆشییەوە لە سەردەمی شاخ فەرماندە توانی هەموو خزمانی دێ ببینێتەوە و لەگەڵیان پێوەندی خزمایەتی توند و تۆڵ بکاتەوە. ئەو کە نەیدەزانی تا ئەو رادەیە هەم لە بەرەی باوکییەوە و هەم لە بەرەی دایکییەوە لەوێ لە دەرەوەی شار بە سەر ناوچەیەکی پان و بەریندا خاوەن خزمە، یەکجار بەمە خەنی بوو. ئەوان ئەو سەردەمانە پشت و پەنای چاک بوون. زۆر جار لە مەرگ نەجاتیان دابوو. هەر لەو خزمانەیشی هەندێ گەنج چەکیان هەڵگرت و بوون بە هەڤاڵ و ئیتر فەرماندە بۆ زۆر شت پشتی بەوان دەبەست.

زەمانە بەردەوام بوو لە گەڕی خۆی و لە دووای راپەڕین کۆمەڵێک خزمی تر پەیدابوون کە فەرماندە قەت نە ناویانی بیستبوو و نە بینیبوونی! دایک و باوکیشی نەمابوون تا راستی و دروستیی ئەمە بسەلمێنن. بەڵام بتەوێ و نەتەوێ خزم خزمە! ئەم خزمە تازانە کە فەرماندەیان بە وشەی 'خزم' یان 'ئامۆزا' بانگدەکرد یەکجار رووخۆش بوون. کاتێکیش دەچوونە سەر ئەوەی بیسەلمێنن کە لەگەڵ فەرماندە پێکەوە خوێنیان تێکەڵە، وەهایان قووڵ دەکردەوە کە سەر لە فەرماندە دەشێواو و نەیدەتوانی قسەکانیان بخاتەوە سەر یەک. بە درۆ یاخود بەڕاست وەرگرتنی ئەم قسانە یەکجار زەحمەت بوو. هەڵبەت گەر کەمێک دڵی بدایە قسەکانیان رەنگە شتێکی لێ هەڵکڕاندایە، بەڵام ئەوەندە بیر و هۆشی لای نیشتمان و دۆستانی دەرەوە و ناوەوە و کێشە رۆژانەییەکان بوو، بە ئاستەمیش نەیدەتوانی خوو بداتە قسەکانیان. هەر ئەوەندەی پێدەکرا کاتێک سەردانیان دەکرد، سەریان بۆ راوەشێنێ و دوواتر بە رێز و بە بزەیەکەوە بەڕێیان بکا.

بەڵام ئەمە سەرەتای رێگا بوو. راستییەکەی ئەوە بوو خزمەکانی دووای راپەڕین وەک هەموو خزمەکانی تر داوای بەشیان دەکرد. فەرماندە کە بە دامەزراندنی زۆربەی عێڵ و عەشرەی خۆی و هاوڕێیان تەواو لەوە دڵنیا ببوو کە کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر دامودەزگاکانی حکومەت و لێرەوە بەسەر نیشتماندا هەیە، ئیتر بیری لەم بەشە، واتە خزمانی دووای راپەڕین، نەکردبووەوە. بۆیە بە تەواوی لێی ببوو بە داڵغە. ئاخر ئەخلاق حوکمی دەکرد ئەوانیش شوێنی خۆیان ببیننەوە. مەگەر چ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان و خزمانی تردا هەبوو. لێرەوە لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بڕیاریاندا ئەم جۆرە کەسانە بکەن بە سەربازی ون و مووچەیەکیان بۆ ببڕنەوە. یان وەکوو سەردەمی شاخ بیانکەن بە سوپای بەرگری میللی و هەر کامە و چەکێکیان بدەنێ و لە کاتی تەنگانەدا گەر بە پێویستیان زانی بانگیان بکەنەوە. بۆ ئەمانەیش مووچەیەکیان بڕییەوە. بەم شێوەیە فەرماندە توانی هەموو خزمانی خۆی کە بە درێژایی مێژوویەکی پڕ لە هەورازو نشێو ناسیبوونی، لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و بیانکا بە پایەیەکی پتەوی دەسەڵاتەکەی. هەڤاڵانی تریش دیارە هەر ئەمەیان کردبوو و بۆیە لە حسێبێکی سەرپێی بەو ئەنجامە گەیشتن کە لە حەشیمەتی سێ میلیۆنیی وڵات دەورووبەری پێنج سەد هەزار کەسیان بە راحەتی لە دەوری خۆیان کۆکردبووەوە کە دەبووە یەک لەسەر شەشی خەڵکی. جا چی لەمە باشتر! رووی لە هاوڕێیان کرد و گوتی ئیتر باسی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەمان ناکەم، گەر هەر ئەمانەمان هەبێ دەبینە خاوەن متمانەترین دەسەڵاتی ناوچە. لە راستیدا هیچ کام لە وڵاتانی دەورووبەر ئاوەها نەبوون. فەرماندە درۆی نەدەکرد. لانیکەم گەر بە ژمارەی حەشیمەت چاوت لێبکردایە، دەسەڵاتەکەی ئەو گەلیترین دەسەڵات بوو. هەر لێرەوە رۆژێ هاوڕێیانی کۆکردەوە و گوتی راستە وڵاتان بوونەتە برابەشمان، بەڵام دڵ لەدڵ مەدەن، ئاسۆ روونە!

تەنانەت مامۆستایەکی زانکۆ لە بواری ئابووری کە راوێژکاری خۆی بوو و بەجۆرێکیش دووراودوور بە خزمایەتی دەگەییەوە فەرماندە، لە حسێب و کتێبێکی مەتماتیکیدا بۆی سەلماند لەبەر ئەوەی زۆربەی داهاتی وڵات لە رێگای گیرفانی ئەم یەک لەسەر شەشەوە دەچێتەوە بازاڕ، ئەوا خەڵکیش لێی موستەفیز دەبن و بەم شێوەیە چەرخی ئابوری وڵات بە بێ هیچ چەشنە نیگەرانییەکی ئەوتۆ بەجوانی دەگەڕێ.

لەم کەین و بەینەدا بوو رۆژێک هەڤاڵان گوتیان ژنێک هاتووە و دەیەوێ بیبینێ، گوتیان دەڵێ خزمیەتی! فەرماندە گوتی خزم! من خۆ خزمم نەماوە! گوتیان قوربان کەواتە جوابی ئەکەین. بەڵام فەرماندە، ئەمری کرد بێتە ژوورەوە. ئەوەی هاتە ژوورەوە عابا بەسەرێکی تەمەن گەڕاوە بوو بە چەند خاڵی شین بە روخسارییەوە. هەموو گیانی هاواری دەکرد خەڵکی گەرمیانە و تازە لە گوندەوە هاتووە. فەرماندە کە قەت خزمی لە ناوچەی گەرمیان نەبوو، بە تەعەجوبەوە هەروا لە ژنەی دەڕوانی کە ژنە بەسەر قاچ و دەستیدا کەوت و بە هۆنینەوەی شیعر، لاواندنەوە و گریانەوە خۆی بە قوربان و بە سایەقەی دەکرد. هەڤاڵان دەستبەجێ گەیشتن و دووریان خستەوە. لە دووای ئەوەی پەرداخێ شەربەتیان بۆ هێنا و کەمێک ئۆقرەی گرت، لە کاتێکدا بە گۆشەیەکی عاباکەی فرمێسکەکانی دەسڕییەوە، باسی چۆنیەتیی خزمایەتییەکەیانی کرد:

ـ وەقوروانی باڵاو وم خزمی عەبەی وەستا ئەحەی کوڕەزازای شێخ عەبدوڵام لە عەشرەی مەلای گەورە!

فەرماندە کە تەنیا لەم ناوانە عەشرەی مەلای گەورەی بیستبوو، گوتی:

ـ دایە گیان ئەوان هی کوێستان و تۆ هی گەرمیان خێر بێ چۆن چۆنی خزمن؟

ـ دایە لە دەور گەڕێ، بۆ ناوێ، شێخ خوا لێی رازی وێ کاتی خۆی کە لە بیرەوەری باوەگەورەمە لە لای ئێوە هاتیە دێی ئێمە و خوا کریە و لەگەڵ مێینەیەکی ئێمە جووت بووە و نەنکی منی لێ لە دایک بووە، هەرچەن شێخ کە رۆییە نەهاتەسەو بەڵام رۆحم وەقوروانێ بێ هەموو کەس ئەیزانێ خزمین!

فەرماندە یەکیک لە هەڤاڵانی بانگ کرد. ئەمری کرد پێنج سەد دیناری سویسڕی بدەنێ و وەهای بەڕێ بکەن کە قەت نەگەڕێتەوە. ئەم رووداوە وەها لە زەوقی فەرماندەی دا کە بۆ هەمیشە کۆتایی بەم جۆرە دیدارانە هێنا و وەفدێکی تایبەتیشی بۆ دیاری کرد. ئەمریشی دەرکرد ئیتر ئەو لە نیشتماندا خزمی تری نەماوە و ئەوەی بەو ناوەوە دێت تەنیا بۆ پارە دێت و بەس. جا هەر کەس لەمە بەدووا بێت و شتی وابڵێ ئەوا چل شەو و چل رۆژ دەیخەنە زیندانەوە و دوواتر دەیدەن بە پشتی دێوی سپیدا تا فڕێیداتە ناو دەریایەکی رەشی بێ بنەوە! هەرچەند لە کۆتاییدا لەبەر ئەوەی دڵی زۆر میهرەبان بوو گوتی هەر کەسێک رۆژێک لە رۆژان یارمەتی ئەوانی دابێ گەر رووی تێکردن ئەوا دەبێ هەڤاڵان بەجوانی بەدەمیانەوە بچن. بەس بە مەرجێک بتوانن بیسەلمێنن. فەرماندە لە نوتقێکی کورتی چەند خولەکیدا گوتی ئەوان سپڵە نین و قەت رابردوو لەیاد ناکەن. جا لێرەوە بە خۆیان و بە نیشتمانەوە لە خزمەتیاندان.

بەم شێوەیە بەشیکی تر لە بودجە تەرخان کرا بۆ یارمەتییە لاوەکییەکان. رۆژ بەڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی روویان لە بارەگاکان دەکرد بۆ وەرگرتنی ئەم جۆرە یارمەتییانە هەتا دەهات زیا و زیاتری دەکرد. بەڵام فەرماندە خۆشحاڵ بوو. بەرەبەرە هەموو نیشتمان وەک تاری جاڵجاڵۆکە بە دەوری بارەگای فەرماندەدا تەنرا. مامۆستاکەی زانکۆ هەر چۆنێک حسێبی دەکرد ئەوەندەی نەمابوو ئەمە پێنج لەسەر شەشی حەشیمەتی نیشتمان بگرێتەوە. فەرماندە بزەیەکی دێتێ و بیردەکاتەوە. خۆشحاڵە هەر لە ئیستاوە رووسووری دونیا و قیامەت بووە.

درێژەی هەیە...

 

گەڕان بۆ بابەت