ما 2250 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەر کە دەگەیشتنە سنوور تەنیا یەک سەیارە مافی ئەوەی هەبوو ئاودیو بێت، ئەویش تڕۆمبیلی خودی فەرماندە و نزیکترین هەڤاڵانی بوو. ئەمە خۆی لە خۆیدا هیچ عەیبێکی تیانەبوو، بەڵام وەک بیستبووی سەرۆکی وڵاتان ئاوەها بە وەفدی بچووکەوە سەفەریان نەدەکرد.

 

چیرۆکی فەرماندە (٧)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵەکان تێپەڕیون و نیشتمان هەروا بێ کارەبایە. گوتیان ئەو رۆژەی دیکتاتۆر پاشەکشەی کرد و ئەم نیشتمانەی جێهێشت، کارەبایشی برد! هەموو ئەو ئامێر و کەرەسانەی وا لەسەر بەنداوە گەورەکان هەبوون لەگەڵ خۆی رایگواستن و ئیتر نیشتمان غەرقی تاریکی بوو. گوتیان ئەمەی کرد بۆ ئەوەی پیشانی بدات رووناکی بەوەوەیە و گەر ئەو نەما شەو هەموو وڵات دادەگرێ.

لە راپەڕینەوە ئیتر چرالامپا، چرامووشی، مۆم و چراتۆڕ باوبووەوە. خانووەکان و کووچە و کۆڵانەکان شۆقی جارانیان نەما. بەڵام لە شوێنێکەوە کارەبا دەهات و خانووەکەی فەرماندە و هەڤاڵانی دەکرد بە رۆژ. وەک بڵێی فەرماندە دەیویست بە دیکتاتۆر بڵێ ئەها هەنووکەیش هەر منم وەک سەردەمی شاخ لە مەرامبەر تۆدا راوەستاوم، بڕوانە تۆ وەک هەمیشە دۆڕاوی و ناتوانی شوێنی ژیانی من و هەڤاڵان بکەی بە شەو. بەم شێوەیە لە فەرماندەوە بەردەوام تیشک بەرەو نیشتمان دەهاوێژرا.

وە چەند جوانیش ئەم پەیامەیان دەگەیاند. شوێنی ژیانی ئەو و هەڤاڵان هەتا بەیانی وەک دوڕ و گەوهەر لە ناو گەڕەکەکان و یاخود لە دەرەوەی شار بە سەر گردەکانەوە دەدرەوشانەوە. نەک ژوورەکان و حەوشە، بەڵکو سەر دەرگا و حەسارەکانیش هەمووی بە گڵۆپی ورد و درشت رازابوونەوە. خانووەکەی فەرماندە وەک داهاتووی نیشتمان گەش و رووناک بوو.

خەڵکی کە سەرەتا نەبوونی کارەبایان وەک پیلانی دیکتاتۆر لێکدەدایەوە، بەربەرە بە تێپەڕینی ساڵەکان ئەم پرسیارە لە مێشکیاندا چەکەرەی کرد کە لە دووای ئەم زەمەنە درێژە بۆچی کارەبا نەهاتەوە؟ نەکا بەڕاستی دیکتاتۆر راستی دەکرد و رووناکی لەگەڵ ئەو بۆ هەمیشە کۆچی کرد و هەتاهەتایە نیشتمان شەوە گەشاوەکانی رەوینەوە. باشە بۆ ئامێر و کەرەسەکان دابین نەدەکرانەوە!؟ کەس وەڵامی ئەم پرسیارەی پێنەبوو، تەنانەت فەرماندە و هەڤاڵانیش. بەرەبەرە وایلێهات نیشتمان بە تاریکی راهات.

بەڵام فەرماندە وەک هەمیشە بە هۆی توانای بێ وێنەی خۆیەوە وەڵامی پەیداکرد. لە نوتقێکی تەلەفزیۆنیدا (کە دیارە خەڵکی زۆرتر لە رێگای رادیۆوە گوێیان لێگرت)، گوتی نەبوونی کارەبا حیکمەتێکی تیایە کە دەبێ زەین و مێشکی مرۆڤ زۆر تیژبێ بۆ ئەوەی بتوانێ بیدۆزێتەوە. گوتی نەبوونی کارەبا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی رۆمانسیەت، ئەو کاتانەی وا مرۆڤەکان شەوانە لەبەر مۆم و ئاگردا دادەنیشتن و حەقایەتە شیرین و سەیروسەمەرەکانیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە، حەقایەتی خۆشەویستی و ئەشق، حەقایەتی سەرزەمینی پاشا و ئەو کچە نەشمیل و جوانەی وا بەڵێن بوو کوڕەپاشا بیگاتێ. ئەو سەردەمەی وا جێژوان پەناو پەسێوەکانی ناو دڵی تاریکی شەوان بوو و شەوان بە هەناسەی ئاگرینی دڵداران رووناک دەکرانەوە. گوتی نەبوونی کارەبا مانای یەکگرتنەوەی سروشت و نیشتمانە. گوتی سەردەمانێک بووکیان بە سواری کەر بە بووکی دەبرد و چراتۆڕیش رێگای بۆ دەنەخشاند (لێرەدا بە هێنانی ناوی کەر، هەڵوێستەیەکی کردبوو و بە قووڵی رۆچووبووە ناو بیرانەوە). هەروەها گوتبووی نەبوونی کارەبا لێکگرێدانی شاخ و شار پێکەوەیە. بیری نەتەوەی دێنێتەوە کە چ رابردوویەکی پڕشکۆ و بیرنەکراوەی هەیە. خودای مەزن ئێمەی لە شاخەوە بە ئێوە بەخشی و ئێوەیشی لێرەوە بە شاخ. گوتی بەم شێوەیە رابردوو و ئیستا یەکدەگرنەوە و مێژوو تەواوقەد لە بەرامبەرماندا هەڵدەستێتە سەرپێ.

ئەم نوتقەی فەرماندە دوواتر ئەوەندە سەرنجی لێکۆڵەرانی راکێشا کە وەک خودی هەبوونی کارەبادا هەڵیانسەنگاند،... بگرە زیاتریش.

بە شوێن ئەم نوتقە مێژووییەدا بابەتی تریش هات. بۆ وێنە هەڤاڵیک لە وتارێکی دوورو درێژدا نووسیبووی نەبوونی کارەبا بووەتە هۆی سڕینەوەی ئەو دەنگانەی وا هەبوونیان لە ماڵەوە نەیاندەهێشت گوێمان لە دەنگە هەمیشە جوان و سەرنجڕکێشەکانی ناو شەوان بێت. ئیستا ئیتر دەنگی وڕەوڕی سەلاجە و فریزەر و تەلەفزیۆن و پەنکە و موبەڕیدە نەماوە و بۆیە کاتێک دەخەوین گوێمان لە دەنگی سروشتە لە دەرەوە. بۆ وێنە گوێمان لە دەنگی بایە، لە دەنگی سەمای گەڵاکان بە لقەکانەوە، دەنگی خوێندنی باڵندەکانی بێداری ناو شەو و خشکەی مار و مێروو،... هەروەها دەنگی سیسرک و ویزەویزی مێشوولە و...،... جا داخۆ ئەمە خۆی لە خۆیدا موعجیزە نیە؟!

فەرماندە کە ئەم وتارەی یەکجار بەدڵ بوو، خەڵاتێکی باشی هەڤاڵی نووسەری کرد و لە دانیشتنێکی شەوانەی چراخاندا وەک نموونەیەکی بەرزی وردبینیی ئەدەبی ـ هزری لێکیدایەوە. هەڤاڵان سەریان بۆ لەقاند. هەڤاڵی نووسەریش کاتێک ئەم خەبەرەی پێگەیشت، تاقە چرامووشییەکەی ماڵەوەی کوژاندبووەوە بۆ ئەوەی ماڵ و منداڵی زیاتر لە جەوێکی شاعیرانەدا گوێ لە دەنگە شاراوەکانی ناو شەو بگرن.

بەم شێوەیە نیشتمان و سروشت کە بە هۆی دیکتاتۆرەوە ساڵانی ساڵ لەیەکتر دابڕابوون، یەکیان گرتەوە و بوونەوە بە یەک جەستە.

بەڵام گرفتەکە ئەوە بوو هەواڵ هات لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشتمان ئاڵوگۆڕی سەیروسەمەرە روویدابوو. بۆ وێنە باسی سەتەلایت کرا. ئەوەیکە بە پێچەوانەی جاران هەنووکە لە وڵاتان تەنیا یەک دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی نیە خەڵکی دابنیشن و سەیری بکەن. ئەوان ئیستا دەیانتوانی لە رێگای سینییەکی گەورەی زەلامەوە ئاگایان لەهەموو کەناڵەکانی دونیا بێت!

هەواڵەکە ئەوەندە گەورەبوو کە نەدەکرا چیتر نیشتمان بە بێ کارەبا بێت. سەردەمی رۆمانسیەت تەواوببوو. خەڵکی بیر و هۆشیان لەسەر هەواڵەکە بوو. وای لێهات دەستەدەستە کەوتنەوە کۆچ بەرەو ولاتانی تر. فەرماندە و هەڤاڵان دەبا مشورێکی وەزعەکە بخۆن. لێرەوە پێشنیاری ماتۆڕی بەرهەمهێنەری کارەبا کرا و ئیتر ئەوەندەی پێنەچوو هەڤاڵان دەستیانکرد بە کڕین و هاوردەکردنی. بەم شێوەیە لەهەموو گەڕەکێک بە گوێرەی پێداویستی مەکینەیەک دانرا و بە راکێشانی وایەر دەست بە تەوزیعی کارەبا کرا. بەرەبەرە سینییە گەورەکانیش سەر بانەکانی پڕکردەوە و ئیتر خەڵکی هەر لە سەعات شەشەوە کە کارەبا دەهاتەوە هەتا دوانزەی شەو بە دیار سەتەلایتەکانەوە دادەنیشتن و بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەو هەموو کەناڵانەیان دەکرد.

دەنگی ماتۆرەکان ئەوەندە بەرزبوون کە ئەمجارە خەڵکی بۆ ئەوەی بە جوانی گوێیان لە قەناتەکان بێت هەتا دەیانتوانی دەنگی تەلەفزیۆنەکەیان بەرزدەکردەوە. شار گرمەی دەهات. ئەوان کە بە زەحمەت گوێیان لەیەکتری بوو، مەجبوور بە هاوارهاوار لەگەڵ یەکتری دەدوان.

فەرماندە جاری وایە شەوانە دێتە بەر پەنجەرەکە و سەیری ناو شار دەکا. شار یەکجار بەخەبەرە! لای ئەو دونیا کتوپڕ چەندە ئەوەندەی دیکەیش گۆڕا. ساڵانی شاخی وەک خەونێک دێتەوە یاد. سەیری خانووی خاتوونیش دەکا کە بە پەنجەرە تاریکەکانییەوە لەو سەری حەوشە گەورەکە ترسناک دەنوێنێ. دەزانێ ئیستا کورەکانی کە هەر کامەیان لە ژوورەکەی خۆیاندا خاوەنی سەتەلایتێکن، بەم شەوە درەنگانە دانیشتوون و سەیری تەلەفزیۆن دەکەن. فەرماندە دەزانێ یەکێک لەو شتانە کەناڵە رووتەکانە. بزەیەکی تاڵ دەیگرێ. تازە دونیا وای لێهاتووە! دەزانێ لەوێ لە دەرەوە پیاوەکان بەسەر ژنەکاندا دەنەڕێنن و ناچاریان دەکەن زوو بخەون بۆ ئەوەی سەیری ئەم جۆر قەناتانە بکەن. کاتێکیش مەکینەکان ساعەتی دوانزە دەکوژێنەوە، هەستدەکا گوێی لە دەنگی جوێندانی پیاوە تووڕەکانە. نیشتمان کۆتایی شەو بۆنی شەهوەتی گرتووە. بزەیەکی دێتێ. چی لەمە باشتر، ئیتر خەڵکی بیر و خەیاڵیان بۆ زۆر شوێن ناچێ. گوناهە گەورەکان شوێنیان لەق دەبێ. ئەوسا شوکرە کە سەتەلایت سەردەمی دیکتاتۆر نەهات و لەناو خەڵکیدا باونەبوو، ئەگینا ئەو و هەڤاڵانیش لەبیردەچوونەوە.

پەنجەرەکە پێوەدەداتەوە و دەچێتەوە سەر مۆبلەکەی. تەلەفزیۆنەکە هەڵدەکاتەوە. ئیستا تەنیا ئەو و هەڤاڵانن دەتوانن لە دووای کاتژمێر دوانزەیش سەیری سەتەلایت بکەن. بەپەلە قەناتەکان دەگۆڕێ. لە ئامریکاوە بۆ ئۆرووپا و لەوێوە بۆ رووسیا و لاتین ئەمەریکا. بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسە. ئەو هەمیشە بەم وڵاتە موعجیب بووە. راستە وەک ساڵان دەنگ و رەنگی نەماوە، بەڵام بەردەوام فەڕەنسە فەڕەنسەیە، بەتایبەت کچەکانیان. گڵۆپەکان دەکوژێنێتەوە و جێگای خۆی لەسەر مۆبلە تاکەکەسییەکە خۆشتر دەکا. رەنگە بەم زووانەیش سەفەرێکی پاریس بکا.

لەو سەری حەوشەکەوە هەڤاڵی حەرەس کە لە بن تاریکایی سەنگەرێکی سەرداپۆشراودا جگەرە دەکێشێ و لە هەمان کاتدا لەو تیشکە لاوازە گەڕۆکانە دەڕوانێ وا لە ژووری فەرماندەدا لە هات و چۆدان، کەمێک خۆی خواردەکاتەوە بۆ بەر رووناکایی گڵۆپە دوورەکان و ئەو مانگەشەوەی وا بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە تیشک دەهاوێ. لە سەعاتەکەی دەڕوانێ. کاتژمێر یەک و نیوە. بیر لەوە دەکاتەوە داخۆ کەی ئەو نیوسەعاتەیش تێدەپەڕێ و کێشکەکەی کۆتایی پێدێت. هەڤاڵان لە ژوورەوە سەیری سەتەلایت دەکەن.

 

هەڤاڵانی بەرپرس بەرەبەرە لەیەکتر دادەبڕان. چیتر وەک سەردەمی شاخ و ساڵە سەرەتاییەکانی دووای راپەڕین نە یەکتریان دەبینی و نە ئەو بەزم و رەزم و دانیشتن و گاڵتە و جەفەنگەیان مابوو. ئیستا بە گوێرەی ئیش و کار لە کۆبوونەوەکاندا یەکتریان دەبینی و لە دووای ئەوە هەر کامە لە خانووە کۆشک ئاساکانی خۆیاندا کاتەکانی ژیانیان بەڕێ دەکرد. بەربەرە تەمەن هەڵکشابوو و لاجانگ و ریش سپی هەڵگەڕابوون. بەڵام ئەمە لەگەڵ ستایلی ژیانی نوێ بە هیچ چەشنێک نەدەهاتەوە. بۆیە یان سەروسمێلیان بە جوانی دەتاشی، یان تەنیا ریشیان دەتاشی و لەگەڵیا سمێڵ و قژیان بۆیاخ دەکردەوە. بۆیاخەکە لە وڵاتی دراوسێی دووهەمەوە دەهات. چەور چەور وەک بۆیاخی پێڵاو. بە بۆنێکی خۆشەوە. ئەمە لەگەڵ چاویلکە رەشەکان بەڕاستی دەهاتەوە. کرێمێکی زۆریشیان لە دەموچاویان دەدا و ئیتر شەوق و شەبەقیان لە دوورەوە سەرنجی هەموو زیندەوەرێکی رادەکێشا. ئەوان زووزوو نامەی سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرۆکی وڵاتی دووهەم بەڕێدەکرد.

هەڤاڵان تەنیا بەمە رازی نەبوون. ئەوان دەبا قەرەبووی رۆژانی شاخیان جوانتر بکردایەتەوە. راستە تەمەن رۆیشتبوو، بەڵام گەنجیەتی مەرج نیە بە تەمەنەوە بێت. گەنجیەتی شتێکیش بوو وەک خۆشی، رابواردن، دڵی خۆش و لەهەمووی گرینگتر کیژۆڵەی جوان و دڵڕفێن.

لە ناو کۆشکەکاندا باخی رازاوە سازکرا، بەو ئاسکانەوە تیایاندا لە هاتوچۆدابوون و هەروەها بە مەسبەحەکانەوە. سەرچاوەی ئاوی مەسبەحەکان کانیی چیاکان بوون. کارەکەرەکان کە زۆربەیان لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بوون، وەک فڕفڕە هەڵدەسووڕان. هەڤاڵان لە تەنیشت حەوزی مەلەکاندا رۆژنامەکانیان دەخوێندەوە، بە تەلەفۆن دەدوان و دەست و پێوەندەکانی خۆیان بۆ ئەم لاولا بەڕێدەکرد. ژنە چاوکاڵە قژ رەشەکان ئەوەندەیان شێلابوون کە گەر بە زەڕەبینیش بگەڕایتایە یەک زەڕرە ماندوویی سەردەمی شاخ چییە لە جەستەیاندا نەدەبینرایەوە. زۆر جار میوانیی گەورە سازدەکرا و هەتا نیوەشەو دەنگی قاقای پێکەنین و قسەکردن و زڕرەی پیاڵە و گۆرانی دەهات و دەچوو. بەڵام حەسارەکان ئەوەندە دوور بوون کە پێویستی نەدەکرد یەک وشە چییە بەری پێبگرن. خەلکی ئەوەندە دووربوون کە هەڤاڵان خەمی ئەوەیان نەبێ ئارامی و خەوی شەوانەیان لێ تێکبدەن. بەرەبەرە وای لێهات بیرەوەرییەکانی سەردەمی شاخیش بە هۆی گێڕانەوەی زۆر باویان نەما و ئەمجارە بیرەوەریی سەفەر بۆ وڵاتانی تر بوو ببوونە قسەوباسی سەرەکی. هەڤاڵان زۆربەی دونیایان کردبوو. ئەوەی شیاوی تامکردن بێ، لەوێندەر، چەشتبوویان. بگرە جۆرێک لە پێشبڕکێ لە نێوانیاندا سەری هەڵدابوو. ئەوەیکە بۆ دانیشتنی دوواتر کێ وڵاتی زۆرتری بینیبوو و کێ بیرەوەریی خۆشتری هەبوو. زۆربەیان گلەییان لەوە دەکرد کە بە تەمەنی گەنجیەتی بە تووش ئەم دۆخەوە نەببوون و بۆیە ئەو تام و چێژەی وا پێویست بوو لەم سەفەرانە نەیاندەبینی. یەکیان بە پێکەنینەوە دەگێڕایەوە زۆر جار لەگەڵ چاوشین و قژزەردەکان تەنیا گەمە دەکا،... دەستبازیی و وەک بەراز لووت ژەندن لە سەروسینگیان. بوووووو.... گڕڕڕڕڕڕ،... غڕڕڕڕڕڕ! هەڤالانی تر پێدەکەنین و دەیانگوت هەتیو بەخوا تۆ هەر بەراز بووی! دەیانگوت لەبیرت دێ فیشەک لە کەلەکەتەوە دەرچوو و کەچی ئاخت لێوە نەهات! هەڤاڵان راستیان دەکرد. ئەو کاتانە وەها بوو. بەرازبوون بەشێک لەو خەسڵەتە بوو بۆ ئەوەی بتوانی سەردەمی شاخ تێپەڕێنی.

کارەکەرە چاوبچووکەکانی باشووری رۆژهەڵات یەکجار بەحەیا و مەزڵوم و شەرمن بوون. هەر لە خۆوە بۆ هەموو شتێک دەنەوینەوە و دوو بەری دەستیان لەسەر سینگ جووتدەکرد و داوای لێبوردنیان دەکرد. وەک بڵێی هەمیشە هەڵەیەکیان کردبێ. هەڤاڵێک پێدەکەنی و دەیگوت حەیف زۆر وردن، ئەوی تر لە وەڵامدا دەیگوت خۆشییەکەی هەر ئەمەیە، وردی و تەسکی! ئەوجار هەموو دەیاندایە قاقای پێکەنین. چاوبچووکەکان کە لە زمانی هەڤاڵان نەدەگەیشتن شەرمێونانە بزەیەکیان دەکرد و دیسان کەمێک دەنەوینەوە و نیگایان دادەخستەوە و دەستەکانیان جووتدەکردنەوە. هەڤاڵێکی تر دەیگوت کە قسە ئەکەن ئەڵێی ئەمیاوێنن! ئەوی تر دەیگوت لەو کاتەی تریشدا قیژەکەشیان تایبەت بەخۆیانە، لە پشیلەی بەشەڕ دەچن گەر کەمێک دەنگیان نەویتر بێت! دیسان هەڤاڵان دەیاندایەوە قاقای پێکەنین.

چاو وردەکان لە ژوورەکانی ژێرەوەی خانووی هەڤاڵان کە بڕدرابوون دەژیان، یاخود لەو خانووانەی وا بەتایبەتی بۆ ئەوان لە بەشی پشتەو سازکرابوو. زۆربەیان بەتەمەن منداڵ بوون یاخود یەکجار گەنج بوون. راستییەکەی ئەوە بوو نیشتمان خەریک بوو بەرەبەرە وەک وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداوی فارسی لێدەهات. هەڤاڵان یەکجار خەنی بوون. خەریکبوو لووتی عەرەبە شۆڤینییەکانیان لە عەرزدەدا و دەیانسەلماند نیشتمانیش چیتر لە عەرەبی دیزداشەلەبەری هەگاڵ بەسەری گون شۆڕ چیتر کەمتر نیە و تەنیا بە هۆی هەڵەیەکی مێژووییەوە کەمێک وەزعەکە دوواکەوت. هەڤاڵان جاری وابوو وەک عەرەبی مارمێلکەخۆر پێنج شەش کچۆڵەی چاووردیان پێکەوە دەبردە ژووری خەوتن بۆ ئەوەی ئەوانیش بیسەلمێنن تەنیا عەرەب بەکارنیە. ژووری خەوەکان لەم کاتانەدا دەڵیی دەبوو بە پشیلەخانە! هەڤاڵان گڕیان دەگرت و نەیاندەزانی لە کوێوە دەست پێبکەن و لە کوێ کۆتایی پێ بێنن. بۆیە زۆر جار ناڕازی لە دۆخەکە بە شەق و لێدان بەردەبوونە گیانی کچەکان. ئەوانیش تەنیا وەک هەمیشە دەنەوینەوە و چاو لە زەوی بە دەستە جووتکراوەکانیانەوە، رووت رووت داوای لێبوردنیان دەکرد.

