عەتا نەهایی
رۆمان و کورتە چیرۆک، بە پێناسەی مۆدێڕن و سەردەمیانەیان، دوو ژانری داستانین کە سەرەتا لە رۆژاوا و لە سەر بەستێنی فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتە رۆژاواییەکانەوە سەریان هەڵداوە. رۆمان لە دەوامەی ئەفسانە و بەیت و حەقایەتەکانی گەلانی ئەو هەرێمە و بە مەبەستی گێڕانەوەی واقیعی ژیانی هەندێک لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوە. بەڵام کورتە چیرۆک لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو دیاردە فەرهەنگییە فرە رەنگ و فرە رەهەندە کە بە رۆمانتیزم ناسراوە، سەری هەڵداوە.
هەر چەندە ئەمڕۆ رۆمان لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەبیاتی داستانی زیاتر سەرنجی خەڵک و خوێنەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و گرینگییەکی کەم وێنەی وەرگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کورتە چیرۆک لە برەو نەکەوتووەو، زۆربەی نووسەران بەشێک یان هەموو کات و بەهرەی داهێنەرانەی خۆیان سەرفی نووسین لەم بوارەدا دەکەن. کەم نووسەر هەیە کە (ئەگەر وەک رۆماننووسیش ناسراوتر بێت) لانیکەم یەک یان چەند کۆمەڵە چیرۆکی کورتی لە کارنامەی ئەدەبییدا نەبێت و شانازی پێوە نەکات.
بە داخەوە لە لای ئێمە هەندێک کەس پێیانوایە نووسینی کورتەچیرۆک کارێکی ئاسانتر لە نووسینی رۆمانە و بەهرە و توانایەکی داهێنەرانەی کەمتری دەوێت. تەنانەت کەسانێک پێیانوایە نووسینی کورتەچیرۆک جۆرێک تەمرین و خۆڕاهێنانی نووسەرە بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا رۆمان بنووسێت. بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەم کەسانە، بە بڕوای زۆربەی ئەو نووسەرانە کە لە هەر دوو بوارەکەدا کاریان کردووە، نووسینی کورتە چیرۆک نەک هەر کارێکی سادە و ئاسان نییە و نابێت وەک تەمرین و خۆڕاهێنان بۆ نووسینی رۆمان سەیری بکرێت، بەڵکوو کارێکی دژوارتر و تەنانەت گرینگتریشە. بۆ نموونە نووسەرێکی بە ناوبانگی وەک ڤیلیام فۆکنەری ئەمریکی دەلێ: من سەرەتا بە شێعر دەستم بە نووسین کرد، بەڵام کە زانێم کارێکی زۆر دژوارە و دەرەقەتی نایەم تاوم دایە نووسینی چیرۆکی کورت، کاتێک سەختی و دژواری ئەو جۆرە داهێنانەش نائومێدی کردم دەستم بە نووسینی رۆمان کرد.
مەبەستی فۆکنەر لە گوتنی ئەم چەند دێڕە نرخاندنی ژانرە جیاوازەکانی داهێنانی ئەدەبی و بێبەها کردنی رۆمان نییە، بەڵکوو مەبەستی پێداگری کردنە لەسەر گرینگی و دژواری نووسینی کورتە چیرۆک بە مانا مۆدێڕن و هاوچەرخانەکەی. راستە کە رۆمان و کورتە چیرۆک دوو ژانری ئەدەبی داستانین کە گەلێک توخم و رەگەزی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوو ژانری سەربەخۆن کە بێجگلە لە کورتی و درێژیی گێڕانەوەکەیان، گەلێک جیاوازی دیکەشیان هەیە. گرینگترین جیاوازی ئەم دوو جۆرە داهێنانە ئەدەبییە دەگەڕێتەوە بۆ زەمینە و بەستێنی جیاوازی سەرهەڵدانیان.
رەنگە هەندێک کەس پێیانوابێت کورتە چیرۆک مێژوویەکی دوور و درێژتر لە رۆمانی هەیەو، رۆمان بەرئەنجامی پەرەسەندنی ئەو ژانرە ئەدەبییەیە. بەڵام لە راستیدا، کورتە چیرۆک دیاردەیەکی ئەدەبی نوێترە کە لە ساڵانی سەرەتای سەدەی نۆزدەوە (دوو سەدە پاش سەرهەڵدانی رۆمان) وردە وردە پەرەی سەندووە. رۆمان و کورتە چیرۆک، بە پێناسەی مۆدێڕن و سەردەمیانەیان، دوو ژانری داستانین کە سەرەتا لە رۆژاوا و لە سەر بەستێنی فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتە رۆژاواییەکانەوە سەریان هەڵداوە. رۆمان لە دەوامەی ئەفسانە و بەیت و حەقایەتەکانی گەلانی ئەو هەرێمە و بە مەبەستی گێڕانەوەی واقیعی ژیانی هەندێک لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوە. بەڵام کورتە چیرۆک لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو دیاردە فەرهەنگییە فرە رەنگ و فرە رەهەندە کە بە رۆمانتیزم ناسراوە، سەری هەڵداوە. بۆیە چیرۆکی کورتیش وەک زۆربەی شێعرە رۆمانسییەکان زیاتر ئاوڕ لەو ساتەوەختە گرینگ و دەگمەنانە دەداتەوە کە مرۆڤ لە ئەنجامی جۆرێک راچڵەکینی رۆمانسییەوە بە وشیارییەکی هەستەوەری و مەعریفی بەرامبەر بە خۆی و دنیای دەوروبەری دەگات، ئەو ساتەوەختانە کە دەورێکی دیاریان لە رەنگڕێژی چارەنووسیدا هەیە. لە کاتێکدا رۆمان رووپەڕێکی بەربڵاوتر لە ژیان دەگێڕێتەوە کە هەندێک جار کاریگەری ئەم ساتەوەختە دەگمەن و راچڵەکێنەرە هەستەوەری و مەعریفییانە لە ژێر سێبەر و نسێی رووداوە یەک لە دوای یەکەکاندا دەشاردرێنەوە، یان بە قەدەر کاریگەرییان لە سەر ژیانی مرۆڤەکان دەرناکەون.
بە کورتی، لە شەبەنگی داهێنانی ئەدەبیدا کورتە چیرۆک لە مابەینی شێعر و رۆماندایە و شان بە شانی ئەم دوو جۆرە داهێنانە ئەدەبییە ئاسۆی مەعریفە و تێگەیشتنمان لە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەربڵاوتر دەکات.
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکیی نووسەر