و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

زه‌وی خه‌ون به‌ له‌دایك بوونی په‌یامبه‌رێك ده‌بینێ

ئاسۆكان له‌ داد پڕ بكا

زه‌وی خه‌ون به‌ وه‌له‌دبوونی وه‌رزان ده‌بینێ

منیش له‌ شه‌قامدا ته‌رمێكم هه‌ڵگرتووه‌

 

 

 

دوو قه‌سیده‌ی دی له‌ (عبدالوهاب به‌یاتی)ـه‌وه

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

مۆته‌كه‌ی شه‌و و ڕۆژان

 

زه‌وی خه‌ون به‌ له‌دایك بوونی په‌یامبه‌رێك ده‌بینێ

ئاسۆكان له‌ داد پڕ بكا

زه‌وی خه‌ون به‌ وه‌له‌دبوونی وه‌رزان ده‌بینێ

منیش له‌ شه‌قامدا ته‌رمێكم هه‌ڵگرتووه‌

تا كه‌ شه‌و داهات

 له‌ باخچه‌یه‌ك

 یا قه‌حپه‌خانه‌یه‌ك بینێژم.

له‌ قاوه‌خانه‌یه‌ك

 یا به‌ تاراییه‌كی نوور

چه‌هره‌ی خۆم له‌ خوا و له‌ تۆ بشارمه‌وه‌

مه‌ست له‌ شه‌رمان

 ده‌گریم

گۆرانییه‌كه‌ ده‌ڵێ:

دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگی بولبول پڕ كرا

سترانبێژ كه‌ له‌ قه‌وانێكدا گۆرانی بۆ خۆر ده‌چڕێ

پاش ئه‌وه‌ی فرۆشرا و سه‌ری گۆرانیبیژ سپی بوو

خوێنی گوڵیش به‌سه‌ر ئاسۆدا هاته‌ خوار

گۆرانییه‌كه‌ چی ده‌وت؟

چۆله‌كه‌ش به‌‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌وا ده‌مرن

په‌یامبه‌ری چاوه‌ڕوانكراویش

هێشتا له‌ ئه‌شكه‌وتدا نوستووه‌

هێشتا باران به‌سه‌ر دیواری ماڵه‌ به‌ساڵاچووه‌كانه‌وه‌یه‌

سه‌ربانی شارانیش دووگیان و

 ڕیكلامی ده‌ڵاڵه‌كانی خانوو

به‌ خوێن

له‌دایك بوون و مردنی وشه‌ ده‌نوسێته‌وه‌

منیش ته‌رمێكم له‌ شه‌قاما  هه‌ڵگرتووه‌

ڕووی خۆم له‌ خوا و له‌ تۆ شاردوه‌ته‌وه‌ .

 

بۆ ده‌گری؟

ئه‌ی ڕووباری ئه‌فسانه‌یی

 كه‌ شیر ده‌داته‌ مه‌مكی شار

خاشاكی به‌ره‌و ده‌ریایان هه‌ڵگرتووه‌

به‌ ئه‌سپه‌ تۆپیوه‌كان و

پاشماوه‌ی گالیسكه‌ تێكشكاوه‌كانه‌وه‌

منیش له‌دایك بوونی ڕۆژ

له‌ چاوی ئه‌و پشیلانه‌ ده‌‌بینم

 ئاوزنگ ئه‌ده‌ن

دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگی بولبول پڕ كرا و

سترانبێژیش كه‌ گۆرانی بۆ خۆر له‌ قه‌وانێكا ده‌چڕی

ته‌رمه‌كه‌ ده‌گریا

وه‌ختێ من له‌ شه‌قامدا به‌ دوای تۆدا ده‌گه‌ڕام

كه‌ ڕۆژ مرد پێكگه‌یشتین

پاشان شه‌و دوای ڕۆژێ هات

ڕۆژێكی دیش پاش ئه‌و ڕۆژه و

قه‌وانه‌كه‌ ده‌خوولێته‌وه

گۆرانیبێژه‌كه‌یش به‌ ده‌نگێك

 ساڵان كه‌رخییان كردووه‌

هه‌ڵپه‌یه‌تی به‌و دیو تاریكایی ڕێ ده‌كا

..  ..  ..   .. .. .. .. .. ..

 ..  ..   .. .. .. .. ..

گۆرانییه‌كه‌ چی ده‌وت؟

گۆرانییه‌كه‌ چی ده‌وت؟

 

 

كه‌شیش

 

ڕۆژگاری هاوین و جه‌سته‌ی گوڵ

كه‌ له‌ ژێر ماچی نووردا ده‌مرن

لاقه‌كراوێكی شه‌كه‌ت

چایش له‌سه‌ر ئاگردا ده‌كوڵێ

- كێ لێره‌یه‌ ؟

 قه‌وانێك ده‌خوولێته‌وه‌

- كه‌س

شه‌و له‌گه‌ڵ ڕۆژدا یه‌ك ده‌گرێ

جه‌سته‌ی گوڵیش له‌سه‌ر ئاگره‌

تۆیش له‌‌ ژێر لێومه‌وه‌ كاهینێكی نهێنییان ده‌دركێنێ

قوربانییه‌كه‌ قه‌ساب به‌ مه‌مكی ڕووتییه‌وه‌

به‌ دیواری هه‌ڵواسیوه  

ئه‌ی ئه‌و ژنه‌ی به‌ ئه‌شكه‌وته‌كانی بۆرژان و

ئه‌فسانه‌ و جادوودا سه‌ر ده‌كه‌وێ

ده‌چێته‌ باڵ جادووگه‌ر و شه‌ڕوان و شاعیر

گوڵی هاوینه‌یش كه‌ له‌ بێشه‌ڵاناندا ده‌مرێ

له‌ ژێر لێوه‌كانمدا نهێنی هه‌ڵخه‌له‌تێنه‌ری ده‌دركێنێ

منداڵیی ڕۆژ و

ئه‌سپی ده‌ریا و یاقووتی ئه‌شكه‌وته‌كانی ئاگر و

ترپه‌ی‌ بارانم پێ ده‌به‌خشێ

- كه‌س نییه‌

 له‌ قووڵایی شه‌وانی بابل دا بووین

به‌سه‌ر شووره‌كانییوه‌ شه‌ڕمان ده‌كرد ..

من و تۆ ڕووپۆشی عاشقانمان پۆشی بوو

به‌سه‌ر شووره‌كانه‌وه‌ بووین

له‌ژێر ماچی ئه‌و هاوینه‌دا ده‌مردین

كه‌ نامرێ

به‌ دوای گالیسكه‌كانی نووردا ده‌كه‌وتین

من و تۆ ده‌یپۆشین

هه‌ردووكمان به‌سه‌ر قه‌وانێكه‌وه‌ بووین ده‌خوولایه‌وه‌

یاقووتی چاوی جادووگه‌ری شار ده‌دزین

گۆرانییه‌كی خه‌مبار

به‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیدا ده‌سوڕێینه‌وه.‌

ئه‌ی ژنی له‌دایك بوون و مه‌رگ

كه‌ له‌ بانگی كه‌ڵه‌شێر و

پێكه‌نینی قه‌ره‌جه‌ پاشاكان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ی

له‌ كوێوه‌ دێی؟

بۆ كوێ ده‌چی؟

ئێمه‌ به‌سه‌ر شووره‌كانه‌وه‌ بووین

من و تۆ ڕووپۆشی عاشقانمان پۆشی بوو

مردبووین

قوربانیی خواوه‌ندی قوڕ  

بۆ فورات ده‌نێرین

جه‌سته‌ی گوڵیش له‌‌ ژێر ماچی نووره‌وه‌

لاقه‌ كراو و شه‌كه‌ت

تۆیش پێده‌كه‌نی

به‌ ڕووتی بۆ خۆر پێده‌كه‌نی

ئێمه‌ به‌سه‌ر شووره‌كانییه‌وه

سرووتمان ده‌نواند

ئه‌ی ئه‌و ژنه‌ی له‌ ئه‌شكه‌وته‌كانی خه‌ودا لاقه‌ ده‌كرێی

له‌ باخچه‌كانی فورات

له‌ ژێر ماچی قوڕدا

وه‌ختێ له‌ دایك ده‌بی

له‌ كوێوه‌ دێی و؟

بۆ كوێ ده‌چی؟ 

 

 

(*) هه‌ر دوو قه‌سیده‌ له‌ به‌شی دووه‌می (عبدالوهاب البیاتی – الاعمال الشعریة ) بڵاوكردنه‌وه‌ی (المؤسسة العربية للدراسات والنشر – بيروت)

چاپی 1995 كراون به‌ كوردی . بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ 207 و 209 .

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت