هاوڕێ نەهرۆ
تا ئێستا ئەمە نۆیەمین جارە پارتی سەر بە کوردان هەڵوەشێنرێتەوە کەچی سەرلەنوێ ئەڵتەرناتیڤیان خستوتە روو و پارتێکی تریان دامەزراندووە بەڵام خاڵی نەگەتیڤ ئەوەیە ئێستا تورکیا کار لەسەر پەرەگرافی یاسایی ژمارە ٦٩ دەستوور دەکا کە ئەویش قەدەغە کردنی ٧٠٠ کەس لە سەرکردەو کادیرەکانی هەدەپەیە لە کاری سیاسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دەرکردنیان لە کاری حکومی ودەستبەسەر ماڵ و موڵکیان بگیری.
پانۆرامای تابلۆی سیاسی ئەمرۆی تورکیا
تورکیا دەوڵەتێکی عەلمانی یە، ١٠٨ حزبی سیاسیی تیایە، هەفتا ساڵ زیاترە پەیڕەوی لە سیستەمی بلورالیزم وفرەحزبی دەکا، لەساتی ئێستا داAKP پارتی داد و گەشەپێدان لەگەل پارتی جوڵانەوەی نەتەوایەتی MHP هاوپەیمانە لە دەسەڵات، سیمای سیاسی دەسەڵات، ئیسلامی کۆنەپارێزە لەبەرانبەر ئەمان دا بەرەی ئۆپۆزسیون دێت کە پێک هاتووە لە پارتی گەلی جمهوری CHP هاوپەیمانە لەگەڵ پارتی گەلانی دیموکراتی HDP هەروا هاوپەیمانە لەگەڵ پارتی باش IYIPARTI بەرابەری میرال ئەکشەنەر کە ئاراستەیەکی میللی هەیە. ئەمە وێڕای پارتەکانی تر وەک پارتی ئایندە لەلایەن داود ئۆغلۆوەوە دامەزرا کەسەرەک وەزیرانی پێشوو بوو هەروا پارتی دەواDEVA لەلایەن وەزیری ئابوری پێشوو عەلی باباجان دامەزرا هەروا پارتەکانی سەعادەت و رەفاە و هتد.
لە حاڵی حازردا باری ئابوری تورکیا زۆر گرانە بەتایبەتی پەتای کورونا زیاتر بارەکەی قورس کرد، هاوڵاتیان دەناڵێنن بەدەست گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی و کارەباو ئاو، نرخی شت و مەکی بازار سەقامگیر نییە، نرخی لیرەی تورکی بەردەوام لە دابەزین دایە، یەک دولار یەکسانە بە زیاتر لە هەشت لیرە، حکومەت بە شێوەیەکی ڕێژەیی یارمەتی خاوەن پیشە بچوکەکان دەدات بەڵام وەکو پیویست نییە، تەنانەت لە بەر هەژاری خەڵک پەنا ئەباتە بەر خۆ کۆشتن ! خەڵکی هەژار ئێواران لەسەر زبڵدانی بازاری عەلوەکان سەوزەو میوەی چروک کۆدەکەنەوە، تەنانەت تەلەفزیونەکان ریپۆرتاژیان لەسەر ئەم بابەتە بڵاو کردۆتەوە، ئەردوغان بەهۆی دۆخی سەختی ئابوری یەوە، جەماوەری بەردەوام لە دابەزین دایە، بەرەی ئۆپۆزسیون داوای هەڵبژاردنی پێش وەخت دەکەن کەچی ئەردوغان سورە لەسەر ئەوەی لە کاتی خۆی بکرێ لەساڵی ١٩٢٣ بەپێ ئەو ڕاپرسیانە کە دەکرێ پارتی دادو گەشە پێدان لە دوای پارتی گەلی جمهوری CHP دێت، تادێ زیاتر خەڵک لە دەوری CHP کۆدەبنەوە، لەهەڵبژاردنی شارەوانی پێنج شاریان مسۆگەر کرد لەشارە گەورەکان وەک ئەنقەرەو ئیستانبول و ئەزمیرو ئەنتالیا، ئێستا ڕکابەری ئەردوغان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە (مەنسور یواشە) کە سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرەیە کەسایەتییەکی شەفاف وسەرکەوتووە هەروا ڕکابەریکی دی (ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ) یە کە سەرۆک شارەوانی ئیستانبولە، کەسایەتییەکی ئەکتیڤ و جەماوەریی یە، بەردەوام لە نێو خەڵک دایە هەروا (میرال ئەکشەنەر) وەک رابەری پارتی باش کە ئاراستەیەکی میللی گەرایی هەیە ئەمیش ڕکابەری ئەردوغانە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، ڕاپرسیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەردوغان بدۆڕێنێ چ لە هەڵبژاردنی پێش وەخت یان لە کاتی خۆی دا، بە تایبەتی ئێستا قەیرانێکی سیاسی دووچاری تورکیا بووە ئەویش هەڵهاتنی سەرۆکی مافیا (سیدات پێکەرە) بۆ ئیمارات لەوێ یەوە بەردەوام لایڤ بڵاو دەکاتەوە، بە ملیونها لەخەڵکی تورکیا چاو لە ڤدیوەکانی دەکەن کە باس لە کەم و کورێیەکانی ڕژێمی تورکیا دەکا بەتایبەتی ریسوایەتییەکانی سولیمان سولوی وەزیری ناوخۆ شایانی باسە (سیدات پێکەر) پێشتر لایەنگری AKP بوو لە کونفرانسەکانیان بەشداری کردووەو میتینگی هاوبەشیان بۆ رێکخستوە لەبەرانبەر ئەمەدا سولیمان سولو وەڵام ئەداتەوە بەڵام بەسەدان خەڵک چاو لە وەڵامەکانی دەکەن، سەنگی تەرازووی ئەم ململانی یە لە قازانجی سیدات پێکەرە بەلای ئەم دا دەشکێتەوە، ئەمەش لەو چاوپێکەوتنانە دیارە کە ریپۆرتاژی شەقام لەگەڵ خەڵک دا رۆژانە ئەنجامی دەدەن!
خاڵێکی تر کە شەقامەکانی تورکیای پێوە سەرقاڵە هەڵوەشاندنەوەی HDP یە وەک ئاشکرایە HDP سێ یەمین گەورەترین حزبە لە تورکیا و لەبەرەی ئۆپۆزسیون دایە، لەساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی دوایی توانی شەش ملیون دەنگ بەدەست بهێنێ و بەشدار بێ لە ٦٥ شارەوانی و ئەنجومەنی پاریزگاکان بەڵام ئەردوغان هەمووی لادا تەنیا پێنج شارەوانیی بەدەستەوەیە ئێستا، لەشوینیان دا (قیوم) پیاوی سەر بەدەسەڵات دانا،شایانی باسە HDP شەست وحەوت ئەندام پەرلەمانی هەبوو بەڵام بە بیانوی جۆراوجۆری بێ بنەما و تومەتی هاوکاری PKK دوازدەیان لە پەرلەمان لادا، ئێستا ٥٥ ئەندام پەرلەمانی هەیە، مەسەلەی قەدەغە کردنی HDP زیاتر لە ٨ مارسی ٢٠٢١ سەری هەڵدا، دوای ئەو ئۆپەراسیونەی تورکیا لە کوردستانی باشور کەبووە هۆی کوشتنی ١٣ دەستبەسەری تورک و ٣ ئەفسەری پایەدار، بێگومان پێشتر زەمینەی خۆش کردبوو بۆ ئەم هەنگاوە هەر لە دوای کۆدتای سەرنەکەوتوو لە ساڵی ٢٠١٦ دەستی دایە گرتنی سەلاح الدین دیمرتاش و فیغین یوکسیکداغی هاوسەرۆک بەڵام بەم دواییە دادگای تورکیا چوار ساڵ و هەشت مانگ سزای بۆ دیمرتاش بڕییەوە، ئەمە لە کاتێکدا دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ نارەزایی دەربڕیوە بەرانبەر زیندانی کردنی دیمرتاش و داوای بەردانی دەکەن، دەسەڵاتدارانی تورکیا هەر بەوەوە نەوەستان بەڵکو تائێستا ٧٠٠٠ دوست و لایەنگری HDP زیندانی کردووە بە درێژایی ئەو ساڵانە، سەبارەت بە بیانوی هەڵوەشاندنەوەی HDP گوایا باڵی سیاسی پارتی کریکارانی کوردستانە وهاوکاریان دەکا وڕاستەوخۆ یارمەتی تیرور ئەدا دژی تورکیا و دەیەوێ خاک و میللەتی تورکیا دابەش بکا لەم میانەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە بە تورکیا بەوپێیەی ئەم هەنگاوە قەوارەی دیموکراسیەت کەم دەکاتەوە دژی ئازادی بیروڕایە لە تورکیا، لە مارسی ئەمساڵ داوەری گشتی کێشەی قەدەغە کردنی HDP بەرزکردۆتەوە بۆ دادگای دەستوری هەرچەندە لە رووی سیاسی یەوە دەوڵەت بەغچە لی کە رابەری MHP پێشتر ئەم داوایەی خستە روو، بەڵام لەرووی سیاسی یەوە کەس ناتوانی حزبێکی سیاسی دانپێنراو قەدەغە بکا، ئەم هەنگاوە کاری دادگایە هەر بۆیە کێشەکەیان رەوانەی دادگا کرد بەڵام دادگای دەستوری کێشەکەیان رەت کردەوە گوایا بەڵگەی تەواوی یاسایی یان نییە لەسەر تومەتەکان، دادگای دەستوری داوای کردووە کەلێنە یاساییەکان پڕ بکەنەوەو تومەتەکان بە بەڵگەوە بیسەڵمێنن، یەکی لەو بەڵگانە بوونی وێنەی پەرڤین بوڵدانە لەگەڵ موراد قەردیلان بەڵام هەدەپە دەڵی ئەم وێنەیە هی کاتێ گفتوگۆیە لەساڵئ ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ بەردەوام بوو لە نێوان پارتی کریکاران و رژێمی تورکیا، ئێستا مەسەلەی هەڵوەشاندنەوە کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، لەساڵی ١٩٩٠ تا ئێستا ئەمە نۆیەمین جارە پارتی سەر بە کوردان هەڵوەشێنرێتەوە کەچی سەرلەنوێ ئەڵتەرناتیڤیان خستوتە روو و پارتێکی تریان دامەزراندووە بەڵام خاڵی نەگەتیڤ ئەوەیە ئێستا تورکیا کار لەسەر پەرەگرافی یاسایی ژمارە ٦٩ دەستوور دەکا کە ئەویش قەدەغە کردنی ٧٠٠ کەس لە سەرکردەو کادیرەکانی هەدەپەیە لە کاری سیاسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دەرکردنیان لە کاری حکومی ودەستبەسەر ماڵ و موڵکیان بگیری بەم شێوەیە ناتوانن بە ئاسانی پارتێکی ئالتەرناتیڤ دامەزرێنن، تا ئێستا کێشەکە ماوەو یەکلانەبۆتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە شەڕی پێش هەڵبژاردنە کە ئەردوغان دەیکا و دەیەوی ریزی یەکگرتووی ئۆپۆزسیون هەڵوەشێنێتەوە، ئەگەر هەدەپە هەڵوەشیتەوە کوردەکان وەک ئەڵتەرناتیڤ دەنگ بە نوێنەرانی CHP ئەدەن CHPوەک پارتێکی سوشیال دیموکراتی عەلمانی زۆر نزیکە لە خەونی کوردەکانی تورکیا تاڕادەیەک سازش لە نێوانیان دا بەدی دەکرێ. بەڵام ئەردوغان لە قازانجی کێشەی کورد لە تورکیا هەنگاو هەڵناهێنێ گەرچی ئەردوغان بەرێژەیەکی کەم لە نیو کوردە هەڵخەڵێتراوەکان بە بیری ئیسلام تاڕادەیەک جەماوەری هەیە!
١٧ / ٦ / ٢٠٢١