ما 2635 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەهرۆ جەرجیس

بەنزیکەیی خۆر کەمێکی مابوو ئاوا بێت و لە سێ  چارەگی کۆتایی ئاسمان بوو خۆم خەڵتانی فرمێسک کربوو و بەوهۆیەش لە خەو ڕاپەڕیم. دوێنێم لەیاد کردبوو وەک هەموو جارێک دووبارەبونەوەی چیڕۆکە یەک بەدوای یەکەکان.

 

توانەوە

نەهرۆ جەرجیس

 

جگەرەی چوارەمم داگیرساند، بەیادی ئەو شەوە لێڵەی ڕووناکی دەست و پێ سپی بوو. وەهم میهرەبانترین خودا بوو. چریکەم لە قوڕگم گیرببوو. خوێنی نامۆییم تێکەڵی شەرابی غوربەت دەکرد داخم هەڵدەکێشا نەمدەتوانی نۆشی بکەم. وەڵحاڵ نازانم چەند ڕۆژ دەبوو خەوتبووم و چەند شەو نەبوو پێنەکەنیبووم. چەند جار قیژەم لەجیات گۆرانی خەیاڵدانمی ڕەحەت کردبوو. لەبیرم نییە: چەند جار لاپەڕەکانی مێژووی ژیانمم گواوی کردبوو. چەند کەڕەت بە ڕێبواری بەلای جەهەنەمی دوێنێما بە چاونوقاوی ڕەت ببووم... پەنهان بووم لە ڕۆژ و مانگ و ساڵ.

 

هێواش هێواش ڕێم دەبڕی و زریکەی مردنی درەختێک گوێی کاس دەکردم. فووم لە دەستەکانم دەکرد و پەنجەکانمم گەرم دەکردەوە. هەر بە پەنجەکانم شووشەیەکی بەتاڵم شکاند و خۆمم زامدار کرد. دەمزانی دەبوایە ببوومایە جەنگاوەر چونکە دۆڵێکی تەفر و تونا پاشماوەی جەنگی ژیان لە کۆتایی هەموو ڕۆیشتنێکمدا چاولەڕێم بوو. جێهێشتنێکی تر/ شوێنێکی مردووی تر. گڵۆپی ڕوومی کزتر دەکرد. لەگەڵ خۆم بۆشاییەکانیم پڕ دەکردەوە و دواجاریش بێوەفاییم دەنواند، چونکە دەمزانی گاڵتەیە ئێمە هەر بۆشایین هیچ مەخلوقێک نییە پڕمان بکاتەوە.

 

جگەرەی چوارەم کوژایەوە. بە ئەسپایی لە پێشەخۆم دوام:خودا بەر لەوەی زەوی و ئاسمانەکان دروست بکات چی دەکرد؟ لەپڕێک هاوارم کرد و هاوارم کرد و هاوارم کرد بێ هوودەبوو تەنانەت ئەو دۆڵە وێرانەی شەوان لێم دەخواردە و لێی دەخەوتم وەڵامی نەدامەوە. هیچ دەنگدانەوەیەکم لێی نەبیست. پەیم بەوە برد بە تەواوی ڕیسوام. نیازم هەبوو بخەوم وەلێ هێندە لە خەو دەترسام لیکی خۆمم قوت دەدایەوە. دواجاریش هەر خەوتم.

 

 بەنزیکەیی خۆر کەمێکی مابوو ئاوا بێت و لە سێ  چارەگی کۆتایی ئاسمان بوو خۆم خەڵتانی فرمێسک کربوو و بەوهۆیەش لە خەو ڕاپەڕیم. دوێنێم لەیاد کردبوو وەک هەموو جارێک دووبارەبونەوەی چیڕۆکە یەک بەدوای یەکەکان.

 

گەڕان بۆ بابەت