ما 7444 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شوناس وەک خۆم و وەک ئەوی تر

شوناس یان ئایدێنتیتی بە دو شێوە دەبینرێ: یەکەم، شوناس وەک تێڕوانینی خۆ لە سەر خۆ؛ دووهەم؛ وەک تێڕوانینی کەس یان لایەنی دیکە لەسەر خۆ. بێگومان ئەم دوو تێڕوانینە دەکرێ دەستبەجێ جیاوازییان لەگەڵ یەکتر هەبێ.

بەم شێوەیە شوناس دەکرێ بێ ئەژمار لایەن بگرێتەخۆی. لێرەوە شوناس دەبێ بە کۆمەڵیک تێڕوانینی جیاواز کە دەکرێ خاڵی هاوبەشیشیان تیابێ.

مرۆڤەکان لە رەوتی ژیاندا بەم پێیە دەبن بە خاوەن ئەو شوناسەی کە تەنیا خۆیان تەعبیری لێ ناکەن. شوناس خاوەن چەندین رەهەندە.

 بۆ وەسفی شوناس دەبێ هەمیشە ئەوی تر هەبێ بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگای قیاسەوە (جا چ خۆم بیکەم و چ کەسێکی تر)، چەندایەتی و چلۆنایەتییەکەی دیاری بکەین. لە راستیدا شوناس دیاردەیەکی قیاسییە و بۆ پێگەیشتنی هەمیشە لانیکەم پێویستیمان بە دوو کەس هەیە: من و ئەوی تر.

کەسایەتییە دیمۆکراتیکەکان تەنیا پێ لەسەر دیاریکردنی شوناسی خۆیان لە رێگای خۆیانەوە داناگرن و گوێ و سەرنجیش دەدەنە وەسفی ئەوی تر لە سەر خۆی. بەڵام کەسایەتییە تاک رەهەندییەکان تەنیا حەزیان لەوەیە شوناسی خۆیان لە رێگای وەسفی خۆیانەوە دیاری بکرێ و قسەی ئەوی تر بە هێند وەرناگرن. ئەمە تەنانەت ناوەندە مەزنەکانی وەک دەسەڵاتیش دەگرێتەوە.

سایتی قەڵەم

١٤ مانگی هەشتی ٢٠٢١

 

گەڕان بۆ بابەت