ما 6695 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

 شیعری منداڵان چەند مەرج و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە جا چ لەڕووی ڕوخسارەوە بێت, یان ناوەڕۆک، لەبارەی ڕوخسارەوە باشتر وایە تادەکرێ شیعرەکە کورت و پوخت بێ و وشەی ناڕێک و سواوی تێدا نەبێت و شاعیر خۆی لە وشەی دووبارەو دەستەواژەی ئاڵۆز و وشەی دوو واتاو تانەو تەشەر لێدان بپارێزێت.

 

وتووێژ ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و ژانری شیعر

له‌گه‌ڵ شاعیر و نووسه‌ر ئه‌مین محه‌مه‌د

 

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

 

پرسیار: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییەو دەبێ چۆن بۆیان بنووسرێت؟

وەڵام: بێگومان ئەدەبیاتی منداڵان بەگشتی و شیعر بەتایبەتی کۆمەڵێک مەرج و تایبەتمەندیی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەواتایەکیتر شیعری تایبەت بەمنداڵ لەسەر چەند پایەیەک ڕاوەستاوە، بەئامادەنەبوونی هەردانەیەکیان شیعرەکە هەرەس دەهێنێ و نەک هەرسود و چێژنابەخشێت بەمنداڵ, بەڵکو زیانی گەورەشی پێدەگەیەنێت. لەبەرئەم هۆکارە باشتر وایە شاعیران و نوسەرانی بوارەکە زۆر بە ووردی و بەئاگاییەوە مامەڵەو هەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتەکە بکەن بەلەبەر چاوگرتن و پەیڕەوکردنی سەرجەم ئەو مەرجە بنەڕەتیانەی کە پێویستن بۆشیعری منداڵان و وەک پایەیەکی پتەو شیعرەکەیان ڕاگرتوە. بێگومان وەک دەزانین مەرج و تایبەتمەندییەکانی شیعری منداڵان زۆرن, بەڵام گرنگترین و دیارترینیان ئەمانەن:

(1) بەزمانێکی سادە و بێگرێ و گۆڵ و پاراو بنوسرێت.

(2) وشەکانی سەر بەفەرهەنگی منداڵ بن، واتا شیعرەکە وشەی ئاڵۆز و دوو واتاو تانەو تەشەری تێدا نەبێت.

(3) قۆناخەکانی تەمەنی منداڵ ڕەچاو بکرێت، واتا شاعیر بزانێت ئەو شیعرە بۆکام قۆناخ دەنووسێت، چونکە بەپێی قۆناخەکان وشەو زاراوەو دەستەواژەو بابەتی شیعرەکە جیاوازەو دەگۆڕێت، تابۆقۆناخی کەمتربێت، شیعرەکە کورتتر و سادەتر بێت باشترە.

(4) باشترە شیعرەکە چیرۆک ئامێزبێت، واتا تەنها قافیە ڕیزکردن و بەزۆر ڕێکخستن نەبێت, تاپەیامێکی باش و گونجاو بەئاسانی بگەیەنێت بەمنداڵ.

(5) زۆر باشتر و گونجاوترە ئەگەر شاعیر بۆچونی تایبەتی خۆی نەسەپێنێت بەسەر منداڵدا و ئامۆژگاری ڕاستەوخۆی نەکات، بەڵکو ماوەی بدات منداڵ خۆی  ئازادانە هەڵسوکەوت بکات و بڕیار بدات. چونکە ئەرکی شاعیر بریتییە لەئاراستەکردنی منداڵ بەرەو ڕەوشت به‌رزی و ئاکارەباشەکان و هانیان بدات هەمیشە چاکەخواز و ژینگەپارێز و مرۆڤدۆست بن و دووربن لەخۆپەرستی و شەڕەنگێزی و نەژادپەرستی.

(6) شیعری سەرکەوتوو ئەوجۆرە شیعرانەن, کە کورت و پوخت بن و ئیقاع و ئاوازی جوان و خۆش و پڕ جۆشی منداڵانەی تێدایە، شیعری جوان و سەرکەوتوو هەمیشە وێنەیەکی ناوازەی وا لەهەستی منداڵدا دەچەسپێنێت بەئاسانی لەبیری ناچێتەوە، بەواتایەکیتر لەشیعرەکەدا ڕووداوێکی خۆش و سەرنجڕاکێشی بەوشەی ناسک و سادە و ئاسان بۆ گێڕابێتەوە، هەر ئەم جۆرە شیعرانەن وا لە منداڵ دەکەن هەمیشە حەز بەخوێندنەوەی بکات و لێی دوور نەکەوێتەوە.

 

پرسیار: شیعری منداڵانی کورد، لەڕابوردودا چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟

وەڵام: ئەگەر ئاوڕێک لەسەرەتای سەرهەڵدانی شیعری منداڵان بدەینەوە دەبینین هەر لەسەرەتای دروست بوونی قوتابخانە و وازهێنان لەحوجرە، شیعری منداڵ بوو بەپێداویستی ئەو سەردەمە, چونکە لەسەرەتای خوێندنی حوجرەدا پڕۆگرام دەقی قورئانی پیرۆز و فەرموودە بوو، لە قۆناغی کۆتایی خوێندندا گوڵستانیان دەخوێند, ئەویش شیعر بوو بۆ گەورەساڵان, بەڵام کەقوتابخانە دامەزراو قوتابیان ڕوویان تێکرد, ئیتر شیعری منداڵان بوو بەپێویستی بۆ ناو پڕۆگرامی خوێندن, سەرەتا شیعر و سرودی تورکی و عەرەبی و فارسی وەرگێڕاویان دادەنا, بەڵام بەهۆی دروست بوونی هەستی نەتەوەیی و ئازادیخوازییەوە, شاعیرانی کورد هەوڵیاندا شیعر و سرودی کوردی بنووسن و بەقوتابیانی بڵێنەوە, وەک دەبینین سەره‌تا زیاتر ئەو مامۆستایانەی کەلەقوتابخانەکان وانەیان دەوتەوەو شاعیری گەورەساڵان بوون بەم کارە هەستان و جێدەستیان دیارە، وەک مامۆستایان (زێوەر و بێکەس و گۆران) و چەند مامۆستایه‌كی تر، ئەوەش بوو بەبناغەیەکی باش بۆ دروست بوون و بنياتنانی شیعر و ئەدەبیاتی منداڵان، دوای ئەوانیش چەندین شاعیرو نووسەری دڵسۆز و بەتوانا هەوڵی بێوچانیان داوەو بەئاشکرا جێدەستيان دیارە لەنێو ئەدەبیاتی منداڵاندا، بۆیە دەتوانین بڵێین لەسەر دەستی ئەو بەڕێزانە هەوڵی جدی دراوەو تاڕادەیەک بوینەتە خاوەن ئەدەبیاتێکی باش و دەوڵەمەند لەڕابوردودا.

 

پرسیار: ئایا شیعری منداڵانی کورد لەئێستادا چۆن دەبینی ،پێت وایە هەنگاوی باشی ناوە؟

وه‌ڵام: لەئێستادا کۆمەڵێک شاعیری تاڕادەیەک باش و گورج و گۆڵ، خۆبەخشانە لەبوارەکەدا کاردەکەن و لەهەوڵی بێوچاندان بۆ بەرەو پێشبردنی ئەدەبیاتی منداڵان بەگشتی و شیعر بەتایبەتی، هەرچەندە به تەواوی لەئاست خواست و ئاواتی ئێمەو منداڵاندا نین, بەڵام هێندەی پێیان کراوەو پێیان دەکرێ کەم تەرخەمییان نەکردوەو تاڕادەیەکی باش شیعری منداڵانیان لەچەقبەستوويی دەربازکردوە، بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین ئێمەش وەک نەتەوەکانی دەوربەرمان خاوەنی شیعری تایبەت بە منداڵانین و بناغەیەکی باش دانراوە, بەئومێدی ئەوەی لەداهاتوودا کۆشکێکی بڵند و پتەو لەسەر ئەو بناغەیە دروست بکرێ و خەون و خۆزگەکانی منداڵانی نیشتمانەکەمان بهێننەدی، بەبۆچوونی من ئەگەر بەویژدانەوە بەراوردێک لەنێوان شیعری منداڵانی خۆمان و وڵاتانی دەوروبەرماندا بکەین, ئێمەش لەئاستی ئەوانداین و لەوان دواکەوتووترنین بەتایبەت لەبواری شیعردا، نەک ژانرەکانی تری وەک چیرۆک و ڕۆمان و ئۆپەرێت و دەقی شانۆیی. بۆیە من خۆزگە دەخوازم نووسەرانی کورد ئەوانەی تایبەتمەندن لەبواری ئەدەبیاتی منداڵاندا و توانایان هەیە زیاتر گرنگی بەنووسینی چیرۆک و ڕۆمان و ئۆپەرێت و دەقی شانۆیی بدەن, چونکە لەوڕووەوه‌ زۆر هەژارین و هەنگاوی زۆر کەم و سەرەتایی نراون بەتایبەتی ڕۆمان بۆ مێرمنداڵ.

 

پرسیار: بەبیر و ڕوانینی تۆ دەبێت شیعری منداڵان چۆن بێت لەڕووی ڕوخسار و ناوەڕۆکەوە؟

وەڵام: وەک دەزانین شیعری منداڵان چەند مەرج و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە جا چ لەڕووی ڕوخسارەوە بێت, یان ناوەڕۆک، لەبارەی ڕوخسارەوە باشتر وایە تادەکرێ شیعرەکە کورت و پوخت بێ و وشەی ناڕێک و سواوی تێدا نەبێت و شاعیر خۆی لە وشەی دووبارەو دەستەواژەی ئاڵۆز و وشەی دوو واتاو تانەو تەشەر لێدان بپارێزێت. قۆناخ بەندی ڕەچاو بکرێ و شاعیر بەتەواوی بزانێت ئەو شیعرەی بۆ کام ئاست و تەمەن دەنووسێت. بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە باشتر وایە بابەتەکە زۆر منداڵانەبێ و هەڵقوڵاوی ژیان و ناخی منداڵ خۆی بێت و گونجاو بێت لەگەڵ حەز و خۆزگەکانی بۆ ئەوەی زۆر حەز بەخوێندنەوەی بکات و چێژی لێوەر بگرێت. باشتر وایە نووسەر تابۆی دەکرێ خۆی لەبابەتی نەشیاو، تانەو تەشەر، توندوتیژی، ڕەگەزپەرستی بپارێزێ و ڕێنمایی منداڵ بکات بۆ ئاشتیخوازی و پەیوەستبوون بەمرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و ڕەوشتی بەرز و جوان، نووسەر دەبێت ئاگای لەیەکێتی بابەت بێت، واتا لەیەک شیعردا باسی چەند بابەت و ڕوداو نەکات، تا منداڵ بەباشی لێی تێبگات و سودی لێوەربگرێت. چونکە تێکەڵ کردنی چەند بابەت و ڕوداو لەیەک شیعردا خەیاڵ و بیری منداڵ دەپچڕێنێت و تووشی سەرلێشێواوی دەکات و بەپێی پێویست سەری لێدەرناکات و سودی لێ نابینێت. نووسەر زۆر سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر شیعرەکەی پشت بەفەنتازیا ببەستێ و بەوردی چنراو بێت و بەوشە، وێنەو تابلۆیەکی ناوازە بۆ منداڵ دروست بکات، بەوکارەی لەلایەکەوە بیر و خەیاڵی منداڵەکە فراوان دەکات و لەلایەکیترەوە منداڵەکە چەشەی خوێندنەوە دەبێت.

 

گەڕان بۆ بابەت