وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: سه‌رگوڵ بێتوشی
به‌ڵام هه‌روه‌ك له‌و جۆره گرێبه‌ستانه‌دا باوه، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوون و هه‌ژاره‌كانیش هه‌ژارتر. ژماره‌یه‌كیشیان ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند بوون كه ئیتر نه پێویستییان به دزی راسته‌وخۆ هه‌بوو و نه پێویستییان به كه‌سێكیش هه‌بوو كه دزییان بۆ بكات، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا بوو كه ئه‌گه‌ر وازیان له دزیكردن هێنابا، فه‌قیر ده‌بوون، چونكه هه‌ژاره‌كان هه‌ر دزییان له‌وان ده‌كرد.
شاری دزه‌كان
نووسینی: ئیتالۆ كالڤینۆ
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: سه‌رگوڵ بێتوشی
هه‌موو شه‌وێ دووای نانی ئێواره هه‌ر كه‌سه و ده‌سته كلیل و فانۆسێكی ده‌ست ده‌دایه و، له ماڵێ ده‌چووه ده‌رێ بۆ دزی كردن له ماڵی یه‌كێك له جیرانه‌كانی! دوواتر ده‌مه‌و به‌یانی به ده‌ستی پڕ ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵێ، به‌ڵێ ماڵی خۆی كه ئه‌ویش دزێكی هاتۆته سه‌ر و دزی لێكردووه!
به‌مشێوه‌یه هه‌موو خه‌ڵكه‌كه پێكه‌وه به خۆشی ده‌ژیان چونكه هه‌ركه‌سه و دزی له‌وی دیكه ده‌كرد. ئه‌وان ئاوا به‌رده‌وام بوون تا ئه‌و جێگایه‌ی كه دوایین نه‌فه‌ر به هه‌مان شێوه له یه‌كه‌م كه‌سه‌وه ده‌ستی پێده‌كرده‌وه و، دزی به‌رده‌وام بوو.
دانوستان و مه‌عامه‌له بازرگانیه‌كان و به‌گشتی كڕین و فرۆشتن له‌و شاره‌دا هه‌ر به‌و ره‌واڵه ئه‌نجام ده‌درا و ده‌چووه پێشه‌وه. هه‌م له لایه‌ن كڕیاره‌كان و هه‌م له لایه‌ن فرۆشیاره‌كانه‌وه و حكومه‌تیش له لای خۆیه‌وه و به نۆره‌ی خۆی هه‌وڵی ده‌دا حیساب و كیتابێكی زۆرتر له خه‌ڵكه‌كه بكێشێته‌وه و پوڵێكی زۆرتریان لێ وه‌رگرێت، له‌و لاشه‌وه خه‌ڵكه‌كه‌ش به نۆره‌ی خۆیان ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵیان ده‌دا كه كڵاو له سه‌ر حكومه‌ت بنێن و شتێكیش له حكومه‌ت له لای خۆیان گل بده‌نه‌وه. ژیان به‌و شێوه‌یه له‌و شاره‌دا به ئارامی تێپه‌ڕ ده‌بوو، نه كه‌س زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو و نه كه‌سیش زۆر هه‌ژار و نه‌دار بوو.
رۆژێك له رۆژان - چۆناوچۆنیه‌كه‌ی نازانین- پیاوچاكێك رێی ده‌كه‌وێته ئه‌و شاره و بڕیار ده‌دا كه له‌و شاره‌دا بمێنێته‌وه و، له‌وێ بژیت. شه‌وانه له بری ئه‌وه‌ی به خۆی و به ده‌ستێك كلیل و فانۆسێكه‌وه به كۆڵانه‌كاندا بگه‌ڕێت بۆ دزی، هه‌ر كه نانی ئێواره‌ی ده‌خوارد جگه‌ره‌یه‌كی به با ده‌كرد و ده‌ستی ده‌كرد به خوێندنه‌وه‌ی رۆمان... دزه‌كان سه‌رو كه‌لله‌یان وه‌ده‌ر ده‌كه‌وت، هه‌ر كه ده‌یانبینی چرای ماڵه‌كه داگیرساوە و ماڵه‌كه رووناكه، رێگاكه‌یان ده‌گۆڕی و ده‌ڕۆیشتن.
وه‌زعه‌كه ئاوا به‌رده‌وام بوو، تا ئیتر خه‌ڵكه‌كه هه‌ستیان به به‌رپرسیارێتی كرد و بڕیاریان دا بۆ ئه‌و كه‌سه تازه‌یه روون بكه‌نه‌وه كه هه‌رچه‌ند ئه‌و خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه نییه و له‌و جۆره كه‌سانه نییه، به‌ڵام بۆی نییه رێ له كاری ئه‌وانی دیكه بگرێ! چونكه هه‌ر شه‌وێك كه ئه‌و له ماڵه‌وه ده‌مێنێته‌وه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شه‌وه بنه‌ماڵه‌یه‌ك به بێ شێو ده‌بێ سه‌ر بنێنه‌وه و رۆژی دواتریش هیچیان نابێ بیخۆن.
به‌مجۆره كابرای پیاوچاك له به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌دا هیچی پێی نه‌بوو بیڵێ، بۆیه ئه‌ویش هه‌موو ئێواره‌یه‌ك دوای رۆژئاوا بوون ماڵه‌كه‌ی به‌جێ ده‌هێشت و هه‌ر به‌و شێوه‌یه كه داوایان لێكردبوو، ده‌مه‌و به‌یانی ده‌گه‌ڕایه‌وه، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك ئه‌وانی دیكه دزی نه‌ده‌كرد ئاخر ئه‌و كه‌سێكی باش بوو و حه‌زی له‌و چه‌شنه كارانه نه‌بوو. هه‌ر بۆیه هه‌میشه كه له ماڵێ ده‌چووه ده‌رێ، ده‌چووه سه‌ر پردی شار و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له چۆمه‌كه راده‌ما و دوایه ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵێ و ده‌یدیت كه ماڵه‌كه دز هاتۆته سه‌ری و دزی لێ كراوه.
له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك حه‌وتوودا كابرای پیاوچاك دار و نه‌داری له ده‌ست دا و هیچی نه‌ما، ته‌نانه‌ت هیچ شتێكی بۆ خواردنی خۆشی بۆ نه‌مابۆوه و ماڵه‌كه‌شی رووتابۆوه. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه نه‌بوو، چونكه ئه‌و خۆی خه‌تابار نه‌بوو و كێشه‌كه شتێكی تر بوو. ئه‌و كابرایه به‌م ئاكاره‌ی كێشه‌ی بۆ هه‌مووان نابۆوه!
ئه‌و به بێ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ست بۆ ماڵی كه‌س به‌رێت، ئیزنی دابوو خه‌ڵكه‌كه هه‌رچی دار و نه‌دارێك كه هه‌یه‌تی بیدزن. به‌مجۆره هه‌موو شه‌وێك دوای دزی كردنه‌كه، ماڵی كه‌سێك دز نه‌ده‌چووه سه‌ری و كه‌لوپه‌له‌كان هه‌ر له سه‌ر شوێنه‌كه‌ی خۆیان ده‌مانه‌وه. ئه‌وه‌ش ئه‌و ماڵه بوو كه ده‌بوایه كابرای پیاوچاك دزی لێ بكات.
به هه‌ر حاڵ دوای ماوه‌یه‌ك ورده ورده ئه‌و ماڵانه‌ی كه ماڵه‌كانیان شه‌وانه دز نه‌ده‌چۆ سه‌ری و دزییان لێ نه‌ده‌كرا، وه‌زعیان له باقی خه‌ڵكه‌كه‌ی دیكه باشتر ده‌بوو و خه‌ریك بوون ماڵ و حاڵێكیان پێكه‌وه ده‌نا، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه زۆرتر ده‌چوونه سه‌ر ماڵی پیاو چاكه‌كه (ئه‌و ماڵه‌ی كه ئیتر هیچ شتێكی بێكه‌ڵكیشی تێدا نه‌مابوو)، ده‌بوایه به ده‌ستی به‌تاڵ بگه‌ڕێنه‌وه و وه‌زعیان رۆژ به رۆژ به‌ره‌و خرابی و نه‌بوونی و هه‌ژاری ده‌چوو.
به‌مشێوه‌یه ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه‌ی كه بارودۆخی ئابوورییان له‌وانی دیكه باشتر ببوو، هه‌روه‌ك پیاوچاكه‌كه فێر ببوون هه‌موو شه‌وێ دوای نانخواردن ده‌چوونه سه‌ر پرده دارینه‌كه و له ئاوی چۆمه‌كه ڕاده‌مان. ئه‌م كاره بارودۆخی ئاڵۆزی شاری ئاڵۆزتر ده‌كرد، چونكه ئه‌وه به‌و مانایه بوو كه دیسان خه‌ریكه كه‌سانی زۆرتر ده‌وڵه‌مه‌ندتر و خه‌ڵكانێكی دیكه‌ش به‌ره‌و هه‌ژاری و نه‌داری زیاتر ده‌چوون.
به‌ره‌به‌ره ئه‌وانه‌ی كه له بواری داراییه‌وه وه‌زعیان باشتر ببوو و بۆ سه‌یران و سیاحه‌ت ده‌چوونه سه‌ر پرده‌كه، بۆیان ده‌ركه‌وت كه ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌و ره‌واڵه بڕۆنه پێشه‌وه به زوویی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان ته‌واو ده‌بێ. بۆیه بیریان له‌وه كرده‌وه كه پاره‌یه‌ك بده‌ن به هه‌ژاره‌كان و ئه‌وان شه‌وانه له بری ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش دزی بكه‌ن.
گرێبه‌سته‌كان واژۆ كران، حه‌قده‌سته‌كان و به‌شه‌كانیش دیاری كران: دیاره ئه‌وان هه‌موو هێشتا هه‌ر دز بوون و له‌و گرێبه‌ستانه‌شیاندا هه‌وڵیان ده‌دا كڵاو له سه‌ری یه‌كتر نێن و هه‌ر یه‌كه‌یان به جۆرێك له جۆره‌كان فێڵ له‌وی دیكه بكات.
به‌ڵام هه‌روه‌ك له‌و جۆره گرێبه‌ستانه‌دا باوه، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوون و هه‌ژاره‌كانیش هه‌ژارتر. ژماره‌یه‌كیشیان ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند بوون كه ئیتر نه پێویستییان به دزی راسته‌وخۆ هه‌بوو و نه پێویستییان به كه‌سێكیش هه‌بوو كه دزییان بۆ بكات، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا بوو كه ئه‌گه‌ر وازیان له دزیكردن هێنابا، فه‌قیر ده‌بوون، چونكه هه‌ژاره‌كان هه‌ر دزییان له‌وان ده‌كرد.
ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان هاتن و بیریان كرده‌وه كه بێنن هه‌ژارترین كه‌سه‌كان دامه‌زرێنن بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر هه‌ژاره‌كانی دیكه‌دا پارێزگاری له سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان بكه‌ن. به‌مجۆره ئیداره‌ی پۆلیس دامه‌زرا و زیندانه‌كانیش دروست كران!
به‌مچه‌شنه هێشتا چه‌ند ساڵێك به سه‌ر هاتنی پیاوچاكه‌كه‌دا تێپه‌ڕ نه‌ببوو كه ئیدی خه‌ڵك باسیان له دزیكردن و دزی لێكران نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو ئیتر هه‌مووان باسی ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژارییان ده‌كرد؛ به‌ڵام له راستیدا هێشتا هه‌موو هه‌ر دز بوون ...
* ئه‌م كورته چیرۆكه له ژماره 96ی گۆڤاری هه‌ناردا بڵاو كراوه‌ته‌وه