ما 9890 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سانا شوجاعی

جارێکی تر بە تەنیا دێم لە گەڵ کاکەم ناێم، ئەو نا‌هێڵێ بە دڵی خۆم سەیری ئەو شتە جوانانە بکەم. چاوە غەزاڵیەکانی پڕبوون لە ئەسرین و گلارگلار خویان ئەخشاند بە سەر رومەتە لە بەر خۆرسوتاوەکەیدا و ئەیکزاندەوە و بە دەستە چکۆلە و قڵیشاوەکانی وشکی ئەکردنەوە و زۆرتر ئەیکزاندەوە.

ئاوات

ئێوارەێکی ساردی پاییز بوو گەڵا رەنگاڵەکانی دارەکان دیمەنێکی زۆر جوانی بە شار بەخشیبوو.   هاتووچۆی ماشینە جۆراوجۆرەکان، دەنگە دەنگ و ڕاکەڕاکەی منداڵان لە لاێکەوە، هاوارهاواری دەستفرۆشەکان لە لاێکی ترەوە بەردەوامی ژیانی پیشان ئەدا.

 دوکانەکان جوانترین کەلوپەلی ناو ماڵ، جل و بەرگ و ئەسباب بازی مناڵانیان بە شێوەێکی زۆر جوان و  سەرنج راکێش رازاندبووەوە. بە جورێک هەر کەس بەوێدا تێدەپەڕی تاوێک دەوەستا و سەیری ئەکرد. هەندێکیان ئەچوونە ژوورەوە و شتێکیان ئەکڕی. ئەویش ماوەێکی زور لە بەر دوکانێکی ئەسباب بازی فرۆشیدا وێستا، تفەنگێکی زۆر جوان سەرنجی راکێشابوو. لە بەر خویەوە ئەیووت ئا ئەمەیە، خویەتی، ئەبێ بیکڕم. تاوێکی باشیش سەیری دوکانە جل فرۆشیکانیشی کرد. پێی خۆش بوو بچێتە ژوورەوەو بڕێک لەو جلانە تاقی بکاتەوە، بەڵام شەرمی ئەکرد. با بڕوین، درەنگە تا بگەینە ماڵەوە زۆری پێ ئەچێت. دەنگی برا گەورەکەی بوو رایچڵەکاند. پێی خۆش نەبوو چاویان لێ هەڵبڕێت. حەزی ئەکرد هەتا تاریکی زاڵ ئەبێت و هەموو دوکانەکان چراکانیان ئەکوژێننەوە لەوێ بوەستێت و سەیریان بکات.

چاوێکی بە سەرتاپای خۆیدا خشاند، جاکەتێکی زۆر جوان و گەرمی لە بەردا بوو لە گەڵ شەرواڵێکی لی و جووتێ کەوشی سپۆرتی سپی. بیری قسەکانی دایە گەورەی ئەکەوتەوە، پێی ئەوت چاو غەزاڵ گیان ئەوەندە جوانی هەمو کچان شێتت ئەبن. هەر ڕێک ئەوجلانە بوو وا خۆی حەزی لێ بوو. زوو زوو دەستێکی بە جاکەتەکەیدا دەکێشا و سافی ئەکرد و تەماشاێکی دەرەقولی شەرواڵەکەی و کەوشەکانی ئەکرد بزانێ داخۆ پیس نەبوون. دەی خێراکە بابڕۆین، دیسان دەنگی براکەی ڕایچڵەکاندەوە. وادیار بوو هیچ چاری نەبوو، مەجبوور بوو ئەو دوکانە جوان و زریق و بریقانە بەجێ بهێڵێت. بە نابەدڵی بەرەو ماڵ وەڕێ کەوت، لە بەرخۆیەوە ئەیوت ئێستە دایکم خواردنی خوشی دروست کردووە و چاوەڕێیمانە. هەر کە بگەمە بەر درگا، ئەڵێ ئەوە لە کوێی ڕۆڵە گیان بۆ درەنگ هاتیتەوە. ئەبێ شەو زوو بخەوی بەیانی مەدرەسەت هەیە. جا کە گەیشتمە ماڵەوە کەوشەکانم لە ژێر یەغدانەکە دائەنێم و جاکەتەکەم و شەرواڵەکەیشم لە سەری دائەنێم با چرچ و لۆچ نەبن. هێواش هێواش پێی هەڵئەگرد. بیری ئەکردەوە: بڵێی دایکم چی ساز کردبێت، ئەم شەو زۆرم برسیە.                                                                       

 کە چوومەوە بۆ ماڵ بە باوکیشم ئەڵێم بۆ نەورۆز بمبات بۆ تاران و، لەوێیش ئەچین بۆ سینەما فیلمێکی خۆشی شەڕ تەماشا ئەکەم. هەر لەوێ ئەڵێم بە باوکم تفەنگێکی منالانەم بۆ بکڕێ، جا کە هاتمەوە بۆ هاوڕێکانمی ئەگێڕمەوە، ئێمەیش ئەو فیلمە کایە ئەکەین. ئەوان نازانن چۆنە خۆم ئەبم بە گەورەیان و هەرچیم پێ خوش بێت پیان ئەکەم. هەتا دوکانەکان لە چاو ون بوون هەر ئەڕۆیشت و خێرا خێرا لایێکی بەرەو دووا ئەکردەوە. هەر بە دووای براکەیدا ئەرۆیشت، ئەو ماشینانە کە بە لایاندا تێپەڕئەبوون زۆرتر ئەیخستە ناو بیرەوە. ئەی بۆچی باوکم بە ماشینەکەی نەهات بە شوێنماندا و بەستەنیێکیشمانی بۆ بکڕیایێ و لە ناو ماشینەکە بەرەو ماڵەوە بمانخواردایێ.هەتا ئەهات زۆرتر تاریکی دائەهات و شتە جوان و سەرنج راکێشەکان وردە وردە خۆیان لە ژێر چارشێوی رەشی شەودا ئەشاردەوە و لە بەر چاوی ون ئەبوون. ئەوە چی ئەکەی، خێراکە درەنگە هێشتا زۆرمان ماوە تا بگەینە ماڵەوە. دیسانەوە براکەی. بە خویداهاتەوە، ویستی خێرا بکات، پای هەڵخلیسکا و کەوت. "ئای"، بە دەنگی بەرز هاوراری کرد. براکەی هەڵگەڕاوە دی کەوتووە خێرا گەڕاوە بۆ لای و بەرزی کردەوە، ئەوە بۆ کەوتی خێراکە، قۆڵو باڵت یەخی کردووە نەخۆش ئەکەوی بەیانی زوو ئەبێ بچین بۆ کار. خۆت ئەزانی باوکم نەخۆشە و کارناکات تۆیش نەخۆش بکەوی چی بکەین. منیش بە تەنیا درەقەت نایەم. بە دەنگێکی دڵپڕەوە وتی ئاخەر کەوشەکانم دڕاوە هەر لە پام دادەکەوێت ناتوانم خێرا بڕۆم.

جارێکی تر بە تەنیا دێم لە گەڵ کاکەم ناێم، ئەو نا‌هێڵێ بە دڵی خۆم سەیری ئەو شتە جوانانە بکەم. چاوە غەزاڵیەکانی پڕبوون لە ئەسرین و گلارگلار خویان ئەخشاند بە سەر رومەتە لە بەر خۆرسوتاوەکەیدا و ئەیکزاندەوە و بە دەستە چکۆلە و قڵیشاوەکانی وشکی ئەکردنەوە و زۆرتر ئەیکزاندەوە.

گەڕان بۆ بابەت