فەڕۆخ نێعمەتپوور

وای لێهات عادەتمان پێکردن و وەکوو دوو ئەندامی بنەماڵە کە یەکیان لەم سەری حەوشەکە بوو و ئەوی تریان لەو سەری، هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکردن. هاوینان تۆزیان لێدەنیشت، پاییزان گەڵا دایدەپۆشین، زستانان بە ژێر بەفرەوە دەبوون و بەهارانیش باران دایدەشۆردن. وەهای لێهات ئەم دوو بۆمبە بوون بە سەرەتایەک بۆ مێژووی بەسەرهاتەکانی ئێمە، گەڕەک و بگرە نیشتمانیش.

 

دوو بۆمبەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە کاتی شەڕی ناوخۆ دوو خومپارە لە گەڕەک کەوتنە خوارەوە. یەکیان لەبەردەم مەقەڕی یەکێک لە حیزبەکان تەقییەوە و، نیگابانەکەی بەردەمی دەرگاکەی بە کڵاشینکۆفەکەی ناو باوەشییەوە کوشت. دەڵێن پارچە ورد و درشتەکانی هاوەنەکە، کڵاشینکۆفەکەی بە جەستەی نەرم و گۆشتنییەوە دووری و، کە ناشتیشیان هەر بە تیکەی خومپارە و چەکە لەتە تێ ئاخناوەکەی ناو جەستەی شپرزییەوە نێژرا.

هاوەنەکەی تر لە حەوشەی ئێمە کەوتە خوارەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە بە پێچەوانەی حیزبەکە و قەراوڵەکەی بەر دەمی نەتەقییەوە و هەروا بە دەندووکەوە دوو میترێک دوورتر لە دیواری باشووری رۆژئاوای حەسارەکە هەتا کلکی لە عەرزە خۆڵ و پۆتەکەی چەقی. ئێمە بەختمان هەبوو. بەم بەختانەیش دەگوترێ 'بەختی مێژوویی'.

دیارە ژیان بەمەیش رانەوەستا و لە کاتی شەڕی دوو وڵاتی دراوسێدا، لە کاتی بۆمبارانی فڕۆکە سەرشێتەکاندا کە رەحم چییە لە دڵیاندا نەبوو و بە کەیفی خۆیان بۆمبیان بە سەر شار و خەڵکیدا هەڵدەڕشت، بۆمبێکی نەگبەتی تریش لە حەوشەکەی ئێمە کەوتە خوارەوە و ئەمیش وەک خۆمپارەکەی چەند ساڵ لەوە پێش نەتەقییەوە و رێک وەک ئەو، بەڵام ئەمجارە لە باشووری رۆژهەڵات، بە دوو میترێک دووتر لە دیوارەکەی، لە خۆڵە پۆتەکەی هەتا کلکی چەقی. دیارە ئەمەیان یەکجار گەورەتر بوو و بۆیە بەشێکی بەرچاوتریشی بە دەرەوە بوو.

ساڵان تێپەڕی و بۆمبەکان هەروا لە حەسارەکەدا مانەوە. سەرەڕای پێداگری خێزان لەوەی کە دەبێ بە حکومەت راگەیەندرێ هەتا بێن و لە کاریان بخەن و رایانگوێزن، بەڵام باوەگەورە پێداگرییەکی سەیری لەسەر ئەوە هەبوو کە نابێ بە هیچ شێوەیەک کەس بەمە بزانێ. بە خۆشییەوە هیچ دراوسێیەکیش بە سەر حەوشەکەدا نەیاندەڕوانی تا بەم رازە مێژووییە بزانن و، دەنگۆ بڵاوبێتەوە و گەڕەک و حکومەت بڕژێنە سەرمان.

ئێمە کە سەرەتا زۆریان لێ دەترسیان، بەڵام وای لێهات عادەتمان پێکردن و وەکوو دوو ئەندامی بنەماڵە کە یەکیان لەم سەری حەوشەکە بوو و ئەوی تریان لەو سەری، هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکردن. هاوینان تۆزیان لێدەنیشت، پاییزان گەڵا دایدەپۆشین، زستانان بە ژێر بەفرەوە دەبوون و بەهارانیش باران دایدەشۆردن. وەهای لێهات ئەم دوو بۆمبە بوون بە سەرەتایەک بۆ مێژووی بەسەرهاتەکانی ئێمە، گەڕەک و بگرە نیشتمانیش. بۆ وێنە باوەگەورە، کاتێک دەیویست بەرپەرچی قسەیەکی کوڕەکەی، یەعنی باوکی من بداتەوە، دەیگوت "تڕحێۆ! نەوەڵڵا لەو ساڵەوە بوو وا خومپارەکە کەوتە خوارەوە"، یان دەیگوت "حاجی وسمان رێک دوو ساڵ لە دووای کەوتنە خوارەوەی بۆمبەکەوە عەمری خوای کرد."، یان "سێ پاییز لە دووای بۆمبی دووەم بوو سەرۆک تێی ریا!"

هەڵبەت دەبێ ئەوەیش بڵێم کە لە دووای کەوتنە خوارەوەی ئەم بۆمبانەوە هیچ عیبادەلبەشەرێک لە دەرەوەی بنەماڵەی خۆمان مافی ئەوەی نەبوو سەردانیان بکا. بە خۆشیشەوە هەر دووکیان لە حەوشەی پشتەوە کەوتبوونە سەر عەرز کە کەمتر کەس سەردانی دەکردن و، ئەوەی وا زیاتر بەرچاو بوو حەوشەکی پێشەوە بوو بەو باخە گچکە و حەوزە ئاوەوە وا بە دەوریا چەندین گوڵدان بە گوڵی رەنگاوڕەنگەوە دانرابوون.

تەنیا کەسێک لە ماڵەوە کە دەیوێرا توخنی بۆمبەکان بکەوێ، دایکم بوو. دایکم بە گسکەکەی دەستییەوە هەموو جارێک جوان جوان دەورووبەری خاوێن دەکردنەوە و بگرە جاری وایش بوو لە تەنیشتیان رادەوەستا و بە چەند خولەک لێیان رادەما. رەنگە خەیاڵی ئەوە دەیبردەوە کە کات زۆر ئەم دوو میوانە ناوەختەی، کە هەنووکە ببوونە نیشتەجێی سەرەکی، بە شێوەی مرۆڤەکان نەدەگرتەوە و جگە لە کەمێک ژەنگی ئێرە و ئەوێ، هەر وەک ساڵی ساڵان لەوێ لێی پاڵ کەوتبوون و بەردەوام بوون. هەڵبەت من نازانم. تەنیا لام وایە. دیارە گەر شتێکی وا نەبێ بۆ دایکم ئاوەها بە گسکەکەی دەستییەوە بە وردی لێیان ورددەبووەوە.

شەوێک بە رێکەوت لە تەلەفزیۆن باسی هەواڵی وڵاتێکی ئۆرووپی کرا. هەواڵنێرەکە باسی لە بۆمبێکی گەورەی شەڕی دووهەم دەکرد کە لە حەوشەی خانوویەک بە رێکەوت دۆزرابووەوە و جا بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی، خانووەکە و گەڕەکەکەیان چۆڵ کردبوو. هەواڵنێرەکە باسی لە توانای ئەم بۆمبە کۆنە دەکرد کە هی چل پەنجا ساڵ لەوە پێش بووە، بۆمبێک کە دەیتوانی باڵاخانایەکی ئاسایی داڕمێنێتە خوارەوە و گوایا لەم بۆمبە لە کاتی شەڕی دووهەمدا بۆ وێرانکردنی شارەکان زۆر کەڵک وەرگیرابوو. هەواڵنێرەکە ئەوەی ئیزافەکرد کە لە تەواوی ئەم ساڵانەدا هەموو ساتێک ئەگەری تەقینەوەی ئەم بۆمبە هەبووە و بە خۆشییەوە ئەم خێزان و گەڕەکە لەم کارەساتە توانیبوویان بەدووربن.

بە دیتن و بیستنی ئەم هەواڵە، خێزان واقیان وڕما. باوەگەورە کە تەواو پیرببوو و بەڵام هێشتا قیت و قۆز دەڕۆی و خۆی بە حەوت گەنجی ئەم سەردەمە نەدەگۆڕییەوە، لە کاتێکدا چاوەکانی ورددەکردنەوە و ملی بەرەو تەلەفزیۆنەکە رادەکێشا، گوتی "قسەی قۆڕ و لابەلا، مەگەر ئەکرێ لە خۆوە بتەقێتەوە، جاخۆ تا بەر شتێک نەکەوێتەوە چۆن ئەتەقێتەوە،... بە شەرەفم ئەمە فێڵە بۆ ئەوەی بمانخەڵەتێنن و بچین بە دەستی خۆمان خۆمان بخەینە گێژاوی حکومەتەوە!" باوکم بە گوێ لێگرتنی هەواڵەکە و بە مەبەستی قۆستنەوەی هەلەکە، پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە بەڕاستی خەتەرە و هەتا ئیستا بەختمان هەبووە هیچ رووینەداوە و بۆیە دەستبەجێ دەبێ بە حکومەتی رابگەیەنین. گوتی کە لەو ساڵانە وا حیزبەکان و حکومەت لەگەڵ یەکتری بەشەڕدەهاتن و دەوڵەتەکان پەلاماری یەکتریان دەدا گەلێک گوزەراوە و، بۆیە پێویست ناکا بترسین و لە خۆمانی قووڵ کەینەوە.

بەڵام مەگەر باوە گەورە گوێی لێدەگرت! باوەگەورە کە ماڵەکە هی ئەو بوو و قاباڵەکەی لە سەر ناوی ئەو سەبتکرابوو، لە وەڵامدا دەیگوڕاند و دەیگوت "کوڕە کەرینە کەس وەک من حکومەت ناناسێ و، گەر بزانێ، هەر بەو خمپارە و بۆمبە کەوڵمان ئەکا!" (باوەگەورە بە خومپارەی دەگوت خمپارە).

ساڵان هاتن و تێپەڕین. سەرەتا باوەگەورە مرد. باوکم فریانەکەوت دوو بۆمبەکە لاببات کە بە جەڵدەی مێشک ئێوارەیەکیان لە کۆڵان کەوت و هەڵنەستایەوە. دایکیشم ئەوەندەی خەفەت لە باوکم و لە یادی جاران خوارد کە زۆری بەرگە نەگرت و هەر لە خۆوە نیوەشەوێک (پێم وابێ بە دەم داڵغە و بیربیرەوە) لە ناو جێگادا چاوەکانی لێکنا و دونیای فانی جێهێشت. من لە دووای ئەم کارەساتە یەک لە دووای یەکانە، کە لام وایە تایبەت بەو بنەماڵانەیە وا ئەندامەکانی زۆر تەمەن دەکەن، وەها وڕ و کاس ببووم کە هەتا یەک دوو ساڵێکیش نەمدەزانی دونیا سەری بە کوێوەیە. ئەو رۆژەی وا کتوپڕ کەوتمەوە سەر خۆم و چاوم سەر لە نوێ دونیای بینییەوە، لە حەوشە لە سەر تاقە پلیکانەی بەر دەرگای نێوان دوو بۆمبە مێژووییەکە دانیشتبووم، کە لە ناکاو خەیاڵم چووەوە سەریان. رۆژێکی پاییزی بوو و بۆمبەکان لە ژێر گەڵاکانی دەم باوە چاوشارکێیان لەگەڵ دەکردم. رابووم. لە دووای دەیان ساڵ لێیان نزیک کەوتمەوە. ژەنگ سەرتاپایانی داگرتبوو. زەمەن لەوێیش رزیبوو. هەڵتروشکام و زیاتریان لێ وردبوومەوە.

کتوپڕ زانم ئێمەیش وەک هەواڵەکەی ساڵانی ساڵ لەوە پێشمان لێ هاتووە. بۆمبە شاراوەکانی شەڕ، لە راستیدا، لە دووای دەیان ساڵ دەدۆزرێنەوە و بە حکومەت و بە راگەیەنێرە گشتییەکان دەگوترێن. رەنگە ئەو بنەماڵە ئاڵمانییەیش هەر وەک ئێمە بووبن.

هەتا هەین حەزدەکەین هەموو ئەندامانی بنەماڵە، بە بۆمبەکانیشەوە لێرە بن، لە تەنیشتماندا،... بەتایبەت کە بە ناو شەڕەکاندا تێپەریبین.

بۆ سبەی بە حکومەتی رادەگەینم. من کە لام وایە دەکەومە سەر تەلەفزیۆن و هەموو نیشتمان باسم دەکا، تێدەگەم کە نا هیچ خەبەرێک نیە. تەنیا لە شار باسم دەکەن، رەنگە چەند بنەماڵەیەکیش لە شارەکانی تەنیشتدا بە جۆرێک هەواڵەکە ببیستن.

ئەو رۆژەی بۆمبەکانیان راگواست چەند رۆژێکی ناخۆش بوو. چەند دڵم تەنگ بوو. بۆ ئێوارێکەی لە حەوشەی پشتەوە بە تەنیا تێر و پڕ گریام. گسکەکەی دایکم، کە لە سەر تەنوور کەوتبوو، هەڵگرتەوە و دەستم کرد بە خاوێنکردنەوەی حەوشە. بە بێ ئاوپڕژێن. خۆڵ و گەڵاکانم کردە ناو دوو چاڵەکەوە. دڵنیام، بە تێپەڕینی ساڵەکان، بەرەبەرە پڕدەبنەوە.

گەڕان بۆ بابەت