ما 2705 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کاتێک ئەخلاق بێ ئەخلاقی دادەپۆشێ

کاتی خۆی لە نوسەرێکیان پرسی زۆر جوان دیمەنی ئازایەتی وەسف دەکەی، لە وەڵامدا گوتی لەبەر ئەوەیە نیمە بۆیە دەتوانم وەها وەسفی بکەم!

بەم پێیە ئارەزووی هەبوونی شتێک کە نیمانە دەتوانێ ببێ بە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ باسکردن و بۆ وەسفی. ئەمە زۆر بوار دەگرێتەوە، بۆ وێنە بواری موڕاڵ واتە ئەخلاقیش. دەبینین کەس یان ئەو کۆمەڵگایەی وا زیاتر کێشەی ئەخلاق و موڕاڵی تیایە زیاتر لە کەس یان کۆمەلگاکانی تر پرسی ئەخلاقی تیایا بەرجەستە دەببێتەوە. هەر لە بنەماڵەوە بگرە هەتا قوتابخانە و دوواتر دام ودەزگا فەرمییەکانی حکومی زیاتر بە پەندە ئەخلاقییەکانەوە سەرقاڵ دەبن.

لەم جۆرە کۆمەڵگایانە، دیوارەکانیان پڕن لەو دروشمانەی وا پەند و ئامۆژگارییان بە خەتی درشت لەسەر نووسراوە. یان گەورەکان زۆربەی کات باس لە ئەخلاق دەکەن! لە راستیدا دەیانەوێ بڵێن کەسانی ئەخلاقین و لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە زۆر دەربەستی موراڵە. کەچی کاتێک بە وردی لێی دەڕوانین دەبینین لەم بوارەدا خاوەن کێشەی جیددییە.

کەواتە بە گوێرەی ئەزموونی ئەو نووسەرەی سەرەتا باسمان لێکرد، جوان باسکردنی شتێک بەمانای خاوەنداریەتی شتەکە نیە. زۆر جار قسە بە داخەوە بۆ ئەوەیە کەمایەسییەکانمان لە بواری کردەوەدا داپۆشین.

خۆزگە وەک چۆن کەمایەسی لای نووسەرێک دەبێتە خوڵقانی بەرهەمێک ئەوا کەمایەسی لە بواری موڕاڵدا بەرهەمی لێ خوڵقابا. بەڵام ئەوەی هەیە تەنیا و تەنیا قسە یەکجار دووپاتکراوەکانی چاکە و خراپەیە بە بێ گۆڕانێک لە فۆڕم و لە ناوەڕۆکیاندا. قسەیش کە بەیەک شێوە زۆر گوتراوە لە بڕەوی جارانی خۆیشی دەکەوێ.

سایتی قەڵەم

٢ی دێسامبری ٢٠٢٠

 

گەڕان بۆ بابەت