ما 5849 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

لە رۆیشتندام کە تەلەفونەکەم دەنگی لێ بەرزدەبێتەوە. هەڵیدەگرم. بەشێک لە تەمەنم بوو. هەواڵم دەپرسێت و هەواڵی دەپرسم. باسی خەمی ناشتنی هەنگوینی نێو قوماشەکە دەکات. باسی بچوک بوونەوەی شانە هەنگوینەکەمی بۆ دەکەم. لێم تێدەگات. بەشیک لە تەمەنم دەزانێت من چی دەڵێم. ئەو هەموو کۆدەکانم دەخوێنێتەوە.

 

شانەی هەنگوین

رەسوڵ سەفەریانی

پێچایانەوە. وەک هەمیشە و وەک هەموو بەشەکانی ترم. ئەمیشیان پێچاوەتەوە بە قوماشێکی سپی و بێ خاڵەوە. وەک هەمیشە. من پێم سەیرە بۆ دەبێت ئەو هەموو رەنگ و خەیاڵ، هاتووچۆ، پێکەنین، قاقا و پیاهەڵدان و ئاوەها لە قوماشێکی سپییەوە بپێچرێت. باشە بۆ رەنگەکانی لێوە ناتکێت و دەرناکەوێت، ئەی بۆ ئەو قوماشە نایدەڵێنێت. تۆ بڵێی هی کۆنبوونیان بێت و وشکبوونەوەیان، یان جنسی قوماشەکە زۆر باشە کە هیچ ناگرێتە خۆی. ئەی باشە دەنگەکان چییان لێهاتووە، بۆچی کەس نایان بیسێت؟ نازانم بۆ ئەم پرسیارە لەلای کەس مانا و وەڵام نابینێت. یان رەنگە ئەمە هەر من وای دەبینم. ئەوانەی کە دەیپێچنەوە و ئەوانەش وا هەڵیدەگرن، هەر هەموویان وای نابینن. ئەوان جەستەیێک دەبینن و من دونیایێک. ئەوان چەند کیلۆ گۆشت و مستێ ئێسکی بێ گیان دەبینن و منیش دونیایێکی پڕ لە هەست و بیر و خەیاڵی دابڕاو. دەچمە پێشترەوە و بە ئارامی دەستێکی پێدا دێنم، هێشتا هەر تەڕ و تازەیە. بە ئارامی گرێکەی سەری دەکەمەوە و دەچمە ناو قوماشەکە. ناوەکەی زۆر گەورەیە. ئیتر لەوێوە قوماشەکە نابینم. دونیایێکی ترە. بێدەنگ و ئیشک و بێ رەنگ نییە. ئێرە دونیای نەمر و ئەبەدیە. دەگەرێم پیایدا. لێرە کات دەبینم. هەموو ئەو کاتانە دەبینم کە لە بیرم کردبوون. دەنگە خۆشەکان دەبیسم. گوێ هەڵدەخەم دەنگی گۆرانی دێت. گۆرانیێکی ئاشنا بە دەنگێکی زۆر ئاشنا دێتە گوێم. دەچم بەرەو دەنگەکە، ها شوێنەکەم بیردێتەوە. لەوێ دانیشتووم، من و چەند کەسی تر. خاوەن دەنگەکە گۆرانیمان بۆ دەڵێت. کات لای ئێوارەیە و شوێن لە شوێنێکی پشت پارکی شار. لە گەشتێکی رۆژێکی هاوین هاتبوونەوە، ئەوان دەڵێم،... گۆرانی بێژەکە و هاوڕێکانی. من و هاورێکەیشم بە رێکەوت چووینە شوێنی دانیشتنەکەیان. ئێمەیش لە گەڕان و پیاسەی ئێوارانی هاویندا بووین. هەر وەک ئێستا دەنگەکە رامانیکێشا. چووین بۆ لایان. چاو و گوێمان بە رەنگ و دەنگی هەموویان ئاشنا ببوو. جەستەی نێو قوماشەکە و هاوتەمەنەکانی دەڵێم. چریکەی ئاشنای یەکێک لە هاورێیانی دڵ و دەرونی دەدایە بەر بایێکی لاوێن:

ـ هۆ خاڵۆۆۆۆی رێێێێبوااار ئەمنیش رێبواااارم...

زۆر سەیرە ئەو دەنگە هەر تەڕ و تازەیە و ئێوارەکەیش هەروا ماوە. دوا پێک لێدەدەن و قاقایێک مەزەی خواردنەوەکە و پاشان گۆرانییەکە بە ئارامی دەبێتە هەوایێکی تر و بەردەوام. پاش دوو دەیە ئێوارەکە هێشتا هەر ئێوارەیە و دەنگەکە هەر وەک خۆی. بە دوونیای قوماشەکەدا دەسوڕێمەوە و دەڕۆم.

 لە دوورەوە دەنگی موسیقا و هەڵپەرێن دێت. بەرەو موسیقاکە دەڕۆم. دیسان من و هاوڕێکەم لەوێین. کۆڵانێکی تری تەمەنی منە. ئەمجارەیان شوێن ماڵەکۆنەکانی ماڵی باوەگەورەم/ کات پاشنیوەڕۆیێکی هاوین و زەماوەنی خاڵۆ چکۆلەکەم. دیسان ئەویش لەوێیە و من و هاورێکەم و چەند کەسی تر. لە ژوورە بچوکەکەی حەوشە خشپیلانەکەدا دانیشتووین. ژوورەکە تەنگە و یەک پلیکانیش لە حەوشەکە چاڵترە و درگایێکی بچوکی تەنەکەی پێوەیە. ئەمڕۆ کراوەتە جێی چاسازکردن بۆ زەماونەکە. سەماوەرێکی گەورە لەسەر مێزەکە بەرانبەر درگا تەنەکەکە دەگڕێت و قۆریێک چینی گەورە پڕ لە چای بەسەرییەوەیە و چەندین ئیسکان و ژێرپیاڵە لەبەردەم شێری سەماوەرەکەدا بەڕیز وەستاون بۆ ئەوەی پڕ بە دەرونیان چا وەرگرن. ئێمەش لەوێین و ترنجاوینەتە یەک. چەند سێومان قاشقاش کردووە و پێکەکانمان پێیە. دمبەک و دووزەلەش دەنگی قاقامانی داپۆشیوە. پیش هەڵدانی پێکەکە ئەو بە دزییەوە سەیرێکی دەرەوە دەکات، کە دایکی نەیبینێت، دەڵێت نا دیارنییە. بە پەلە پێکەکانمان هەڵدەدەین. ئەو بە پەلە دەڕوات.

منیش دەڕۆم. دەڕۆم و لە ژوورە گەورەکەی شەوەکانی زستان و دەورە میوانییەکان سەردەردێنم. دادەنیشم، خۆم دەبینم، گەنجێک بە سەرو ریشێکی رەش و قژێکی نەرم و خاوەوە پاڵمداوە بە دیوارەکەی بەرانبەری ئەوەوە. دایەگەورەشم لەوێیە. چا دەخواتەوە و جار و بار سەیری ئەو دەکات کە بە نوکتەکانی کوورەی کۆڕەکە دێنێتە نێڵە نێڵ و ماڵەکە گەرم دادێنێت.

منی نێو قوماشەکە خەریکی گەڕانم بە کۆڵانەکانی تەمەنمدا. منی دەرەوە دەبینم کە ئەوان قوماشە سپییەکە هەڵدەگرن لە سەر تابووتێکی دادەنێن. تابووتەکە لە چوار لاوە بە چواردەست بەرزدەبێتەوە. منیش لەگەڵێان دەڕۆم. منی نێو قوماشەکە هەر خەریکی گەڕانە بە ژوورەکاندا، بە ساڵەکاندا و بە رۆژەکاندا. دەنگەکان گوێ لێدەگرمەوە و بۆن بە ئوتکولۆنەکانەوە دەکەم. دیسان فیلمە هەلگیراوەکان سەیردەکەمەوە، ئەو فیلمانە دەڵێم کە هاتبوون بۆ هەندەران. ئەو فیلمانە وا ئێستا لە نێو قوماشەکەدا بۆ من سەرخراون و دەیان بینم. من وەک هەنگ گوڵاوگوڵ گەڕاووم و بۆنیانم پێوەکردووە و شیرەی چێژیانم لێ هەڵدەمژیوە. هەڵیاندەمژیووە بۆ سازکردنی هەنگوینی ژیان. ئەوانە بوونەتە شانەهەنگوینی من.

من لەدەرەوە دەرۆم و دەڕوانمە تابووتەکە. تابووتەکە دەڕوات و دەروانێتە من. من سەیری شانە هەنگوینە پارچەپارچەکەم دەکەم کە یەکێکیان لە قوماشێکی سپییەوە پێچراوە و دەیبەن. دەڕوات. ئەوانەی هەڵیانگرتووە بە پەلە دەرۆن، وەها پەلە کە دەڵێیت ئەگەر لە کاتێکی دیاریکراودا نەگاتە شوێن، لەوانەیە بەدەستیانەوە بمێنێتەوە و شوێنیان دەسنەکەوێت بۆ شاردنەوەی. دەیخەنە ماشینێک و خەڵکەکەی دەوریشی بڵاوەدەکەن و بەسەر ماشینە راوەستاوەکاندا دابەشدەبن و هەر هەمویان دەڕۆن. منیش بە ماشینێک لەگەڵ چەند کەس دەڕۆم.

ـ خوا عافوی کات، زۆر پیاوێکی چاک و قسە و نوکتە خۆش بوو.

ئەمە یەکێک لە کەسانی نێو ماشینەکە دەیڵێت و رووی قسەی لەکەسمان نییە بەڵام هەر لەبەر خۆیەوە دەیڵێت.

من بیر لە وشەکانی ناو رستەکە دەکەمەوە، گوێم لە ماناکەی نییە. سەرنجم دەچێت بۆ فێعلی "بوو". لای ئەو هەموو شتێکی پیاوی نێو قوماشەکە تەواوبووە. ئەو وادەزانێت هەر کەس کەوتە نێو قوماشی سپی تەواو بووە، نازانێت منیش لە نێو قوماشەکەدام. نازانێت کە ئەو پارچەیێکە لە شانەی ژیانی من. شانەکەم بچوک دەبێتەوە. منیش دەڕۆم لەگەڵ هەموو پارچەکانم. من دەڕۆم و هاوکات رەنگە منیش پارچەیێک لە هەنگوینی هەنگەکانی تر بم.

لە شوێنێکی دوور لە ئاوەدانی رایانگرت. قوماشەکەیان لە چاڵێکی ئامادەدا ناشت و تابووتەکەیان بە خاڵی هێنایەوە و منیش، منی نێو قوماشەکە دەڵێم، لە قوماشەکەدا مامەوە. خۆم هاتمەوە و سەیری شانە هەنگوینەکەم دەکەم. هەتا دێت بچوکتر دەبێتەوە. هەر بەشێکی لە قوماشێکدا براوە و تەنیا منێکی ماندوو دەڕۆم و دەڕۆم.

 

لە رۆیشتندام کە تەلەفونەکەم دەنگی لێ بەرزدەبێتەوە. هەڵیدەگرم. بەشێک لە تەمەنم بوو. هەواڵم دەپرسێت و هەواڵی دەپرسم. باسی خەمی ناشتنی هەنگوینی نێو قوماشەکە دەکات. باسی بچوک بوونەوەی شانە هەنگوینەکەمی بۆ دەکەم. لێم تێدەگات. بەشیک لە تەمەنم دەزانێت من چی دەڵێم. ئەو هەموو کۆدەکانم دەخوێنێتەوە. دەڵێت:

ـ  مرۆڤ هەستی چێژی هەیە و ئەو چێژە لە هەموو شتێکدا و لای هەموو کەسێک هەست پێ ناکات. هەموو مرۆڤێک ناتوانێ هەستی چێژمان ئێرزا بکات. ئێمە تەنیا بە کۆدەکان، کۆدە هاوبەشەکان هەستی چێژمان ئێرزا دەبێت.

ئەو راست دەکات من لەگەڵ زۆر کەس لەسەر قوماشە سپییەکە قسەم کردوە، زۆر کەس باسی ئەویان کردووە، بەڵام ئەوەی ئەم، ئەم وتووێژ و لێدوانە لەگەڵ ئەم تامێکی تری بوو. ئەو بە کۆدەکانی شانەکەی منی کردەوە و چووە خانەکانی و هەستی چێژی بزواندم. ئەم دەڵێت:

ـ شانە هەنگوینە شکاو و بچڕاوەکان ئیتر چاکنابنەوە. ئەو بەشەی دەڕوات و شانەکە بچوکتر دەبێتەوە. شانەی هەنگوینمان هەر ئەو ژیانەیە کە هەمووان باسیدەکەن. ئەگەر شانەمان نەبێت واتە ژیانمان نییە، یان باشترە بڵێم ئیتر ئێمە ژیانمان نییە. ئینسانی بێ شانە تەنیا بوونەوەرێکی زیندووە. شانە چێژە و ژیان. هەموو خۆشییەکەی بوونمان لە ئەم چێژەدایە کە پێی دەڵێین ژیان.

دەمباتە فکرەوە بێ دەنگ دەبم و خۆمی نێژراوم بیردێتەوە کە لە دەیان قوماشی سپییەوە لە دەیان شوێن نێژراوم. من تامی ناشتنم هەستکردوە. بیر لە دواپارچەم دەکەمەوە وەک جەستەیێکی سارد لە شوێنێک لەم دونیا دەنێژرێت و ئیتر لەوە بەدوا فێعلی "بوو" دەبێتە ئاوەڵناوی هەموو یادەکانم. مات بووم کە لە پڕ هاوڕێکەم بە کۆدێک دەرگایێک لە دەرگاکانی پڕ لە پێکەنینی کردەوە و بێ ئیختیار قاقام لێ بەرز بووەوە و پێکەوە بۆ چەند چرکە بە باڵی خەیاڵ لە دونیای تەمەندا فڕین و بێ خەم و سوک پێکەنین و پێکەنین و پێکەنین... و چووینە نێۆ گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک و بە جادەکانی بەهارانی سەرشیودا لێماندەخوڕی و حەسەن زیرەک چارۆکە هەولێری پڕ بە نێو ماشینەکە دەیچریکاند و تەنانەت دەرژایە سەر جادەکە و لە دۆڵەکاندا دەنگی دەدایەوە.

دەنگی حەسەن زیرەک کە زەنگی موبایلەکەم بوو بۆ خەبەرکردنەوە، سەعات حەوتی بەیانی رایچڵەکاندم و هێنامییەوە بۆ دوونیای کار و هەڵاتهەڵات. تەلەفونەکەم هەڵگرت و لە ژووری خەوەکەم هاتمە دەرەوە. لەسەر میزی نانخواردنەکە سەردانی میدیاکانم دەکرد و بە پەلە سەیری پۆستەکانم دەکرد کە وێنەیێک لە پۆستی کەسێکدا سەرنجی راکێشام و رایگرتم. وێنەییکی جیاواز و سەیر، لانیکەم سەیر بۆ من. راوەستام بۆ خوێندنەوە. بەداخەوە پۆستەکە راگەیاندنی مەرگی کەسەکەی نێو قوماشەکە بوو. تاساندمی. کەوتمەوە بیری قسەکانی هاورێکەم. هاوکات کە هەستم بە ونبوونی بەشێک لە شانەکەم دەکرد، هەستام و بەرەو کاری رۆژانەم وەڕێکەوتم. لێرە لەم دوورەوە چیترم پێ ناکرێت.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت