ما 5810 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سنوورەکان تێکەڵ دەبن

ئەدەب خۆی لە سیاسەت جیادەکاتەوە، بەڵام هاوکات یەکێک لە ناوەڕۆکەکانی سیاسەتە. بەرجەستەترین فۆڕمی سیاسیی ئەدەب ئەدەبی بەرنگارییە کە تێیدا پەیامە سیاسییەکان بە رووتترین شێوازی بەرچاو خۆیان دەردەخەن.

لە ئەدەبی بەرنگاری لەبەر ئەوەی دوو بەرە هەیە، هەموو فەلسەفەی ئەدەبەکە لە وێنەی رەش و سپی دا جێی دەبێتەوە. دوژمن یاخود نەیار لەوبەرەوە و، دۆست یان یار لەمبەرەوە. ئەدەبی بەرنگاری خزمەتی مانەوە و دوورکەوتنەوە لە تێداچوون دەکا.

ئەدەبی بەرنگاری بەم پێیە ئەدەبی حیماسیە. پرسیار لە خۆ یاخود 'خود' ناکا، بەڵکو خەمی بریتییە لە سەپاندن یاخود قەدهەڵبڕینی خۆیەتی لە بەرامبەر ئەوی تردا. بەم پێیە ئەدەبی بەرەنگاری خاوەن جیهانێکی سادەترە. بگرە گەر پرسیاریش لە خۆی بکا لەو پێناوەدایە کە داخۆ ئەوەی جاران ماوە یان نا. لە ئەدەبی بەرنگاری سنوورەکان نەک تەنیا تێکەڵ نابن، بەڵکو هەوڵی چڕ و خەستکردنەوەی زیاتریان دەدرێتێ.

هەتا ئەوی تر سڕینەوە هەبێ، هەتا ئەوی تر پێشێلکردن هەبێ، ئەدەبی بەرنگاری دەبێ؛ بەڵام پێدەچێ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە ئەدەبی بەرنگاریش حەزی بە گومان کردن لە بەرەی خۆیە. ئەم دۆخە بە گوێرەی ئەزموونکردنی دەسەڵاتی ئەوانەی وا خەونمان پێوە دەبینین، چڕتر دەبێتەوە.

سایتی قەڵەم

٧ مانگی مەی ٢٠٢١

 

گەڕان بۆ بابەت