سه‌یوان نیک په‌ی
بێگومان یه‌کێک له کێشه سه‌رکییه‌کانی ئه‌ده‌بییاتی کوردی جێگای خاڵی زانستی ڕێباز ناسییه هه‌ر بۆیه شێعری کۆنی کوردی تا ئێسته‌ش به پێی به‌ستێنی سیاسی، فه‌رهه‌نگی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی خۆی پۆلێنبه‌ندی نه‌کراوه. نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه زاراوه‌ی کلاسیزم بۆ شێعری کۆنی کوردی به ڕاست نازانێت و...
ئه‌م وتاره له لایه‌ن لێژنه‌ی زانستی کونگره‌ی ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسییه‌وه وه‌ک وتاری هه‌ڵبژێردراو خه‌ڵات کرا
ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی
گه‌ڕان به دوای توخمه‌کانی ڕۆمانسییه‌ت یان هه‌ڵسه‌نگاندنی له گه‌ڵ ڕێبازه کوردییه‌کاندا
کورته‌ی وتار
بێگومان یه‌کێک له کێشه سه‌رکییه‌کانی ئه‌ده‌بییاتی کوردی جێگای خاڵی زانستی ڕێباز ناسییه هه‌ر بۆیه شێعری کۆنی کوردی تا ئێسته‌ش به پێی به‌ستێنی سیاسی، فه‌رهه‌نگی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی خۆی پۆلێنبه‌ندی نه‌کراوه. نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه زاراوه‌ی کلاسیزم بۆ شێعری کۆنی کوردی به ڕاست نازانێت و هه‌ر وه‌ها ئه‌و خاڵانه‌ی که له شێعری کوردی‌دا به‌رچاون و له گه‌ڵ توخمه‌کانی ڕێبازی ڕۆمانسییه‌ت ته‌بایه به تایبه‌تمه‌ندی ژیانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌زانێت نه‌ک گۆشه‌نیگا و کاریگه‌ری ڕێبازی ڕۆمانسییه‌ت ،هه‌ر وه‌ک ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی یه‌ک سه‌رده‌م و یه‌ک شاعێری کورد نییه به‌ڵکوو هه‌ر له ئه‌ده‌بییاتی زارهکیمانهوه بگره تا زۆرێک له ده‌قه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ئه‌گرێته‌وه. کلاسیزم و ڕۆمانسیزم دوو ڕێبازی هونه‌ری ڕۆژئاوایین که کۆمه‌ڵێک تیۆری و ئه‌ندێشه له پشتیانه‌وه‌یه و جیاوازی زۆریان له گه‌ڵ شێعره کۆنه کوردییه‌کاندا هه‌یه ، به دڵنیایشه‌وه شاعێرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستان ئاگاداری ڕه‌وته هونه‌رییه‌کانی ڕۆژئاوا نه‌بووگن تا کاریگه‌ریان لێ وه‌ربگرن.
شێعری کۆنی کوردی به پێی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازییه‌کانیان ئه‌بێته سێ قۆناخ : ڕێبازی گۆرانی که ئه‌و ده‌قانه ئه‌گرێته‌وه له سه‌ر شێوه زاری هه‌ورامی و کێشی بڕگه‌یی دانراون .
ڕێبازی بابانه‌کان که له گه‌ڵ سه‌هه‌ڵدانی بابانه‌کان و له سه‌ر ده‌ستی نالی ،سالم و کوردی گه‌شه‌ی کرد و له سه‌ر شێوه‌زاری سۆرانی دانراون.
ڕێبازی کۆیی که حاجی قادری کۆیی له یه‌که‌م شاعێرانی بوو و شێعرییه‌ت بوو به قوربانی واتا و زۆرێک چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی تازه‌یان هێنایه ناو شێعری کوردییه‌وه.
ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی هاو سه‌رده‌می مه‌وله‌ویی که سه‌ر به ڕێبازی گۆرانییه و باشتر وایه ده‌قه‌کانی له گه‌ڵ ئه‌م ڕێبازه‌دا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت تا ئه‌وه‌ی شێعره‌کانی بپشکێنرێت بۆ توخمی ڕێبازی ڕۆمانسییه‌ت. شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گ له باری زمانی، واتایی و فورمیکیشهوه خاڵی هاوبه‌شی له گه‌ڵ ڕێبازگۆرانی یه‌کجار زۆره و وه‌ک یه‌کێک له شاعێرانی ئه‌م به‌ره‌یه ڕه‌چاو ئه‌کرێت.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان
ڕێباز ناسی- کلاسیزم – ڕۆمانسیزم – ڕێبازی گۆرانی –ڕێبازی بابانه‌کان- ڕێبازی کۆیی – ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی
پێشه‌کی :
یه‌کێک له ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌م کونگره‌یه هه‌ڵسه‌نگاندنی توخمه‌کانی ڕومانسییهت له شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسیدا بوو. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پرسه ته‌نیا تایبه‌ت به‌م کونگره نییه و لێره‌و له‌وێ زۆر له‌م باسانه دێته ئاراوه و شێعری کوردی ئاسان ساده ئه‌کرێته‌وه سه‌ر دوو به‌شی کلاسیک و نوێ ، که به دڵنیاییه‌وه ئه‌م شێوه دهستهبهندیکردنه به پێی مێتۆده‌کانی زانستی ڕێبازناسی هه‌ڵه‌یه. هه‌ر بۆیه به ده‌رفه‌تێکی باشم زانی ئاوڕێک له شێعری کۆنی کوردی بده‌مه‌وه و تا ئه‌و شوێنه‌ی که ئه‌م وتاره مه‌جال بدات به پێی مێتۆده‌کانی زانستی ڕێباز ناسی شێعری کۆنی کوردی ده‌سته‌به‌ندی بکه‌م و پاشان بزانین شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی ئه‌که‌وێته کام قۆناخ و له گه‌ڵ شاعێرانی هاوسه‌رده‌می هه‌ڵیبسه‌نگێنین. به‌ڵام له پێشدا پێویست ئه‌کات ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کمان له مه‌ڕ کلاسیزم و ڕۆمانسیزم و شێعری کۆنی کوردی ببێت تا بزانین ئه‌کرێت شێعری کوردی به پێی ئه‌م ڕێبازگهله ده‌سته‌به‌ندی بکه‌ین یان پۆلێنبه‌ندیکردنی ئه‌ده‌بییاتی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک به پێی مێژووی ئه‌ده‌بی خۆی و به‌ستێنه سیاسی، فه‌رهه‌نگی ، کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی مسۆگه‌ر ئه‌بێت و هه‌ندێک مێتۆدی تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه.
هه‌ر بۆیه وتاره‌که ئه‌که‌م به دوو به‌ش که به‌شی یه‌که‌می ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی خێرا له ڕێبازه ڕۆژئاواییه‌کان و جیاوازییه‌کانی له گه‌ڵ شێعری کۆنی کوردی له خۆ ئه‌گرێت و به‌شی دووه‌می ده‌سته‌به‌ندیکردنی شێعری کوردییه بۆ سه‌ر سێ ڕێبازی گۆرانی ، بابان و کۆیی و هه‌ڵسه‌نگاندنی شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی به پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕێبازی گۆرانی.
به‌شی یه‌که‌م :
1 – ڕێباز ناسی له ئه‌ده‌بییاتی کوردی‌دا
بێگومان یه‌کێک له کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌ده‌بییاتی کوردی نه‌بوونی چه‌مک و زانستی ڕێباز ناسییه، هه‌ر بۆیه تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێت ئه‌ده‌بییاتی کوردی به پێی بارودۆخی فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی و ئه‌ده‌بی خۆی پۆلێنبه‌ندی نه‌کراوه.
دیاره ئه‌ده‌بییات وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی زیندوو ، له درێژه‌ی ڕه‌وتی دوو مێژوودا ئه‌جووڵێته‌وه. مێژووی کۆمه‌ڵگا و مێژووی ئه‌ده‌بییات. " مۆریس بلانشۆ" وته‌نی : ئه‌ده‌ب و کۆمه‌ڵگا حاڵه‌تێکی لێکخهڵافهکراویان هه‌یه . واتا ئه‌گه‌ر چی زۆر تێکه‌ڵی یه‌کن به‌ڵام هاوکات له یه‌کتریش جیاوازن. دوو مێژووی سه‌ربه‌خۆ و هاوکات تێکه‌ڵیشیان هه‌یه.
دوکتور " سیروس شه‌میسا " له کتێبی " ڕێباز ناسی "دا ئاوا ئه‌ڵێت : ئاڵووگۆڕه سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک وه‌ک مۆتۆری گۆڕانی ستایل و ڕێبازی ئه‌ده‌بی ڕه‌چاو ئه‌کرێن . بۆ خۆشی له پۆلێنبه‌ندی کردنی ئه‌ده‌بییاتی فارسی پێش له هه‌ر شتێک ڕه‌وتی مێژووی کۆمه‌ڵگای ئێران له به‌ر چاو ئه‌گرێت و پاشان ئه‌ده‌بییاتی فارسی به پێی تایبه‌تمه‌ندییه واتایی و فورمییهکانیی ئه‌کاته چه‌ند ڕێباز و ئه‌ده‌بیاتی فارسی ناسنامه‌دار ئه‌کاته‌وه. به‌ڵام لای ئێمه‌ی کورد دۆخه‌که به ئاقارێکی تردا ڕۆشتووه و جاروبار به بێ له به‌رچاو گرتنی دۆخی کۆمه‌ڵگای کوردی به ناو ده‌قه‌کاندا ئه‌گه‌ڕین تا بتوانین چه‌ند خاڵێکی هاوبه‌ش له نێوان ڕێبازه ئه‌ورووپییه‌کان و شێعری کوردی‌دا بدۆزینه‌وه . هه‌ر به پێی ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ش شێعری کوردی زۆر ساده دابه‌ش ئه‌که‌ینه سه‌ر دوو قۆناخی کلاسیک و نوێ . یه‌ک : کلاسیزم زاراوه‌یه‌کی ڕۆژئاواییه و ناوی ڕێبازێکی هونه‌رییه که کۆمه‌ڵێک تیوری زانستی و فه‌لسه‌فی و هونه‌ری له پشتییه‌وه‌یه و له بازنه‌یه‌کی کاتی ئه‌و کاتی ئه‌ورووپادا هه‌ندێک ئامانجی ئه‌پێکا که هیچکام له مانه بۆ ئه‌ده‌بییاتی کوردی ڕاست نییه تا بتوانین بڵێین کلاسیزمی کوردیمان هه‌یه. دوو : زراوهی "نوێ " له باری فه‌لسه‌فییه‌وه بجووڵه و چرکه به چرکه دیارده کانی پێش خۆی کۆن ئه‌کاته‌وه که وابوو چۆن ئه‌کرێت بازنه‌یه‌کی یه‌ک سه‌ده‌یی له ئه‌ده‌بییات جیا بکه‌ینه‌وه و پێی بڵێین ئه‌ده‌بییاتی نوێ ؟ تا کۆێ ئه‌م ئه‌ده‌بییاته نوێ ئه‌مێنێته‌وه؟
به داخه‌وه عه‌قڵییه‌تی سه‌له‌فی ئه‌ده‌بییاتی کوردی به شێوه‌یه‌کی سه‌یر و دژواز له گه‌ڵ ئه‌م پرسه مامه‌ڵه ئه‌کات.
گومان له وهدا نییه که پێوه‌ندی مرۆڤی سوننه‌تی کورد له گه‌ڵ جیهانی ده‌وروبه‌ری هه‌ر هه‌مان پێوه‌ندی ماسی و ئاوه. هه‌ر وه‌ک ماسی چۆن نازانێت که له ناو ئاودایه شاعێری سوننه‌تی ئێمه‌ش به ڕاستی نازانێت له چ سه‌رده‌مێک و قۆناخێکدا ژیاوه .له زۆرینه‌ی تیۆره‌کانی سه‌رده‌می خۆی بێ ئاگا بووه هه‌ر به‌و پێیه‌ش نازانێ زۆرێک له‌و کردانه‌ی له خۆیی نواندووه و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئهیانخولقێنیت له چ ئاست و قۆناخێکدا بووگن. به‌ڵام عه‌قڵییه‌تی پهسیفی ئه‌ده‌بی کوردی هێشتا به دوای توخمی ڕێبازه ڕۆژئاواییه‌کاندا به‌رهه‌مه‌کانیان ئهپشکنێت و به ڕه‌واشی ئه‌زانێت . به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێڕنیته و پاش مودێڕنیته دا که ئه‌ده‌بییات وه‌ک زانستێک تیورییه سه‌رده‌مییه‌کان پێڕه‌و ئه‌کات و ئه‌ده‌بییاتی کوردیش خه‌ریکه به‌و ئاقاره‌دا ئه‌چێت و چیتر شاعێری کورد ئاگاداری مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانی و کوردیشه و له پشت هه‌ر جووڵهیهکییهوه ئامانجێک هه‌یه هاواری به‌رز ئه‌بێته‌وه که ئه‌بێ ئه‌ده‌بییاتمان خۆماڵی بێت ، کوردانه بێت و باس له هه‌ر چه‌شنه تیورییه‌کی ڕۆژئاوایی به بڤه ئه‌زانێت و ، ئه‌مه ئه‌و مامه‌ڵه کردنه دژوازهیه که باسمکرد.جگه له چه‌ند نووسراوه‌یه‌کی پرش و بڵاو تا ئێسته‌ش ڕای گشتی لێکۆڵه‌رانی ئه‌ده‌بی کوردی هه‌ر هه‌مان شێعری کلاسیک و نوێیه و له دڵی ئه‌م ڕێبازه کلاسیکهشهوه چه‌ندین ڕێبازی تری وه‌ک ڕۆمانسیزم ، په‌رناس و ... ده‌ستنیشان ئه‌کرێن وه‌ک کتێبی " ڕێبازه ئه‌ده‌بییه‌کانی " دوکتور فه‌رهاد پیر باڵ. یان سه‌ره‌تای زۆربه‌ی له دیوانی شاعێره کۆنه‌کانمان . دوکتور ڕه‌ووف عوسمانیش له دایکبوونی شێعری مه‌وله‌وی به له دایکبوونی ڕۆمانسییه‌تی کوردی ئه‌زانێت و وه‌ک به‌ڵگه‌ش هاوکاتبوونی ژیانی مه‌وله‌ویی و هۆگوی فهرانسایی دێنێته‌وه به‌ڵام کێ هه‌یه نه‌زانێت ڕۆمانسیزم سه‌ده‌یه‌ک پێش له هۆگۆ به ڕۆژئاوادا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندبوو و پاشانیش مولهویی تاوهگۆزێ کوا ئاگاداری ڕێبازی ڕۆمانسییه‌ت و هۆگۆی فهرانسایی بوو ؟ مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی که له شێعری مه‌وله‌وییدا وه‌ک توخمه‌کانی ڕومانسییهت ده‌ستنیشان ئه‌کرێن له شێعره‌کانی بێسارانی و سه‌یدیی کۆن و فولکلۆری زاره‌کی و دوای مه‌وله‌وی و تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێت به‌رجه‌سته نین ؟که وابوو ئه‌گه‌ر هاوبهشییهکیش هه‌یه ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندی ژیانی مرۆڤی کورده له کۆمه‌ڵگا و سروشتی کوردستاندا که له ئهدهبییاتیشدا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه نه‌ک پێڕه‌و کردنی ڕێبازی ڕۆمانسیزم له لای که‌سێکی تایبه‌ته‌وه. خاڵێکی تر ئه‌وه‌یه مه‌گه‌ر ڕۆمانسیزم له ڕۆژئاوا له دژی کلاسیزم سه‌ری هه‌ڵنه‌دا جا چۆن ئه‌کرێت له دڵی کلاسیکی کوردییه‌وه ڕۆمانسیزم سه‌رهه‌ڵبدات و پێکیشه‌وه بیانکرێت ؟ نازانم! ئه‌گه‌ر زاراوه‌ی کلاسیزم له ئه‌ده‌ب و زمانی کوردی‌دا هه‌ڵگری باری مانایی خۆیه‌تی و بووته گرێبه‌ستێک ئه‌بێ بڵێم بۆ خۆم تا ئێستا له ماناکه‌ی تێنه‌گه‌شتووم و پێموایه کاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م گرێبه‌سته تێک بشکێنرێت. نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه هه‌ڵسه‌نگاندنی شێعری کۆنی کوردی به پێی هیچ ڕێبازێکی ئه‌ورووپی به ڕاست نازانێت بۆیه بۆ زیاتر ڕوونبوونه‌وه‌ی باسه‌که ئاوڕێکی زۆر کورت له ڕێبازی کلاسیزم و ڕۆمانسیزم و شێعری کوردی ئه‌ده‌مه‌وه.
2 – کلاسیزم و ڕۆمانسیزم له ڕۆژئاوا
له به‌ستێنی سیاسی ڕۆژئاوادا دوای زنجیره شه‌ڕه‌کانی " فهلاخون " ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی به هێز و دهساوهڵاییهکی له ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه سه‌قامگیر ئه‌بێت .پاشا تاکه ده‌سه‌ڵات و تاکه بڕیار ده‌ره. خۆشه‌ویستی نیشتمان له گه گه‌ڵ خۆشه‌ویستی پاشادا و مل که‌چ بوون و پێڕه‌وکردنی بڕیاره‌کانی مانادار ئه‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه دروشمی باوی سه‌رده‌م : یه‌ک یاسا، یه‌ک ئایین ، یه‌ک پاشایه . کلاسیزم ئه‌م چه‌مک و دروشمگه‌له وه‌ک ڕاستیگه‌لێکی پیرۆز و نکۆڵی هه‌ڵنه‌گر ئه‌پارێزێت. که وابوو ژیانی ئه‌ده‌بی کلاسیزم ژیانێکی ته‌کووزی دار و مل که‌چی پێوه‌ره‌کانه و چیتر هونه‌ر بۆ ڕابواردن و چێژبردن نییه ، هونه‌ر ته‌نیا له فێرکاربوون و له خزمه‌تی ئهخلاقبوونیدا پێناسه ئه‌کرێت.
" ڕێنوسار " ، " دوبله " و بڕێک لێکۆڵه‌ری ئه‌ده‌بی تریش لایان وابوو ته‌نیا لاسایی کردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه که‌وناراکان به‌س نییه هه‌ر بۆیه که‌وتنه خوێندنه‌وه و تیۆریزه‌کردنی بهرههمهکهوناراکان و ده‌ستنیشانکردنی پێوه‌ر و بنه‌ماکانیان و ئه‌بوایه هونه‌ری کلاسیزمیان به پێی ئه‌و پێوه‌رانه بگونجاندایهت. به بۆچوونی کلاسیزمه‌کان هونه‌ری سه‌ره‌کی شاعێر یان نووسه‌رێک پێڕه‌و کردنی یه‌کجاره‌کی بنه‌ما و پێوه‌ره‌کانی ئه‌م ڕێبازه بوو.
ئه‌ده‌بییاتی کلاسیزم ئه‌ده‌بییاتێکی خه‌ڵکی نییه ، به‌ڵکوو هی بازنه‌یه‌کی به‌رته‌سکی چینی سه‌رده‌ست و ده‌ربارییه هه‌ر بۆیه‌ش ورووژاندنی هه‌ندێک باسی وه‌ک پرسه سیاسییه‌کان ، دژایه‌تی ئایین و... بڤه بوو. کلاسیزم چه‌ندین سه‌ده له ئه‌ورووپادا درێژه‌ی کێشا . فه‌لسه‌فه و عه‌قڵانییه‌تی کلاسیزم له خزمه‌ت چینی ئه‌ریستۆکرات و پاراستنی بهرژهوهنییهکانیاندا بوو. بارودۆخی شارستانییه‌تی ئه‌ورووپا گۆڕانی به سه‌ردا دێت و دوابه‌دوا بیر و ڕا و ڕوانگه و چێژبینینی مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش له گه‌ڵ خۆیدا ئه‌گۆڕێت. نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ئه‌گه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که چیتر کلاسیزم و پێوه‌ره ده‌ست و پێ گیره‌کانی ناتوانێ وه‌ڵامده‌ری سه‌رده‌میان بێت.
شۆڕشی فه‌رانسا (1789) ، دامه‌زراندنی سیسته‌می په‌رله‌مانتاری ، بڵاو بوونه‌وه‌ی جاڕنامه‌ی ماڤی مرۆڤ و چه‌ند هۆکاری تریش بوونه هۆی ئازادییه تاکه که‌سییه‌کان و تێکشکاندنی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و ئه‌ریستۆکراتی. هاوکات شۆڕشی پیشه‌سازی و شۆڕشه‌کانی بریتانیا و ئه‌و بزاڤه فیکرییه‌ی به سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری ئه‌ناسرێت کاریگه‌ری زۆریان له سه‌ر گۆڕانی ژیانی خه‌ڵک دانا و له وه‌ها دۆخێک‌دا نه‌خته نه‌خته رۆمانسییه‌ت له دژی کلاسیزم سه‌ری هه‌ڵدا. " کانت " پێی وابوو جوانی چه‌مکی خودیی شته‌کان نییه به‌ڵکوو ئه‌وه به‌رهه‌می تێگه‌شتنی ئێمه‌یه له شته‌که . به باوڕی کانت تاک ئه‌بێ زۆر متمانه به هه‌ستی جوانیناسی و تێگه‌شتن و ڕاڤه‌ی خۆی بکات و چیتر مل که‌چی چێژی گشتی و باوی کۆمه‌ڵگا نه‌بێت. " کانت " ئه‌ڵێ : " چێژ بردن په‌یوه‌ندی به لۆژیکه‌وه نییه. هه‌ستێکی جوانیناسانه‌یه. واتا بنچینه‌ی چێژبردن به‌رده‌وام پرسێکی خودییه. هه‌موو که‌س و هه‌ر که‌سه و له ڕوانگه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه هۆگری یه‌ک ئامانجه، هۆگری دڵخۆشبوون و چێژوه‌رگرتن ."
" ژان ژاک ڕۆسۆ" ش به نووسراوه‌کانی زۆر له سه‌ر ئاڵووگۆڕی ژیانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی ئه‌ورووپا شوێندانه‌ر بوو. ڕۆسۆ له کتێبی " په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان " دا زۆر وردبینانه سیسته‌می ڕه‌مه‌کی کۆمه‌ڵگای کلاسیک هه‌ڵئه‌وه‌شێنێته‌وه که وه‌ک مۆته‌که سواری سنگی تاک بووه و ئازادییه‌کانی تاک پێشێل ئه‌کات. به بۆچوونی ڕۆسۆ سه‌ربه‌ستی تاک نابێته هۆی نائارامی ده‌وڵه‌ت به‌ڵکوو ته‌نیا تاک و هه‌ست و حه‌زه‌کانی له سه‌رکوت بوون ڕزگار ئه‌کات.
3 - شێعری کوردی
عه‌قڵییه‌تی پهسیفی ئه‌ده‌بی کوردی هه‌ر له بابا تاهێرهوه تا ئه‌گاته سه‌رده‌می " گۆران " و " سواره " وه‌ک شێعری کلاسیکی کوردی پێناسه ئه‌کات که به ڕای من ته‌نیا یه‌ک فاکتی کێش دار بوونی به‌رهه‌مه‌کان بۆ ئه‌م پێناسه کردنه له به‌رچاو گیراوه، ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه کێشدار بوون له هیچکام له پێوه‌ره‌کانی کلاسیزمی ڕۆژئاوادا ناگونجێت. جا سه‌یرتر ئه‌مه‌یه که هه‌ر له دڵی کلاسیزمی کوردییه‌وه شاعێره‌کان ده‌سته‌به‌ندی ئه‌کرێن و هه‌ر کامه‌یان سه‌ر به ڕێبازێکی تری ڕؤژئاوایی دیاری ئه‌کرێن. تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێت ته‌وه‌ری زۆرێک له وتار، سمینار و کونگره‌کان تاوتوێکردنی ئه‌م پرسه‌یه. یه‌کێک له ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌م کونگرهیهش گه‌ڕان و ده‌ستنیشانکردنی توخمه‌کانی ڕێبازی ڕومانسییهته له شێعره‌کانی " ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی" دا . نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه ئه‌م پرس و ته‌وه‌ره به هه‌ڵه ئه‌زانێت و ڕه‌تی ئه‌کاته‌وه و باوڕی وایه ئه‌گه‌ر ده‌قی شاعێران به وردی بپشکێندرێت به دڵنیاییه‌وه هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌ش له نێوان به‌رهه‌مه‌کان و ڕێبازه ئه‌ورووپییه‌کان ئه‌دۆزرێته‌وه به‌ڵام له باری زانستییه‌وه ناکرێت ئه‌م خاڵانه زه‌ق بکرێنه‌وه به‌ڵکوو ئه‌بێ ڕێشه‌کانی له ژیانی سیاسی ، فه‌رهه‌نگی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی کوردستاندا بدۆزرێنه‌وه. هه‌رچه‌ند خاڵێکی تر که ئه‌بێ له به‌رچاوی بگرین ئه‌وه‌یه که ئه‌ده‌بییات وه‌ک یه‌که‌یه‌کی زیندوو خاوه‌ن مێژوویه‌کی جیهانی و گشتگیره و که وابوو تایبه‌تمه‌ندی زانستی ئه‌ده‌بییاته که بڕێک خاڵی هاوبه‌ش و گشتگیریشی ببێت یان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆش له سه‌ر یه‌ک کاریگه‌ر بن . بۆ کۆتایی هێنان به‌م باسه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زاراوه‌ی کلاسیزم بۆ شێعری کوردی ئاماژه به چه‌ند جیاوازییه‌کیان ئه‌ده‌ین و له به‌شی دوویه‌می ئه‌م وتاره‌شدا باس له چه‌ند قوناخێکی شێعری کوردی ئه‌که‌ین.
1 : ڕێبازی کلاسیزم له ڕۆژئاوا له ده‌رباری پاشایه‌تیدا گه‌شه‌ی کرد و بۆخزمه‌ت و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی چینی ئه‌ریستۆکرات چه‌ندین سه‌ده مایه‌وه به‌ڵام کۆمه‌ڵگای کوردی هیچ کاتێک به مانای واقێعی ده‌ربار و پاشای نه‌بووه و پێناسه‌ی چینی ئه‌ریستۆکرات بۆ ده‌ره‌به‌گایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی یه‌ک ناکه‌وێت و شێعری کۆنی کوردی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ی نییه.
2 : کلاسیزم له ڕۆژئاوا تیۆری له پشته . بۆتیقاکهی ئه‌ره‌ستوو ، بوالۆ، هوراس و ... تیورداڕێژانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و به‌رهه‌مه که‌وناراکانی یوونان وه‌ک سه‌رچاوه‌کانی کلاسیزم دێنه ئه‌ژمار به‌ڵام شێعری کۆنی کوردی هیچ تیۆری و سه‌رچاوه‌یه‌کی نییه.
3 : کلاسیزمی ڕۆژئاوایی ته‌نیا ڕێبازێکی ئه‌ده‌بی نییه و زۆرێک له هونه‌ره‌کان ئه‌گرێته‌وه . شاعێران، نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م ڕێبازه‌ش له چینێکی تایبه‌تن و ئاگایانه به‌رهه‌م ئه‌خولقێنن به‌ڵام کلاسیزمی کوردی ته‌نیا ژانری شێعر ئه‌گرێته‌وه که هیچ خۆئاگاییهک له پشتی نییه.
4 : ڕۆمانسیزم بۆ دژایه‌تی کلاسیزم سه‌ری هه‌ڵدا . به‌ڵام شێعری کۆنی کوردی هیچ کاتێک به‌و شێوه شه‌ڕی تیۆری نه‌بووگه و تێکڕای شاعێره کۆنه کورده‌کان به هۆی ژیان و سروشتی کوردستان خاڵی هاوبه‌شیان له گه‌ڵ ڕێبازی ڕومانسییهت زۆره.
به‌شی دوویه‌م
1 – پۆلێنبه‌ندیکردنی شێعری کۆنی کوردی
وه‌ک پێشتر باسی ڕۆشت پۆلێنبه‌ندیکردنی ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانی هه‌ر زمانێک به پێی زانستی ڕێباز ناسی بۆ چه‌ند هۆیه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ندێک مێتۆدی تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه . هه‌ر به پێی زانست و مێتۆدی ڕێباز ناسی پرسه کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بییه‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک ئه‌توانێت پێوه‌ندی و کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاو له سه‌ر ئاڵووگۆڕ و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بی هه‌ر سه‌رده‌مێک دابنێت.بێگومان له‌م وتاره‌دا ناکرێت به ته‌واوی ورد بینه‌وه ناو ئه‌م باسه هه‌ر بۆیه دوای ئاماژه دان به چه‌ند تێبینییه‌ک زۆر خێرا ئاوڕێک له چه‌ند قۆناخێکی شێعری کوردی ئه‌ده‌ینه‌وه.
ئه‌بێ ئه‌وه له به‌ر چاو بگرین که کاتێک باس له گۆڕانی ڕێبازێک ئه‌کرێت مه‌به‌ست گۆڕانی یه‌ک شه‌وه نییه به‌ڵکوو ڕێچکه‌ی تازه ورده ورده سه‌ر هه‌ڵئه‌دات و هاوکات له گه‌ڵ ڕێبازی پێش خۆی گه‌شه ئه‌کات و نه‌خته نه‌خته ئه‌بێته گوفتمانی زاڵ هه‌ر وه‌ک کاتی سه‌رهه‌ڵدانی بابانه‌کان هێشتا زۆرێک له شاعێره به‌رزه‌کانی ڕێبازی گۆرانی له جوانترین به‌رهه‌مه‌کانیان ئه‌خولقاند. خاڵێکی تر ئه‌وه‌یه که زمان و ئه‌ده‌بییاتی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ناتوانێت سه‌ربه‌خۆ بێت و به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌ده‌بی دراوسێ دائه‌نێت و کاریگه‌ریش وه‌رئه‌گرێت و ئه‌ده‌بییاتی کوردیش له‌م تایبه‌تمه‌ندییه بێبه‌ری نییه.
که باس له هێژمونی ڕۆحانییه‌ت له سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌کرێت زیاتر مه‌به‌ست له کاریگه‌ری هێژمونییهتی خانهگاکانه له سه‌ر ده‌قه‌کان و خوێنه‌ری خۆشه‌ویست وا گومان نه‌کات که مه‌به‌ست به‌رهه‌مگه‌لێک بن که وه‌ک ئامرازێک بیری سۆفیگه‌ری گه‌شه پێدابێت و زاراوه و قۆناخه‌کانی سۆفیگه‌ری شرۆڤه کردبێت.
ئهلف - قۆناخی یه‌که‌م : ڕێبازی گۆرانی
تێکڕای به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه له سه‌ر شێوه زاری هه‌ورامی دانراون و هه‌ر به‌م پێیه‌ش وه‌ک ڕێبازی گۆرانی ناوی له سه‌ر دائه‌نم. جوگرافیای کاری ئه‌م به‌ره‌یه زیاتر به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌گرێته‌وه . خان و سانه‌کانی کوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ بایه‌خێکیان به ئه‌ده‌ب و زمانی کوردی نه‌ئه‌دا و ئه‌گه‌ر دواتریش نیوچه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌رده‌ڵانه‌کان سه‌ر هه‌ڵئه‌دا که شایه‌د توانیبێتی چه‌ند شاعێری گۆرانی لێکه‌وتبێته‌وه به‌ڵام واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه ئه‌رده‌ڵانه‌کان هیچ خزمه‌تێکی ئه‌وتۆیان به‌م گرنگه نه‌کردووه و زمان و ئه‌ده‌بی فارسیان به فه‌رمی ناسیوه. هه‌ر بۆیه‌ش شاعێرانی ئه‌م به‌ره‌یه زیاتر ڕوویان له خانهگاکان ئه‌کرد وله‌وێ په‌روه‌رده ئه‌کران بۆ نموونه مه‌وله‌ویی تاوهگۆزێ لووتکه‌ی ئه‌م ڕێبازه بۆ خۆی په‌روه‌رده‌ی خانهگایه. ئه‌ڵبه‌ت ئایینی یارسانیش کاریگه‌ری به‌رچاویی له سه‌ر شێعری ئه‌م به‌ره‌یه بووه ، هه‌ر بۆیه کاریگه‌ری هێژموونییهتی ڕۆحانی و خانهگاکان به سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ڕێبازه‌وه به‌رچاوه و زۆرێک له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ش فه‌وتاوه. شاعێرانی ئه‌م سه‌رده‌مه به پێی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی به زۆری له دێهاته‌کاندا ژیان و په‌روه‌رده کران. شێعری کوردی به هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات جۆری مه‌دحی زۆر که‌مه و ئه‌گه‌ریش هه‌یه زیاتر مه‌دحی شوێن و که‌سایه‌تییه ئایینییه‌کانه، له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا ئه‌گه‌ر مه‌دح هه‌یه زیاتر مه‌دحی شێخه‌کانی ته‌ریقه‌ته جگه له یه‌ک شێعری مه‌وله‌وی که مه‌دحی بابانه‌کانی کردووه. شێعره‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه به تێکڕا له سه‌ر کێشی بڕگه‌یین که درێژه‌ی لۆژیکی هه‌مان گاتاکانی ئاوێستایه.به‌شی هه‌ره زۆری به‌رهه‌مه‌کان جۆری مهسنهوین که جۆرێکی کۆنتر و ساده‌تر له شێعره. له باری جوانیناسی ده‌قه‌کانیشه‌وه زۆر که‌م له سه‌نعه‌ته بهدیعییهکان که‌ڵک وه‌رگیراوه و زیاتر خوازه و وێکچواندن به‌رچاوه که له ئاستێکی سه‌ره‌تاییدان . به‌ڵام دووپاتکردنه‌وه له شێعری ئه‌م به‌ره‌یه‌دا زۆر به‌رچاوه . شێعره‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه زیاتر زمانێکی ڕه‌واییان هه‌یه و له‌و په‌ڕێ ساده بووندان که توانیویانه زۆریش دڵڕفێن بن.( جگه له مه‌وله‌وی که زۆر زیاتر ئاوڕی له سه‌نعه‌ته بهدیعییهکان داوه‌ته‌وه و بووه‌ته لووتکه‌ی ئه‌م ڕێبازه‌و گه‌وره شاعێرێکی کورد ) هه‌رچه‌ند هه‌ر له‌م ڕێبازه‌شدا هه‌ندێک ئاڵووگۆڕ به پێی کات ئه‌بێنین و پوخته‌تر بوونی زمانی شێعریان به‌رچاوه، بۆ نموونه سه‌یدی کۆن کێشی بڕگه‌کانی زۆر درێژترن. دووپات کردنه‌وه‌ی که‌متره. سه‌نعه‌تی به‌دیعی هه‌ر نییه .ناونیشانی دڵداره‌کانی ئه‌دات. وشه‌ی هه‌ورامی زۆر کۆنی هه‌یه . وشه‌ی عه‌ره‌بی هه‌ر نییه . باسی ئایینی هه‌ر ناکات به ڵام سه‌یدی تازه ، مه‌وله‌ویی و ... تا ڕاده‌یه‌ک کێشی بڕگه‌ییان کورت ئه‌بێته‌وه. ناونیشانی دڵدار نامێنێت. وشه‌ی عه‌ره‌بی و ئایینی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌ر هه‌ڵئه‌دات . سه‌نعه‌تی به‌دیعی به‌رچاوتره ، وشه و زاراوه هه‌ورامییه کۆنه‌کان نامێنن و تا ڕاده‌یه‌کیش وشه‌ی سۆرانی دێنه ناو ده‌قه‌کانه‌وه و ... به‌ڵام ئه‌وه‌نده خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه هه‌موویان وه‌ک ڕێبازی گۆرانی بناسین .
ب – قۆناخی دووه‌م : ڕێبازی بابانه‌کان
به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دوو نیوچه ده‌سه‌ڵاتی کوردی بابانه‌کان و ئه‌رده‌ڵانه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک شێوه‌ی ژیان و بیر کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک ئه‌گۆڕدرێت و شاره کوردنشینه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک ئاوه‌دانتر ئه‌بنه‌وه که بێگومان ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ش له سه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کان شوێندانه‌ر ئه‌بن. پێشتر باسی ئه‌رده‌ڵانه‌کان کرا که نه‌یانتوانی خزمه‌تێکی ئه‌وتۆی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بکه‌ن و گرنگی زۆرتریان به زمان و ئه‌ده‌بی فارسی ئه‌دا به‌ڵام بابانه‌کان به پێچه‌وانه توانیان خۆێنه‌وار و فه‌قێی حوجره‌کان له ده‌وری خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه . شاره کورد نشینه‌کان ئاوه‌دانتر و گه‌وره‌تر بکه‌نه‌وه. شاره کانی کوردستان به زۆری به شێوه زاری سۆرانی ده‌ئاخڤن ، مه‌کۆی خانه‌گا و دێهات ئه‌گۆڕدرێ بۆ شار و حوجره‌ی مزگه‌وته‌کان. شاعێرانی ئه‌م سه‌رده‌مه که به زۆری مه‌ڵا بووگن له گه‌ڵ شه‌رع وئایینی ئیسلام زۆرتر ئاشنان و سه‌رف و نه‌حوی عه‌ره‌بی و سه‌نعه‌ته بهدیعییهکان زیاتر به‌رچاویان ئه‌که‌وێت. له لایه‌کی تریشه‌وه له نێو فارسه‌کاندا جم و جووڵێکی ئه‌ده‌بی سه‌ری هه‌ڵدابوو که پێش له ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می مه‌شرووته ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می گه‌ڕانه‌وه هاتبووه ئاراوه که زۆرتر بایه‌خی به ڕێبازی عێڕاقی ئه‌دا و بێگومان کورده‌کانیش به‌رده‌وام گۆشهنیگایهکیان له ئه‌ده‌بییاتی فارسی بووه.
هه‌موو ئه‌مانه و هۆکارگه‌لی تریش وائه‌که‌ن شێوه زاری ئه‌ده‌بی نه‌خته نه‌خته بگۆڕدرێ بۆ سۆرانی . کێشی عورووزی عه‌ره‌بی جێگای کێشی بڕگه‌یی بگرێته‌وه. جۆری ئه‌ده‌بی به زۆری ببێته غه‌زه‌ڵ و جارجاره‌ش قه‌سیده. هێژموونی خانه‌قاکان له سه‌ر ده‌قه‌کان که‌متر ببێته‌وه و زیاتر پرسه شه‌رعییه‌کان ڕه‌چاو بکرێن و مه‌دحی شوێنه پیرۆزه‌کان و پێغه‌مبه‌ر بێته ئاراوه، خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان به پێی پێناسه‌ی سه‌رده‌می خۆی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا سه‌رهه‌ڵئه‌دات و مه‌دحی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بکرێت و به کوردی نووسین جۆره ململانه‌یه‌ک بێت له گه‌ڵ زمانی زاڵی عه‌ره‌بی :
ته‌بعی شه‌ککه‌ر باری من کوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌کا
ئیمتحانی خۆیه مه‌قسوودی له عه‌مدا وا ده‌کا
غه‌ریبی و غوربه‌ت له شێعردا واتا و پێناسه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆیان ئه‌گرن که تا ئێسته‌ش هه‌ر سێبه‌ری به سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه زاڵه. جوانکارییه شێعرییه‌کان و سه‌نعه‌ته بهدیعییهکان زۆر زۆر به‌رچاون و شێعر له جۆری ڕه‌وایی و ساده زۆر که‌م ئه‌بێته‌وه. شێعر له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ره‌تاکانی شاری بوونی خۆی ئه‌زموون ئه‌کات .
شێعری ئه‌م به‌ره‌یه له سه‌ر ده‌ستی سێ کوچکه‌ی نالی – سالم – کوردی سه‌ری هه‌ڵدا و له وه‌فایی و مه‌حویی دا گه‌شته لووتکه‌ی خۆی.
پ – قۆناخی سێیه‌م : ڕێبازی کۆیی
له یه‌که‌م شاعێرانی ئه‌م سه‌رده‌مه حاجی قادری کۆیی بوو هه‌ر بۆیه‌ش وا به باش ئه‌زانم ناوی ڕێبازی کۆیی له سه‌ر دابنێم.
دوای له ناوچوونی ده‌سه‌ڵاتی بابانه‌کان زۆرێک له ڕوناکبیران و خوێنده‌وارانی کورد ڕووویان له سنووره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به تایبه‌ت ئێستانبول کرد.ئێستانبول ده‌روازه‌ی ئه‌ورووپایه. ئه‌ورووپا له سه‌رده‌می گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانیدا بوو و سه‌رده‌م سه‌رده‌م ڕۆشنگه‌ری و بره‌ویی تیوری کۆمه‌ڵایه‌تی و ... بوو. تیۆرییه ڕۆژئاواییه‌کان ئه‌کرانه‌وه به تورکی و ئه‌که‌وتنه به‌ر ده‌ستی خوازیارانی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتووری به سه‌ر ڕۆشتبوو و کۆمه‌ڵگا کان وه‌ک نه‌ته‌وه خۆیان پێناسه ئه‌کرد و بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ده‌وڵه‌تی خۆیان که‌وتبوونه جووڵه. که وابوو هه‌ندێک زاراوه‌ی تازه وه‌ک ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه ، ناسیۆناڵیزم . سوسیالیزم و زۆر زاراوه‌ی تریش سه‌ریان هه‌ڵدا و ئاساییه که له ئهدهبییاتیشدا ڕه‌نگیان دایه‌وه. له لای فارسه‌کانیش ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می مه‌شرووته هاتبووه ئاراوه. چه‌ند ڕۆژنامه و گۆڤارێکی کوردی ده‌ستبه‌کار بوون و زمانی په‌خشان نه‌خته نه‌خته که‌وته گڕوگاڵ کردن. که وابوو نووسه‌رانی کورد له گه‌ڵ ئه‌ده‌بییاتی ده‌روه‌ست ئاشنا بوون و هه‌ستیان به ده‌ربه‌ستی به نیسبه‌ت هه‌موو پرس و کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگایانه‌وه کرد. چیتر پێناسه‌ی شێعر لایان گۆڕا و بوو به ئامرازێک له خزمه‌تی پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگادا. ئاساییه زمانی به‌رهه‌مه‌کان زۆر له زمانی ئاخاڤتنی خه‌ڵک نزیک ببێته‌وه ، باری جوانیناسی ده‌قه‌کان زۆر له به‌رچاو نه‌گیرێت ، نه‌خته نه‌خته هیژمونی ئایین له سه‌ر ده‌قه‌کان که‌م بێته‌وه و زۆرێک له‌ده‌قه‌کان په‌رچه‌کرداریش بن به‌رانبه‌ر به ئایین. واتای تازه و فورمی کۆن زۆر ناتوانن له گه‌ڵ یه‌ک سازگار بن هه‌ر بۆیه شێعره‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه ئه‌بنه به‌ستێنێک بۆ گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی تر له سه‌ر ده‌ستی چینی دوای خۆیان. گرنگی نه‌دان به فورم و ئاوڕدانه‌وه له واتا و ئه‌ندێشه و پێناسه کردنی هونه‌ر وه‌ک ئامرازێک وای کرد زۆر ئه‌سته‌م بتوانرێت ناوێ شێعریان له سه‌ر دابنرێت و شێعرییه‌ت بوو به قوربانی ئه‌ندیشه و واتا.
له مه زیاتر له سه‌ر ئه‌م پرسه ناڕۆم و هیوادارم له شوێنی تر و نووسینی تردا بتوانم به وردی شی بکه‌مه‌وه. به‌س ئاماژه به یه‌ک خاڵ ئه‌ده‌م ئه‌ویش ئه‌وه که بازنه‌ی کاتی ئه‌م سێ قۆناخه له سێ سه‌ده زیاتر نه‌بوو هه‌ر بۆیه ڕێبازه‌کان له زۆر کاتدا له باری کاتییه‌وه تێکه‌ڵی یه‌ک ئه‌بوون و تا ڕاده‌یه‌کیش له سه‌ر یه‌ک کاریگه‌رییان هه‌بوو. بۆ نموونه کاریگه‌ری ڕێبازی بابان له سه‌ر مه‌وله‌ویی تا ڕاده‌یه‌ک دیاره.
2 – ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی و ڕێبازی گۆرانی
وه‌ک پێشتر باس کرا شێعری کوردی سه‌ره‌ڕای بڕێک خاڵی هاوبه‌ش که له گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یانه ئه‌وه‌نده‌ش خاڵی جیاواز و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه که بکرێت ده‌سته‌به‌ندیان بکه‌ین و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان ده‌ستنیشان بکه‌ین. یه‌کێک له ڕێباز و قۆناخه‌کانی شێعری کوردی ڕێبازی گۆرانییه که بڕێک تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی به نیسبه‌ت ڕێبازه‌کانی پاش خۆی هه‌یه. ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی یه‌کێک له شاعێرانی ئه‌م ڕێبازه‌یه که ئه‌توانین بڵێین هاوسه‌رده‌می مه‌وله‌وی و سه‌یدی تازه‌یه . له گه‌ڵ ژیانی شێعری ئه‌حمه‌د به‌گدا ڕێبازی بابانه‌کانیش سه‌ری هه‌ڵدا بوو و ڕێبازی گۆرانی که‌وتبووه حاڵه‌تی ئیشباع و لێوڕێژبوون و دوایین شاکاره‌کانی ئه‌خولقاند . له لایه‌کی تریشه‌وه له لای فارسه‌کانیش سه‌رده‌می گه‌ڕانه‌وه بوو له دنیای ئهدهبییاتیاندا و ئاوڕدانه‌وه له جوانکارییه ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌وری تایبه‌تی ئه‌گێڕا. خاڵۆی کۆماسی دۆستایه‌تییه‌کی نزیکی له گه‌ڵ مه‌وله‌ویی هه‌بوو و کاریگه‌ری شێعره‌کانی مه‌وله‌وی له سه‌ر ده‌قه‌کانی ئاشکرایه به‌ڵام قه‌ت نه‌یتوانی وه‌ک مه‌وله‌وی له باری ئه‌ده‌بییه‌وه گه‌شه بکات . پێموابێت خوێندنه‌وه‌ی وردی شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گ وتارێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌ڵئه‌گرێت و له‌م هه‌وڵه‌دا نامانه‌وێت ئاوڕ له‌م گرنگه بده‌ینه‌وه به‌س به شێوه‌یه‌کی زۆر خێرا له گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕێبازی گۆرانی ههلێئهسهنگێنین.
ئهلف : شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گ له باری واتاییه‌وه
ئه‌توانین کۆی به‌رهه‌مه‌کانی خاڵۆی کۆماسی له باری واتاییه‌وه دابه‌ش بکه‌ینه سه‌ر چه‌ند به‌ش. به‌شی هه‌ره زۆریان شێعری ئهویندارانهن که له دووری یاری ئه‌ناڵێنێت و داوای ویساڵ ئه‌کات. ناڵین و هاوار کردن له ده‌س چه‌رخی چه‌پگه‌رد و جه‌فای ڕۆژگار به‌شێکی تر له واتا و ناوه‌ڕۆکی ده‌قه‌کانییه‌تی ، ئاڵووگۆر کردنی نامه به زمانی نه‌زم له گه‌ڵ دۆستانی به تایبه‌ت مه‌وله‌وی به‌رچاوه . شێعری "گڵکۆی تازه‌ی له‌یل "یش که بۆ کۆچی دوایی خێزانی نووسیویه‌تی له باشترین شێعره‌کانی دێته ئه‌ژمار. هه‌موو ئه‌م بابه‌ته واتاییگهله له ده‌قه‌کانی ڕێبازی گۆرانیدا هاوبه‌شن به‌ڵام به تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌وه. بۆ نموونه که باسی ئه‌شق ئه‌کرێت ، دڵداره‌که تا لای دڵدارێکی بان سروشتی به‌رزئه‌کرێته‌وه و به جوانی هێژموونییهتی ڕۆحانی و سۆفیگه‌ری له ده‌قه‌کاندا هه‌ست پێده‌کرێت. قه‌ت گله‌یی له دڵدار ناکرێت و هه‌موو تاوانه‌کان ئه‌که‌وێته پێی چه‌رخی چه‌پگه‌رد و جه‌فای ڕۆژگار ، بۆ نموونه : گۆشێ نهشنهوۆ ڕێزه‌ی ڕازی تۆ / ئه‌و جڤهی وه نه‌رم دڵنه‌وازی تۆ/ هه‌ر په‌ی ئید خاسه‌ن ئه‌تریش بۆ ده‌ربه‌س / با وا نهشنهوۆ هه‌رگیز ده‌نگی که‌س .
له‌م دوو به‌یته‌دا دڵدار هه‌ر که‌سێک بێت تا لای دڵدارێکی بان سروشتی به‌رز ئه‌کرێته‌وه و خوێنه‌ر دڵنیا ئه‌کاته‌وه که مه‌به‌ستی خاڵۆی کۆماسی زاتی خودایه به‌ڵام له له دوو به‌یتی کۆتاییدا ده‌ریئه‌خات دڵدار ، دڵدارێکی زه‌وینییه : وه‌لحاسڵ ژیان بێ دیداری تۆ/ به‌د ته‌ره‌ن جه مه‌رگ نه‌ونه‌مامی نۆ / ئه‌حمه‌د ئومێدش به دانای داوه‌ر/یا تاقه‌ت یا مه‌رگ یا وه‌سڵی دڵبه‌ر .
یان له شوێنێکی تردا مه‌جلسێک وێنه ئه‌کا که زۆر به ڕوونی زاڵبوونی هێژموونییهتی خانه‌گا به سه‌ر شێعره‌کانییه‌وه ده‌رئه‌خات : سه‌دای به‌زمی گه‌رم مه‌یخۆران مه‌یۆ/ بانگی نۆشانۆش جه یاران مه‌یۆ / مه‌یه‌ن ،موتریبهن، سازهن، نهوازهن /نه‌یه‌ن، عوشرهتهن نازه‌ن نهوازهن / یاران گشت سه‌رمه‌ست باده‌ی ویساڵهن / سه‌رشاری شه‌راب سافی زوڵالهن .
وشه‌ی چراغ به ڕای من هه‌ر ئه‌و زاڵبوونی باری خانهگایهیه به سه‌ر ده‌قه‌کاندا و ته‌نیا تایبه‌ت به ئه‌حمه‌د به‌گ نییه و زۆرێک له شاعێرانی ئه‌و ڕێبازه مانۆڕی زۆر به‌م وشه‌وه ئه‌ده‌ن. چراغ ئه‌توانێت خوازه بێت له ڕوومه‌تی یار یان هه‌ر هه‌مان شه‌مع بێت که بۆ خۆی وه‌ک په‌پووله له ده‌وری ئه‌سووتێت .ئه‌حمه‌د به‌گ له ده‌قه‌کانیدا باسی شه‌رعی هه‌ر ناکات. باسی زانستی سه‌رده‌می خۆی هه‌ر به‌رچاو ناکه‌وێت . بۆ خۆی غه‌ریبی کێشاوه و دوورکراوه‌ته‌وه که وابوو باس له غوربه‌ت کردن و گله‌یی کردن له نامۆیی به‌شێکی گرنگ له ده‌قه‌کانییه‌تی به‌ڵام له گه‌ڵ غوربه‌تی سه‌رده‌می نالی جیاوازه. غوربه‌ت لای ئه‌حمه‌د به‌گ دوورییه له چه‌ند دێهاتێکی ده‌ورووبه‌ر وخزم و که‌سانی .
به‌رچاوبوونی چه‌ند وشه له نێو شێعرهکانیدا وه‌ک ؛ له‌یلی، مه‌جنوون،چراغ، ویساڵ ، ئاگری ئه‌شق ، عه‌وداڵ و... به ئاشکرایی بۆمانی ڕوون ئه‌کاته‌وه که له ژێر هێژموونی ڕۆحانی و خانهگاییدا بووگه به‌ڵام واش دیاره ته‌نیا له باری ئه‌ده‌بییه‌وه له ژێر کاریگه‌ری شێعره گۆرانییه‌کانه‌وه بووگه ئه‌گینا وا پێده‌چێت بۆ خۆی په‌روه‌رده‌ی خانهگاکان نه‌بووبێت. تا ئێره بۆمان ده‌رکه‌وت ده‌قه‌کانی خاڵووی کۆماسی له باری واتاییه‌وه له گه‌ڵ ده‌قی هاو ڕێبازهکانیدا خاڵی هاوبه‌شی یه‌کجار زۆره.
ب : شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گ له باری زمانی و فورمیکهوه
شێعره‌کانی ڕێبازی گۆرانی له سه‌ر کێشی بڕگه‌یین که درێژه‌ی لۆژیکی گاتاکانی ئاوێستا و ئه‌ده‌بییاتی زاره‌کیمانه. کێشی بڕگه‌یی ده‌قه کۆنتره‌کان تا ڕاده‌یه‌ک درێژتر بووه که هه‌ر وه‌ک نموونه ئه‌توانین ئاماژه به شێعره‌کانی سه‌یدی کۆن بده‌ین به‌ڵام به‌ره‌ی تازه‌ی ڕێبازی گۆرانی به زۆری له درێژی بڕگه‌کان که‌م ئه‌که‌نه‌وه. ده‌قه‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گیش له سه‌ر کێشی بڕگه‌یین و زۆر به‌ی شێعره‌کانی 10 بڕگه‌یین که تایبه‌یمه‌ندی زۆرێک له هاوسهردهمهکانییهتی. غه‌زه‌ڵ و قه‌سیده وچوارینه له‌م ڕێبازه‌دا وه‌ک فورمێک بۆ شێعر وتن به‌رچاو نییه و زۆربه‌ی شاعێران له فۆرمێکی وه‌ک مه‌سنه‌ویی که‌ڵک وه‌رئه‌گرن که ئه‌توانێت کاریگه‌ری ئه‌ده‌بییاتی زاره‌کی و ئه‌ده‌بییاتی خانه‌گا و ئایینی یارسانیشی پێوه دیار بێت، هه‌رچه‌ند فۆرمێکی کۆن و ساده‌شه که له گه‌ڵ ساده‌یی و دڵڕفێنی زۆرێک له ده‌قه‌کاندا ته‌بایه.به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گیش هه‌ر له سه‌ر هه‌مان فورم دانراون و ته‌نانه‌ت یه‌ک غه‌زه‌ڵ یان قه‌سیده‌شی نییه. جا بۆیه وتم فۆرمێکی وه‌ک مه‌سنه‌ویی چوون مه‌سنه‌ویی فۆرمێکه زیاتر بۆ ئه‌ده‌بییاتی په‌روه‌رده و ئامۆژگاری کردن به کار دێت به‌ڵام ئامۆژگاری و په‌روه‌رده کردن تایبه‌تمه‌ندی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ڕێبازه نییه.
له کۆی ده‌قه‌کانی ئه‌م ڕێبازه به تایبه‌ت به‌رهه‌مه دواترهکاندا دووپاتکردنه‌وه زۆر به‌رچاو ئه‌که‌وێت ، هه‌م دووپاتکردنه‌وه‌ی وشه و ده‌سته‌واژه‌کان هه‌م دووپاتکردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌که‌می به‌یته‌که . ئهحمهدبهگیش له زۆرینه شێعرهکانیدا هه‌ر ئه‌م خاڵ و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ڕه‌چاو کردووه و ئه‌توانم بڵێم یه‌کێک له به‌ر چاوترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م ڕێبازه‌یه، بۆ نموونه: چراغم شه‌وبۆ چراغم شه‌وبۆ /شه‌وێ جه شه‌وان شیم په‌رێ شه‌وبۆ / هه‌راس بیم جه داخ شه‌وبۆی زوڵفی تۆ /لاعیلاج چنیم ده‌سته‌ی شه‌وبۆی کۆ. وه‌ک ئه‌بینین وشه‌ی شه‌وبۆ چه‌ند جار دووپات کراوه‌ته‌وه و بڕگه‌ی یه‌که‌مه‌ی شێعره‌که‌ش جارێک دووپات بووه‌ته‌وه . نموونه‌ی له‌م چه‌شنه له شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گ و کۆی شاعێره‌کانی ئه‌م ڕێبازه‌دا یه‌کجار زۆره. پێش تر وترا که باس و خواستی شه‌رعی و ئایینی له ده‌قه‌کانی ئه‌م ڕێباز و ڕێچکه‌یه‌دا زۆر که‌مه و ته‌نانه‌ت هه‌ر نییه هه‌ر به‌م پێیه‌ش وشه و به‌یتی عه‌ره‌بی زۆر زۆر که‌م به کار براوه ، ئه‌توانێ تا ڕاده‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ش بگه‌ڕێته‌وه که جۆگرافیای کاری ئه‌م به‌ره‌یه زیاتر به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌گرێته‌وه که ئه‌م به‌شه‌ش زیاتر له ژێر کاریگه‌ری ئه‌ده‌ب و زمانی فارسی‌دا بووگن ،وه‌ک به‌ڵگه‌ش ئه‌توانین ئاماژه به‌وه بده‌ین که شاعێرانی ئه‌م به‌ره‌یه زیاتر په‌رچه‌کرداریان به‌رانبه‌ر به زمانی فارسی بووه هه‌ر بۆ نموونه خانای قوبادی ئه‌ڵێ : هه‌رچه‌ن مه‌واچان فارسی شه‌ککه‌ره‌ن/ کوردی جه لای من به‌س شیرین ته‌ره‌ن .
به هه‌ر حاڵ ئه‌حمه‌د به‌گیش زیاتر له چه‌ند وشه‌ی عه‌ربی له ده‌قه‌کانیدا گیر ناکه‌وێت .
شێعری ئه‌م به‌ره‌یه به پێی ڕێبازی بابانه‌کان زۆر ساده تر و ڕه‌وایی تره و له ده‌قه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا ئاوڕ له سه‌نعه‌ته بهدیعییهکان نادرێته‌وه و ئه‌گه‌ریش دووپاتکردنه‌وه، وێکچوواندن و خوازه ئه‌بینین ئه‌وه سروشتی زمانی نه‌زم و شێعره نه‌ک ڕه‌چاو کردنی سه‌نعه‌ته بهدیعییهکان . ئه‌توانێ یه‌کێک له هۆکاره‌کانی زاڵ نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی حوجره‌کان بێت به سه‌ر شێعری ئه‌م به‌ره‌یه‌دا که وابێت که‌متر ئاوڕیان له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌ب داوه‌ته‌وه. شێعره‌کانی خاڵۆی کۆماسی به زۆری شێعرگه‌لێکی ساده و ڕهوایین که زۆر که‌م که‌ڵک له جوانکارییه ئه‌ده‌بییه‌کان ئه‌گرێت و ئه‌گه‌ریش وێکچواندن و خوازه ئه‌بینین زۆر ساده و سه‌ره‌تایین ، بۆ نموونه : جه پیاڵه‌ی غه‌ب غه‌ب سافش بکه‌ران / جه سایه‌ی گه‌ردن په‌ی په‌ی بوهران ، سه‌ره‌ڕای ساده بوونی وێکچواندنهکه ئه‌کرێت تا ڕاده‌یه‌کیش هه‌ڵه بێت چوون هه‌رچی بیرم لێکرده‌وه هیچ خاڵێکی هاوبه‌شم له نێوان غه‌ب غه‌ب و پیاڵه‌دا نه‌بینیه‌وه. یان : دووعهنابی لهب ، دوو بادامی چه‌م / دوو سێبی گۆنا قه‌تره‌ی ئاوی ده‌م . له‌م به‌یته‌دا دوو وشه‌ی " عه‌ناب " و " بادام " به ته‌نیا ئه‌یانتوانی دوو خوازه‌ی جوان بن له لێو و چاو به‌ڵام وه‌ک ئه‌بینین خاڵۆی کۆماسی ئه‌یانکات به وێکچواندن و بۆ خۆی ئاماژه به هه‌موو شتێکی ئه‌دات و هیچ بۆ به‌رده‌نگ نایه‌ڵێته‌وه و زۆرێک له جوانییه‌کانی ئه‌کوژێت. هه‌رچه‌ند مه‌وله‌ویی زۆر باشتر ئاوڕ له جوانکارییه ئه‌ده‌بییه‌کان ئه‌داته‌وه به‌ڵام زۆر به‌ی شاعێرانی تری ئه‌م به‌ره‌یه ده‌قه‌کانیان له ته‌شقی ساده‌ییدا یه و جگه له چه‌ند نموونه تێکڕای ده‌قه‌کانیان ڕهوایین.
وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا ڕێبازی گۆرانی تا به‌ره‌و پێش هات له وشه کۆنه هه‌ورامییه‌کانی که‌متر بووه‌وه و ته‌نانه‌ت زۆرێک وشه‌ی سۆرانیشی تێکه‌ڵ بوو، ئه‌حمه‌د به‌گ یه‌کێک له شاعێرانی ئه‌و ڕێچکه‌یه‌یه که بۆ خۆی سۆرانی بوو هه‌ر بۆیه‌ش ده‌قه‌کانی پڕن له وشه‌ی سۆرانی و ئه‌توانین بڵێین وشه‌ی کۆن و تایبه‌ت به شێوه زاری هه‌ورامی له ده‌قه‌کانیدا ده‌ست ناکه‌وێت.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌مان له سه‌ر شێعره‌کانی ئه‌حمه‌د به‌گ ببێت زۆر زیاتر له‌مانه مه‌جالمان پێویست ئه‌بێت به‌ڵام تا ئێره ئامانجی وتاره‌که که گونجاندنی ده‌قه‌کانی خاڵۆی کۆماسی له گه‌ڵ ڕێبازی گۆرانیدا بوو پێکراوه.
سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌کان :
· مه‌به‌ست له شێعری کوردی له‌م وتاره دا شێعری دووبه‌شی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستانه.
1 دیوانی خاڵۆ کۆماسی ، حه‌کیم مه‌لا ساڵح ، بڵاوگه‌ی کوردستان ، 1390ی کۆچی
2 دیوانی مه‌وله‌ویی ، مه‌لا عه‌بولکه‌ریمی موده‌رریس ، بڵاوگه‌ی کوردستان ، 1386
3 دیوانی بێسارانی ، حه‌کیم مه‌لا ساڵح ، بڵاوگه‌ی مێهرگان ، 1375
4 دیوانی نالی ، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریم موده‌رریس ، بڵاوگه‌ی کوردستان ، 1385
5 دیوانی حاجی قادر ، سه‌ردار حه‌مید میران، 1986
6 دیوانی سه‌یدی ، حه‌مه ئه‌مینی کاردۆخی ،
7 گۆڤاری هه‌نگاو ، ساڵی سێهه‌م، ژماره‌ی چواره‌م، لاپه‌ره‌ی 49
8 تایبه‌تنامه‌ی شێعری هاوچه‌رخی کوردی "دێڕ "
9 ڕێبازه ئه‌ده‌بییه‌کان ، د فه‌رهاد پیرباڵ ، بڵاوگه‌ی ئه‌ندێشه ، 2009
10 مکتبهای ادبی ، رضا سید حسینی ، انتشارات نگاه ، 1385
11 سبک شناسی در شعر ، د. سیروس شه‌میسا ، چاپ نهم ،نشر فردوس ، 1382
12 از شکسپیر تا الیوت ، سعید سعید پور ، نشر اینه 1377
سه‌یوان نیک په‌ی ، کارناسی زمان و ئه‌ده‌بییات .
ناونیشان : مه‌ریوان ، شارۆچکه‌ی به‌هاران فازی 2. کۆڵانی خه‌زانی 5
ژماره موبایل : 09364208766
ناونیشانی ئه‌نته‌رنێتی : nikpeyseywan @ gmail.com