فەرماندە جاری وابوو وەڕەزیی هەڤاڵانی دەکرد. باشە لە کوێن،... بۆ وەک جاران دەرناکەون؟ هەرچەند دەیشیزانی بۆچی. جاری وایە مرۆڤ پرسیار دەکا بەس لەبەر ئەوەی کردبێتی. پرسیار جاری وایە پڕکردنەوەی کاتەکانی ژیانە. شتێکە وەک جگەرەکیشیان، وەک راوکردن و وەک رابواردن لەگەڵ قەحبەی عەرەب. فەرماندە لای خۆی بیردەکاتەوە کە مافی خۆیانە، هەڤاڵان ماندوون و ژیانی شاخ برینداری کردوون، ژیانی شاخ لە سەرەتاییترین شتەکانی ژیانی داماڵین،... جا لێیانگەرێ با بای بن باڵی خۆیان بدەن،... با ببوژێنەوە. بەڵام هەڤاڵان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر ئەو ماسولکانەی وا سەردەمی شاخ پێکەوەیانیان نابوو، لەدەستدەدەن. دەپووکێنەوە. سەیارە، ژووری خەوەکان و شێلانەکان ماسولکەیان تیانەهێشتوون. بە بایەکی پاییزی خێرا نەخۆشدەکەون و بە پژمەیەک ئەوانیش دەپژمن. رێک وەک باوێشک کە لەمەوە خێرا خۆی دەگەیەنێتەوە ئەوی تر. نەخۆشەکان جاری وایە بە چەند هەفتە ونن. نا، وانابێ،... نیشتمان ناکرێ جێ بێڵین. بۆیە گلەییان لێدەکا. هەڤاڵان دەبیستن، بەڵام وەک بڵێی مێشێکیشیان میوان نەبێ. فەرماندە جاری وایە یەکجار تووڕەیە. وەڵام نادەەوە. وەک جاران پێمل نین. باشە چدەبێ ئەمیش شتێکی لەم چەشنە بکا،... جوابی تەحەی پەحەیە! بەڵام شتێک لە دەروونەوە دەنگیدەدا نا نابێ! پێی دەڵێ ئەو فەرماندەیە. پێی دەڵێ وەک جاران بەدەوام بە. دەڵێ ئاوایش دەبێ. بەڵام راوەستە بەڕاستی ئەمەیە ئەنجامی ئەو سەردەمانە؟... بۆ ئەمەمان کرد!؟ فەرماندە هەوڵدەدا لە نێوان هەموو ئەو قارەمانەتی و لەخۆبوردنانەی جاران لەگەڵ ئەوەی ئیستاکە هەڤاڵان دەیکەن پێوەندێک بدۆزیتەوە. ئا، دەکرێ بەشێکی ئەمە بێت. مەگەر باسی خۆشگوزەرانیمان نەدەکرد؟ دەی ئەوە هات. فەرماندە بۆ ساتێک دەروونی ئارام دەبێتەوە. نا هەڤاڵان کارێکی هەڵەیان نەکردووە. منێک کە لە شاخ دەبا خۆم خزمەتی خۆم بکردایە و ئیستاکە لە وڵاتانی هەرە دوورەوە بۆ خزمەتکاریم دێن، نا بابا بەڕاستی گۆڕانێکی گەورەیە،... مەگەر نیشتمان هەر ئاوا سەرفرازناکرێ؟

لە دوورەوە دەنگی گرمەی مەکینەکانی کارەبا دێت. دەڵێی لەشکرێکی سەربازی بە تانگ و تۆپ و دەبابەوە لە جووڵەدان. مەکینەکان زەوی دەلەرێننەوە. فەرماندە جاری وایە هەستدەکا هەندێ جار ئەوە ئەم دەنگەیە گەڵا زەردەکانی پاییز کە هێشتا بە لقەکانەوە ماونەتەوە هەڵدەوەرێنێ، نەک بای نیشتمان. ئەو بایەی لە شاخەکانی ساڵانەوە هەڵدەکا و خۆی دەگەیەنێتە حەوشە گەورەکەی ئەو و هەڤاڵان. بایەکی ئاشنا.

رۆژێک یەکێک لە هەڤاڵان بە پڕتاو خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. قوربان 'هەڤاڵ هەڵمەت' مردووە! فەرماندە بە ئارامی سەربەرزدەکاتەوە. وەک بڵێی چاوەڕوانی وەها هەواڵێک بێت. وەک بڵێی ماوەیەکە بەو ئەنجامە گەیشتبێ کە بەرەبەرە ئیتر سەرەی مەرگی هەڤاڵانە. ئەوان ئەو ساڵانە لە شەڕەکاندا دەکوژران و ئیستا کە شەڕ نەماوە دەبێ هۆکارێکی تر بۆ مردن هەبێ. قوربان لە مەسبەحەکەیدا خنکاوە.

هەڤاڵ هەڵمەت هەڤاڵی رۆژانی تەنگانە بوو. بەرپرسێکی سەربازیی بەناوبانگ. بە دەیان شەڕی فەرەماندەیی کردبوو و چەند جاریش برینی سووک لە جەستەی کەوتبوو. کەمدووبوو و زەلام بە سمێڵێکی ئەستوورەوە، بەو جامانەوە هەمیشە لە ملی دەکرد. فەرماندە بەجوانی ئەم وێنەیەی دێتەوە بەرچاو. دوواجار کە بینی سێ هەفتە لەوە پێش بوو. هێشتا بە دەماغ بوو. باشە بۆ مرد؟

هەڤاڵ کە زۆری خواردبووەوە لەگەڵ چاو وردەکان بە نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین خۆ بە حەوزی مەلەکەدا دەکا. وەک دەڵێن قۆلی لەسەر شانی دووانیان دەبێ کە کتوپڕ دوو هێڵنجی بەهێز دەدا بە بێ ئەوەی بڕشێتەوە. ئەوسا رەنگی دەگۆڕدری و بەلایا دەکەوێ. هەڤاڵ هەڵمەت سەنگکوب دەکا و یەک دوو قوڵپ ئاوی حەوزەکەیش دەچێتە سییەکانییەوە. کەس ناگاتێ. جەستەیشی لەوە قورسترە بتوانن ئەوەندە زوو لە ئاوەکە دەریکێشنە دەرەوە.

ئەم هەڤاڵەیش لەهەمان گرد دەنێژن. گردی هاوسەرەکەی. فەرماندە هەستدەکا هەنگاوێکی گەورە لەو ساڵانە دوورکەوتووەتەوە. ئەمە یەکەمین مەرگی گرینگی دووای ساڵانی شاخە لەناو هەڤاڵانی بەرپرس. دڵی تەنگ دەبێ. بیری ژنەکەی دەکەوێتەوە. دەکرێ فەرماندەی نیشتمانێک بیت و کەچی هەست بە تەنیاییەکی کوشندە و سەیریش بکەی. بەڵام نەکا تاوانی پیری بێت،.. یاخود جادووی ئەو رۆحانەی وا تێدەپەڕن بێ ئەوەی بتوانی بە فیشەک بیانپێکی؟

لە دەرەوە بۆ یەکەم جار تەپوتۆزێکی سەیر هەموو نیشتمان دادپۆشێ. تەپوزێکی بێ وێنە. هەڤاڵێک بەپەلە خۆی بە ژوورەوەدا دەکا:

ـ قوربان پیلانێکی نوێی شۆڤینەکان، دەیانەوێ بە تۆز بمانخنکێنن!

 

یەکێک لە حەزە گرینگەکانی فەرماندە هەستان و دانیشتن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکەیە. هەرچەند زۆری خایاند تا لەگەڵ سەرۆکی دراوسێی یەکەم و دووهەم دابنیشێ، بەڵام کاتێک جێبەجێ بوو لە خۆشیا حەجمینی نەبوو. فەرماندە دەیزانی ئەم دانیشتنانە بە مانای تێپەڕینی یەکجارەکی لە سەردەمی شاخ و هاتنە ناو دونیای ئاسایی سیاسەتە. ئەم دانیشتنانە چەسپاندنی هەمیشەیی دەسەڵاتی ئەو بوو. هەرچەند کاتێک سەردانی ئەم دوو وڵاتەی دەکرد هەمیشە بە جۆرێک هەستی بەکەمگرتنی خۆی دەکرد. بۆ وێنە لە دانیشتنەکاندا زۆریان نەسیحەت دەکرد، زۆریان بیری جاران و ئەو یارمەتیانە دەخستەوە وا کاتی خۆی لە سەردەمی بەرنگاربوونەوەی دیکتاتۆردا پێیاندابوو، یان کاتێک داوای شتێکیان لێدەکرد زیاتر داواکە لە ئەمر و فرمانی دەکرد تا داوا. بەڵام فەرماندە شوکر بوو. بیری دەکردەوە رەنگە هەموو سەرکردەکان لە دونیا هەر بەم چەشنە دەستیان پێکردبێ. لە شوێنێک دەنەوی و لە شوێنێکی تر کە یەکجار گرینگترە راستدەبیتەوە. ئەمە لای ئەو یاسای ژیان بوو. بۆیە بە ئارامی و بە تەحەممول گوێی لێدەگرتن و هەوڵیدەدا بە کردە یانخود قسەیەکی هاکەزایی جەوەکە تێکنەدا. پیاوی بچوک دەبێ لەگەڵ گەورە دابنیشێ بۆ ئەوەی ببێ بە گەورە!

فەرماندە لای وابوو ئەم دۆخە لە کاتی سەردانی سەرۆکی وڵاتانی تر گۆڕانی بەسەردادێت، بەڵام بە سەرسوڕمانەوە دەیبینی لەویێش وەزعەکە زۆر جیاوازنەبوو! دیارە ئەوان فەرقیان هەبوو، بەس بە جوانی دەیبینی زۆر گرینگیی پێنادەن و وەک بڵێی خێرا دەیانویست لە کۆلێ خۆیانی بکەنەوە. باشە، هۆکار چی بوو؟ بۆ وەک سەرۆکی وڵاتێک پێشوازیان لێنەدەکرد؟ بۆ هەمیشە کەمی دێنا؟ فەرماندە زۆر بیری لەمە دەکردەوە. هەندێ جار هۆکاری ئەمەی بۆ سەردەمی شاخ دەگێڕایەوە. بە خۆی دەگوت مرۆڤ کە ماوەیەکی دوورودرێژ چاو لەدەستی وڵاتانی تر بوو و پارە و چەک و چۆڵ و خزمەتی تری لێیان وەرگرت، ئیتر وەک کەسێکی ئاسایی سەیری ناکەن. لەبەر چاویاندا دەبێتە خزمەتکار، یان نۆکەر.  یان رەنگە وەک پیاوی دراوسێی یەکەم و دووهەم لێیاندەڕوانی و ئیتر سیقەیان پێنەدەکرد! سەری دیشێ. بۆ خۆیشی نازانێ کامیانە. هەوڵیدا لە سەردانەکانیدا بە پێشکەشکردنی ئالبۆمێکی رازاوە لە شەهیدان سەرنجی سەرۆکەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەیکە ئەمانیش لە راستیدا چەندە تێکۆشەر بوونە و چەندە باجی هەڵوێستەکانی خۆیان سەبارەت بە دیکتاتۆر و سەبارەت بە خۆیان داوە. بەڵام لەوە نەدەچوو زۆر سوودی هەبێ. سەرۆکەکان چاوێکی خێرایان بە لاپەڕەکاندا دەخشاند و لەولای خۆیانەوە لەسەر مێزەکە دایاندەنا، یان کەسێک لێی دەسەندن و دەیبرد لە شوینێک لەچاو ونیاندەکرد. فەرماندە هەتا ئالبومەکە لە چاو بزردەبوو لێی دەروانی. لەم کاتانەدا زۆر لەو قسانەی ئاڵوگۆڕدەکران نەدەگەیشت. ئالبومەکە دەبوو بە شتێک لە ناو هەموو شتەکانی تردا، دیارییەک وەک هەموو دیارییەکانی تر،... لە ناو ژوورە بێ ئەژمارەکانی کۆشک و بینا گەورەکانی وڵاتانی غەریبدا.

فەرماندە زۆر جار لەم کاتانەدا بیری گەڕەکەکەی خۆیان لە سەردەمی منداڵی دەکەوتەوە. ئەو کاتانەی وا پیاوێکی دراوسێیان هەبوو، پیاوێکی کەتە و زل و ترسناک بە سەری تاس، سمێڵێکی گەورە و سینگێکی پڕ مووەوە بەناوی عارفی حەبێی جاجکە کە هەموو خەڵکی گەڕەک لێی دەترسان. ئەم بە ئیستایشەوە نازانێ بۆ لێی دەترسان. رەنگە هۆکارەکەی ئەوەیە هەندێ کەس بۆ ترساندن خوڵقاوە و هەندێکی تر (کە زۆرینەن) بۆ ترسنۆکی. نایشزانی بۆ ترسنۆکەکان هەمیشە ژمارەیان زۆرترە. داخۆ هۆکاری شەرمە، سەرقاڵی بە ژیانی خۆیانەوەیە یاخود عادەتی دێرینەی مرۆڤە بۆ ئەوەی کەسێک هەمیشە دەبێ هەبێ بۆ ئەوەی لە لای سەرەوە دابنیشێ و ئەوانی تریش لەلای خوارووەوە. ئاخر نەک ئەوەی هەمیشە شوێنێکی وەها هەیە. فەرماندە نازانێ، بەڵام لەوە ناخۆشتر نیە خۆت بە عارفی حەبێی جاجکە بزانیت و کەچی لە گەڕەکەکەی ئەو بەرتەوە کەسێک هەبێ و لێت بشێوێنێ. کەسێک کە لە عارفی حەبێی جاجکە بەسامتر و بەدەسەڵاتترە،... یەکجار.

لەهەمووی ناخۆشتر ئەوە بوو بەپێچەوانەی سەرۆکی وڵاتان کە بە فڕۆکە هاتوچۆیان دەکرد ئەم دەبا بە ماشین سەفەری بکردایە. رێگا دوورودرێژ بوو و جاری وابوو تا دەگەییە سنوور دەبوایە بەشێکی گرینگی رێگاکەی جادەی خۆڵ بووایە. خۆڵێکی نەرم کە جاری وابوو بەشی خووارەوەی لاسیقی تایەکانی لەخۆیدا نوقم دەکرد و لە هەمووی خراپتر فەرماندە و هەڤاڵانیشی بە ئیشتیا لە تەپ و تۆزدا دەشاردەوە. فەرماندە لە دووای یەک دوو ساڵێک ئەمری دەرکرد جادەکان قیرەتاو بکەن، بەڵام ئەمەیش نەیتوانی داخی نەبوونی فڕۆکەخانە و تەیارە لە دڵی بهاوێتە دەرەوە. گرانباییترین تڕۆمبیلەکانیش سوکناییان پێ نەدەبەخشی. بۆیە سوێندی خوارد هەرچۆنێک بێت رۆژێک لە رۆژان فڕۆکەخانەیەکی جوان و رازاوە بکاتەوە و وەها پۆرتی دراوسێی یەکەم و دووهەم و هەموو وڵاتانی تر لە عەرزبدات کە بە حەیاتی بە خۆیانەوە نەیاندیبێ.

ریزی ئەو تڕۆمبیلانەی فەرماندەیان تا سنوور بەڕێدەکرد خۆی لە نزیکەی سەد سەیارە دەدا، بە سەیارەی عادی و جوندی و دۆشکە و بی کەی سی لەسەرەوە بگرە هەتا ئەو رەبایە کاتی و هەمیشەییانەی وا بە دەم رێگاوە دانرابوون و فەرماندەو هەڤاڵانیان دەپاراست. بەس هەر کە دەگەیشتنە سنوور تەنیا یەک سەیارە مافی ئەوەی هەبوو ئاودیو بێت، ئەویش تڕۆمبیلی خودی فەرماندە و نزیکترین هەڤاڵانی بوو. ئەمە خۆی لە خۆیدا هیچ عەیبێکی تیانەبوو، بەڵام وەک بیستبووی سەرۆکی وڵاتان ئاوەها بە وەفدی بچووکەوە سەفەریان نەدەکرد. ئەو ئەمەیشی بە نەوعێک بێ رێزی لێکدەدایەوە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هیچ رێگاچارەیەکی نەدەبینییەوە. خراپییەکی تر ئەوە بوو کاتێک لە سەر سنوور ریزی بێ ئەژماری ماشینی هەڤاڵان لێی جیادەبوونەوە، کەسێکی پایەبڵندی وڵاتی میواندار لە سەر سنوور چاوەڕوانی نەدەبوو، بەڵکو بەرپرسی ناوچە یاخود پارێزگارێک بە چەپکێک گوڵی رەنگاوڕەنگەوە چاوەڕوانی دەکرد. هەر لە سەر سنووریشەوە پاراستنی بەشی ئەمنی خۆی و هەڤاڵان بەدەستی میواندارەکانەوە دەبوو و زۆر جار ئەمە و لە پاڵیا کەمیی ژمارەی خۆیان وەک میوان بەتووش دڵەڕاوکێیەوە دەکرد. بەڵام نا هیچ نابێ، بێگومان هیچ نابێ! مەگەر لە مێژووی پێوەندی ئەواندا چ شتێک زیاتر هەیە لە هاوکارییەکەی دوو لایەنەی هەڤاڵانە! ئەمەی بەخۆی دەگوت و بەدەم هەڤاڵانەوە پێدەکەنی و بە چاوەکانی دەیگوت دەبینن ژیانمان چەندە گۆڕانی بەسەرداهاتووە؟ ئەو پرسیارە هەواڵ ئامێزەی وا هەڤاڵان قەت نەیاندەتوانی لە نیگاکانیدا بیخوێننەوە.

لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا کاتێک گەیشتنە سنوور، بۆ یەکەم جار لەوێوە بە کۆپتەر بۆ ناوەندی پارێزگا رایانگواست و ئیتر ئەمەی بە گۆڕانێکی یەکجار گەورە وەسفکرد. ئەو کە کاتی خۆی، لەسەردەمی شاخ، تەنیا یەکجار لە کاتی وتووێژێکی نهێنی لەگەڵ دیکتاتۆر بە سواری کۆپتەر بۆ باشووری نیشتمان رایانگواستبوو، دووهەم جاری سواربوونی خۆی لە کۆپتەر وەک موعجیزەیەک لێکدایەوە. بە هەڤاڵانی گوت دڵنیابن هەتا فڕۆکە زۆرمان نەماوە، سەیرکەن سەرەتا قاچەکانی خۆمان، دوواتر مایین و کەرەشین، ئەوسا تڕۆمبیل و ئیستا کۆپتەر،... دوواتر چی؟ بێگومان فڕۆکە،... ئەمە مەنتقی ژیانە!

بەڵام سواربوونی کۆپتەریش خۆش بوو. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا زیاتر لە لوتکەی شاخەکان بەرزببووەوە. لەوێوە شاخەکان چەند ئاسان هەیبەتی خۆیان لەدەستدەدا. هەموو شتێک وەک بەری دەست ساف و بێ گرێ و گٶڵ دەینواند. کەواتە لای خوا سەردەمی شاخیش شتێک بوو وەک هەموو سەردەمەکانی تر! بەم بیرە دڵی خەمگین بوو. نەکا هەموو ئەو رێگایانەی پیایا رۆیشتبوو ئەوەندەیش مەزن نەدەهاتنە بەرچاو. وادیارە گرینگ ئەوەیە لە کوێوە دەڕوانی، نەک ئەوەی لە چی دەڕوانی. کە لە سەفەری ئەم جارە گەڕایەوە سوێندی خوارد جارێکی تر سوار کۆپتەر نەبێتەوە، لانیکەم بە شێوەی کاتیش بێت؛ بەڵام هەموو جارێک دراوسێی یەکەم و دووهەم دیسان بە کۆپتەر دەیانگواستەوە. نەکا پێیان زانیبێ و بە ئەنقەست ئەم کارەدەکەن؟ فەرماندە لەسەر ئەم بیرەی خۆی مکوڕە. دەزانێ ئەوان لەوە زۆر زیرەکترن کە ئەم جاری وایە بۆی دەچێ. سەرۆکی وڵاتی یەکەم لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا پیش ئەوەی بکەونە ناو گفتوگۆی فەرمییەوە بە لەحنێکی گاڵتەئامێز لێی پرسیبوو داخۆ بەتەما نیت خانووە تاریکەکەی ناو حەوشەکەت ئاودان بکەیتەوە و بە داگیرساندنی گڵۆپێک وزەی ژیانی تێ بهاویتەوە؟! فەرماندە تەکانێکی خواردبوو، داچڵەکابوو. ئەوان ئەمە چۆن دەزانن؟ ها چۆن؟... بەڵام دەیزانن.

فەرماندە بیردەکاتەوە ئەمەیش وەک وێنەکانی خۆی و کەرەشین لە رۆژی راپەڕینەکە لە لایەن کەسێکەوە گیراوە، جا ئەو کەسە یان لەسەر زەوییە و لە تەنیشت خۆیەوەیەتی، یان بە کۆپتەرێکەوەیە بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە!

 

ئەو ساڵانە باوکی زۆری هەوڵیدا کوڕەکەی خوێندن تەواوبکا و بۆ خۆی ببێ بە شتێک، بەڵام وەک بڵێی چارەنووس بەلایەکی تردا دەگەڕا. هەرچی پێی دەگوت با وەک منت لێ نەیەت و کارێکی رێک و پێک پەیدا بکەیت و ببی بە خاوەن ژیانێکی خۆش و بەدوور لە کوێرەوەری، بەڵام فەرماندە قەت گوێی نەدایە. هەر ئەوەندە خۆی بینییەوەو لەگەڵ هەڤاڵانی ئاشنا بوو، چیتر خوێندن سەرنجی رانەکێشا. عەشقی نیشتمان وەها سەرنجی قۆستەوە کە نەیدەتوانی یەک چرکەیش چییە لە پۆل دابنیشێ و سەری بخاتە سەر کتێبە سەیروسەمەرەکان. لە پەنجەرەکانەوە لە دەرەوەی دەڕوانی و بەخۆی دەگوت ژیان لەوێیە،... لەوێ، نەک لەناو کتێبە بێ رۆحەکاندا!

پۆلەکانی خوێندن سارد و سڕ و بێ جووڵە بوون. دەبا رۆژانە بە چەندین کاتژمێر دابنیشێ و گوێ لە توڕەهاتی مامۆستا بگرێ. باشە کەچی؟! فەرماندە ئەوەندەی وزە لەخۆیدا شکدەبرد کە جاری وایە لەوانەبوو بە بێ ئیزن رابکاتە دەرەوە و لە حەوشەی قوتابخانە بقیڕێنێ و بە جیهان بڵێ کە نا ژیان وانابێ!

بۆیە پێش ئەوەی قوتابخانە تەواوبکا، وازی لێهێنا و تێکەڵ بە هەڤاڵانی بوو کە ئەو ساڵانە لێرەو لەوێ سەریان هەڵدەدا و لە راستیدا ژمارەیەکی کەم بوون. کەم، بەڵام دڵنیا لەخۆ و لەخۆبایی کە دەیانزانی ئەوەندەی نەماوە دونیا وەها بشڵەقێنن کەس قەت لەبیری نەچێتەوە. فەرماندە ئەو ساڵانە هەستی دەکرد بۆ گۆڕانی رەوتی مێژوو لەدایکبووە.

ئەو ساڵانە خوێندن زۆر گرینگ نەدەهاتە بەرچاو. گرینگ ورە و بڕیار و ئازایەتی و خۆبەخشین بوو. هەڤاڵان هەر هەموویان خاوەنی ئەم خەسڵەتانە بوون، جا یەک کەم و یەک زۆر. فەرماندەیش لەناو هەموویاندا سەرتر دەینواند. جگە لەمە، ئیشی بەردەوام و کەوتنە زیندان و بەسەرهاتی زۆر ئەوی یەکجار بەئەزموونکردبوو. رۆژێک لە ژیانی خۆی بەقەدەر دە رۆژ لە ژیانی خەڵکی ئاسایی دەهاتەبەرچاو. بگرە لە بەرامبەر خوێندوارەکانیشدا خۆی تاقی کردبووەوە. دەیبینی ئەزموونی ژیانی لەوان زۆرترە و تێکەڵبوونی ئەم ئەزموونانە بە ئازایەتی، خەسڵەتێکی لەودا پێکهێنابوو کە کەم کەس دەیگەیشتێ. ئەمە کارێکی کرد رۆژبەڕۆژ زیاتر هەستی متمانەبەخۆبوون تیایا گەشەبکا و ئیتر بەڕاستی لە هیچ شتێک نەسڵەمێتەوە. کاتێکیش رووی کردە شاخ بگرە ئیتر هەموو شتێک یەکجار کامڵ خۆی دەنواند. زۆر جار هەستی دەکرد شاخەکانیش نەیدەگەیشتنێ. هەستی دەکرد بەقەدەر ساڵانی تا سەرکەوتنی کۆکردووەتەوە و بۆیە دڵنیا لە زانیارییەکانی خۆی گەش گەش لە ئاسۆی دەڕوانی. تەنانەت لە شاخ بەهۆی دوورکەوتنەوەی لە شار جۆرێک لە سادەیی دروست ببوو کە زیاتر لە هەمیشە ئەو و زانیارییەکانی بەرجەستەدەکردەوە و هیچ رەقیبێکی ئەوتۆی لە بەرامبەردا نەدەهێنایە ئاراوە. لە شاخ وشەکان بۆ چەند وشەی سەرەکی پاشەکشەی کردبوو کە هەموو فەلسەفەی بوونی ئەو و هەڤاڵانی لەخۆیدا جێدەکردەوە و بەجوانی دەینواند. وشەکانیش ئەمانە بوون: نیشتمان، فەرماندە، شۆڕش، حیزب، گەل، ئاسۆ، دوژمن، داگیرکەر، چەک، قارەمان، شاخ، مەتەرێز، شەهید، خوێن، هەڤاڵ و بەرگری. لە کاتی قسەکردن یاخود نووسین تەنیا ئەوەندە بەس بوو لەمانە کەڵک وەربگری بۆ ئەوەی هەم خۆت بۆ گەل روونکردبێتەوە و هەم هەموو هۆکاری ئەوەی بۆچی دەژیا بداتە دەست گوێگرەکەیەوە.

بەڵام بە تێپەڕینی ساڵەکان بەرەبەرە هەڤاڵان یاخود کاتێک خۆیشی رووبەڕووی هەندێ خەڵکی خوێندەوار دەبوونەوە، یان چاویان بە هەندێ کەسی بەرپرس لە وڵاتی دراوسێی یەکەم و دووهەم دەکەوت، دەیبینی دایرەی زانیارییەکانی ئەوان بەرفراوانترن و هەتا دێت زیاتریش دەبن. هۆکار چی بوو،... نازانێ. لای خۆی جاری وایە بۆ ئەوەی دەگێڕێتەوە کە رەنگە خۆی و هەڤاڵان زیاتر لە رادەی پێویست لە شاخ مابوونەوە، یان هۆی ئەوە بوو لە دەرەوەی سنووری ژیان و چالاکی ئەوان دونیا بە خێرایی لە گۆڕانێکی سەیردا بوو. یان نا، رەنگە هی بەرتەسکبوونی ئەو جیهانی زمانییە بێت وا ئەوانی بە شۆڕشەوە گرێدەدا. نەکا شۆڕش هەر خاوەنی ئەوەندە کەلیمە نەبێت!؟ بەم پرسیارە دەکەوتە بیرەوە و هەوڵیدەدا لە زەینی خۆیدا وشەی تریش بدۆزێتەوە کە زۆر جار بە ئەنجامێکی ئەوتۆ نەدەگەیشت. تا سەرئەنجام بەو پرسیارە ترسناکە گەیشت کە نەکا ئەمان ئیستاکە لە چاو کۆمەڵگا لە باری خوێندن و زانیارییەوە لەدوواتر بن؟ تا هەڤاڵێک رۆژێک قسەیەکی جوانی کرد. گوتی قوربان هیچ شتێک وەک شۆڕشگێڕی نیە، هیچ زانستێک لەم دونیادا ناتوانێ لە مەیدان بەدەری بکا، قوربان دڵنیا بە هەزار ئەوەندەی تر ئەو خەڵکە زانا بن لە ئاست شۆڕشگێڕی و ئازایەتی ئێمەدا کەم دەهێنن و خەڵکی هەر زیاتر گوێ لە ئێمە دەگرن، ئەیچۆن!

هەڤاڵ راستی دەکرد. جا بۆیە فەرماندە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەم وکوڕییەکانی خۆیان ئەمری دەرکرد هەڤاڵان زیاتر بە مێژوودا رۆبچنەوە. مێژوویش چەندە یارمەتیدەر بوو! هەموو فەرماندەکانی پێش ئەو یان مەلا بوون و یان سەرۆک عەشیرە. تازە بگرە ئەو لە چاو ئەوان سەروگەردنێک باڵاتر بوو. بە خۆی گوت کەواتە باشترە خۆت لەگەڵ رابردوو هەڵسەنگێنی نەک ئیستا.

هاوکات بەرپرسانی هەڤاڵیش خەبەریان دەدایە کە لە ناو خەڵکیدا خوێندەوارەکانن کە لە کەمترین ئاستدا بەوانەوە پەیوەست دەبن و دەیانگوت هۆکاری ئەمەیش قسەی زل و بوودەڵەیی و ترسنۆکییانە. راستیان دەکرد، ئەوانەی دەچوونە مەکتەب هەمیشە قسەزل و لەهەمان کاتیشدا ترسنۆک بوون. بەکەڵکی هیچ نەدەهاتن. دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە بوو. ژیان و خەیاڵیان لە مەودای نێوان ماڵەوە و شوێنی کاریان زیاتر بڕی نەدەکرد. لە شاردەرکەوتن بۆیان زەحمەت بوو. دیکتاتۆر بە ئیشتیا لە دامودەزگاکانی خۆی وەریدەگرتن و ئیش و کاری پێدەدان. یەک دەبووە مامۆستا، ئەوی تر مودیر، یەکی دیکە موهەندیسی دایرەی رێگا و بان و... . نا، ئەوان تەنها زەمانێک داگیردەکران کە فەرماندە و هەڤاڵان روویان لە شارەکان بکردایەتەوە. ئەوان ماڵی ئێرە نەبوون. ئەو خوێڕییانە تەنیا بە هێز دەستەمۆ دەکران. ئەوان هەمیشە حەزیان بە ژیانێکی ئارام و خۆش بووە، رۆژی جارێک خۆیان نەشۆن ناگەنە شەو. خۆ هەڤاڵان نین یەخەی کراسەکانیان توێژاڵی چڵک دەگرێ و هەفتەیەک بە رێگادا دەڕۆن بەبێ ئەوەی قاچیان لە پێڵاوەکانیان دەربێنن. حەک قوربانتان بم هەڤاڵینە! ئەی ئێوەیش بوودەڵینە، با بێینەوە جا دەزانم چۆن ئاقڵتان دەکەم!

بەڵام ئەمە بەر بەوە ناگرێ فەرماندە نەنێرێ کتێبی زیاتریان بۆ نەیەت. ئەو هەوڵدەدا ئەو کتێبخانە گچکەکەیەی هەیانە و هەڤاڵانی بەشی چاپەمەنی و رادیۆ کەڵکی لێوەردەگرن بەرفراوانتر بکا. کتێبە تازەکان دێن، بەڵام هەر جارە و لە شێوازێک. بە گوێرەی پلان نیە. هەرکەس هەرچی دەستدەکەوێ دەینێرێ. فەرماندە سەیریان دەکا. باوەڕناکا لەو چەشنە بێت وا بەرپرسانی دراوسێی یەکەم و دووهەم یاخود خوێندەوارەکان کەڵکی لێوەردەگرن.

تا رۆژێک هەواڵێک دێت:

ـ قوربان مامۆستایەکی زانکۆ هاتووەتەوە دەرەوە، رووی لە ئێمە کردووە.

ـ ئەی کوا، لە کوێیە؟ زوو بیهێننە لام!

ـ قوربان سبەی دەگا.

بۆ سبەی پیاوێکی تێکسمڕاوی قەڵەوەی چاویلکە لە چاو کە هەمیشە دەڵێی شتێکی ترش لە گەروویدایە، دەهێننە لای. مامۆستای بەشی کۆمەڵناسییە. وەک بۆ خۆی دەڵێ دکتۆرای هەیە. هۆکاری هەڵاتنەکەیشی دیسان وەک بۆخۆی دەڵێ ئەوەیە زیا لە پێویست لە وانەکانیدا لەسەر مارکس راوەستابوو. ئەمە دیکتاتۆری زۆر تووڕەکردبوو.

ـ مااا... مارکس!

ـ بەڵی مارکس!

فەرماندە هەستدەکا ئەم ناوەی لەوە پێش بیستووە، بەڵام نایەوێ وای پیشان بدات کە هەر هیچی لێنازانێ. هەرچی بیریش دەکاتەوە نازانێ لە کوێ بیستوویەتی. رەنگە کاتی خۆی لە زیندان. ئەها ئیستا بە جوانی دێتەوە بیری! لە یادیەتی ئەو کاتیش ئەم ناوەی بە جوانی بۆ نەدەهات و بگرە هەر رقی لە شێوازی گووتنەکەیشی بوو.

ـ ئیتر دیکتاتۆری وەهایە، پیاو لەسەر ناوی پیاوی تر تێوەدەگلێ!... نێروبەرانی لێی تێگەیشتوون!

مامۆستاکە لە فەرماندە دەڕوانێ:

ـ ئیشی من وانەگوونتەوە بوو و هیچی تر. من تەنیا زانیاری دەگوازمەوە، مەرج نیە ئەوەی خەڵکی تر دەیڵێن منیش هەمان باوەڕم هەبێ. بگرە رەنگە تەنانەت من لەسەر پێناسەکردنی کۆمەڵگای نوێ لە ژێر ناوی کاپیتالیزم کێشەم هەبێ و زیاتر بە سۆسیۆلۆجەکانی تر وەک گیدێنز و ماکس وێبێر و بێک و باومان نزیک بم؛... مودەرنیتە، مودەرنیتەی یەکەم و دووهەم، کۆمەڵگای پیشەیی، مودەرنیتەی شلەتێن، ئەمانە ئەو دەستەواژانەی ترن کە دەکرێ سەردەمی ئێمەی باشتر پێ وەسف بکرێن هەتا مارکس،... تازە مەرج نیە کاتێک باس لە مارکس دەکرێ باوەڕیشمان بە تیۆرەکەی سەبارەت بە چینی کرێکار هەبێ، چما مانای چینی کرێکار و رۆڵی ئەم چینە لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا لای مارکسییە نوێکانیش وەک ئاڵتۆسەر گۆڕانی بەسەردا هاتووە،... بەڵام،... بەڵام خۆ ئەو گەمژانە تێناگەن!

فەرماندە هەست بە ئازارێکی سەیر لە ناو سکیدا دەکا. لە ناو چادرەکە هەڵدەستێتە سەرپێ و ئەمردەردەکا شوێنێکی باش بۆ مامۆستا دابینبکەن و ئاگایان لێی بێت. ئەو شەوە زۆر بیر لە میوانە تازەکەیان دەکاتەوە. باشە چی لێبکا؟ هەبوونی بە جۆرێک شکاندنی ئەمیشە. وەی لەو قسە زەلامانە! بۆ دوو رۆژی دووایی جەولەیەکی باش بۆ ناوچەکانی باکوور رێدەخا و نزیکەی دووسەد چەکدار لەگەڵ خۆی دەبا. مانگێکی رەبەقی پێدەچێ. گەلێک دەستکەوت. بە سەدان جوندیی دوژمن دەکوژێ و بریندار دەکا، بە دەیانیش دیل، یارمەتییەکی باش کۆدەکاتەوە و بە دەیان گەنجیش لەگەڵ هەڤاڵان دەکەون و چەک هەڵدەگرن. جگە لەمە چەک و تەقەمەنییەکی زۆریش دەگرن. هەڵبەت بە دەیان هەڤاڵیش دەکوژرێن و برینداردەبن. شاخ و دۆڵەکانی نیشتمان جارێکی تر دەیان گۆرغەریب لە خۆ دەگرنەوە.

کە دێتەوە هەڤاڵان هەواڵی دەدەنێ مامۆستاکە چەند رۆژێکە بە تەمای ئەورووپا لە سنوور پەڕیوەتەوە.

فەرماندە هەناسەیەکی راحەت هەڵدەکێشێ و، لەبەر خۆیەوە دەڵێ:

ـ هەڤاڵان راستدەکەن، خوا تەنیا دایناون بۆ قسەی زل!

 

ماوەیەکە کوڕەکانی زیاتر سەرنجی دەقۆزنەوە. باڵایان فرەتر کشاوە و خەریکن دەبن بە پیاو. گەورەکەیان مووی دەرکردووە و بچووکەکەیشیان سمێڵی گووگرە بووە. لە خۆی بە هەیبەتترن. هەتا بڵێی قۆزن. فەرماندە لەبەر خۆیەوە دەڵێ لە کێ دەچن؟ بە رواڵەت شتێکن لە نێوان خۆی و دایکیان، بەڵام بە قەڵافەت جیاوازن. ئەوسا دێتەوە بیری لە خاڵەکانیان دەچن. فەرماندە کچی نیە. تەنیا خاوەنی ئەم دوو کوڕەیە. داخۆ حەزی دەکرد خاوەن کچیش بێت؟ نازانێ. بیری لەمە نەکردووەتەوە. دەزانێ خەڵکی زیاتر حەزیان بە کوڕە. بەڵام هەستدەکا بۆ ئەو گەر کچیشی هەبێ مەوزوعەکە زۆر ناگۆڕدرێ. ئاخر کێ دەوێرێ بەچاوی خراپ سەیری کچەکەی بکا! فەرماندە بزەیەکی دێتێ. ئاە، چ خۆش دەبوو کچێکیشم هەبایە! ئەمە یەکەم جارە ئەم ئاواتە بەدەمیا دێت. ئەوسا دیسان دێتەوە بیری کە بەڕاستی ئەوەتەی هەیە، جگە لەو ساتانەی وا سەردانی ژنەکەی دەکردەوە، تەواو لە ژینگەیەکی نێرانەدا ژیاوە. دەورووبەری هەمیشە پڕی پیاوە شەڕکەر و بەهەیبەت و تووڕەکان بووە. پیاوانی رۆژانی تەنگانە کە دەیانتوانی بە چەندین مانگ هەرچی چیا و کوێستانە بگەڕێن و پشوونەدەن. پیاوانی دوژمن بەزێن. ئەو پیاوانەی زستانان دەیانتوانی لە چادر و خانووە قوڕەکان لەبەر چرا لامپا و چرا مووشی دابنیشن و هەتا درەنگان قسەی قۆڕ بۆ یەکتر بگێڕنەوە، گۆرانی بڵێن، هەڵپەڕن و یاخود گۆرەوی و جل و بەرگەکانیان بدوورنەوە. فەرماندە ئەگەرچی زۆر جار بە سەریاندا دەیگوڕاند و جاری وابوو فەلاقەیشی دەکردن، یاخود لەسەر هەڵەی گەورە لە زیندانی دەخنین، بەڵام خۆشیانی دەویست. ئەم پیاوانە چەندە خۆنەویست بوون و چەندە سادە دەژیان. لەعنەت لە شار،... لەعنەت لە شەقام و لە...! فەرماندە شەرمێک لە خۆی و لە هەڤاڵانی هەنووکە دایدەگرێ. بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێ و خێرا خۆی لە خەیاڵاتی پڕوپووچ رزگاردەکا. لەعنەت لە رابردوو!... لەعنەت!  ئەوسا دیسان دێتەوە بیری کە فەرماندەی چاک ئەو فەرماندەیە بەردەوام لە دۆخی نوێ بگات و خۆی لەگەڵ بگونجێنێ. بگرە دۆخی نوێیش چێ بکا.

ئا لە کوێ بووم؟ ئەها. کوڕەکانم. کاتی ئەوە هاتووە ئیتر بەرەبەرە ئامادەبکرێن. زەمەن زۆر سەریع دەگوزەرێ، تا لادەکەمەوە گڵۆپەکەی ئێرەیش وەک خانووەکەی ئەوسەر حەوشەکە دەکوژێتەوە.

بۆ سبەی دەنێرێ کوڕەکانی بێن. فەرماندە زۆربەی ئەو رۆژە لەگەڵ ئەوان بەسەردەبا. سەرەتا لە سەردەمی شاخەوە دەست پێدەکا. باسی ئەو ساڵانە و دایکیان. ناوەناوەیش دێتەوە ناو باسی زیندان، بەڵام زۆر حەزی بەم بەشە نیە. باسی وڵاتداری و نیشتمان و گەل دەکا. ئەوەیکە تازە لە ناوچاوانی ئەو و بنەماڵەکەی نووسراوە جڵەوی نیشتمان و گەل بەدەستەوە بگرن و سەرەڕای هەموو خۆشی و ناخۆشی، دژواری و ئاسانی شان بخەبە بەر ئەرکەکانیان و چەرخی نیشتمان بگەڕێنن. دەڵێ هەموو کەس لەم ژیانەدا لەگەڵ چارەنووسێک دێتە دونیاوە و ئەمەیش چارەنووسی ئەوانە. ئەوسا باس لەو هەستە غەریبە دەکا کە هەر لە ساڵانی زووەوە سەبارەت بەم ئەرکە لە دەروونی ئەودا بووە و هەمیشە هاواری لێکردووە و ئەمیش گوێڕایەڵانە چارەنووسی خۆی داوەتە دەستی. کوڕەکانی وەک بڵێی ئەمە یەکەم جار نیە ئەم قسانە دەبیستن، زۆر بە سەرنج و حەزەوە گوێیان لە قسەکانی باوکیان نیە. نەکا ئەمە یەکەم جار نەبێ سەری ئەم باسەیان لەگەڵ دەکەمەوە؟ جا لێرەدا کتوپڕ پرسیارێکی سەیر لە کوڕەکانی دەکا:

ـ بێگومان ئێوەیش وەها،... ئێوەیش گوێتان لەم هاوارەیە لە دەروونی خۆتاندا،... وانیە؟

وەڵام نیە. منداڵەکانی سەیری یەکتری دەکەن و دیسان لە باوکیان دەڕواننەوە.

وەک بڵێی بەهەڵە پرسیارەکەی بە جۆرێکی نەشیاو کردبێ، دەڵێ:

ـ بێگومان ئێوەیش هەر لە هەمان رەچەڵەکن، لە پشتی منەوە دابەزیونەتە ناو ژیان،... ئێوەیش درەنگ یان زوو ئەم دەنگە دەبیستن، وانیە؟

گەورەکەیان دەڵێ:

ـ باوکە من شەوانە ماوەیەکە خەوم لێناکەوێ، هەر جووڵەم دێت،... وەڕەزم،... رەنگە...

ـ ئافەرین کوڕم!... رێک ئەوەیە کە من باسی لێدەکەم.

ئەوسا بە نیگا پڕ لە پرسیارەکانییەوە لە بچووکەکەیان دەڕوانێ.

ـ منیش... منیش هەروام،... دیارە زووتر خەوم لێدەکەوێ، بەڵام خەوی سەیرسەیر دەبینم،...

ـ وەک؟

ـ وەک،... وەک بۆ وێنە دایکم جاری وایە دێتەوە خەوم، جاری وایشە...

ـ خۆیەتی، خۆی!... خەوبینین بە دایکتەوە کە هەموو تەمەنی بەم رێگایەوە بوو ئەوەت پێ دەڵێ تۆیش هەمان چارەنووست هەیە کوڕم،... هەمان چارەنووس!

کوڕەکان لەبەر ئەوەی نەیانتوانیووە قسەکانیان تەواوبکەن، تووڕەن. فەرماندە مشتی گرێدەکا و دەڵێ ژیان بەردەوامە!

بۆ سبەی ئەمردەردەکا دوو چواردەخۆری رەشی قەترانی بدەن بە کورەکانی. کوڕە گەورەکەی بۆ فێربوونی کار و وەرگرتنی بەرپرسایەتی رۆژانە لەگەڵ بەرپرسی بەشی نهێنی و بەشی پارە و داهات هەڵسوکەوت و هاوکاری هەبێ و، بچووکەکەیشی لەگەڵ مەسئولی بەشی سەربازی.

کوڕەکانی زیرەکن و زۆر خێرا فێردەبن. فەرماندە کە هەموو ئێوارەیەک راپۆرتی پێدەدەن و جگە لەمە لە دووای راپۆرتەکە لەگەڵ کوڕەکانی دانیشتنی تایبەتی هەیە، یەکجار بە وریایی و گەشەی خێرایان رازییە. ئەوەی کە یەکجار لە جۆری رەفتار و هەڵسوکەوتی کوڕەکانیدا جێی سەرنجیەتی، بێ منەتی و ساردییەکی خۆڕسکە کە تەواو هەیبەتیان پێدەبەخشی و خێرا دەورووبەرەکانیان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. فەرماندە دەزانێ ئەمە ئەو شتەیە یەکجار بۆ ئەوان پێویستە. ئیستا کە کوڕەکانی خاوەن خەباتی سەردەمی شاخ نین، دەبێ تایبەتمەندییەکی تر جێگای بگرێتەوە. ئەو دەزانێ هەتا دڵ ساردتر بیت، مێشک گەرمترە و باشتر ئیش دەکا. لایشی سەیرە وەهان. ئاخر نەک ئەوەی هەتا دایکیان مرد لەگەڵ ئەودا ژیان و لە ژینگەی پیاوانە بەدووربوون؟ کتوپڕ فەرماندە هەستدەکا خۆشحاڵە لەوەی ژنەکەی کتوپڕ بە نەخۆشی مرد. وەک بڵێی هەمان چارەنووس کە ئەو لای کوڕەکانی باسی لێکردبوو لە شوێن و کاتی پێویستدا هاتبووە فریایان و منداڵەکانی لە ژینگەی ژنانە دوورخستبووەوە و، فڕێیدابوونە ناو ئەو دۆخەوە وا لە راستیدا بۆی خوڵقابوون. هەتا ساڵەکان زیاتر تێدەپەڕین، کورەکانیشی ساردوسڕتر دەبوون. ئەوەندەی پێنەچوو فەرماندە بەرپرسایەتی هەر سێ بەشی گرینگی عەسکەری، داهات و کەرتی نهێنی دایە دەست ئەوان و بەم شێوەیە دڵنیابوو لەوەی کە لە دووای خۆی سێوەکە دەکەوێتەوە باوشی رەچەڵەکی خۆیەوە و بەم شێوەیە داهاتووی نیشتمان و گەل پارێزراودەبێ و ناکەوێتە دەست ناحەزان.

فەرماندە لە چیرۆکە کۆنەکاندا خوێندبوویەوە جاری وایە هەندێ لە پاشاکان لەبەر ئەوەی خاوەن کوڕ نەبوونە، چۆن چۆنی بەتووش گرفتی گەورەوە ببوون. لەبەر خۆیەوە دەڵێ بێگومان لەبەر ئەوەی خوا دەزانێ چۆن چۆنی بوونەتە پاشا! ئەوسا بزەیەکی دێتێ و سەرێک بادەدا. مێژوو لە ژیانی راستەقینەدا زۆر هەڵەناکا.

کوڕەکانی لەوە یەکجار زیرەکتر بوون وا بیری لێدەکردەوە. لە ماوەیەکی یەکجار کەمدا مەسئولە سەرەکییەکانی سەرتابەری هەموو دامەزراوەکانی ژێردەستی خۆیان دەگۆڕن و، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی باشتریشیان هەبێ ناوەناوە بە بێ هیچ چەشنە پلانێک سەردانیان دەکەن. ئەمە کارێک دەکا تەواو دەسەڵات پەیدابکەن و نیشتمان نازناوی دووانەی هەیکەل ئاسنینەکەیان پێ ببەخشن. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر ئەوە بوو هەمیشە بەیەکەوە لە راگەیەنێرە گشتییەکاندا دەردەکەوتن و ئەمە تەواو سیمایەکی تایبەتی پێ بەخشیبوون. فەرماندەیش لەو سێ بوارەدا دەسەڵاتی تەواوی پێ بەخشیبوون و تەنیا وەک ئەرکێکی فەرمی بە پێی پێویست لەگەڵیان دادەنیشت و، گوێی لە چۆنیەتی بارودۆخەکە دەگرت.

هەر لەو ماوەیەدا چەند هەڤاڵێکی تری بەناوبانگی سەردەمی شاخ بە نەخۆشی سەرەتان و سەکتەی مێشک و دڵ مردن و لە گردە بەناوبانگەکە ناشتیانن. ناشتنی ئەوان ئەمجارە بە هۆی پلانی نوێی کوڕەکانییەوە یەکجار جیاواز بوو. بۆ وێنە دە چەکدار بە تفەنگەکانیان هاوکات هەر یەکەیان سێ فیشەکی بەرەو ئاسمان دەتەقاند و دوواتر بە هەزاران گووڵی رەشیان (کە کەس نازانێ لە کوێوە هێنابوویانن) بە ئاسمانی گردەکەدا پەخش و بڵاودەکردەوە. با، پەڕەی رەشی گووڵەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد و بە ناو شەقام و کۆڵانی شاردا دایدەباراندن.

گردەکە بە مۆنۆمێنت و جۆری رازانەوە و گۆرە شازەکانییەوە وەها رووەوە شار دەدرەوشایەوە کە زیاتر لە قەبرستان لە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی دەکرد. کوڕە بچووکەکەی ناوی نابوو پێرلاشزی نوێ. ئەوان ئەم ناوەیان لە رێگای سەتەلایتەوە بیستبوو.

لە کردەیەکی دیکەدا کوڕەکان ئەمریان دەرکرد تەرمی هەموو ئەو سەرکردانەی وا سەردەمی شاخ لێرەو لەوێ بێ ناز نیژرابوون، با تەرمێکیش نەمابێ و هەر خاک و خۆڵ یاخود ئێسک و پروسک بێت، بێننەوەو لە گردەکە بیاننێژن. بەم شێوەیە گەل و نیشتمان چەندین مانگ بەمەوە خەریکبوون و جارێکی تر مێژوو سەرەڕای تێپەڕینی ساڵەکان، ژیایەوە.

ئەمە کارێکی کرد دووانە هەیکەل ئاسنینەکە بەتەواوی شیاوی ئەوە بن ببنە جێگری باوکیان. تەنیا ئەوەندەی نەبێ کە نیشتمان خەمی ئەوەی دەخوارد چلۆن دوو کەس دەتوانن پێکەوە ببنە سەرۆک،... داخۆ پێکەوە دەگونجان؟

 

لە دووای ئەوەی فەرماندە بە هۆی پێگەیشتن و بەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی لەلایەن کوڕەکانییەوە لە داهاتوو دڵنیابوو، کاتەکانی ژیان تام و چێژێکی تریان پەیداکرد. راستە ئەو هەر لە کۆنەوە بەهۆی بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەیەوە بڕوای بە قەدەری زاڵبوونی خۆی و هەڤاڵانی هەبوو و، پێش بینی ئەوەی دەکرد هەر کە بە دەسەڵات بگەن بۆ هەمیشە نەوە لەدووای نەوە جڵەوی نیشتمانیان بەدەستەوە دەبێ، بەڵام راگواستنی بۆ کوڕەکانی وەک کردەیەکی یەکجار مەزن دەهاتەبەرچاو کە قەدەرەکەی دەکرد بە خەونێکی راستەقینە. ئاخر مەگەر نەک ئەوەیکە هەر خەون و چارەنووسێک پێویستی بە کۆمەڵێک هۆکاری واقعی هەیە. ئەو لێرەدا هەموو هۆکار و فەلسەفەی ژیانی ژنەکەی هاتەبەرچاو.

هەڵبەت فەرماندە تەنیا بەمە رازی نەبوو، بەڵکو بەردوام هەوڵیدەدا هەفتانە چەندین جار چاوی بە کوڕەکانی بکەوێ و بە گێڕانەوەی بەردەوامی رابردووی خۆی و هەروەها ئەزموون و زانیارییەکانی، باشتریان بار بێنێ. بەڵام  ئەوان وادیار بوو زۆر حەزیان بەمە نەبوو و بەتایبەت بیرەوەرییەکانی باوکیان لەلایان یەکجار بێتام و کۆن دەهاتنە بەرچاو. رۆژێک کوڕە بچووکەکەی لە کاتێکدا جۆرێک لە گاڵتەپێکردن لە دەنگە سارد و بێ هەستەکەیدا بوو، گوتی باوکە وازبێنە، واز! فەرماندە دەمی بوو بە تەڵەی تەقیوو و هەروا بۆ ماوەیەک سەیری کرد. پاشان بە بزەیەکەوە گوتی وادیارە ماندووم کردوون، زۆر باشە بڕۆن، دایدەنێین بۆ کاتێکی تر. بەڵام کوڕەکەی لەوە راستەوخۆتر بوو ئەم بیری لێدەکردەوە. باوکە بۆ جارێکی تریشی دانانێین، واز لەو ساڵانە بێنە! فەرماندە ئارەقێکی سارد لە ناو پشتی نیشت. کتوپڕ هەستیکرد بێ رێزییەکی سەیری پێکراوە، بەڵام زۆر خێرا بە سەر خۆیدا زاڵبووەوە و ئەمجارە گوتی وادیارە بەساڵاداچووەکان دەبێ لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆیان دانیشن و گەنجەکانیش سەر لەنوێ بیرەوەریی تر بۆ خۆیان دروست بکەن. کوڕە گەورەکەی هەستایە سەرپێ، دەستی خستە سەر شانی باوکی و گوتی چیتر پێویست ناکا بە بیرەوەرییەکانمانەوە بژین، باوکە، زمانە گۆڕاوە، یەکجار گۆراوە، ئاگات لە سەتەلایت نیە، لە گرینگیی پارە و لەو حەزەی خەڵک ئیستاکە بۆ هەبوونی شمەکی سەیروسەمەرە لە ماڵەکانیاندا هەیانە، نیە؟ پێم وابێ دەبێ ئاگات لێبێ، ئەگەریش لات وایە بەم بیرەوەریانە شت فێری ئێمە دەکەی ئۆکەی زۆر باشە، بەڵام لەمێژە ئێمە ئەوەی تۆ باسی دەکەی بیستوومانە و فێری بووین، باوکە، تۆ کەمێک زیا لە پێویست لە رابردوودا دەژی. فەرماندە هەستی کرد سەرمایەتی. ژوورەکە کتوپڕ سارد هەڵگەڕابوو. بچووکەکەی گوتی لێی گەڕێ بۆ ئێمە، ئیستا ئێمە دەزانین چۆنی بگێڕین، ئیستا ئیتر پارە و دەسەڵاتمان هەیە، وڵات بە هەموو شتەکانییەوە لەبەر دەستماندایە، جیلی ئیستا وەک ئەوەی تۆ نیە، لێمانگەڕێ!

لێمانگەڕێ! فەرماندە رۆژانی داهاتوو زۆری بیر لەم قسەیە کردەوە. وادیارە خراپ تێگەیشتبوون، وادیارە لە بیریان چووبووەوە باوکیان هێشتا مابوو و هێشتا ئەو بوو خاوەنی دووابڕیار بوو. نا وانابێ! پەشیمان بوو لەوەی ئەو هەموو دەسەڵاتەی دابوونێ. دەبووایە کارێک بکا. هەرچی هێنای و بردی عەقڵی بە هیچ نەشکا. خۆ تازە نەدەکرا پلەکانیان لێ بستێنێتەوە. بەم کارە دەیشکاندن و ئیتر ئەو قەدر و حورمەتەیان نەدەما. داهاتوو لەکیس دەچوو. وادیاربوو هێشتا نەمردبوو برابەشی بۆ پەیدا ببوو! پیشی بە خۆیا دەخواردەوە. سەرئەنجام دووای هێنان و بردنێکی زۆر بە خۆی گوت تازە چاری نیە و دەبێ لەگەڵ وەزعەکە بسازێ. بە خۆی گوت تا هەم ناتوانن لانیکەم جێی من بگرنەوە، نا، ناتوانن! هێشتا نیشتمان و هەڤاڵان رووداوەکانی ساڵانیان لەبیر نەچووەتەوە. هەستیکرد کەمێک ئارامتر بووەتەوە. ئەوسا پێکەنینی بە خۆی هات. وای لە دەسەڵات!.. وای وای! بەڵام لە سەرێکی ترەوە خۆشییەک بە دەروونیدا هات. ئەو دوو روخسارەی ئەو بینیبوونی، هەتا دەمان بە ئاسانی دۆخەکەیان لە دووای ئەویش رادەگرت. بەس لە ناو خۆیاندا لێیان تێکنەچێ!... جا بۆ تێکبچێ؟ نانا، تێکناچێ.

کوڕەکانی ناردیان لە وڵاتی دراوسێی دووهەمەوە باشترین جۆری سەیارە بۆ هێزی ئاسایشی ناوخۆ بکڕن، جلوبەرگی سەردەمی شاخ گۆڕا بۆ جل وبەرگی سەربازی بە نوێترین شمەکە پێویستەکانەوە. بەڵام نە دراوسێی یەکەم و نە دووهەم نەفەربەریان نەدەدانێ و تازە نەشیاندەهێشت لە وڵاتانی ترەوە هاوردەی بکەن. بەڵام ئەمە گرینگ نەبوو. دووانەی هەیکەل ئاسنین تەواو سیمای هێزی چەکدار و ئاسایش و بەشی ئەمنییان گۆڕی و بەمە نیشانیاندا ئەوانەی جاران نین وا خەڵکی بیریان لێدەکردەوە. ئیتر تەواو ئەو بڕە بیرەوەرییەیش کە خەڵکی هەیانبوو و دەیانگوت کاتی خۆی ئێمە یارمەتیی ئەمانەمان دەدا و بە پارە و بە خواردن ئاگامان لێیان بوو سڕایەوە و جۆرێک لە سەربەخۆبوون بە فەرماندە و هەڤاڵانی بەخشرا کە سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە دووای هاتنەوەیان لە شاخ ئەنجامیان دابوو، لە لای خەڵکی پێکنەهاتبوو. دوو براکە بەمە رانەوەستان و هەموو حیزبە بچووکەکانی تریان ناچار کرد چەکەکانیان دابنێن و گوتیان ئەمان بۆ خۆیان ئاگایان لێیاندەبێ. بەم شێوەیە هێزێکی زەبەلاح پێکەوە نرا کە هەم هی فەرماندە بوو و هەم هی دەسەڵات. کەس نەیدەتوانی لێکیانی جیابکاتەوە.

لە راپۆرتێکدا کە دوو براکە رۆژێک پێشکەش فەرماندەیان کرد گوتیان سەد هەزار هێزی چەکداریان هەیە، بیست هەزار هێزی پۆلیس و سی هەزاریش هێزی نهێنی. ئەوسا گوتیان لە کۆی پێنج میلیۆن هاووڵاتی گەر هەر ئاوا سەرپێی حسێبی بکەین و سەدوپەنجا زەڕبی چوار کەسیش بکەین (وەک ژمارەی ئەندامانی بنەماڵەکانیان)، ئەوا بە دڵنیاییەوە شەش سەد هەزار کەس بە گرەنتی لەگەڵمانن و ئەمە دەبێتە لەسەدا هەشتی جەماوەر، ئیتر ئەمە بەجیا لە شانە حیزبییەکانمان و لە کارمەند و خەڵکی مووچەخۆری تر. ئەمە جگە لەوەی بە پێچەوانەی سەردەمی شاخ کە دراوسێی یەکەم و دووهەم داڵدەی فەرماندەیان دەدا ئیستاکە ئیتر هیچ دراوسێیەک داڵدەی کەس نادا، چونکە لە راستیدا ئەمان هێزێکی رەسەنی نیشتمانین و بۆیە بۆ هەمیشە گرەنتی خۆیان کردووە.

فەرماندە کە لەوە پێش قەت ئەم جۆرە حسێب و کتێبانەی نەکردبوو لە زیرەکیی کوڕەکانیدا مابووەوە. ئەوەی ئەو کاتی خۆی لە مەکتەب وەک مەتماتیک خوێندبووی و دوواتر لە سەردەمی شاخ تەنیا لە حسێب و کتێبی پارە و پوڵدا بەتووشی دەبووەوە، ئیستاکە بە شێوازێکی تەواو نوێ هاتبووەوە ناو جیهانییەوە. بگرە کاتێک باس لە ژمارەی هێزەکانی خۆیشی لەو کاتەدا بوو زۆر بیری لە ژمارەی هەڤاانی شاخ نەدەکردەوە. ئەو ساڵانە ژمارە زۆر گرینگ نەبوو. کەواتە دەکرا دەسەڵات و هێزیش بە وردی بە زمانی مەتماتیک باسی لێبکرێ. سەر هەڵدەبڕێ و بە وردی لە کوڕەکانی دەڕوانێ. چەند شانازی بە خۆیەوە دەکا. لێرەدا کوڕە گەورەکەی دەڵێ تەنیا یەک کێشەمان دەبێ ئەویش هەڤاڵانی خۆتە، ئەوانەی وا ماڵ و موڵکیان بەیەکەوە ناوە و هەر کامەی بە جۆرێک هەندێ چەکداری خۆیانیان هەیە، ئەمە مەترسییە. فەرماندە دەستبەجێ تێدەگا. ئەو تەنانەت بیریشی لەمە نەکردبووەوە. کوڕەکەی دەڵێ گەر ئیزن بدەی ئێمە ئەمەیش جۆردەکەین.

بەم شێوەیە هەڤاڵان بانگهیشت دەکرێن و داوایان لێدەکەن کە بەرپرسایەتی هێزەکانی دەورو بەری خۆیان بۆ بەشی عەسکەری و نهێنی راگوێزن. ئەوان کە سەرەتا دەپەشۆکن هەوڵدەدەن نەهێڵن، تەنانەت هەندێکیشیان بە تووڕەیی کۆبوونەوەکە جێدێڵن، بەڵام لەدووای هێنان و بردنێکی تا رادەیەک زۆر ئەوانیش مل دەدەن، ئەگەرچی یەک دووانێکێشیان بەمەبەستی تەمێکردنی ئەوانی تر و زووتر مل پێکەجکردنیان لێ بێ سەروشوێن دەکەن.

فەرماندە لە بیری دێ باوکی تەحەمولی ئەوەی نەدەکرد کەس قسە لە قسەیدا بکا. هەموویان لە ماڵەوە، بە دایکیشییەوە، گوێڕایەڵ بوون. وەی لەو رۆژەی کەسێکیان بێ قسەیی باوکیان بکردایە! دەبووە رۆژی حەشر. تەنانەت کە پشیلەکانیش کاتێک لە سەر حەسارەکە بە شەوان شەڕیان دەبوو، ئەوە باوکی بوو مافی ئەوەی هەبوو بەو نیوەشەوە دەرپەڕێ و بیانتارێنێ. فەرماندە دێتەوە بیری بە جۆرێک ئەو ژیانە خۆش بوو. هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا بوو و ئەگەرچی ئەمان ئیزنی زۆر شتیان نەبوو بەڵام رێگاکان دیار بوون. وادیارە کوڕەکانم لە من زیاتر لە باوکم دەکەن! بزەیەکی دێتێ.

ـ هەر ئەوەندەی بوو باوکم هەمیشە ماندوو بوو،... ماندوو ماندوو!

فەرماندە بە دیتنی جلوبەرگی نوێی هێزە چەکدارەکانیش دڵخۆشە. لەبەر خۆیەوە دەڵێ ئەمەیش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی خەڵکی رووداوەکەی سەنتەری شار لە رۆژی راپەڕینەکە لەبیربەرنەوە. ئەو کە باوەڕی نەدەکرد ژیان ئەوەندە لە خۆیدا هەڵگری گۆڕان و شتە نوێیەکان بێت، لە دووای ماوەیەکی باش دیسان بیری کەرەشین دەکەوێتەوە:

ـ راستی لە کوێیە؟... بڵێی چی بەسەرهاتبێ؟

هەر ئەو رۆژەی ئەم پرسیارە لە دەروونیدا چەکەرەدەکا، یەکێک لە کوڕەکانی کە ماوەیەکە چاوی لەسەر کچێکی جوانە و بە رێکەوت لە یەکێک لە گەشتەکانی بە ناو شاردا بینیبووی، لە پلانێکدا بەر بە ماشینەکەی دەگرێ، بە زەبری دەمانچەکەی لەبەر چاوی دایک و باوکیدا دایدەبەزێنێ و لەگەڵ خۆی دەیبا.

بەم شێوەیە ئەگەرچی هێشتا فەرماندە ماوە و جڵەوی وڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام دەورانێکی نوی لە ژیانی نیشتمان دەست پێدەکا.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت