ما 5817 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

گریانی شیرین تامێ تاڵی پرژانە نێو ماڵەکە. دەنگی گریان بە ھەنیسکەوە جەستەی بێدەنگیی تاراند و گوێی ئارامی دڕاند. ئەمە بە دوای ھەر ھەڕەشە و لێدانێک و دەنگ بەرزکردنەوەی سالاردا رووی دەدا. ھەر چەند شیرین زۆر پێش ئەوەی ببێتە ژنی سالار گریانی دەناسی و ھاورێ و ھاودەمی بوو.

                                

کێ تاوانبارە

 

رەسوڵ سەفەریانی

 

تەلەفونەکەی زەنگی لێدا. ئەمیش بەدەم سەیرکردنی کامپیوترەکەیەوە دەستی کێشا و ھەڵیگرت و وتی ھەلو! فەرموون، من سارام، فەرمانبەری ئیدارەی سوسیال. لەوسەر خەتەکەوە دەنگێکی ترساو و لەرزۆک بە سویدیێکی شەل و پاشکاو وتی سلاو، من شیرینم، پێویستم بە... یارمەتی...

دەنگەکە نەما و سارا کەوتە ھەلەو ھەلەوکردن، بەڵام ئیتر دەنگ نەدەھات. سەیری تەلەفونەکەی کرد پێوەندییەکە پچڕابوو. سەیری نێو تەلەفونەکەی کرد و دواپێوندی بینی کە نووسرابوو شاراوە. ئەمە سارای نارەحەت کرد. کەوتە فکرەوە بڵێی کێ بێت و چ یارمەتیێکی پێویست بێت. بەڵام رێگای نەبوو کە بزانێت کەسەکە کێ بوو یان لە کوێیە و چ موشکلەیێکی ھەیە. سارا بیری لەوە کردەوە کە رەقەمی کارەکەی لای ھەموو کەس نییە و ئەرکی ئەمیش یارمەتی گەورەساڵان نییە. ئەی باشە ئەمە کێ بوو و بۆچی تێلی بۆمن کرد. ھەر بیری لە ناوەکەی دەکردەوە. شیرین، شیرین دەبێ کەسێک بێت کە پێشتر لای من بووە. ئەبێ رەقەمەکەی لە خۆم وەرگرتبێت. دەبێ دایکی ێەکێک لەو مناڵان بێت کە لە لای منن. سارا ھەستا و بڕێک بە ژوورەکەدا ئەم سەر و ئەوسەری کرد و دیسان لەسەر کورسییەکەی بەردەم کامپیوترەکە کە چەرخدار و قابلی سوڕان بوو و  وەرگەڕابوو و ئێستا پشتی لە کامپیوترەکە کردبوو، دانیشت و نیو دەوری سوڕاندی و روو لە کامپیوترەکە رایگرت. شەوقی تاوی ئەو دیوی پەنجەرەکە کە کەوتبووە دەستی راستی، ئەیدا لە سەفحەی کاپییوترەکە و نووسراوەکانی کاڵدەکردەوە. بە دەستی راستی بڕێک سەفحەکەی کە بە مێڵەیێکی بسوڕەوە ھەڵواسرابوو، سوڕاند و بەرچاوی خۆرەکەی گرت و وشەکانی ژیاندەوە. پاشان ھەوڵیدا بە نووسینی وشەی شیرین بتوانێت کەسەکە بدۆزێتەوە.

چەند جار ئەم کارەی کرد، بەڵام کامپیوترەکە لە وەڵامدا دەینووسی کەس بەم ناوە لێرە سەبت نەکراوە. سارا ھەر ھەستی دەکرد کە ئەم نێوە دەناسێت. ھەوڵیدا جارێکی تر بۆی بگەڕێت. پیتەکانی نووسییەوە و گەڕانی لێدا، ئەمجارە لاپەڕەیێک کراوە. سارا بە سەر سوڕمانەوە لێی وردبووەوە. سەیریکرد ناوێکی تری ھێناوە، تازە زانی کە لە کاتی نووسینەکەدا پیتێکی کەم لێدابوو بە جێگەیShirin  نووسیبووی سیرین. ھەر ئەمە ببووە ھۆی ئەوەی لاپەڕەیێکی تر بکاتەوە. بە بێ ئەوەی بیەوێت چاویێکی پیاخشاند. سیرین تەمەن پازدە ساڵان. ناوی باوک سالار، ناوی دایک شیرین. لەگەڵ بینینی ناوی دایکی سیرین بیری ھاتەوە کە ئەم کوڕە ئێستا لە خانووی مناڵان لە ژێر چاودێریدا دەژی.

ھەر خێرا کامپیوترەکەی داخست و بە پەلە ژوورەکەی جێ ھێشت و بەرەو لای مەسئولەکەی کە ژوورەکەی لە کۆتایی کۆریدۆرەکەدایە وەڕێکەوت. گەیشتە بەردرگاکە و بە پەلە بە پشتی پەنچە درێژەکانی دەستی تەقەی لە درگاکە ھەستان. دەنگی ژنێک لەودیو درگاکەوە وتی فەرموو. درگاکەی کردەوە و بە بێ وەستان وتی کۆبوونەوەکەی ھەفتەی رابردوت لەبیرە؟ رەیسەکەی وتی کامیان خۆ ئێمە بەردەوام لە کۆبوونەوەداین. ئەم وتی ئەوەی کە باسی ئەو بنەماڵە بوو وا کوڕەکەیان راپۆرتی پۆلیسی لەسەر بوو و دەبووا بە قانونی تایبەتی راگرتن، لە ژێر چاودێری سوسیاڵدا بێت، بەڵام باوکی ئامادە نەبوو.

رەیسەکەی وتی دەی باشە ئێستا چی بووە و چیت دەوێت؟ سارا وتی ھەر ئێستا کەسێک تەلەفوونی بۆ من کرد و بە دەنگێکی ترساوەوە وتی من شیرینم، پێویستم بە یارمەتییە، بەڵام لە پڕا دەنگی نەما و وادیار بوو تەلەفوونەکەی داخستبوو. رەیسەکەی بە رامانەوە سەیری کرد و پرسی:

جا ئەمە چ پێوەندیێکی بە کۆبوونەوەکەی حەوتوی رابردوەوە ھەیە؟

ئاخر دایکی ئەو ناوی شیرین بوو؟

تۆ لات وایە ھەر ئەوە؟ چۆن وا دڵنیایت؟

دڵنیا نیم، بەڵکو گومانم ھەیە و دەمەوێت دڵنیابم.

 ئێستا ئەتەوێ من چ بکەم؟

سارا وتی ھیچ، بەس ویستم ئاگادارت بکەمەوە کە دەمەوێت بچم بۆ 'ماڵی منداڵان' کە ئێستا کوڕەکە لەوێیە. رەیسەکەی وتی زۆر باشە بەس دواتر ئاگادارم بکەوە بزانم چیت کردووە.

 

سارا خێرا لە ژووری رەیس ھاتەدەرەوە و چوو کلیلی یەکێک لە ماشینەکانی ئیدارەی ھێنا و بە پەلە بەرەو پارکینگەکە کە لە ژێر بیناکەدا بوو وەڕێ کەوت. بە خێرایی شەقامەکانی بڕی و خۆی گەیاندە 'ماڵی مناڵان'. لەوێ داوای کرد کە سیرینی بۆ بانگ بکەن. پاش چەند دەققە سیرین ھات. سارا سڵاوی لێکرد و بە  نەرمی ھەواڵپرسی کرد، سیرینیش کە چەند رۆژێک بوو ھێنابوویانە ئەو ماڵە زۆر بە ساردی وەڵامی داوە. سارا لێی پرسی لەگەڵ دایکت پەیوەندیت ھەیە. سیرین بە سەر وتی ئەرێ. سارا پرسیاری کرد دواجار کەی بوو قسەتان کرد.

سیرین: دوێنێ

سارا: ئەی لە گەڵ باوکت کەی قسەت کردووە؟

سیرین بە توڕەی و بێرێزانە وتی: چوزانم. منت بانگ کردووە لێپرسینەوەم لێبکەیت؟

سارا: نا، بەس ویستم بزانم پەیوەندیت لەگەڵیان ھەیە یان نا. ئەتوانم رەقەمەکەی دایکت لێ وەربگرم؟!

سیرین لەرووی تەلەفوونەکەی دەستیەوە رەقەمەکەی بۆ خوێندەوە وتی: ئەتوانم بڕۆم؟

سارا کە خەریک بوو دوا رەقەمی تەلەفوونەکەی دایکی دەنوسی بە سەر وەڵامی داوە و سیرین رۆیشت.

چەن دەققە پاش ئەوە تەلەفونەکەی شیرین کەوتە زەنگ لێدان. شیرین بە ترسەوە رووانی بۆ تەلەفونەکەی و سەیرێکی سالاری کرد کە بە خێرایی بەرەو رووی سارا دەھات کە بزانێت کێیە زەنگی لێداوە. سالار وتی دەی جوابی بدەوە بزانە کێیە. شیرین وتی ناوی لەسەر نییە. سالار تەلەفونەکەی بە پەلە لەدەست سەند و خۆی پەنجەی پێانا و وتی ھەلەو.

ـ ھەلەو ببورن ئەمە تەلەفونی شیرینە؟

سالار: بەڵێ فەرموون.

من سارام لە سوسیالەوە، ئەتوانم لگەڵ خۆی قسەبکەم؟

سالار کە ھاوکات تەلەفونەکەی دەدا بە شیرین، بە سەر و چاو پرسیاری لە شیرین دەکرد و دەیگوت کە ئاگات لە قسەکردنت بێت بە دەستیش دەیگوت باسی ھیچ نەکەی.

شیرین تەلەفونەکەی وەرگرت و بە دەنگێکی ترس داگرتووەوە وتی فەرموون من شیرینم.

 سلاو من سارام لە ئیدارەی سوسیال بەشی مناڵان و گەنجان. تۆش دایکی سیرینیت. شیرین خێرا وتی وایە. سارا بەردەوام بوو: ویستم پێت بڵێم کە کاتێکم بۆ داناوی بۆ حەوتووی داھاتوو رۆژی چوارشەممە کاتژمێر یازدە.

لە کوێ، مەبەستم ئەوەیە بێم بۆ کوێ.

ھەر ئەو شوێنەی وا بۆ بابەتەکەی سیرین کۆ بووینەوە. لە بیرتە؟

بەڵی دەزانم، زۆر باشە دێم.

موتەرجمیشت بۆ دەگرم.

زۆر باشە!

کە وابوو دەتبینم. جارێ کاتێکی خۆش.

سەرچاو.

ھێشتا شیرین تەلەفونەکە بە دەستیەوە بوو و چەقابووە بیر و خەیاڵ و بۆ چەند چرکە لەلای خۆی نەمابوو کە سالار بە دەنگە گڕ و بەرزەکەی دایچڵەکاند و جەستەی ھێنالەرزە و وتی:

بۆچیتیە؟ نەکا تێلت بۆ کردبێت و داوات لێکردبێت. بە خوا دەبێ وەک ئاگر بچم بە قوڕگیاندا. بێخود دەکەن مناڵی من دەبەن. تۆش ئاگات لە خۆت بێت. لە لای ئەوان دەستنەکەی بە قسەی قۆر وەک مناڵەکان بکەویتە دەم پانکردنەوە و بڵێی سالار لێمی داوە و قسەی ناخۆشم پێ دەڵێت. ئەوانیش بەناو دڵسۆزی سەرت بۆ بلەقێنن و ھاوسۆزیت بۆ دەربڕن. با بزانی ئەمانە درۆدەکەن، نەک ھەر یارمەتیت نادەن، بەڵکو دەبیتە ھۆی ئەوەی مناڵەکانیشمان پێ نەدەنەوە. جیا لەوانە ھەرچیش بڵێیت خۆیان بۆم دەگێڕنەوە. بە خوا بە قژ لەم ماڵە فرێت ئەدەمە دەرەوە جا با بێن و ماڵ و ژیانت بۆ دابین بکەن. بەخوا ھیچت بۆ ناکەن و قوڕیش ئەکەن بەسەرتا و لە من و مناڵت ئەکەن.

شیرین کە لە دەنگ ھەڵێنان و توڕەبوونەکەی سالار ترسابوو، بە ترسەوە ھاتە وەڵام، وتی:

نە بە خوا من ھیچم پێ نەوتوون و قسەیشم لەگەڵیان نەکردووە. دڵنیا بە باسی ھیچی خۆمانیشیان بۆ ناکەم. ئەو خۆی کاری بە منە، نەت بیست وتی لە پەیوەندی لەگەڵ کارەکەی سیرین بانگم دەکات.

سالار کە توڕەیی وەک چۆندەری سوری لێکردبوو و ئارامی لا نەمابوو، بە نێو ژوورەکەدا دەھات و دەچوو و دەستی رادەشەکاند و لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد لە پڕ راوەستا و وتی:

باشە ئەو رەقەمی تۆی لەکوێ بوو؟ خۆ ئەو رۆژە داوای نەکرد و ھیچمان پێمان نەدا.

نازانم. رەنگە لە مناڵەکانی وەرگرتبێت.

بەھەر حاڵ ئاگات لەقسەکردنت بێت، کارێ نەکەیت بتنێرمەوە بۆ ماڵی مامە سواڵکەرەکەت.

ئەمەی وت و بەرەو درگای دەرەوە رێکەوت و لە بەر درگاکە  پێش ئەوەی بڕوات وتی لەبیرت نەچێ من ئێستاش مێردی تۆم و ئەم ماڵەش ماڵی منە.

لەگەڵ داخستنی درگاکە بێدەنگی پڕ بە پێستی ماڵەکە خۆی کێشا و پاڵی بە دیوارەکانەوە دا و باوشی بە شیریندا کرد و خۆی بۆ بەشی دووی فیلمە تیکرارییەکە ئامادەکرد. گریانی شیرین تامێ تاڵی پرژانە نێو ماڵەکە. دەنگی گریان بە ھەنیسکەوە جەستەی بێدەنگیی تاراند و گوێی ئارامی دڕاند. ئەمە بە دوای ھەر ھەڕەشە و لێدانێک و دەنگ بەرزکردنەوەی سالاردا رووی دەدا. ھەر چەند شیرین زۆر پێش ئەوەی ببێتە ژنی سالار گریانی دەناسی و ھاورێ و ھاودەمی بوو. لەو دەمەوە وا لە تاو جەستەی پڕ برینی خوێن لەبەررۆیشتوو و بێ گیانی باوکی ئازاری برینەکانی خۆی ھەست پێنەدەکرد. شەڕ شیرینی شڕ کردبوو. شیرین ھێشتا  تێری لە مەمکەکانی دایکی نەخواردبوو، دایکی مرد و لە بەردەس خوشکە گەورەکەی کە تەنیا پازدە ساڵی بوو، گەورە بوو. باوکیشی لە یەکێک لە بومبارانەکاندا کوژرا و خۆی بە جەستەی بریندارەوە بوو بە بەشی ماڵە مام. دواتریش کە تەنیا شازدە ساڵی بوو مامی دای بەشوو بە سالار. ئەو ھەموو تەمەنی گریا بوو، ئەمە دیوارەکان وکۆترە باریکەکانی پشت پەنجەرەکە و سەرنا تەڕ و خوساوەکانی بارانی فرمێسکەکان شایەتی بۆ دەدەن. فرمێسکەکان ھەمیشە ھاتوون و بەسەر گۆنای ئەسمەریدا خلار بونەتەوە بۆ دەوری لێوە بەرز و گۆشتیەکان و لەوێشەوە بۆ داوێنی  کراسەکەی یان سەر عەرزەکەی بەردەمی. کەمیان فریای دەسماڵ کەوتوون، تەنیا رێژەیێکی کەمیشیان لە لێواری لێوە گۆشتییەکانییەوە لە رێگە لایانداوە و بە دزییەوە خۆیان خزانووەتە نێو زاری و سوێریێکی نەرم لە ژووری دەمیدا تەشەنەی کردووە.

شیرین ئەمجارەش پاش چینێک گریان ھەست بە ئارامیێک دەکات و لە شوێنەکە ھەڵدەستێت، بەڵام خەیاڵ و فیکری سارا بەری نادات. چۆن توانیویەتی من بدۆزێتەوە و بە چیدا زانیویەتی کە من تێلم بۆ کردووە؟ خۆ من رەقەمەکەم شاراوە کردبوو. خراپییەکەی ئەوە بوو سالار لێرە بوو ئەگینا... بەڵام چش خۆ سارا باسی ھیچی نەکرد تەنیا کاتی بۆ دیاری کردم کە بچم بۆ لای. لێگەڕێ ھەرچی دەبێ باببێ. خۆ چارەم لەمە رەشتر ناکات. لەوانەیە ھەر باسی ئەو تەلەفونەش نەکات و نەیشزانێت من بووم. با تێلێک بۆ مناڵەکان بکەم بزانم ئەتوانن  لەگەڵم قسە بکەن یان نا؟ زۆر دڵم تەنگە بۆێان. جا بەس نییە ئەوانیشم ھەیە. بە تەنیا چیم بکردایێت لەم وڵاتە نامۆیەدا. ھەر چەند من ھەر لە مناڵییەوە دونیا لام نامۆ بووە. بە بێ دەستی نەرمی دایک و دەنگە مێھرەبانەکەی باوکم ئیتر ھەموو جیھان ھەر نامۆیە و من تەنھام. ئێستاش بە بێ مناڵەکانم ناژیم.

 

پێش ئەوەی شیرین فریا بکەوێت تێل بۆ ئەوان بکات، زەنگی  تەلەفونەکەی بەرز بووەوە، سەیری کرد سیرینە. ھەڵی گرت و وتی سیرین گیان چۆنی، بەقوربانت بم ئەوە چۆنت زانی من ئەمەوێ تەلەفونت بۆ بکەم.

 باشم، ویستم پێت بڵێم سارا مەسولەکەی سوسیال لێرە بوو داوای رەقەمەکەی تۆی دەکرد. منیش پێم دا.

نەیوت بۆ چییەتی؟

نا  بەس وتی ئەمەوێ قسەی لەگەڵ بکەم. دایە من لە دەوامم ئەبێ بڕۆم.

 

سیرین کوڕێکی پازدە ساڵانە کە لەسەر کێشە نانەوە و شەڕ و ھەرا دروست کردن لە مەکتەب و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی بەدرەوشت لە لایەن مەکتەبەکەیەوە سکاڵای لێکرابوو، لەلایەن پۆلیسەوە ناردرابوو بۆ دایرەی سوسیال بۆ چارەسەر کردنی موشکڵەکانی و رێنوێنی و عیلاج کردنی دەروونی بۆ ھاتنە سەر رێگەی راست. ئێستا لە خانەی راھێنان و تەربیەت دەژیا و لە ژێر چاودێری و چارەدا بوو.  

سیرین پاش قسەکردن لەگەڵ دایکی ھەر لەخۆوە بیری ساراڵی خوشکی کەوتەوە کە ئێستا درابوو بە ماڵێک وەك دایێن تا کۆتایی چارەسەری کێشەکانی نێو ماڵی بابی لەوێ بێت. پاش دەوامەکەی تێلی بۆکرد.

سارال چۆنی

باشم خۆت چۆنی، رۆژگار چۆن دەڕووات؟

باش نییە زۆر ناخۆشە ناھێڵن بە کەیفی خۆم رابوێرم. بەردەوام قسەکردن و چاودێری.

بیستم لەوێش شەڕت کردبوو لەگەڵ مناڵەکانی خانە.

خەتای ئەو ھەتیوە بوو. ئەی خۆت چۆنی بۆ تۆ چۆن دەڕووات؟

من باشم ھەموو شتێک باشە، بەس جار جار تاسەی دایکم دەکەم و قسەی لەگەڵ دەکەم. بەڵام بەس نییە بابم و گرمە و ھەراکانی لەگەڵ دایکم نابینم. من حەز ئەکەم لێرە بم. لێرە ھەست بە ئازادی دەکەم. ھاوکات دڵم لای دایکمە دەزانم بابم ئێستا بە تایبەت زۆر ئەزیەتی دەکات.

قەرارە سارا لەگەڵ دایکم قسە بکات. سارا خۆی وتی. ھات بۆ لای من و رەقەمەکەی دایکمی وەرگرت.

بەڵام دایکم ناوێرێت باسی ھیچ بکات. باوکم زۆر ھەڕەشەی لێدەکات . ئەوە نییە لە سوسیالیش ھەر بە ھەرا و گرمە ئینکاری ئەوە دەکات کە لێمانی دابێت. ھەتا باوکم وابێت من قەت ئامادە نیم بچمەوە.

خۆت ئەزانی بەڵام من حەزناکەم لێرە بم. وەک زیندان وایە بۆم.

تۆش ھەر لە باوکم ئەچیت ھەر خەریکی شەڕ و ھەرایت. باشترە لەوێ بیت تا بڕێک عاقڵ بیت.

من ئەبێ بڕۆم بۆ نانخواردن کاتێ خۆش.

بەخێر چیت ئاگات لە خۆت بێت.

سارال  تەمەنی ھەفدە ساڵە و بە رواڵەت لە خوشکی دایکی زیاتر دەچێت تا کچی. ساراڵ بە دایکی دەڵێ شیرین. ساراڵ ھەر بەدوای وتوێژەکەی لەگەڵ سیرینی برای خێرا لە تەلەفونەکەیدا گەڕا بۆ ژمارەکەی دایکی و زەنگی بۆ لێدا. چەند زەنگی خوارد، بەڵام دایکی ھەڵی نەگرت. ساراڵ خەم دایگرت و لەبەر خۆیەوە وتی بە خوا ئەوە باوکم لەوێیە و ئێستا شەڕە. ویستی کە جارێکی تر بیگرێتەوە، بەڵام دایکی زووتر گرتی و ساراڵ بەس جوابی داوە.

سلاو شیرین چۆنی بەقوربانت بم؟

سپاس باوانەکەم من باشم خۆت چۆنی؟

وەڵا منیش باشم. لەگەڵ باوکم چۆنی؟ ھەر ھەرایە؟

وەک ھەمیشە.

کە چووی بۆ لای سارا باسی ھەمووی بۆ بکە، بەدرۆمان نەخەیتەوە.

بزانم چۆن ئەبێت باسی چی دەکات، بەڵام ناوێرم باسی ھەمووی بکەم باوکت ئەمکوژێت.

وانییە. مەترسە ھیچ ناتوانێت بکات.

ساراڵ گیان بابت تێلم بۆ ئەکات با خێرا وەڵامی بدەمەوە. دواتر قسە ئەکەین. کاتێ خۆش.

شیرین لەگەڵ ساراڵ تەواوی کرد و وەڵامی سالاری داوە. سالار وتی ھیچ ساز مەکە خۆم لە دوکانەوە خواردن دێنم و دێمەوە بۆ ماڵۆ. شیرین کە وەک ھەمیشە بە تەلەفونەکەی سالار ترس دایگرتبوو بەم قسانە بڕێک ھێور بووەوە و لەبەر خۆیەوە وتی ئەوە کاری ھەیە وا مێھرەبان بووە، با بزانین چی پێیە و چی دەوێت.

 

چەند رۆژ دوای چاوپێکەوتنەکەی شیرین لەگەڵ سارا نامەیێک بۆ سالار ھاتبووکە تێدا کات و شوێن لە سوسیال دیاری کرابوو کە دەبێ ببچێت و لەوێ قەرارە لەسەر مناڵەکانی باس بکرێت. سالار بە بینین و خوێندنەوەی نامەکە مێشکی پڕ بوو لە خەیاڵات و ھاوکات ترسێک دایگرت، بەڵام لە دڵیشەوە پڕ بوو لە توڕەیی. خێرا تێلی کرد بۆ شیرین پرسیاری لێکرد بزانێت ئایا ئەو باسی کێشە و ھەراکانی نێو خۆیانی کردووە یان نا. بەڵام شیرین وەڵامی روونی پێ نەداوە و وتی لەسەر کێشەی مناڵەکان و قسەکانیان گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن. ئیتر نازانم بۆ تۆ چی بپرسن، یان باسی چی بکەن. پاشان سالار بە دەنگێکی نیوە بەرز کە سەرنجی مشتەرییەکانی راکێشا وتی باشە ئەم سەگبابانە...، پێش ئەوەی رستەکەی تەواو بکات لە درزی درگاکەوە کە نیوەکراوە بوو سەیری کرد و بینی کە مشتەرییەکان سەریان بەرەو دەنگەکە وەرچەرخان، بۆیە دەنگی نزم کردەووە و ھەستا و چوو درگاکەی داخست و، وتی ئیتر چییان دەوێت ھەر دوو مناڵەکەیان لێسەندووم. بە خوا دەبێ وەک ئاگر بە قورگیاندا بڕۆمە خوارەوە و چیم بە دەمدا بێت پیان بڵێم. بەڵام شیرین ھەر بێدەنگ بوو، بۆیە سالار بە بێ خواحافیزی تەلەفونەکەی داخست.

 

سالار ئەنەڕێنێت و جنێو دەدات و ھاشاوڵ دەبات. چەقۆیێکی بە دەستەوەیە دەسکەکەی پڕ بە مشتی توند گرتووە. دەگرمێنێت و سەری و ملی کێشاوە بۆ بەرەوە و ئەو دەستەی وا چەقۆکەی پێیە بڕێک لە دوواترەوە گرتویە، وەک بڵێی ئامادەیە بە گوڕ بیچەقێنێتە شتێک یان جەستەیێک. گشت گیانی وەک بورکان گڕ دەھاوێت. ئەو قەت فێر نەبووە کەسێک بەری پێبگرێت. ھەمیشە سالار بووە. قسەی رەتنەکراوە. چاک و خراپ بە مەیلی ئەو جێبەجێ کراوە. سالار دیاریدەکات کێ دەبێ چی ھەبێت و کێ نەیبێت. قسەی سالار قانونە و دەبێت بەڕێوە بچێت. ئەو دەزانێت ژن و منداڵ چۆن دەبێت لەگەڵیان ھەڵس و کەوت بکرێت. ئەوان نابێت لە فەرمان و قسەی ئەو دەرچن. دەڵێت لێدان لە بەھەشتەوە ھاتووە بویە پێغەمبەری خوداش ئیزنی داوە ئەگەر ژن و مناڵ بێ ئەمرییان کردی، دەبێت تەمبێ بکرێن.

سالار ھاوار دەکات کە بۆچی باسی کردەوەکانی کراوە، بۆچی دەبێت لەسەر ژن و منالی خۆم وەڵام بدەم بە کەسی تر. مەگەر من ئێختیاری ژنی خۆمم نییە؟ ئەی بۆ لەبەر چی دەبێت بەوان بڵێم کە چیم کردووە. بۆچی و لەبەر چی لە مناڵەکانم دەپرسن، بزانن من لێیان توڕە بووم و لیانمداوە یان نا. ژن ئەگەر کاری خراپی کرد و لە فەرمانت لایدا دەبێ چی بکەی، ھا چی بکەی؟

 

شیرین داچلەکا وھەموو گیانی تەڕ تەڕ ببوو، دەلەرزی و ھەناسکە ھەناسکی بوو. کچەکەی لە پەنایەوە بوو، دەستی دایکی گرت و لێی پرسی چی بووە ؟ ئازارت ھەیە؟

 

بە دەنگی کچەکەی ئارامتر بوو و سەیری دەورووبەری کرد، ھەناسەی ھاتەوە سەرخۆی و وتی:

ھیچ نەبووە بەس خەوی ناخۆشم بینی. خەوی ئەو رۆژەم دەبینی. زۆر ترسام.

مەترسە ئیتر ئەو رۆژە تیکرار نابێتۆ، کەس شوێنی ئێمە نازانێت.

 

چاوەگەشەکانی شیرین ئێستا جوانتر لە جاران دونیای نوێیان دەبینی. ھەستی بە بوونی خۆی دەکرد. بڕوا بە خۆ لە دەروونیدا چەکەرەی کردبوو. دەروونناسەکە وەک باخەوانێک ھەوڵی دەدا بژاری گیا ھەرزەکانی ترس و شەرم بکات وا دەوری رەگەکانی توانا و ھێزی راوەستانی شیرینیان گرتبوو. ساراش کە بەردەوام لەگەڵ شیرین پەیوەندی ھەبوو ھەوڵی دەدا دەستی بگرێت و بیخاتە سەر پێ.

شیرین رۆژ لەگەڵ رۆژ جوانتر دەبوو و ئیتر لێوەکانی بزەیان دەگرت و چاوەکانی دەدرەوشانەوە. تەمەنی گەڕابووەوە سەر تەمەنی راستەقینەی. وەک تابلۆیێکی جوان کە تۆز و خۆڵ گرتبێتی و پاکی بکەیتەوە. شیرین تەنیا  پازدەساڵ لە کچەکەی گەورەتر بوو. وەک دوو خوشک سیرینیان یارمەتی دەدا. سیرین ھێی و ھێمن ببوو و وەک کوڕێکی بە ئەمەگ  ئاگای لە دایکی بوو. بەردەوام یارمەتی دەدا و نەیدەھێشت ئەرک و کاری قورس ئەنجام بدات. ساراش وەک بەشێک لە ماڵەکە بەدەمیانەوە بوو. بە شیرینی دەگوت  ئاگات لە برینەکانت بێت تا بەتەواوی خۆش دەبنەوە. شیرینیش دەیگوت سارا گیان برینە جەستەییەکان دەڕۆن و ساڕێژ دەبن، بەڵام برینە دەروونییەکان زەحمەتە خۆش ببنەوە. ساراش وتی ئەرکی دەروونناسەکان ئەوەیە کە ئەو برینانە چاک بکەنەوە بۆیە دەبێت بەردەوام بیت لە چارەسەرییەکەت تا ئەوانیش ئازاریان نەمێنێت. شیرین وتی راستە دەروونناسەکەم وتی ھیچ بیرەوەرییێک و بەسەرھاتێک لە مێشک ناسرێنەوە و لەبیریش ناکرێن بۆیە تەنیا دەبێ فێربین چۆنیان لەگەڵ ھەڵسوکەوت بکەین. ئەو دەڵێت دەبێ مێشکمان رابێنین بۆ ئەوەی کەبزانێی ئەو رووداوانە کە سەردەمێک ترسناک بوون و مەترسیان دروستکردووە ئیتر ئێستا نەماون، ھەتا بتوانیین بە بێ ترس و ئازار بژین. سارا باسی بارو دۆخی سالاریشی بۆدەکرد. بە بڕیاری دادگا سالار بۆی نییە ھیچ چەشنە پەیوەندیێک بە ساراوە بکات. لە مناڵەکانیش تەنیا سیرین دەیبینێت. سارڵ دەڵێت نامەوێت بیبینم.

 

سالار وەک بەشێک لەو ئازارانە خۆی ئەسیری میراتێکە بۆی ماوەتەوەو، بۆ ھەر کوێ دەچێت لەگەلیا دەڕوات و لەگەڵی دەژی و ناتوانێت لەکۆڵ خۆی بکاتەوە. ئەو بەم میراتە گەورە بووە و کەسایەتیەکەی فۆرم و شکڵی گرتووە. ناتوانێت خۆی لێدرەباز بکات و بەرگی نوێ لەبەر بکات. باوکی بە شەپڵاخە کردویەتە ئەم پیاوە و، ھەر خۆی رایھێناوە بۆ ئەوەی کە کەس نەتوانێت قەناعەتی پێ بێنێت. کە مناڵ بوو ئەگەر بە گریان بھاتایەتۆ بۆ ماڵەوە و باسی ئەوەی بکردایێت کە کەسێک لێیداوە، باوکی تێری لێدەدا و دەیگوت با فێربیت لە مافی خۆت بەرگری بکەیت. سالار دەڵێت ئیتر تا ئەمڕۆ نەگریاوم. رۆژێکیان لە دەرەوە لەگەڵ مناڵان یاریمان دەکرد، لەسەر کۆمەڵە بەردێک وا بۆ دروستکردنی خانوو دایاننابوو، کەوتم و دەستم شکا، بەڵام کە چوومەوە بۆ ماڵۆ نەموێرا بگریم یان شتێک بڵێم، بێدەنگ لە ئازاردا لەدەروونەوە دەمردم، بەڵام نەمدەدرکاند. یانی نەمدەوێرا بیدرکێنم. تا ئەوەی کە برا بچوکەکەم باسیکرد، بەڵام باوکم ھەستا و سەرەتا چینێکی لێدام بۆ ئەوەی بۆچی ئاگام لەخۆم نەبووە و کەوتووم، پاشان بردمی بۆ لای شکستەبەند. بۆیە تەنانەت کە باوکیشم مرد بۆی نەگریام. باوکم دەیوت پیاو ناگری، باوکیشم بۆ باوەم نەگریا. باوکم دەیگوت گریان پیاو لە بەرچاو ژن و مناڵ و دەورووبەری سوک دەکات، بەڵام دایکم دەیگوت گریان مرۆڤ لەدەرونەوە سوک دەکات. ئەو دەیگوت ئەگەر ژن نەگری ناتوانێت ئەم ھەموو چەرمەسەرییە بکێشێت و بمێنێت. ئەو دەیگوت ھەموو بەدبەختییەکان ھی ژنە، بۆیە گریان بووە بە بەشی ژن. بەڵام باوکم دەیگوت ژن کەم عەقڵە، نابێت عەقڵ و کاری خۆت بدەیتە دەستیان، یان بە قسەیان بکەیت.

 

سالار ئەمڕۆ لە نێو بەرداشی نەریت و رۆژدا ورد و خاش بووە. بە چاوی یاسا تاوانبارە و لە زیندان دانراوە بۆ سزای کردەوە نامرۆڤانەکەی کە خەریک بوو شیرین بکوژێت. شیرین لە دوواھەناسەدا بوو کە یارمەتی ھات و گەیشتە نەخۆشخانە و پاش کۆمەڵێک نەشتەرگەری ھاتەوە ژیان. شیرین بەشێ لە جەرگی و ریخۆڵەی دەرھاتووە و ئێستا ھێشتا برینەکانی تەواو ساڕێژ نەبوون. ئەڵەبەتە دواتر دەرکەوت کە جیرانەکەیان قیژە و ھەرای نێو ماڵی شیرین دەبیسێت و تەلەفون دەکات بۆ پۆلیس و ئاگاداریان دەکاتەوە کە لە ماڵی جیرانەکەی شەڕ و ھەرایە و، دەنگی گریان و قیژەی ژن دێت. کە پۆلیس دەگات، ساڵار چەقۆ خوێناوییەکەی بەدەستەوە بوو، بەڵام فرمێسک چاوەکانی پڕ کردبوو و بە گریانەوە ھاواری کردبوو کوشتم، ئەرێ من کوشتم. ئامادەم بمکوژنەوە. من تاوانبارم. سالار دەڵێت ئەو کاتە خۆم نەبووم، باوکم بووم کە دەمزانی شیرین لە ئازاری ژیاندا دەتلێتەوە و جەستەی لە ژێر رابردووی کەکرەئاسادا جگە لە تاڵی تامێ تر ناناسێت، بەڵام ئەو کاتەی کە باوکم بووم وامدەزانی ھی منە و ھەرچۆنێک من بمەوێت، دەبێ وابکات. دەمزانی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵی مامەی، بۆیە دەمترسان بۆ ئەوەی نەویرێت بێ قسەییم بکات. من وەک خۆم زۆرم خۆش دەویست، بەڵام وەک باوکم دەیگوت نابێت و پێویست ناکات بە زار دەریبڕیت، ھاواکات دەترسام بچێتە دەرەوە چاو و دەمێ بکرێتەوە و لەدەستم دەرچێت. ئەم ترسە وەک مۆتەکە بەسەرمەوە بوو، خەریک بوو شێتم بکات. لەو رۆژە دەترسام، ئەو رۆژەی کە ھات و ھەموو ژیانی منی کرد بە پووچ. من لام وابوو ھەڕەشە و لێدان بەرگری دەکات لەوەی مناڵەكانم بەڵای كاڕی خڕاپدا بچن. ویستم کوڕەکەم پیاوانە رابێنم. باوکم دەیگوت مناڵ وەک قوڕی تەنوور وایە، دەبێ باش خۆشەی بکەی بۆ ئەوەی بتوانیت بە فۆرم و شکڵی دڵخوازت دەربێت. دەیگوت لێدان ئەو خۆشەکردنەیە. کە گەورەبووم باوکم دەیگوت سالار وەک خۆم وایە پیاوی کارە، زیرەکە. من ئەمەم بە باش دەزانی و لام وابوو ھەر ئەوندەی من ماڵ و ژیانم بۆ خێزانەکەم دابین کردووە و لە ھیچیان کەم نییە، ئیتر تەواو بوو. باوکم دەیگوت پیاو لە ماڵا دەوری شوانی ھەیە، بۆیە دەبێت شوڵەکەی بەدەستیەوە بێت، ھەرکات مێگەل لایدا راستیان بکاتەوە. من کاتێ مناڵ بووم لە بەر ئەوەی ئازاری لێدانەکانی باوکم کەم بکەمەوە، ببووم بە دوو کەس کە دەچوومە جڵدی پیاو ئیتر ئازاری لێدانەکانم کەمتر ھەست پێدەکرد. جەستەم تەحەمولی زیادی دەکرد و ھەستی ئازارم دەخەوت. ئەم دوو کەسییەم ھەر ھەڵگرت. دواتر کە باوکم مرد، بووم بە باوکم. یان باشترە بڵێم باوکم تەنیا بە جەستە مرد. رۆحی ھاتە جەستەی من و درێژەی بە ژیاندا. ئەو دەیەوێت ئەگەر من مردم بچێتە جەستەی سیرین و بەردەوام بێت. منی خۆم زۆر جیاوازە لە گەڵ منی باوکم. من ھەموو دونیام خۆشەویستییە و ھەموو خۆشەویستییەکەیشم بۆ شیرین و مناڵەکان دەویست، بەڵام باوکم زاڵمە، دڵرەقە، بێ بەزەییە... شیرینمی کوشت. من ناتوانم بێ شیرین بژیم.

 

سیرین کە تازە لە چاوپێکەوتنی دایکی ھاتبووەوە زۆر دڵپڕبوو، دەگریا بۆ باوکی. دایکی پرسیاری لێکرد:

ئەوە بۆ دەگریت، تۆ بابت دیوە، دەبێ خۆشحاڵ بیت بۆ دەگریت؟

تۆ نازانی باوکم چی بەسەر ھاتووە، ھەر دەگری. کە چاوی بە من کەوت سەرتاپای ماچ کردم دەگریا. ھەوڵی ساراڵ و تۆی پرسی. دەگریا بۆتان. دەیگوت پۆلیس وتویەتی ئەوان نایانەوێت من ببینن. دەگریا و بەدەم گریانەوە دەیگوت حەقیانە. من ساخ نەبووم. تاوانبارم بەڵام ھەر خۆشیانم دەوێت.

دەزانم ساراش باسی کرد. دەیگوت زۆر گۆراوە. سارا دەڵێ سالار نەخۆشی دوو کەسایەتی بووە. لە ژێر چاودێری پزشکی دەروونیدایە. دەرمان دەخوات و چارەسەری بۆ دەکەن. من دڵم بۆی دەسوتێت. حەز ئەکەم ساراڵیش بچێت بیبینێت. ھەرچی بێت باوکیەتی و دڵی لەلایەتی.

ساراڵ کە تا ئێستا بێدەنگ بوو سەری ھەڵ ھێنا و وتی نا من نامەوێت بیبینم. ئەزانی چی لەتۆ کردووە. باوکم شێتە. نە گریانی جێگەی باوڕە نە خۆشەویستی.

شیرین بە ئارامی وتی خۆت ئەزانیت. من لام وایە لە داھاتوووشدا ھەر دەیبینیت. باشترە ئەوەندە ئازاری نەدەیت. وەک وتم باوکتە. ھەروەک سیرین و ساراش باسیان کرد ئێستا بەو چارەسەرییانەی وەریدەگرێت بەرەو باشی دەڕوات. رۆژێک زیندانەکەی تەواو دەبێت ودێتە دەر و تەنیا دەبێت. من خۆم ئەوکاتانەش ھەر ھەستم دەکرد جار جار زۆر باشە و مێھرەبانە، بەڵام سەرم لەمانە دەرنەدەچوو کە نەخۆشی دوو جەمسەری ھەیە و دوو کەسایەتی لەسالاردا ھەیە. لام وابوو بۆیە ئەوە بۆ ئەوە وادەکات کە تموحێکی ھەیە و دەیەوێت بۆی جێبەجێ بکەم بۆیە مێھرەبان دوبێت.

 

سیرین روو لە ساراڵ دەکات و دەڵێت باوکم دەیزانی تۆ و دایکم ناتانەوێت بیبینن. باوکم وتی پۆلیس وتوویەتی من بۆم نییە قەت بیانبینم، ھەتا ئەوان خۆیان نەیانەوێت. باوکم دەڵێ دەزانم شیرین حەقیەتی و نارەحەتە. چاوەڕێ نیم شیرین لێم خۆش بێت و نەیەوێت بمبینێت. بەڵام ساراڵ بۆ؟ بەڵام من ھەر خۆشیانم دەوێت.

 

شیرین دەڵێت من قەت لێی خۆشنابم، بەڵام رقیشم لێی نییە. ئێوەش دەبێت لە باوکتان تێبگەن. بەڵکو چاک بێت و ببێتەوە بە کەسێکی ئاسایی، ئەوکات دەتوانێت باوکێکی باشیش بێت.

 

تەنیا چەند رۆژ لە چاوپێکەوتنەکەی سیرین و باوکی تێپەڕی بوو کە سارا تەلەفونی بۆ شیرین کرد و وتی ئەگەرلە ماڵ بیت دێم بۆلات. شیرین وتی لە ماڵم. ئەونەی پێ نەچوو کە سارا ھات و دای لە درگا. کە ھاتە ژوورەوە بڕێک نا ئاسایی دیار بوو. روخساری داگیراو و نارەحەت دیار بوو. کاغزێکی بە دەستەوە بوو. شیرین فەرمووی لێکرد و ھاتە ژوورەوە، بەڵام ھەر بێدەنگ بوو. وەک جاران ھەواڵپرسی و پێکەنینی نەبوو. شیرین پرسیاری کرد چی بووە. بۆ وا ماتی؟ نەخۆشی یان شتێک روویداوە؟

سارا: نا نا نەخۆش نیم، بەڵام شتێکی سەیر روویداوە. ئەم کاغزە دەتوانێت باشتر روداوەکە باس بکات. لەبەر ئەوەی بە کوردییە من ناتوانم بیخوێنمەوە، بۆیە ھێناومە بۆ تۆ.

سارا نامەکەی دایە دەست شیرین و سەیری سەروچاوی شیرینی دەکرد تا بزانێت چ کاردانەوەیەکی دەبێت. شیرین نامەکەی وەرگرت و بە پەلە و ترس و دڵەڕاوکێوە نامەکەی کردەوە. ترس بە دەموچاویەوە دیار بوو. نەرمە لەرزێکیش جەستەی گرتبوو، ئەمە بە دەستەکانییەوە دیار بوون کە نامەکەیان گرتبوو. بە حاڵەتێکی پڕ لە ترسەوە یەکەم وشەکانی سەردێڕەکە بە دەنگێکی بڕێک بەرز و لەرزۆکەوە خوێندەوە: ئازیزەکانم شیرین و ساراڵ و سیرین گیان!

پاش ئەم رستە ئیتر بە بێدەنگ نامەکەی دەخوێندەوە و، ساراش بە وردی سەیری سەروچاوی دەکرد. بەڵام ساراڵ کە لەولاوە دانیشتبوو وتی دایە بە دەنگی بەرز بیخوێنەوە، با منیش گوێم لێ بێت. شیرین بڕێک دەنگی ھەڵھێنا:

لەو رۆژەوە باوکم بە دەستی من شیرینی کوشت، ھەوڵم داوە باوکم بکوژم. بە یارمەتی دەروونناسەکەم لەم کارەدا سەرکەوتوو بووم. لەو رۆژەوە کە باوکم کوشتووە ئیتر کانیاوی فرمێسکەکانم کراونەتەوە و دڵم گڕووی دیدارتان دەگرێت و ئامێزم گەرمای باڵای ئێوەی دەوێت.  ھیوام وابوو کە پاش زیندانەکەم بەخشش و لێبووردەیی شیرینیش دەرگای زیندانی ویژدانم بۆ بکاتەوە و پێکەوە ھەر چوارمان لە سیفرەوە دەسپێبکەین و منیش بە ھەموو توانامەوە، ئەمجارە وەک سالار، قەرەبووی رۆژە خراپەکانم بکەمەوە و وەک ھاوسەرێکی ئەویندار و سوتاوی خۆشەویستی و بە ئەمەگ، ھەروەھا باوکێکی دڵسۆز و بەرپرس ژینم بڕژێنمە بەر پێتان و ببمە مۆم لە بەر رێتانا بسوتێم. بەڵام کاتێ زانیم تەنیا سیرین منی دەوێت، وام بە باش زانی بۆ پێشگرتن لە دروستبوونی دووبارەی باوکم لە مندا و درێژبوونەوەی بۆ ژیانی سیرین، کۆتایی بە ژیانم بێنم. بویە کاتێک ئەم نامە دەخوێننەوە کە من نەماوم لە ژیاندا و ترسەکانی ساراش لەگەڵ من لە خاک نراون.

 

سارا سەیری چاوەکانی شیرینی دەکرد کە لەگەڵ وشەکان وەک جوتێ گۆمی بچکۆلانە وردە وردە پڕدەبوون و سەررێژ دەبوون و دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بەردەبوونەوە و بەرەو لێوەکان دەخزان وا بەدەم وشەکانەوە دەجووڵان و جارجار وردەلەرزێکیان پێدادەھات. ساراڵیش کە وردە وردە لە دایکی نزیک بووبوەوە بە دیتنی دیمەنی دایکی خۆی پێنەگیرا و بە دەنگی بەرز گریا. لێرەدا دەنگی زەنگی درگا ھات. شیرین چوو درگاکەی کردەوە. سیرین بوو. سەروچاوی دایکی پەشۆکانی. خێرا پرسیاری کرد چی بووە بۆ دەگریت؟ سەیری نێو ژووری دانیشتنەکەی کرد ساراڵ دەگریا و ساراش دڵیدەداوە. سیرین بە ھاوارەوە دیسان پرسی چی بووە بۆ پێم ناڵێن، دە قسەم بۆ بکەن بزانم چی بووە؟

 

 

ھەر سێکیان لە ژووری سالار لە نەخۆشخانەکە کۆببوونەوە. سالار کێشی نیوە ببوو، لاواز لەسەر تەختەکە راکشابوو و چاوەکانی یەکنابوو و بە روواڵەت لە خەوتوو دەچوو. مناڵەکانی لەم و لای تەختەکەی دەستی بابیان گرتبوو و شیرینیش بەرانبەری وەک تاو تیشکی ھیوای دەپرژانە سەر دەشتی ھیوا لێبڕاوی چاوەکانی سالار و وەک کانیاوێکی باران لێکەوتوو وزەی دەگرت. چاوەکانی سالار وردەوردە کرانەوە و روخساری شیرین وەک تاوێک لە شەوەزەنگی بێ بروسکەی سالاری دا. وزەی گرت و بزەی گوڵی کرد. بە ئارامی وتی شیرین، تۆی یان خەو دەبینم؟

شیرین بە بزەیێکی دلسۆزانە وتی منم. سارا ئەم ماوە بەبەردەوامی باسی تۆی بۆ دەکردم و ئاگاداری دەکردمەوە کە چت بەسەر ھاتووە. بۆیە سەرەڕای ئەوھەموو ئازارەی لە تۆ بینیومە دڵم بۆت دەسووتا. بەڵام سارا نەیوت چۆن بوو ئەمجارە فریات کەوتن.

سالار ھاتە قسە و وتی: من پاش زیندانەکەم لەلای دۆستێک دەژیام تا بتوانم دواتر خانو بگرم. بەڵام کە دەمبینی کەس ئیتر منی ناوێت، تەنانەت کچەکەم، زۆر ھیوا بڕاو بووم و بڕیارم دا کۆتای بەم ژیانە بێنم. ھەستام ھەموو حەبەکانم کردە مشتم و خواردم. بەڵام ھاوماڵەکەم کە قەراربوو بچێت بۆ سەفەر شتی لە بیر چووبوو و گەڕابووەوە بۆ ماڵۆ و بینیبووی من کەوتووم و ئاگام لە خۆم نییە، ئامبوڵانسی خەبەر کردبوو و ئێستا دەمبینن کە ماوم.

گەڕان بۆ بابەت