ما 5149 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نازانم چۆن باسی کسپەی دڵم بکەم کاتێک ئەمڕۆ لە فەیسبووک هەواڵی مەرگی نابەوەختیم بینی. کسپەیەک لە چەشنی هەمان کسپە وا ئەو شەوە بۆ یەکەم جار و بۆ ئاخرین جار قسەم لەگەڵ کرد. دیسان گرمۆڵە بوومەوە. بنوو باوان! ئەوانەی وا خۆر دەنووسنەوە لە مێژە لە ناو بارانەکاندا بەجێ ماون.

 

 

ئەو شاعیرەی خۆی کوشت

لە پەنجەرەوە خۆی دەهاوێتە خوارەوە و لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان دەکا.

چەند مانگ لەوە پێش لە رێگای برادەرێکەوە لە بانە ناسیم. ئیسمایل کەریمی دەڵێم،... ناسراو بە 'کام ژین'، وەک نازناوی شاعیری. بە تەلەفۆن قسەمان کرد. بۆ یەکەم جار سیمای ماندوو و میهرەبان و پڕ لە حەسرەتی پیاوێکم بینی بە کڵاوێک بە سەرییەوە کە لە هەمان چرکەی یەکەمدا هەژاندمی. گوتی شیعر دەنووسم و هۆگری خوێندنەوەم، گوتی لە منداڵییەوە کاتێک من سەردانی ئەنجومەنی ئەدەبی بانەم دەکرد دەیناسیم و ئیتر کۆمەڵێک قسە کە تەنیا لە دەمی ئەوانە دێتە دەرەوە وا خاوەن دڵێکی خاوێن و بێگەردن و هێشتا تەمی نەفرەت و رق و ئێرەیی داینەگرتوون. گرمۆڵە بووم، حەزم کرد بڵێم "راستی تۆ هێشتا خەڵکی ئەو وڵاتەی وا ساڵانی ساڵە لە بیر چووەتەوە!"

حەزی کرد شیعرێکی خۆیم بۆ بخوێنێتەوە.شیعرێک بەناوی سەمفۆنیای باران. خوێندییەوە:

" لە ئەندێشەی

شۆڕ شۆڕی باران

بارانی یاخی

 شەوانە ، منم یا تۆ!

نازانم

تۆ، یا من

تا بەیان خۆر دەنووسێتەوە!"

دوواتر زانیم کوڕە هەژارێکە رۆژ تا ئێوارێ بە کۆمەڵێک پاکەتە جگەرە، لە ناو سندووقێکدا، هەڵواسراو بە گەردنییەوە کۆڵان و کۆڵان و جادە و جادە دەکا بۆ پاروویەک نان.

نازانم چۆن باسی کسپەی دڵم بکەم کاتێک ئەمڕۆ لە فەیسبووک هەواڵی مەرگی نابەوەختیم بینی. کسپەیەک لە چەشنی هەمان کسپە وا ئەو شەوە بۆ یەکەم جار و بۆ ئاخرین جار قسەم لەگەڵ کرد. دیسان گرمۆڵە بوومەوە.

بنوو باوان! ئەوانەی وا خۆر دەنووسنەوە لە مێژە لە ناو بارانەکاندا بەجێ ماون.

گەڕان بۆ بابەت