ما 3050 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مامۆستا سینا کە لە قەدیمەوە مامۆستایە و دەرسی ئەدەبییات دەڵێتەوە و بە هۆی کەمی مامۆستا هێشتا جاروبار کاردەکا و بەردەوامە لە هاتوچۆی نێوان قوتابخانە و ماڵەوە، دەست بە سمێڵە زل و بابڕە سپییەکانیدا دێنێ و دەڵێ لە هەموو سەردەمێکدا شتێکی گەورە هەڵەیە، بەڵام لە بەعزێ سەردەمدا ئەم هەڵەیە یەکجار گەورەترە.

 

لە بیرم دێت (٧)

(کتێبی دووهەم)

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مامە تەنەکە لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بوو، وای پیشاندەدا کە عەلئەساس پارەی میراتەکە شتێکی سەیر نیە، بایەخی زۆر لە خوارەوەیە و ئەگەر وەریدەگرێ تەنیا لەبەر ئەوەیە کوڕی باوکیەتی و شتێکی وەهایش ناتوانێ لەگەڵ ئەمە کە لە دەرەوەی خواست و نیازی ئەوەوەیە بکات. بە دەنگی بەرز دەیگوت پیاو دەبێ ملبداتە چارەنووسی خۆی. هەرچەند باوکم زۆر رقی لەم بۆچوونە بوو و دەیگوت گەر شا کەمێک خۆی بگرتایە و مقاومتی بکردایە ئەوا چارەنووسی جۆرێکی تر دەبوو.

من تا ئەو شوێنەی کە مامە تەنەکە پیاوێکی چاوچنۆک و دەست قونجاو و رژد نەبوو، لە گەڵیام؛ بەڵام لە لایەکی ترەوە دەبێ بڵێم کە مامە یەکجار حەزی لە پارە بوو و بەسەراکەوتنی پارەیەکی لابەلا کە ئەوەندەیش بێ بایەخ نەبوو، دەیتوانی بەشێکی ژیانی پڕبکاتەوە.

راستییەکەی ئەوە بوو مامم ژنی بۆ عەبە بێقۆلی کوڕی نەهێنابوو و لەگەڵ ئەوەی تەمەنی عەبە لە بیست و پێنج لایدابوو و هێشتا لای باوکی کاری دەکرد، کەچی قنج و رەبەن مابووەوە و بۆ خۆی دەهات و دەچوو. هەڵبەت عەبە لە رواڵەتدا یەکجار گۆڕابوو. ئیستا بۆ خۆی پیاوێک بوو و کۆتە گەورە و قۆل درێژەکەی جارانی لەبەردا نەمابوو؛ بەڵام گەر کەمێک لێی ورد بایتەوە دەتبینی هەمانی جارانە. عەبە خۆشەویست نەبوو و خەڵکی هەتا دەیانتوانی خۆیان لێ دەپاراست و ئەوەیشی بەدەمییەوە دەهات تەنیا لەبەر ئەوە بوو خۆی لە نەهامەتییەکانی بپارێزێ!

مامە تەنەکە لەبەر خۆیەوە لێکی دەدایەوە کە بە میراتەکە دەتوانێ ژن بۆ کوڕەکەی بێنێ و گەر سەریشی نەگرت و عەبە لە داهاتوودا لە ژنەکەی جیابووەوە، ئەوا ئەم هیچ زەرەرێکی نەکردووەو لە راستیدا پارە و پووڵی کەسی ترە لە دەستی داوە، نەک خۆی!

بۆیە کاتێک میراتەکەی وەرگرت، کەوتە گەڕان بە شوێن کەسێکی وەهاوە کە کچێکی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ بۆ عەبەی داوابکا. لە دەرگای زۆر ماڵانی دا و روویکردە گەلێک کەس، بەڵام هەر هەموویان یان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان بە روویانەوە نا و کچیان نەدایە. مامە، کە تازە بوو تێدەگەیشت چ دۆخێکی بە هۆی کوڕەکەیەوە لەناو خەڵکیدا هەیە، بڕیاری دا بچێ و لە دێهات ژنی بۆ بخوازێ، بەڵام ئەمەی لە ئاستی کەسایەتی و ناسیاویی خۆی لە شاردا نەدەبینی و بۆیە روویکردە شاران. بە خۆشییەوە بە هۆی ئەو ئاشنایەتی و هاتوچووەی لەگەڵ هەندێ کەس هەیبوو، توانی ژنێکی سوور و سپیی چاو شین بۆ عەبە بێنێ. سەیر ئەوە بوو لەگەڵ ئەوەی کەس ئامادەنەبوو کچ بە کوڕەکەی بدا کەچی رۆژی زەماوەنەکەی یەکجار قەرەباڵغ بوو و ئەوەندە سەیارە بۆ راگواستنی بووکێ هاتبوون کە جادە نەیدەگرتن! بۆق لێدان و هۆڕن لێدانێک بوو، نەبێتەوە. بە تایبەت چەند ماتۆڕێک لە هاوڕێیانی عەبە کە هەر هەموویان کراس و پانتۆڵی رەشیان لە بەردا بوو، سەر دەست و قۆلەکانیان کوتابوو و بە سمێڵی فش و دەسماڵی سوور، ئەنگوستیلەی زل و تەسبێحەوە کەوتبوونە ناو ریزی ماشینەکانەوە و بە کەیفی خۆیان مانۆڕیان دەدا.

هەڵبەت بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی مامەتەنەکە، عەبە کە بە چاوی شین و روخساری سوور و سپیی و قژە کاڵەکانی ژنەکەی حەپەسابوو، وازی لە بەزمی جارانی هێنا و لکا بە ژیانی تازەی خۆیەوە. راستییەکەی ئەوە بوو عەبە بێقۆل لە عەبەبوونەکەی جارانی وازی هێنا و بۆخۆی دووکانێکی تری کردەوە و وەها سەری بە ژیانی خۆیەوە گرت، کە کەس باوەڕی نەدەکرد. ژنەکەی کە ئافرەتێکی بێدەنگی هەمیشە چاو بەپێکەنین بوو و بە هاتنی خۆی ژیانی عەبەی بە تەواوی گۆڕیبوو کارێکی کرد لە دووای یەک دوو ساڵێک بگرە پێش ئەوەی یەکەم منداڵیشیان لە دایک بێت، گواستیانەوە بۆ شارەکەی خۆی. زۆر کەس دەڵێن عەبە لەبەر جوانیی ژنەکەی ئەمەی کرد، هەندێ دەڵێن لەبەر ئەوەی نەیدەویست هەتیوەکانی رفیقی هاتوچۆی ماڵەکەی بکەن و بەعزێکیش دەڵێن ماڵە خەزووری دەوڵەمەندن و گوایا وەعدی کارێکی باشیان پێداوە. بەهەرحال عەبە بێقۆل گواستییەوە و بۆ هەمیشە لە شارەکەی ئێمە ونبوو. تەنانەت وای لێهات سەردانە جاربەجارەکانیشی نەما و، چیتر شەقام و کۆڵان نەبینییەوە. وەک بڵێی ئەویش وەک 'شا' سوار دوواکۆپتەری ژیانی خۆی بووبێ و بۆ هەمیشە بەرەو هەندەران سەری خۆی هەڵگرتبێ.

مامە تەنەکە کە قەت چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد، لە جیاتی ئەوەی رەحمەت بۆ گۆڕی باوکی بنێرێ، بۆ گۆڕی دایکی دەنارد! لەبەر ئەوەی پێی وابوو هۆکاری چاکە لە بنەماڵەکەیاندا دایکیەتی،... ئەو دایکەی مەزڵوومانە ژیا و مەزڵوومانە سەری نایەوە.

مامەتەنەکە لەوە بەدووا شاگردی گرت و پاشماوەی ژیانی هەتا مرد لەگەڵ شاگردەکانی لە دووکانەکەدا بەسەربرد.

باوکم لای وایە هەندێ کەس لە ژیاندا ئەوەندە بەشانسن نەبێتەوە. ئەو لای وایە ئەم جۆرە کەسانە لە ئاسمانیشەوە بۆیان دەبارێ و هەموو شتێک دەبێ بە بیانوویەک بۆ خۆشبەختی ئەوان. ئاگام لێیە جاری وایە بە پوورم دەڵێ:

ـ ئاخر تۆ بەو هەموو خوێندەوارییەوە وەرە یەک تۆز بەختی ئەو گرگنەت نەبێ و، کوڕەکەی منیش لەگەڵ ئەو هەموو خوێندەواری و زاناییە، وەرە دە ساڵی رەبەق خەوی لێبکەوێ و نەزانێ دونیا لەو دە ساڵەدا بە چ بارێکدا وەرگەڕاوە!

پوورم کە بەشەکەی خۆی بەدڵ نیە، لووتێکی لێ هەڵدەقرچێنێ و بە بێ ئەوەی وەڵامی باتەوە هەر لە خۆوە دەچێ بۆ حەوشێ. منیش کە لام وایە خۆشبەختی بە ژنهێنان و شتی لەم بابەتە نیە، پێم وایە باوکم هیشتا هەر لە سەردەمی خەونەکانی خۆی لە کاتی شادا دەژی و باوەڕناکا ژیان بە قەدەر خودی ئەو ساڵانەی وا بەسەریا هاتووە، گۆڕاوە.

بەڵام با بزانین مامە چایی بە میراتەکەی چیکرد. مامە کە بە هۆی کەوشە لاسیقییەکانی، راوەستانی زۆر لەسەر پێ و ئارەقکردنەوەی لاقەکانی بەری پێکانی مێخەکیان دەردابوو، بڕیاری دا کارەکەی بگۆڕێ. هەڵبەت لەپێشدا زۆر هەوڵیدا چارەسەرێک بۆ مێخەکەکان بدۆزێتەوە، بۆ وێنە قاچەکانی هەموو شەوێک جوان بە سابوون دەشۆرن، لە جیاتی کەوشی لاسیقی ئیستاکە سەرپێی لەپێ دەکرد و جاری وایش هەبوو قولاپی کامواچنینی سووردەکردەوە و دەیسووتاندن.

بەڵام بێسوودبوو. لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێ هەمان کاری دەکردەوە و یەکجار لەسەر پێ راوەدەستا و بگرە تەمەنیشی هەڵکشابوو و چەوریی ژێر پێستیشی کەمی کردبوو، هەتا لایدەکردەوە قاچەکانی وەک خۆیان لێدەهاتەوە. بگرە لە بن سمتی راستیشیەوە ژانێکی خراپی تر رووی تێکردبوو و ئەوەندەی دیکە وەزعەکەی لێ تێکدابوو. وەڕەز لەم دۆخە کاتێک باسی میراتەکە هاتەگۆڕێ، یەک شەوی رەبەق هەتا بەیانی خەوی لێنەکەوت و بیری لێکردەوە چ بکا باشە. بۆ بەیانی ئەگەرچی هێشتا بە هیچ نەتیجەیەک نەگەیشتبوو، بەڵام سەردانێکی سەر گۆڕەکەی باوکی کرد، دەستی بە کێلەکەیەوە گرت و دۆعایەکی باشی خوێند و داوای لە خوای گەورە کرد بیبەخشێ و جێگای بەهەشتی بەرین بێت؛ ئەوسا بە دەم رێگای ناو شارەوە بڕیاری دا بڕە پارەکە بدا بە سوو.

دیارە بەم بڕیارەی خۆی کەمێک بە خۆیدا شکایەوە و، بە ئەسپایی لە شەرما ئەم لاولای خۆی بە چاو پشکنی. دەیزانی بە گوێرەی ئیسلام سوو حەرامە، بەڵام چار چی بوو؟ هەتا کۆتایی عومری هەر قاچەکانی ئارەقیان بکردایەوە و مێخەکیان دەربدایە و ئەمیش هەر بە شەلە شەل بڕوا و ئازارێکی زۆر لە جەستەیدا هەست پێبکا؟ تازە گەر باسی ژانی بن قوونیشی بکا ئیتر ئەوە هەر هیچ! نا، شتی وانابێ. بیری کردەوە رەنگە رێگایەکی دەربازبوون هەبێ. بۆ دوو رۆژ دوواتر سەردانی مزگەوتی کرد و لە خەڵوەتدا لەگەڵ مەلا کەوتە پرسیار و راوەرگرتن. مەلا، سەرەتا گوتی کە بە گوێرەی سوڕەکانی بەقەڕە، ئالی عومران، نساء و رۆم سوو یەکجار قەدەغەیە و بگرە تەنیا گوناحێکە وەک گوناحی "شەڕ لە گەڵ خودا"دا لە قورئان باسی لێکراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئاگای لە دۆخی مامە بوو و دەیزانی چ ئازارێک بە قاچەکانییەوە دەکێشێ، لە دووای پرس و جۆیەکی زۆر لەسەر ئەوەی داخۆ مامە بەو بڕە پارەیە دەتوانێ ئیشی تر بکا، سەرەرای تێفکرین و پیشنیاری جۆراوجۆر بە هیچ شوێنێکی ئەوتۆ نەگەیشتن و، پاش کەمێک دەست بە ریشی درێژ و سپیدا هێنان گوتی دیارە لە ئیسلامدا هەندێ جار دەکرێ سوو وەربگری، مەسەلەن موسوڵمانێک دەتوانێ لە کەسێک کە کافرە سوو وەربگرێ، جا بۆیە تۆ دەتوانێ لە گەڵ کەسێک لەم شارە کە کافرە بکەویتە مەعامەلەوە و بەم شێوەیە لە غەزەبی خودای گەورە بەدوور بی! مامە چایی هەروا لە مەلا راما. باشە چۆن دەیتوانی کەسی وا بدۆزێتەوە. دەیزانی کەس لانیکەم راستەوخۆ خۆی بە کافر لە قەڵەم نادا. مەلا گوتی برای موسوڵمان، کافر لە دوورەوە خۆی هاوارئەکا، مەسەلەن لە ئەحەی ئارەقخۆر بڕوانە، ئیتر ئەمە ئەم لاولای نیە. مامەچایی بیری کردەوە مەلا راستدەکا، بەڵام لەبیری دێ دایکی پێی دەگوت ئەوە خودای گەورە خۆیەتی دەزانێ کێ لە راستیدا کافرە و کێ موسوڵمان و ئەمە کاری عەبد نیە. هەستا بڕوات کە مەلا وەک دوواقسە پێی گوت:

ـ هەڵبەتە مەعامەلە کردن لەگەڵ کەسی کافریش کە ئەخلاقیاتیان بە هۆی دووری لە خودای تەباڕەک تەعالاوە لاوازە و دونیاگەزیدەن، زەحمەتە!

مامە چەند رۆژی دیکەیش سەبری کرد. هەتا نیوەشەوان خەوی لێنەدەکەوت و لەگەڵ ئەوەی نەیدەزانی قورئان بخوێنێتەوە، بەڵام لە تاقچەکە بە دەستی بەنوێژەوە دایگرت و لاپەڕە بە لاپەڕە سەیری وشە و رستەکانی دەکرد. لەبەر چاویدا چەند پڕ لە رەمز و راز و لە هەمان کاتدا چەند خۆفناکیش دەینواند. بیری کردەوە ئەم وشە و رستانە زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵە هەن و هێشتا مرۆڤ لە تێگەیشتنی تەواویان ماوەتەوە. بە خۆی گوت بێهۆ نیە، کەی مرۆڤ بە ئەقڵ و تێگەیشتنی ناکامڵی خۆی دەتوانێ لە کەلامی کامڵی خوا گیان تێبگا. لێرەدا بوو بروسکەبیرێک وەک هەورە تریشقە بە ئاسمانی مێشکیدا گەڕا و بۆ چرکەیەک دونیای وەها رووناک کردەوە کە چاوەکانی نەیاندەتوانی لە حەژمەتی تیشک شتەکان ببینێ. بە خۆی گوت:

ـ ئا، خوای گەورە دەلیلی داماوانە... هەر ئەوە دەزانێ بۆخۆی چی گوتووە!

قورئانەکەی بەستەوە، هەڵیگرت و بەپەلە خستیەوە سەر تاقچەکە. بۆ سبەی رووی کردە حاجی براییمی قۆزاخ کە هەموو خەڵکی دەیزانی پیاوێکی سووخۆرە. پیاوێکی خۆشپۆشی دەموچاو رۆناویی کە هەمیشە مرادخانییەکی کەشخەی لەبەردەکرد. حاجی براییم پارەکەی وەرگرت، بە ئارامی و لەسەرەخۆ ژماردنی و لەگەڵ مامەمە سازا.

ئەو شەوە مامە هەتا بەیانی لە ناو جێگاکەدا تلی دا و ئەم دیواودیوی کرد. هەر چۆنێک لێکی دەدایەوە بەو بڕە سوودەی وەریدەگرت دەیتوانی زۆر موحتاجی کارکردن نەبێت.

داخۆ خودای مەزن لەو سەرسەرانە چۆن بیری لە ئەمڕۆ و لە داهاتووی ژیانی ئەو دەکردەوە؟

لەمێژە شار و دەورووبەری بووەتە لانکەی شەڕێکی درێژخایەن. ئەمە لەو کاتەوە دەستی پێکردووە وا من لە خەوی دە ساڵەدا بووم. رێک لە دووای شۆڕشەوە.  پوورم جاری وایە دادەنیشێ و هەوڵدەدا بە گێڕانەوەی چیرۆک، ئەو دە ساڵەی تەمەنم بۆ قەرەبوو بکاتەوە. ئەو لای وایە ژیان چیرۆکە و بۆیە جیاوازییەکی وەها لە نێوان بینینی راستەوخۆی یاخود گێڕانەوەی لە لایەن کەسێکی ترەوە نیە. پوورم راستدەکا. کاتێک دەکەوێتە گێڕانەوە، هەموو هۆش و سەرنجی من دەچێتە سەر داستانەکانی ئەو. لام سەیرە دەکرێ ئەوەندە چیرۆکی سەیروسەمەرە لە ماوەیەکی وەها کورتدا روویاندابێ. پوورم دەڵێ شا خۆی بوو خەڵکی فێری شەقام کرد. دەڵێ بە گەشەی شارەکان و سەرهەڵدانی خیابانەکان و لە لایەکی ترەوە ئەو مەراسم و کۆبوونەوانەی وا لە ناو شەقامەکاندا بەڕێوەی دەبرد، خەڵکی بەرەو ئەوە برد کە هەست بە هێزی خۆیان بکەن و بزانن شتێکن. دەڵێ کاتێک شا بە تایبەتی لە کۆشکەکەی خۆی هەڵدەستێ و سەردانی شارێکی بچووکی نەناسراوی سەر سنووری وەک ئێمە دەکا، خۆی لە خۆیدا ئەو بۆچوونە لای خەڵکەکە دەخوڵقێنێ کە گرینگن و بۆیە دوواتر ئەو غیرەتە دەدەن بە خۆیان بڕژێنە خیابان و ئەوەی بکەن وا لە ئەساسدا نابێ بیکەن. من کە قەت ناپرسم شا چۆن رووخا و حەزدەکەم لە کتێبەکاندا ئەم بەسەرهاتە بخوێنمەوە، لەوە تێدەگەم کە جاری وایە کردەی کەسێک دەتوانێ بە بێ ئەوەی خۆی پێی بزانێ، شتی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە. رەنگە ژیانیش بە گشتی ئاکامی وەها دیاردەیەک بێت. خوا نەیویست دونیا بخوڵقێنێ، بەڵام هێزی خوڵقاندن پێی کرد.

پوورم لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ ئەو هێزەی بەهۆی شۆرشەوە ئازاد بوو، هەر خۆی بە قۆناغی سەردەمی شۆڕشەوە نەبەستەوە و هەتا ئیستا بە جۆرێک لە جۆرەکان درێژەی هەیە. دەڵێ شۆڕش وەهایە هەتا ساڵانی ساڵ ئاسەوارەکانی لە زەینی هەندێ کەس کە کەمیش نین ناسڕێتەوە و بە تەمای دووپاتکردنەوە هەر وازناهێنن. دووپاتکردنەوەی شتێک کە لانیکەم دەیان ساڵی تری دەوێ، ئەویش بە مەرجێک دۆخ نەگۆڕێ. شەوانە کاتێک من گوێم لە قرمژنی چەکەکان و دەنگی دووری تۆپەکان دەبێ، بیری ئەم قسەیەی پوورم دەکەومەوە. نازانم بۆ من کاتێک پوورم باسی شۆڕش دەکا حەزدەکەم تەنیا گوێی لێبگرم و یەک تاقە وشە چییە لە دەمم نایەتە دەرەوە. من لام وایە لە نێوان ئەو کەسەی رووداوەکانی شۆڕش بە کتێب دەخوێنێتەوە و ئەوەی وا راستەوخۆ ئەزموونی کردووە وەها جیاوازییەک هەیە کە بە هیچ شتێک پڕنابێتەوە. بۆ کتێبخوێنەکە بێدەنگی و گوێگرتن دەمێنێتەوە و بۆ ئەوی تر قسە و گێڕانەوە. شتێک هەیە وشە و رستەکان ناتوانن هەڵگری بن. لە کتێبخانە جاری وایە لاپەڕەی کتێبەکان هەڵدەدەمەوە و وێنەکانی ئەو ساڵانە بەسەردەکەمەوە. ئاپۆرای بێ ئەژماری خەڵکی کە هەست دەکەی تەنانەت شەقامەکانیش هەڵیانناگرێ، وڕت دەکا. سەیرە خەڵکی لە ئاستێکی وەهادا کتوپڕ دەتوانن ببن بە یەک دەنگ و بە یک جەستە و بە یەک داوا. وەک بڵێی شوانێکی نادیار بە یارمەتی گۆچان و سەگەکانی، رانەمەڕەکەی پێش ئەوەی هەتاو داچێ و دونیا تاریک دابێ خڕدەکاتەوە و بەرەو ئاوایی وەپێش خۆیان دەنێ.

جاری وایە نیوەشەوان کاتێک لە دەرەوە دەنگی تەقە بەرزدەبێتەوە و ئاسمانی شار دەگرێتەخۆی، پوورم بە ئارامی دێتە ژوورەکەی باوەگەورە و جەستەی تاریک و لێڵی بەسەر مندا دادەنەوێنێ و، دەڵێ گوێت لێیە ئەمە ئەوانەن وا لە دووای ساڵان هێشتا حاڵ و هەوای شۆڕش بەرینەداون. دەڵێ ئەوان پێیان وایە بە دەنگی تفەنگ دەتوانن جێگای دەنگی خەڵکی پڕبکەنەوە. ئەوسا سەرە تاریکەکەی لەبەر خۆیەوە بادەدا و، دەڕواتەوە دەرەوە. من تا درەنگان، تەنانەت لە دووای کۆتایی هاتنی تەقەکانیش بیردەکەمەوە. نەکا بۆ منیش تەنیا بیرکردنەوە بە میرات مابێ! پاشماوەی شۆرشگێڕەکان تووڕەن و لەبەر ئەوەی لە لایەن حکومەتی نوێوە بێ بەشکراون ئامادەن هەتا دوواسنوورەکانی بەربەرەکانێ بڕۆن،... هەتا مردن. من لام وایە حەقی خۆشیانە. گەر هەموو پێکەوە کردیان، دەبێ هەر هەمووشیان پێکەوە لە دەستکەوتەکاندا هاوبەش بن. بەڵام وادیارە ئەوەی هێزی سەرەکییە زۆرترین بەش بۆ خۆی هەڵدەگرێ و بەرەبەرە هەوڵدەداهی ئەوانی تریش بخوات! وەک ئەو رەوە شێرە مێینانەی بە شوێن نێچیرێکەوەن و لە دووای راوکردنی کتوپڕ شێری نێری رەوەکە لە ناو بێشەیەکەوە پەیدا دەبێ و هەوڵدەدا ئەوانی تر لە کەلاکەکە دووربخاتەوە، دێنە بەرچاوم. نیشتمان ئەم گۆش تا ئەو گۆشی دەنگی نەڕە و مڕەی شێرەکانە.

جاری وایە بە خۆم دەڵێم ئەگەر منیش خەوم لێنەکەوتایە، داخۆ چیم بەسەردەهات؟... چارەنووسم چی دەبوو؟ دۆزینەوەی وەڵام دژوارە. منێک کە بە تەنیا هەستم بە چۆڵیی رێگای قوتابخانەکە و ئارامیی خانە سازمانییەکان کردبوو، دەکرا هەمان ئەزموونی زۆرینە دووپات بکەمەوە، یان ئیستا یەکێک لە پیاوە تووڕە چەک بە دەستەکانی نیوەشەوان دەبووم؟

من دوواوێنەی پێش خەوی دە ساڵەکەم دێنمەوە پێش چاوەکانم. شا دەبینمەوە کە دەم بە بزە بە سەر ماشینێکی کەشخەوە دەست بۆ خەڵکی رادەوەشێنێ و بەردەوام لەم لاو لایشەوە چەپک چەپک گووڵی بۆ دەهاون. ماشینەکە(کان) بەسەر گووڵەکاندا دەڕۆن و پان و پلیشیان دەکەنەوە. کتوپڕ لە دووای ساڵانی ساڵ تێدەگەم شتێک لەم دیمەنەدا هەڵەیە. نا، گووڵەکان نین، بەڵکو،... بەڵکو بە گشتی خودی دیمەنەکەیە. ناکرێ کەسێک ئەوەندە ببینرێ و ئەوەندە هەست بە خۆشبەختی بکا و ئەو هەموو خەڵکی دیکەیش بە جۆرێکی تر بن. من لە جیاتی شا بوومایە لە ماڵی خۆم دەمامەوە و قەت بەم شێوازە لەگەڵ خەڵکی رووبەڕوو نەدەبوومەوە. ئیتر باسی کۆپتەرەکە ناکەم کە چ حەسرەتێکی تری لە ژێر سەقفی خانووە گڵینەکاندا لە دووای خۆی جێهێشت.

کاک بەختیار لە دەرەوە بە دیانە سپییەکانیەوە و بە جامانە تازە و جلە رێک و پێکەکەیەوە، بازاڕی گەرمە. ئەو هەم لێرە لە زیندانەکانی شار دەتوانێ خەڵکی رزگاربکا و، هەم لە دەرەوەیش لەو شوێنەی وا حکومەت دەستی ناگاتێ دەتوانێ بەدەم پیاوانی دەسەڵاتەوە، کە یەخسیرکراون، بڕوات. هەڵبەت وەهایش نیە هەموو کارێکی لەدەست بێت، وەک بۆ خۆی دەڵێ کاری خێر تەنیا فریای پیاوی خێرخواز دەکەوێ! خێرخوازەکانی ئەم بەراوبەریش کەم نین.

کاک بەختیار دەتوانێ بە یەک ئەندازە وەک بۆ خۆی دەڵێ بۆ شەهیدەکانی هەر دوو لا بگری و قوڕبپێوێ. ئەو لای وایە هەر ژیانێک بە زۆر سەندرا، دەچێتە خانەی شەهیدەوە. ئەوەی بە شێوەی سروشتی تەمەنی تەواونەبێ، شەهیدە و جا بگرە لە سەر بیروباوەڕێکیش بکوژێ کە تەنیا بەلای خۆیەوە راستە. من لام وایە کاک بەختیار لە خودی خودایش فراوانتر بیردەکاتەوە. ئەو بە یەک چاو لە عەبدەکان دەروانێ. رەش و سپی و رەنگەکانی تر هیچ جیاوازییەکیان لەنێواندا نیە،... لای ئەو. ژیان بەوانەوە ژیانە و ئەوەی یەکیان بستێنێ لە راستیدا بەتووش گوناح و هەڵەیەکی گەورە و نەبەخشراوەوە بووە.

خەڵکی دەڵێن شێتە. منیش پێم وایە کاک بەختیار شێتێکی قیت و قۆزە. راستی مەگەر بەگشتی ئێمە لە سەردەمێکی شێتانەدا ناژین؟ ئەو پەساپۆرتێکی تایبەتی لە گیرفاندایە. هەموو درگاکان بەڕوویدا کراوەن. ئەو لە یەک کاتدا هەم جوبرەئیلە و هەم ئیزرائیل. بۆ خۆت دەگەڕێتەوە کە دەتەوێ لە کوێوە لێی بڕوانی. بوونەوەرێک کە نموونەی یەکجار کەمە. هەر خۆی نموونەی خۆیەتی. لەگەڵ مەرگیشی هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت. کاک بەختیار تەنیا لە کەلێن و قوژبنەکانی شەڕی نێوان شۆرشگێڕاندا دەژی، بەو مەرجەی بۆخۆی نە شۆڕشگێڕ بێت و نە دژە شۆڕشگێڕ. هەرچەند حکومەت لە دوواماندا بەختیار لە خۆیان دەزانن و ئەوانی تریش وەک بوونەوەرێک کە هەر حیسابی بوونیشی بۆ ناکەن. ئەو هەیە و نیە. وەک هەوا.

باوکم کە قێزی لە کاک بەختیار دەبێتەوە، دەڵێ زەمانی شا حەیوانفرۆش بووە. لە گوندەوە بەتایبەت مانگا و گای هێناوە بۆ قەسابەکانی شار. پێی دەفرۆشتن و ئەوانیش سەریان دەبڕین و کیلۆ کیلۆ بە خەڵکیان دەفرۆشتنەوە. بەم شێوەیە هەموویان خێرێکیان دەستدەکەوت و دەژیان. باوکم لای وایە ئیستایش بەختیار هەر هەمان کاری هەیە، بەڵام بە شێوازێکی تر. دەڵێ ئەو بەردەوام لەسەر قوربانییەکان یان قوربانیکراوەکان دەژی. دەڵێم باوکە گەر هەندێ کەس دەیانەوێ قوربانی بن جا بۆچی هەندێ کەسی تر نەیانەوێ لەسەریان بژین؟ دەڵێ:

ـ بۆنی خوێنی گرتووە، خوێن! مەگەر نازانی ئەو تەرمەکانی مەیدانی شەڕ کۆدەکاتەوە و سوار پشتی پیکابەکانیان دەکا و دەیانگوازێتەوە؟

من کە هێشتا بە هۆی زاڵنەبوون بەسەر رووداوەکاندا رقم لە خۆم دەبێتەوە، هەوڵدەدەم لە زەینمدا جێگایەک بۆ بەحەقبوونی باوکم بکەمەوە. دەزانم نابێ پەلە بکەم. تەنانەت دە ساڵ بزربوون دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ ئەوەی لە گۆشەنیگایەکی ترەوە ژیان و رووداوەکانی ببینرێنەوە.

شەوێک خەودەبینم. لە خەومدا ساڵەکان پرچی زێڕین و درێژی کچێکی نەشمیل و جوانن کە درێژدرێژ بە سەر شان و ملیدا شۆڕبوونەتەوە. ئەو پرچانەی دەکرێ هەم پەرێشان بن و هەم بکرێن بە پەلکەی جوان و رازاوە. ئەو قژانەی لەهەر حاڵەتێکیاندا سەرنجڕاکێش و دڵڕفێنن.

داخۆ روخساری پەری ئاسای خودی کچەکە نیە مانا بە قژەکان دەدا؟

بۆ من زۆر ئاسان نیە ببم بە لایەنێک لەم دونیایەدا. هەتا رۆژەکان زیاتر تێدەپەڕن زۆرتر بەو ئاکامە دەگەم کە کاری من زیاتر روانین و باسکردنی شتەکانە. ئەو دە ساڵەی بە حەق یان بە ناحەق وەک کونێکی قووڵ و بێ بن کەوتە ناو ژیان و تەمەنی منەوە، کارێکی کردووە کە من تەنیا خەریکی پڕکردنەوەی بم، هەڵبەت پڕکردنەوەیەکی ناهومێدانە کە قەت بە ئەنجام ناگا. لەبەر ئەوەی زەمەن کە دەگوزەرێ ئیتر گوزەراوەو لە جادەیەک ناچی جارێکی تر بتەوێ پیایا بچیتەوە. کاتێک لە دونیایەکەوە فڕێت دەدەنە دونیایەکی ترەوە، ئیتر کارت دەبێ بە لێوردبوونەوەو پشکنین. ئەوانەی وا کاتی خۆی لەگەڵ رووداوەکان دەڕۆن، دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە ساتەکانی دوواتردا بیری لێ بکەنەوە، بەڵام من وا نیم. چونکە رووداوەکانی جارانم نەبینیوە، لەگەڵ بینینی ئەوەی ئیستایش ناچارم بیر لەوانی پێشوویش بکەمەوە و لەبەر ئەمە من زەین و بیرم یەکجار قەرەباڵغە. جاری وایە سەرم دێشێ. من بوونەرەی نێوان رووداوەکان و بیرەکانم. هەمیشە چکێک لەم و چکێک لەو، یان چکێک لەو و چکێک لەم. بڵێی کتێبەکان ئەم کەلێنەم بۆ پڕبکەنەوە؟

عومەری کۆسە کە لە هاوڕێیەتی و پشتیوانی من بۆ بیروڕاکانی ناهومێد بووە، بەڵام وازناهێنێ و هەر جارەی کە بەتووشمەوە دەبێ، بە جێ و نابەجێ باسیان لێدەکاتەوە. ئەو ئەوەندە لە داهاتوو دڵنیایە کە من سەرم سوڕدەمێنێ. جاری وایشە بیردەکەمەوە رەنگە هی ئەوە بێت وەک من هیچ کونێک لە رابردوویدا نیە. جگە لەمە هەستدەکەم دەشگەڕێتەوە بۆ ئەو فۆرمولەکردنەی وا بۆ خۆی کردوویەتی، ئەویکە "رابردوو و ئیستا بەردەوام هەڵەیە و، داهاتوو راست". ئەو لەوانە نیە کە ئەمانە تێکەڵ بکا. مەسەلەن لای وابێ رابردوو، ئیستا و داهاتوو هەم هەڵەن و هەم راست. یان ئەسڵەن بەگشتی واز لەم جۆرە قاڵبانە بێنێت و بە شێوازێکی تر بڕوانێتە دونیا. واتە قاڵبێک کە لە کەلیمەی هەڵە و راست بەدوور بێت و لە وشەی تر کەڵک وەربگرێ. شتێک کە نامومکینە لای ئەو.

رۆژێک کە بە رێکەوت بەتووشییەوە بووم و خەریکین لە شەقامی ناو بازاڕدا دادەگەڕێین (من دووچەرخەکەم بە دەستەوەیە)، باس لە شتێک دەکا بە ناوی 'سەرکوت'. دەڵێ:

ـ ئەم هەموو بنکە و بارەگا پڕ لە چەکدارە دەبینی،... ئەم هەموو پیاوە جاسووس و گرتن و ئەزیەت و ئازاردانە دەبینی؟... هەمووی ئەمانە لە راستیدا پێش ئەوەی نیشانەی هێز و دەسەڵات بن، نیشانەی لاوازین. ئەمە ئەوە دەگەیەنن ئەمانە ئەوەندەیان نەماوە و ژیان سەرئەنجام وەهای لێدێ ئێمە دەمانەوێ.

من کە لەم ماوەیەدا بە شەڕەکانی ناپلئۆنەوە سەرم قاڵە و زۆرم لێ خوێندوونەتەوە، دەڵێم:

ـ ئەمانە شەڕی ئەو دیو سنوورەکان ناکەن تا زوو کۆتایی پێ بێنن، یاخود بە هۆی شکستەوە داڕمێن. ئەمان بە ناوخۆوە خەریکن.

عومەری کۆسە لای وایە دۆخەکە دەشگاتە شەڕە دەرەکییەکان. ئەو لای وایە پێوەندێکی توند و تۆڵ لە نێوان ناوەوە و دەرەوەدا هەیە. ئەوسا من باسی شەڕەکانی ناپلیۆنی بۆ دەکەم، ئەوەی کە دەورووبەری بیست ساڵی خایاند هەتا کەوت، تازە لە تەواوی ئەو بیست ساڵەیشدا لە شەڕی دەرەکیدا بوو. خۆ ئەمان لەوەیشدا نین.

عومەر دەچیتە بیرەوە. دەستێک بە روومەتی لووسیدا دێنێ و دەڵێ مەرج نیە وڵاتان لەیەکتر بچن. من کە هەستدەکەم عومەر کەمتر لە مێژوو دەزانێ و هەروەها بە هۆی تەمەنییەوە رووداوی کەم بینیوە، بەو ئاکامە دەگەم پیاوی وەک ئەو دەبێ زیاتر لە هەر کەسێکی تر بە مێژووەوە سەرقاڵ بێت. لە خۆم خەنیم کە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی بەرچاوی رابردووی خۆم لە بیر نیە کەچی باشتر لە زەمەن دەگەم. حەزدەکەم پێی بڵێم لەگەڵ من هاتوچۆی کتێبخانە بکات، بەڵام لە ترسی ئەوەی نەکا ئەویش رۆژێک کتوپڕ دە ساڵ لە تەمەنی لێ ون بێت ناوێرم هیچ بڵێم. لەبەر دەم قاوەخانەیەکدا لە یەکتر جیادەبینەوە. من بەردەوام دەبم و ئەو خۆ بە چاخانەکەدا دەکا. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ ئەویش رۆژێک لە رۆژان بە تووش کاک بەختیارەوە دەبێ. رەنگە کەسوکارەکەی بۆ ئەوەی رزگاری بکەن دەستەودامێنی بەختیار ببن. بەڵام دەنگێکی تر پێم دەڵێ ئیشی بەختیار لەوەیا نیە ئەوەندە ئاسان رزگاری ببێ، دەڵێ بگرە یەکجار لە دەرەوەی دەسەلاتی کەسانی وەک کاک بەختیارە. بەستەزمان عومەری کۆسە کە دەبێ زۆر شت ببینێ و زۆر شت ئەزمون بکا. گەر بەخت یاری نەبێ، ژیانێکی یەکجار زەحمەتی دەبێ. پوورم لای وایە گەنجی جاران زۆرتریان دەخوێندەوە و کەمتر یاخی بوون و کەچی جەوانی ئیستا کەمتر دەخوێننەوە و زیاتر یاخین. ئەو تامەزرۆی ئەو رۆژانەیە وا لە نێوان ئەم دووانەدا هاوسەنگییەک هەبێ. هەر چەند لەوە دەچێ رۆژانێ دێ کە خەڵکی نە دەخوێننەوە و نە یاخیش دەبن. ئەو رۆژانەی وا تیایاندا زۆرینە تەسلیمی رەوتی ژیانی رۆژانە دەبن و دەگەنە ئەو ئاکامەی هیچ شتێک لەم دونیایەدا بایەخی تێکۆشان و ماندووبوونی نیە جگە خۆت. "کاکە گەر دەتەوێ خزمەتێکم بکەی، لاچۆ لەبەر هەتاوەکەدا با لێمبدا!" بەم ژیان دەبێ پەیکەری خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەوەی خۆی ئەوەندە هەڵنەقورتێنێتە چارە نووسی ئەوانی تر.

من نازانم عومەر خەریکی چییە و، چ پێوەندێک لە نێوان ئەو و رووداوەکانی ئەم ساڵانەدا هەیە. هەر ئەوەندە دەزانم ئەو لەو دەگمەن کەسانەیە کە ناتوانێ ژیان بە بێ رووداوە گەورەکان وێنابکا. هەموو شتێک ئاماژەیە بە گۆڕانێکی گەورە،... لای ئەو. گۆڕانێک کە گوایا بەڵێنە مانای راستەقینەی شتەکان بگێڕێتەوە. من زۆر جار عومەرم لە دوورەوە بینیوە کە لە چاخانەکە دانیشتووە و رۆژنامەیەک بە دەستییەوە خەریکی خوێندنەوەیە. لەم کاتانەدا چەندە لە باوکم دەچی! تەنیا جیاوازییان لەگەڵ ئەو ساڵانە وا باوکم تیایا رۆژنامەی دەخوێندەوە ئەوەیە کە ئەم دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێ ئەها هەموو شتێک هەڵەیە! باوکیشم بۆ ئەوەی بڵێ ئەها هەموو شتێک چەند راستە! سەیر ئەوەیە ناوی رۆژنامەکەیش هەر هەمانە. شۆڕش ناوەکەی نەگۆڕیوە.

شەوێک چەندین چەکدار کە لە ناو دوو ماشیندان خۆ بە ماڵی عومەری کۆسەدا دەکەن. عومەر لە ماڵەوە نیە. هەموو ماڵەکە دەپشکنن. گوایا هەندێ نووسینی نایاساییان دۆزیوەتەوە. دەپرسن عومەرە کۆسە لە کوێیە. دایکی دەگری و دەڵێ نازانێ،... نازانن. دەڵێن کەی دێتەوە. دەڵێ کات و ساتی دیاریکراوی نیە. چەکدارەکان کە یەکجار تووڕەن و بە حسێبی خۆیان وەها هاتبوون کە بە دڵنیاییەوە لایان وابوو عومەر لە ماڵەوەیە، لە پاش سرتە و چرپەیەکی کورتی نێوانیان، دەڕۆن. لە وەڵامی ئەوەی کە دوواجار کەی لە ماڵەوە بووە، پێیان دەڵێن لە بەیانییەوە کە دەرچووە نەهاتووەتەوە. بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو عومەر ئەو ئێوارەیە بەرەو ماڵەوە بەڕێوەبووە. سیخوڕەکان ئاگایان لێبووە. کەچی کتوپڕ عومەر بە پێچەوانەی چاوەڕوانی و حیسابی سیخوڕەکان کە لایان وابووە بە دڵنیاییەوە چووەتەوە ماڵەوە بە رێکەوت ناڕواتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی دێتەوە بیری کە وەعدی بە پووری دابوو ئەمڕۆ یارمەتی بدا. عومەر، تووڕە لە گێژەیەتی خۆی رێگا دەگۆڕێ و بەرەو ماڵی پووری رێک لە یەکێک لە کۆڵانەکانی نزیک خانووەکەی خۆیان، شۆڕدەبێتەوە. لەوێ تازە بۆ نانخواردنیش مابووەوە و بە دۆمینەوە هەتا درەنگان سەرقاڵ دەبێ.

عومەر بەڕاستی خەریکی چیت؟ دیمەنی رۆژنامەخوێندنەوەکەی کۆسە دووادیمەن بوو من لە زەینمدا لێی بۆ هەمیشە بەجێما. عومەر سەری خۆی هەڵگرت و رۆیشت.

دڵم تەنگ دەبێ. رۆیشتنەکان ئاسان نین. بەشێک لە رابردووی تۆ لە گەڵ خۆیشیان دەبەن، تەنانەت گەر دە ساڵ لەو رابردووەیشت لەبیر نەمابێ. پوورم لای وایە من پیاوێکی یەکجار خۆش شانسم. لەبەر ئەوەی کتێبەکان ناهێڵن رێگام بکەوێتە هەندێ شوێن کە ئەگەرچی وەک رێگا دینەبەرچاو، بەڵام لە راستیدا رێگا نین. چاوەکانی پێدەکەنن. وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ سوپاس بۆ ئەوەی بەردەوام هەی. وەک چۆن منیش بە کتێبەکان دەڵێم ئەگەرچی راتاندەگوێزن و لێتان دەقرتێنن، بەڵام سوپاس بەردەوام هەن.

ئەوەندەی نەماوە ساڵی کۆن تەواوبێ و، ساڵێکی نوێ خۆی بهاوێتە ناو باوەشی ژیانەوە. من لە دووا رۆژەکانی مانگی رەشەمەدا بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی ناپلئۆنم. رێکەوتێکی سەیر دوواڕۆژەکانی ساڵ بە دووالاپەڕەکانی خوێندنەوەی ئەوەوە گرێدەدا. مرۆڤێک کە قەت لە مردن نەترسا و لە تەقینەوەی هیچ تۆپێک لە تەنیشتیدا نەسڵەمییەوە. ئەو تەنیا لە بیری داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانیدا بوو.

نازانم عومەری کۆسە تا چەندە وەهایە.

نۆرۆزی ئەمساڵ سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، نەورۆزێکی خۆشە. شار لە ناو ئاگر و چڕەدووکەڵدا دەتلێتەوە. ئەمیش لە شەڕەکانی سەردەمی ناپلئۆن دەکا. تەنیا ئەوەندەی هیچ شوێنێک نیە سوپا بیەوێ بۆی بجووڵێ و بچێ داگیری بکا. هەموو شتێک لە ناو خۆیدا تا ئەوپەڕی دەکشێ و دیسان سەر لە نوێ، شەو درەنگان وەک جارانی خۆی لێدێتەوە.

باوکم شەو دێتە تەنیشتم و لەبەر پەنجەرەکە لە کاتێکدا هەردووکمان خەریکی سەیرکردنی دەرەوەین، دەڵێ "تەنانەت ساڵان نەورۆزانیش ئەوەندە دونیا پیس هەڵنەدەگەڕا!"

لە دوورەوە ئەستێرەکان چاوشارکێیانە. بێ ئەژمار و بێ کۆتایی. خۆزگەم بە خۆیان لەو سەرەوە ئاگایان لە هەموو شتێکە. ئەوان ئیستا چاویان لە عومەرە کۆسەیشە.

 

مامۆستا سینا کە لە قەدیمەوە مامۆستایە و دەرسی ئەدەبییات دەڵێتەوە و بە هۆی کەمی مامۆستا هێشتا جاروبار کاردەکا و بەردەوامە لە هاتوچۆی نێوان قوتابخانە و ماڵەوە، دەست بە سمێڵە زل و بابڕە سپییەکانیدا دێنێ و دەڵێ لە هەموو سەردەمێکدا شتێکی گەورە هەڵەیە، بەڵام لە بەعزێ سەردەمدا ئەم هەڵەیە یەکجار گەورەترە. ئەو لای وایە ئەم زەمەنەی وا ئێمەی تیا دەژین یەکێکە لەو دەگمەن سەردەمانە. دەشڵێ "هیج شتێک یارمەتی نادا، دەبێ راوەستی تا بۆ خۆی بگوزەرێ، لەبەر ئەوەی کەس دەسەڵاتی نیە بەسەریا!" لەسەریەک لەسەریەکیش شیعر بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی دێنێتەوە "آسمان را ملامت نمی کنم، تقدیر من این است"، یان "با سیەدل چە سود گفتن وعظ، نرود میخ آهنی در سنگ". ئەو لە بەشی ئەدەبی فارسیدا لیسانسی هەیە.

مامۆستا سینا وەک خەڵکی نیە، هاتوچۆی شارانی زۆر کردووە و دونیادیدەیە. یەکێک لەو دەگمەن کەسانەیە وا پێش شۆڕش لە زانکۆی شارە گەورەکان خوێندوویەتی. فارسییەکی بێ لەهجە دەزانێ. هەروەها یەکێک لەو دەگمەن کەسانەیشە سەرەڕای خوێندەواریی بەرز، کە هەیەتی، خۆی تێکەڵی هیچ شتێک نەکردووە و جگە لە رێگای نێوان ماڵەوە و قوتابخانە، بۆ هیچ شوێنێکی تر لاینەداوە. لەبەر ئەمە نە کەسی وەک باوکم خۆشی دەوێ و، نە کەسی وەک عومەرە کۆسەیش. باوکم لای وایە کەسێکی سپڵەیە و لەگەڵ ئەوەی لە حکومەتی پێشوودا پێگەیشت کەچی رۆژێک لە رۆژان بە یەک تاقە قسەیش بێت دیفاعی لێنەکرد. باوکم دەڵێ ئەم جۆرە کەسانە تەنیا لە بیری دۆخی خۆیاندان و چونکە خوێندەواریشن زۆر بە جاکی دەتوانن پاساوی بۆ بێننەوە. پاساو بۆ هەموو شتێکی ئەم دونیایە. لە هەموو شتێکیش باوکم رقی لە غەبغەبەکانی ژێر ملی مامۆستا سینایە کە کاتێک دەدوێ و دەنگی گڕ دەکا، ئەوەندەی تر شۆڕدەبنەوە. لای کەسی وەک عومەرە کۆسەیش خەڵکی وەک مامۆستا سینا لەگەڵ ئەوەی نابنە پیاوی هیچ حکومەتێک، بەڵام وەکوو ئەوە وایە پیاوی هەر هەموویان بن. عومەر دەڵێ گوێنەدان بە دۆخی باو بە مەعنای دیان پیانانیەتی و تەواو! بەڵام مەگەر مامۆستا وەک خەڵکی تر وەهایە کە گوێ بداتە ئەم جۆرە قسانە! نەوەڵلا! ئەو وەک هەمیشە دێ و دەڕوا و بگرە خەڵکی زۆر رێزیشی دەگرن. لەبەر ئەوەی کەسێکی بێوەیە و خۆی لە ژیانی کەس هەڵناقورتێنێ. دەڵێ لە خۆوە خوا ئەوەندە مەخلوقاتی خۆی جۆراوجۆر دروست نەکردووە، یەک رەشە و یەک سپی و یەک سوور، ئەویان بە عەرەبی دەدوێ ئەمیان بە رووسی و سێهەمیان بە عیبری، یەک موسوڵمانە و یەک مەسیحی و ئەوی تر جوولەکە،... جا دەبێ وەک خودای گەورە ژیان و دونیا وەک خۆی وەربگری و تەواو. "جنگ هفتاد و دو ملت همە را عذر بنە، چون ندیدند حقیقت رە افسانە زدند". لای ئەو هیچ کام لەم هەفتاودوو میللەتە راست ناکەن و بە ناوی حەقیقەتەوە کۆمەڵێک ئەفسانەیان سازکردووە و خۆیانی لەسەر بەکوشت دەدەن و بگرە ئەوانی تر دەکوژن. لای مامۆستا تەنیا حەقیقەتی ژیان ئەوەیە کە کەس ناتوانێ بگاتە حەقیقەت.

من زۆر جار بیرم لە مامۆستا سینا کردووەتەوە. ئەو دەیەوێ هەموو ساڵەکانی تەمەنی بژی و ئەوجار کە دەردێکی سروشتی بەری پێ گرت و گوتی ئیتر بەسە و دەبێ مل بدەی و بمری، بمرێ و بڕایەوە. ئەو حەزناکا خۆی گوتەنی بە هۆی مرۆڤە گەمژە و لە خۆ رازییەکانەوە ژیانی کۆتایی پێ بێ. لای ئەو مرۆڤ لەوە نزمتر و بێدەسەلاتترە بیەوێ بەگژ چارەنووسی خۆیدا بچێتەوە. هەر کەسیش ئەمەی کرد، پێش لە هەر شتێک خۆی فەوتاندووە. پێی وایە ژیان خۆی لە خۆیدا قورسە و، کەچی مرۆڤی نەگبەتیش هەر لە خۆوە ئەوەندەی تر لە خۆی قورستری دەکا.

جاری وایە کە سەرم بە سەر کتێبەکانەوەیە و خەریکی خوێندنەوەم، هەستدەکەم جاری وایە خەریکە وەک ئەو بیردەکەمەوە. بۆ ئەوەیش وات لێ بێ، تەنیا ئەوەندە بەسە خۆت بهاویتە ناو بیرە جۆربەجۆرەکانەوە. ئاە، مرۆڤ چەند ئاسان دەتوانێ ئەو حەقیقەتەی وا باوەڕی پێیەتی لێی ون بێت. بۆ ئەوەی وام لێ نەیەت دەبێ جاری وایە لە کتێبەکان دووربکەومەوە و خۆم لە ژیانی رۆژانەدا جوان جوان نوقم بکەم. دەبێ هەوڵبدەم خەیاڵم زۆر نەڕوا. رێک وەک باوکم کە چۆن خۆی بە قۆناغێکی تایبەت لە ژیانی بەستووەتەوە. پوورم کە بە چاوەکانم و بە نیگاکانم دەزانێ چە باسە، دەڵێ ئیستا خۆ دەزانی چەند دژوارە؟ لێی دەڕوانم. من و ئەو ئیستاکە چەند لەیەکتر دەچین. ئەو هاوسەرێکی ژیانی بۆ نەدۆزرایەوە و، منیش حەقیقەت. پێی دەڵێم نا ناهێڵم وەک ئەوم لێ بێت، دەڵێم نامەوێ ببمە مامۆستا سینایەکی تر.

شەوانە جاری وایە پەردەکان دانادەمەوە بۆ ئەوەی تیشکی گڵۆپەکانی مەققەڕەکە لە پەنجەرەکەوە بگوزرێ و بێتە ژوورەوە. بۆ ئەوەی لە بیرم بێت لە دەرەوە حەقیقەتێکی تریش هەیە کە هەوڵدەدا گەورەترین حەقیقەتی دونیا بێت و ئەمە دەتوانێ هانی من بدات کە منیش لە لای خۆمەوە حەقیقەتێکی وەها بخوڵقێنم. بەڵام حەزناکەم وەک عومەر ئێرە جێ بێڵم.

مامۆستا سینا وەک ئاغای ئەسەدی خاوەن تڕۆمبیلێکی سوارییە، بەڵام هی ئەم کۆنە و لە چەند شوێنەوە بریندارە و قوپاوە. ژەنگیشی هەڵهێناوە. مامۆستا دەست و دڵ کراوەیە و لە کاتی تەعمیری ماشینەکەی یاخود هەر شتێکی تر هەمیشە شاگردانەیش دەبەخشێ. لەبەر ئەمە هەر چی شاگردی شارە، ئەوانەی وا ئەم روویان تێدەکا، بە دڵ خۆشیان دەوێ. مامۆستا سینا لە کاتێکدا بە روویاندا پێدەکەنێ و لێوانە ئاوەکەی وا بەپەلە بۆیان هێناوە، وەردەگرێ و دەیخواتەوە، دەستدەبا بۆ گیرفانی و شتێکیش دەخنێتە ناو دەستیانەوە. شاگردەکان بە روخساری پیس و چەور و دەستە رەشەکانیانەوە هەتا دەتوانن لێویان بۆ بزەیەکی کشاوە دەکەنەوە و، دەڕۆن. هەرچەند هەتا ئەو لەوێیە، چاوێکیان لەسەرە نەکا پێویستی بە شت یاخود یارمەتییەکی تر هەبێ.

هەندێ شوێن و هەندێ کەس هەیە وەک بڵێی هەر نەبن،... ئەو قەد قسەیان لەسەر ناکا. بۆ وێنە مەققەرەکان و کاک بەختیار. وەک بڵێی قەتیش نایانبینی. کە بەلایاندا تێدەپەڕێ، نیگای لەسەر زەویی و رێگای بەردەمیەتی و تەسبێحەکەی دەستیشی زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەسوڕێنێ. بەڵام کاک بەختیار هەمیشە بە دەنگی بەرز سڵاوی لێدەکا و بە بزەیەکی هەتا بڵێی ئاشکراوە لێی دەڕوانێ. مامۆستایش وەک بڵێی بە بێ ئەوەی لە بەختیار بڕوانێ، هەر بە دەنگەکەی دەیناسێتەوە و بە بێ سەر بەرزکردنەوە بە بەکار‌هێنانی وشەی 'کوڕم' وەڵامی دەداتەوە. وەک هەمیشە تێدەپەڕێ.

مامۆستا وەک ئاغای ئەسەدی جاری وایە ژنەکەی سوار تڕۆمبیلەکەی دەکا و دەچن بۆ گەڕان. سوڕێکی ناو شار دەداتەوە و جاری وایشە روو لە یەکێک لە باخەکانی دەورووبەری شار دەکا. جاری وایشە منداڵەکانی یەکێک لە کچەکانی پێیە (مامۆستا سینا خاوەن سێ کچە).

لای من مامۆستا زۆر لە خانە سازمانییەکانی جاران دەکا. شتێکە وەک یەکێک لە بیناکانی، یان وەک حاڵ و هەوای گشتیی ناو جادەکانی. رقم لە خۆم دەبێتەوە کە بۆچی ئەو ساڵانە من خاوەن پاسکیل نەبووم کە بتوانم بە ناویا سوڕێک بدەم. ئەو ساڵانە لە مێژە تێپەڕیون. من کە بە پێچەوانەی زۆر کەس هیچ حەسرەتێکم بۆیان نیە و تەنیا بە گوێرەی بیرەوەری دەچمەوە سەریان، حەزم دەکرد قوتابیی مامۆستایش بوومایە. لای من ژیانی راستەقینە تاقیکردنەوەی هەموو ئەو شتانەیە وا لات بە جۆرێک لە جۆرەکان گرینگن.

ماوەیەکە لە شارە مزگەوتەکان زیادیان کردووە، هەر هەمووشیان، بەوانەی جارانەوە ئیستاکە خاوەن بڵیندگۆی باشن. کە بانگ دەدەن هەر هەموویان پێکەوە دەست پێدەکەن، جا بە کەمێک پاش و پێش کەوتن. وەک بڵێی لە داخی یەک ڤوڵۆمی بڵیندگۆکانیشیان تا ئەو پەڕی خۆی زیادکردبێ! تەنیا یەکیان دووادەکەوێ، ئەویش وەک بڵێی لەبەر ئەوەی بانگدەرەکە دەنگی یەکجار خۆشە و، حەزناکا دەنگی لەناو دەنگی نەتاشراو و ناخۆشی ئەوانی تردا ون بێت! مامۆستا سینا کە وەک هەمیشە دەستنوێژ دەگرێ، بەرماڵە رەش و سپییە نەخشراوەکەی رادەخا و تەقیلە سادە سپییەکەی کە ژنەکەی بۆی دوریوە لەسەردەکا، لەبەر خۆیەوە سەرێک بادەدا و هەوڵدەدا بە بەرزکردنەوەی دەنگی وەها خۆی لە نوێژەکەیدا نوقم بکا کە ئەم گەڕەلاوژە بێ سەرەوبەرەیە لە بیر خۆی بباتەوە. گەر ئاوا بڕواتە پێش، دەبێ لە بیری ئەوەدا بێت بۆ گەڕەکێکی تر راگوازێ؛ گەڕەکێکی ئارامتر کە بەیانیان زوو بوێری پەنجەرەکانت کراوە بن. مامۆستا جەژناوجەژن نەبێت قەت رووناکاتە مزگەوت. دەڵێ موسوڵمانەتی پێش مزگەوت لەدایک بووە.

هەمیشەیش لەکاتی ناشتنی مردووەکانی شاردا، بە مەرجێک بیانناسێ، لە سەر قەبران ئامادەیە. لە گۆشەیەک، گەر دەست بدات لە ژێر درەختێکی دربەڕوو، رادەوەستێ و بەدڵ لە بەر خۆیەوە دۆعا بۆ رۆحی مردووەکە دەخوێنێ و هەر بەو بێدەنگی و ئارامیەیش سوار ماشینەکەی دەبێتەوە و دەڕواتەوە.

هەستدەکەم جاری وایە خوام بینیوە کە دەست بە سەر شانیدا دەکێشێ و دەڵێ "خوا جەزای بەخێرت بداتەوە!"

شەوێک خەوێکی زۆر ناخۆش دەبینم. لە خەوما قالۆنچە زلە سوورە ناشیرینەکان بە شاخە درێژەکانیانەوە هەموو دونیایان داگیرکردووە. بەهەرچی لە بەر دەستمدایە دەستدەکەم بە کوشتنیان،... بەڵام بێسوودە. لە شوێنێکی نادیارەوە دێن و دێنەوە. وەک بڵێی تۆپاوەکانیشیان دیسان دەژیەنێەوە. جەستەم سەر شەڵاڵی ئارەق کەوتووە. دایکم لە سووچێکەوە ناهومێدانە لێم دەڕوانێ. من شێتانە دەست پێدەکەمەوە. تۆزی ئەو پەتووەی رایدەوەشێنم دونیا لە خۆیدا نوقم دەکا.

نەکا ژیان کوشتنی شێتانە و بێسوودی قالۆنچەکان بێت!

رۆژێک کە لە کتێبخانە خەریکی خوێندنەوەی مێژووم، لە لاپەڕەیەکدا چاوم بە بورجی ئیفل دەکەوێ. بینایەکی یەکجار بەرز لە ئاسن و لە پۆڵا. نزیکەی سەد ساڵە هەیە. لە تەنیشت رووبارێکی جوان بەناوی سێن. زیاتری لێ ورددەبمەوە. هیتلەر کاتێک فەڕەنسە دەگرێ، سەردانی ئەم بورجەی کردبوو. بیری ئەوەی دەکرێ لە شارێک لە دایک بیت و هەموو تەمەنت هەتا پیری ئاگات لە تاوەرێک بێت کە قەت پیر نابێ، چەند ترسناکە. رەنگە هەموو بەیانییەک کاتێ لە خەو هەڵدەستی و پەردەکە لادەدەیت و بورجەکە دەبینی، لات وایە هێشتا ئەو ساڵانەیە،... ساڵانی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتی!

نا، من قەت نامەوێ لە شارێکی وەهادا بژیم. لایشم وایە مامۆستا سینایش هەروەها!

 

'بەرادەر شەب ئاویز' بە سوار تانگەوە لەگەڵ لەشکرێکی گەورە و پۆشت و پەرداخ، چەندین ساڵ لەوە پێش هاتە ناو شارەوە و، لە دووای ئەوەی زیاتر لە پەنجا کەسی، کە لە ناو شاردا مابوونەوە و زۆرتر خەڵکی بەتەمەن و بەرپرسی ئیدارە حکومییەکان بوون، گرت و رەوانەی زیندانی ناو گەورەترین سەربازخانەی شاری کردن، وەک بەرپرسی ئاسایش و هێزە چەکدارە تایبەتەکان بۆ خۆیشی بنکەیەکی لە فەرمانداریی کۆن کردەوە و بۆ ئارامکردنەوەی دۆخ دەستی کرد بە جێ بە جێکردنی پلانەکانی. لە راستیدا بە گوێرەی پلانەکە، کە لە راستیدا لە سەرەوەتر داڕێژراوبوو، بەرادەر بە گوێرەی ئەو ئازادییەیش دابوویانە، بڵێن بوو لە رێگای زەبروزەنگی بێ سنوورەوە هەتا دەتوانێ زۆر خێراتر دۆخەکە ئارام بکاتەوە و ئەوەی وا ناویان لێنابوو دژەشۆرش، لەناویان ببات و نیشتمان وەها هێوربکاتەوە کە وەک بڵێی قەت هیچ زیندەوەرێکی تر جگە لە خۆیانی تیانەبووە.

بەرادەر شەب ئاویز، کە ئەم ناوەی لە باوکییەوە بۆ مابووەوە، کڵاشینکۆفێکی دوو دەراغی لە شاندەکرد، دەمانچەیەکی کۆڵتی دەبەست و بە ریش و قژە رەش و فڕەکەیەوە بە ماتۆڕ یان بە تۆیۆتای ژاپۆنی هەمیشە لە شەقامەکانی  شار جرت و فرتی بوو. پێداگرییەکی عەجیبی لەسەر ئەوە هەبوو کە ترس چییە لە وجودیدا نیە و بۆیە هەرچی هاوڕێکانی پێیان دەگوت کە باش نیە شەوانە بچێتەدەرەوە و ئەم لاولا بکا، بەڵام بێسوود بوو. هەڵبەت شانسیشی هەبوو. گەلێک جار لە کەمین و پلانی کوشتن دەربازببوو و بۆیە وەک دەڵین سیوای ببووەوە و دەیانگوت باوەڕێکیشی تیا پێک هاتبوو لەسەر ئەوەی خودای گەورە چاوەدێری دەکا و بۆیە قەت هیچی لێ نایەت. دیارە دوو جاریش بریندارببوو، بەڵام برینەکان ئەوەندە کاری نەبوون، بیکوژن و بۆیە هەر جارەی هەڵدەستایەوە و لە بیمارستان بەرەڵایان دەکرد ئەوەندەی تر شێت و هار و بێ پەروا باڵی فش دەکردەوە و وەیلانی ناو شار دەبووەوە. تەنانەت وای لێهات بە سواری ماتۆڕ رووی دەکردە دەشت و دەر و دەچووە سەر بەرزایی و شوێنە خەتەرەکان و لەوێوە دووربینی هەڵدەخست. لەو سەریشەوە ئەوانی تر، واتە ئەو پیاوە توڕانەی وا شەوانە خۆیان بە شاردا دەکرد، کون بە کون بە شوێنییەوە بوون و دەیانویست هەرچۆنێک بێت یان بیگرن یان بیکوژن. لەبەر ئەوەی بەرادەر شەب ئاویز گەلێک خەڵکی گرتبوو، لێیانی کوشتبوو و هەروەها بەم جۆرە کارانەی لە ناو و ناوبانگی ئەوانیشی دەدا. ئاخر چۆن دەکرا پیاوێکی وەها کە لەو سەری دونیاوە هاتبوو، بەم چەشنە یاخی بێت و حیساب بۆ کەس نەکات!

بەڵام شەب ئاویز قەت پێوە نەبوو. بگرە ئەوەندە لە شارەکە مایەوە کە ژنیشی لە خەڵكی خواست و تەواو پێی داچەقاند. تەنانەت وای لێهات گەورەو بچووکی شار و بەشێکی دێهاتەکانی دەورووبەریشی دەناسی و بە تووش هەر کەسێکەوە بایە لە خیابان، دەیتوانی بە ناوی خۆی چاکوچۆنی بکا. هەر چەند نەیدەکرد و هەمیشە وای دەنواند کە گوایا نایانبینێ.

بەرادەر شەب ئاویز، سەرئەنجام ساڵانی ساڵ دوواتر، لە زێدی خۆی کە شارێکی گەرم لە باشووری نیشتمان بوو، بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکانی مرد و هیچ کام لە منداڵەکانی کە دوو رەگە بوون بە دەورییەوە نەبوون.

من کاتێک لە خەوی دە ساڵە خەبەرم بووەوە و شەب ئاویزم ناسی، ساڵانێک بوو لە مانەوەی لە شارەکەمان تێدەپەڕی. ئەو رۆژەی منیان لە بەردەم کتێبخانەکە گرت، ئەو لەو بنکەیە نەبوو وا منیان تیا هێشتەوە. لە دووای ماوەیەکی باش، لەگەڵ ئەوەی من هاتووچۆی دەرەوەم زۆر بوو، کەچی قەت تووشی نەببووم و تەنیا ناووناوبانگیم بیستبوو. رۆژێک کە پاسیکەلەکەم بەدەستەوە بوو و بەرەو ماڵەوە دەڕۆیشتمەوە، کتوپڕ بە تووشییەوە بووم کە بە ماتۆڕە یاماها سەدو بیست و پێنجە فەرمان بڵیندەکەی بە بەردەممدا تیپەڕی. چەند میتر خوارتر تورمیزێکی قایمی گرت، وەها تەگەری دوواوە لە سەر ئیسفاڵتەکە خشکاو خەتێکی رەشی لە دووای خۆی جێهێشت. منیش وەک هەموو ئەو خەڵکەی تر وا لەو دەورو بەرەدا بوون، لام کردەوە بۆ ئەوەی بزانم چی قەوماوە. بەرادەر شەب ئاویز بە سەر و بە قامکی ئاماژە ئیشارەتی دا لێی نزیک بکەومەوە. من کە سەرەتا لام وابوو لەگەڵ کەسێکی تریەتی (بەهۆی چاوە قووڵەکانییەوە کە وەک دوو کوونی تاریکیان دەکرد و نەیاندەهێشت بە ئاسانی نیگاکانی ببینی)، پاشی ئەوەی زانیم نەخێر رێک لەگەڵ منیەتی، بە ئارامی لە کاتێکدا پاسکیلەکەم هەروا بە دەستەوە بوو، چووم بۆ لای. بە لەهجەیەکی سەیرو سەمەرە و لەهەمان کاتدا سەرنجڕاکێش لێی پرسیم:

ـ ئێسمێت چییە؟

کەس نەیدەوێرا راوەستێ. راستی ناوم چیبوو!؟ من کە لە کاتی لەدایکبوونەکەم باوکم لە ئەشقی پاشا ناوی نابووم محەممەد رەزا و باوەگەورە پێی تەنیا لەسەر محەممەد داگرتبوو و لە دووای فێربوونم بە کتێبخانە خەڵکی ناویان لێنابووم حەمەی جادە چۆڵەکە و لە دووای بەخەبەربوونەوەکەم پێیان دەگوتم "ئەوەی بە قسەی خوای نەکرد"، تیایا مابوومەوە چی جواب بدەمەوە کە دیسان پرسییەوە (دیارە ئەمجارە بە دەنگی بەرز و قایم و ترسناک):

ـ ئێسمێت چییە؟

شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوتم "نەڵێی محەممەد رەزا، بەخوا کەوڵت دەکا... حەمەی جادە چۆڵەکەیش لام وایە وەک گاڵتەپێکردن لێکی دەداتەوە و باش نیە، هەروەها "ئەوەی بە قسەی خوای نەکرد"یش هەر زۆر خەتەرە و یەکسەر لەسەرت وەک تاوانێکی حکومی و ئیلاهی دەنووسرێ"... بۆیە بیری باوەگەورە کەوتمەوە و گوتم:

ـ محەممەد قوربان!

ـ پێسەری کیت!؟

دەبێ بڵێم ئەو رۆژە، رۆژێکی یەکجار مەزن لە ژیانی مندایە. رێک ئەو رۆژە بوو من ئەشقی گێڕانەوەی چیرۆک گرتمی و کتوپڕ زمانم پشکوت و لەو بێدەنگی و کەمدوویی و خۆبواردنەی جاران کەوتم و حەزی گێڕانەوەی بەرسەهات و داستان تەواوی جەستە و رۆحی گرتمە خۆ. گەر هەڵە نەکەم رێک لەو رۆژەوە دەستم پێکرد وا پوورم دەستی گرتم و بە ناو جادە بەناوبانگەکە بەرەو کتێبخانەکە رۆیشتین، ساڵانی ساڵ لەوە پێش دەڵێم، باسی خانە سازمانییەکانم کرد و ئەو کچانەی بە قژی رووت و شەڵوارەوە سواری پاسکیل دەبوون و قنیان لەدوواوە دەردەپەڕێ و کوڕەکانیش شەوانە لە سەر چیمەنی بلوارەکەی تەنیشتی خانە سازمانییەکان دەستپەڕیان دەکرد (دیارە دڵنیا بووم کە بەرادەر شەب ئاویز لە کەلیمەی دەستپەڕ تێدەگا و موشکیلەی نیە)، باسی چۆلەکەکانی ناو درەختەکانم کرد، باسی باوکم کە ئەوەندە لە خەیاڵی رابردوودایە کە دەڵێی زەمەن لای ئەو لە پێشەوەیە بەرەو پاش! باسی عەبە بێقۆلی ئامۆزام بۆ کرد کە جاری وابوو هەستمدەکرد لەلای کۆتەکەی گەورەترین شوێنی دونیا بوو، باسی ئەشقەکەی مامەجوێنفرۆش کە سوێی بۆ سەلمێ ببووەوە و نیوەشەوان کاتێک ماڵ و منداڵی دەخەوتن دەچووە حەوشە و وەک منداڵ بەو سک و قنە زلەیەوە دەگریا،... باسی خەوتنی دەساڵەی خۆمم بۆ کرد، ئەو دە ساڵەی منی فێرکرد مێژوو تەنیا دەستکردی مرۆڤەکانە و لە راستیدا بوونی نیە و ئەوە هەیە چیرۆکە و بە هەڵە ناویان لێناوە مێژوو،... لەم قسانەدا بوو کە کتوپڕ شەپەڵاخەیەکی وەهای لێدام کە بەسەر دووچەرخەکەمدا کەوتم و هەردووکمان پێکەوە بەربووینە ناو بنجۆکەوە، ئەو بنجۆیەی وا مینەی بنجۆگەڕ ئاشقی بوو و هەموو ژیانی بە تەماشای ئەوانەوە تێپەڕکردبوو. لەو پەڕی ژان و ئازاردا بوو کە چاوم بە مستیلەیەکی نوقرە کەوت کە لە بنی گەڵایەکی تەڕ کەوتبوو و لە گەڵ دونیا چاوشارکێی دەکرد.

نازانم چۆن گوازرامەوە. ئەوەندە دەزانم کە چاوم هەڵێنا خۆم لە ناو چواردیوارییەکی تەسک و ترسناک و تاریکدا بینییەوە کە بۆنی میز و چڵک و شێی دەدا. کە چاوەکانم عادەتیان بە تاریکی گرت، زانیم لە کوێم. لەبەر خۆمەوە گوتم "وادیارە هەندێ شوێن بە شوێنتا رائەکەن".

ئەمجارە کاک بەختیاریش نەیتوانی فریام کەوێ. بەرادەر شەب ئاویز دەیگوت کەس ناتوانێ دە ساڵ بخەوێ و خەبەری بێتەوە و ئەوجا بە کەیفی خۆی بە شەقامدا بسوڕێتەوە و وەک بڵێی هەر هیچ رووینەدابێ. شەب ئاویز لای وابوو هەموو چیرۆکی من درۆیەکی گەورەیە و هەڵبەستراوە و هەر لە بنەماڵەی منەوە بگرە هەتا هەموو خەڵکی شاری درۆدەکەن. جگە لەوە دەیگوت چۆن چۆنی بۆخۆی کە ئەم هەموو ساڵە لەم شارە ماوەتەوە، بەمەی نەزانیوە! دەینەڕاند و بە کاک بەختیاری دەگوت لاتان وایە گەمژەم... پێتان وایە نازانم خوا بۆ دە ساڵ مرۆڤ نامرێنێ!؟ ئەوسا بە هەڕەشە و گوڕەشە و نەڕەنەڕ بەختیاری دەرکردبوو و پەروەندەکەی منی بۆ ناوەند بەرزکردبووەوە. بەڵام پێش ئەوەی ئەم کارە بکات، هەوڵیدا راستی لە زمانی من بکێشێتە دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستە چەند نینۆکی دەرکێشام، بە قەمچی چەند جار ناوەناوە و هەر جارە تا پەنجا زەربەی لێدام، لەگەڵ ئەوەیش دوو جار ئیعدامی درۆینەی کردم.

کاتێ گیرابووم، دەڵێن عومەری کۆسە لە رادیۆوە رۆژ تا ئێوارە باسی منی دەکرد و وەکوو نموونەیەکی بەرچاو و دەگمەنی جینایەت باسی لێکردبوو،... دەیگوت "حکومەتێک رەحم بە پیاوە نووستووە بێ ئاگاکان نەکا ئیتر بە کێی دەکا!" بەرادەر شەب ئاویزیش لەو کاتانەدا وا نینۆکەکانی هەڵدەکێشام دەیگوت "بیهوودە نیە عومەرە کووسە بۆت تەبلیغ ئەکا، ئەبی چیزێک ببی!" من کە لە ژانی قامکەکانم، برینەکانی جەستەم و پاشماوەی ترسی شەوەکانی ئیعدام تاکە تاکە لە وشەکانی دەگەیشتم و دەبا دوواتر بۆ ئەوەی بزانم چیی گوتووە سەرلەنوێ بیری خۆمیان بێنمەوە و سەر یەکیان بخەمەوە، بە گوێی بەرادەردا دەمچرپاند کە رەنگە من لە خێڵی ئەسحابی کەهەف بم شتێک کە نە خۆم و نە خەڵکی هێشتا بەمەیان نەزانیبێ. شەب ئاویز ئیتر لەم کاتانەدا دەگەییە ئەوپەڕی تووڕەییەکانی و دەیگوت "خەفە شەو ئیکبیریە کافەر خوا نەشناس، وا ئەزانی بەم حەرفانە لیرە دەرباز ئەبی..."

ژان وەک بڵێی تەنیا منی لەم دونیایەدا دۆزیبێتەوە و لە راستیدا لە مێژە بەتووش کەسی ترەوە نەبووبێ، لە خۆشیا وەها بە بەژن و باڵامدا هەڵدەزنا و وەها بە مەملەکەتی جەستەمدا دەگەڕا کە من نەمدەتوانی بە هیچ کلۆجێک خۆمی لێ جیابکەمەوە. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی من بووم و ئەو،... ئەو بوو و من. بە ناو یەکتردا بە هەزاران جار تێدەپەڕین، لەگەڵ یەک ئاوێتە دەبووینەوە و وەک خۆڵ و ئارد هەتا ئەو پەڕی دنکەکانمان بە ناو یەکتردا پرش و بڵاو دەبووینەوە. دیسان و دیسان،... بێ ئەژمار. بەڵام بە پێچەوانەی بەڵێنی بەرادەر شەب ئاویز من رزگارم بوو و لە زیندان نەمردم. ئیستایش نازانم چۆن چۆنی. دڵنیام کاری کاک بەختیار نەبووە. ساڵانی دوواتر بوو بیستم پوورم رزگاری کردبووم. زانیم لەگەڵ ژنی بەرادەر، کۆنە دەستەخۆشک بوونە و رووی تێکردبوو و لە دووای گریان و پاڕانەوەیەکی زۆر سەرئەنجام ژنەکەی رازی ببوو لە مێردەکەی بپاڕێتەوە. گوتبووی زەحمەتە، بەڵام لەبەر تۆ دەیکەم. وەک دەڵێن بەرادەر زۆر حەزی بە ناو جێگایە و ژنەکەی یەک هەفتە لەگەڵی نەنوستبوو هەتا رازی کردبوو. ئەو رۆژە منیان تیا ئازادکرد لە بیرمە بەرادەر شەب ئاویز بەردەوام دەستی بە گونیا دێنا، وەک بڵێی لە دووای هەفتەیەک حەسانەوە، کاری زۆر لێ کێشابێتەوە و ئازاری بێ جێی دابێ. ناو چاوی هەتا بڵێی تاڵ بوو. هەڵبەت بە من چی. گرینگ ئەوە بوو من بۆ دووهەم جار کە لە خۆوە گیرابووم دیسان لەخۆوە ئازادکرامەوە و توانیم ئەوەندە درێژە بە ژیان بدەم هەتا ئەم چیرۆکە بۆ ئێوە بگێڕمەوە. هەرچەند لام وایە لە نێوان قەمچی و دەرهێنانی نینۆک و ئیعدامی درۆینە، ئەمەی سێهەم لە هەر هەموویان ناخۆشترە. لەبەر ئەوەی دڵنیای گەر بەڕاستیان بێت ئەوا ئیتر قەت ژیان و دونیا نابینیتەوە. ترسی ئیعدام ترس لە مردن نیە، بەڵکو ترس لە لە دەستدانی ژیانە. بێگومان ئەوانەی ئەزموونیان کردبێ تێدەگەن مەبەستم چییە.

 

هەندێ شت بۆ هەمیشە وەک راز دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی دەیدەین بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین. راستییەکەی ئەوە بوو من تەنیا بە هۆی پاڕانەوەکانی پوورم لای ژنەکەی بەرادەر شەب ئاویز ئازاد نەکرابووم، بەڵکو خودی بەرادەریش لە دووای هەڵکێشانی هەموو نینۆکەکانم و بەکاربردنی شێتانەی قەمچی و ئیعدامی درۆینە، بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە نا درۆ نیە،... هەروەها شەوێکی درەنگان کاتێک دەچێتە ناو جێگاکەیەوە بۆ ئەوەی بخەوێ، خەیاڵ دەیباتەوە و لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ "بەعزی چیزها هەمیشە مێسلە راز باقی میمونەن!"

شەب ئاویز راستدەکا گەر نینۆک کێشان و قەمچی و ئیعدام نەتوانن رازێک ئاشکرا بکەن، مانای ئەوەیە ئەو شتە یان هەر نەبووە، یان تەنیا بە شکڵی راز دەتوانێ لەم دونیا گەورەیەدا هەبێ؛ رێک وەک خودی خودا و چیرۆکی جنۆکەکان و حەقایەتەکانیش.

بەڵام ئەو ماوەیەی زیندان منیشی جووڵاند و، ئەمجارە بەڕاستی دانیشتم و بیرم لێکردەوە کە چۆن چۆنی پیاو دەتوانێ دە ساڵ بخەوێ بە بێ ئەوەی بخوا و بخواتەوە و جگە لەمە سەردانی ئاودەستیش بکات! سەرێکم لەبەر خۆمەوە بادا. دەچم و لە پوورم کە لە هەموو کەس پێی نزیکترم، دەپرسم کە داخۆ چ چیرۆکێک لەپشت ئەمەوە هەیە. پوورم بە چاوە وردەکانی لێم ورددەبێتەوە و دەڵێ وامزانی بە کتێب خوێندنەوە زیرەکتر دەبی و، زیاتر لە دونیا دەگەی! من بە خۆمدا دەشکێمەوە و هیچ ناڵێم:

ـ مەعلومە چۆن توانیتوتە دە ساڵ لە خەوا بژی،... هەموو ئەو ساڵانە شیری وشکمان بۆ دایکت ئەکڕی، بۆمان ئەگرتەوە، ئەویش ئەیخوارد و ئەوجا مەمکی ئەدایتێ،... جاری وابوو دایکت ئەوەننەی شیری وشک ئەخواردەوە کە دڵی بەیەکا ئەهات، لەم کاتانەیا ئەچووین و مانگایەکمان بۆ ئەهێنا تا دایکت لە شیری گوانەکانی بخوا و بەم شێوەیە بەردەوام بێ لە شیردانی تۆ،... بۆ ئاودەستیش کە ئاسان بوو، کاسەیەکمان ژێرئەدای، یان دڵق و پەڕۆمان رائەخست و خاوێنمان ئەکردنەوە!

چ بۆگەنستانێک بووە!

ئیستا دەزانم بۆچی جارەجارە ئەوەندە بۆنی دایکم دەدەم. دایکیشم بەستەزمان بۆنی شیری وشک و مانگای گرتبوو. هەتا ژیا، ئەم بۆنەی لێوە دەهات. باوکم کە قێزی دەکرد بچێتە لای دایکم، هاواری کردبوو کە "ئەمە چ وەزعێکە، دەی منداڵێکی تر دروست ئەکەین!" پوورم گوتبووی "گووبخۆا باشترە!" دایکم دەگریا و نەیدەزانی خەمی من بخوا، یان مێردە نەگبەتەکەی.

ئەو رۆژە لە دووای ئەوەی شەب ئاویز منی گرتبوو و لەگەڵ خۆی بردبوو، کەسێکی خێرخواز دووچەرخەکە لە ناو بنجۆکە هەڵدەگرێتەوە و دەیباتەوە بۆ ماڵەوە (بەبۆنەی پاسکیلەکەوە، مستیلە زیوەکەیشی بینیبووەوە و بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە بە دزییەوە خستبوویە گیرفانییەوە). دووچەرخەکە، گڵگیرەکەی و چەرخی دوواوەی خوار ببوو، فەرمانەکەی گەڕابوو و چەند تەلیشی شکابوو، هەروەها لە چەند شوێنیشەوە بریندارببوو. دایکم چەند رۆژ بەسەریدا گریابوو و گوتبووی هەمووی خەتای ئەم پاسکیلەیە، ئەگەر ئەمە نەبێت کوڕی من ئەوەندە ناچێتە دەرەوە!

باوکم کاتێک گوێی لەم قسانەی دایکم دەبێت، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە کڕینی ئەم پاسکیلە هەر لە سەرەتاوە هەڵەیەکی گەورە بووە. دێتەوە بیری بە شوێن کڕینی دووچەرخەکە، شۆڕش دەکرێ و پاشا دەربەدەری وڵاتان دەبێ، ئیتر لە بەڵاکەی من گەڕێ. بۆیە بەیانییەک زوو سواری دەبێ و هەتا دەتوانێ لە شار دووردەکەوێتەوە و لە قووڵکەیەکی تەنیشت شاخێکی رۆژهەڵاتی شار فڕێی دەدا. تا دەگاتەوە ماڵ دەبێ بە نیوەڕۆ و لە حەوشە دادەنیشێ و بە دەم خواردنەوەی ئاوەوە دوو جگەرەی مزری بۆ دەکێشێ. گریابووش،... جا نازانم بۆ من، بۆ پاسکیەلەکە یان بۆ پاشا.

من لەو رۆژەوە بەربوومە، زۆربەی شەوەکان خەو بە نینۆکەکانمەوە و بە پشتم و بەو هەناسانەوە دەبینم وا لە کاتی زیندان و ئیعدامەکاندا جێیان هێشتم. لە خەو دادەچڵەکێم، لە شوێنی جارانی باوەگەورە دەڕوانم و هەوڵدەدەم وەها نەقیژێنم کە خێزان لەخەو راچڵەکێنم. بە خۆشییەوە هەر لە هەوەڵیشەوە وەها نەبووە. بە پەڕۆیەک کە لە تەنیشتمدایە ئارەقەی دەورووبەری مل و ناوچاوانم دەسڕم و هەوڵدەدەم لەم کاتانەدا بە بیرکردنەوە لە جادەکەی ساڵان و لە کتێبخانەکە و لە غەریبیی مەرگی دووچەرخەکەم، خۆم لەبیربەرمەوە. ژیان ئەوەندە ناهێنێ بەدەم خەم و ئازارەکانییەوە وەها دووربکەویتەوە کە نەگەیتەوە ئەو شوێنەی وا تێیدای. جاری وایە شەب ئاویز دێتە خەومەوە و بەو سەروقژە بژەوەی داوای لێبوردنم لێدەکا و، دەڵێ "مەعزەرەت، ئێنشاڵڵا خۆدا ببەخشێ!" نازانم مەبەستی لە خودا کێیە، منە یان خودی خودا کە هەتا ئیستاکە خۆی لە کەس ئاشکرا نەکردووە. گەر مەبەستی من بێت، ئەوا دەتوانم بیبەخشم. لای من ئەگەر بەرادەر شەب ئاویزیش هەمان رێگای ساڵان و هەمان کتێبخانەی ئەزموون بکردایە، ئەوا بێگومان نەدەگەیشتە ئێرە. لە جیاتی جەللاد دەبووە قوربانی. راستی بۆچی ئەوانەی کتێب دەخوێننەوە هەمیشە نەقشی قوربانی دەگێڕن! باوکم لەگەڵ ئەم بۆچوونەی من نیە و لای وایە زۆربەی جەللادەکان کتێب خوێنن. لانیکەم کتێب لەسەر چۆنیەتی ئەشکەنجەدان دەخوێننەوە،... ئەو کتێبانەی تەنیا لە کتێبخانە تایبەتیەکانی ئەواندا هەن و شاراوەن و کەسی تایبەت دەیانخوێننەوە. جاری وایە بەخۆم دەڵێم زۆر باشە بەرادەر، نینۆکەکانم و پێست و هاوارەکانم بۆ بگەڕێنەوە، دەتبەخشم! بەڵام نایڵێم. ئەمەیش رازێکە. هەندێ شت قەت ناگەڕێتەوە. رێگای ژیان زیاتر رێگایەکی هێڵ ئاسایە نەک دایرەیی. باشتریش دایرەیی نیە. گەر وا بووایە دەکرا جێگای من و بەرادەر شەب ئاویز بگۆڕدرێ،... من ئەو و ئەو من! نا،...نا، ئەمە کارەساتە. رەنگە تاوانی زمانیش بێت کە وشەی 'قوربانی' تیایە. مەگەر وەها نیە هەموو وشەکان دەربڕی شتێکن لە دەرەوەی خۆیان؟ تازە، ئەی کەلیمەیش نەبوو جیهان و بوونی خوڵقاند؟

یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەوەی بەسەر مندا هات ئەوە بوو کە پوورم و ژنەکەی بەرادەر شەب ئاویز دیسان وەک ساڵان یەکیان گرتەوە و بوونەوە بە هاوڕێی گیانی بە گیانی. ژنی بەرادەر کە تەواو موحەجەبە بوو، هەفتەی یەک دوو جارێک دەهات و سەردانی پوورمی دەکرد و لە ژوورەکەی باوەگەورە هەتا ئێوارە دادەهات پێکەوە بە گەرموگوڕی قسەیان دەکرد. گوڵە بەڕۆژە بە چایی دەگوت جێم بکەوە و، چایی بە گوڵەبەڕۆژە. من تەنیا روخساریم بینیبوو، سپی سپی و قەڵەویچکە و هێشتا لووس. لەچکەکەی وەها توند دەبەست کە ئەوەندەی تر کوڵمەکانی دەردەپەڕاند و من حەزی ماچێکی بەتام دایدەگرتم. ئەویش وەک بڵێی لە نیگاکانمەوە لەمە گەیشتبێ، زیاتر لە کاتی پێویست لێم رادەما. وەک بڵێی دەڵێ مەخابن گەنج نەماوم! من سەرم دادەخەم و دەڕۆم. رقم لە خۆمە. من نابێ ئەوەندە زوو ئەوەی روویدا لە بیری بکەم و خەیاڵی نابەجێ بمگرێتە خۆی.

ئەوەندەی بزانم دادەنیشن و باسی رابردوو و زۆر شتی تریش دەکەن. جارێ گوێم لێبوو بە پوورمی گوت خۆزگەم بە خۆت شووت نەکرد. ئەوسا زانیم ئەوا شێوەژیانی پوورمە ئەوی سەرلەنوێ کێشاوەتەوە ماڵەکەی ئێمە. ژنی بەرادەر حەزی بە ئارامی و بێدەنگیی ژیانی پوورم بوو. دەیگوت پیاو هەموویان فشەن، سماتەیەک هەڵگرە و بیانسوو، دڵنیابە لە هەر هەموویاندا سەرئەنجام دەگەییە شتێک بەناوی گونیان (لێرەدا بزەیەکی دەهاتێ)، دەیگوت هەرچی دەڵێن و هەرچی دەکەن بۆ ئەمەیە. خوایە چەند حەزم دەکرد لە پشت درگاکەوە لێی بپرسم "بەرادەر شەب ئاویزیش؟" نا، من باوەڕناکەم لانیکەم گون لە پشت ئیعدامی قولابییەوە بێت. نا،... نا، ئیتر ئەمە درۆیەکی گەورەیە.

شەوێک باوکم، لە کاتێکدا وشەکان لە دەمیا دەشکانەوە و زۆر بە نابەدڵنیاییەوە دەدوا، بە ئەسپایی گوتی "لات وانیە هاتوچۆی ئەم سەڵیتەیە باش نیە و لە ناو و ناوبانگمان ئەدا؟" پوورم بە لاچاو سەیرێکی کرد و، گوتی "ناو و ناوبانگ!؟ ئەم سەڵیتەیە نەبووایە، ئیستا ئەبوایە هەموو رۆژێکی جومعە خۆت و ژنت بچوونایە سەر قەبری کوڕەکەتان و هۆڕەهۆڕ بگریانایە!" باوکم ئیتر متەقی لێوەنەهات. ئەوسا گۆڕی خۆم هاتەبەرچاو کە غەریبانە لە سووچێکی قەبرستان لەناو گۆڕەکانی تردا کەوتووە بە کێلێکەوە بە ناو و بە وێنەی منەوە. کتوپڕ زۆر دڵم بۆ خۆم سووتا،... گریانم هات. کۆترێک کە لەسەر بانیژێکە نیشتبوو و ملی خواردەکردەوە و لە منی دەڕوانی، فڕی و لە بەردەممدا بەتەمای خواردن نیشتەوە. لەگەڵ فرمێسکەکانم لێمان رووانی. راوەستا، قاچێکی بەرزکردەوە، وەک بڵێی دەڵێ ئەها منیش دەتوانم لەسەر یەک قاچ بێستم. راستی کێی تر دەتوانێ لەسەر یەک قاچ راوەستێ؟ بیردەکەمەوە. هیچ شتێک ناگاتە زەینم. بە خۆم دەڵێم زۆر شت،... ئا زۆر شت! کۆترەکە دەفڕێتەوە و لە ئاسمانی نێوان خانووەکانی گەڕەک لەچاو وندەبێ. پەڵەهەورێک خۆی کردووە بە دەنووک.

هەستێکی خۆش نیە هەست بکەی لە لایەن هەمان کەس یان لایەنەوە هەم زوڵمت لێکراوە و هەم پیاوەتی. تاوانی منە یان ئەو(ان)؟ نا، تاوانی من نیە، بەڵام من نابێ بهێڵم وەزعەکە بگاتە ئێرە، نا،... نەدەبووایە بمهیشتایە. جا با بێ تاوانیش بم. رقم لە خۆم دەبێتەوە کە پوورم رووی کردووەتە ماڵی بەرادەر و، ئەوەندەی تر رقیشم لە خۆم دەبێتەوە کە قبوڵم کرد و رۆژێک لە رۆژان نیشانەی پرسیارێکم نەخستە سەری. بە ئیزنێ کێ منیان رزگار کرد؟

نازانم عەبە بێقۆل ئەمە لە کوێوە دەبیستێ. رۆژێک نامەیەک دەگاتە دەستم. تیایا نووسراوە "بۆ ئامۆزای خۆشەویست و سادە و گەوجم،... بە کورتی بە خوا کەری!"

هەر ئەوەندە. رەنگە تەنیا کەرەکانن گیان دەردەبەن.

بە نامەکەی عەبە تێدەگەم کە دونیا لەوە بچووکترە وا بۆی دەچین. ئەوەیش وا دونیا بچووک دەکاتەوە، هەوایە. دەجووڵێ و ئیتر هەموو شتێک لەگەڵ خۆی بۆ هەموو شوێنێک دەبا. بە بی ئیزنی خۆت. تازە بە گوێرەی کەسەکانیش دەستەبەندییان دەکا: لە ئامۆزاوە بۆ ئامۆزا، جا با زۆر جیاوازیش بن و هەر کامەی لە شارێک بژین.

ژنی بەرادەر وەهای لێدێ، کاتێک نایەت هەموومان بە نیگای پڕ لە پرسیارەوە لە پوورێ دەڕوانین. ئەویش روو وەردەگێڕێ و چاومان لێناکا. حەیف لچ هەڵقرچاندن، دەنگی نیە.

من نازانم خانووەکەی ئێمە کە رووبەڕووی ئەو بنەکەیە وا بە گڵۆپی بەهێز، شەوانە دەورووبەری خۆی رووناک دەکاتەوە، ئیستاکە ئەمنترە یان نا، بەڵام بەردەوام هەستێکی خۆشم نیە. گەر کتێبەکان نەبن، بەڕاستی ژیان تامی تیاماوە؟

 

باوکم دەڵێ کوێربم ئەو ساڵەی شا هات بۆ شارەکەمان، نەخۆش بوو! ئا، نەخۆش بوو و کەس نەیدەزانی. دەڵێ هەر خۆی و دکتۆرەکەی دەیانزانی سەرەتانیەتی. بگرە بە 'فەرەح'ی ژنیشی نەگوتبوو. دکتورەکە پێی وابوو چەند ساڵێک دەخایەنێ تا دەیکوژێ. شا دڵی بەمە خۆش بوو و لای خۆی وای لێکدابووەوە هەر کاتێک وەزعی خراپتر بوو و لە ناو جێگادا کەوت، ئەوجا باسی بکا. باوکم دەڵێ ئەوەیە پیاو! ئەو لای وایە پیاوە مەزنەکان هەمیشە خۆیان فەرامۆش دەکەن و بە سەروماڵەوە خۆیان فیدای گەل و نیشتمان دەکەن. هەڵبەت خێرا ئەمەیشی پێ زیاد دەکا "پەح لەم گەلەی ئێمە!"

باوکم لێرەدا چیرۆکەکەی رادەگرێ و منیش بۆ ئەوەی بزانم شا دوواتر چی بەسەرهاتووە، دەچم و کتێبە مێژووییەکان دەخوێنمەوە. ئەگەرچی بە زەحمەت دەستدەکەون و دەبێ زیرەکانە و ناڕاستەوخۆ لە ناو کتێبەکانی تردا بیدۆزیتەوە. ئا، شا نزیکەی ساڵ و نیوێک دووای ئاوارەبوونی بە هۆی سەرەتانەکەیەوە، کە باوکم لای وایە بەهۆی شۆرش و دەربەدەر بوونییەوە زۆر خێرا پەرەی سەندبوو، لە وڵاتی میسر مردبوو و لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ئەو وڵاتە بە خاک سپێردرابوو. باوکم دیسان دەڵێ کوێربم جەوان بوو مرد جوان، تەنیا شەست ساڵی تەمەن بوو.

من کە رقم لە خۆمە، لەبەر ئەوەی رێک لە کاتی هەندێ رووداوی یەکجار گرینگی مێژووییدا خەوم لێکەوتبوو، زیاتر و زیاتر بە ناو کتێبە مێژووییەکاندا رۆدەچم. باسی تەختە جەمشید کە پێنج سەد ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح دروستکراو  لە دووای دوو سەد ساڵ ئەسکەندەر مەقدوونی بە سوپا زەبەلاحەکەیەوە هات و وڵاتی داگیرکرد و سووتاندی. سەیری وێنەکان دەکەم. چەند عەزەمەت دێتە بەرچاو. کۆشکە یەک لە دووای یەکەکان کە بە تەنیشت یەکترەوەن، سەربازە ریشنەکان بە نێزەکانی دەستیانەوە، ستوونە درێژەکان، نووسراوە سەیرو سەمەرەکان، ئەو خەڵکەی وا دیاری دێنن، پەیکەری بەردینی ئەسپ و باڵندەکان کە هێز لە روخساریان دەبارێ. لە هەمان کاتیشدا چەند خەماویشە کە هەموو ئەمانە لە دەشتێکدا لە تەنیشت بەرزاییەکانی دەوووبەریدا لە پاش هەزاران ساڵ بە هەیکەلی وێرانیانەوە ماون و بەردەوام چاوشارکێی ژیان دەکەن. ئەوسا وێنەکانی شا لە کاتی سەردانی بۆ تەختە جەمشید، تەنیا، یان لەگەڵ میوانەکانی لە وڵاتانی دیکەوە،... مەلەکەی بریتانیا. دڵم دەگوشرێ. نەک لە بەر شا یاخود کۆشکەکان،... نا لەبەر ئەوەی کتوپڕ هەموو شتێک زۆر بێ مانا دەبێتەوە لەبەر چاومدا. لە ناکاو زەمەن وەها بچووک دەبێتەوە کە دەبێ بە هیچ. شا و تەختەجەمشیدم وەک یەک دێنە بەرچاو. هەزاران ساڵ دەبن بە یەک چرکە. بیر لە خۆم دەکەمەوە، داخۆ ئەو دە ساڵەی وا من خەوتووم خاوەن هیچ مانایەکە؟ بەخەبەر بوومایە کەچی! چیم دەکرد؟ جێژنەکانی دووهەزار و پێنج سەد ساڵەی شاهەنشاهی،... رێک پێش شۆڕش. تا نەکەوین، باوەڕ بە مردن ناهێنین. باوکم دەڵێ بە چاوەوە بوو،... بە چاوەوە،... ئاخر پیاوی ئاقڵ جێژنی وەها لەبەر چاوی دونیادا رێکدەخا؟ ئا، بۆ خۆی دڵی پاک بوو و نەیدەزانی چەندە چاوی خەڵکی پیسە.

من جاری وایە رقم لە باوکم دەبێتەوە. هەستدەکەم رێک وەک شا ئەویش گەمژەیە. کاکە وازبێنە، کێ بە شوێن مردوودا رادەکا، کێ؟ مامە تەنەکە دەڵێ ئاوا بیردەکاتەوە بۆیە قەت سەربەخۆ نابێ،... نەبووە و نابێ! دڵنیام باوکم پارەی هەبێ و بوێرێ، یەکەم وڵات بۆی دەچێ بۆ سەفەر وڵاتی میسرە. رێک بەرەو مزگەوتی رفاعی، ئەو مزگەوتەی شای تیا نێژراوە. بەو لێوانەوە تامەزرۆی ماچکردنی کێلەکانن. عومەرە کۆسە رۆژێک نامەیەکم بۆ دەنێرێ و دەڵێ پێی بڵێ ئاگای لە خۆی بێ، شەب ئاویز قسەکانی ببیستێتەوە بە گون هەڵیدەواسێ و گیرفانەکانی جوان جوان دادەتەکێنێ. دەڵێ پیاوی جاسووسی زۆرە و وا لێی مەڕوانن. بیر دەکەمەوە مەگەر ئێمە (لانیکەم من) چۆن لە بەرادەر شەب ئاویز دەڕوانین. رۆژێ کە زۆر لە بیردام و حەزدەکەم بە جۆرێک پەیامەکەی عومەر بگەیەنمە باوکم، لە جیاتی ئەوەی بڵێم ئاگات لە خۆت بێت، دەڵێم ئاگات لە گونت بێت! دایکم گۆشەی لەچکەکەی بە دەمییەوە دەگرێ و مۆڕەکەیەکم لێدەکا. چاوەکانی بە پێچەوانەی مۆڕەکانی پێدەکەنن. باوکم بە خۆشییەوە ئەوەندە لە داڵغەدایە ئاگای لێ نیە. سەری بەرزکردەوە و گوتی چی!؟

باوکم دەبێ واز لەم شاپەرەستییەی بێنێ. ئەو دەبێ ئەوەندە لە رابردوودا نەبێ. شەوێک پێش خەوتن پێی دەڵێم بچێ بۆ راوەماسی. بچێ بۆ ئەو چەمەی وا ئەوەندە دوور نیە، قوڵاپێک لەگەڵ خۆی هەڵگرێ و بە دیار ماسییەوە هەتا ئێوارە دانیشێ. بەڵکو جووڵەی ماسی و ئاو بیری بێننەوە کە گۆڕان و جووڵە سەرەکیترین رووداوی دونیان. جگە لەوە دەنگی ئاو ئارامی دەبەخشێ. دەنگەکانی رابردوو لە بیر گوێکان دەباتەوە. کە پێی دەڵێم، سەر بەرزدەکاتەوە و لێم دەروانێ. بۆ بەیانی قولاپێک دروستدەکا، بوخچەیەک شتومەک دەپێچێتەوە و دەڕوا. کە ئێوارێ دێتەوە یەک تاقە ماسی چییە راوی نەکردووە، بەڵام روخساری کراوەترە. پێش ئەوەی بۆ خەو بچێتە ناو جێگاکەیەوە، بە گوێم دا دەچرپێنێ کە پێشنیاری چاک بوو و بە تەمایە سبەی بچێتەوە.

بەم شێوەیە باوکم بووە بە ماسیگر و ماسییەکان یارمەتیاندا شا لە بیر خۆی بباتەوە و ئەمجارە باسی ئەوەمان بۆ بکا کە جوانترین دیمەنی دونیا، شۆقی تیشکی هەتاوە لە سەر خڕە بەردەکانی بن ئاوێکی تەنکدا. ئەوەیکە گەر سروشت سەر لە نوێ تێکەڵ بە ژیانی مرۆڤ بێتەوە ئەوا هیچ رووداوێک ئەوەندە کارەساتبار نیە کە مرۆڤ لە ژێریا نوقم و هەلاهەلا بێت. بەڵام خراپی راوەماسی ئەوە بوو کە باوکم وەها گیرۆدەی ببوو دەستی لێ بەرنەدەدا. رۆژێک مارێک پێوەی دەدا و دەبورێتەوە. شانسی دەبێ و پیاوێک لەو دەرووبەرە دەیدۆزێتەوە و فریای دکتۆری دەخا، بەڵام ژارەکە قاچی رەش و شین دەکاتەوە و وەها تێکەڵ بە دەمار و گۆشتی خوار ئەژنۆی دەبێ، کە ناچار دەبن بۆی ببڕنەوە. بەم شێوەیە باوکم نیوەی قاچی راستی لە دەست دا. سەرەتا بە دوو گۆچان دەڕۆیشت و ئەوجا کردی بە یەک دانە. کە دەڕۆیشت کەمێک خۆی بۆ دەگەڕان و کاتێک دەیەویست دانیشێ خۆی فڕێدەدایە سەر نیمکەتی قاوەخانە. دیسان نامەیەکی ترم لە عومەرەوە بۆ هات و گوتی ئەمەیش عاقیبەتی ئەوانەیە وا لە کاتی بە رێگا رۆیشتندا زیاتر سەیری دوواوەوەی خۆیان دەکەن تا پێشەوە. عومەر ئەمەی نووسیبوو لەبەر ئەوەی دڵنیا بوو مارەکە لە دوواوە بە باوکمیەوە دابوو نەک لە پێشەوە. عومەر ئەمەی لە کوێوە دەزانی، ئیتر خۆی و خوای خۆی.

دەبێ سوپاسی مارەکە بکەم کە دووابیرەوەرییەکانی شای لە کۆڵی ماڵی ئێمە کردەوە و باوکم ئیتر نەک تەنیا قەت باسی نەکردەوە، بگرە ئەو وێنەیەیش وا لە یەغانە قەیمییەکە هەیبوو و هی کاتی سەردانی پاشا بۆ شارەکەمان بوو دەریهێنا، سووتاندی و خۆڵەمێشەکەیشی لە سەر بانیژەکە دایە دەم با. بەم شێوەیە مێژوو لە ماڵی ئێمە بارگە وبنەی پێچایەوە و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین، هەرچەند من لە کتێبخانە بەردەوام سەرقاڵی بووم و هەر جارەی کتێبێکم لە سەر بەشێکی مێژووی جیهان دەخستە سەر مێزەکەی بەردەمم. کتێبەکان پێیان دەگوتم مێژوو ئەوەندەی بۆ خوێندنەوەیە بۆ لایەنگری کردن نیە.

ساڵەکان خێراخێرا تێدەپەڕن و ئەوانیش وەک ئەوانەی پێش خۆیان دەبن بە مێژوو. بەڵام راوەستە! بۆ بە مێژووبوون تەنیا تێپەڕین پێویست نیە، مێژوو بە رووداویشەوەیە کە دەبێتە مێژوو. مێژوو بریتییە لە کۆی کات و رووداوی تێپەڕیو. چ سەیرە، ئەم شارەی ئێمە بەو کەسەوە ناوی چووە مێژووەوە کە نیشتمان رۆژێک لە رۆژان بە سەرشۆڕی و بە تۆپزی دەریپەڕاندبوو! دەڵێن بنەماڵەکەی ماون و بەتەمان رۆژێک لە رۆژەکان بگەڕێنەوە. دەڵێن ئەوان باس لە هەڵەیەکی مێژوویی دەکەن. ئەمە ئیتر زۆر جیاوازە. دڵنیام گەر باوکم ئەمە ببیستێ، سەرلەنوێ دەچێتەوە سەر حاڵ و هەوای جارانی. نا، نابێ بیبیستێ. بەخۆشییەوە زەوقی گوێگرتنی رادیۆ خارجییەکانیشی نەماوە. ماسییەکان خۆیان بە هەموو کەلێن و قوژبنی ژیانی ئەودا کردووە. منیش بۆ دڵنیایی زیاتر جاری وایە لەگەڵی دەچم. پێکەوە تا درەنگان دادەنیشین و لە ئاو و لە ئاسمان و لە شاخە دوورەدەستەکان دەڕوانین. باوکم لە مێژە فێری گرتنیان بووە. کە دەیانگرێ، بە شووڵێکیانەوە دەکا و دوو سەری شووڵەکە گرێدەدا و ئەوسا بەرەو ماڵەوە بەڕێ دەکەوێتەوە. شووڵەکە لە پەتی سێدارە دەکا. ماسییەکان بەڕیز و لە تەنیشت یەکتردا پیایا شۆڕبوونەتەوە. تەواوی رێگا هەڵدەخەنەوە. قەراخ چەمەکە پڕە لە دارەبی. بە دەم باوە دەشەکێنەوە و بە درێژایی چۆم، دادەگەڕێن. من چەند شانازی بە باوکمەوە دەکەم. بەو قاچەوە وازناهێنێ. ئەو لای وایە لە راستیدا چەمەکە قاچەکەی برد و جا رەنگە رۆژێک لە رۆژانیش بۆی بێنێتەوە. بۆیە هەمیشە چاوی لە لاسەرووی ئاوەکەیە.

رۆژێک لێی دەپرسم داخۆ بیری دایک و باوکی دەکا. دەڵێ ئەی تۆ چی، لات وایە تۆیش بیرمان بکەی؟ دەڵێم پێت وایە پوورم هەست بە بەختەوەری بکا؟ دەڵێ ژیانکردن ئەسڵە و ئەوانەی تری هەمووی شتی لابەلان، زۆر گرینگ نین. راستدەکا ئێمە زۆربەی کاتەکانی ژیانمان تەنیا دەژین بە بێ ئەوەی بیر لە چۆنیەتییەکەی بکەینەوە.

مرۆڤەکان زۆر جار دەبێ شکستەکانیان قبوڵ بکەن. یەک لەوانیش باوکم. کە قبوڵیشی کرد. زۆر کەسی دیکەیش قبوڵی ناکەن تەنیا لەبەر ئەوەی نازانن چی بکەن. جێگرەوەیان نیە بۆی. پێشنیاری من بۆ باوکم ماسیگری بوو. ئێوە؟... نازانم.

 

هیچ شتێک وەک هەواڵ نیە. لە ئاو و تەنانت لە هەوایش زاڵمترە. بە بێ ئەوەی ببینرێ و هەستی پێ بکرێ خۆی دەگەیەنێ. بۆ هەر شوێنێک لات وایە ناگا، ئەو دەگا! کەس نازانێ چۆن دزە دەکا، کەس تێناگا کێ هەڵگریەتی وچۆن چۆنی دەتوانێ هەموو مەوداکان بە بێ هیچ کێشەیەک ببڕێ. "کاکە تکایە با لە ناو خۆماندا بێت!" بەڵام ئەمە ئەو شوێنیە وا لەوێوە سەفەرە پڕ لە راز و رەمزەکەی دەست پێدەکا. گەر لە من بپرسن دەڵێم هۆکاری ئەمە ئەوەیە هەموو کەس حەزی بە بیستنی هەواڵە، کاتێک مرۆڤەکان ئەوەندە تامەزرۆبن ئیتر هەر لە خۆوە هەواڵ روویان تێدەکا. ئەوانەیشی وا بە رواڵەت خۆ گێل دەکەن بە لای منەوە لەوانی تر خراپترن، تەنیا ئەوەندەی نایدرکێنن.

عەبە بێقۆل لەگەڵ ئەوەی دەستی ماڵ و منداڵی گرتبوو و بۆ هەمیشە نیشتمانی جێهێشتبوو، رۆیشتبوو و کەس هەواڵی نەدەزانی، کتوپڕ حاڵ و وەزعی بوو بە بنێشتی ناو دەمی خەڵکی، بگرە لەو کاتەی وا لێرە بوو زیاتر باسیان دەکرد. دایکم بە بیستنی هەواڵەکە بە روومەتی خۆیدا دەکێشا، بە پەنجەکانی دەیگرتن، شێتانە رایدەکێشان و دەیگوت "ئەیەڕۆۆۆ!"

راستییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی عەبە لە سییەکان لایداوە، بەڵام حکومەت تەنگی پێ هەڵدەچنێ و دەڵێ دەبێ بچێ بۆ سەربازی. وەک دەڵێن لە شاران لەم بارەیەوە حکومەت دەسەڵاتی زۆرترە. عەبە خۆی لێ گێڵ دەکا و وەڵامیان ناداتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە شارەکەدا غەریبەیە و وەک مانگای ناوچاو قەشان وایە، زیاتر لە خەڵکی تر لە لیستەکەدا خۆی دەنوێنێ و بۆیە یەکەم کەسە کە هەڵدەکوتنە سەری. بەم شێوەیە تەنگی پێ هەڵدەچنن و عەبە ژیانی نامێنێ. هەر پێی دەکرێ خۆی بدزێتەوە و ئەوەندە دەرنەکەوێ، بەڵام خۆ نەدەکرا هەتا ئەبەد ئەمەبکا. ئەو دەبووایە کار و کاسبی بکا و ژن و منداڵەکەی بژیەنێ. ماڵە خەزووران سەرەتا زۆر تووڕە بوون. ئەوان لایان وابوو عەبە بە تەمەنی بیست و پێنج ساڵەیەوە سەربازی کردبوو و بۆیە لێیان نەپرسیبوو. ئیستا کە بەمەیان دەزانی تووڕە لە وەزعەکە نەیاندەزانی چی بکەن. خەزووری کە دەوڵەمەند دەبێ، ماوەیەک بە بەرتیل و شتی وا وەزعەکە دووا دەخا؛ بەڵام سەر لە نوێ هەڵیدەدایەوە و دیسان عەبە ئاوارەی نیشتمان دەبووەوە. سەرئەنجام لە دووای کۆبوونەوەیەکی بەرینی بنەماڵە ناچاریان کرد بچێ بۆ سەربازی و گوتیان دوو ساڵ هیچ نیە و تا لادەکاتەوە ئەویش تەواودەبێ! گوتیان ئاگایان لە ماڵ و منداڵی دبێ.

نۆ رۆژ لە پاییزێ لایدابوو کە عەبە بێقۆل جانتا دەپێچێتەوە لە ماڵ و منداڵ بە چاوە خەمبارەکانییەوە خواحافیزی دەکا، لەگەڵ چەند کەسی تر سواری مینی بووسێکی دەکەن و بەرەو 'عەجەب شێر' بەڕێی دەکەن. عەبە کەلیمە چییە لە دەمی نایەتە دەرەوە. وەک بڵێی لاڵ بووبێ. یان لە بەردەمی خۆی دەڕوانێ، یان لە دوور لە دەشت و دەر و شاخ و کێوە رووتەنەکان کە هەتا چاو کاردەکا لەگەڵ ئاسمان پێشبڕکێیانە. پاشان کە لەوانی تر ورددەبێتەوە، دەبینێ زۆر لە خۆی گەنجترن و بەمە دادەچڵەکێ. عەبە تووڕە لە دۆخەکە جگەرەیەک دادەگیرسێنێ و مژێکی وەها قووڵی لێدەدا و وەها چڕەدووکەڵێک سازدەکا کە ئەو پیاوەی بە جلی ئەرتەشییەوە لە پێشەوە دانیشتبوو و لەوە دەچوو بەرپرسیان بێت، زۆر بە تووڕییەوە دەنگی دا. ئەم تووڕەییە، ئەوی جووڵاندبوو و کتوپڕ عەبەکەی جاران لە دووای ساڵانی ساڵ لە دایکدەبێتەوە. بۆیە لێی راستدەبێتەوە و هەر لەوێ لە ناو ماشینەکەدا دەچێ و چینێکی باشی دەکوتێ. کابرای جوندی کە چاوەڕوانی ئەمە نەبوو و شوێنەکەیشی وەها نەبوو بتوانێ خۆی دەرباز بکا و گەر بیشیتوانیایە دەست بکاتەوە، لە دووای ئەوەی ئەوانی تر فریای دەکەون و شۆفیرەکەیش مینی بووسەکە رادەگرێ، لە چنگی عەبە دەربازدەبێ، دۆخەکە بە یارمەتی هەمووان ئارام دەبێتەوە و ئیتر عەبە بە کەیفی خۆی هەتا دەگەنە شوێنی مەبەست جگەرە دەکیشێ. وەک هەواڵەکە دەڵێ گوایا لە داخا سیگاری بە سیگار رۆشن کردووەو، کەس لە ترسانا متەقی لێوە نەهاتووە.

لە ماوەی سەربازییەکەیدا عەبە بێقۆل دەبێ بە "عەبدولا کۆردە" و ئەوەندە خەریکی شەڕ و نەگبەتی دەبێ کە بەردەوام بۆ تەمبێ کردنی، بە کاتی خزمەتەکەی زیاددەکەن؛ وەها کە لە دوو ساڵەوە دەبێ بە سێ ساڵ! وەک هەواڵەکان دەیانگوت عەبە کە لە ناو کەلەڕەقی و درێژبوونەوەی ترسناکی کاتی سەربازییەکەیدا مابووەوە، هەتا دەهات خراپتر دەبوو و هیچ نەسیحەت و قسە و گفتوگۆیەک فریای نەدەکەوت. هەر ئەوەندە دەرجەدارێک کەمێک بە جۆرێکەوە بیدوانایە، ئیتر وەک کەڵەشێر ئاوقای دەبوو. سەرئەنجام گوایا خەزووری فریای کەوتبوو و بە خاتری کچەکەی و منداڵەکانی بڕێکی لە زیاسەربازییەکانی  کڕیبووەوە. وەعدیشیان لێ سەندبوو کە کەمێک دیان بەخۆیا بگرێ و ئەوە قبوڵ بکا کە سەربازی سەربازییە و،... تەواو.

هەڵبەت کارەکە بەمە راوەستایە هیچ عەیبی نەبوو. بەدبەختییەکە لەوەدا بوو کە ژنە سوور و سپییەکەی عەبە وەک هەواڵەکان دەڵێن خیانەتی پێ دەکا و رێک ئەو رۆژەی عەبە گوروبانێکی کوتابوو و سەروچاوی شین و مۆر کردبووەوە، مریەمی ژنی کە لە گەڵ کۆنە ئەشقەکەی دەستی تێکەڵ کردبووەوە، بۆ شەوەکەی لە دووای خەوتنی منداڵەکانی، دەیباتە ژوورەوە و ئیتر بە یاد و حەسرەتی جاری جاران جوان جوان یەکتریان شێلابوو.

ئەم هەواڵەیش، دیسان کەس نازانێ چۆن، وەک هەموو هەواڵەکانی تر ئەو رێگایەی وا عەبە بە مینی بووسەکە بڕیبووی، دەبڕێ و لە تێڵدڕوو و پۆستی نیگابانییەکان تێدەپەڕێ و دەگاتە گوی قوت و تیژەکانی عەبدۆلا کۆردە کە ئیستا بۆ خۆی لە پانتۆڵی خۆیدا فەرماندەی سەرەکیی سەربازخانە گەور و گرانەکە بوو! عەبە بە هیچ شتێک راناگیرێ. وەک شێت داروبەرد بە یەکتردا دەدا. سەرئەنجام دەیگرن و دەیخەنە زیندانەوە. فەرماندە لەگەڵ ئەوەی دەزانێ چی بەسەر سەربازەکەیدا هاتووە، بەڵام بە هۆی ئەو بێ نەزمییەی هەیبوو، مەرەخەسی ناداتێ و عەبە هەروا دەمێنێتەوە. سەرئەنجام عەبە شەوێک یان رۆژێک رادەکا. هەندێ دەڵێن فەرماندە بۆ خۆی ئەم دەرفەتەی بۆ رەخساندووە و هەندێکی تر دەڵێن نیگابانەکان ئەوەندەی لێ دەترسان کە رێگایان بۆ ئاوەڵا کردبوو و، هێشتبوویان نایاسایی بڕوات.

عەبە، ئێوارەیەک درەنگانی رۆژێکی کورتی زستانی دەگاتەوە ماڵ. ئەو کە لە لای خۆی بڕیاری دابوو هەر بگاتەوە ماڵ بە یەکێک لە چەقۆ گەورە و تیژەکانی ئاشپەزخانە دەستبەجێ سەری مریەمی ژنی ببڕێ و خوێنی پیس و گڵاوی بڕژێنێتە سەر زەوی، هەر بە بینینی ژنەکەی لە پشت شووشەی پەنجەرەکەوە ئەژنۆی شل دەبێ و لە ناو ئەو هەوا سارد و سڕەی دەرەوەدا کە چوار دەرەجە لە خوار سفرەوە دەبێ، وەک منداڵ دەستدەکا بە گریان. گریانێکی بێدەنگ. عەبە قەت لە ژیانیدا ئەوەندە هەستی بە دڵتەنگی و داماوی خۆی نەکردبوو. بە سەرە تاشراوەکەیەوە لە خۆی پرسیبوو باشە بۆ ژیانی بەم ئاقارەدا رۆیشتبوو؟ لەچی کەم بوو؟ چ زوڵمێکی لە ماڵ و منداڵی کردبوو؟ هەرچی بیری دەکردەوە هیچ شتێکی وەها نەدەگەییە خەیاڵی. ئەوسا کتوپڕ بە یەک بۆچوون دەگا، ئا ژنەکەی جوان بوو و ئەم دونیایەش پڕە لە ئینسانی نامەرد. هەروەها بەو نەتیجەیەیش گەیشتبوو کە چوون بۆ سەربازییەکەی خەتایەکی یەکجار گەورە بووە. عەبە بە ئارامی فرمێسکە گەرمەکانی لە سەر روومەتی ساردوسڕی دەسرێتەوە و، دەچێتە ژوورەوە. ژنەکەی بە بینینی وشک دەبێ! منداڵەکانی بەرەو باوەشی رادەکەن و  لە قاچەکانی دەئاڵێن. عەبە واق وڕماو لە نێوان ژنەکەی و منداڵەکانی دادەنەوێ و دەستێک بە سەری هەردووکیاندا دێنێ و وەها لە نیگا دەریاییەکانی ژنەکەیدا نوقم دەبێ کە لەناکاو هەموو شتێکی لەبیر دەچێتەوە.

عەبە چەند شەوێک لە ماڵەوە دەبێ و دوواتر سوار مینی بووس دەبێتەوە و دەچێتەوە بۆ سەربازخانەکەی. گوایا کاکی فەرماندەیان بینیبوو لە ژوورەکەی خۆیدا دەستی بە سەر شانی عەبدۆلا کۆردەدا هێنابوو و دڵنەوایی دابووەوە. سەربازەکانی دیکە دەڵێن فەرماندە وەک عەبە کاتی خۆی هەمان بەڵای بەسەردا هاتبوو. جا ئەوەی چی بە گوێی عەبەدا چرپاندبوو، ئەڵاهوئەعلەم!

من بۆ خۆم نازانم چۆن چۆنی ئەم کردەیەی عەبەی ئامۆزام لێکبدەمەوە.  بە رای من بە چەند جۆر دەکرێ بۆی بچین:

ـ عەبە ئەوەندە عاشقی ژنەکەیەتی کە دەتوانێ هەر جۆرە تاوانێکی ببەخشێ، بەس بەو مەرجەی هی خۆی بێت و لێی جیا نەبێتەوە،

ـ عەبە ئەو شەوە گەیشتبووە ئەو ئەنجامە کە ناکرێ لەم جوانییە تەنیا خۆی بەهرەمەند بێ!

ـ عەبە کتوپڕ لەوە گەیبوو کە تاوان تاوانی خۆیەتی، ئاخر کێ دەتوانێ بە چەندین مانگ خۆی رابگرێ؟

ـ لای خۆی لێکی دابووەوە (بەهۆی ئارامیی ژنەکەیەوە)، کە بابە هەموو ئەمانە قسەن و فڕیان بە سەر راستییەوە نیە،

ـ یاخود نەیدەزانی چۆن لە ژنەکەی ئەمە بپرسێ و، لەمە قۆڕتریش ئەوەی چۆن چۆنی بیسەلمێنێ،

ـ عەبە بیری ژیانی جارانی خۆی کەوتووەتەوە و وەهای لێکداوەتەوە کە ئەمەی بەهەرحاڵ باشترە،

ـ بیری لەو خێرو بێری ماڵی خەزووری وەک میرات کردبێتەوە. رەنگە بە خۆی گوتووە رۆژێک لە رۆژان لێرەیش دەڕۆم و خەڵکیش چیرۆکەکەم وەک هەموو چیرۆکی تری ناو ئەم دونیایە لەبیردەکەن،

ـ یان رواڵەتی بێتاوانی منداڵەکانی ئەویان سارد کردبووەوە.

کەس نازانێ لە راستیدا ئەو شەوە چی لە دەروونی عەبە بێقۆلی ئامۆزای مندا گوزەراوە، بەڵام چەند مانگ دووای ئەوە بوو یان چەند ساڵ، نازانم؛ بەڵام رۆژێک نامەیەک گەیشتە دەستم کە لە لایەن ئەوەوە بوو! عەبە کە قەت منی ئاوەها نەدوواندبوو و لایشم وایە ئەم نامەیەی لە شارێکی دوور بە عەریزەنووسێک نووسیبوو، تێیدا وەهای گوتبوو:

"ئامۆزا نازدار و لە گوڵ پاکترەکەم، ئامۆزای زانا و زیرەکم!  دەزانم کاتی خۆی بە قسەکانم ئازارم داوی و قەت ئەو ئامۆزایەی نەبووم کە دەبووایە ببم، بەڵام دەبێ بڵێم هەمیشە بەخیلیم پێ بردووی، تەنانەت ئەو ساڵانەیش. من هەمیشە موعجیبی ئارامی و شەخسیەت و رێک و پێکیی تۆ بووم. ئەمەیش زۆر جار تووڕەی دەکردم. چونکە نەمدەتوانی وەک تۆ بم، هەڵدەچووم. لام وابوو ئەگەر بەمە نەتوانم خۆم وەک تۆ لێبکەم، لانیکەم تۆ وەک خۆم لێدەکەم. چ خەیاڵێکی خاو! من ئەو کاتانەیش دەمزانی جادەکە و کتێبخانەکە بۆ تۆ چین. من زۆر جار بەو جادەیەدا رۆیشتووم و بیرم لە تۆ کردووەتەوە. لەبەر دەمی کتێبخانەکەدا راوەستاوم و هەوڵمداوە بزانم تۆ چۆن دەڕوانیتە دونیا، شتێک کە لێی نزیک کەوتمەوە (بە گومانی خۆم)، بەڵام قەت نەیگەیشتمێ؛ ئەمەیش ئاساییە. دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە تۆ چ وەک خۆت و چ وەک بیروەرییەکان و چ ئیستاکە وەک ئامۆزایەک کە بیری لێدەکەمەوە، ئارامیم پێدەبەخشی. سوپاس! دڵنیام تۆ تەنیا کەسێکی کە دەتوانی تێبگەی، بەتایبەت لە دۆخی من (ئەمەیش بەو نیەتەوە دەلێم کە دەزانم ئاگات لە هەواڵەکانی منە، دەزانم هیچ شتێک وەک هەواڵ نیە!"

عەبدۆلا کۆردە، نامەکەی، پێم وابێ لەبەر عەیبە، واژۆنەکردبوو. کاغەزەکە لە چەند شوێنەوە چرچ ببوو، وەک بڵێی چەند جارێک لە ناردنی پەشیمان بووبێتەوە.

کە لە خوێندنەوەی دەبمەوە، سەرهەڵدەبڕم و چاو لەو چلورانە دەکەم وا بە گوێسبانەکەوە شۆڕبوونەتەوە و بە تەنیشت یەکترەوە وەک ریزە سەرباز راوەستاون. پێم وایە عەبە کوڕێکی باشە. ئەوەندە باش کە رێزی ژیانی لەلا لە نامووس زۆرترە. منیش خراپم. باشە بۆچی ئەو ساڵانە جارێک لە جاران پێم نەگوت وەرە با پێکەوە بچین بۆ کتێبخانەکە!... ئا وەرە با پێکەوە بچین!

 

شەوی وایە لە ژوورەکەی باوەگەورە پڕ بە خۆم هاواردەکەم و دەقیژێنم. جەستەم سەر شەڵاڵی ئارەق دەکەوێتەوە. دایکم و باوکم و پوورم بەپەلە دەگەنەوە سەرم. پەرداخێک ئاوم دەدەنەوە و ئەوسا بە پەڕۆیەک دەموچاو و دەوری ملم دەسڕنەوە. هیچ شتێک وەک ئیعدامی درۆینە نیە. دەگەڕێتەوە و دەگەڕێتەوە و هەر جارەیش بە خوویەکی تازەوە. لە بیرناچێتەوە. دایکم دەگری و دەڵێ دەبێ بیبەینە لای شێخ، باوکم بیر لە تەورێز لە دکتۆرێکی دەروونناس دەکاتەوە و بەڵام باسی ناکا، پووریشم دەڵێ لێی گەڕێن کتێبەکان سەرئەنجام رێگاچارەیەکی بۆ دەدۆزنەوە.

شەوی وایە بە نۆرە لە لام دەخەون. ماوەیەک باش دەبمەوە و هەموو شتێک وەک جارانی لێدێتەوە،... بەڵام کاتییە. ژێ سێ بەدەستەکە لەگەڵ هاوڕێکانی نیوەشەو دەگەڕێنەوە. بە جل و بەرگە بەڵەکەکانیانەوە و بەو سەروقژ و ریشە زۆرانەوە کە بۆنی ژیر خاک و قەبر و دەنگی دووری مەلایکە چاوەڕوانەکان دەدەن. ژیان دەبێ بە تاڵێکی کەکرەئاسا. کونی تفەنگەکە لەبەر چاومدا ئەوەندە گەورە دەبێتەوە کە دەبێ بە دەمی هەژدیهایەک. کونێک کە دەتوانێ هەموو شتێک قووت بدا. حووتێکی ئاسنین. دایکم جاری وایە وەک سەردەمی منداڵی لایەلایەم بۆ دەکا، دەست بە سەروقژمدا دێنێ و چیرۆکەکانی سەردەمی منداڵیم سەرلەنوێ بۆ دەگێڕیتەوە. ئەو چیرۆکانەی دیسان سەرنجم رادەکێشنەوە. وەک بڵێی سەرلەنوێ گەڕابێتمەوە سەرەتاکانی ژیانم. ئەو ساڵانەی وا دەمتوانی هەتا بێکەران لە تاریکی رابمێنم، وێنەکانی تیا بکێشمەوە و خەونی جۆراوجۆری تیا ببینم. یەکێک لە مامەکانم، نازانم کامیانە، دەڵێ ژنی بۆ بێنن، هیچ شتێک وەک ژن نیە. من کە دڵنیام ئەمە قسەی مامە رەحمانە، بە خۆم دەڵێم هەندێ کەس هەتا ئەبەد ئەوەن کە هەن. ناگۆڕێن، بەڵام خۆ ژنهێنان گاڵتە نیە. یەکەم دەبێ کارت هەبێ، دووهەم دەبێ سەربازیت کردبێ و سێهەم دەبێ بۆ خۆت حەزبکەی و چوارەم لانیکەم گەر کارت نەبێ دەبێ ماوەیەک دایک و باوکت بتژیەنن. وادیارە کەس گوێی لەم پێشنیارە نیە. کەس. وادیارە ئەم سەردەمە لە سەردەمی ژنهێنان ناچێ. یەکێک لە مامەکان، کە دیسان نازانم کامیانە، بەگاڵتەوە دەپڕمێنێ و دەڵێ لەو کاتەوە گواستوتانەوە بۆ خانووە تازەکە دەڵێی مێشکتان لە کۆنەکە جێ هێشتووە. کەس وەڵامی ناداتەوە. لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم دەبێ کەمێکی تر تەمەنت هەڵکشێ. دیارە ئەمەم لە کتێبێکدا خوێندبووەوە کە لەگەڵ ساڵەکان مرۆڤ بەهێزتر دەبێ و بەهۆی ئەزموونکردنی رووداوی زۆرتر ئەوانەی جارانی زیاتر لەبیردەچێتەوە، لانیکەم لاوازتر دەبن. بە تایبەت کاتێک لە پەنجاکان لابدەی، ئیتر ئەقڵ ئەوەندە گەشەدەکا کە خۆت نەدەیتە دەست هەستەکان. دیارە بە یەک مەرج گەر ئیرادەیشت هەبێ. کەواتە من تەنیا دەبێ چاوەڕوانی ساڵەکان بم. ساڵەکان لە داهاتوودا و ئیرادەیەک لە ئیستاوە. خۆشحاڵم رێگاچارەیەک هەیە.

بەرادەر شەب ئاویز لە مەجلیسێکی خۆمانەدا کە دەعوەتییەکی دەوڵەمەندێکی شار دەبێ، لەگەڵ هاوڕێکانی قاقا پێدەکەنێ و دەڵێ لەو کاتەدا زۆریان میزدەکەن بە خۆیانا. دەڵێ هەرە بەغیرەتەکەیشیان وان، بەدەست خۆیان نیە. ئەگەرچی من لەبیرم نایەت، بەڵام بەم پێیە دەبێ دوو جار لەبەر چاوی ئەواندا میزم بە خۆمدا کردبێ. لە نافەکەوە بۆ دەرەلینگ و لەوێوە بۆ ناو گۆرەوەی و کەوشەکانم. نا،... لە بیرم نایەت. ئەوسا دڵنیا دەبم کە بەرادەر تەنیا دەیەوێ رابوێرێ و مەجلیسەکەیان بە قسەی خۆش زیاتر گەرم بکا. بۆنی ویسکی و حەشیش و سیگار دونیا دادەگرێ. لە پەنجەرەی نیوەکراوەی مەجلیسەکەوە دەنگی وەڕینی سەگێکی دوور دەگاتەگوێ. من بۆ ئەوەی ئەوەندە خەجاڵەتی لە خۆم نەکێشم هەوڵدەدەم بەرادەر بخەمە جێی خۆم و ئەوجا بیهێنمە بەرچاوم کە داخۆ ئەگەر ئەو بووایە چی دەکرد. کاتێک دەبینم ئەویش میز بە خۆیدا دەکا، سوکناییم دێت، بەڵام،... بەڵام ئارام نابمەوە. لە هەموو ئەم دیمەن و خەیاڵانەدا شتێک تا ئەوپەڕی خۆی ناڕاستە. هەوڵدەدەم بیدۆزمەوە. هەرچی دەکەم ناتوانم. شەوێک کاتێک دایکم لایەلایەم بۆ دەکا، دەیدۆزمەوە. ئا، من و بەرادەر شەب ئاویز شتێکمان ونکردووە. هەردووکمان نامانەوێ بۆ ساتێکیش بێت بچینە ناو دونیای ئەوی ترەوە بۆ ئەوەی بزانین کە بەڕاستی چ خەبەرە. ئەگەرچی ئەمە لای ئەو هەڵبژاردنێکە و لای منیش شتێکە وەک تۆڵە کە ناهێڵێ. ئەو شەوە بڕیاردەدەم خۆم لە هەستی تۆڵە بۆ هەمیشە دەربازبکەم، هەوڵدەدەم رابردوو بە هەموو شتەکانی خۆیەوە بکەم بە رابردوویەکی تۆخ و ئیتر نیگا و سەرنجم تەنیا لای داهاتوو بێت.

جگەرەفرۆشێکی شاعیر دەناسم کە هیچ ناڵێ و رۆژ تا ئێوارە بە جگەرەکانییەوە لە ناو جادە و کۆڵان دەگەرێ و کە شەویشی لێدێ تەنیا لە زمانی قەڵەمەکەیەوە بە سەر کاغەزەکانییەوە دەدوێ. ئەوسا بیرم دەکەوێتەوەکە هەموو ئەم ساڵانە لەگەڵ ئەوەی یەکجار زۆر هۆگری خوێندنەوە بووم کەچی ئاوێتەی نووسین لە هیچ شێوازێکیدا نەبووم. لە خۆم تووڕەم. حەزدەکەم وەک ئەو دەست بکەم بە شێعرنووسین. بۆ ئەم مەبەستە بۆ یەکەم جار کتێبێکی شێعر دەخوێنمەوە. سەرنجم زۆر رادەکێشێ. شێعر لای من شتێکە وەک قووڵاییەکانی رۆح کە هەڵدەقوڵێ بە بێ ئەوەی بگاتە رووبەر. دەگاو ناگا. دەست دەبەم و قەڵەمەکەم هەڵدەگرم و لە لاساییکردنەوەیەکی خۆبەخۆدا دەنووسم "ئەو شەوە ـ تەنیا خۆم بووم لەگەڵ خۆم". دەست رادەگرم و لێی رادەمێنم و چەند جار لەبەر خۆمەوە دەیخوێنمەوە. درێژەی دەدەمێ "وەک خۆمی ساڵان ـ بە درێژایی جادەکە ـ بارانێکی داغ دەنگی دام ـ داچڵەکام!" چەند جاری تر دەیخوێنمەوە. لەگەڵ ئەوەی دزانم شێعر شتێکە وەک "دەگا و ناگا"، بەڵام چەند حەزدەکەن بگا. رقم لە خۆم دەبێتەوە. بەڵام نایدڕێنم. دەیخەمە گیرفانمەوە و هەوڵدەدەم پیشانی جگەرەفرۆشە شاعیرەکەی بدەم. بۆ سبەی شوێنی دەکەوم. دەستم لە ناو گیرفانمدایە و بە سەرپەنجەکانم بە شێعرەکە کایە دەکەم. چاوەڕوانی دەرفەتێکم. چەندین رۆژ ئەمە دووپات دەکەمەوە بە بێ ئەوەی بتوانم سەرکەوتووبم. ناتوانم. بەڵام لانیکەم شێوەژیانی ئەوم دێتە دەست. تەواوی رۆژ دەڕوا، رادەوەستێ و دادەنیشێ. سەیری خەڵکی دەکا، لەبەر دووکانەکان لە شمەکەکان رادەمێنێ، پاڵ بە درەختەکانەوە دەدا، قاچێکییان پێوەدەنێ و وەک هەمیشە چاوەڕوانی مشتەرییەکە، لە قاوەخانەکان لادەدا و چاییەک دەخواتەوە. لەوێ مشتەری باشی هەیە. بە دنک زیاتر دەفرۆشێ هەتا پاکەت. پاکەتەکان بە چەندین جار رێک و پێکدەکاتەوە، جاری وایە ئەوەندەیان لێ رادەمێنێ کە هەستدەکەم لە ناویانادا وندەبێ. بۆ خۆی سیگار ناکێشێ. سەیر ئەوەیە لە هەموو ئەو ساعەتانەدا و بە درێژایی رۆژ، یەک وشە چییە نانووسێ یا ناخوێنێتەوە، بەڵام ئاگام لێیە لەبەر خۆیەوە ورتەورتیەتی.

رەنگە شێعر شتێک بێت وەک راکردن لە دە سەعات گەڕانی بێهوودەی ناو کۆڵان و ناو جادەکان. شتێک کە من نیمە. پوورم دەڵێ پەلەمەکە بۆ خۆی دێت،... دەڵێ دیارە مەرج نیە شێعر بێت. ئەو لای وایە ژیان وەهایە کە سەرئەنجام دەبێ کەسێک بینووسێتەوە. جا بە کەم و زۆریش کەوتووە. لای ئەو هەموو کەسێکیش دەتوانێ بینووسێتەوە، هەر لە جگرەفرۆشەکەوە بیگرە هەتا کەسێکی وەک من کە هێشتا ناتوانێ خۆی لەو دوو رووداوە درۆینەی ژیانی دەرباز بکات.

کتێبە مێژووییەکان پێم دەڵێن تەنیا ئەوانەی دەتوانن لە رووداوە قورسەکانی ژیانیان قوتاربن کە ئەوەندە رووداوی قورس ببینن چیتر بەلایانەوە گرینگ نەبێ. رێک وەک ئەو سەربازانەی وا بە ناو دەیان شەڕدا تێدەپەڕن و بە سەدان کوژراو و بریندار دەبینن. دەڵێن ئەوانەی وا تەنیا یەک یان دوو رووداوی لەم چەشنە دەبینن بۆ هەمیشە ترسەنۆک و لاواز دەمێننەوە. لەم کاتانەدا بیری کەسی وەک عومەرە کۆسە دەکەومەوە و بە خۆم دەڵێم بانگت لێدەکەن! بەڵام نا، هیچ شتێک وەک مرۆڤێکی تەنیا و بێدەسەڵاتی بەر تفەنگێک نیە کە بێ خەیاڵە لەوەی تۆ هەبی یان نەبی. نا، ئەم رووداوانە نە دەتوانن زۆر دووپات ببنەوە و نە بۆ دووپاتبوونەوە خوڵقاون.

هەتا رۆژێک هەواڵی خۆکوژیی شاعیرە جگەرەفرۆشەکە لەناو شار بڵاودەبێتەوە. لە پەنجەرەی بەرزی ئەو خانووەوە وا بە سەر کۆڵانێکی کوڕدا دەیڕوانی خۆی فڕێدەداتە دەرەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ. دەفتەرە شێعرەکەیشی لەو دیو پەنجەرەکەوە لەناو ژوورەکە جێدەمێنی. گوایا گەرەکی بووە لەگەڵ خۆی هەڵیداوێ؛... جا یان دەفتەرەکە نەیویستووە، یان بۆ خۆی لە دووا چرکەدا پەشیمان بووبێتەوە. کەس نازانێ. بەڵام من دەزانم. من پێم وایە شاعیر دەتوانێ خۆکوژی بکا، بڵام شێعر نا. رەنگە تەنانەت شێعرەکان هەوڵیاندابێ پەشیمانیشی بکەنەوە، هەتا قەراخ خۆهەڵدانەکە لەگەڵی رۆیشتوون، بەڵام بێسوود بووە.

تەرمەکەی چەندین رۆژ لە ساردخانەی بیمارستان دەمێنێتەوە و گوایا لە دووای ئەوەی حکومەت لێکۆڵینەوەی لێدەکا و دکتۆرەکانیش راپۆرتێکی پزیشكی لەسەر دەنووسن، ئیزنی ناشتنی دەدەن. هەموو دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە بەڕاستی خۆی کوشتووەو تاوانی کەس نەبووە.

من ناچم بۆ قەبران. بگرە جگە لە کەس و کاری خۆی و هەندێ کەسی تریش کە یەکجار بە ژمارە کەم دەبن، لە خەڵکی شار کەس ناچێ. دەڵێن خۆکوژی گوناحە و بە قسەی خوای نەکردووە و بۆیە خۆی لێ دەبوێرن. رێک وەک ئەو رۆژانەی جگەرەی دەفرۆشت. منیش جاری وایە پێم وایە خۆکوژی تاوانە، هەرچەند رەنگە گەر رۆژێک بتوانم شێعرەکانی بخوێنمەوە، بگەمە بۆچوونێکی تر.

بەڵام راوەستن. کە بیر لە جگەرەفرۆشەکە دەکەمەوە، دوو شەوە ترسناکەکەی ژیانم چەند وەک رووداوێکی سادە و ساکار دێتەبەرچاو. نیوەشەوێک لەناو جێگاکەم دێمە دەرەوە و لە پەنجەرەکەوە لە دیمەنی چۆڵ و تاریکی کۆڵان دەڕوانم. نازانم خۆشحاڵ بم یا خەمگین کە هەمیشە دەکرێ کارەساتێکی ترسناکتر لەوەی لامان وایە یەکجار ترسناکە، هەیە.

 

زۆر شت لە ژیاندا هەیە کە یان بە سەریا تێدەپەڕی، یان چارەنووس بەسەریا تێتدەپەڕێنێ! حاڵەتی سێهەم بوونی نیە. بە رای من مرۆڤ بوونەوەرێکە یان هەڵدەبژێرێ، یان بۆی هەڵدەبژێرن. رێگای سێهەم بوونی نیە. ئەبەد!

ئەوەندەی من لە خۆم و لە چارەنووسم گەیشتبم ئەو چەند ساڵەی لە خەودابووم، زیاتر لە هەر شتێکی تر لە چەمکێک دوورکەوتبوومەوە بە ناوی نیشتمان کە خەڵکی ئەو ساڵانە هەم زۆریان لە سەر دەم بوو و، هەم زۆریشیان لەسەر هەڵدابوو. راستییەکەی ئەوە بوو هەموو رووداوی شۆڕش لەم کەلیمەیەدا جێی دەبووەوە. بەڵام ئەوە چ وشەیەک بوو هەم شا باسی لێکردبوو و هەم ئەوانەی لێی راپەڕیبوون و بەزۆر دەریانپەڕاندبوو! لام وایە یان لەیەکتر نەگەیشتبوون، یان هەر کامەو بیروڕای خۆی لەسەری هەبووە. بەڵام کامەیان راستن؟ داخۆ دەکرێ هەموو بیروڕاکان بەیەک ئەندازە راست بن؟ یان نیشتمان لە بنەڕەتدا فڕی بە سەر راستی و دروستییەوە نیە؟

ئەوەندەی من لە دەورووبەری خۆم دەڕوانم و لە دۆخەکە گەیشتبم، دەبینم نیشتمان ئەو خاکەیە وا هەموو جۆرە بنیادەمێک بەسەریا دەڕوا، هەر کامەیش بەجۆرێک لێی دەڕوانێ و داواکاری تایبەتی خۆی لێ هەیە. بە کورتی من لام وایە نیشتمان ئەو شوێنەیە هەموو خەونی تیادەبینین.

لە یەکێک لە کتێبە مێژووییەکاندا خوێندوومەتەوە ناوچەیەکی سەرسەوز لە دەورووبەری پاریس هەیە کە ساڵانێک شوێنی پیاسەی قارەمانەکانی شەڕی یەکەمی جیهان لەگەڵ دڵدارەکانیان بووەو، ئیستاکە شوێنی ئەو سۆزانییانەیە، وا بە جەستە نیوەڕووتەکانیانەوە بەتەمای مشتەری ئەم سەر تا ئەو سەر تیایا رادەوەستن بۆ ئەوەی گڕی جەستەی پیاوە هەوەسبازەکان یاخود ئەو پیاوانەی وا لەمێژە گەرمایی جەستەی ژنیان هەست پێنەکردووە، دامرکێننەوە. لە کتێبەکەدا وێنەکانیش هەن. وێنە رەش و سپییەکانی سەردەمی شەڕ و، وێنە ملەوەنە تازەکان. ئەو دڵدارانەی قۆلیان بە قۆلی یەکتردا کردووە و دەم بەبزە تێدەپەڕن و، ئەو وێنە رەنگییانەی وا سۆزانییەک بە دامەنە کورتەکەیەوە بە سەر ماشینێکدا نەویوەتەوە و خەریکی مامڵەکردنە لە گەڵ مشتەرییەک. راستی مرۆڤەکان لەپێناوی چیدا دەجەنگن؟ داخۆ ئەوانە تا چەندە قارەمان بوون کە لە دووای خۆیان ناوچەیەکیان بۆ قەحبەکان جێهێشت؟ یان لە راستیدا قەحبەکان بەشێکی جیانەکراوە و هەمیشەیی لە ژیان و لە سروشتی کۆمەڵگان و بەسووک سەیرکردنیان هەر لە بنەڕەتەوە تاوانە و ناڕاست؟ ئێمە تا چەندە لەوەدا راستین کە قارەمانێکی شەڕ لە سۆزانییەک بەرزتر بنەرخێنین؟ داخۆ قارەمانەکان ئەوانە نین کە بۆ بەرگری لە نیشتمان، لەو نیشتمانەی ناتوانێ بیرێک لە حاڵی سۆزانییەکان بکاتەوە، مرۆڤەکانی تر دەکوژن؟ داخۆ قارەمانەکان ئەوانە نین کە رۆژێک لە رۆژان وەک هەموو ئەو پیاوانەی وا ئیستاکە بەم شەقامەدا تێدەپەڕن، سەردەمانێک لە شوێنێکی تر بە شەقامی تردا تێپەڕیبن بە تەمای سۆزانییە چاوەڕوانەکانی ئەو سەردەمە؟

بۆنی نانی تازە بە لووتمدا دێت. لەگەڕەک، ماڵێک خەریکی نانکردنە. بۆنەکە لەززەتبەخشە و ئارامم دەکاتەوە. هەتا دەتوانم بە هەڵکێشانی نەفەسی قووڵ هەڵیدەکێشمە ناو سییەکانمەوە. دەبم بە نان. نازانم خۆشحاڵ بم لەوەی لەو سەردەمەیدا وا باس باسی نیشتمان بوو، من لە خەودا بووم یان نا؛ بەڵام هەستدەکەم بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی وا ئەو سەردەمەیان بینیوە، من دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخساوە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بڕوانمە نیشتمان. لانیکەم لەوەیدا کە پەلەنەکەم و ورد و، بەکاوەخۆ بە شوێنیەوە بم.

رەنگە نیشتمان ئەو دایک و باوکە جووتیارە بێت کە هەموو کوێرەوەرییەک دەکێشن بۆ ئەوەی تاقە کوڕەکەیان بنێرن بۆ شار بخوێنێ، بۆ ئەوەی دوواتر بێتەوە و یارمەتیان بدات، بەڵام چارەنووس کوڕەکەیان بەرەو رێگایەکی تر دەبات. وەها کە تەنیا لە دووای ئەوەی دایک و باوکی دەمرن دەگەڕێتەوە و مەزرا و خانوو و هەموو ئەو کەرەسانەی تێیدایە دەفرۆشێ و لە ئێوارەیەکی خەمگینی پاییزیدا لە دووای ئەوەی بۆ دوواجار سەیری زەردەپەڕەکەی ئاشنای سەردەمی منداڵی دەکا، بۆ هەمیشە دەڕوا. کورسییەکی کۆن کە بۆ هەمیشە جێدەمێنێ.

نازانم.

بۆ ئەوەی بتوانم بە شوێنێک بگەم، هەوڵدەدەم لە خەیاڵمدا بیهێنمە بەرچاوم کە ئەوانەی دەورووبەرم، ئەوانەی وا دەیانناسم چۆن بیر لە نیشتمان دەکەنەوە. لای باوەگەورە بێگومان نیشتمان ئەو ژنەی بوو قەت پێی نەنایە دونیاوە. لای باوکم خائینێکی سپڵەی لە قەحبە کەمتر بوو. لای پوورم ئەو پیاوە خەیاڵییە بوو قەت لە ناو چیرۆکەکانەوە پێی نەنایە ناو دونیای راستەقینەوە و بۆ هەمیشە وەک چیرۆک مایەوە. لای مامە جوێنفرۆش ئەو خانووانەی بوو وا یەک لە دووای یەک سازی دەکردن. لای ئاغای ئەسەدی ئەو زیندانەی بوو وا دەبووە دووامەنزڵگەی خائینان بە شا. لای مامە تەنەکە، تەنەکەیەک بوو کە دەیکوتا و دەیتوانی هەموو شتێکی پێ سازبکا. لای حەمە عوممانە تیکە زەوییەک بوو کە دەیتوانی لە دووای هێرشبردنە سەر وڵاتێکی تر بەری بکەوێ. لای مامە چایی، چەند پیاڵە چایی لەسەریەک دانراو بوو بەو جووت قەندانەوە وا لە ژێرپیاڵەی هەر کامیاندا خۆی دەنواند. لای عەبە بێقۆل ژنێکی جوان بوو کە دەیتوانی بەشی زۆر کەس بکا، بەمەرجێک لای خۆی بمایەوە. لای حەمەسوور دەمانچەیەکی ئەو دیو سنوور بوو. لای خازوڵەیخا و بەکرەکوێر دوو ژوور بوو لە حەوشەدا کە دەیانتوانی بەکرێی بدەن. لای مامە وردەواڵە، ئەو مت و مووروانە بوون وا ژنە دێهاتیی پێ هەڵدەخەڵەتاندن. لای ئاغای فەرەجی، ئەو کووچە و کۆڵانانە بوون وا ئەو دەیتوانی کێشکیان تیاببینێ. لای ئەحەی ئارەقخۆر، بتڵێکی ئارەقی سەگی بوو بە پیاڵۆکەیەک ماستەوە لە تەنیشت کانیاوێک لە بناری شاخێکی بەرز کە تەنیا دەیڕوانیە ئاسمان. لای کاک بەختیار مرۆڤێکی دیل بوو کە پارەی لێ هەڵدەوەری. لای عومەرە کۆسە شتێکی بێدەسەڵات بوو کە چاوەڕوانی هیممەتی ئەو بوو. لای دایکم تەشتێک جل بوو کە دەبووایە هەموو رۆژێک بیانشوا و لای ئاغای شەب ئاویزیش نیشتمان شتێک بوو کە بە هەڵە ناویان لێ نابوو نیشتمان و ئەگینا دەبووایە ناوی حەوشەکەی ماڵی باوکم بووایە.

باوکم کە لە من وەک زۆڵ دەڕوانێ و، لای وایە ئەوەی هیچ هەستێکی بەرانبەر بە نیشتمان نەبێ تەنیا شیاوی کوشتن و تیابردنە، بە گوێمدا دەچرپێنێ و دەڵێ "گەر لە گۆشت و ئێسک و خوێنی خۆم نەبوویتایە، دەمێک بوو کوشتبوومی!"، ئەوسا دەستدەکا بە گیرفانیدا، کەللایەکی بەردی زل دەردێنێ (ئەو کەللایەی لە کاتی ماسی گرتن لە قەراخ چەم دروستی کردووە) و، دەڵێ "پێشنیارت پێ ئەکەم بۆ ئەوەی لەوە زیاتر حەیامان نەبەی رۆژ تا ئێوارە لەگەڵ هەتیوومەتیوان خەریکی مێشێن بە!" ئەو پێشنیارەی زیاتر لە هەڕەشە دەچێ تا پێشنیار. من ئارام کەللاکە دەخەمە گیرفانمەوە و دەڕۆم. بە خۆشییەوە باوکم ئەوەندە زەین و بیری مەشغوڵە کە زۆر خێرا هەموو شتێک لەبیردەکا و سەر لە نوێ دەچێتەوە سەر چیرۆکە کۆنەکەی خۆی. پاشا، لە لای ئەو، لەو دیو کەنارەکانی نیشتمانەوە هێشتا وەک ئەو ساڵە دەست رادەوەشێنێ و ئەمیش لای وایە ئەوەندەی نەماوە سەماوەرە رووسییەکە وەک ساڵی ساڵان لە تاقچەکە دابگرێتەوە و بیخاتەوە بەردەست.

چەند حەزدەکەم بە باوکم بڵێم کە تاوانی من نیە و لە راستیدا من یەکێک لەو کەسانەم وا بۆم هەڵدەبژێرن. ئەویش تەنیا بە هۆی رووداوێکی سادە و چاوەڕواننەکراوەوە،... رووداوی خەوتنی دە ساڵەی من. هەرچەند شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ کە دەبێ خۆشحال بم. خۆشحاڵ بم لەبەر ئەوەی نیشتمان، وەک حەزی خۆی، وەک شتێکی نادیار و ناڕوون بۆ هەمیشە بمێنێتەوە. من کە دەزانم باوکم لەمە ناگا، پشتی تێدەکەم و دەڕۆم. ئەو بە خەیاڵی خۆی و من بە خەیاڵی خۆم. وەک هەمیشە.

رۆژێک پێی دەڵێم بابە دەزانی گەر کتێبە مێژووییەکان بخوێنیتەوە تا رادەیەکی زۆر لە سەردەم و لە کاتە ئاساییەکانی ژیان رزگارت دەبێ و دونیا دەبێ بەو شتە و بەو کاتەی وا بۆ خۆت حەزت لێیەتی؟ باوکم  بەم قسەیە، تیشکێک لە چاوەکانیدا دەگەڕێ و بۆ رۆژی دوواتر پێکەوە سەردانی کتێبخانەکە دەکەین. من لێدەخوڕم و ئەویش لە دوواوە بە سەر تەرکەکەوە. پاسکیلەکە کۆن بووە و جیڕەی دێ. پێی دەڵێم بۆ ئەوەی شاگەشکە نەبێ، واباشە سەرەتا بە کتێبی 'سیندرەلا'وە دەست پێبکا. بەرپرسی کتێبخانەکە کە لەمێژە بووینەتە ئاشنا و جێی متمانەی یەکترین، دەچێ و کتێبەکە لە ژووری کتێبە قەدەخەکراوەکان دێنێتە دەرەوە، چاوێک بە دەوری خۆیدا دەگێڕێ و دەیداتە دەستمان:

ـ بە وەعدی جارانمان؟

ـ بەوەعدی جارانمان!

باوکم لە کتێبی سیندرەلا تێرنابێ، جاری وایە بە دەنگی بەرزیش چەندین و چەندین جار دەیخوێنێتەوە؛ بەڵام هاوکات دەیخاتە بیرێکی قووڵیشەوە. ئەو لای وایە هەموو هەڵەی پاشاکان لەوێوە دەست پێدەکا کە وەک شازادەی ناو کتێبی سیندرەلا دەیانەوێ لەگەڵ خەڵکی ئاسایی تێکەڵ بن و ئاشقیان دەبن و ئامادەن بۆ ئەوەی بیانگەنێ هەموو شتێک بکەن.

بەڵام ئەمە بەر بەوە ناگرێ، لە خوێندندنەوەی کتێبە تاریخییەکان بەردەوام نەبێ. هەموو هەفتەیەک یەک یان دووانیان لێدەخوێنێتەوە. وەها کە ئیتر لە کتێبخانە بۆ ئەو کتێب نامێنێ. تەنانەت هی ژوورە قەدەغەکەیشی هەموو خوێندوونەوە. چەند کتێبێکیش لە کتێبفرۆشییەکەی شار دەکرێ و ماوەیەکیش بەوانەوە سەرقاڵ دەبێ.

رۆژێک پێی دەڵێم "باوکە کتێبە مێژووییەکانیش وەک هەموو شتێکی تر کۆتاییان پێدێ، بۆیە وا باشترە لە بیری خوێندنەوەی شتی ترا بێ، یان سەرلەنوێ پیایانا بچێتەوە."

هەڵبەت باوکم لەوە زیرەکترە من بیرم لێدەکردەوە. ئەو هەموو ئەو بەشانەی وا لەسەر پاشاکەنە لەو دەفتەرانەی وا کڕیونی، بە دەستوخەتی خۆی دەنووسێتەوە. بە دەیان دەفتەری شەست بەرگی. ژوورەکان بۆنی جەوهەری خودکاری بیگ دەگرن. ئەو پێی وایە دونیا یەک کتێبی کەمە: کتێبێک کە هەڵگری ژیانی هەموو پاشانی نیشتمان بە تێکڕایی بێت.

خۆشحاڵم باوکم بۆ پاشماوەی ژیانی، سەرگەرمیی خۆی دۆزیوەتەوە. ئەوە سەرگەرمییەوە دەتوانێ مانا بە ژیانی بدات و چیتر هەر لە کونجی ماڵ دانەنیشێ و خۆی بخواتەوە.

تەنیا ئەوەندەی، دەبێ ئاگامان لەوە بێت شەوێک لە شەوان ئاغای شەب ئاویز بە زەوق، بە حەز یان بە هۆی راپۆرتەوە خۆی نەکا بە ژوورەوەدا.

پوورم دەڵێ تازە کەس لە ماڵی ئێمە مەشکوک نابێ!... کەس کەس.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت