ما 7721 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کلتوری گفتوگۆ

کلتوری گفتوگۆ، کلتورێکی گرینگە کە تێیدا دەتوانرێ گەلێک لە کێشەکان یەکاڵا ببنەوە. گوێگرتن لەم یەکتری، ناسینی بیروبۆچوونی یەکتری و دانپیانان بە بەشێکی داواکارییەکان لە لایەن هەردوو لاوە رێگا بۆ زۆر گۆڕانی ئاقڵانە دەکەنەوە.

بەڕێوەبردنی ئەم کلتور بە تەواوی پەیوەستە بە رادەی وشیاری کۆمەڵگا و جێگیرکردنی ئەم نەریتە وەک بەشێکی جیانەکراوە لە هەڵسوکەوتی رۆژانە. بە بێ ئەمانە قەت گفتوگۆ سەرناگرێ.

بەڵام وەها نیە کە هەموو شتێک لەم رێگایەوە بەرەو پێش بڕوات. لە پشت گفتوگۆ جگە لە توانای فورمۆڵەکردنی داواکارییەکان، دەبێ جۆرێک لە هێزیش هەبێ. واتە هێز تەنیا لە وشە و لە وەرگرتنی یەکترەوە نایەت، بەڵکو لە زەختێکی فیزیکیشەوە دێت کە مەرج نیە ئەم زەختە بە مانای پاڵەپەستۆی توندوتیژیانە بێت. بەم پێیە لە پشت گفتوگۆوە هەتا بەشێکی بەرچاوی تاکەکان حوزوریان هەبێ، ئەوا گفتوگۆکە زیاتر دەرەتانی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەیە.

کەواتە هەموو قسەکە لەسەر رێکخستنی هاوئاهەنگ و هاوترازی ئەم دوو لایەنەیە. دیارە لەو شوێنانەی رێگای گفتوگۆ بەستراوە، بەشی زەختی فیزیکی گەشەدەکا و لەو شوێنانەی رێگای گفتوگۆ هەیە بەشی کلتوری پێکەوە دووان.

باشترین نموونە دەتوانێ جۆری کرداری چینی کرێکار لە وڵاتانی پێشکەوتوو بێت. ئەوان سەرەتا لە لایەن رێکخراوەکانیانەوە داواکارییەکانیان دێننەگۆڕێ. قبوڵیان کرد باشە، قبوڵیان نەکرد دەست دەدەنە مانگرتن. هاوکاتیش گفتوگۆ بەردەوامە. بەم شێوەیە لە رێگای رەچاوکردنی هەر دوو بەشەکەوە دەتوانن بگەنە بەشێک لە داواکارییەکانیان.

سایتی قەڵەم. ٢ی مانگی سێی ٢٠٢١

گەڕان بۆ بابەت