ناڵە حەسەن
هەموو ڕۆژێ
شتێک وەکو بەفر دەتوێتەوە / لەنێو مندا
شتێک وەکو خەڵووز ڕەش هەڵدەگەڕێ / لەنێو مندا
شتێک وەکو گەڵا هەڵدەوەرێ / لەنێو مندا
دەقی تەمەن / ٢٣
ناڵە حەسەن
١
من لەنێو
ئارامی شەوێکی دۆزەخی دا
دۆزەخی ئارامی شەوێک دا
شەوی دۆزەخێکی ئارام دا
بە تاقی تەنێ
بە ڕێگایەکی تاریک تاریکدا دەڕۆیشتم
لەم شەوە هێمن و بێدەنگەدا
نەمدەزانی
بۆچی هێندە نائارام و دڵ بە پەرۆشم
بەڵام / کە گەیشتمە سەرەتای کۆتایی ڕێگاکە
داخی گرانم نە تۆم دۆزییەوە نە خۆیشم
٢
لەنێو کۆڵانە زەردەکەی منداڵیم و
لەنێو زەردەپەڕی منداڵێتی ئارەزووەکانم
ئەو گۆزە نەخشێندراوەی
لە سەرشانی کچێکی چاوشینم شکاند
کە گەورەبووم / ئینجا لەوە تێگەیشتم
ئەوە گۆزەی خەونە سپییەکانی خۆم بوو
٣
نە خۆم خاوەنی دڵی خۆمم نە تۆ
نە تەنیایی غوربەتم ماڵی ئەبەدیمە
نە پەرستگە درەوشاوەکەی تۆ
دڵی من وەکو شیعر / گەریدەیەکی گەڕۆکە
لەگەڵ هاتنی هەر وەرزێک ڕوخساری خۆی نوێ دەکاتەوە
لەسەر هەر کانییەک / قومە ئاوێ
لەسەر هەر سەکۆیەک / پشییە خەوێ
لە باوەشی هیچ ئەستێرەیەکیش / بۆ تاهەتا نامێنێتەوە ...!
٤
هەموو ڕۆژێ
شتێک وەکو بەفر دەتوێتەوە / لەنێو مندا
شتێک وەکو خەڵووز ڕەش هەڵدەگەڕێ / لەنێو مندا
شتێک وەکو گەڵا هەڵدەوەرێ / لەنێو مندا
شتێک وەکو مۆمی دەم با دەکوژێتەوە / لەنێو مندا
شتێک وەکو ڕەگی پیرەدارێک دەمرێت / لەنێو مندا
منیش / بیر لەهەموو شتێک دەکەمەوە / بەس عەشق نا ...!
٥
گوڵە گیانم
ئەوە قەدەری منە
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە
خەونەکانی نیشتیمانم
بە مردن کۆتاییان دێت
شیعر و قەسیدەکانی منیش / بە نەفرەت
٦
گەر بە قووڵی
لەنێو چاوەکانی چۆلەکەیەک بڕوانین
چیمەنێکی تەڕ و سەوز دەبینین
لەنێو دڵۆپە بارانێکیش بەهارێکی بێگەرد
لەنێو خەونی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەش
نائومێدی و ڕەشبینیەکی ڕەش ڕەش
ئێمە هەموومان / لە مردن ڕادەکەین تاکو بژین
بەڵام / چۆن ژیانێک
جەلاد و قوربانی / بەیەکەوە ماسک دەپۆشین
چ بوونێکی زەلیل و
تابلۆیەکی چەند شێواوی / ئەو مرۆڤ ...!؟
٧
من / وەکچۆن دڵم موڵکی خۆم نییە
ژیانیشم بە هەمانشیوە
بەڵام / قەڵەمەکەم هی خۆمە ...!
٨
لە بیابانی ئەو غوربەتەم
هەناسەکانی عەشقی
من بە ئاگر / خۆی فێنک دەکاتەوە
٩
من لە جنسی ئەستێرەم و
پرشنگێکم لە ڕووناکی
بە ڕێکەوت کەوتوومەتە سەر زەوی
بۆیە کە ئێوارە دادێ / پڕ دەبم لە دڵتەنگی
چونکە دەبێ لەگەڵ خۆر ئاواببم لەتۆ دوور بکەومەوە
بەڵام هێندە نابا
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
وەکو جاران شەوەکانت دەدرەوشێنمەوە
من لەنێوان ئەم ئاوابوون و دەرکەوتنەوەیەمدا
بوومەتە قەسیدەیەکی درێژی گەنم ڕەنگی
هەموو دەم
بزەی گەرم و نیگای نەرم و
خەم و خۆزگە و خەونەکانت / دەنووسمەوە ...!
١٠
مرۆڤە بچووکەکانی نێو ڕووبەری داهێنان
وا خەریکە پەتی ئارامییان دەپچڕێ
چونکە دەیانەوێ
پەنجە بخەنە نێو چاوەکانم
بەڵام / هێندەی دەکەن دەستییان نامگاتێ ...!
١١
من لە نێوان
شیعر و سەفەر و کەیف و سەفا
بەهەشت و شەڕاب و حۆرییەکانی خودا
کورسی و پلە و پایە و ماڵی دونیا
بەبێ هیچ دوودڵییەک
یەکەمینییان هەڵدەژێرم
چونکە من ساڵانێکە ڕامگەیاندووە و
وا دیسان دەیڵیمەوە
( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ...! )
١٢
گەر لێم بپرسن
تۆ دەتەوێت ( حەفتا ) ساڵ بژیت
یان ( شەست و نۆ )
بەبێ هیچ وردبوونەوەیەک / دەمودەست
دووەمینییان هەڵدەبژێرم
چونکە من ساڵانێکە
لەنێو ( دەقی تەمەن )م گتومە
( من ژمارەی تاکم لە ژمارەی جووت خۆشتر دەوێت ...! )
١٣
من / لەوبەر سنوورەکانی دڵتەنگیم
مسم تواندەوە
بەسەر قەڵەمەکەی خۆمم داکرد
بەفرم تواندەوە
پەیکەرێکی ئاویم لێ دروست کرد
ئاگرم تواندەوە
لەسەر سەری خۆمدا ڕامگرت
لەنێو هەموویان دا /
وێنە و نیگار و زەردەخەنە پایزییەکەی تۆم بەدیکرد
وەکو دایکم گوتەنی
( ئەوە تۆ چیت
هەی ئاگر و پەنگر هەی موسیبەت ...! )
١٤
من لەنێو سیاسەت دا
وام هەست دەکرد / کۆیلە و دەستەمۆم
لەنێو عەشقیش / بەهەمانشێوە
بەڵام لەنێو شیعر
لە نووسینی یەکەمین وشەوە تا دواهەمیین
ئەوە زێتر لە ( سی ساڵە )
هەمیشە هەستم بەئازادییەکی ڕەها کردووە
١٥
گوڵە گیانم
من وای دەبینم
ئەلبومەکانی نیشتیمان
پڕن لە وێنەکانی
مردن و جەنگ و نائومێدی
باخچەکانی دڵی تۆش
لەبەر خەم و هەستەکانی تەنیایی
شوێنی نەمامێکی تریان تیا نەماوە ...!
پووشپەڕی ٢٠٢١