ما 1619 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەد ئەمین مەجیدیان

مام رێوی لە نزیک دەروازەکەوە، خۆی لەبەر هەتاو هەڵخستبوو، گوێی لەم قسانەوە بوو، هەستا و چووە  نێو یەک لە کونەکانیەوە. ماڵیپاردوس پڕ بوو لە کونی پڕ پێچ و پڵووچ  و سەیر، لەم کونانەوە ئەو دەیتوانی لە کاتی مەترسیدا خۆی لە مەترسی دەرباز بکا، یان بچێ بۆ راوی نێچیران، لەوێ تاوێک لە گەڵ خۆیا کەوتە رامان کە، چلۆن بتوانێ پیلانی مام ورچی بەرپەرچ بداتەوە و شەرمەزاری بکا.

 

ورچە بۆر و مام رێوی

رۆژێکیان ورچە بۆر، گورج و گۆڵ و ئامادە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە پیلان و فڕوفێڵێک، چوو بەدوای مام رێویدا؛ کاتێک بەو کوێرەڕێیەی نێو ئەو نزارە تاریکەدا تێدەپەڕی، کە مام رێوی پیایدا دەهات بۆ راوکردن یان بوونەڕاو، چیایەکی بەرزی هاتە رێ. بۆ ئەوەی بگاتە ماڵیپاردوس (کونی مام رێوی)، دەبوو بەم چیایە دا سەرکەوێ. مام رێوی کونی زۆر بوو. بەڵام ماڵیپاردوس کونی گەورە و قەڵای کۆنی بوو. لەم قەڵایە بوو، ئەو بۆ بەرگری, خۆی حەشارئەدا، یان تیایدا ئەحەسایەوە.

کاتێک ورچەبۆر گەیشتە جێ، دەبینێ دەروازە داخراوە؛ بۆیە دوای لە درگادان، قنگی نایە زەوی و بە دەنگی بەرز هاواری کرد، "بەرێز مام رێوی لە ماڵەوەی؟ ئەمن ورچەبۆری خزمتم، لە لایەن خاوەن شکۆ پاشاوە هاتووم، بۆ ئەوەی بانگت بکەم بۆ دادگا، بۆ وەڵام دانەوەی هەندێ سووچ و تاوان کە لەبەر دەرکی ماڵتان رووی داوە. خاوەن شکۆ سوێندی خواردوە، گەر بێتوو بەدەم ئەم بانگهێشتنەوە نەیێی، بە ژیانی خۆت وەڵامی ئەم سەرکێشییە ئەدەیتەوە و هەموو ماڵ و سامانیشت دەستی بەسەردا ئەگیرێ. کەوابوو، وەک خزمێکی باش لەم هاوڕێیەت ببیسە و هەڵسە لەگەڵما وەرە بۆ دادگا و خۆت لەم بەڵایە لادە، دەنا خۆت تووشی ئەم چارەنووسە دەکەی.''

مام رێوی لە نزیک دەروازەکەوە، خۆی لەبەر هەتاو هەڵخستبوو، گوێی لەم قسانەوە بوو، هەستا و چووە  نێو یەک لە کونەکانیەوە. ماڵیپاردوس پڕبوو لەکونی پڕپێچ و پڵووچ  و سەیر، لەم کونانەوە ئەو دەیتوانی لەکاتی مەترسیدا خۆی لە مەترسی دەرباز بکا، یان بچێ بۆ راوی نێچیران، لەوێ تاوێک لەگەڵ خۆیا کەوتە رامان کە، چلۆن بتوانێ پیلانی مام ورچی بەرپەرچ بداتەوە و شەرمەزاری بکا؛ مام رێوی زۆر رقی لە ورچ بوو، بەڵام بۆ ئەوەی ورچ پێی ڕاببینێ هاتە دەرکی کونەکەی و  گوتی، "ئۆی، ئەوە تۆی مام ورچ؟ زۆرزۆر بەخێر هاتی، داوای لێبووردن ئەکەم درەنگ بەدەنگتەوە هاتم، راستییەکەی ئەوەیە کە تۆ قسەت دەکرد، من خەرێکی نوێژکردن بووم، خواپەرستی خۆ نابێ بۆ کاری ئەم دنیایە پشت گوێ بخرێ. بەڵام  وائەزانم خاوەن شکۆ خزمەتێکی باشی بەتۆ نەسپاردوە، منیش پێمخۆش نەبوو ئەو زەحمەتە بەر تۆ بخا و بتنێرێتە ئێرە، کارەکە ئەوەندە گرینگ نەبوو تۆ رەنج و ئارەقی ئەم رێگا دوورە بەرخۆت بدەی. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر نەشهاتبای، سبەی خۆم  دەهاتمە دادگا. هەر چۆنێک بێ، لەم کاتەدا راوێژ لەگەڵ تۆدا و ئامۆژگارییەکانت بۆ من زۆر جێی خۆشحاڵییە.  بەڵام بەداخەوە، مام ورچ! مەگەر خاوەن شکۆ، بێجگە لە نەجیبزادەیەکی وەک تۆ، کسی دیکەی دەست نەدەکەوت ئەم پەیامە ئاساییەی پێدا بنێرێ؟ زۆر بەلامەوە سەیرە، جیا لە خزمە نزیکەکانی خۆی، ئەتۆ هەم لەباری بنەچە و هەم لەباری دارایی و سامانەوە بەناوبانگترین کەسی. بەشبەحاڵی خۆم  پێمخۆشە لەگەڵ تۆدا بێم بۆ دادگا، بەڵام ئەترسم سەفەرەکەمان ماندوو و بێزارت بکا. با راستییەکەی بڵێم، ئەوەتەی لە گۆشت خواردن پارێز ئەکەم، بە خواردنێکی سەیر ئەژیم کە زۆر لەگەڵما رێکناکەوێ، لەشم ئەوەندە ماسیوە، هەر ئێستە یان تاوێکیتر لەوانەیە بتەقم."

"ئەی هاوار! خوارزا گیان" ورچەبۆر گوتی، "ئەوە چ جۆرە خواردنێکە وا تۆی نەخۆش خستوە؟"                         

"خاڵۆ،" رێوی وەڵامی دایەوە، "بەکەڵکی چی دێ بزانی؟ خواردنەکە شتێکی سادە و بێ نرخە: تۆ دەزانی ئێمەی کۆمەڵی هەژار، خۆ شازادە نیین، پێمان خۆشە لە کاتی پێویستدا، تامی ئەو شتانە بکەین کە خەڵکی دی زۆرتر بە هەوەس دەیخۆن. ئێستاش با ئەوەندە راتنەگرم، ئەوەی خواردم شانەهەنگوینێکی گەورە و پڕخۆش بوو. چونکە، برسییەتیش زۆری بۆ هێنابووم، ئەوەندەم خوارد کە دوایی پێێ تێکچووم."

"وۆو!" مام ورچ گوتی؛ "شانەهەنگوین، ئەڵێی؟ هیچت لێ هێشتەوە خوارزا؟ خۆ ئەوە خواردنی گەورەترین شاهانی ئەم دنیایە. وەک خوارزایەکی باش، بمبەرە سەری؛ بۆ تەنیا نەختاڵێکی، هەتا بمێنم نۆکەریت ئەکەم."

"وادیارە خاڵۆ، گاڵتەم پێئەکەی،" مام رێوی وەڵامی دایەوە.  ورچەبۆر نەڕاندی، "گاڵتە بەتۆ!"

" ئەی لەعنەت لەو دڵەم، چونکە من ئەو هەموو دڵسۆزییەم  بۆتۆ هەیە، کەچی تۆ تەنیا بۆ لستنەوەیەکی ئاوا من وەک خزمێکی خۆت دائەنێی." "نا، دوور لە تۆ،" مام رێوی وەڵامی دایەوە.                                                 

"ئەتبەمە جێگەیەک دەکەس لە ئێوە، نەتوانن هەمووی بەژەمێک بخۆن."                                                             

" دە کەس لە ئێمە؟!" ورچەبۆر هاواری کرد، "نەک دە لە ئێمە! ئەمە هەرنابێ؛ من هەموو هەنگوینی نێوان هیبلا و پورتوگالم خواردوە، هەر بۆخۆم ئەتوانم زوو هەمووی بخۆم."                          

"کەواتە خاڵۆ، ئەمەش بزانە، لەو نزیکانەوە، جووتیارێکیش ئەژی بەناوی لانفێرت، ئەم کابرا خاوەنی ئەوەندە هەنگوینە کە تۆ بەحەوساڵ بۆت ناخورێ، لەبەر خزمایەتی و خۆشەویستی تۆ ئەمەش ئەخەمە بەردەستت."

 ورچەبۆری شێتی هەنگوین، لەخۆشیانا سوێندی خوارد، بۆ ژەمێ خواردنی وا دەمووپلی هەرچی دژمنی مام رێوییە بشکێنێ.  مام رێوی لە ساویلکەیی و خۆشباوەڕیی ورچەبۆر بزەیەکی هاتێ و گوتی، "خاڵۆ، ئەگەر تۆ ئارەزووی حەو تۆنیش بکەی لەوێ هەیە"؛ ئەم قسانە ئەوەندەی تر ورچەبۆری خۆشحاڵ کرد، بۆیە نەیتوانی بەر بە پێکەنینی خۆی بگرێ. مام رێوی لەبەرخۆیەوە وتی، "ئەمە دەرفەتێکی چاکە؛ ئەیبەمە جێگەیەک زۆرتر بەخۆی پێبکەنێ،" پاشان وتی، "خاڵۆ، با درەنگمان بەسەر نەیێ، من لە بەئەستۆگرتنی هەرجۆرە ئەرک و زەحمەتێک بۆ خزمان کۆتایی ناکەم." ورچەبۆر سپاسی لێکرد و پێکەوە کەوتنە رێ. مام رێوی لە رێدا لێی دەپرسی دەتوانێ چەندە هەنگوین هەڵگرێ، بەڵام لە راستیدا مەبەستی ئەوەبوو چەند لەبەر دارلێداندا دەتوانێ خۆڕاگرێ. سەرئەنجام گەیشتنە ماڵی لانفێرت،  دیتنی ماڵەکە ورچەبۆری خستە هەڵخستنەوەی خۆشی. ئەم لانفێرتە دارتاش بوو، پیاوێکی بەخۆوە و ئازا و بەهێز بوو، رۆژی پێشووتر دار بەڕوویەکی گەورەی بۆ قڵیشاندن هێنابوە حەوشەکەی و بۆ ئەم مەبەستەش دوو پوازی تێکوتابوو، بۆیە قڵشی دارەکە جوان دەمی کردبۆوە. مام رێوی بەمە دڵخۆش بوو، چونکە ئەوە شتێک بوو کە ئەو دەیویست. ئەمجا بە پێکەنینەوە ئاوڕی لە ورچەبۆر دایەوە و گوتی، "ئاگادار بە خاڵۆ  گیان، وریای خۆت بی؛ چونکە نیو ئەم دارە هەنگوینێکی زۆری تێدایە، ئەگەر دەستت بیگاتێ ئەوجا ئەزانی چەندە زۆرە؛ بەڵام ئاگات لە خۆت بێ، زۆری لێ نەخۆی. شانە هەنگوین شیرین و خۆشە، زۆرخواردنی لەوانەیە، مەترسی زکئێشەی بەدواوە بێ، تاقیکردنەوەش لەم سەفەرەدا رەنگە کێشەت بۆ ساز بکا. منیش بۆ هەموو ماڵی دنیا، حەز ناکەم ئازارێک بەتۆ بگا چونکە ئەبێتە هۆی شەرمەزاری و رووڕەشی بۆ من."  "خەمت نەبێ خوارزا بەوەفاکەم؛ ئەوەندەش گەوج و گێل نیم، ئەگەر دەستم گەیشتێ هەر ئەوەندە ئەخۆم کە ئارەزووم بشکێت."

"بەڕاستی خاڵۆ گیان، دەبێ من زۆر بەجەرگ بم کە ئەمانەم پێگوتی؛ بۆیە هیوادارم ئاخری خێر بێ و تۆیش ئەوەی ئارەزووی دەکەی پێی بگەی." ورچەبۆر هەر خێرا قاچەکانی بەرەوەی خستە سەر دارەکە و سەری تا بناگوێی نایە نێو قڵشتی دارەکەوە. مام رێوی بە بینینی ئەمە، زوو  پوازەکانی لە دارەکە کێشایە دەر و ورچەبۆر لە قڵشی دارەکەدا گیری کرد. ئیتر لێرەدا نە مەرایی کەڵکی هەبوو نە تووڕەیی، چونکە خوشکەزاکەی، وای خستبوە بەندەوە، بە هیچ جۆرە فڕوفێڵێک نەیدەتوانی خۆی رزگار بکا. ئەی لێرەدا چی فریای دەکەوت، بەهێزیەکەی یان ئازایتییەکەی؟ ئەمانە تەنیا تووڕە و بێزاریان دەکرد و ئاسوودەییان پێ نەدەهێشت. دەستیپێکرد بە بۆڕەبۆڕ و خۆتلاندنەوە، کردیە هەراوهوریایەکی وا، لانفێرت شەنەیەکی تیژ بەدەستەوە  بە راکردن هات بزانێ چی بووە.  لەو کاتەدا کە  ورچەبۆر چنگەکڕەی ئەکرد و ئەیبۆڕاند، مام رێوی بە گاڵتە و پێکەنینەوە، دەیگوت "ئەوە هات، خاڵۆ!  ئەترسم حەزت لە هەنگوین نەیێ؛ خۆشە؟ زۆری لێ مەخۆ؛ شتی خۆش لەوانەیە زکئێشەی بەدواوە بێت و دەترسم درەنگیشمان بەسەربێ بۆ دادگا.  ئەگەر زۆریشت خوارد خەمت نەبێ، لانفێرت خۆشاوت ئەداتێ بۆ هەرس کردنی." ئەمانەی وت و بەرەو  قەڵاکەی گەڕاوە دواوە.

لاندفێرت بە بینی ورچەبۆر بە قڵشی دارەکەوە، بانگی دراوسێکانی کرد، بێن. لە نێو شاردا قاو بڵاو بۆوە،  نە پیاو، نە ژن، نە منداڵ، ئیتر کەس نەما رانەکا بۆ سەیر؛ هەندێ کەس بە چەکەوە، هەندێکیش بە شتی وەک ، نەقیزە و تێڵا و دەستەگسکەوە یان هەر شتێک کە بەر دەستیان کەوتبێ. قەشە دەستەی خاچێکی گەورەی هەڵگرتبوو، یاریدەرەکەی ئاوی پیرۆزی پێبوو، ژنەکەی کە خەریکی رستن بوو بە تەشییەکەیەوە هاتبوو: نەک هەر ئەو، ئەو پیرێژنانەش کە دانیان لە دەمدا نەمابوو، هاتن. بە نزیکبوونەوەی ئەم لەشکرە، ورچەبۆر ترس دایگرت، جیا لە خۆی کەسی تر نەبوو بەرهەڵستییان بکا، هەر کە ئەم لەشکرە بە گرمەگرم دابارین بەسەریا، وەک هاران کەوتە هەوڵی ئەوەی هەرچۆنێک بێ سەری خۆی بێنێتە دەر، سەرئەنجام  دوای هەوڵێکی زۆر سەری خۆی رزگار کرد، بەڵام بە چ حاڵێک، باشترین بەشی پێستی سەری و گوێچکەکانی بەجێهێشت. کەس گیانداری وا پیس و ناشیرینی نەدیبوو؛ خوێن بە دەموچاویا ئەهاتە خوار، چڕنووکەکان  و پێستی دەستی بەجێمابوون، بەزەحمەت دەیتوانی بەر پێی خۆی ببینێ یان بە رێدا بڕوا، زۆر خراپی بەسەر هاتبوو، زیاد لەو ئازارەش کە دیبووی لانفێرت و تاقمەکەیشی رژان بە سەریا، بە کوتەک و تێڵا دارکارییەکی وایان کرد، کردیانە پەندی زەمان. ورچەبۆر بەسەرهاتێکی دڵڕەقانەی تاقیکردەوە، هەموو دەیانویست رقی خۆیان بە کەوڵەکەی بڕێژن، تەنانەت هافلین بەو لاقە گێڕەیەوە و لودۆلف بەو لووتە پان و درێژەیەوە؛ یەکیان بە گۆچانێکی قورس و ئەویکەیان بە دارەدەستێکی ئاسنینەوە. هیچکەس لێدانی توندتر لە جەنابی بێرتۆلفی نەدەوەشاند و هیچکەسیش وەک  لانفێرت و ئۆرتام  ئازاریان نەدەدا، ئەمیان بە قەڵانگێکی نووک تیژی وێڵزییەوە، ئەویان بە گورزێکی سەرقورقوشمینەوە. بورکین و ئارمیس ئابلەکواک و بانەی قەشە بە دەسکی خاچەکەیەوە و جولۆکی ژنیشی لەوی بوون.  هەموو ئەمانە ئەوەندەیان لە ورچەبۆری هەژار دا گیانی تەواو کەوتە مەترسییەوە؛ ئەو لەم  گەلەکۆمەکییەدا، قنگی نایە زەوی لە دڵتەنگیدا هەناسەیەکی هەڵکێشا، بەڵام زرموکوتی لێدانە قورسەکانی لانفێرت شتێک نەبوو بتوانێ خۆی لەبەرا بگرێ؛ چونکە دایکی ئەم پیاوە خاتو پۆدج و باوکیشی ماربۆی بزمارساز بوو کە پیاوێکی ئازا و بەجەرگی زەمانی سەڵتی خۆی بوو. هەر لەو کاتەدا بەجۆرێ بارانی بەردی ئەم پیاوەی بەسەر و گوێلاکیدا دەباری، کە ئیتر نەیدەتوانی ببینێ یا ببیستێ، ناچار لە بێ ئومێدیدا لە نێوان کۆمەڵێ پیرێژندا کە لەوێ راوەستابوون بەرەو چۆمەکەی تەنیشتیەوە، رۆیی، زۆریش لەم ژنانە لەترسا خۆیان فڕێدایە ئاوەکەوە کە زۆر پان و قووڵ بوو، خێزانی قەشەکەش لە نێو ئەمانەدا بوو. ئەم پیاوە پیرۆزە کە بینی ژنەکەی وەک مراوی وا بەسەر ئاوەکەوە لەتاوا لێدانی ورچەبۆری بەجیهێشت و هاواری کرد، "کۆمەک، کۆمەک! خاتو جولۆک کەوتۆتە نێو چۆمەکە! ئەو کەسەی رزگاری کا، پیاو بێ یاخۆ ژن یان مناڵ، لە هەموو گوناهە یاسا  شکێنەکانی  ئێستە و ئایەندەی خۆش دەبم. سزاکانیشیان لەسەر لا دەبەم." بە بیستنی ئەمە، هەموو دەستیان لە ورچەبۆر کێشایەوە بۆ ئەوەی فریائ خاتو جولۆک کەون. یەکسەر لەم دەرفەتەدا ورچەبۆر بە هێزێکی تازەوە  پەڕیە ناو ئاوەکە و،  دوور کەوتەوە. تەنیا قەشەکە مابوو بەدوایەوە و هاواری لێئەکرد، "ناکەس وەگەڕێ با تۆڵەی خۆمت لێ بکەمەوە!" بەڵام ورچەبۆر بە کەڵک وەرگرتن لە رۆبارەکە گوێی نەدا بەم بانگ کردنە، چونکەبەم سەرکەوتنەی خۆی دڵخۆشبوو کە لە چنگی ئەمانە رزگاری ببوو. ئیتر هەر لەحنەتی ئەکرد لە هەنگوین و دارهەنگوین و زیاتر لەوانیش لە مام رێوێ کە ئەو ناپاکییەی لەگەڵ کردبوو و ببوە هۆکاری لەدەس چوونی پێستی سەرو گوێ و دەسکێشە چەرمەکانی دەستی. ورچەبۆر بەم حاڵە چەند مایلێک بە مەلە بەرەو خوار رۆی. کاتێک تەواو ماندوو بوو، بەناچار هاتە دەر. خوێن بە دەموچاویا ئەهاتە خوار، کەوتەهەناسکەهەناسک، هەناسەکانی ئەوەندە کورتەڵە بوون، لەوە ئەچوو دواساتەکانی ژیانی بێ.

لە هەمان کاتدا مام رێوی لە رێگادا بەرەو ماڵەوە، باڕۆکەیەکی قەڵەوی دزیبوو، بۆ شوێنەونکێ لە کوێرە رێیەکەوە رایدەکرد، بە دڵێکی پڕ لە خۆشیان هات بەلای چۆمەکەوە. ئەو گومانی لەوەدا نەبوو کە ورچەبۆر کوژراوە، بۆیە وتی، " بەختم هاتووە، چونکە دژمنی گەورەم لە دادگا مردوە، ئیتر کەس ناتوانی گومانی تاوانم لێبەرێ." بەڵام هەر کە ئەمەی وت و ئەیروانی بۆ لای چۆمەکەوە، سووسەی شتێکی کرد. کە جوان روانی، بینی، ئەوە ورچەبۆر خەفەتبار بە برینەکانیەوە لە شوێنێک راکشاوە. بەم دێمەنە مەترسی کەوتە دڵی و کەوتە جوێندان بە لانفێرتی دارتاش، زۆر نەفرینی کرد، لەبەرچی ئەو کەرەگێلە نەیتوانیوە ورچێکی لە تەڵەکەوتوو  بکوژێ. " وەی لەو پیاوە شێتە،" ئەی هاوار، " گۆشتی ئەو نێچیرە چاکەی  لەدەس خۆت بدەی؟ بەو قەڵەوی و سازگارییە کەوتۆتە بەر دەستت. پیاوێکی ژیر  دڵخۆش ئەبێ بە بەختی وا، کە تۆی نەزان بایەخت نەداوەتێ. جاوەرە مەمرە لەداخا.

بەمجۆرە بە مەراق خواردن و لۆمە کردن هات تا گەیشتەکەنار چۆمەکە. لەوێ ورچەبۆری زۆر بە شپرزەیی بینی، کە خۆی ببوە هۆکاری. لەگەڵ ئەوەشدا، کە بە لایا تێدەپەڕی، گوتی Monsieur, Diew vous garde»  "خاڵۆ یاخواخێر بێت!"

 ورچەبۆر لەبەر خۆیەوە وتی. "وەی لە تۆی ناکەس وبۆگەن، کامە بێشەرمێک لە ناکەسیدا ئەگاتە تۆ؟"  بەڵام مام رێوی لە سەر قسەکانی رۆی و گوتی: "خاڵۆ، ئەو سەروکڵاو و دەستکێشە چەرمانەت لە ماڵی لانفێرتت لەبیر چوون،  یان لەبری  هەنگوینە دزراوەکانت داوە؟ باشتر بوو من خۆم بمدایەوە تا تۆ ئەو شوورەییە بەسەر خۆتا بهێنی، دیارە هەنگوینەکە خۆش بووە، بەو نرخە رەنگە زۆرتریشت دەست کەوێ. تووخوا خاڵۆ، پێش ئەوەی بڕۆم، ئەمەشم پێ بڵێ بە چ شیوەیەک گەرەکت بوو بچیە ژوور کە ئەم کلێتە نوێ باوەت لەسەر ناوە؟ دەتهەوێ ببیە مٶنک یان قەشە یان گەورەی قەشان؟ ئەو کەسەی تەوقەسەری تاشیوی وادیارە گوێکانیشی قرتاندووی؛ قژی ناوچەوان و دستکێشە چەرمەکانیشت نەماون. وەی لەو شوورەیی و شپرزەییە! تووخوا بە سەری رووت مەڕۆ! ئەی بۆ خەڵکی دەڵێن تۆ بە دەگمەن دان بە گوناحەکانتا دەنێی."  ئەم تیزپێوەکردنانە ورچەبۆری لەڕقا شێت و هار کرد؛ بەڵام چونکە نەیدەتوانی تۆڵەی لێ وەکا، ناچار گوێی بۆ قسەکانی شل کرد و هیچی نەگوت. لە دواییدا بۆ ئەوەی لێی دوور کەوێتەوە خۆی خستە نێو چۆمەکە و لەوبەرەوە لە ئاو هاتەدەر، لەوێ لەوە بیری کردەوە، رەنگە باشتر بێ خۆی بگەیەنەتە دادگا؛ چونکە هەم گوێ و هەم چنگەکانی لە دەست دابوون و زۆر بەزەحمەت دەیتوانی بەڕێدا بڕوا. بەڵام ئێستەش هەردەبوو بەرەو پێشەوە بڕوا، ئەمەش دەبوو بە راکێشانی پاشەڵی خۆی بەسەر زەویدا و خۆتلاندنەوە بیکا. بەم شێوە لە پێشدا نیوەمایلێک بە قنگەخشکێ خۆی تلاندەوە، دوای حەسانەوە، نیومایلێکی تر تلایەوە، بەم پێیە بە تلاوتل خۆی گەیاندە دادگا. بەم شێوە سەیرە کە هاتە بەرەوە، ژمارەیەک لە دەست و پێوەندەکانی شا بە سەرسووڕمانەوە لێی ورد بوونەوە، کەم کەسیان زانیان ئەوە رێزدار ورچەبۆری بەناوبانگە.

شا خۆی یەکەم کەس بوو کە ناسییەوە و گوتی، "ئەوە بەڕێز ورچەبۆری نۆکەرمە: چ ناکەسێک ئەوا برینداری کردوە؟ لە کوێ بووە کە توانیویانە ئاوای لێ بکەن. با لە خۆی پرسین، بزانین چ بوە." "ئۆی رێزدار، خاوەن شکۆ،" ورچەبۆر ناڵاندی، ''ئۆی رێزدار، خاوەن شکۆ،  تەماشاکە چۆن کەلەلا کراوم، تکات لێئەکەم هەقم وەستێنە لەو رەیناردە درۆزن و ناپاکە، کە ئاوا پەرێشان و کەلەلای کردوم تەنیا لەبەر ئەوەی فەرمانی بانگ کردنیم بۆ دادگا پێڕاگەیاندوە.''  خاوەن شکۆ وتی، "چۆن وێراویەتی کاری وا بکا؟  ئێستا سوێند بەو تاجەی سەرم، تۆڵەیەکی وای لێ بستێنمەوە، هەموو خاینان بکەونە لەرزین و رەفتاری خراپیان بێتەوە بیر." دەستبەجێ شۆرای کۆ کردەوە ، بۆ ئەوەی راوێژ بکەن  چۆن و بە چ رێگەیەکی کاریگەر رێگایەک بگرنە پێش بەرانبەر بە ڕێوی فێڵباز. سەرئەنجام دوای باس و راوێژێکی زۆر، بە تێکڕا هاتنە سەر ئەوەی خودی مام رێوی بانگ کەنەوە، بۆ ئەوەی خۆی وەڵامی ئەم یاسا شکاندنەی بداتەوە. شۆڕاکە  پشیلەی تیبێری بۆ ئەم بانگ کردنە دیاری کرد کە بە گرینگی و زانایی وەک رێوی دائەنرا؛ ئەم بڕیارە هەروەها شایش پەسندی کرد.

 

ژێرنووس:

ورچە بۆر و مام رێوی

دەور و پشتی ساڵەکانی١٢٣٠ زایینی.

 نووسەری یەکەم دەقی ئەم چیرۆکە بەناوبانگە، نەناسراوە. کێشەی سەرچاوەی رەسەنی ئەم کتێبە تەواو ئاڵۆزە، بەڵام هەموان لەسەر ئەمە کۆکن کە زنجیرەیەک لەو رووداوانە، پاڵدراوە بە ئاڵساتیان ناوێک کە نووسەرێکی دوادواییەکانی سەدەی دوانزەی زایینی بووە. هەروەک ئەم دەقەی بەردەستیش  لە رووی کتێبەکەی ئەم نووسەرەوە هەڵگیراوەتەوە.  ئەم کتێبە ساڵی ١٤٩٨ چاپ کراوە، بەڵام لەوە ئەچێ دەوروپشتی ساڵەکانی١٢٣٠زایینی نووسرابێت. چیرۆکی رەینارد هەر زوو وەرگێڕدراوەتە سەر هەموو زمانەکانی ئەورووپا و لە نێو خوێنەرانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا پێشوازییەکی گشتی لێ کراوە. لە سەدەکانی دواییشدا بۆ ئەوەی لەگەڵ پەسندی نەوەکانی نوێشدا بگونجێ، هەر دووبارە نووسراوەتەوە.

تۆماس رۆسکۆ ئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیسی، لەرووی دەقی ئەم ئینگلیزییەشەوە کراوەتە کوردی.

 

 

                                                                 

گەڕان بۆ بابەت