ما 2521 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

تکایە باسی یاخی بووەکانم بۆ مەکە، لەڕاستی دا لە رقی ئەوان بوومەتە بەعسی، ئەو یاخی بووانە دەستیان بڕوا رەفتاری خراپ ئەکەن ئەگەر باسی کەم و کوڕی یاخی بووەکانت بۆ بکەم پێویستمان بە گێرانەوەیەکە لەچەشنی چیرۆکی هەزارو یەک شەوەیە.

 

جەنگاوەران    

شانۆگەرییەکی یەک پەردە

کەسایەتیەکان /

موهەنەد خەڵکی بەغدایە

عوزیر خەڵکی هەولێرە

شوێن / هێڵی پاشەوەی بەرەکانی جەنگ، پەرژینێکی خۆڵین دروست کراوە، چەند سارۆخێکی ڤۆلگای روسی لە ئامادەباشی دانراون، خەیوەتێک هەڵدراوە تیایدا موهەنەدو عوزیر دانیشتوون، دوور لەیەک لەحاڵەتی پشوو دان، موهەنەد گۆڤاریکی عەرەبی بەدەستەوەیە بە نێوی پارێزەرانی نیشتمان، عوزیریش پەرداخێکی چایی بەدەستەوەیە خەریکی چا خواردنەوەیە، دەنگی گڕە گڕی هەلیکۆپتەرو توپ باران دێتە بەر گوێ کە فەزای جەنگ بەرجەستە دەکەن .

موهەنەد / کەی ئەم شەڕە کۆتایی پێ دێ ئێمەش وەک خەڵکانی دی خاوو خێزان پێک دێنین و ژیانیکی هاکەزایی بەسەر دەبەین، نەفرەت لەشەڕ کە رێگا لە پێش خەونەکانمان دەگرێ.

عوزیر / شەڕ بەم نزیکانە کۆتایی پێ نایی، دەبێ خۆمان بۆ شەڕی درێژ خایەن ئامادە بکەین، دەبێ داکۆکی لەم خاک و نیشتمانە بکەین، نازم حیکمەت دەڵێ، ئەگەر تۆ نەسووتێ، من نەسووتێم، کێ ئەم رێگا تاریکە رووناک بکاتەوە.

موهەنەد / بەلاش نییە تۆ پیاوێکی بەعسی، قسەکانی سەدام حوسەین دووبارە دەکەیتەوە بەڵام نازم حیکمەت شیوعی بوو، لە کوێ گوێت لەم قسەیە بووە ؟

عوزیر / وەک دەزانی ماڵمان لە گوندە، جاروبار یاخی بووەکان بۆ نان خواردن سەردانمان دەکەن، لە شیوعیەکان گوێم لە وتەیە بووە .

موهەنەد / خۆت ئەزانی من کابرایەکی وجودیم بڕوام بە مارکسیەت نییە بڕوام بە خاک و نیشتمان و خۆکوشتن لە پێناوی دا نییە، من بەهەڵە لەم وڵاتە لە دایک بووم، بەهەڵەش ئێستا لە ریزی سوپام و داکۆکی لێ دەکەم .

عوزیر / مادام وجودییت وەرە بتبەم بۆ نێو شیوعیەکان .

موهەنەد / شیوعیەت و وجودییەت دوو چەمکی جودان، من لەگەڵ شیوعیەکان دان و دۆم ناکوڵێ، ئەوان تاک ئەخەنە پێناوی کۆمەڵەوە، کەچی ئێمەی وجودی جەخت لەسەر خودی ئازادی دەکەین بۆ تاک .

عوزیر / کەواتە دەبوایە لە فەرنسا لە دایک بوایە نە لەبەغدا !

موهەنەد / ئێستا رێگای هەندەران واڵا بێ، یەک و دووی لێ ناکەم ئەچم بۆ هەندەران .

عوزیر / ئێستاش دەتوانی لە رێگای یاخی بووەکانەوە بچی بۆ ئیران لەوێش بچی بۆ دەرەوە .

موهەنەد / ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشی، خۆت دەزانی من رەفزی حکومەتی ئیران دەکەمەوە چجا بچم بۆ ئەوێ !

عوزیر / کەواتە بەم ساروخە ڤوڵگەیانە توڵەی خۆت لێیان بکەوە .

موهەنەد / بڕوام بە کوشتنی خەڵک نییە تەنانەت بروام بەکوشتنی سەربازی دوژمنیش نییە، هەموو بەستەزمانن بە توبزی هێنراون بۆ شەڕ، خەڵک تاوانی چی یە من ساروخی ڤوڵگای روسی پێوە بنێم !

عوزیر / خۆزگە کولیجی ئەندازیاری کارەبامان تەواو نەدەکرد وەکو پیادەڕەوەکان ئەچوین بۆ هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ یان شەهید دەبووین یان بەدیل دەگیراین !

موهەنەد / کابرایەکی بەعسی وەکو تۆ بڕوای بە شەهید بوون هەیە بەڵام گرفتی من ئەوەیە بڕوام بەشەهید بوون نییە تەنانەت زاراوەی شەهید زاراوەیەکی ئاینی یە بۆ ئێمە ماوەتەوە، شەڕ شەڕە ڕەواو ناڕەوای نییە ئەوانەی لە ئاکام دا دەکوژرێن دەبنە تڕی بن گۆم!

عوزیر / بۆ دەبینە تڕی بن گۆم، ئەوە نییە ئۆتۆمبیل و پارە ئەدەنە کەس و کارمان دوای شەهید بوون.

موهەنەد / من کە لە نێوچووم پارەو ئۆتۆمبیل بەر باوکم دەکەوێ، من تەنانەت ڕقم لە باوکیشم دەبێتەوە، ئەگەر ئەو نەبوایە من لەدایک نەئەبووم سارتەر گوتەنی من بەرێکەوت لە دایک بووم بە ناچارییش دەژێم بە زەرورەتیش ئەمرم. بەڵام کوژرانی پێش وەخت لەم شەڕە نگریسە هیچ مانایەک بۆ نادۆزمەوە.

عوزیر / ژیان بریتی یە لە هەڵویست، لە داکۆکی کردن لە خاک ونیشتمان، داکۆکی کردن لە شوناس، لە قوربانی دان.

موهەنەد /  لە ڕاستی دا خاک ونیشمان و شوناسی تۆ جیاوازە عوزیر، تۆ خەڵکی کوردستانی، یاخی بووەکانیش نوێنەری ڕاستەقینەی ئێوەن.

عوزیر / تکایە باسی یاخی بووەکانم بۆ مەکە، لەڕاستی دا لە رقی ئەوان بوومەتە بەعسی، ئەو یاخی بووانە دەستیان بڕوا رەفتاری خراپ ئەکەن ئەگەر باسی کەم و کوڕی یاخی بووەکانت بۆ بکەم پێویستمان بە گێرانەوەیەکە لەچەشنی چیرۆکی هەزارو یەک شەوەیە.

موهەنەد / نە عوزیر تۆ هەڵەیت یاخی بووەکان داوای ئازادی زیاترو زۆرتر دەکەن، بە قسەی خۆیان داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن .

عوزیر / دەنگی دەهۆڵ لە دوور خۆشە، تۆ لە دوورەوە گوێت لە دروشمە بریقەدارەکانیان بووە، سارتەریش عاشقی جیڤارە بوو پێگووت ئەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە تۆ بە کردەوە ئەنجامی ئەدەیت.

موهەنەد / تۆ بەعس مێشکی شووشتیتەوە، شوناسی خۆت ون کردووە، ئەگینا من لە باتی تۆ بوومایە یەک دەقە ڕانەدەوەستام لە بەرەکانی جەنگ، دەچوومە ریزی یاخی بووەکانەوە یان لە گوندەکەی خۆمان بە فیراری دەمامەوە.

عوزیر / تۆ دەزانی کولیجم لە بەغدا تەواو کرد، تازە من فێری ژیانی شارستانی بووم زەحمەتە لە گوند بحەوێمەوە، وەک دەزانی دەرچووی کۆلیجی ئەندازیاری کارەبام ئێستا (تطوع) بکەم وەک خۆبەخش یەکسەر دەبمە نەقیب بەجاڕێ سێ ئەستێرەم پێ ئەدەن .

موهەنەد / قسەکەت ڕاستە منیش بەعسی بوومایە ئێستا سێ ئەستێرە لەسەر شانم دەبریسکایەوە بەڵام من بڕوام بە ئەستێرە و ئەفسەرایەتی و دیسپلین نییە، من مرۆڤێکم دەمەوێ هەوای ئازادی هەڵمژم بە ئازادی قسە بکەم و بنووسم، خەونەکانی خۆم بەدی بهێنم، من کە کۆلیجی ئەندازیاری کارەبام هەڵبژارد دەمویست فێری چاککردنی تەلەفزیون و کۆمپیوتەر بم، لەبەر ئەوەی بەهەژاری ژیایین وەکو خێزان، دەمویست پێشەیەکم هەبێ لە رێگایەوە پارە پەیدا کەم بە شەرافەتمەندانە لە لا کۆڵانێک دا دوکانێکی بچکۆڵانەم هەبێ، من نەمزانی لە سەردەمی تەواو کردنی کۆلیج دەکەوینە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئیران وەک وڵاتێکی گەورەو پان و پۆڕ ئەو پەندەت نەبیستووە کە دەڵی (ئەگەر ئیراق چاوی گایەک بێ ئیران لەشەکەیەتی).

عوزیر / ئەگەر شەڕەکە درێژ بخایەنی دەبم بە خۆبەخش با سێ ئەستێرە لەسەر شانم بدرەوشێتەوە ئەو دەم وەک ئەفسەر دەمرم نە وەک سەرباز!

موهەنەد / خۆزگ بە خۆت دونیایەکی بچوکت هەیە، خەونەکانت بچوکن، لە چوارچیوەی حزبێک دا جێگات بۆەتەوە تاڕادەیەک بڕوات پێیەتی، من چی بکەم ئەگەر ئەستیرەکانی ئاسمان لەسەر شانم بێ یەک زەڕە دڵم پێ خۆش نابێ، من بەهیچ شێوەیەک بیر لە دوای مردن ناکەمەوە، بیرناکەمەوە بە ئازایی بمرم یان بەترسنۆکی، بیرناکەمەوە بەشەهید بمرم یان بە کوژراو، من بڕوام بە بەهەشت و دۆزەخ نییە .

عوزیر / خۆت دەزانی مەسەلەی خواو پەیغەمبەر لای من خەتی سوورە، من بڕوای تەواوم بەو دونیا هەیە، ئێستاش کە نوێژ ناکەم لە حاڵەتی جەنگ داین.

موهەنەد / منیش ئاتەئیستێکی تەواو نیم ئەتوانم بڵێم ئەگنوستیسکم بەواتای نازانم وەک بروتاجوراسی فەیلەسوفی یونانی، هەندێ جار بڕوام بە قەدەر هەیە، هەندێ جار کە تەنگاو دەبم چەند ئایەتێک دەخوێنم، کیر کیغاردیش وجودی بوو بەڵام وجودێیەکی ئایدیالیستی کەچی سارتەر ئاتەئیست بوو، من زیاتر وجودییەکی کیرکیغاردییم.

عوزیر / گرنگە بڕوات بە هێزێک هەبێ هێزێکی نادیار کەمن پێ دەڵیم خواو پەیغەمبەر، تۆیش لای خۆت ناوێکی لێ بنێ .

موهەنەد / ڕاستە دەبێ جاروبار بڕوامان بە هێزی نادیار هەبێ بەڵام دەبێ خۆمان چارەنووی خۆمان دەستنیشان بکەین، جڵەوی رەفتارمان بگرینە دەست، مرۆڤ لە گەردوون سەردارو سەروەرە.

گرنگ ئەوەیە من بڕوام  بەشەڕو جەنگاوەر بوون و خاک و نیستمان نییە، بڕوام بەوە نییە قوربانی بدەم لە پێناویان دا.

عوزیر / ڕاستە من بەعسیم بەڵام حزبایەتی بۆ من وەک خۆ هەڵخەڵەتاندن وایە هەندێ جار واهەست دەکەم پانتایی خاک و نیشتمان چەمکێکی وەهمیە، ئاین جۆرێکە لە وەهم بەڵام کێشەی من ئەوەیە لەززەت لەو وەهمانە وەردەگرم.

موهەنەد / تۆیش بە جۆرێک لە جۆرەکان وجودیی بەڵام جورئەتت نییە ڕاستیەکان دەرببڕی.

عوزیر / منیش لەسەر وجودیەت چەندین پەرتووکم خۆیندۆتەوە بەڵام هەمیشە خۆم پاڕاستوە کە لە دونیای واقیع دانەبڕێم، پەرتووکەکان کاریگەریی لەسەرم دانەنین .

ئێمە هەرچەن رۆشنبیر بین بەڵام کوڕی واقیعی دیاریکراوین، بۆیە من دەمەوێ تۆیش هۆشت بێتەوە بەر خۆت واقیعیانە بیر بکەرەوە.

موهەنەد / من تازە لە دەریای فەلسەفەی وجودی دا خنکاوم بە هیچ کلۆجی ناتوانم بێمەوە دەرەوە چونکە هێچ کەنارێکی ئارام شک نابەم.

عوزیر / لێمان گەڕی لە فەلسەفە، من هیچ ئاسۆیەک شک نابەم بۆ کۆتایی هینان بەم شەڕە بەڕاستی شەڕێکی ماڵوێرانی یە کەس قازانجی تیا ناکا جگە لە وڵاتانی ئیمپریالیستی کە چەک دەفرۆشنە هەردوو دەوڵەتەکە.

موهەنەد /  تۆیش مرۆڤێکی هوشیاری هەست بە بێهودەیی شەڕەکە دەکەیت هەروا ئاماژە بە وڵاتانی ئیمپریالیستی دەکەی کە شەڕ هەڵدەگیرسێنن بۆ گەرم کردنی بازاڕی خۆیان .

عوزیر / گەرچی من بەعسیم بەڵام پەرتووکی لاوەکی زۆرم خوێندۆتەوە، دەبێ ئەو هەقیقەتە بزانی کە ئەندامانی بەعس هوشیارن بایەخ بە بەرز کردنەوەی ئاستی رۆشنبیری خۆیان ئەدەن وا نەزانیت من هەر پەرتووکی سەوز دەخوێنمەوە بەڵکو پەرتووکە سوورەکانیش دەخوینمەو ئەگەر بەر دەستم کەوێ.

موهەنەد / ئینسان دەکرێ لە دەرەوەی حزبیش خۆی پەروەردە بکا بەڵام هەندێ جار پەروەردەی هەڵە دوور لە ئامۆژگاری دەوروبەر.

عوزیر / خەڵکی حزبی گەر چی ئەدیبیش نەبن بەڵام زۆربەی ئەدەبی جیهانی دەخوێننەوە هەڵسەنگاندنی خۆیان هەیە بۆ هەموو بەرهەمێک و بۆ راڤە کردنی هەموو دیاردەیەک .

موهەنەد / عوزیر گەرچی من وجودی و تۆ بەعسی بەڵام تا ڕادەیەک بۆچوون و تێڕوانینەکانمان لە یەکەوە نزیکە بۆ نموونە لەم جەنگە ناڕازیین بەڵام دەبێ نەفرەتی لێ بکەین و بیر لە رزگارکردنی چارەنووسمان بکەینەوە.

عوزیر / من ناتوانم هەڵ بێم ئیلتزامی حزبیم هەیە هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەمان هەیە، دەبێ هەڵویستی خۆمان دەڕبڕین، بۆیە من لە ئیزدواجیەتێکی کوشندە ئەژێم لە لایەک ئیلتزامی حزبیم هەیە لەلایەکی دی منیش وەک تۆ بۆچوونی تایبەتی خۆم هەیە .

موهەنەد / (لەگەڵ سەر گوشین دا) کەواتە دەبێ خۆم بە تاقی تەنها بیر لە هەڵهاتن بکەمەوە بەڵام عوزیر دەبێ تۆ یارمەتیم بدەی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆم.

عوزیر / (دوا چوڕەی چایەکەی خۆی خواردەوەو) بە دڵنیاییەوە ئێمە چەندین ساڵە هاوڕێیین، دەستبەردارت نابم.

لەنزیکیان تۆپێک تەقییەوە هەردووکیان لە نێو خەیوەتەکە بەپەلە لەسەر ئەرزەکە ڕاکشان.

بەم شیوەیە کۆتایی بە پەردەکە دێت.

 

٢٠ / ٩ / ٢٠٢١

 

گەڕان بۆ بابەت