ما 18258 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

مامۆستاکان دەبێ ئامادە بن کە قوتابییەکان لە کلاسی هەشتەم دا بێ ئەوەی سەرەتاییەترین زانیاریان سەبارەت بەم تیۆری گەشەی داروین هەبێ لە گەڵی رووبەڕوو دەبنەوە، وە چونکە زۆرینەی قوتابییەکان زانیاریی نادرووستیان سەبارەت بەم تیۆرە هەیە، لە کاتی وانە گوتنەوەدا کێشەی زۆر پەیدا دەبێ. نەبوونی رێز و بێ مەیلی بۆ بەشداریکردن لە قسەو باسەکاندا یەکێک لەو دژواریانەن.

 

هەبوو نەبوو، مرۆڤێک هەبوو

وەرگێڕانی لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

زانایان رۆژ بە رۆژ زیاتر لە سەر ژیانی دەورووبەری مرۆڤ زانیاری دەدۆزنەوە. ناکرێ گرینگی نەدەینە دۆکترینی گەشەی مرۆڤ (تئوری تکامل بشر). کەچی بەم حاڵە دەبینین ئەم تیۆرە لە پلانی فێرکردن و لە کتێبی سروشتناسی قوتابخانەی منداڵاندا بزرە.

کتێبی سروشتناسی لە قوتابخانەی منداڵان باسی ئەم بابەتەی تێدا نیە. ئەوەی سەبارەت بە پەیدابوونی ژیان لە کلاسی یەکەمەوە دەبینرێ ئەو بابەتەنەیە وا لە مەسیحیەت، ئاینی جولەکە، ئیسلام، بودایسم و هیندویسم دا هاتوون.

کلاسی زمانی نۆروێژی و هەروەها کۆمەڵناسی، لەم پەیوەندییەدا پڕە لە میتۆلۆژیای یۆنانی، رۆم  و سکاندیناڤیای کۆن. لە کتێبی سروشتناسی دا یەک تاقە وشە چییە لە سەر تیۆری گەشە ی مرۆڤ نەهاتووە.

بێگومان ناکرێ گومان لە هەبوونی تیوری گەشەی داروین بکرێ. ئەو تیۆرەی کە لە زانستی مودێڕندا هەیە و باس لەوە دەکا مرۆڤ لە ئاژەڵەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەو ئاژەڵەی وا لە خشۆکەکان و ماسییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.  تەنانەت خودی "پاپ یوهانناسی دووهەم" یش سەرنجی بۆ ئەم تیۆرە چووبوو و، کەچی بەردەوام لە قوتابخانە بە بێدەنگی لە تەنیشتییەوە تێدەپەڕن.

جاران باشتر بوو

پلانی فێرکردن زۆر کۆنسێرفاتیڤیانە سەبارەت بە تیۆری گەشەی داروین دەجوڵێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە جاران باشتر بوو. تیۆری گەشە لە ساڵی ١٩٧٤ەوە یەکێک لە چوار هەدەفە سەرەکییەکەی پلانی پەروەردە بوو، بەڵام لە ١٩٨٤ەوە کلیسا و "شێل ماگنە بۆندەڤیک"ی سەر بە حیزبی مەسیحی و سەرۆک وەزیر، سەرلەنوێ بەم پلانەدا چوونەوە.

دەرئەنجامی ئەمە پلانێکی نوێ بوو. لە سروشتناسیدا ئیتر تیۆری گەشە گۆڕانی گەورەی بەسەدا هات. جگە لەوەی کە ئەم تیۆرە راگوێزرا بۆ کلاسەکانی سەرەوە، واتە بۆ بەشی مامناوەندی، بەڵکوو دەبا هاوکات ئەو دەقانەیش خوێندرابان وا رەخنەیان لەم تیۆرە دەگرت.

دووای گۆڕانی دەوڵەت لە مانگی مای ١٩٨٦، قوتابخانەکان پەیامیان پێ گەیشت کە دەبا ئەو سەدهەزار نوسخەیە لەناو بەرن وا لەوە پێش پێیان گەیشتبوو. ئەم ئەرکە وەها تەئکیدی لە سەر کرا کە ئەمڕۆکە بە زەحمەت تاقە نموونەیەک لەو نوسخانە دەست دەکەوێ، بەڵام بەهەرحاڵ پلانی نوێ راگوێزرا بۆ ئەو نوسخەیەی وا لە ساڵی ١٩٨٧ دا درایە دەرەوە.

لە نۆڤێمبری ٢٠١٤ لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئێمە چاوپێکەوتنمان لە گەڵ نۆزدە منداڵی کلاس یەک تا حەوت ئەنجام دا و تێیدا سەبارەت بە تیۆری گەشە لێمان پرسین. ئەنجامی ئەم چاوپێکەوتنانە ئەوە نیشان دەدەن کە قوتابییەکان هیچ چەشنە زانیارییەکی سەرەکییان سەبارەت بەم تیۆرە نەبوو و هەر کامەیان شیکردنەوەی و لێدوانی خۆیان سەبارەت بەم تیۆرە هەبوو.

کەواتە تەنیا لێرەدا باس لەوە نیە کە لە کتێبی سروشتناسیدا کەمایەسیی زانیاری هەیە سەبارەت بە تیۆرێک، بەڵکوو پلانی فێرکردنی دوواتر (ئەوەی وا دوواتر پێشکەش کرا) بووەتە هۆی زانیاری ئاوەژوو لە سەر بابەتەکە.

پرۆفیسۆر "سڤەین شۆبەرگ" لە هەمووان جوانتر ئەم کێشەیە فۆرمولە دەکا و، دەڵێ: "پێش ئایدیاکان بە شێوەیەکی سەیر دژوار دەنوێنن وەها کە سڕینەوەیان مەحاڵە. ...سڕینەوەی ئەم پێش ئایدیایانە، گرینگترین هەنگاون بۆ فێربوونی زانست."   

داخۆ مرۆڤ هەمیشە لە سەر زەوی بووە؟

ئەو ئایدیایانەی قوتابییەکان لەم لێکۆڵینەوەیدا پێشکەشیان کرد، خۆیان لە چوار کاتەگۆریدا دەنوێنن: ئێمە ئەم پرسیارەمان ئاراستەی هەموویان کرد، ئەوەی کە داخۆ مرۆڤ هەمیشە لە سەر زەوی بووە یان نا.

١ـ وەڵامی ئەوانەی وا ئایینیان رەچاو کردووە:

مرۆڤ لە گەڵ مەسیح هاتە سەر رووی زەوی. مامۆستاکەم ئەمەی فێرکردووم (کچێکی کلاسی سێ)

٢ـ ئەوانەی وا دایناسۆریان رەچاو کردووە:

نا، لە سەردەمی دایناسۆرەکاندا هیچ مرۆڤێک لە سەر زەوی نەبووە (کوڕێکی کلاسی دوو)

٣ـ  ئەوانەی وا بە پێی تیۆری گەشەی داروین وەڵامیان داوەتەوە:

مرۆڤ هەمیشە لە سەر زەوی نەبووە. چونکە زەوی سەرەتا تۆپێکی ئاگرین بووە، دواتر مانگ خۆی پێدا داوە، دواتر ژیان هاتووە، سەرەتا باکترییەکان کە گەورە و گەورەتر بوونە، پاشان دایناسۆرەکان کە دوواتر لە ناو چوون، دوواتر میلیۆنان مرۆڤ لە دایک بوون (کوڕێکی کلاسی چوار)

٤ـ ئەوانەی وا سەرلێشێواو بوون

مرۆڤ هەمیشە لە سەر زەوی نەبووە، چونکە...،چونکە...، بە تەواوی نازانم. هەندێ کەس دەڵێن دایناسۆرکان هەبوون، بەڵام من نازانم کە دەتوانم باوەڕ بەم قسەیە بکەم یان نا. وە هیچ کەسیش ئەم دایناسۆرانەی نەبینیوە. وە ئەگەر کەسانێ هەبن کە دایناسۆرەکانیان بینیبێ ئەوا دەیانتوانی بۆ خەڵکێکی زۆرتری بگێڕنەوە (کچێکی کلاسی پێنج)

وەڵامەکان وا پیشان دەدەن کە ئەم کەسانە زانیارییەکانیان لەم کەسانە وەرگرتووە: دایک و باوکەکان، باخچەی منداڵان، قوتابخانە، تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت، کتێب و ئاینەکان. کەناڵی "سوپر ئێن ئەر کۆ" هەروەها سەرچاوەیەکی گرینگە بۆیان، کەناڵێک کە تایبەتە بۆ منداڵان. بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین بۆ وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە، قوتابییەکان ئاراستەی پرۆگرامە تەلەفزیۆنییەکانی وەک "قەتاری دایناسۆرەکان" و "نیۆتۆن" کە دوو بەرنامەن بۆ منداڵان، بکەین؟

قوتابییەکان شیاوی باشترن

مامۆستاکان دەبێ ئامادە بن کە قوتابییەکان لە کلاسی هەشتەم دا بێ ئەوەی سەرەتاییەترین زانیاریان سەبارەت بەم تیۆری گەشەی داروین هەبێ لە گەڵی رووبەڕوو دەبنەوە، وە چونکە زۆرینەی قوتابییەکان زانیاریی نادرووستیان سەبارەت بەم تیۆرە هەیە، لە کاتی وانە گوتنەوەدا کێشەی زۆر پەیدا دەبێ. نەبوونی رێز و بێ مەیلی بۆ بەشداریکردن لە قسەو باسەکاندا یەکێک لەو دژواریانەن.

سەرچاوە:

NRK

13.03.2015

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت