ما 5010 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان

سەری سنووقە ئاسنەکەی هەڵدایەوە، سنووقێکی بڕۆنز لە نێویدا بوو، ئەویشی کردەوە؛ لە نێویدا سنووقێکی لە داری چنار تێدا بوو، ئەویشی کردەوە؛ سنووقێک لە سەدەف و دارخەیزەران لە نێو ئەمیشدا بوو، ئەمیشی کە کردەوە، سنووقیکی زیوی لە نێو بوو؛ لە نێو ئەم سنووقە زیوەشدا سنووقێکی زێڕ هەبوو؛ کتێبەکەی لە نێو ئەم سنووقە زێڕەدا دۆزییەوە.

 

 

                           سەتنا و کتێبی جادوو

خاوەن شکۆ شا یوزێرـ مات.راuser-mat.Ra (رامەسێسی گەورە) کوڕێکی هەبوو بە ناوی سەتنا.خا.ئێم.یواستSetna Kha.em.uast . ئەم کوڕە نووسیار و زانایەکی گەورە بوو لە نووسینە کۆنەکاندا. سەتنا بیستبووی کتێبە جادووەکەی تۆت١ کە پیاو دەیتوانێ ئەرد و ئاسمانی پێ جادوو بکا و زمانی هەموو پەلەوەرانی ئاسمان و گیاندارانی سەرزەمینی پێ تێبگا، لە گۆڕستانی میمفیس ژێر خاک خراوە. سەتنا و براکەی ئان.هی.هۆر.ئێروAn.he.hor.eru؛ هەستان چوون بە دوای ئەم کتێبەدا. کاتێک گۆڕی نا.نێفر.کا.پتاح Na.nefer.ka.ptah کوڕی شای خوارو و ژوورووی میسر مێر.نێب.پتا‌ح Mer.neb.ptah یان دۆزییەوە، سەتنا دەرکەکەی کردەوە و چووە ژوور.

نا.نێفر.کا.پتاح و کا Ka٢، رۆحی ئاهورای ژنی لە گۆڕەکەدا بوون؛ ئاهورا خۆی لە کۆپتۆس نێژرابوو، بەڵام چونکە مێردەکەی زۆر خۆشدەویست رۆحەکەی لای ئەو مابۆوە. سەتنا ئەو دوانەی بینی لەبەردەم پێشکەشیەکانیاندا دانیشتوون و کتێبەکە لە نێوانیاندایە. نا.نێفر.کا.پتاح بە سەتنای گوت، "ئەتۆ کێی وا دزەت کردۆتە نێو گۆڕەکەم؟" ئەویش وتی، ''ئەمن سەتنا کوڕی شای گەورە یوزێڕـ مات.رام، هاتووم بۆ ئەو کتێبەی لە نێوانتانا دەیبینم." نا.نێفر.کا.پتاح  وتی، "ئەو کتێبە نادرێ بە تۆ.'' سەتنا وتی، "بەڵام من بەزۆر دەیبەم.''

ئاهورا هاتە قسە و بە سەتنای وت، ''ئەو کتێبە مەبە؛ تووشی کارەساتت دەکا هەر وەک بەسەر ئێمەی هێنا. گوێ  بگرە لەو رەنج و ئازارەی بۆ ئەو کتێبە بەتووش ئێمەوە بوو."

                                                                                                                                                          چیرۆکی ئاهورا

"ئێمە دوو منداڵی شا مێر.نێب.پتاح بووین، شا ئێمەی زۆر خۆشدەویست چونکە بێجگە لە ئێمە منداڵیتری نەبوو؛ نا.نێفر.کا.پتاح وەک جێنشینی شا بۆ هەموو وڵات لە کۆشکی شاهانەدا دەژیا. کاتێک گەورە بووین، شا بە شاژنی گوت، 'ئەمەوێ کچی یەکێک لەو سەردارانە بهێنم بۆ نا.نێفر.کا.پتاح و ئاهوراش بدەم بە کوڕی سەردارێکی تر.' شاژن وتی، 'نا؛ ئەو جێگری تۆیە، با لەگەڵ خوشکیا زەماوەند بکا، وەک جێنشینی شا کەسی تر شیاوی ئەو نییە.'  شا وتی، 'ئەمە رەوا نییە؛ باشتر وایە لەگەڵ مناڵی سەردارەکانا زەماوەند بکەن.'

"شاژن وتی، 'تۆ بەراستی لەگەڵ منا باش ناجووڵێیەوە.' شاش وەڵامی دایەوە، 'خۆ من لەو دوانە زیاتر مناڵم نییە، ئەی ئەمە رەوایە ئەوانە ببنە ژن و مێرد؟ کچی یەک لەو سەردارنە دەهێنم بۆ نا.نێفر،کا.پتاح و ئاهوراش ئەدەم بە کوڕی سەردارێکی تر. لە بنەماڵەی ئێمەدا هەر ئاوا باو بووە.'

"جارێکیان بۆ بەشداری لە جێژنێک لە خزمەت شادا، هاتن منیشیان برد. لەوێ سەرم تەواو لێ شێوابوو، نەمدەزانی چی بکەم. شا رووی لە من کرد و گوتی، 'ئاهورا، کەست لە من راسپاردوە بۆ ئەم قسە ناخۆشە کە دەڵێی، "با شوو بکەم بە براگەورەکەم؟'' منیش پێم گوت، 'باشە با مێرد بکەم بە کوڕی سەردارێک و براکەشم کچی سەردارێکی تر بێنێت، هەر وەک لە خانەدانمانا باو بووە.' ئەمن پێکەنیم، ئەویش پێکەنی. ئەمجا شا بە کارگێڕی کۆشکەکەی وت، با هەر ئەمشەو ئاهورای بەرن بۆ ماڵی نا.نیفر.کا.پتاح و هەموو شتێکی پێویستیشی لەگەڵدا بنێرن.' بەمجۆرە  منیان وەکوو هاوسەر بردە ماڵی نا.نیفر.کا.پتاح؛ فەرمانیش درا زێڕ و زیو و کەلوپەلێکی زۆری کۆشکیشم خەڵات بکرێ.

"نا.نێفر.کا.پتاح ژیانێکی خۆشی لەگەڵ منا بەسەربرد، ئەو هەموو خەڵات و دیارییەشی لە کۆشکەوە پێگەیی؛ ئێمە یەکترمان زۆر خۆشدەویست. ئەوکاتەی چاوەڕوانی منداڵم دەکرد و هەواڵەکە بە شا گەیشت، زۆری پێ شاد بوو؛ خەڵاتێکی زۆری لە باشترین زێڕ و زیو و کەتان بۆ ناردم. کە کاتی خۆم هات ئەم منداڵە چکۆلەی بەردەمت هاتە دنیا. ناویان لێنا مێرـ ئاب(Mer-ab) و ناویان لە کتێبی خانەی ژیاندا نووسی.'

"لەو کاتەیدا کە براکەم نا.نێفر.کا.پتاح دەچووە گۆرستانەکەی میمفیس، کارێکی تری نەبوو بێجگە لە خوێندنەوەی ئەو نووسراوانەی لە گۆڕە ژێرزەوییەکانی شاکان و بەردە نووسراوەکانی خانەی ژیان و ئەو خەتە هەڵکەنراوانەی بەسەر پەیکەرە دێرینەکانەوە دەبینران. بۆ ئەم کارەیش زەحمەتێکی ئێجگار زۆری کێشا.

 نێسی ـ پتاح Nesi-ptah ناوی ‌قەشەیەک بوو لەم گۆڕستانە؛  رۆژێکیان کە نا.نێفر.کا.پتاح بۆ دۆعا کردن ئەچێتە پەرستنگەکەی ئەم گۆڕستانە وا ڕێئەکەوێ لە دوای ئەم کەشیشەوە ئەبێ. لە کاتی خوێندنەوەی نووسراوەکاندا ئەم کەشیشە گاڵتەی پێ ئەکا و پێی دێتە پێکەنین. بۆیە نا.نیفر.کا.پتاح پێی دەڵێ، 'بۆ پێم پێئەکەنی؟' ئەویش وەڵام ئەداتەوە، 'بە تۆ پێناکەنم، پێکەنینم بەو شێوە خوێندنەوە بێکەڵکەی تۆ دێ. زۆر حەزئەکەی ئەم نووسراوانە بخوێنیتەوە، لەگەڵما وەرە، بتبەمە جێگایەک، ئەو کتێبەی لێیە کە تۆت بە دەستی خۆی نووسیویە، ئەویش تۆ ئەباتە لای خواکان. ئەگەر تەنیا لاپەڕەیەکی لێ بخوێنیەوە، ئاسمان و زەوی بەچیای بەرز و دۆڵی قووڵ و دەریاکانیەوە جادوو دەکەی؛ زمانی باڵدارانی ئاسمان و گیاندارانی سەرزەمین تێدەگەی؛ ماسییانی بندەریا دەبینی، چونکە هێزێکی خوایی ئەوانە دێنێتە سەرئاو. کاتێکیش لاپەڕەی دووهەم بخوێنییەوە، ئەگەر لە دنیای مردووانیشدا بی، دەچیتەوە سەر ئەو شێوەی کە لە سەر زەمیندا بووی. خۆر دەبینی لە لەگەڵ خواکان و مانگی چواردە و ئەستێرەکان لە ئاسمانا دەدرەوشێتەوە.'

"نا.نێفر.کا.پتاح وتی: 'سوێند بە گیانی شا! هەر چی بخوازی بۆت ئەکەم، ئەگەر بمنێریتە ئەو جێگەی ئەم کتێبەی لێیە.' کەشیشەکە وتی: 'نا. نێفر.کا.پتاح، ئەگەر دەخوازی بچیتە ئەو جێگایەی ئەم کتێبەی لێیە، دەبێ سەد سکەی زیو بدەی بۆ پرسەکەم و هەروەک کەشیشێکی سامانداریش ئەسپەردەی خاکم بکەن.' بۆیە نا.نێفر.کا.پتاح پیاوەکەی بانگ کرد و گوتی سەد سکەی زیو بدا بە کەشیش و هەر شتێکیشی پێخۆش بێ یان داوای بکا بۆی ئەنجام بدەن. ئەوسا کەشیش بە نا.نێفر.کا.پتاحی گوت: 'ئەم کتێبە لە ناوەڕاستی چۆمێکدایە لە کۆپتۆس لە نێو سنووقێکی ئاسندا؛ لە نێو ئەم سنووقە ئاسنەدا سنووقێکی برۆنزە؛ لە نێو ئەمیشدا سنووقێکی دارچنارە؛ لە نێو ئەمەشدا سنووقێکی سەدەف و دارخەیزەرانە؛ لە نێو ئەویشدا سنووقێکی زیوە ؛ لە نێو ئەم سنووقە زیوەشدا سنووقێکی زێڕە، کتێبەکە لە نێو ئەم سنووقە زێڕەدایە. مار و دووپشک و جر و جانەوەرێکی زۆر دەوری ئەم سنووقە یان داوە، مارێکی نەمریشی بەلاوەیە.' کەشیش کە ئەمەی گوت نا.نێفر.کا.پتاح لە خۆشیا بە سەر زەویەوە خۆی نەدەگرت. "کاتێک گەرایەوە ماڵ ئەوەی بۆی پێش هاتبوو گێڕایەوە بۆ من و گوتی: 'ئەچم بۆ کۆپتۆس، دەبێ ئەم کتێبە بهێنم؛ ئیتر لێرە لە باکوور بەند نابم.' منیش وتم، 'ژێوان بەرەوە، چونکا بەمکارە خەم و پەژارە ساز دەکەی و منیش لە تەباید Thebaidدەخەیتە نێو کێشە و دەردەسەرییەوە. دەستم خستە سەر دەستی بۆ ئەوەی لە چوون بۆ کۆپتۆس پەشیمانی کەمەوە. بەڵام ئەو بەگوێی نەکردم و چوو بۆ لای شا. ئەوەی کەشیشەکە وتبووی بۆ شای گێڕایەوە. شا پرسیاری لێ کرد، 'باشە چیت دەوێ؟' ئەویش گوتی،  'بفەرموو کەشتی شاهانەم بە هەموو کەلوپەلەکانیەوە بدەنێ، لەگەڵ ئاهورا و کوڕە چکۆلەکەمان مێرـ ئاب ئەچم بۆ باشوور ئەو کتێبە دەهێنم.' بەمجۆرە کەشتی شاهانەی بە هەموو کەلوپەلێکەوە وەرگرت و ئێمە لەگەڵیا چووینە بەندەر و بەرەو کۆپتۆس کەوتینە رێ.

"کەشیشەکانی ئیسیسIsis ی کۆپتۆس و گەورە قەشەی ئیسیس خێرا هاتن بە پیر نا.نێفر.کا.پتاحەوە، ژنەکانیشیان هاتنە لای من. ئێمە چووینە پەرستنگەی ئیسیس و هارپۆکراتیس‌‌‌harpokrates؛ نا.نێفر.کا.پتاح گایەک و قازێک و هەندێک شەرابی وەک پێشکەشی بۆ قوربانی سووتان و خواردنەوە لە بەردەم ئیسیسی کۆپتۆس و هارپۆکراتیس پێشکەش کرد. دوایی ئێمەیان بردە خانوویەکی ئێجگار خۆش بە هەموو ئامراز و کەلوپەلێکی پیویستەوە؛ نا.نیفر.کا.پتاح چوار رۆژان لەوێ لەگەڵ قەشەکانی ئیسیسی کۆپتۆس کردیە جێژن و خۆشی، منیش لەگەڵ ژنەکانیاندا.

"بەیانی رۆژی پێنجەم، نا.نێفر.کا.پتاح قەشەیەکی بانگ کردە لای خۆی، بە سیحرێک کەشتییەکی جادوویی ساز کرد پر بوو لە مەلەوان و کەرەسەی پیویست. بە تەلیسمێکیش رۆحی بەبەرا کردن و هەناسەی پێدان و کەشتی خستە نێو ئاو. کەشتی شاهانەشی پڕ کرد لە زیخ و منی بەجێهێشت و لە بەندەر دەرچوو: من لە قەراخ ئەو چۆمە لە کۆپتۆس مامەوە بزانم چیی بەسەر دێت. نا. نێفر.کا.پتاح روو بەو پیاوانەی نێو کەشتییەکە وتی، 'ئادەی، بەدەست و برد بکەونە کار، تەنانەت لەو جێگەیش کە ئەو کتێبەی لێیە لە کار رامەوەستن.' ئەوانیش بە شەو و بە رۆژ رەنجیان کێشا و ئارەقەیان رشت؛ دوای سێ رۆژان کە گەیشتە جێ، زیخەکەی رشتە نێو چۆم و تەنکاوێکی ساز کرد. ئەوجا سنووقەکەی دۆزییەوە، مار و دووپشک و جڕ و جانەوەرێکی زۆری لێ ئاڵابوو؛ مارێکی نەمریشی بەلاوە بوو. ئەو لە پێشدا ئەو مار و دووپشک و جروجانەوەرەی دەوری سنووقەکەی جادوو کردن، بۆ ئەوەی نەیەنە دەر. ئەمجا چوو بەلای مارە نەمرەکەوە و کەوتە شەڕ لەگەڵیدا و کوشتی؛ بەڵام مارەکە لە شکڵێکی دیکەدا زیندوو بۆوە. جارێکی تر لەگەڵیا کەوتە شەڕ و کوشتی، بەڵام دیسان لە شکڵێکی تازەدا زیندوو بۆوە. ئەمجارە مارەکەی کردە دوو لەت و زیخی کردە نێوان لەتەکانیەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر زیندوو نەبێتەوە.

"نا.نێفر.کا.پتاح ئەمجا چوو بە لای سنووقەکەوە. سەری سنووقەئاسنەکەی  هەڵدایەوە، سنووقێکی بڕۆنز لە نێویدا بوو، ئەویشی کردەوە؛ لە نێویدا سنووقێکی لە داری چنار تێدا بوو، ئەویشی کردەوە؛ سنووقێک لە سەدەف و دارخەیزەران لە نێو ئەمیشدا بوو، ئەمیشی کە کردەوە، سنووقیکی زیوی لە نێو بوو؛ لە نێو ئەم سنووقە زیوەشدا سنووقێکی زێڕ هەبوو؛ کتێبەکەی لە نێو ئەم سنووقە زێڕەدا دۆزییەوە. کتێبەکەی هێنایە دەر، لاپەڕەیەکی لە تەلیسمەکانی                                    خوێندەوە، ئاسمان و زەوین، دٶڵ و چیا و دەریای  ئەفسوون کرد؛ تێدەگەیی باڵدارانی ئاسمان و ماسییانی بن دەریا و گیاندارانی کێوی چییان دەگوت. کە لاپەرەیەکی تری لەو تەلیسمە خوێندەوە، خۆری بینی لەگەڵ خواکان و مانگی چواردە و ئەستێرەکان لە ئاسمانا دەدرەوشێتەوە؛ ماسییانی قووڵایی دەریای لێ دیار بوو چونکە هێزێکی خوایی ئەوانەی هێنابوونە بەر چاو. ئەو پاشان تەلیسمێکی لەو پیاوانە کرد کە دروستی کردبوون و لە بەندەرەوە هێنابوونی و پێێ گوتن، 'بمگەڕێننەوە بۆ ئەو جێگایەی لییەوە هاتم.' ئەوانیش بەشەو و بەرۆژ زەحمەتیان کێشا و ئارەقەیان رشت تا گەیشتنەوە ئەو شوێنەی من لە قەراخ چۆمەکەی کۆپتۆس دانیشتبووم؛ لەو ماوەدا من نە نانێکم خواردبوو نە ئاوێک، هیچیشم نەکردبوو، هەر وەک یەکێک چووبیتە گۆڕەوە.

"پاشان من بە نا.نێفر.کا.پتاحم گوت، ئەمەوێ ئەو کتێبەی ببینم کە ئەو هەموو زەحمەتەمان بۆ کێشاوە. ئەویش کتێبەکەی دایە دەستم؛ کاتێک لاپەرەیەکم لەو سیحرانە خوێندەوە منیش ئاسمان و زەوی، کێو و دۆڵ و دەریام جادوو کرد. منیش تێدەگەیشتم باڵدارانی ئاسمان و ماسییانی دەریا و گیاندارانی کێوی چی دەڵێن. کە لاپەڕەیەکی تر لەو سێحرانەم خوێندەوە، بینیم خۆر لەگەل خواکان و مانگی چواردە و هەسارەکان لە ئاسمانا دەدرەوشێتەوە، هەر وەها ماسییانی قووڵایی دەریام دەبینی چونکە هێزێکی خوایی ئەوانەی لە نێو دەریاوە هێنابوونە بەر چاوم. لەبەر ئەوەی من نەمدەتوانی بنووسم، داوام لە نا.نێفر.کا.پتاح کرد ئەو کتێبە بنووسێتەوە چونکە ئەو نووسەر و زانایەکی باش بوو؛ ئەویش پاپیرووسێکی تازەی خواست و هەرچی لەو کتێبەدا بوو لە سەری نووسییەوە. ئەوجا لە بیرەی هەڵکێشا، شۆردییەوە و ئاوەکەی خواردەوە؛ ئەو دەیزانی ئەگەر ئەو نووسراوە  بشۆردرێتەوە و ئەو تەوشە بخورێتەوە هەموو نووسراوەکەی دێتە بەر.

"هەر ئەو رۆژە گەڕاینەوە بۆ کۆپتۆس، لە ئیسیسی کۆپتۆس و هارپۆکراتیس کردمان بە جێژن. دوایی چوینە بەندەر و بەرەو باکووری کۆپتۆس کەشتیمان خستە رێ. ئێمە لە رێی گەڕانەوەدا بووین کە تۆتthoth بەمەی زانی کە نا.نێفر.کا.پتاح چیی بەسەر کتێبەکەی هێناوە؛ بەپەلە دەچێتە لای راRa٣ و دەڵێ، 'ئەزانی کتێبەکەم و نهێنییەکانم لای نا.نێفر.کا.پتاح کوڕی شا مێر.نێب.پتاح ئاشکرا بوونە. ئەو بە زۆر چۆتە جێگەکەم،  دەستی بە سەر سنووقەکە و نووسراوەکانمدا گرتووە و بە تاڵان بردوونی، گاردەکانیشی کوشتوون.' ڕاRa ش دەڵێ، 'ئەوە لەبەر دەستتدایە، لەگەڵ هەموو خزمەکانی بیگرە.' ئەویش هێزێکی لە ئاسمانەوە نارد و فەرمانی پێدان، 'مەهێڵن نا.نێفر.کا.پتاح و خزمەکانی بە ساغی بگەڕێنەوە بۆ میمفیس.' لەم کاتەدا مێرـ ئابە چکۆلی کوڕمان لە جێگەکەی لە کەشتی شاهانەدا هەستا چووە دەر و کەوتە نێو چۆمەکە: ئەو هاواری لە ڕا Ra کرد، گشت ئەوانەی لە قەراخ چۆمەکە بوون دەنگی هاواریان بەرز بۆوە. نا.نێفر.کا.پتاح لە کابینەکەی هەستا چووە دەر،  تەلیسمێکی بە سەرا خوێند؛ تەرمی کوڕەکەی هێنا سەر، چونکە هێزێکی خوایی ئەوی هێنابووە سەر ئاو. ئەو تەلیسمیکی تری بە سەردا خوێند ئەوەی بە سەریدا هاتبوو پێی گێڕایەوە، ئەوەیش کە تۆت Thoth بەلای ڕاRa وە گوتبووی. ''ئێمە لەگەڵ تەرمەکەیدا گەڕاینەوە بۆ کۆپتۆس. بردمانە خانەی خێر، کەسێکمان هێنا مۆمیای کرد؛ دوایی وەک کەسێکی گەورە و خانەدان لە تابووتێکدا لە گۆڕستانی میمفیس ناشتمان.                                                                         

"نا.نێفر.کا.پتاحی برام وتی: 'با بەند نەبین و زوو بڕۆینەوە، شا هێشتا نەیزانیوە  کوڕەکەمان چیی بەسەر هاتووە، بە بیستنی ئەم هەواڵە دڵی کەیلی خەم دەبێ،' بۆیە چووینەوە بەندەر و هاتینەوە بەرەو باکووری کۆپتۆس. کە گەیشتینە ئەو جێگەی کوڕەکەمان کەوتبوە نێو ئاو، من لە جێگاکەم هەستام چوومە دەر، منیش کەوتمە نێو ئاو. بانگی نا.نێفر.کا.پتاحیان کرد، ئەو لە کابینەکەی هاتە دەر؛ سێحرێکی بەسەر منا خوێند، تەرمەکەمی لە ئاو هێنایە سەر، چونکە هێزێکی خوایی منی هێنایە سەر ئاو. ئەو منی لە ئاو گرتەوە، سیحرێکی بە سەرا خوێندم، ئەوی بە سەرم هاتبوو و ئەوەیش کە تۆت بە ڕای گوتبوو پێی گێڕامەوە. ئەو لەگەڵ تەرمەکەما هاتەوە کۆپتۆس، بردمیە ماڵی خێر، خەڵکی هێنایە لام و کەسێک مۆمیای کردم وەکوو کەسێکی گەورە و خانەدان لە تابووتێکدا هەر لەو گۆڕەی کوڕەکەم مێرـ ئابیان لێ ناشتبوو بە خاکیان سپاردم. 

"نا.نێفر.کا.پتاح بۆخۆی  گەرایەوە بۆ بەندەر، سواری کەشتی بوو، ئیتر لە باکووری کۆپتۆس بەند نەبوو. کە گەیشتە ئەو شوێنەی ئێمەی لێ کەوتبووینە نێو چۆم، لە دڵی خۆیا وتی: 'باشتر نییە بگەڕێمەوە بۆ کۆپتۆس و منیش لەوێ بنێژرێم؟ ئەگەر وا نەکەم، و بچمەوە میمفیس و شا لە منداڵەکانی بپرسێ، چیی پێ بڵێم؟  ئەتوانم پێی بڵێم،   ''مناڵەکانتم بردە تەبایدThebaid بەکوشتنم دان و خۆیشم ماومەوە، ئەوا بە زیندوویی هاتوومەوە میمفیس؟" بۆیە دوای کرد پارچەیەکی باریکی کەتانی بۆ بێنن، توندوتۆڵ لە کتێبەکەیەوە پێچا و بە خۆیەوە بەست. ئەمجا لە جێگاکەی لە کەشتی شاهانەدا هەستا و چووە دەر و کەوتە نێو چۆم. ئەو هاواری بۆ ڕاRa کرد؛ هەموو ئەوانەی لەو قەراخ ئاوە بوون بەدەم ناڵینەوە وتیان: 'پەککوو، لەو بەدبەختییەی، ئەو پیاوە نووسەر و بەتوانا بێ وێنەیە لە دەست چوو؟'

"کەشتی شاهانە بەردەوام بەڕێوە بوو، بێئەوەی کەس بزانێ نا.نێفر.کا.پتاح لە کوێیە. کەشتی گەیشتە میمفیس، ئەوان هەموو شتێکیان بۆ شا گێڕایەوە. بەیانی شا هاتە خوار بۆ لای کەشتی شاهانە، هەموو سەربازەکان و قەشەکانی پتاح، هەموو کاربەدەستان و دەست و پێوەندەکانی کۆشک لە ماتەمین و گریاندا بوون.  شا، تەرمی نا.نێفر.کا.پتاحی لە ژوورێکی ناوەوەی کەشتی شاهانە دۆزییەوە، کە بەرزی کردەوە، هەموان کتێبەکەیان بە لایەوە بینی؛ شا وتی، 'با کەسێک ئەم کتێبە بشارێتەوە.' سەردارانی شا و قەشەکانی پتاح و گەورە قەشەی پتاح بەشایان وت، 'گەورەمان تەمەنی وەک خۆر درێژ بێت! نا.نێفر.کا.پتاح نووسەرێکی گەورە و پیاوێکی کارامە بوو.' ئەوسا شا تەرمەکەی تا شانزەمین رۆژەی لە خانەی خێر  دانا، تا سی و پێنجەمین رۆژەیش دایپۆشی، تا حەفتا رۆژەشی لە دەرەوە داینا، ئەوسا لە ئارامگەکەی خۆی بە خاکی ئەسپارد.

"ئەوا من ئەو کارەساتەی لە سەر ئەو کتێبە بە سەرمان هاتووە، بۆ تۆم گێڕاوە. لە راستیدا لەسەر ئەو کتێبە ئێمە ژیانی سەر زەویمان دانا، بۆیە تۆ هیچ مافێکت بە سەریەوە نیە."

سەتنا بە ئاهورای گوت، "ئەو کتێبەم بدەرێ کە لە نێوان تۆ و نا.نێفر.کا.پتاحدایە،  ئەگەر نەمدەیتێ بەزۆر لێت دەستێنم." نا.نێفر.کا.پتاح لە جێگاکەی خۆی هەستایە سەرپێ و گوتی: "ئەتۆ سەتنای، هاوسەرەکەم پێی گوتی چ گورزێکی خراپی چارەنووسمان لەسەر ئەو کتێبە بەرکەوتووە، ئەتۆ چ رەنجێکت بۆ کێشاوە؟ وەکوو نووسیارێکی کارامە پێتوایە دەتوانی ئەم کتێبەی بەری؟ لەراستیدا دەتوانی، بەڵام بەو مەرجەی یارییەکم لەگەڵدا بکەی، وەرە  با یارییەکی ٥٢  خاڵی بکەین."  سەتنا وتی، "باشە ئامادەم،" تەختەیەک و داشەکانی دانرایە بەردەمی. نا.نێفر.کا.پتاح یارییەکی لە سەتنا بردەوە؛ تەلیسمێکی خوێند سەتنا تا سەر قولاپەی بە زەویدا رۆچوو. ئەو جاری دووهەمیش یارییەکەی لە سەتنا بردەوە و تا پشتێنی بە زەویدا بردە خوار. جاری سێهەمیش هەر بردیەوە و هەتا بن گوێی بە زەویدا بردە خوار. ئەوجا سەتنا بە مستەکۆڵە کێشای بە نا.نێفر.کا.پتاحدا و هاواری لە ئان.هی.هۆر.ئێروی برای کرد و پێی گوت، "راکە، بە شا بڵێ چیم بەسەر هاتووە، چاوەزارەکەی باوکم پتاح و کتێبە جادووەکانم بۆ بێنە."

ئەویش بەپەلە رایکرد، ئەوەی بەسەر سەتنادا هاتبوو گێڕایەوە بۆ شا. شا وتی، "چاوەزارەکەی باوکی و کتێبە جادووەکانی بۆ بهێنن." ئان.هی.هۆر.ئێرو هەڵیگرتن و بردنی بۆ گۆڕەکە و لە بەردەم سەتنادا رایگرت، ئەویش لەپڕ هەڵسایەوە و دەستی  برد بۆ کتێبەکە و هەڵیگرت. کاتێک ــ سەتنا لە گۆڕەکە دەچووە دەرــ رووناکی لە پێشیەوە و تاریکی لە دوایەوە بوو. ئاهورا بۆی هاتە گریان و گوتی: "بەرزی و شکۆ بۆ خوای تاریکی! و سڵاو لە خوای رووناکی! هیچ هێز و توانایەک لەم گۆڕەدا نەما." بەڵام نا.نێفر.کا.پتاح بە ئاهورای وت دڵ مەدە بەدەست خەمەوە؛ کارێک ئەکەم بە دوولکێک لە دەستا و مەنگەڵێک ئاگر بە سەر سەریەوە، کتێبەکە بێنێتەوە." سەتنا لە گۆڕەکە هاتە دەر، دەرگاکەش لە پشت سەریەوە  هەر وەک پێشوو داخرایەوە.

سەتنا پاشان چوو بۆ لای شا، هەرچیی بەسەر هاتبوو گێڕایەوە. شا بە سەتنای گوت، "وەک پیاوێکی ژیر و دووربین، هەستە کتێبەکە بەرەوە بۆ ئارامگەکەی نا.نێفر.کا.پتاح، ئەگینا بە دوولکێک بە دەست و مەنگەڵێک ئاگر بە سەر سەرتەوە کتێبەکەت پێ ئەباتەوە." بەڵام سەتنا بەگوێی نەکرد؛ کە لاپەڕەکانی کتێبەکەی هەڵئەداوە لە خۆشیدا وای دەزانی بەسەر ئەم دنیاوە نیە و بۆ هەموو کەسی دەخوێندەوە.

دوای ئەم بەسەرهاتە، وا رێکەوت رۆژێک کە سەتنا لە نزیک پەرستنگەکەی پتاح دەگەرا، چاوی بە ئافرەتێک کەوت لە جوانیدا بێوێنە بوو. خشڵ و زێڕێکی زۆری بەخۆیەوە هەڵواسیبوو، پەنجاودوو خزمەتکاریشی بەدواوە بوو. لەو کاتەوە چاوی بەم ئافرەتە کەوت، ئیتر هۆشی لای خۆی نەما و نەیدەزانی لە کوێ دەژی. پیاوەکەی بانگ کرد و گوتی، "خێرا بڕۆ بزانە ئەو ژنە کێیە." پیاوەکە خێرا  چوو، بانگی لە کارەکەرێک کە بەدوای ژنەکەوە بوو کرد و لێی پرسی، "ئەم ژنە کێیە؟" ئەویش پێی وت، " ئەوە تبوبوی Tbubuiکچی پێغەمبەر باستیتBastit ە، ئەچێ بۆ نوێژ بۆ پەرستنگەی پتاح." پیاوەکە کە گەڕایەوە بۆ لای سەتنا، هەموو قسەکانی کارەکەرەکەی پێ راگەیاند. سەتنا بە پیاوەکەی گوت، "بڕۆ بەو کارەکەرەی بڵێ، 'سەتناـ خامۆیس Setna-Khamois، کوڕی فیرعەون یوسیمارس Pharaoh Usimares منی ناردوە، "دەڵێ دە سکەی زێڕ وەرگرە و سەعاتێک لەگەڵما بە، ئەگەر پێویست بە توند و تیژیش بکا ئەمکارەش دەکا، ئەتباتە جێگەیەکی وا نهێنی کەس لەم دنیایەدا پێنەزانێ." کاتێک پیاوەکە گەرایەوە بۆ ئەو جێگایەی تبوبوی لێ بوو، کارەکەرەکەی بانگ کرد و قسەی لەگەڵ کرد، بەڵام کارەکەرەکە قسەکانی بە سووکایەتی وەرگرت و دەستی کرد بە قیژە قیژ و هاوار هاوار. تبوبوی بەپیاوەکەی گوت، "لەگەڵ ئەو کچە نەگبەتەی قسان مەکە؛ وەرە لەگەڵ منا قسە بکە." پیاوەکە لە تبوبوی نزیک بۆوە و پێی گوت، "دە سکەی زێر وەردەگری ئەگەر سەعاتێک لەگەڵ سەتناـ خامۆیس، کوڕی فیرعەون ـ یوسیماریس رابوێری. ئەگەر پێویست بە توند و تیژیش بێ، ئەو کارەی دەکا، ئەو ئەتباتە جێگەیەکی وا نهێنیش کەس لەم دنیایە پێت نەزانێ." تبوبوی وتی. "بڕۆ بە سەتنا بڵێ، 'ئەمن خزمەتکاری پەرستنگەی پیرۆزم، کەسیکی خوێڕی و بەرەڵلا نیم؛ ئەگەر ئەتەوێ  لەگەڵ منا رابوێری، دەتوانی بێی بۆ ماڵمان لە بوباستیس. هەموو شتێک لەوێ ئامادەیە، دەتوانی لەگەڵما رابوێری و کەسێش لەم دنیا پێ نازانێ. من وەک ژنانی سەر خیابان کارم نەکردوە. پیاوەکە لە گەڕانەوەدا بۆ لای سەتنا، هەموو قسەکانی تبوبوی بێ کەموزیاد گێڕایەوە و گوتی، "سەیر کە، ئەوا من ئەرکی خۆمم  بەجێهێنا." بەڵام ئەوانەی لەگەڵ سەتنا بوون جوێنیان پێدا و لەعنەتیان کرد.

سەتنا وتی بچن بەلەمێکی بۆ بێنن، خێرا سوار بوو بۆ بوباستیس. بەرەو رۆژاوای شارەکە رۆی، تاگەیشتە خانوویەکی بەرز؛ دیوارێک دەوری ئەم خانووەی دابوو، بەری باکووریشی باخ و چەند پلیکانەیەک لە بەردەمیدا بوو. سەتنا پرسیی، "ئەم خانووە هی کێیە.؟" وەڵام درایەوە، "خانووی تبوبویە." سەتنا چووە حەوشەکە سەری لێ سووڕمابوو لەو کەپر و ساباتەی، هەر لەو کاتەیدا تبوبویان لە هاتنی سەتنا ئاگادار کرد؛ بۆخۆی هاتە خوار، دەستی سەتنای گرت و گوتی، ''هاتنت بۆ ئێرە، ماڵی قەشەی باستیس، خاتوونی ئانخوتویAnkhutaui زۆری خۆشحاڵ کردم. بابچینە سەر." سەتنا لەگەڵ تبوبوی بە پلیکانەکانا سەرکەوت. نهۆمی سەرەوەی خانووەکە  بە لمی بەردی  لاجیوەرد و پیرۆزە سواخ درابوو. چەند دانە تەختی خەو بە پێخەفی کەتانی شاهانە و مێزێک بە چەند پیاڵەی زێڕین لە سەری، لێ بوو. پیاڵەیەکیان بۆ پڕکرد لە شەراب و دایانە دەستی. تبوبوی بە سەتنای وت، "ئەم شەرابە خۆشحاڵی و ئارامیت پێ دەبەخشێ؟" ئەویش پێێ وت، "ئەمە ئەو شتە نییە من ئەمەوێ بیکەم." داری بۆنخۆشیان خستە ئاگرەوە، گوڵاویان لەو جۆرەی کە بۆ فیرعەون ساز دەکرا، بۆ هێنا، سەتنا رۆژێکی خۆشی لەگەڵ تبوبوی رابوارد. "دەبا ئەو کارە بکەین کە بۆی هاتووینە ئێرە." تبوبوی بەسەتنای وت، "تۆ هاتوویتە ماڵی خۆت، ئێرە ماڵی تۆیە. بەڵام من خزمەتکاری پەرستنگەی پیرۆزم، من کەسێکی  بەرەڵڵا نیم. ئەگەر ئەتەوێ من لەگەڵتا بم، ئەبێ پەیمانی ژیانم لەگەڵدا ببەستی و مارەم بکەی، هەروەها بەڵێن بدەی هەموو سامانت لە پارە و شتی تر هی من بێ." سەتنا پێی گوت، "بڵێ با نووسەرێک بێنن." خێرا نووسەرێکیان هێنا. سەتنا لەبەر خاتری تبوبوی بەڵێن نامەیەکی پێ نووسی، ناوەرۆکی بەڵێن نامەکە بریتی بوولە: گوزەران وجیازییەکەی واتە هەر شتێک کە ئەو خاوەنی بوو. پاش سەعاتێک کەسێک هات و بە سەتنای راگەیاند، "مناڵەکانت لە خوارەوەن." ئەویش وتی، ''با بێنە سەر." تبوبوی هەستایە سەرپێ؛ کراسێکی کەتانی ناسکی لەبەر بوو، هەموو ئەندامی لەشی لێ دیار بوو. ئارەزووەکانی سەتنا زیاتر لەپێشێ جووڵا، بەتبوبوی وت، "با ئێستە ئەو کارەی بکەین کە بۆی هاتوومە ئێرە." ئەویش وتی، "تۆ هاتوویە ماڵی خۆت، ئێرە ماڵی تۆیە. بەڵام من خزمەتکاری پەرستنگەی پیرۆزم؛ من کەسێکی بەرەڵڵا نیم. ئەگەر حەز دەکەی لەگەڵما بی، دەبێ ئەم نووسراوەم بە مناڵەکانت واژوو بکەی، سبەی لەسەر ماڵ و سامانەکەت لەگەڵ مناڵەکانی منا بە شەڕ نەیەن."

سەتنا ناردی مناڵەکانی هاتن و نووسراوەکەی پێ واژوو کردن. ئەوجا بە تبوبوی وت، "دەبا ئەو کارەی بکەم کە بۆی هاتووم." تبوبوی پێی گوت، "تۆ هاتوویە ماڵی خۆت، ئێرە ماڵی تۆیە، من خزمەتکاری پەرستنگەی پیرۆزم؛ من کەسێکی بەرەڵڵا نیم. ئەگەر گەرەکتە لە گەڵما بی، دەبێ بدەی سەری مناڵەکانت ببڕن، با لە سەر ماڵ و سامانت لەگەڵ مناڵەکانی منا بەشەڕ نەیەن. سەتنا وتی، "با ئەم تاوانەشیان لەگەڵ بکرێ کە هاتۆتە دڵی تۆوە." تبوبوی وای کرد لەبەر چاوی سەتنادا، مناڵەکانی سەر ببڕن، لاشەکانی لە پەنجەرەوە خستنە خوار بۆ بەردەم سەگ و پشیلان، کاتێک لەگەڵ تبوبوی دەیخواردەوە دەنگی خوادنی گۆشتی مباڵەکانی دەگەیشتە گوێ. ئەوسا سەتنا وتی، "دەبا ئەو کارەی بکەین کە بۆی هاتووینە ئێرە، چونکە تۆ هەر چیت وت، من بۆم کردی." تبوبوی وتی، "هەستە بچینە ئەو ژوورە." سەتنا چووە ژوورەکە؛ لە سەر تەختێکی سەدەف و دار خەیزەران راکشا، بۆ ئەوەی بە جووت بوون پاداشتی بدرێتەوە، تبوبویش لەلایەوە راکشا. کە سەتنادەستی بەلایەوە برد، تبوبوی دەمی کردەوە و بە هەموو هێزی خۆی قیژاندی.

سەتنا کە هاتەوە سەرخۆ، بە رووتوقووتی خۆی لە شوێنێکی زۆر گەرمدا بینییەوە، پاش سەعاتێک پیاوێکی زۆر زل و زەبەللاحی بینی بەسەر سەکۆیەکەوە راوەستاوە و ژمارەیەک خزمەتکاری لەبەر پێ دان. ئەم پیاوە بە رواڵەت لە فیرعەون دەچوو. سەتنا دەیهەویست هەستێتە سەر پێ، بەڵام لە شەرما نەیدەتوانی، چونکا جڵێکی لەبەر نەبوو. ئەم فیرعەونە وتی، "سەتنا ئەوە چ حاڵێکە تۆی تێدای؟" سەتنا وتی، "نا.نێفر.کا.پتاح ئاوای بەسەر هێناوم." فیرعەونەکە وتی، "هەڵسە بچۆ بۆ میمفیس، مناڵەکانت چاوەڕوانتن. ئەوان وان بەلای فیرعەونەوە." سەتنا وتی، "گەورەم، ڕا تەمەنت درێژ کا، چۆن بتوانم بگەمە میمفیس، خۆ هیچم لەبەردا نییە؟"  فیرعەون  بانگی یەکێک لەو پیاوانەی بەردەمی کرد و پێی گوت دەستێک جلوبەرگی بداتێ. ئەوسا بە سەتنای گوت، '' هەڵسە بڕۆ بۆ میمفیس. مناڵەکانت ببینە، ئەوان زیندوون، ئەوەتان لەلای شا."

بەمجۆرە، سەتنا رۆیشت بۆ میمفیس، مناڵەکانی لە ئامێز گرتن. شا پێی وت،''ئەرێ ئەمکارەت شیتانە نەبوو؟" دوایی سەتنا بۆ شای گێڕایەوە لەگەڵ تبوبوی و نا.نێفر.کا.پتاح چیی بەسەر هاتبوو. شاوتی، "سەتنا، خۆ من لە پێشدا ئاگادارم کردبووی، نا. نێفر.کا.پتاح دەتکوژێ، ئەگەر ئەو کتێبە نەبەیتەوە ئەو جێگایەی لێت هێناوە، بەڵام تۆ بە قسەی منت نەکرد. ئێستاش هەستە، بە دوولکێک بە دەستتەوە و مەنگەڵێک ئاگر سەر سەرتەوە کتێبەکەی بۆ ببەرەوە جێی خۆی."

بەمجۆرە، سەتنا لە لای شا هاتە دەر، دارێکی دوولک بە دەست و مەنگەڵێک ئاگر بە سەرەوە بەرەو خوار رۆی بۆ ئارامگەکەی نا.نێفر.کا.پتاح. ئاهورا پێی وت، " ئەمە پتاح، خوای گەورە بوو تۆی بە ساغی گەڕاندەوە ئێرە." نا.نێفر.کا.پتاح هاتە پێکەنین و گوتی، "ئەمە کارێک بوو کە من لە پێشدا پێمگوتبووی." سەتنا کەوتە پیاهەڵدانی نا.نێفر.کا.پتاح، ئەوی وەک ئەو خۆرە دەبینی کە لە پەندەی پێشینیاندا  دەڵێ، "خۆر تەواو لەو گۆڕەدایە." ئەهورا و نا.نێفر.کا.پتاح زۆر سپاسی سەتنایان کرد. سەتنا وتی، "نا. نێفر.کا.پتاح، ئەمە شەرمەزاری نەبوو بەسەر منتا هێنا؟"

نا.نێفر.کا.پتاح وتی، "سەتنا تۆ دەزانی کە ئاهورا و کوڕەکەی مێرـ ئاب ئەوەتان لە کۆپتۆس؛ بەو کارزانی و لێهاتووییەی وەک نووسەرێک هەتە، ئەوان بهێنەرە ئەم گۆڕە. با ئەم زەحمەتە بخەینە سەر شانی تۆ، بچۆ بۆ کۆپتۆس و بیانهێنە ئێرە." سەتنا لە گۆڕەکە هاتە دەر، یەکڕاست چوو بۆ لای شا. ئەوەی نا.نێفر.کا.پتاح وتبووی بۆ شای گێڕاوە.

شا وتی، "سەتنا، بچۆ بۆ کۆپتۆس، ئاهورا و کوڕەکەی بێنە." ئەویش وتی، "دەبا کەشتی شاهانە و کەلوپەلەکانیم بدەنێ." کەشتی شاهانە و هەموو شتێکی پێویستیان پێدا و بەندەری بەجێهێشت. لە رێدا رانەوەستا تا گەیشتە کۆپتۆس.

خەبەر درا بەقەشەکانی کۆپتۆس و بەگەورە قەشەی ئیسیس؛ هەموو ئەمانە هاتنە خوار بەپیریەوە و بەخێرهاتنیان کرد. دوایی سەتنا لەگەڵیانا چووە پەرستنگەی ئیسیسی کۆپتۆس و هارپۆکراتیس. فەرمانی دا کەسێک لە بری ئەو گایەک و قازێک و هەندێک شەراب قوربانی بکا. ئاهەنگی قوربانی ـ سووتاندن و خواردنەوەش لە بەردەم ئیسیسی کۆپتۆس و هارپۆکراتیس بەڕێوە چوو. دوایی سەتنا وێڕای قەشەکانی ئیسیسی کۆپتۆس و هارپۆکراتیس چوونە گۆڕستانەکەی کۆپتۆس.  

ئەوان سێ شەو و سێ رۆژ قەبریان هەڵگەڕاندەوە، تەنانەت هەموو گۆڕە ژێر زەمینەکانی کۆپتۆسیش گەڕان، نووسراوەکانی سەر کێل و بەردی سەر گۆڕەکانی "جووت خانەی ژیان" یان خوێندەوە، بەڵام ئارامگەی ئاهورا و مێرـ ئابی کوڕیان نەدۆزییەوە.

نا.نێفر.کا.پتاح کە زانیی ئەوان نەیانتوانیوە گۆڕی ئاهورا و مێرـ ئابی کوڕی بدۆزنەوە، لە شکڵی پیاوێکی کۆنساڵ و بەڕێز هاتە سەر رێی سەتنا. سەتنا بە بینینی ئەو پیاوە پیرە لێی پرسی: "مامە تۆ زۆر بەتەمەن دیاری؛ ئەزانی ئارامگەی ئاهورا و کوڕەکەی مێرـ ئاب، لەکوێیە؟" مامەی پیر وەڵامی دایەوە و گوتی: "باوکی باوکی باوکم بە باوکی باوکمی گوتوە، باوکی باوکیشم بە باوکمی گوتوە؛ ئارامگەی ئاهورا و مێرـ ئابی کوڕئ، وا لە گردٶڵکەیەک لە باشووری باخچەکەی پێهیماتۆpehemato ." سەتنا بە مامە پیرەی وت، "نەکا ئێمە زیانێک بەو باخچە بگەیەنین، بۆ نایەی پیشانمان بدەی." مامە پیرە وەڵامی سەتنای دایەوە، "ئەگەر کەسێک گوێ لەمن بگرێ چۆن زیان ئەگەیەنێتە باخچەکەی پێهیماتۆ! ئەگەر  ئاهورا و مێرـ ئابی کوڕی لە ژێر گۆشەی باشووری باخچەکەی پێهیماتۆ نەدۆزێتەوە شەرمەزاری و رووڕەشی بۆ من  ئەمێنێتەوە." ئەوان بە گوێێ مامە پیرەیان کرد، ئارامگەکەی ئاهورا و کوڕەکەیان لە ژێر گۆشەی باشووری باخچەکەی پێهیماتۆدا دۆزییەوە. وەک دوو کەسی بەناوبانگ و خاوەن رێز خستنیە نێو کەشتییەکە و باخچەکەیان وەک پێشوو چاک کردەوە. نا.نێفر.کا.پتاح سەتنای تێگەیاند کە ئەوە ئەو بوو هاتە کۆپتۆس بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن گۆڕەکەی ئاهورا و مێرـ ئابی کوڕی بدۆزنەوە. بەمجۆرە سەتنا لەگەڵ ئەو سەربازانەی لەگەڵیدا بوون، لە کەشتی شاهانەدا بەندەری بەجێهێشت و بێراوەستان گەڕانەوە بۆ میمفیس. کە خەبەریان دایە شا، هاتە خوار بۆ لایان. شا وەک دوو کەسی بەڕێز بەڕیی کردن بۆ گۆڕە ژێر زەوییەکەی نا.نیفر.کا.پتاح و خاک و خۆلەکەی لەسەر تەخت کردن.

ئەمە نووسینی تەواوی چیرۆکی سەتنا خا.ئێم.یواست، و نا.نێفر.کا.پتاح، و ژنەکەی ئاهورا، و کوڕەکەیان مێرـ ئابە، لە سی و پێنجەمین ساڵدا، لە مانگی تیبیTybi نووسراوەتەوە.

 

تێبینی:

میسری کۆن

چیرۆکێکی کۆنی میسری

١٤٠٠ساڵ پێش لە زایین. نووسەرەکەی نەناسراوە.

دەستنووسی ئەم چیرۆکە، سەدەی نۆزدەهەم لە گۆڕی مونکێکی میسریدا دۆزراوەتەوە.  لە سەر نووسەرەکەی هیچ شتێک نەزانراوە، بەڵام وای بۆ دەچن نابێ زۆر دوای داهاتنی دەستپێکی کورتە چیرۆک لە میسردا ژیابی. سەتنا و کتێبی جادوو یەکێک لەو چیرۆکەسەیرانەیە کە لە سەرەتای مێژووەوە هەستی ستایشی خەڵکی دنیا, بەتایبەت رۆژهەڵاتیانی جووڵاندوە. ئەمەش کە ئایا میسرییەکان بەڕاستی بەو شتانەی کە لە چیرۆکێکی پەرییاندا گێڕاندوویانەتەوە باوەریان بووە یان نا شتێکی بیسوودە: بەڵام لەوە ئەچێ ئەم بەسەرهاتە سەیرانەی لەم چیرۆکەدا هاتوون بۆ زۆر کەسان جێی قبووڵ بووە. تەنانەت ئەمڕۆکە لەم چەرخە زانستییەشدا بڕوا بە سیحر و جادوو لە نێو نەچووە: دەبینین هەندێک لە چیرۆکە مودێڕنەکانی ئەم چەرخەیش لە سەر بڕوا بە باوەڕی ریشەکێشنەکراوی ئەوپەڕی سروشت دانراون.

ویلیام فلیندێرز پێتری  William Flinders Petrieئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیزی. سەرچاوە رەسەنەکەیشی ناونیشانی نەبووە. ئەم ناونیشانەیش لێرە بەکار هاتووە، وەرگێڕەکەی دایناوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت