ما 2631 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەحمان سۆفی

سەرم ھەڵێنا و تەماشای دەوری خۆم کرد. که ڕوانيم و بينيم دۆستەکەم له پشت سەرمەوه ڕاوێستاوە و به پێکەنينەوه به ڕوو خۆشی گوتی «ببووره که درەنگ ھاتم. ماڵی ئێمه لێرەوه. زۆر دووره بۆيه زۆرم پێچوو. ھەسته با بڕۆين».

 

نۆرماڵ

ڕەحمان سۆفی

 

چاوەڕوانی و نامۆيی شەو و ڕۆژ له مرۆڤ دەشێوێنێ. سەبارەت بە حاڵەی خۆم لەگەڵ ھاووڵتيێەکم که لەمێژساڵ بوو له سوێد دەژيا، به تەلەفۆن قسەم کرد و درکاندم که زۆر بێتاقەتم، خەو و خواردنم لێ شێواوه. ھاووڵتيێەکەم گوتی «ئيزن وەرگره و وەره بۆلای ئێمه، ماوەيەک ميوانمان بە.» دوای گفتوگۆ تەلەفۆنييەکەم لەگەڵ کۆنه دۆستەکەم، چووم بۆلای بەرپرسی کەمپەکه و به زمانی بێزمانی پاڕامەوە که ئيزنم بدات له دوو ڕۆژی پشووداندا سەفەر بکەم. ئەويش به ڕوخساری خەمبار و چاوی کز و دەنگی نەویمدا تێگەيی که چم دەوێ. ڕەنگه بەزەيی پێمدا ھاتبێ. ناونيشانی دۆستەکەمی لێوەرگرتم و ئيجازەی پێدام.

ئێوارەی ڕۆژی ھەينی بوو. ھەور تەم و مژێکی سەير فەزای داگرتبوو. زۆريش سارد بوو.کەش و هەوايکی خەمناک بوو. به تەپلۆسی و بێحالييه چوومه وێستگەی قەتار و بليتێکم کڕی. له ساڵۆنی چاوەڕوانی سەيری تابڵۆی ڕاگەياندنی کات و شوێنم کرد. ئەو قەتارەی که من پێی بڕۆم دوای ساتێک دەڕۆيی. بەھەر لەونێک بوو سەکۆی سوار بوونم پەيدا کرد. چووم و سوار بووم. له ڕووی ژمارەی بليتەکەمەوه جێ خۆم دۆزييەوه، چاکەتەکەم داکەند و ھەڵمواسی و تەخت دانيشتم. خۆزيا و بريای ئەوه بووم بەختم ياربێ و ھاوسەفەرێکی ڕووخۆش و قسه خۆشم بۆ پەيدا بێ. من لەو خەياڵەدا بووم، ئەوندەم زانی کابرايەکی سوێدی ئارەقخۆر به وتەی خۆيان " ئەلکهۆليست " سەگێکی پەت کردبوو، لێم پەيدا بوو. له سەر سەندهڵييەکەی ڕوو به ڕووم دانيشت. ملی بۆ لای من خوارکردەوه و به زمانی خۆی گوتی " هەی " یانی سڵاو منيش به زمانی خۆم وەڵامم داوه. سەگەکەی لێم نزيک بووه. بڕێک خۆم دزييەوه. کابرا گوتی«مەترسه! يانيگرنييه، زۆريش مێهرەبان و دڵسۆزه؛ له ھەندێک ئينسان باشتره. ئەمه ھاوڕێی تەنيايی منه(لەو چەن مانگەدا له کەمپ دەچوومە کۆرسی فێر بوونی زمانی سوێدی و کەمێک فێر ببووم. له کابرا حاڵی دەبووم که باسی چي دەکا) به زمانێکی نيوه ئينگليسی و نيوه سوێدی گوتم «ناترسم، بەڵام من به سەگ و پشيله ئاڵۆش دەبم و ھەناسەم سواردبێ کابرا گوتی«ئەھا، ببووره نەمزانی ئالەرژيت ھەيه»

سەرنجێکی کابرام دا و لێی ورد بوومەوه. پياوێکی کەڵەگەت و بەخۆوه بوو. پرچی لەسەر شانی پەخشان بوو. چاوی شين و کەپۆ بەرز، ڕيش زۆر و دەم و چاو نه شۆردراو. به کورتی و به کوردی "کوڵکن و چڵکن" بوو. کاپشێنێکی چەرمی قاوەيی ڕەنگی نيمداشتی له بەردا بوو. شارواڵێکی جينی کۆن و جووتێ پۆتينی سەربازی له پێدا بوو. سەگەکەشی وەکوو خۆی بۆر زەرد بوو. شێوەی زياتر له گورگ دەچوو.

ئەو کابرايه بێپسانەوه قسەی دەکرد. جاری وا بوو لەگەڵ من، ڕای واش بوو لەگەڵ سەگەکەی. ھەر کە ڕووی دەکرده من و قسەی دەکرد زۆرم پێ ناخۆش بوو. ئەوندەی ئارەق و بيره خوارد بووەوه بۆنی ھەناسەی مرۆڤی کاس و وڕ دەکرد. سەير ئەوه بوو که بەو حاڵەش بتڵێکی پڕی به دەستەوه بوو. تاوێ نه تاوێ دەينا به سەريەوه و قومێکی لێدەخواردەوه، خۆڵکی منیشی دەکردم. من به زمانی خۆی سپاسم لێدەکرد، و دەمگوت«نا خۆشبی من ناخۆمەوه. پاکەته سيگارەکەيی دەرھێنا و دەستی بۆ لای من درێژ کرد و گوتی«تۆ که ئارەق ناخۆيەوه، فەرموو سيگارێک بکێشە»

لەو کەين و بەينەدا کۆنتڕۆڵچی قەتارەکه پەيدا بوو. ھاواری کرد«کێ تازه سوار بووه تکايه بليتەکانتان»تێگەييم چی دەوێ. بليتەکەم له کيفەدەستييەکەم دەرھێنا و دامه دەستی. ئەويش به مەنگەنەکەی کونێکی تێکرد و دايەوه دەستم. ئەودەم به دڵنياييەوه پاڵم لێداوه. دوای من ڕووی کرده کابرا و گوتی«تۆ بۆت نييه لێره سيگار بکێشی!. کوا بليتەکەت؟ بده بزانم کابرا دەستی کرد به گيرفانيدا و بليتێکی دەرھێنا و دايه دەست کۆنتڕۆڵچييەکه. ئەويش به وردی تەماشای کرد و گوتی«ئەم بليته کۆنه. تۆ دەبێ بليتی نوێ بکڕی. کابرا منگەمنگێکی کرد و گوتی«دراوم پێنييه، چ بکەم! خۆ نامکوژی»کۆنتڕۆڵچييەکه به تووڕەييەوه گوتی «ناتکوژم. يان بليت، يان فەرموو دابەزه «چەن سووڕی پێچوو، قەتارەکه گەيشته وێستگەيەک کابرای خاوەن سەگ ھەستا و زۆر به تووڕەييەوه شەپێکی له سەندەڵييەکه ھەڵداو و پەتی سەگەکەی گرت و به بۆڵەبۆڵ بەدوای خۆيدا ڕایکێشا و ڕۆيی. که ئەو ڕۆيی له دڵی خۆمدا گوتم "دەک سەت ڕەحمەت له دايه و بابت بێ، وا منت له دەس ئەو سەگ و بۆگەنه ئارەقه ڕزگار کرد.

شەو بوو. قەتارەکه دەيناڵاند و وەکوو توله ماری له گەرمادا ھەژاو له سەر ڕێڵەکه دەخزی. کاتژمێر يەک و نيوی شەو گەيشته ستۆکھۆڵم. ھەموو جێگايەک داخرابوو. شوێنی ئاگاداری و ڕاگەياندنی کات و ڕۆيشتنی قەتاريش بەسترابوو. نابەڵەد بووم. نەمدەزانی چبکەم. به ناچار دەبوو تەلەفۆن بۆ دۆستەکەم بکەم و داوای ڕێنمونی لێبکەم که چۆن بچم بۆ ماڵی ئەوان. به پرسيار تەلەفۆنێکم دۆزييەوه، تەلەفۆنم کرد و گوتم«ئەوه من گەيومەته ئێره و له وێستگەی قەتارم. بەڵام نازانم چۆن بێم بۆ مڵی ئێوه «ئەويش گوتی«له کوێی ھەر لەوێ به تا دێم. تا نيو سەعاتی ديکه دەگەمێ. ھەر له لای "ئينفۆڕماسيون"نەکه ڕاوێسته، له جێی خۆت مەبزوو.

زۆر ماندوو، وەڕەز بووم. نەمدەزانی چيبکه لەکوێ ڕاوەستم. له بێتاقەتيدا له ساڵۆنەکەدا دەھاتم و دەچووم. دەمڕوانييه ئەو بينادەمانه که بەپەلە بەمدا دەھاتن و دەچوون. بەلامەوه سەير و سەرنج ڕاکێش بوون. له ھەموو بابەتێکم دەبينی، ژن و پياو، کەمتەمەن، بەساڵاچوو، و مەست و مەنگ. دوو پياوی ڕەشپێستم بينی مەکينەيەکيان به دەستەوە بوو ساڵۆنەکەيان خاوێن دەکردەوه. کچێکی پۆڕزەردی باڵابەرز بەلاياندا تێپەڕی، وابزانم سەرخۆش بوو، خۆی بەسەر پێوه نەدەگرت. سەرسمێکی دا و لاتراسکەی بەست و له سەر مزاييکەکان تخێل بوو و کەوت. يەکێک له پياوه ڕەشەکان دەستي دا بن باڵی و ھەڵيساندهوە. ڕاوێستا بووم و دەمڕوانييه ئەو ديمەنه. کچێکی کەم تەمەن ھاته لام و دەستی گرتەوه و گوتی «پێج کڕۆنم دەيه پارەم نييه سواری قەتاربم و بڕۆمەوه بۆ ماڵی خۆم  منيش پێنج کڕۆنم دايه و ڕۆيی. کەمێک تێڕامام و به خۆمم دەگوت«ئەی بۆ دەيانگوت له سوێد سواڵکەر نييه»

هەستم کرد برسيمه. چاوم گێڕا شوێنێک پەيداکەم و بچم خواردنێک بکڕم و بيخۆم. کيوسکێکم به ديکرد. چووم و بابۆڵەيەکم نان و پەنير کڕی. له قوژبنێکەوه ڕاوێستام و بەپەله نان و پەنيرەکەم خوارد. خۆشم نەمزانی بۆچی وا بەپەله بووم. دوای ئەوه سيگارێکم داگرساند و به کەيفی خۆم و پڕ به سينەم مژم لێدا. سيگارەکەم تەواو کێشا. ئەمجار ئيشتيام له چايی بوو. چوومەوه بۆ لای کيوسکەکه و له کابرای فرۆشيارم پرسی چاييت ھەیه؟ کابرا گوتی «بەڵێ قاوەشم ھەيه «پياڵەيەکم چايی کڕی و بەسەر پێوه ھەڵمقوڕاند. سيگارێکی ديکەشم ھەڵکرد. چاوه چاوێکم کرد. يەکێک بەلامدا تێپەڕی. نەمزانی کوڕ بوو يان کچ. چەن ھەنگاو ڕۆيی و ئاوڕێکی داوه دەورێکی ساڵۆنەکه گەڕا و ھاتەوه. ھاته نزيکمەوه و ڕاوێستا. به زمانی خۆی شتێکی گوت. بەڵام لێی تێنەگەييم چی گوت. زانی لێی حاڵی نه بووم. ئەمجار به ئينگليسی لەگەڵم دوا. پرسی خۆشت له ژن دێی؟» لەوکاتەدا دوو ژنی سەرخۆش به لاماندا تێپەڕين. له وەڵامی پرسيارەکەيدا تەنيا شانم ھەڵتەکاند. کابرا تەماشايەکی کردم و ھەميسان پرسی خۆشت له پیاو نايە سەرم ڕاوەشاند و ھيچم نەگوت. ئەمجار پرسی« ئەی له پیاو چی؟ به تووڕهييه وه گوتم « تێناگەم دەڵێی چی. بەچاو و بزوەی لەش ديويست تێمگەێنێ که مەبەستی خۆيەتی گوتی«ئەگەر پێت خۆشه له گەڵت دێم» ئەمجار زۆر به ڕقەوه مۆڕەيەکم لێکرد. بەڵام ئەو وازی نه دەھێنا ھيچ شەرمی نه دهکرد! گوتی «ھيچ مەترسه وەره با بڕۆين» ھيچ جوابم نەداوە. واڕقم ھەستا بوو ھەر مەپرسن. ڕووم لێوەرگێڕا و کەمێک ڕۆيشتم. ئەويش که زانی من جوابی نادەمەوه لەداخا سەری شۆڕ کردەوه و ڕۆيی و لەبەر چاوم ون بوو . ئەونده ماندوو بووم، خۆم بەسەر پێوه نەدەگرت. چوومه خوارەو بۆ سەر سەکۆی قەتارەکه . چاوم گێڕا که جێگايک بدۆزمەوه و تۆزێک دانيشم، له نێوەڕاستی سەکۆکه ژوورێکی چوارگۆشەی شووشەيی لێبوو. چووم بۆ ئەوێ. چەن نەفەر سەرخۆش دانيشتبوون. يەکێک خەوی لێکەوتبوو. يەکی ديکه ملی لار کردبۆەوه و وەنەوزی ئەدا. يەک دوانێ سيگاريان دەکێشا و قسەيان دەکرد. چووم و له سەر نيمکەتێکی بەتاڵ دانيشتم. سيگارێکم داگرساند و پڕ به سينەم ھەڵممژی. له پڕێکدا دوو ژن خۆيان کرد به ژوورێدا. يەکێکيان چووه تەنيشت ئەو کابرايه که خەوی لێکەوتبوو له پەنايدا دانيشت و به ھەوای مەستی کابرای له خەو ھەستاند. سەری خسته سەری و پێیڕادەبووارد. کابراش سەر ھەڵێنا و بۆڵه بۆڵێکی لێوه ھات و دووباره سەری بەرداوه بۆ برۆکی خۆی. بەڵام ژنەکان گاڵتەيان دەکرد و پێی پێدەکەنين. له قسەکانيان حاڵی نەدەبووم. بەڵام به جوولەی دەست و چآوياندا کەمێک تێگەييم که دەڵێن چی. يەکێکيان ڕووی کرده من و داوای سيگارێکی لێکردم. سيگارێکم دايه. کڕۆنێکی دەرھێنا که له باتی سيگارەکه بمداتێ. به سەر لەقاندن تێمگەياند که نامەوێ. ئەويش سيگارەکەی داگيرساند و گوتی «تەک» يانی سپاس. دانيشتبووم و تێڕامابووم. ئەم ديمەنەم دەبينی و لەگەڵ ئەو شتانەی که له وڵاتی خۆمان ديبووم بەراوردم دەکرد. بيرەوەريم دەگەڕاوه بۆ شەوانی ھاوينی شآرەکەم که تەمەنێکم تێدا ڕابوارد بوو. ھيچی ئەم وڵاته له ھی وڵاتی خۆمان نەدەچوو. سەرم ھەڵێنا و تەماشای دەوری خۆم کرد. که ڕوانيم و بينيم دۆستەکەم له پشت سەرمەوه ڕاوێستاوە و به پێکەنينەوه به ڕوو خۆشی گوتی «ببووره که درەنگ ھاتم. ماڵی ئێمه لێرەوه. زۆر دووره بۆيه زۆرم پێچوو. ھەسته با بڕۆين» منيش هەستام و لەگەڵی ڕێکەوتم. له وێستگەی قەتارەکه چووينه دەرێ. چووينه مەيدانێک و سواری ئوتوبوس بووين. دۆستەکەم پرسی«دەی بڵێ بزانم له قەتاردا خۆشت لێگوزەرا؟ منيش ئەم چيرۆکەم بۆ گێڕاوه. بەڵام ئەو زۆر به سارد وسڕييەوه گوتی «ئەم جۆره شتانه لێره سەير نييه، شتێکی"نۆرمالە" له دڵی خۆمدا دووپاتەم کردەوه "ئەم جۆره شتانه لێره سەير نييه نۆرماڵه" دوايه به خۆمم دەگوت دەک قوڕ به سەرم لەم شارستانييەتە!

 

گەڕان بۆ بابەت