ما 4835 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار لوتفی

کاتێ پیرە پیاوەکە بۆ جارێکی‌تر لە پێخەفەکەیدا خەبەری بووەوەو هەستاو لە پەنجەرەی کۆخە پەڕپووتەکەی‌ڕا گزنگی خۆری پێکا، هەموو گیانی پیر ئەینواند جگە لە چاوە دەریاییە شاد و شکست‌نەهێنەکانی. پاشان بەرە دوا وەرگەڕا و پڕی بە دەکەڵەکەدا کردەوە، ئەو دەکەڵەی هەزاران شەو لە دوورترین خاڵی دەریادا بووبووە نشێنگەی پشتە کۆماو و سەرە رووتاوەکەی و، ئاشنابوو بە وچانە سرک و بزۆزەکانی.

 

پیرەپیاو و کوڕە نەبووەکەی

دەکەڵەکەی داکێشاو بایەوانەکەی لوولە کرد و گرێی‌دا. دواتر دەکەڵەکەی خستە سەر شانی‌و بە گابەردەکاندا هەڵزنا. هەنووکە قووڵتر هەستی بە ماندوویی دەکرد. ساتێ راوەستاو سەیری دواوەی کردو لە پاپۆڕ و رووفاتی ماسیەکەی ڕوانی... دووبارە بە گابەردەکاندا هەڵزناوەو کاتێ گەییشتە سەرەوە، کەوتە عەرزو دەمێ بە دەکەڵەی پشتیەوە راکشا. هەوڵی‌دا دووبارە هەستێتەوە، گەلێ دژوار بوو و بە هەمان دەکەڵەوە دانیشت و روانیە ئەو جادەیەی لە بەردەمیەوە دەستی پێدەکردو لە بەر کۆخە پەڕپووتەکەی کۆتایی دەهات... لە ئەنجامدا دەکەڵەکەی نایە سەر زەوی و راوەستا. دیسان دەکەڵەکەی هەڵگرتەوە و خستیەوە سەر شانی و ملی رێگای گرتەوە بەر. تا گەییشتە کۆخەکەی، پێنج جاریتر ئەم کردەیەی پات کردەوە. دەکەڵەکەی بە دیواری ژوورەکەی هەڵپەسارد. لە تاریکی‌دا دەفرێ ئاوی پەیا کرد و قومێکی لێ نۆشی. دواتر لە سەر پێخەفەکەی راکشا. پەتووەکەی بە رێگای لاق و پشتیدا خزاندە سەرو شان و ملی پێ‌ پۆشی. ئینجا دەمەونخوون کەوت و بە باسکە کراوەکان و ئەو لەپە دەستانەی بەرو پشت روویان لە میچەکە بوو خەو بردییەوە.

خەوی دی کوڕە نەبووەکەی پرسیارپێچی کردووە و ئەمان‌وهەدای بڕیوە:

ــ بابە، لە کەژو کێودا لێکم داویتەوە... ئەی لە دەریا چۆن دەجەنگی؟

ــ لە دەریا تۆ ناجەنگی رۆڵە، مەحکوومی بە جەنگ، لە وشکانیشدا بە هەمان شێوە.

ــ بابە، لە دەریاش وەک لای خۆمان شکست هەیە؟

ــ لە هیچ شوێنێ مرۆ بۆ شکست نەخوڵقاوە رۆڵە، لە وانەیە لە ناو بچێ بەڵام هەرگیز شکست ناهێنێ!

ــ ئاخر دەریا وەک وشکەڵانی نییە بابە، لە پاپۆڕێکدا مانۆڕی جەنگ زۆر ئەستەمە؟!

ــ رۆڵە گیان، لەوێ دۆخەکە واتباردێنێ بیر بکەیتەوە... بیر لەو شتە بێ نرخانەی لە دەوروبەرتن و دەتوانی لە جەنگدا بە باشترین شێوە کەڵکیان لێ وەربگری... دەبێ بیر بکەیتەوەو، لەم ئەزموونە بۆ ئەزموونێکی‌ترو بۆ ئەزموونێکی دی پەلباوی... ئەزموونەکان چلۆنایەتی بیرکردنەوەو کەڵک وەرگرتن لە تاریکترین ساتەکان و بێچەکترین دەمەکانت فێر دەکەن... راتدێنن بە دۆخە هەرە دژوارەکان... واتلێدەکەن بیر لەوانە بکەیتەوە کە گەلێک لە بارودۆخی تۆ خراپترن و لە کۆسپەکانیش ناپرینگێنەوە... واتلێدەکەن بیربکەیتەوە ژیان لە پێناوی ئیشەکەتدا شتێکی بێ‌ بایەخە، هیچە، تڕۆیە!

ــ کامە ئیش بابە؟! ئەو ئیشەی هەشتاوپێنج رۆژە بۆی دەچیە دوورترین خاڵی دەریاو بێ دەستکەوت دەگەڕێیتەوە .. یان گەر دەستکەوتێکیشت هەبووبێ رووفاتێکی پێنج مەتر و نیوی گاماسییەک و سەرە مەزنە بێ ‌بایەخەکەیەتی؟!

کاتێ پیرە پیاوەکە بۆ جارێکی‌تر لە پێخەفەکەیدا خەبەری بووەوەو هەستاو لە پەنجەرەی کۆخە پەڕپووتەکەی‌ڕا گزنگی خۆری پێکا، هەموو گیانی پیر ئەینواند جگە لە چاوە دەریاییە شاد و شکست‌نەهێنەکانی. پاشان بەرە دوا وەرگەڕا و پڕی بە دەکەڵەکەدا کردەوە، ئەو دەکەڵەی هەزاران شەو لە دوورترین خاڵی دەریادا بووبووە نشێنگەی پشتە کۆماو و سەرە رووتاوەکەی و، ئاشنابوو بە وچانە سرک و بزۆزەکانی.

ژێدەر:

بۆ نووسینی ئەم تێکستە کەڵکم لە چیرۆکی "پیرەپیاو و زەریا"ی همێنگوای وەرگرتووە و بەشێکیم بە دەستکارییەوە گوازتۆتەوە.

 

 

٢٦/٣/٩٣

 

گەڕان بۆ بابەت